بێپەروایی
نەژاد عزیز سورمێ
دەنوویەوە؟
لە ئاژاوە و سەرگەردانی ئاسۆی لێڵ بوو و
ڕۆژگاری تووش و بابردووی
تەمەنی تارماییبەند و شکۆفەڕێژت..
کەی لە شەوی پڕ ئەستێرە و ھێمنی وا ھەڵدەنگوی؟
دەنوویەوە؟
سبەی کە ڕۆژ دەبێتەوە
ئەم تەنیاییەت
لە کوێ دەست دەکەوێتەوە؟
( تۆ و ئەستێرە و دنیای کپ بوو
تۆ و گلۆپە چاوزیتەکانی سەر شەقام
تۆ و ھەوای خوا و
بۆنی گوڵەکانی بەھەشت..
تۆ و خۆت و
تونێڵە گوشادەکانی
خوێنی گڕگرتووی بێ پەروات..
تۆ و غوربەتی دوا نەھاتوو..
تۆ و تۆ و.. و
……….
………. )
بە ڕۆژ لە کوێ؟
لە ئاسمانی بەرتەنگ و
زەوی ھەوەسبازی سوڵتان
یا ڤڕەڤڕی داڵە
زیوکفتەکان
سمکوڵ و
سەرەسم و
تیلاکی خوار و سمێڵی بریقەدار
چی دەبیەی؟!
سبەی کە ڕۆژ دەبێتەوە
ئەم تەنیاییەت
لە کوێ دەست دەکەوێتەوە؟
دەنوویەوە؟
( نووستن
مردن )
لێ ڕامینە!
بەینیان تاڵە موویێکە
لەشەوی ئەم ڕۆژگارەدا
ھەموو شتێک وەکو یەکە
مرۆڤ لە چۆلەکە دەکا
چۆلەکەیش وەک مرۆڤ وایە ،
تنۆکێکی نەڕژاوە
لەچاوی ئەوانەی تەنیا بەدڵ دەگرین..
لێ ڕامینە!
لە خۆشبەختی شەوە
یا
بەدبەختی ڕۆژ
گزنگی خۆر بەسەر تاوانەکانی شەو دادەڕژێ؟
دەنگ : ( کلیلی ژیانت بەخۆتە پێ نازانی
پێ نازانی
پێ
نا
زا
نی..!
لەقسان ئاڵی زەنگانی
لە کارانیش ….
– کار دەترازێ
دەترازێ..
دە
ترا
زێ ..
تێر نەبووی..!؟
دەنوویەوە ؟
سبەی کە ڕۆژ دەبێتەوە
جارێکی دی
دەبێ لە خۆت جیابییەوە
پشت لە دەرگای کراوە بکەی
ڕوو لە ڕێگایێ بێ ئاسۆ و دنیای گومان..
دەنگ: (کێن ئەوانەی شەو بەھیوای سبەینێ
بەرێ دەکەن؟
کێن ئەوانەی ڕۆژ بە ئومێدی شەوی وا
دهگوزەرێنن؟
ئاپۆرەی شاری خامۆشان
لەکوێرا گوریسی کورتی خەونەکانتان
دەپچڕێنن؟
تەنیا ون نەبوون بەس نییە ،
تۆ بەتەمای ھەلێکی
نە ڕەنگ و
نە دەنگ و
نە ناونیشانی دەزانی!
ھەلێ ، کە دێت و نایێ..
تەنیا ون نەبوون بەس نییە.
ئەیلوولی 1984