زۆڵی ئازیز
بێگومان به گه‌یشتنی ئه‌و نامه‌یه توشی سه‌رسورمان ده‌بیت، به‌ڵام بۆم ناکرێت به‌بێ گوتنی خوداحافیزی ئه‌و جیهانه جوانه ت به‌جێبهێڵم که تیا مه‌حکومیت به‌ژیان. ده‌زانم هه‌ندێک ئه‌م کاره‌میان پێ شوێن به‌زه‌ییه، هه‌ر وه‌ک سازان و جێمبای هاورێم پێیان وایه، جوانترین ساته‌کانمان دوو سێ هه‌فته له‌مه‌وبه‌ر به‌سه‌ر برد. به‌هه‌رحاڵ ئه‌م نامه‌یه بۆ من ئاهه‌نگه، کارێکه ته‌ژی له خۆشه‌ویستی، سه‌رباری پیشه‌که‌م سه‌رباری سبه‌ی به‌یانی، جورێکه له‌وه‌ی شانازی پێوه ده‌که‌م و له یاده‌وه‌ریمدا ده‌مێنێته‌وه.
بۆ من هه‌میشه گه‌نجینه‌یه‌ک بووه، ئه‌و ساته خۆشانه‌ی له گه‌نجیماندا به‌سه‌رمان بردووه، له‌و ده‌مانه‌دا که جیهان هێشتانوێ بوو و ماسیه‌کانیش له جۆگه‌له ئاڵتونیه‌کاندا ده‌فڕین. ه‌خته‌وه‌ریم له‌و خۆشه‌ویستیه‌دادۆزییه‌وه که له‌نێوانی من و تۆدا بوو، جێگه‌یه‌کی ڕاسته‌قینه بۆ حه‌سانه‌وه، په‌ناگه‌یه‌ک له هه‌موو ئه‌و زریانانه پاراستومی که ژیانی کورتم به خۆیه‌وه دیوه. ئه‌و کاتانه‌ی که ته‌واو ته‌نیاو گۆشه‌گیر بووم، ئه‌و کاتانه‌ی که ئازار و چه‌رمه‌سه‌رییه‌کان هه‌لاهه‌لایان ده‌کردم، من بۆ ئۆقره‌گرتن ئاوڕم له‌و ئه‌وینه ده‌دایه‌وه که پشتوپه‌نام بوو، که خۆمم تیا ده‌بینیه‌وه.
ده‌شێ ئه‌وه توشی سه‌رسورمانت بکات، لات وابووبێت ئه‌م ئه‌وینه هه‌رگیز ناگاته کامڵ‌بوون، به‌خۆت گوتبێت دوور نیه ئه‌و ده‌ساڵه‌ی به‌بێ بینین تێپه‌ڕی، تۆم له یاد کردبێت. من به‌رده‌وام تۆم له یاد بووه‌و هه‌رگیزیش له یادت ناکه‌م، ئه‌وه‌ش شتێکی لۆژیکیه که شه‌وێک به‌ر له به‌یانی، نامه‌یه‌کت بۆ بنوسم و داوای چاکه‌یه‌کی چکۆله‌ت لێ بکه‌م. به‌ڵام له‌وه گرنگتر ئه‌و حه‌قیقه‌تانه‌یه که به‌بێ ترس بۆ تۆم درکاندووه و وام لێده‌کات ئه‌وه‌ی سبه‌ینێ به‌یانی ڕووده‌دات بۆ من شادی به‌خش و دڵڕه‌وێن بێت هه‌ر وه‌ک چۆن بۆ ئه‌و هه‌زاران بینه‌ره‌ش وه‌هایه که شایه‌دحاڵی ئه‌و ساته‌ن. دڵنیام ئه‌م نامه‌یه‌ت پێ ده‌گات، چونکه ئێشکگری زیندانه‌که ئه‌وه‌نده‌ی به‌رتیل پێدراوه که له گه‌یاندنی دوانه‌که‌وێت. به‌یانیش ده‌بێت به‌ر له ئاماده‌بوونی ده‌سته‌ی گولله‌باران کردن له گه‌ڵمان بێت. ئه‌ویش وه‌ک ئه‌وانی دی مه‌حکوومه به ژیان، به بینینی ئه‌و ڕۆڵه‌ی له‌وجیهانه دۆزه‌خاوییه‌ی تۆدا بۆی دیاری کراوه. من ده‌بینم به‌و کاره هیچ و پوچه‌ی به‌رانبه‌ربه ده‌ستمایه‌یه‌کی هه‌رزان و وه‌رگرتنی به‌رتیل بۆ چه‌ند ساڵێک، ژیانی پوچ و ساده‌ی خوی به‌فیڕۆ ده‌دات. من دڵم بۆ که‌ساسی ئه‌و ده‌سوتێ و هه‌رگیز ئیره‌ییم به ره‌زامه‌ندی ئه‌و نایه‌ت.
سبه‌ینێ به‌م نامه‌یه‌وه و به‌و به‌رتیله‌ی ئێمه که له‌به‌رۆکی ناوه، بانگمان ده‌کات بۆ ده‌ره‌وه، من و سازان و جێمبا. وه‌ک هه‌میشه ناوه‌کانمان له لای ئه‌و تێکه‌ڵ و پێکه‌ڵ بووه، سازان به‌ساجیم و جێمبا به سامبا، بانگ ده‌کات.
به‌ڵام ئه‌وه هه‌رگیز گرنگ نییه ئێمه به گوێی ده‌که‌ین، هه‌ر وه‌ک چۆن به‌ره‌و پیری مه‌رگی خومان ده‌چین، ئاواش پێکه‌نینمان به گه‌مژه‌یی و ساده‌یی ئه‌و دێت. هه‌ر وه‌ک چۆن به‌و دزه‌ی تر پێده‌که‌نین؛ قازی.
له‌وانه‌یه تۆش له ڕۆژنامه‌دا ئه‌وه‌ت بینیبێ، ئێمه‌ش بینیمان، سوپاس بۆ هاورێ به‌رتیل خۆره‌که‌مان، ئێشکگری زیندانه‌که، کۆپیه‌کی ئه‌و رۆژنامه‌یه‌ی بۆ ناردین که راپۆرته‌که‌ی تیا په‌خش کرابوو. ئه‌وه رۆژنامه‌ی میلله‌تێکی دڵ ره‌ق نییه، له نێوانی خه‌ڵکانێک که به کاری خراپه ڕاهاتوون و به ونبوونی ژیان، دڵخۆشییه‌کی سادیانه ده‌یانگرێت. ده‌بێت چه‌ند پرسیارێک هه‌ر کرابێت.
بێگومان که‌سانێک هه‌ن پرسیار ده‌که‌ن، به‌ڵام به که‌ماڵی ئیسراحه‌ت و له پارێزراوترین شوێنه‌وه، له ماڵه‌کانی خۆیانه‌وه و له‌سه‌ر خواردنه‌وه‌ی شوشه بیره بێکۆتاکانه‌وه و به‌ده‌م ته‌ماشاکردنی
ئه‌و به‌رنامه هیچ و پوچ و و بێزارکه‌رانه‌وه که مرۆڤه که‌وتوه‌کانی ئه‌وروپا و ئه‌مریکا بۆ پڕکردنه‌وه‌ی که‌رێتیه‌کانیان بۆیان ده‌نێرن.
ئه‌وانه ویژدانیان به شوشه بیره‌کان سارێژ ده‌که‌ن، گه‌ده‌یان وه‌ڵامه‌کان ده‌شواته‌وه وئیدی له‌بیری ده‌که‌ن، که ده‌رشێنه‌وه پرسیار و وه‌ڵام و ویژدان فڕێ ده‌ده‌نه ناو ده‌ستشۆره‌کانیانه‌وه که پڕه له گه‌ندو گوو پیسایی.گره‌و ده‌که‌م قازییه‌که بۆ خۆشی ئه‌وه له یاد ناکات، به‌درێژایی ژیانی ده‌بێت له‌یادی بێت، ئه‌و به‌یانییه زۆر له نزیکه‌وه لێی وردبوومه‌وه. ناتوانم وه‌سفی ئه‌و شڵه‌ژان و باوه‌ڕبه‌خۆنه‌بوونه‌ی بکه‌م که له‌سه‌ر ڕوخساری به‌دیم کرد . چاویلکه‌که‌ی له ده‌ستی که‌وته خواره‌وه‌و به گرانی هێمنی خۆی بۆ ڕاده‌گیرا. به‌درێژایی هه‌موو ئه‌زموونی ئه‌و ئه‌وه یه‌که‌مین جاره که‌سێک بچێته به‌ر ده‌می که تاوانبار کرابێ به تاوانێک سزاکه‌ی مردن بێت و ددان به تاوانه‌که‌یدا بنێت و داوا بکات حوکمی به‌سه‌را بدرێت و گولله باران بکرێت به‌بێ دواکه‌وتن.
به درێژایی چه‌ندین مانگ، که هێشتا حوکم نه‌درابووین و لیژنه‌ی دادوه‌ری خه‌ریکی ئاماده‌کردنی که‌یسه‌که‌مان بوون، من و سازان و جێمباش به دیقه‌ته‌وه پرۆڤه‌مان ده‌کردو له‌سه‌ر ئه‌وه کۆک بووین که داواکه‌مان درێژه نه‌کێشێت، ئه‌و هه‌له‌شیان پێ نه‌ده‌ین که ئه‌وان خۆیانمان به‌سه‌را بسه‌پێنن و حوکمی جوراوجۆرمان به‌سه‌را بده‌ن، وه‌ک ئه‌وه‌ی یه‌کێکمان ئازاد بکرێ و یه‌کێکمان له سێداره بدرێ و یه‌کێکیش زیندانی هه‌تایی.
ڕێگاش ناده‌ین به پارێزه‌ره‌کان به جلوبه‌رگه ڕه‌شو هه‌زه‌لیه‌کانیانه‌وه که ده‌ڵێی بۆ مردووناشتن له‌به‌ریان کردووه، ڕۆڵی لێبووک ببینن و بۆ دڵدانه‌وه‌مان چله‌حانێ دابمه‌زرێنن یاوەخوود خۆیان به‌وانه ڕه‌وشت ئامێزه‌کانه‌وه ماندووبکه‌ن . نه‌خێر، ئێمه سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی دزو جه‌رده و ڕێگربوین ده‌نگمان دا به مردن، نه‌مانویست ئه‌و هه‌له بده‌ینه یاسا که خۆی توشی سه‌ر ئێشه بکات. به‌وه‌ش نه‌ک هه‌ر له گه‌ڵ خۆمان، به‌ڵکو له‌گه‌ڵ پیشه‌که‌مان، له‌گه‌ڵ وڵاته‌که‌مان، له‌گه‌ڵ مرۆڤایه‌تیش ڕاستگۆ بووین.
به‌وپه‌ری خێرایی بڕیاری مردنیان به‌سه‌را سه‌پاندین، به پێی ئه‌و بڕیاره ده‌بوو به‌بێ دواکه‌وتن گولله باران بکرێین. له خۆشیاندا به یه‌که‌وه به یه‌ک ده‌نگ قریشکاندمان. قازی دوای ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر شڵه‌ژانه‌که‌ی خۆیدا زاڵ بوو، به بیانووی ئه‌وه‌ی” دادگامان بێزار کردووه” فه‌رمانیدا ئه‌و ڕۆژه بمانبه‌نه ده‌ره‌وه. من بۆ ئه‌وه ده‌چم قازییه‌که کاتێکی داینه‌وه تا بزانێ ئێمه په‌شیمان ده‌بینه‌وه و دانپیانانه‌که‌مان ده‌گۆڕین یان نا. به‌ڵام وانه‌بوو، ئێمه ڕای خۆمان نه‌گۆڕی.
بۆ ڕۆژی دوایی که ئێمه‌یان برده‌وه، به ده‌نگێکی به‌رز و دلێره‌وه هه‌مان شتمان دوباره کرده‌وه و گووتمان به‌ڵێ ئێمه دزیمان کردووه و پیاویشمان کوشتووه. ێمه تاوانبار بووین. کشووماتی باڵی به‌سه‌ر هۆڵه‌که‌دا کێشا، قازی ده‌ستوقاچی تێک ئاڵاندبوو و ئه‌وه‌ی کرد که ده‌بوو بیکا. ناچارمان کرد له‌گه‌ڵ پیشه‌که‌ی و له‌گه‌ڵ یاساکانی ووڵاتا ڕاستگۆ بێت و ڕێزی ڕێره‌وی دادگاش بگرێت. هه‌موو ئه‌وانه‌ی له دادگاکه‌دا بوون سه‌رسام بوون، به‌تایبه‌تی پاسه‌وانه‌کان، که له‌هۆڵه‌که چووینه ده‌ره‌وه پێده‌که‌نین.
” ئه‌وانه تاوانباری گه‌وره‌ن ”
” جه‌رده‌ن ”
کاتێک له‌ده‌ره‌وه کۆیان کردبووینه‌وه گوێم لێ بوو وایان پێده‌گووتین. کاتێکیش ده‌یانخستینه ناوئه‌و ماشێنه‌ی که تایبه‌ت بوو به گواستنه‌وه‌ی زیندانیه‌کان، ته‌ماشاکه‌رێک تفێکی لێ‌کردین. ئێستا که من دانم به دزێتیه‌کانی خۆما نا، لێم ده‌پرسیت بۆچی ئه‌مانه‌م کرد؟!
من وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ت به گێرانه‌وه‌ی چیرۆکی ئه‌و سۆزانیه جوان و گه‌نجه ده‌ده‌مه‌وه که جارێکیان له شاری سان پاولی، دەمێک که‌شتیه‌که‌مان له‌وێ له‌نگه‌ری گرتبوو پێیگه‌یشتم. من گه‌لێ جار ئه‌و چیرۆکه‌م بۆ هاورێکانم گێراوه‌ته‌وه. دوای ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵی نوستم، لێم پرسی: تۆ بۆچی له‌م شوێنه‌یت ؟
ئه‌و گووتی؛ هه‌ندێک له کیژان حه‌زده‌که‌ن له ئۆفیسدا کاری سکرتێره‌یی بکه‌ن، هه‌ندێکیش پێیان خۆشه ببنه سسته‌ر، منیش له‌ش فرۆشیم وه‌ک پیشه‌یه‌ک هه‌ڵبژارد. ئه‌و ڕاستبێژییه‌ی ئه‌و توشی سه‌رسوڕمانی کردم. وای لێکردم بیربکه‌مه‌وه. ئایا من به هه‌ڵبژاردنی خۆم له‌م که‌شتییه بازرگانییه‌دام یان کاتێک من وازم له قوتابخانه هێنا ئه‌م کاره وه‌ک یه‌که‌مین ئیشێک خۆی به‌سه‌را سه‌پاندم.
کاتێک گه‌ڕاینه‌وه ماڵێ، من له که‌شتیه‌که هه‌ڵاتم. سوپاس بۆ سۆزانییه‌که‌ی سان پاولی. له وه‌زاره‌تی به‌رگریی بووم به فەرمانبەر، له‌وێ له‌گه‌ڵ تاڵان‌کردنی خه‌زێنه‌ی نیشتمانی رووبه‌ڕوو بوومه‌وه. به شێوازێک که له هه‌ر ڕوویه‌که‌وه باسی بکه‌م له قوڵاییه‌وه ناخم ده‌هه‌ژێنێت. هه‌رکه‌سێکت ده‌بینی خه‌ریکی تاڵانی بوو، که‌سێک نه‌بوو گازه‌نده بکات. من گازه‌نده‌م لای هه‌ر که‌سێک ده‌کرد ده‌یگووت: ئه‌گه‌ر نا‌توانیت لێیان بده‌یت، ببه‌ره به‌شێک له‌وان .
من به هیوای ئه‌وه نه‌بووم له هیچ شوێنێک ببمه به‌شێک، بەڵکو ویستم لێیان بده‌م، شه‌ڕم له دژیان به‌رپاکرد. ئه‌وه‌نده‌ی نه‌برد خۆیان له من ڕزگار کرد‌و ده‌ریان کردم. من ئیدی ڕێگا چاره‌یه‌کی که‌م بۆ نه‌مابۆوه، بۆ په‌یوه‌ندی کردن پێیانه‌وه ده‌بوو بڕیار بده‌م.ده‌ستم دایه چه‌ته و ڕێگری، بوومه دزێکی چه‌کدار. ئه‌وه هه‌ڵبژاردنی من بوو. ئه‌وه وه‌ڵامی من بوو، لێشی په‌شیمان نیم. ئایا من ده‌مزانی ئه‌و رێگایه ترسناکه؟
هه‌ندێک له ژنان سکرتێره‌ن، هه‌ندێکیش پێیان خۆشه ببنه سۆزانی. هه‌ندێک له پیاوان ئه‌وه‌یان هه‌ڵبژارد ببنه سه‌رباز یان پۆلیس، هه‌ندێکیش بونه پزیشک و پارێزه‌ر. منیش حه‌زمکرد ببمه دز . هه‌ر کار و پیشه‌یه‌ک ختوره‌ی خۆی هه‌یه . ره‌نگه لێخوری تاکسیه‌ک له‌کاتی لێخورینی ماشێن‌دا بگاته مردنی خۆی . خاوه‌ن کارێکیش له‌وانه‌یه له کاتی تێکشکانی فڕۆکه‌یه‌کدا کۆتایی به ژیانی بێت. مردنی دزێکیش له‌به‌رده‌م ده‌سته‌ی گولله بارانکردندا کێشه‌یه‌ک نیه . ئەگه‌ر له من بپرسیت، ئه‌و مردنه‌ی من هه‌ڵمبژاردووه گه‌لێک سه‌رنج راکێش و له پێشچاوتره له‌و مردنه‌ی به هۆی خواردنه‌وه‌ی زۆره‌وه جگه‌رت ده‌وه‌ستێنێ و له‌سه‌ر پێخه‌ف ده‌مریت.
به‌ڵام دزین کارێکی کۆمه‌ڵایه‌تی نییه؟ به‌ڵێ ده‌زانم تۆ ئه‌و پرسیاره ده‌که‌یت. ئه‌وه‌ش ئیسپاتێکه بۆ تێکشکانی یاسا. من نامه‌وێت هیچ بیانوویه‌ک بۆ شکاندنی یاسا بهێنمه‌وه. به‌ڵام تۆ بیر له‌وه بکه‌ره‌وه لێره‌و له‌وێ چه‌ندین ژن و پیاو هه‌ن که خه‌ریکی شکان و پێشێلکردنی یاسان. بڕۆ ته‌ماشای ژماره نۆزده‌ی ئه‌یلولی گاردیان بکه، ئه‌وه هه‌مان ژماره‌یه که یاداشته‌که‌ی ئێمه‌ی تیا بڵاوکراوه‌ته‌وه . چیرۆکی ئه‌و فه‌رمانبه‌ره‌ی ده‌وڵه‌تی تیا بخوێنه‌وه که زیاتر له حه‌وت ملوێن نایرای دزیوه. حه‌وت ملوێن، باشه !. ئه‌وه ناکۆمه‌ڵایه‌تیه؟! وایه له گه‌ڵتام.
تۆ چه‌ند چیرۆکی ترت له‌و جۆره بیستوه؟
ئه‌ی چه‌ند چیرۆکی تر له‌و جۆره هه‌یه که نه‌زانراوه؟
من ده‌ڵێم ئه‌گه‌ر ئه‌و ئاره‌زووه‌ی من ناکۆمه‌ڵایه‌تییه، ئه‌وا من له‌باندێکام، له‌و بانده‌دا؛ سه‌رۆکی وڵاتانی تیایه، ڕێکخراوی نێونه‌ته‌وه‌یی، پیاوان و ژنانێک که فه‌رمانبه‌ری ده‌وڵه‌تن چ له ئاستی به‌رزا یا نزم. ته‌نیا جیاوازییه‌ک له نێوانی من و ئه‌وان ئه‌وه‌یه که من ئاماده‌م نرخه‌که‌ی بده‌م، ئه‌وان ئاماده نین. ئاگات لێیه؟
من داوای تێگه‌یشتنت لێ ناکه‌م، ناشمه‌وێت به‌زه‌ییت پیاما بێته‌وه، نه له ئیستا و نه له داهاتووشد‌ا پێویستم به‌وه نییه. من هه‌ر وه‌کو حه‌قیقه‌تێک ئه‌م شتانه‌ت پێده‌ڵێم. باشه. من چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ت لێده‌که‌م که بڵێی دزین به زه‌بری چه‌ک، جۆرێکه له دزینی قووتی خه‌ڵک و که‌سێکی خوێنده‌وار هه‌رگیز ڕوو له‌و پیشه‌یه ناکات.
من بۆ ئه‌وه‌ش ئه‌م وه‌ڵامه‌ت پێده‌ده‌مه‌وه تا بزانیت ئیدی ئه‌و ده‌مه دێت، که‌خه‌ڵکانی ڕۆشنبیر و جوان په‌روه‌رده کراو دێنه ناو ئه‌م پیشه‌یه‌وه. له‌گه‌ڵ هاتنی خۆیاندا، جوره‌ها شێوازی ڕۆمانسیش تێکه‌ڵاوی ئه‌م پیشه‌یه ده‌که‌ن. زیره‌کی و شاره‌زاییه‌ک، له دواجاردا قازانجی کۆمه‌ڵگای تیایه. نا نا من شێت نه‌بووم.له ڕاستیدا خراپ کردن و وێران کردنی گه‌لانی ئه‌فریکا له ڕابردوودا، به‌ده‌ستی ئه‌و پیاوه سیاسیانه‌وه بوو که نیوه ڕۆشنبیرییه‌کیان هه‌بوو، به‌ڵام ئه‌مڕۆ خه‌ڵکانی جوان په‌روه‌رده کراو و ڕۆشنبیران ده‌ستییان به‌سه‌ر کاره‌که‌دا گرتووه. بڕوانه ئه‌وانه چه‌ند جوان به‌و کاره هه‌ڵده‌ستن. تا ئه‌و ئاکامه‌ش، ویژدانم به ئاسوده‌یی ده‌نوێت. له‌وه تێده‌گه‌یت؟
با ده‌رباره‌ی نوستن بدوێین، تۆ سازان و جێمبا ده‌بینیت، له‌سه‌ر ئه‌رزی سارد و ره‌قی زیندانه‌که ده‌پرخێنن، هه‌ر وه‌ک ئه‌وه‌ی ژیان بۆ خۆی له‌سه‌ر باشترین پرخاندن وه‌ستابێت. به‌ڵام مه‌حاڵه ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی تر به‌و شێوه‌یه ببینیت، بۆ ئه‌وه‌ی بڕوا بکه‌یت ئه‌وا سبه‌ینێ ئه‌وان ڕووبه‌رووی ده‌سته‌ی گولله‌باران کردن ده‌بنه‌وه. ئه‌وان پیاوی نه‌به‌ردیین، جێگره‌وه شیاو‌و لێزانه‌کانن، جێی داخه تواناکانیان له کۆمه‌ڵگادا، بۆ هه‌تاهه‌تایی به فیڕۆ ده‌چێ. له‌وه بوو سازان ببوایه‌ته سه‌رهه‌نگێکی سه‌ربازی گه‌وره، دوور نه‌رۆین ببوایه‌ته سه‌رۆکی
وڵاته‌که‌مان له نموونه‌ی عیدی ئه‌مین یان بۆکاسا، ره‌نگه ئه‌وروپی و ئه‌مریکییه‌کانیش به دۆستێکی باشیان ببینیایه بۆ هه‌رچی زووتر به‌ره‌وپێشخستنی داڕمانی ئه‌فریکا. جێمباش سه‌رهه‌نگێکی گه‌وره‌ی پۆلیس ده‌بوو، له‌بواری پۆلیسیدا زۆر شاره‌زایه، من دڵنیام که تۆ ده‌زانیت سازان له سوپای پڕ شکۆی نه‌ته‌وه‌ییمان عریفی ده‌رکراو بوو، جێمباش له هێزه‌کانی پۆلیسدا جێگری عه‌ریف بوو. کاتێ ئێمه بوینه هاوڕێ و گروپێکی گه‌وره‌مان پێکه‌وه نا، هه‌ریه‌که‌مان کۆمه‌ڵێ ئاره‌زووی خۆی هه‌بوو، هه‌وڵی ده‌دا به دی بهێنێت. ئیستا ئێمه له ژووری سێداره‌داین، زیندانه‌که‌شمان پاسه‌وانی توندوتۆڵ ده‌کرێت، ئه‌وان له‌سه‌ر ئه‌رزێکی بۆگه‌ن و سارد، دوا ساته‌کانی ژیانی خۆیان به پرخاندن ده‌به‌نه سه‌ر.
من ئاسووده‌م که ده‌بینم له ژیاندا شکۆمه‌ندن، ئه‌وان خاوه‌نی ئه‌و جۆره شێوازه‌ن که مێژوو ده‌خوڵقێنێت. ئه‌گه‌ر ئه‌وان له کات و شوێنێکی تردا له دایک بونایه هیچ گومانی تیانه‌بوو، که‌یه‌کێکی وه‌ک سێرفرانک دره‌یک، یان سێر والته‌ر ڕۆڵی ده‌بوون. ئه‌وانه‌ی که ئیمپراتۆرییه‌تیان دروست کردووه‌و شه‌ره‌فی نیشتمانیان پێدراوه. که‌چی لێره ژیان کاره‌ساتێکی گه‌وره‌یه، تراژدییایه‌کی نه‌بڕاوه‌یه . پاڵه‌وانێتی له‌م ئه‌ستێره‌یه‌ی ئێمه ونه. ئێمه له‌و هه‌زارپێیانه ده‌چین که له دارستانه‌کاندا بێهوده ده‌خشێن، سازان و جێمبا بێ مانا ده‌مرن و که‌س گۆرانیان بۆ ناڵێت.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شا ده‌مه‌وێت راستییه‌کت لا بدرکێنم، ئێمه به‌ڵێنمان دا که‌س نه‌کوژین و که‌سیشمان نه‌کوشت. من و سازان و جێمبا، به‌شێک نه‌بوین له‌و دزییه‌ی که کرا و له‌سه‌ری گیراین، کاره‌که‌ش به‌باشی ده‌گوزه‌را ئه‌گه‌ر به‌رێوبه‌ری پۆلیس، به‌شێک له ڕێکه‌وتنه‌که‌ی نه‌شکاندایه چونکه ئه‌و بۆ خۆی له‌و کاره‌دا هاوبه‌شمان بوو. پۆلیس له هه‌موو دزییه‌کانداهاوبه‌شه، ئه‌وان هه‌موو بانده‌کان ده‌ناسن. ئێمه هه‌رگیز سه‌رکه‌وتو نابین ئه‌گه‌ر ئه‌وان هاوبه‌شیمان نه‌که‌ن.
من و سازان و جێمبا، سه‌رکرده بووین. ئێمه بۆ خۆمان نه‌ده‌چوین بۆ دزی، کوڕه‌کان به کاره‌که هه‌ڵده‌ستان. له‌و کاره‌دا ئه‌وان له ده‌ره‌وه بوون، به‌رێوبه‌ری پۆلیس وای دانابوو، پۆلیس له‌گه‌ڵ ئه‌و ماشێنه‌دا نه‌بێت که ئه‌و ڕۆژه پاره‌ی کرێکاره‌کانی هه‌ڵگرتبوو. له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌ک بووبێت ئه‌وه ڕووی نه‌دا. بۆیه پۆلیس له کوڕه‌کانی ئێمه‌ی دا، کوڕه‌کانی ئێمه‌ش ده‌ستیان لێ کردنه‌وه‌و پۆلیس و پاسه‌وانه‌کانی کۆمپانیاکه‌یان کوشت. کوڕه‌کانی ئێمه ده‌ستیان گرت به‌سه‌ر پاره‌که‌دا، به‌ڵام ئێمه ڕێکه‌وتنه‌که‌مان له‌گه‌ڵ پۆلیس کوشتنی تیا نه‌بوو. ئیدی ده‌بوو ئێمه ئه‌و نرخه بده‌ینه‌وه، چونکه پۆلیس بێده‌نگ نه‌ئه‌بوو به‌رانبه‌ر به کوشتنی ئه‌ندامه‌کانی . هه‌موو پاره‌که‌یان له ئێمه وه‌رگرت و دوایش که‌وتنه شوێن کوڕه‌کانی ئێمه.ئاگادارمان کردنه‌وه نه‌که‌ن، کوڕه‌کانی ئێمه فه‌رمانی ئێمه‌یان جێبه‌جێ کردووه و گوناهێکیان نییه. ناچار بووین خۆبه‌خشانه شوێنه‌کانی ئه‌وان بگرینه‌وه. ئیدی پۆلیس ئێمه‌ی گرت وهاتوو هاوارێکی زۆریشی ده‌رباره‌ی گرتنه‌که‌ی ئێمه نایه‌وه. دڵنیام له دواجاردا کوڕه‌کانی ئێمه بێده‌نگ نابن و بڕیاری خۆیان هه‌ر ده‌ده‌ن. نازانم به‌رێوبه‌ری پۆلیس چی به‌سه‌ر هات، به‌ڵام ده‌بێت به خۆ‌یا بچێته‌وه.
ئه‌گه‌ر ئه‌مه هیچ سووکناییه‌کی تیایه بۆ تۆ، کاتێ دڵنیا ده‌بیت که من خوێنم نه‌ڕشتوه، هه‌رگیز خوێنم نه‌ڕشتوه و هیچ تاڵانییه‌کیشم بۆ خۆم نه‌بردووه، ئه‌وا ده‌بێت دڵت ئاو بخواته‌وه. به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ک بێ و هه‌رچییه‌کمان له خه‌ڵک سه‌ندبێت، که‌سێکی ده‌وڵه‌مه‌ندمان له‌گه‌ڵ هاوبه‌ش بووه. من و سازان وجێمبا ده‌وڵه‌مه‌ند نین، ئێمه شوێن نان په‌یداکردنی خۆمان که‌وتین.
زۆرن ئه‌وانه‌ی ئێمه به هه‌ڵخه‌ڵه‌تاو ده‌زانن و پێیان وایه ئێمه گوێمان به ژیانی خۆمان نه‌داوه، ئه‌مه وایه. من ڕێگه به خۆم ئه‌ده‌م به ناوی هاوڕێ نوستووکانیشمه‌وه قسه بکه‌م. ئێمه بۆیه فێری ئه‌م پیشه‌یه بووین چونکه جیاوازییه‌کمان نه‌بینی له نێوان ئه‌وه‌ی ئێمه ده‌یکه‌ین و ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ خه‌ڵک له‌سه‌ر گۆی زه‌وی ده‌یکات. له هه‌موو ڕووه‌کانی ژیانه‌وه، چ له سیاسه‌ت و چ له بازرگانی و چ له دزیندا، هێڵێکی هاوبه‌ش هه‌یه.
چ له ئیستا و چ له ڕابردووشا، باووباپیرانمان به‌رانبه‌ر هه‌ندێک که‌لووپه‌لی ساده‌ی وه‌ک ئاوێنه و جگه‌ره‌و ئاره‌ق، که‌سه نزیکه‌کانی خۆیان کردۆته کۆیله. ئاوازه‌که هه‌ر هه‌مان ئاوازه، ته‌نیا که‌سه‌کان گۆڕاون و که‌ره‌سه‌کان بونه‌ته ماشێن و ڕادیۆو ژماره‌ی بانکی و‌هیچی دی. له‌داهاتووی چاوه‌ڕوانکراویشدا هیچ شتێکی دی ناگۆرێت. سبه‌ینێش گرفتی ئێوه‌یه، ئه‌ی ئه‌وانه‌ی له‌و کاته‌دا ده‌ژین.
زۆڵی، ئه‌وه که‌ڵه‌شێری به‌یانی ده‌خوێنێت، ئیدی ده‌بێت کازێوه ده‌رکه‌وێت. من نامه‌وێت به شێوه‌یه‌کی مه‌جازی بدوێم. له‌م زیندانه‌دا ته‌نیا تیشکی ئه‌و مۆمه نه‌بێت که له‌به‌ری ده‌نوسـم تاریکی باڵی به‌سه‌ر هه‌موو شتێکدا کێشاوه. جێمبا و سازان، خه‌ونێکی قوڵ نوستوون، پاسه‌وانی زیندانه‌که‌ش به‌درێژایی شه‌و نوستووه، ئه‌وه‌ش هیچ کێشه‌یه‌کی دروست نه‌کردووه. گه‌ر بمانه‌وێت ده‌توانین لێره به ئاسانی هه‌ڵبێین . پاسه‌وانه‌کان زۆر که‌مته‌رخه‌من، به‌ڵام بۆ خۆمان نامانه‌وێت، هه‌روه‌ک ئه‌وه‌ی چۆن دوای دره‌نگانێکی سبه‌ینێ ده‌بێته هه‌توان بۆ ئازارێک که به‌رگه ناگیرێت. ئه‌وه تۆ و پاسه‌وانه‌که‌ن له زینداندا ده‌ژین، زیندانێکی هه‌تایی، که ئێوه ئه‌سته‌مه بتوانن به‌ئاسانی لێی هه‌ڵبێن. چونکه ئێوه هه‌ست به خوتان ناکه‌ن که له زینداندان . به‌خته‌وه‌ریتان، به‌خته‌وه‌ری نه‌زانینه، ئه‌و نه‌زانینه‌ی که له زینداندا ده‌تانهێڵێته‌وه، ئه‌و زیندانه‌ی ژیانتانه. به‌ڵام ئه‌م شه‌و، ڕۆژ له من و سازان و جێمبا هه‌ڵدێت و ئازاد ده‌بین. سازان و جێمبا هیچ له دوای خۆیان جێناهێڵن، من هه‌ر هیج نه‌بێت ئه‌م نامه‌یه‌م له دوا جێده‌مـێنێت، که تکات لێده‌که‌م با بۆ نه‌وه‌کانی ئاینده بمێنێته‌وه.
زۆلی، من هیچ هه‌ڵچونێکم پێوه دیاره؟! هه‌ست ده‌که‌یت وه‌ک ئاوازێکی غه‌مگین ده‌رژێمه ده‌ره‌وه؟ بڕوابکه له ژێر کاریگه‌ری ئه‌وه‌دا نییه که به‌یانی گولله باران ده‌کرێم. ئه‌گه‌ر که‌مێک به خۆتا بچیته‌وه هه‌ست به‌وه ده‌که‌یت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شا، ڕێی تێده‌چێت بینینی مردن به‌و شێوه ڕوون و به‌رجه‌سته‌یه وای لێ کردبم بیرکردنه‌وه‌م جیاواز بێت؟ ده‌بینیت؟ هه‌میشه ئه‌و بیرکردنه‌وانه له قوڵایی ناخمه‌وه هه‌ڵقوڵاوه. قه‌ت له باره‌یا‌نه‌وه نه‌دواوم، قسه‌م له‌سه‌ر نه‌کردوون، بۆ خویان له ناوه‌وه ڕۆشنیان کردوومه‌ته‌وه.
له دوای چه‌ند کاتژمێرێکی دی بانگمان ده‌که‌نه ده‌ره‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وانی ترا سواری ئه‌و ماشێنه غه‌مگینه ده‌بین که پێیده‌ڵێن ماشێنی زیندانیه‌کان. ببینه چۆن هه‌موو شته غه‌مگینه‌کان پێکه‌وه گرێمان ده‌دەنه‌وه، چاره‌ڕه‌شی، تاعوون، ماشێنی زیندانییه‌کان، ئیفلیجی، چاڵی ڕه‌شی کا‌لکۆتا. ماشێنی زیندانیه‌کان، بۆ کوێمان ده‌بەن ؟ بۆ کوێ؟ بۆ که‌نار زه‌ریا، یان بۆیاریگــــــــا؟
من گره‌و ده‌که‌م بۆ یاریگا، به‌ڵام من حه‌زم له که‌نار زه‌ریایه. هه‌رهیچ نه‌بێت بۆ جارێکی دی چاومان به زه‌ریا ده‌که‌وێته‌وه . من ڕێزێکی بێکۆتام بۆ زه‌ریا هه‌یه . ئه‌و ڕۆژانه‌م دێنێته‌وه یاد که له که‌شتیوانی کارم ده‌کردو لام بۆته مێژوو . شه‌یدای پانوپۆرییه‌که‌یم، هێز و تواناکه‌ی، ئه‌و نهێنییه‌ی له ناو خۆیدا حه‌شاری داوه، قوڵاییه نه‌بینراوه‌که‌ی. له‌وانه‌یه دوای گولله بارانکردن، به خه‌یاڵیاندا بێت لاشه‌کانمان فڕێ بده‌نه زه‌ریاوه‌و شارکه‌کان بمانخۆن . ئه‌وسا ماسیگره یابانیه‌کان یان ڕوسه‌کان ڕاوی ئه‌و شارکه بکه‌ن و گۆشته‌که‌ی بخه‌نه فرێزه‌ره‌وه و دواجار له کارتۆن بنرێ وبفرۆشرێته‌وه به بازرگانه هندییه‌کان، ئه‌وه‌ش قازانجێکی گه‌وره‌یه بۆ گه‌له‌که‌مان . ره‌نگه له‌و ڕێگایه‌وه ئه‌مه جۆرێک بێ له درێژ کردنه‌وه‌ی ژیانی خه‌ڵکی، به‌ڵام ئه‌وان ئه‌و چاکه‌یه له‌گه‌ڵ ئێمه ناکه‌ن. من دڵنیام ئه‌وان ده‌مانبه‌ن بۆ یاریگا تا دیمه‌نێکی دڵڕفێن نیشانی ئه‌و خه‌ڵکانه بده‌ن که بێکارن و حه‌زیان له کات به‌سه‌ر بردنه، تا دڵیان خه‌مگین نه‌بێت و مه‌ستیان بکه‌ن به پێکه‌نین وسه‌ما، نه‌ک بیر له‌شتی ناخۆش بکه‌نه‌وه.
ئێمه به‌م جله شڕانه‌وه له‌وێ ده‌بین که ئیستا له به‌رمانه. ئه‌وه بۆ مانگ زیاتره هیچ که‌لوپه‌لێکمان نه‌شۆراوه. ئه‌گه‌ر پێویست بکات به کۆڵه‌که‌یه‌که‌وه ده‌مانبه‌ستنه‌وه، نه‌ک به خه‌یاڵماندا بێت بیر له ڕاکردن بکه‌ینه‌وه. بۆ کوێ هه‌ڵبێم؟
من پێم وایه چاویشمان ده‌به‌ستنه‌وه. سازان و جێمبا، ده‌یانگوت که ڕێگه ناده‌ن چاویان ببه‌سترێته‌وه، من له‌گه‌ڵیاندام، من ده‌مه‌وێت ئه‌و که‌سه ببینم که گولله‌بارانم ده‌کات، دلێرانه له لوله‌ی ئه‌و تفه‌نگه ورد ببمه‌وه که ڕووی کردۆته من. ته‌ماشای به‌رینی ئاسمان بکه‌م، بڕوانمه خۆر، ڕۆشنایی ببینم، ته‌ماشای هاووڵاتیانی وڵاته‌که‌م بکه‌م، که پێک لێک ده‌ده‌ن بۆ مردنی ئێمه، بۆ خۆشنوودی وئازادی. یاریگاکه پڕ ده‌بێت له حه‌شامات، له قه‌ڵه‌باڵغی، خه‌ڵکانێکیش هه‌ن بێ شوێن ده‌مێننه‌وه، به‌سه‌ر دره‌خته‌کاندا هه‌ڵده‌زنێن، خۆیان ده‌خزێننه بالکۆنه‌ی ئه‌و ماڵانه‌ی ده‌وروبه‌ر تا به‌ڕوونی چاویان له ئێمه‌وه بێت و چێژ له نمایشێکی بێ پاره ببینن.
ئه‌مجا قه‌شه دێت بۆ لامان، بۆ ئه‌وه دێت نوێژمان له‌سه‌ر بکات یاوه‌خود لێمان بپرسێت دوا ئۆمێدتان چییه. سازان ده‌ڵێت من داوای جگه‌ره‌یه‌ک ده‌که‌م. من دڵنیام داواکه‌ی بۆ جێبه‌جێ ده‌که‌ن. من ده‌توانم ئه‌وه بهێنمه پێش چاوی خۆم به‌ر له‌وه‌ی گولله‌کان رۆحی ساردبکه‌نه‌وه چۆن مژ له جگه‌ره‌که‌ی ده‌دات .
ئه‌و ده‌ڵێت من چێژ له‌و جگه‌ره‌یه وه‌رده‌گرم زیاد له هه‌ر شتێکی دی که به‌درێژایی ژیانم کردوومه، جێمباش ده‌ڵێت من به کش‌وماتی ده‌وه‌ستم، وه‌ک نیشانه‌یه‌ک بۆ بێزاریم، به‌ڕووی قه‌شه‌دا ده‌ته‌قمه‌وه و پێی ده‌ڵێم بچۆ بۆ دۆزه‌خ، ئه‌ی نه‌عله‌تی. بچۆ بۆ دۆزه‌خ ئه‌ی هیچوپوچ. تا هێزم تیایه به‌سه‌ریا ده‌قیژێنم، به‌و هیوایه‌ی هه‌موو ئاماده‌بوان گۆیان لێم بێت.
چه‌ندم پێ خۆش ده‌بێت گۆره‌پانه‌که پڕ بێت له مایکرۆفۆن، نه‌ک هه‌ربه ته‌نیا گۆره‌پانه‌که به‌ڵکو هه‌موو وڵات، تا پێکه‌نین به قه‌شه و هه‌موو ئه‌وانه‌ی ئه‌ویان ناردووه ده‌نگ بداته‌وه. قه‌شه له پێناوی گیانی ئێمه‌دا نوێژ ده‌کات. ئه‌وه ئێمه نین که ده‌بێت نوێژمان بۆ بکرێت، به‌ڵکو ئه‌و ده‌بێت نوێژ بۆ ئه‌و لوقمه نانه بکات که هه‌وڵی بۆ ده‌دات، بۆ ئه‌وانه‌ی که ڕۆژانه ژیانیان دۆزه‌خه.
له نێوانی نوێژه‌که‌ی و ئه‌و گوللانه‌ی که ده‌رده‌په‌رن، بێده‌نگیه‌کی ترسناک هه‌یه. بێده‌نگی گۆڕستان، بێده‌نگی گواستنه‌وه له نێوانی ژیان و مردنا. ده‌بینیت نێوانی ئه‌و دوانه ته‌واو کورت بۆته‌وه، نێوانیان هێنده‌ی تاڵه موویه‌که.جیاوازی ئێمه و ئه‌وان، وه‌ک هه‌ر یه‌کێک له گۆره‌پانه‌که‌دا هه‌ناسه ده‌دات، ئێمه وه‌ک کرمێکین. ئای که ساده‌یه، ژیان وای لێهاتوه وه‌ک جه‌سته‌یه‌کی مردوو بیت. ده‌بێت ئاسوده‌بم که ئه‌م دونیایه به جێده‌هێڵم، ڕزگارم ده‌بێت له‌و بێ ماناییه‌ی که بوونی داگیر کردووه و ڕۆژ له دوای ڕۆژیش ته‌شه‌نه ده‌کات. من ئیدی ده‌بێت له سازان و جێمبا دابڕێم، شه‌رمه‌زارییه که ده‌بینیت، ئه‌و دوو که‌ڵه پیاوه وێران ده‌کرێن و ده‌کوژرێن، من له تۆش داده‌بڕێم کیژۆڵه ئازیزه‌که‌م. به‌ڵام هیچ کۆتاییه‌ک بۆ ئه‌و خه‌ڵکه نییه که له‌ده‌ره‌وه‌ی یاریگاکه گردبوونه‌ته‌وه و خۆیان به‌سه‌ر دره‌خته‌کاندا هه‌ڵزنیوه و له بالکۆنه‌ی ماڵه‌کاندان. به‌سکی خاڵیه‌وه خۆیان ده‌که‌نه‌وه به کونه مشکه‌کانیاندا، هه‌ر وه‌ک ئه‌وه‌ی له یارییه‌کی تۆپی پێ گەڕابنه‌وه، به‌و چیرۆکانه‌وه که ڕۆژانی شه‌ممه‌ی پێ پڕ ده‌که‌نه‌وه. ئه‌و پیاوه گوناح و داماوانه، ئێمه‌یان به ئاسانی فڕێ دایه ده‌ره‌وه‌ی ژیان، لاشه‌کانمان له په‌ته‌کان ده‌که‌نه‌وه‌و فڕێمان ده‌ده‌نه ناو ماشێنه‌که‌وه و دواجاریش بۆ قوڵایی قه‌بر. من ئاماده نیم ئه‌و کاره بۆگه‌نه، به ملوێنێک دۆلار بکه‌م، به‌ڵام ئه‌و داماوانه به‌رانبه‌ر پاره‌یه‌کی هیچوپوچی مانگانه ده‌یکه‌ن. مانگانه‌یه‌ک که به‌شی خۆیان و خێزانه‌کانیان ناکات، ئه‌وانه گه‌ر بیانه‌وێت گیان و ڕۆحی خۆیان بپارێزن ده‌بێت مانگانه‌که‌یان له‌گه‌ڵ به‌رتیلدا تێکه‌ڵاو بکه‌ن. من به‌زه‌ییم پیاندا دێته‌وه.
ڕۆژنامه‌کان به دڵسۆزییه‌وه هه‌واڵی گولله‌باران کردنمان بڵاوده‌که‌نه‌وه، ئه‌گه‌ر جێگه‌یه‌کیشیان هه‌بێت، له‌وانه‌یه وێنه‌یه‌کمان بڵاوبکه‌نه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی خواردنی به‌یانیت باشتر بۆ برازێننه‌وه. شتێکم بیر که‌وته‌وه، جارێکیان له ڕۆژنامه‌دا خوێندمه‌وه، پیاوێک داوا له قه‌شه ده‌کات ڕێگای بده‌ن به‌و گۆچانه‌وه له خاکی بنێن، که به‌درێژایی ژیانی هاورێیه‌کی به‌وه‌فای بوه. ئه‌وانیش وێنه‌که‌یان له‌و کاته‌دابۆ گرتبوو که خه‌ریکه گیانی ده‌رده‌چێت و به سۆزه‌وه گۆچانه ئازیزه‌که‌ی به ده‌سته‌وه گرتووه. هاورێیه‌تیه‌کی ڕاسته‌قینه.
زۆڵی، باشه گه‌ر وێنه‌یه‌کی منت بینی، هه‌وڵ بده وێنه‌که لێ بکه‌یته‌وه و بیده‌ی به په‌یکه‌رتاشێک تا په‌یکه‌رێکی به‌ردین له‌سه‌ر شێوه‌ی من دابڕێژێت، هه‌ر وه‌ک ئه‌وه‌ی چۆن له وێنه‌که‌دا ده‌رئه‌که‌وم. هه‌وڵ بدات ئه‌وه‌نده‌ی پێیده‌کرێت شێوه‌ی من بنوێنێت. با شێوازێکی ڕه‌قی من نیشان بدات، پیاوێکی توندوتیژی نه‌رمی نه‌ناس.
پاره‌یه‌کی که‌مم له بانک هه‌یه، بانکیشم ئاگادار کردۆتەوه بۆ مه‌به‌ستی ئه‌و په‌یکه‌ره‌ی باسمان کرد ئه‌و پاره‌یه بده‌ن به تۆ. زۆڵی، کات به‌ره‌و ته‌واوبوون ده‌چێت، ئه‌وه سازان و جێمباش به ئاگا هاتوون، ئه‌وان پێیان سه‌یره من به درێژایی ئه‌م شه‌و نه‌نوستووم. سازان ده‌ڵێت، ده‌بوو به‌لایه‌نی که‌مه‌وه ئه‌مشه‌و بۆ دوایین جار پرخه‌ی خه‌وت بگه‌یشتایه‌ته ئاسمان. من پێی ده‌ڵێم ئێ باشه چی ده‌بێت ئه‌گه‌ر من بۆم نه‌کرێت له‌م چه‌ند کاتژمێره که‌مه‌دا پرخه‌ی خه‌وم بێت؟ من پێ له‌سه‌ر ئه‌وه دائه‌گرم که ئه‌مه دواین شه‌وه ده‌بوو ئه‌م دوایین شه‌وه‌مان به شه‌ونخونی ببردایه‌ته سه‌ر. به‌ڵام سازان ئه‌وه‌ی به‌لاوه خۆش نه‌بوو، هه‌روه‌ها جێمباش.
ئه‌وان هه‌ڵده‌ستن، باوێشک ده‌ده‌ن، خۆیان ده‌کێشنه‌وه، چاویان هه‌ڵده‌گڵۆفن، ئه‌مجا داده‌نیشن و له‌ده‌ورم کۆده‌بنه‌وه . داوام لێ ده‌که‌ن ئه‌وه‌یان بۆ بخوێنمه‌وه که نوسیوومه. به‌ڵام پێم خۆش نییه به قسه‌یان بکه‌م. ته‌نیا ئه‌وه‌یان پێ ده‌ڵێم که نامه‌یه‌کی دڵدارییه. ئه‌وان ده‌تریقێنه‌وه، سازان پێم ده‌ڵێت، ئه‌وه شێتییه له‌م سه‌ره مه‌رگه‌دا بیر له نامه‌ی دڵداری بکه‌یته‌وه. جێمبا پێیوایه من له مردن ده‌ترسێم، بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ چاوی بڕییه چاوم تا گومانه‌که‌ی بسه‌لمێنێت. من پێی ده‌ڵێم، نا من شێت نه‌بووم و هه‌رگیزیش له مردن نا‌ترسێم. ته‌نیا ئه‌وه‌نده هه‌یه ده‌مه‌وێت به‌و کچه بڵێم که له گه‌نجیما ده‌ستگیرانم بووه، له‌م شه‌وه تایبه‌ته‌دا هه‌ست به چی ده‌که‌م و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شا وه‌سێتێکی بۆ بکه‌م. جێمبا ده‌ڵێت؛ تۆ تا ئیستا ئه‌وه‌ت پێ ڕانه‌گه‌یاندوین که ده‌ستگیرانت هه‌بوبێت . منیش پێم گوتن، ئه‌و کچه ئه‌وه‌نده‌ی ئیستا به لامه‌وه گرنگ نه‌بووه، بۆم دوباره‌کردنه‌وه که ئه‌وه ده ساڵه نه‌مدیووه. هه‌ستم کرد له‌م شه‌وه تایبه‌ته‌دا پێویستم به رۆحێکه لێمه‌وه نزیک بێت و له‌گه‌ڵی بدوێم تا ئه‌وه‌ی کردومانه و بۆچی کردومانه، تا ئه‌وه‌ی له‌ده‌ره‌وه و ناوه‌وه‌ی دادگاڕووی داوه بگه‌یه‌نێته ئه‌وانی دی.
سازان ده‌ڵێت، من به ته‌واوی پشتگیری تۆ ده‌که‌م . ئه‌و ده‌ڵێت، منیش پێم خۆشه بیرکردنه‌وه‌کانی خۆم بنوسم. ئایا من چه‌ند په‌ڕه‌یه‌کی سپیم هه‌یه بیده‌مێ؟ منیش پێیده‌ڵێم، نه‌خێر. تازه کات به‌سه‌ر چووه. ئه‌وا خۆر هه‌ڵات و هێشتا له نوسینی نامه‌که‌م نه‌بوومه‌ته‌وه. ئایا ده‌کرێت بۆ ماوه‌یه‌ک ڕێگام بده‌ن به ته‌نیا بمێنمه‌وه؟ من گه‌لێکم پێخۆشه نامه‌که‌م ته‌واو بکه‌م و بیخه‌مه زه‌رفه‌وه و بیگه‌یه‌نمه لای پاسه‌وانی زیندانه‌که، پێش ئه‌وه‌ی به ته‌واوی له خه‌و ڕابێت و بیری بکه‌وێته‌وه که ده‌بێت ئه‌و ڕۆڵه یاری بکات که ده‌بێت پێی هه‌ستێت. سازان و جێمبا دوو گه‌نجی ناسکن، سازان پێم ده‌ڵێت، به ده‌زگیرانه‌که‌ت بڵێ، نه‌کا مناڵ بخاته‌وه، ئه‌وپه‌ری بێهوده‌ییه گیانێکی نوێ بهێنیته نێو ئه‌م ژینه هیچوپوچه‌ی جیهانه‌که‌ته‌وه.جێمباش ده‌ڵێت؛ به‌ده‌زگیرانه‌که‌ت بڵێ با فرمێسکم بۆ برژێت، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی میهره‌بانی تیایه بۆ غه‌ریبان. هه‌ردووکیان تریقانه‌وه و خۆیان خسته گۆشه‌یه‌کی زیندانه‌که‌وه، منیش ته‌نیا مامه‌وه تا نامه‌که‌م ته‌واو بکه‌م.
ئیستا ده‌مه‌وێت ده‌رباره‌ی په‌یکه‌ره‌که‌م بۆت بدوێم . تۆ لاشه‌که‌ی منت به‌ر ده‌ست ناکه‌وێته‌وه، قه‌برێکم بۆ هه‌ڵبه‌سته‌و په‌یکه‌رێکیش له‌سه‌ر کێلی قه‌بره‌که‌م دانێ. ئیتر لێره به‌دواوه، ده‌رباره‌ی به‌شێکی گرنگی نامه‌که‌م قسه‌ت بۆ ده‌که‌م که به‌لای خۆمه‌وه زۆر گرنگه ئه‌ویش لاواندنه‌وه‌که‌مه. گه‌لێک بیرم له‌وه کردۆته‌وه، خۆت ده‌زانی، به‌راست . چی ده‌ڵێیت ده‌رباره‌ی دزێک له گۆره‌پاندا له‌به‌رده‌م حه‌شاماتێک خه‌ڵک گوله‌بارانکرا؟
ئه‌و پیاوه‌ی گومڕا کرا کاتی خۆی پیاوێکی باش بوو؟
هه‌قی خۆی بوو وای لێ به‌سه‌رهات؟
ئه‌و پیاوێکی ساخته‌چی بوو؟
گه‌دایه‌ک بوو؟
ئه‌و پیاوه‌ی که سزاکه‌ی له چاو تاوانه‌که‌یدا هیچ نه‌بوو؟
لێره‌دا هێڵێکی ڕاست و چه‌وت بهێنه به‌سه‌ر ئه‌و پیاوه‌دا که له‌به‌رچاوی حه‌شاماتێکدا له لایه‌ن ده‌سته‌ی گولله باران کردنه‌وه گولله باران کرا، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به ڕۆژی نیوه‌ڕۆ ڤانێکیان ڕووتکرده‌وه‌و پاسه‌وانه‌کانیشیان کوشت. هه‌قی خۆیه‌تی بکرێته عیبره‌ت بۆ هه‌موو دزه‌کان و بۆ ئه‌وانه‌ش که له داهاتوودا ده‌بنه دز. کێ گوێ به لاواندنه‌وه‌یه‌کی ئه‌وها ده‌دات؟ له‌وانه‌یه که‌سانێک وا بزانن ئه‌مه نوکته‌یه. نا، ئه‌وانه گوێی پێ ناده‌ن . من به دوای شتێکی جیاواز ترا ده‌گه‌ڕێم، شتێکی ئاسان و هۆشمه‌ندانه‌تر. یاوه‌خود شتێکی ناوازه و شایسته به پیاوێک که له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی گولله بارانکردنه‌وه گوله باران کرا. ئه‌مه ئه‌وه نییه که من خه‌می بۆ ده‌خۆم، ئه‌و شێوازی مردنه‌ی که کاتژمێرێک یان دووانی تر منی پێ ده‌مرم، شتێک نییه شایانی خه‌م بێت. من له ناو باندێکی مه‌زندام، ده‌بێت خۆم له ناو لاپه‌ره‌کانی مێژووماندا ببینمه‌وه، مێژووی توندوتیژی، مێژووی کوشتن و بڕین، مێژووی ڕێزنه‌گرتنی ژیان، ئاسوده‌یی که‌وتنه نێو سادییه‌تی ئازار و ئه‌شکه‌نجه، ئایا ئه‌و وشه‌یه پڕ به پێستی خۆیه‌تی؟
ئه‌مه ئه‌و دونیایه که من به‌خته‌وه‌رم به جێهێشتنی.به‌ڵام به‌بێ لاواندنه‌وه به جێی ناهێڵـم . له بیرمه چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر ئەودەم گه‌نجێکی تازه پێگه‌یشتوو بووم، له ڕۆژنامه‌دا ده‌رباره‌ی پێشه‌وایه‌کی ئه‌فریکی ئه‌وه‌م خوێنده‌وه که له‌سه‌ر گۆڕی سه‌رهه‌نگێک ڕاوه‌ستابوو به‌چاوی پڕ فرمێسکه‌وه ده‌یگووت: ” ئه‌فریکا کوڕه‌کانی خۆی ده‌کوژێت ”
من نازانم مه‌به‌ستی له‌وه چی بووه، به‌ڵام بۆ ماوه‌یه‌کی دوور‌و درێژ بیرم له‌وه کرده‌وه، بۆم نه‌کرا له مانا شاره‌وه‌کانی ئه‌و چه‌ند وشه‌یه تێبگه‌م. به‌ڵام ئیستا‌و له ئه‌مڕۆدا، له‌م ساته‌دا وه‌کو لافاوێک هاته‌وه یادم، ده‌مه‌وێت ئه‌و واتایه له‌و بخوازم . پێمخۆشه وه‌کو لاواندنه‌وه‌یه‌ک، له‌سه‌ر کێلی گۆره‌که‌م، بۆم بنوسیت: ” ئه‌فریکا ڕۆژی خۆی ده‌کوژێت”
ئه‌وه لاواندنه‌وه‌یه‌کی چاکه، وانییه . به دڵنیاییه‌وه زۆر ناوازه‌یه، شه‌تلێکی زیره‌کانه‌یه. پێویسته ئه‌وه بڵێم که تۆ کتومت له‌گه‌ڵ منا هاوڕایت. ” ئه‌فریکا ڕۆژی خۆی ده‌گوژێت ! ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌و هۆیه‌یه که ئه‌فریکا، وه‌ک کیشوه‌رێکی ڕه‌ش وه‌سف کراوه؟ وانییه؟
ئیستا کیژۆڵه ئازیزه‌که‌م، من ته‌واو بووم . دڵم ڕۆشنه وه‌کو ڕۆشنایی ئه‌و تیشکی ڕۆژه‌ی به‌دزییه‌وه خۆی ده‌خزێنێته ناو تاریکایی زیندانه‌کانمانه‌وه. گوێم له پاسه‌وانی زیندانه‌که‌یه کلیله‌کانی ده‌زرنگێته‌وه، ئه‌وه کلیله‌که‌ی خسته نێو قوفڵی ده‌رگاکه‌وه، هێنده‌ی پێناچێت ده‌رگاکه ده‌کاته‌وه‌و بانگمان ده‌کاته ده‌ره‌وه. ئیدی کاتی ئێمه ته‌واو بوو، وه‌ختی من لێره به‌سه‌ر چوو و ده‌بێت هه‌موو خۆشه‌ویستی خۆمت بۆ بنێرم، ماڵئاوا. هه‌میشه هی تۆ : بانە .
ته‌واو
په‌راوێز و هه‌ندێ ڕوونکردنه‌وه:
* نایرا … پاره‌یه‌کی نه‌یجیرییه .
* عیدی ئه‌مین … سه‌رهه‌نگێکی سه‌ربازی و سه‌رۆکی ئۆگه‌نده بووه، له ساڵی 1924 له دایک بووه و
له‌ساڵی 2003 دا کۆتایی به سه‌رده‌می حوکمی دیکتاتۆرییانه‌ی ئه‌و هێنراوه.
* بۆکاسا … له گوندێکی کۆنغۆ له دایک بووه، له‌سه‌ر ده‌ستی معه‌مه‌ر قه‌زافی بۆته ئیسلام و ناوی خۆی گۆڕیوه بۆ سه‌لاحه‌دین ئه‌حمه‌د بۆکاسا، حاکمێکی سه‌ربازی کۆماری ئه‌فریقای ناوه‌ند بووه و له‌ساڵی
1979 دا و پاش کوده‌تایه‌ک و هه‌وڵێکی کوشتن، کۆتایی به حوکمی دیکتاتۆرییانه‌ی هێنراوه.
*چاڵی ڕه‌شی کا‌لکۆتا … زیندانێکی بچکۆله بووه، هێزه‌کانی بنغال پاش داگیرکردنی قه‌ڵای ولیام، له ساڵی 1756 دا دیله به‌ریتانییه‌کانیان تیا زیندانی کردووه. به پێی یاده‌وه‌رییه‌کانی یه‌کێک له‌و زیندانیانه که خۆی له کاره‌ساته‌که‌دا بووه و دواجار ڕزگاری بووه، ده‌ڵێت(( له ماوه‌ی شه‌وێکدا له کۆی 146 زیندانی 123 یان به گه‌رما مردوون )) .
ده‌رباره‌ی نوسه‌ر:
نوسه‌رێکی ڕۆشنبیرو شۆڕشگێری نه‌یجیرییه له ساڵی 1941 دا له دایکبووه، له‌سه‌ر پارێزگاری کردن له مافی مرۆڤ و له پێناوی ئازادییدا به فه‌رمانی دیکتاتۆر ( سانی ئاباجا ) زیندانی کراوه و سه‌رباری ناره‌زایه‌تیه‌کی فراوانی نێو نه‌ته‌وه‌یی، له ساڵی 1995 دا له مینای هارکۆرت له سێداره دراوه.
سه‌رچاوه :
)African Rhapsody published by Doubleday
A division of Bantam Doubleday Dell publishing Group, inc.
1540 Broadway, New York, NY 10036 )