پێشەکی
وەک دەزانین دیاردەی خەتەنەکردنی ژن لە کولتوری ئێمەدا زۆر بەربڵاوە و تا ئێستایش وەک تاوانێک لێی ناڕوانرێت کە دەبێتە مایەی کەمئەندامکردنی مرۆڤێک. ئەمە جگە لەوەی کە لە ڕووی کولتوری و ئایینییشەوە بەردەوام پاساوی جیاجیا و ڕەوا بۆ ئەنجامدانی دەهێندرێتەوە. هەموو ئەو نوسین و کەمپەینانەیشی کە لەلایەن ئاکتڤست و ژنانی چالاکەوە لەسەر ئەم دیاردەیە کراون، بە تەنها بەو بەشەیەوە وەستاون کە باس لە مەترسییەکانی بکەن، داتا لەسەر زۆربوونی ڕێژەکەی کۆبکەنەوە، بەبێئەوەی ڕەهەندە کولتوری و سایکۆلۆژییەکانی دیاری بکەن.
ئەوە بۆ ماوەی زیاتر لە چارەکە سەدەیەک دەبێت کە بەبۆنەی سەنتەرەکانی داکۆکی لە مافی ژنانەوە، گفتوگۆ لەسەر خەتەنەکردنی ژنان بووە بە یەکێک لەو بابەتە وەرزییانەی ساڵانە و لە کاتێکی تایبەت بە خۆیدا دێتە بەر باس، کە لە سایەیدا دەنگە لێکدژەکان دەدەن بە یەکدا: هەندێک ڕایان وایە ئەمە زادەی گەڕانەوەی پاشەوپاشی کۆمەڵگەی ئێمەیە بۆ ترادسیۆنی ئیسلامی بەوەی کە ئایەتی قورئان یان هەندێک وتە و حەدیسی محەمەد هەن (جا لاواز بن یا دروست)[1]بە سونەت و باشەی دەزانن بەو مەرجەی کە لە بڕێکی دیاریکراوی گۆشتی کلیتیرۆس (قیتکە) ی ژن نەبات. هەندێکی تریش ئەو بەڵگە مێژووییانەمان بۆ ڕیز دەکەن کە خودی خەتەنەکردن (بەتایبەتی بە شێوە زۆر ڕیشەییەکەی لە جەستەی ژندا)، لە بنەڕەتدا کردەیەکە تایبەتە بە ژیاری فیرعەونییەکان و خودی ئۆرگانی ڤاجینای ژنیان (وەک شێوە بەرجەستەکەی دەرەوەی) لە بنەوە قرتاندووە، بڕیوە و تەنها (زێ/ڕەحمیان هێشتۆتەوە لە ناوەوە) کە ئەرکەکەی بەرهەمهێنانی منداڵە، بەبێ ئەوەی هیچ شانسێکی چێژوەرگرتنی لەو ئۆرگانە سێکسیە بۆ بهێڵنەوە.
ئەوەی کە لە کۆی ئەم گفتوگۆ بێسوود و بێمانا مێژوویی-بەراوردکاریەدا بووە بە مایەی سەرنجی من، شاردنەوە و تەمومژاویکردنی خودی پرۆسەکە (خەتەنەکردنی کچ)ە نەک ئەو ململانێ مێژووییەی کە داخۆ لای کێ ئەرکە و لای کێ سونەت. بەلای منەوە گرنگترین بەشی ئەم گفتوگۆیە وەستانە لەسەر خەتەنەکردن وەک تاوانێک، وەک پرۆسەیەکی پاسڤکردنی جەستەی ژن، کەمئەندامکردن و خاڵیکردنەوەی لە چێژ. خەتەنەکردن بە تەنها لەوەدا گرنگ نییە کە بووە بە دیاردە یان ترادسیۆن، بەڵکو ئەو بەشەی زیاتر بۆ من گرنگە کە هۆکار و پاڵنەرەکانی پشتی چین؟ چ وێناکردنێک و کەڵەکەبوونێکی مێژووییانەی گوتاری پیاوانە وای کردووە وەک کارێکی ڕەوا، باش و بەسوود ببینرێت؟ ئایا خەتەنەکردن ترسە لە چێژی بێسنووری ژن، ترسە لە ڤاجینای ژن یان بە تەنها هەوڵێکە بۆ دەستەمۆکردنی جەستەی ژن و دیسپلینکردنی چێژەکانی؟ ئەگەر لە دیدی دەروونشیکارێکی ڕادیکاڵی وەک (ولیەم ڕایش)ەوە لێمان ڕوانی، ئایا مانای خەتەنەکردن ئەوە نییە کە سەرچاوەکانی چێژی ئۆرگازمی مرۆڤێک وشک بکەیتەوە و لیبیدۆی توشی سستبوونێکی ئەبەدی بکەیت کە دەرەنجامەکەی هیج نییە جگە لە نیرۆس؟[2]
ئەگەر ئەو گریمانە فرۆییدیەمان بەهەند وەرگرت کە پێی وایە، لە ڕووی سێکسوالێتیەوە ژن (چ وەک ئۆرگان و چ وەک چێژیش) هیچ نییە جگە لە پیاوێکی خەسیوە (پیاو بەبێ فالوس). واتە ژن وەک بوونەوەرێکی پاسیڤ و وەرگر کە دەکرێت بە کەمئەندامێکی سێکسی ناوی ببەین، ئەوا ئەم بوونەوەرە کەمئەندامە سێکسییە، تەنها لەو کاتەدا ئاکتیڤ دەبێت کە پیاو بە فالوسەکەیەوە ئەو بۆشاییە تاریک و نووتەکە دەبڕێت و پڕی دەکاتەوە، کە ڤاجینای ئەمە.
بەڵام کێشەی ئەم کەمئەندامییەی ژن هەر بەوە تەواو نابێت کە فێرکراوە لەسەر قەبوڵکردنی خۆی وەک بوونەوەرێکی کەمئەندامی سێکسی، بەڵکو گرفتەکە ئەوەیە کە بێیت بە ناوی ترس و فۆبیا لەو ئۆرگانەی کە نییە (فالوس)، جارێکی تر لە فۆرمی خەتەنەکردندا ئەو ئۆرگانە ببڕیت و لە بنەوە هەڵی بتەکێنیت کە پێشوەخت پێت وا بووە نییە!
من لەم نووسینەدا هەوڵدەدەم لە ڕوانگەیەکی ترەوە لێی بڕوانم کە بۆچی ژن وەک بوونەوەرێکی کەمئەندامی سێکسی، خەسیوو بە زگماک وەک ئەوەی لا فرۆید هەیە، بە خەتەنەکردنی، دووبارە دەیخەسێنین و کەمئەندامتری دەکەینەوە؟ ئایا قبوڵکردنی تێزەکەی فرۆید ناکاتە ئەوەی کە خەتەنەکردنی ژن کارێکی بێهودەیە؟ یان خەتەنەکردن بەس بڕینی کلیترۆس (قیتکە) ی ژن نییە، بەڵکو جۆرێکیشە لە تۆقین لە بوونی چێژێکی زیاتر (ژویسانس)؟
پهراوێزهكانی ئهم بهشه؛
[1]گفتوگۆکان لەسەر ئەم بابەتە زۆرن لە ئەدەبیاتی ئیسلامیدا، بەناوبانگترینیان ئەم ئایەت و فەرمودەیەی موحەمەدن:
قال الله تعالى: {ثم أوحينا إليك أن اتبع ملة إبراهيم حنيفا وما كان من المشركين} [النحل: 123]، وفى الحديث الشريف (متفق عليه – البخاري في كتاب بدء الخلق وفى باب الختان في كتاب الاستئذان – ومسلم في باب فضائل ابراهيم – في كتاب الفضائل ): “اختتن إبراهيم وهو ابن ثمانين سنة”.
یان: وروى أبو هريرة رضي الله عنه قال: قال رسول الله صلى الله عليه وسلم: “الفطرة خمس أو خمس من الفطرة الختان والاستحداد ونتف الإبط وقص الشارب وتقليم الأظافر” (متفق عليه – شرح السنة للبغوى ج – 12 ص 109 باب الختان).
دیارە فەرمودەی تری موحەمەدیش هەیە کە بە حەڵاڵی دەزانێت، لێ پێی وایە دەبێت ئە؛وەندە نەبڕدرێت لەو دوو پەڕە گۆشتەی ئەملاولای قیتکە، واتە نەزۆر بێت و نەکەم، مامناوەند بێت.
بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە:
https://ar.islamway.net/fatwa/15505/%D9%85%D8%A7-%D8%AD%D9%83%D9%85-%D8%AE%D8%AA%D8%A7%D9%86-%D8%A7%D9%84%D8%A8%D9%86%D8%A7%D8%AA