مرۆڤ ئاژەڵێکە دەبێت شوێناکەی لەجیهاندا ڕوونبکرێتەوە، مرۆڤ بونەوەرێکە لەگەڵ نیگەرانیدا لەدایکدەبێت . مرۆڤ بونەوەرێکە (نیگەرانی) چارەنوسێتی. لەدایکبوونی مرۆڤ لەسەر زەوی پابەندە بەو هەستە گەورەی کەلەدونیادا تەنیایە، لەبەرامبەر گەردووندا تەنها دەنکە خۆڵێک یان تۆزێکی بابردووە. ئەم نیگەرانیە گەورەیە لەسەرەتای بەرەنگاربوونەوەیەتی لەگەڵ بوونی خۆیدا، بوونی لەدونیایەکدا کەبەئارەزووی خۆی نەهاتووە، بەڵکو فڕێدراوەتە جیهانەوە، مرۆڤ بەبێ ویستی خۆی لەجیهاندایە. مرۆڤ لەگەڵ بوونی خۆیدا هەست بەفڕێدانیک دەکات، توڕهەڵدانێک بۆ نێو بوونێک بەدەر لەئیرادەی خۆی، بەجۆرێک کە (نیگەرانی ) دەبێتە ئەو هەستەی هەمیشە بەدوویەوەیەتی. لەناخی مرۆڤدا هەستکردن بەبەجێمان، بەفڕێدان، بەترس و دڵەڕواکێ و نەخۆشی، ترس لەنادیار و چارەنوسی نادیار ژیانی گێژدەدا. ئاوەها مرۆڤ ( نەخۆشیکی بەردەوامە) لەخەستەخانەیەکی گەورەدا کەناوی جیهانە.مرۆڤ وەک ( پیتەرسڵۆتێردایک) دەڵێت؛ ( سەرەتاکانی خۆی نازانیت و کۆتایەکانیشی تاریکن، لەنێوان ئەم دوو شوێنەدا تۆیان داناوە …1.9)
بڕوانە؛ پیتەر سڵۆتێردایک: منداڵە ترسناکەکانی نوێ. سورکامپ ٢٠١٤
مرۆڤ لەنێوان سەرەتای نادیاردا بەوەی لەکوێوە هاتووە و بۆ کوێ دەڕوات کەدونیای تاریکی مردنە و نادیارە، لەگەڵ بوونی خۆیدا دانیشتووە. بوونی مرۆڤ فڕێدانێکە بۆنێو نادیار و ترس و دڵەڕاوکێ کەدەتوانین لەژێر ناونیشانی (نیگەرانی) پێناسەی بکەین. بەڵام ئەوە نیگەرانیە Unbehagen کەهۆشمەندی مرۆڤ بەخودی خۆی داگیردەکات، ئەو پرسیارەیە بەوەی مرۆڤ لەکوێی ئەم فڕێدانەدایە بۆ نێو (بوون / Sein ) و دەیەوێت چۆن لەم بوونە بەزۆر داسەپاوەدا شارستانیەکانی خۆی بینابکات، بەو سیفەتەی کۆی شارستانی مرۆڤایەتی لەسەر بنەماکانی ئەم نیگەرانیە گەورەیە خۆی بیناکردووە.
مرۆڤ وەک لەئاینەکاندا هاتووە هەڵگری تۆوی (گوناهی یەکەمە)، گوناهێک کەبووە هۆی ئەوەی لەبەهەشتی خواوەندوە فڕێبدرێتە سەر زەوی، لێرەوە (ماسۆشیەتی میتافیزیکی) کەڕەهەندەکانی لەئایندا خۆی درێژدەکاتەوە پیماندەڵێت؛ کەکۆی مرۆڤایەتی هەڵگری تۆوی ئەو گوناهە گەورەیەیە، لەفڕێدانمانەوە لەبەهەشتی خواوەندەوە بۆ سەر زەوی فانی لەگەڵ خۆماندا هەڵمانگرتووە. ئەم هەڵگرتنی گوناهەیە وابەستە بەسێکسوالیەت و چێژەوە، بەمەش مرۆڤ دەیەویست لەڕێگەی چێژەوە جێگەی خواوند بگرێتەوە. ئەمە خوداوەند توڕەدەکات و (ئادەم و حەوا) وەک ژن و پیاوێکی ڕووت لەبەهەشتی خۆی فڕێدەداتە سەر زەوی…لەساتەوە مرۆڤ بەلەعنەتکراوە بە نەخۆشی، بەتەماع، بەجەنگ، بەکوشتن و دزی و نەخۆشی و کارەساتی سروشتی و کارەساتی دەستکردی خۆی. مرۆڤ بەپێی ئەم ڕوانینە تیۆلۆژیە تۆویی گوناهەکردنی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە.
مرۆڤ بەردەوام وەک لەڕوئیای هەموو ئاینەکاندا هاتووە، هەڵگری ئەو تۆوە گوناهەکارەیە کەشەیتان پێیکردووە، لەو ڕۆژەوە شەیتان و خوا دەچنە یەک ئاستەوە، بەوەی هەریەکەو دەیەوێت مرۆڤ ڕاکێشێتە ڕێزی خۆی و مرۆڤ بکات بەئەندام لەپارتەکەی خۆی. دیارە لەم ڕوانگە تیۆلۆژیەوە لەمێژووی گوناهەی یەکەم یان دەتوانم بە (گوناهە میراتی) پێناسەی بکەم، مرۆڤ دەبێتە هەڵگری چێژێک کە(چێژی گوناهەیە) چێژی دووبارەکردنەوەی ئەو گوناهە گەورەیە کە (ئادەمی نێرینە) بەفیتی (حەوای مێینە) کردوویەتی، ئەویش بەخواردنی سێوی بەهەشت بوو، کەتاقیکردنەوەی خواوەند بووە بۆ گوێڕایەڵی بونەوەرە خوداییەکەی بۆی. کەدوایی دەبێتە مرۆڤ.
ئێمەی مرۆڤ لەم خەونە تیۆلۆژیەوە وەریبگرین، وابەستەی ئەو چێژەین بەدووبارەکردنەوەی گوناهە، ئێمەی مرۆڤ میراتگری گوناهەکردنین لەسەر جیهانێک کەفڕێیانداوین، تێیدا و بەبێ هەڵبژاردنی خۆمان هاتووینەتە ناو دونیایەکی پڕ سزاوە. مرۆڤ بۆ ئەبەد لەجیهاندا سزادراوە، هەربۆیە لەم کاتەدا (لەجیهاندا بوون Sein In die Welt) ی هایدگەری دەگۆڕدرێنەوە بۆ دەستەواژەی ( لەنێو سزادا بوون).
بوونی ئێمە لەنێو سزادایە و ژیان لەدوای ئەو بەهەشتەی لێوەی هاتووین سزایەکی گەورەیە. خەونی گەڕانەوە بۆ بەهەشتەکانی خواوەند خولیایەکی گەورەیە کەئاینەکانی لەسەر دامەزراوە، چونکە مرۆڤ چیتر ناتوانێت بەرگەی ئەو (تەنیابوونەی) خۆی بگرێت کەبەرامبەر دونیا هەیەتی. ئەم گەڕانەوەیە بەڕێچکەکانی تیۆلۆژیەوە دەمباتەوە سەر ڕاستە ڕێگاکانی بەهەشت، هەربۆیە مێژووی مرۆڤایەتی پێکهاتەیەکی سەیرە لەجەنگی مرۆڤ لەپێناوی خودای گەورە، کەبێگومان هیچیتر نییە جگەلە جەنگ نەبێت لەپێناو بەرژەوەندی مرۆڤ خۆیدا، بۆئەوەی جارێکیتر بگەڕێتەوە بۆ بەهەشت و قەرزەکانی خۆی کە ئادەمی باوکی مرۆڤایەتی کردوویەتی، ئەو بەشێکی بداتەوە. دیارە ئەم پارادۆکسە و خەیاڵزەدەییە و فانتازیا پڕ ماسۆشیەت و ئازارە بنەمای ئاینە تاکخواداکانە Monotheismus لەئیسلامەوە بیگرە تادەگاتە کریستوم و لەوێشەوە بۆ موساویەت!
گوناهی یەکەم یان گوناهەمیراتی
قەشە (ئۆگەستین ئاوریلیۆس ٣٥٤ ـ ٤٣٠ ز) کەلە(هیپۆ) یان جەزائیری ئیستا ژیاوە و مردووە، وەک (پیتەر سڵۆتێردایک) لەنوێترین کتێبدا (منداڵە ترسناکەکانی زەمەنی نوێ) ئاماژەی پێدەدا، یەکەمین قەشەبووە پێش ئیسلام، مانیفێستی بۆ گوناهەی یەکەم کردووە، چەمکی لاتینی ـ peccatum originale ـ ئەو چەمکەیە کەمانای (گوناهەمیراتی ) دەگرێتەوە، لەنوسینەکانی سەرەتایی ئەو قەشەیەدا، کەبەشێکی زۆری خوتبە گەورەکانی ئەم قەشە جەزائیریەی هییپۆ بوو، ئاماژەی پێدراوە. لەو بڕوایەدا بوو کەمرۆڤ هەرچی شتێک بکات لەسەر ئەم زەویە گوناهەیە، مادامەکی هەڵگری ئەم گوناهە گەورەیەی ئادەمی باوکە. ئاوەها زەوی بە (تۆویی ئادەم) پڕوبڵاوە، ئێمە هەمووان هەڵگری ئەو تۆوەین و تۆوی گوناهەکردن لەبەهەشتەکانی خواوەند لەگەڵ مرۆڤدا لەدایکبووە. ئەم گوناهەیە کەهەڵمانگرتووە (بەڕای قەشەکەی هیپۆ، (ئۆگستین) ( هیچ ئازارێکی سەر ئەم زەویە بوونی نییە، کەمرۆڤ لەدواجاردا دەستی تێدا نەبێت و خەتای ئەوی تێدانەبێت .. 1.16 )
سێکس لەپێناوی گوناهەی یەکەم
مرۆڤ لەبەرئەوە هاتۆتە سەر زەوی بۆئەوەی گوناهەکانی خۆی بەرامبەر خودا پاکبکاتەوە، بێگومان قەرزی ئێمەیە، گوناهی ئێمەو باپیرە ئادەمە، بەپێی ڕەهەندی ئاینی کەلەڕێگەی (لیبیدۆ / ترۆپکە چێژ) لەگەڵ مێینەدا کردوومانە و دەبێت بیدەینەوە بەخودا. ئادەم لەڕێگەی (ترۆپکە چێژە) وە دەیویست ببێتە (بونەوەرێکی بان) یاخود (بان ـ بونەوەری) کەئەویش گەیشتنە بەو چێژەی کەخودا لەتابۆکانیدا، لەقەدەغەکراوەکانیدا دایناوە. ترۆپکە چێژ لەو مێژووە وە تائێستا کەلەئەکتی سێکسوالیدا خۆی بەرجەستە دەکات، بۆتە خاڵی فۆکۆسکردنی، خاڵی گرنگیپێدانی هەموو ئاینەکان. لەئیسلامدا گەڕانەوە بۆ بەهەشت و خۆڕزگارکردن لەگوناهەکانی باوکە ئادەم کەهاتۆتە سەرزەوی، پابەندە بەو پاداشتە گەورەیەی خواوەند لەڕێگەی بەخشینی حۆریەکان دەیبەخشێت بەموسوڵمانی ڕاستەقینە، لێرەوە گوناهەی یەکەم کەهەڵخەڵتاندنی ڕەگەزی نێرە بەعەیاریی مێینە، لەڕێگەی دووبارەکردنەوەی مێینە بەکۆیلەی نێرینە پاکدەبێتەوە! لەبەرامبەر ئەمەشدا سێکسی پۆڕنۆگرافی و (سێکسی کۆیلەیی) دەبێتە پاداشتی موسوڵمانی نێر و مێ، بێگومان ئەمە لەو بارەدایە کەهەردوو توخمەکە لەدونیای فانی و فەتاودا خۆیان بەدەست شەیتانەوە شلنەکردبێت. لەم خاڵەوە چیرۆکی گوناهی یەکەمی ئادەم و حەوا جارێکیتر بەرهەمدێتەوە. جارێکیتر بەفیلتەریکی دیکەی هەستکردن بەگوناهەدا تێپەردەبێت و شارستانی و ئێرای ئیسلام لەسەر ئەم خەونە درێژە بەخۆیدەدات. تەنانەت هیچ بزوتنەوەیەکی ئیسلامی سیاسی نییە لەڕێگەی بانگخواز و کادێرەکانیانەوە، ئەم خەونی (بەخشینی حۆریەکان) نەدەن بەگوێی جیهادیست و ڕەدووکەوتوانیان. باپیرانی ئێمە لەمێژووی زیاتر لەهەزارو چوار سەد ساڵە لەنێو ئەو خەونەدا دەژین و زۆریشیان ژیانی دونیان لەپێناو ئەم بەهەشتە پڕ حۆریانەدا کردە قوربانی.
دیارە لێرەدا ئەوەی پێویستە ئاماژەی پێبکەین ئەوەیە کەبەهەشت شوێنیکە بۆ سێکسکرندێکی ئەبەدی، بەهەشت لەم وێنەیەدا شوێنی سێکسکردنی پیاوانەیە، تێدا ژنەکان چ حۆری بن یان وەسیفەکانی حۆریەکان بن وەک بانگخوازە ئیسلامیەکان بەئاشکرا بۆ گەنج وخەڵکانی باوەڕداریان ڕوونیانکردۆتەوە، ئامادەن بۆ تێرکردنی ئەوان لەهەر کات و شوێنێکی بەهەشتدا بێت.
(شوێنای ژن) لەکۆی کتێبە بەناو پیرۆزەکاندا نێگەتیڤە و دیاریکراو نییە، کەئایا ئەو ئازادیەی بەخشراوە بەپیاوی موسوڵمانی بەهەشتی، هەمان ئازادیە لەبەهەشتەکانی خودا؟ بێگومان وەڵام بەنێگەتیڤە. لەبەهەشتیشدا ژنەکان دەبنەوە بەئامڕازێکی تێرکردنی ئارەزووەکانی پیاو، چونکە بەهەشت و حۆری بەخشین، یەکسان نین بەبەهەشت و پیاوی جوان بەخشین بەژنانی ئیماندار. لەم خاڵەوە ئەم فانتازیا تیۆلۆژیە لەسەر دەرکردنی دووبارەی ژن لەبەهەشت خۆی بینادەکاتەوە، چونکە پەیمانی خودا بۆ پیاوی موسوڵمانە، بەمانای لەپیاوێکەوە بۆ پیاوێکی دیکە. گەر هاتوو ئێستاش یەکێک بێت بڵێت؛ کە جێندەری خودا دیارینەکراوە لەئیسلامدا، یان لەئاینەکاندا. ئەوا هەموو ئاماژەکان ئەوەمان پێدەڵین کە خودا نێرە، خەونەکانی نێرن، هەرگیز لەڕوی زمانەوانیەوە ناڵێین (هی) کە ئەداتی تەعریفە، بۆ خودا، بەکارنەهاتووە لەقورئاندا. بۆ نمونە ناتوانین بڵیین (هی اللە) بەڵکو دەڵێین (هو اللە) . تەنانەت لەزمانی ئەڵمانیدا Gott بەنێر ناسراوە دەڵیین Der Gott ، لە زمانی ئینگلیزیشدا خوا He کەبۆ نێر بەکاردێت نەک She بێت کەبۆ مێینە بەکار دێت. بەگشتی خودا سیفەتە نێرەکانی زاڵە هەرچەندە لەوانەیە تیۆلۆژیەکان ئێستا دونیایەک دیباتی لەسەر بکەن، بەڵام لەدواجاردا سیفەتی نێرینەی خودا، کاراکتەری ئاشکرای ئەم ڕۆحە گەورە و خوڵقینەرەیە کەخودایە. لەم ڕوانگەیەوە حەوا یان ئێفا Eva لەلاتینیدا، ئەو مرۆڤە مێینە جوانەیە کەجادووە گەورەکانی لەڕێگەی جەستەو عەیارییەوە وەها دەکات لەدژی ئیرادەی خودا بوەستێت و لەدرەختی مەعریفە، لەسێوی زانین بخوات.
لەئاینەکاندا (وێنەی مێینە) و (ژنەجادووگەر) بەتایبەت لەکریستیانیدا/ دیانیدا، پێکەوە کاراکتەربەندی کراون. تەنانەت وشەی جادووبازە یان عەیارە یان ساحیرە، بۆئەو ژنانە بەکاردێن کەبەجوانی و ئەقڵیان پیاو خوماردەکەن. ئاوەها لەکۆی ئەقڵی ئاینیدا (حەوا) یان (ئێڤا) دەبێتە بەشێک لەو ئیرادە لاواز و شەهوانیەی کەناتوانێت خاوەن ئیرادەیەکی باڵا بێت و بەقسەی شەیتان ( دیڤڵ لەئینگلیزیدا / تۆیفل لەئەڵمانیدا ) هەڵدەخەڵەتێت، و بەشێکە لەجادوگەر و شەیتان. ئەویش وەها لەئادەم دەکات بێ فەرمانی خودا بکات. ئاوەها هەر لەسەرەتای چیرۆکەکەوە وێنەی مێینە لەبەهەشتدا وێنەیەکی ناشرینە، ئەمەش وەهای کردووە کەلەبەهەشتی موسوڵماندا، ئەمانە ببنەوە بەکوێلەی پیاو و گوێڕایەڵی پیاو و دیارە لەئاینە یەکینیەکانی دیکەشدا وەک کریستوم و موساویەت هەمان چیرۆکە.
گوناهەی یەکەم و پۆرنۆگرافیەتی نێو بەهەشت
لەسەدەی بیست و بیست و یەکدا (گوناهی یەکەم) لە ئیسلامی سیاسیدا جارێکیتر بەرهەمدەهێنرێتەوە، بانگخوازەکان، فوقەهاکان ئەوەندەی گرنگی بەم وێنەیەی بەهەشت دەدەن وەک پاکبووونەوە لەگوناهی مرۆڤ لەسەر زەوی، و شوینێک بۆ سێکسکردن لەگەڵ حۆریەکاندا، ئەوەندە فۆکۆس ناخەنە سەر ڕەهەندە میتافیزیکی ڕۆحانیەکانی بەهەشت وەک شوێنێک بۆ گەیشتن بەخوداوەند و ڕەهەندە عیرفانیەکەی فەرامۆشدەکەن. (کۆمپانیای ئیسلامی سیاسی) دووردەکەونەوە لەپرسیارە گەورەکانی ئاین و باوەڕداری و سۆفیەت و پرسە قوڵەکانی نێوان ماتریاڵ و ڕۆح و میتافیزیک و پرسە تیۆلۆژیەکان. ئیسلامی سیاسی لەشێوەی کۆمپانیای ڕیکلام دەکەونە مۆنۆپۆڵکردنی وێنە سێکسوالیەکان، لێرەدا دەتوانین ئەم کۆمپانیا ئیسلامیزمە لەبەرهەمهێنانی چیرۆکی (پۆڕنۆگرافی ئیسلامی) دەربارەی چێژی حۆریەکان و وەسفی جوانیان و بەردەوام سێکسکردن بەبێئەوەی هیلاک و بێزار بیت و کڕینی شت و مەک بەبێ بوونی پارە و هتد ..، دەبنە ناوەڕۆکی ئەو تێکست و خوتبە و خەونانە کەبانگخواز و نوینەرەکانی ئیسلامیەکان بەردەوام بەرهەمیدەهێننەوە، وەک کاڵایەکی سایکۆلۆژی، وەک ڤیدیۆیەکی سایکۆلۆژی لەناخودئاگای موسوڵماناندا بەردەوامی پێدەدەن.
بەدیوێکی دیکەدا ئەکتی سێکسوالی جیهادکردن بۆ گەیشتن بەسێکسی شێواز پۆڕنۆگرافی نەک ئەشقی جەستەیی، ئەو وێنە گەورەیە کە بانگخواز و مەلاکان و فوقەها سیاسیەکان لەمزگەوت و دیدارەکانیان بڵاویدەکەنەوە. بەتایبەت لەنێو گەنجەکاندا کەبەهۆی نەریتی ئیسلام و یاساکانی لەنێو کولتوری کۆمەڵایەتیدا چەپاندوویانە. ئەو گەنجانە پڕن لە چەپاندنی سێکسی، ئەم خەونە سێکسوالیە ئەو توێژە وەها مۆبیلاریزە دەکات، بەجۆرێک کەبەرەو مردنی حەتمی ڕێڕەوخوازیان بکەن. مێژووی ئیسلامی سیاسی ، مێژووی ئەو مۆبیلاریزەکردنەی خەونی سێکسوالیەتە بەرەو بەهەشت، لەپشت هەموو ئەکتێکی ئیسلامی سیاسیەوە ئەم خەونە بۆ جەماوەرەکەی ئامادەکراوە.
دیارە بەگشتی قسەبکەین ئەوان دەگەڕینەوە سەر (جەوهەری ئیسلام خۆی ) کەبۆماوەی زیاتر لەهەزارو چوار سەد ساڵە بەهەشتی پڕ حۆری بەگوێچکەی موسوڵمانانیدا دەدەن، ئەمە ئەو (پاداشتە پۆڕنۆگرافیە) کەباوەڕداری موسوڵمان لەبەرامبەر بوونی لەسەر زەوی و دەرئەنجامی گوێنەگرتنی لەشەیتان، خوداوەند پێیدەبەخشێت. ئەو گوناهەی کە ئادەم و حەوا کردیان ولەسەر ئەوە فڕێدرانە سەر زەویەکی پڕ ئاشووب و ئازارە. ئەمە خەونێکە هەموو موسوڵمانێکی پێ خومار کراوە و لەسەدەی بیست ویەکدا (ئیسلامی سیاسی) وەک فۆرمێکی مۆدێرنەی، وەک دیاردەیەکی مۆدێرنە پەلاماری میتۆدەکانی مۆدێرنە دەدات، لە پارت دروستکردن و چوونە نێو هەڵبژاردن و گەمەی دیموکراسیەوە، هەروەها لەڕێگەی بانگخوازەکانیەوە ئەم خەونە لەڕێگەی کۆمنیکاسیۆنی مۆدێرنەوە وەک (یۆتۆب ، فەیسبوک ، تویتەر و ماڵپەڕ و کەناڵە ئاسمانیەکان) بڵاودەکەنەوە، بەجۆرێک کەدەنگی زیاتر لەهەڵبژاردەنەکانیاندا پێ مسۆگەر بکەن. بەڵام لەدیووی ئیسلامی جیهادیدا ڕێکخراوەکانی وەک؛ قاعیدە و جەبهەی نوسرە و بۆکۆ حەرام و داعش ئەم سێکسە پۆڕنۆگرافیە فراواندەکەن و گەنجانی پێ خوماردەکەن، بەجۆریک پەلەی ئەوەیانە زۆر زوو بکوژرێن وبگەن بەخۆشیەکانی ئەو سێکسە پۆڕنۆگرافیە. هەر لەم ڕوانگەیەشەیەوە (داعش) یان چاکتر وەهایە بڵیین؛ ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی، پەیڕەوی مۆدێلێکی نوێی کردووە، بەوەی بەرکوڵێکی دونیایی لە (سێکسی بەهەشت) پێشکەش بەموجاهیدینەکانی دەکات لە فۆرمی (جیهادی نیکاح). بێگومان بۆ ئافرەتە جیهادیەکانیش جۆرێکە لە ئازادی سێکسوالی کەلە کۆمەڵگە ئیسلامیەکاندا لەڕێگەی یاسا و نەریتەوە قەدەغەکردوە، بەمانای لەپیاوێکەوە بۆ پیاوێکی دیکە بەئارەزووی خۆی، ئەمەش مانای بینینی ڕۆڵی (حۆریە جوانەکەیە) لەبەهەشتەکانی خواوەند، کەبێگومان خوا دەیبەخشێت بەمێینەیەک خۆی بۆ خودا تەرخانکردووە و شەیتانی سەر زەوی فڕێداوەتە تەنەکە خۆڵەوە، گوێی لەبانگخوازەکان و فوقەهاکان گرتووە و خۆی پاکردۆتەوە لەشەیتان لەکاتی بۆ جیهادی نیکاح، بۆ هیچ نا ، تەنها لەبەرئەوەی جەنگاوەرانی خودا بەردەوامبن لەجەنگدا لەدژی شەیتانەکانی سەر زەوی.
سەیر نییە ئەم حەزە بۆ (بوون بە حۆری جوان) هەمان وێنەی وەرگیراوە لەوێنەی شاجوان و مۆدێل و فاشیۆنەکان، بەڵام کۆپیەکی سێکسوالی ئەو ئەکتە مۆدێرنەیە کە ئیسلامی سیاسی / جیهادی لەڕێگەی بانگخوازەکانیەوە بە مێینەی دەبەخشێت. ئاوەها جەستە جوانبوونەوە وبوون بەحۆری و سێکسکردن لەگەڵ پیاواندا هەم لەسەر زەوی و دونیادا فەراهەمدەکرێت و هەم لەبەهەشتی ئیسلامدا جارێکیتر بەنەمری دەمێنیتەوە. (سێکس) و (جوانی) دووخاڵی گرنگن کەبەنەمری دەمێننەوە و خەیاڵی جیهاد و موسوڵمانی پێ داگیردەکەن، لەبەر ئەوە سەیر نییە کەژنانی خۆرئاواش بەتایبەت هەرزەکارە مەستەکان بەمۆدیلەکان لەبەر بوونیان بەحۆری سەر زەوی و ئاسمان سنورەکان ببڕن و لەڕیزەکانی بەرەی نوسرەو داعشدا جیهادی نیکاح بکەن.
لەم چێژبەخشینە خوداییە (سێکس) لەبەرامبەر (ڕزگاربوونە لەگوناهی یەکەم) لەسەدەی بیست ویەکدا لەمۆدیلی خۆکوژی جیهادی و مۆدێلی جیهادی نیکاحدا خۆی بەرجەستەدەکات. موجاهیدەکان لە مۆدێلی داعشدا بۆیان هەیە کەنیزەکیان هەبێت لەجەنگەکاندا و هەروەها (جیهادی نیکاح) بەخشینێکی دیکەی ئەمیری دەوڵەتی ئیسلامیە بۆ ئەوەی وەک سەربازەکانی خودا جیهادبکەن. ئەم داهێنراوە نوێیە خەتی جیاکردنەوەی مۆدێلی قاعیدەیە لە مۆدیلی بەرەی نوسرە وڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لەشام و ئێراق. لەیەکەمدا ئۆرتۆدۆکۆسیەتی ئیسلام کەمۆدیلی قاعیدەیە هیچ بوارێک نادات بەچێژی سەر زەوی، کەچێژی شەیتانیە و چێژی و لیبیدۆ یان ترۆپکە چێژ هەڵدەگرێت بۆ چێژی بەهەشتە وێناکراوەکەی دوای مردن و کۆتایی جیهاد، کە دوای خۆکوژی و کوژرانە. لەمۆدێلی دووهەمدا کەبەرەی نوسرەو داعشن، نموزەجێک، بەرکوڵێک لەخۆشی بەهەشت پێشکەشی موجاهیدەکان دەکرێت، بەرکوڵێک لەو بەهەشتەی ئادەمی لێوە وەدەرنراوە پێشکەشدەکرێت، جیهاد بەشێکە لەسێکسکردن و خۆشی و ژن فڕاندن و هەستکردن بە پیاوەتی لەڕێگەی سەربڕین وکوشتن، هەموو حەزەکان وەک مۆدێلیکی دیکەی جیهاد تێردەکرێن لەبەهەشتدا پاداشتەکە گەورەترە. ئاوەها چێژی پاداشتی خۆپاکردنەوە لەگوناهی ئادەم و حەوا لەئیسلامدا، بە وێنەی سێکسوالیەوە پابەند دەکرێتەوە. ئاوەها ئاینەکان لەگوناهی یەکەم خۆیان پاکدەکەنەوە و پەلە لەمرۆڤ دەکەنەوە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ بەهەشت و ببێتەوە بە (بونەوەرێکی خودایی) نەک (بان -ـ خودایی) کەئادەم و حەوا بوو.
ئادەم و حەوا وەک بونەوەرێکی بان خودایی
دەبێت لێرەدا ئاماژە بەوە بدەم کە بوون بە (بانخودایی ) مانای ڕیزپەڕکردنی خودا بو لەبەهەشتدا، تەجاوزکردنی حەرامی خودا بوو لەنێو قەرەباڵغی بەخشینەکانی خودا لەبەهەشت، تاکە شت کەنەدەکرا بکرێت خواردنی ئەو سێوی حەرامەیە بوو، کەلە تەورات و ئینجل و قورئاندا گێڕانەوەکان لەسەری ڕێکن. شەیتان وەک فریشتیەکی هەڵگراوە، وەک شۆڕشگێڕێک، وەک هەڵگەڕاوەیەکی ئەبەدی لەخودا لەم ئەکتی گوناهەیە بەشدارە، زەوی دەبێتە موڵکی شەیتان وئاسمان وبەهەشت بۆ خودا. لەم وێناکردنەوە ئادەم و حەوا لەبونەوەری خوداییەوە کەفڕێدەدرێنە سەر زەوی دەبن بونەوەری سروشتی. لەم خاڵەوە جەنگ و نەخۆشی و سەربڕینی هابیلی کوڕی ئادەم بەدەستی قابیلی برای، دەبنە یەکەم لێدانی خواوەند لەئادەم ، بەوەی دەبێت (ئازار بکێشێت) و کوڕەکانی یەکتر بکوژن. ئاوەها خودا نەک هەر ئادەم لەسەر خەونی (بان خودایی) سزادەدات، بەڵکو دەیکات بەمرۆڤی سەر زەوی ، لەسەر زەویەک کەشەیتان تەراتێنی تێدا دەکات، ئازار و نەخۆشی و موسیبەی بۆ دەنیرێت. ئاوەها خەونی مرۆڤ بەپێی هەموو ئاینەکان گەڕانەوەیە بۆ بوون بە (بونەوەرێکی خودایی) نەک لەسەر شێوازی ئادەمی سەر زەوی، بەڵکو لەسەر شێوازی وێنەی ئادەم پێشئەوەی حەوای مێینەی بۆ بخوڵقێت وبەقسەی شەیتان هەڵبخەڵەتێت.
لەم ڤیزۆنەدا مێینە کەحەوایە ئەکتێکی سێکوسوالیە لەسەرێکەوە، ولەسەرێکی دیکەوە ئەکتێکی گوناهەپێکاری نێرینەیە! چێژی مێینە لەسەروو چێژەکانی دیکەوەیە وئەوەندە بەهێزە کەجادووی ئەوەی هەیە ئادەمی نێری ملکەچی خودا، هانبدات بۆ هەڵگەڕانەوە و بێ فەرمانی لەبەهەشتدا. سەیر نییە کۆی ئاینەکان زاخاودرابن بە وێنەی ڕق وبەجادوگەرکردنی مێینە. لەکریستومدا جادوگەر تەنها مێینە و وێنەی مێینە بووە، لەسەدەی ناوەڕاست تادەگاتە کۆتایی سەدەی شازدە لەئەوروپادا بەهەزارەها ئافرەت بەناوی جەنگی ئیمان لەدژی جادووگەران لەگۆڕەپانە گشتیەکاندا سوتێنران، و نمایشی سوتاندنیان بەدرێژایی دەسەڵاتی کڵێسا بۆتە بابەتی هەزارەها تابلۆ و نیگارکێشی کلاسیک و بارۆک.
لەئیسلامدا ئەم ئەکتە سێکسوالیە دەگەڕێتەوە بۆ نێو بەهەشتەکان و دەیەوێت مرۆڤ بگەڕێنێتەوە بۆ قۆناغی (ئادەمبوون) یان بیکاتەوە بە ئادەم، یاخود پیاو بکاتەوە بەئادەم لەبەهەشتەکانی خودا. بەڵام لەجیاتی یەک حەوا، زیاتر لەحەفتا حۆری پێدەبەخشێت. بەمانای لەئیسلامدا مرۆڤ دوای ئەوەی قەرزەکانی باوکی خۆی، (باجی گوناهەی باوکی) خۆی وگەندەڵی باوکی دایەوە، لەبەهەشتدا ئەمجارە وەک ئادەمێکی یەک حەوایی ناسوڕێتەوە، بەڵکو وەک ئادەمێکی (حەفتا حەوایی) وەک بونەوەریکی خودایی ژیانی ئەبەدی بەسەردەبات. ئاوەها ئەم سوڕی گەڕانەوە بۆ بەهەشت و قەرزدانەوەی خودا، لەسەدەی سیانزە بەدواوە بەتەواوەتی لەکریستومدا دەبێتە خەمی سەرەکی دەسەڵاتی دەوڵەتی کەلەسەر بنەمای دەسەڵاتی کەنیسەی کاسیۆلیکی دامەزرا بوو. ئاوەها مرۆڤ ڕادەکات بۆ کڵێساکان پارەدەدات، بۆئەوەی بەپێی قەبارەی گوناهەکەی (پسوڵەی لێخۆشبوون) لەقەشەکان بکڕێت. لەڕەهەندێکی دیکەدا لەسوارچاک وجەنگاوەرە کریستانیەکاندا ئەم قەرزە لەگەڵ خودا یەکلایدەکرێتەوە. ئاوەها شارستانیە ئاینیە تەوحیدیەکان لەسەر بنەمای شوشتنەوەی (گوناهی ئادەم) و (ترۆپکەچێژ / Libido) خۆیان بەنێو مێژوودا درێژدەکەنەوە.
مرۆڤ لەبەهەشتدا فێری گەندەڵی بوو
( ئادەم) وەک ( پیتەر سڵۆتێردایک) ئاماژەی پێدەدا (گەندەڵە Korrupt) و ئێمەش بەپێی ئەم تێزە ئاینیە, کە بێگومان ئیسلام لەگەڵیدا یەکدەگرێتەوە، هەڵگری ئەو گەندەڵیەین. بەمانای نەوەکانی ئادەم هەڵگری تۆویی ئەو گەندەڵیەن کە ئادەم لەبەهەشتدا فێری بوو. بێگومان ئادەم چیدەکات؟ یەکەمجار(سێکس) لەگەڵ (حەوا) و ژیان لەگەڵ حەوا و ڕزگاربوون لەتەنیایی، ئاوەها چێژی حەوای مێینە، وەهای لێدەکات پەلاماری شتیک بدات کەهی خۆی نییە، لەدرەختێک سێو لێبکاتەوە کەبێگومان موڵکی ئەو نییە. بەمشیوەیە گەندەڵی Korruption مانای؛ دەستبەسەراگرتنی ئەو شتەیە کەتۆخاوەنی نیت، سێوی خوداش تەنها موڵکی درەختی خوادا بووە و ئادەم لەگەڵ یەکەم قەپاڵدا، یەکەمین گەندەڵی دەکات! بەمشێوەیە یەکەمین گەندەڵی لەبەهەشتەکانی ئاینەوە لەدایکدەبێت. بەمەش مرۆڤ لەڕەهەندە لاهوتی و میتافیزیکیەیدا بونەوەرێکە لەگەڵ خودا و لەتەنیشت خودا گەندەڵی ئەنجامداوە.
بیرۆکەی (گوناهە میراتی) قەشە (ئۆگەستین ئاوریلیۆس) دونیایەکمان دەخاتە بەردەم کەپڕیتی لەتاریکی و نەخۆشی و دەردوبەڵا و کارەسات، مرۆڤ لەم دونیایەدا هەرگیز بێگوناهەکردن و بێگوناهە نەبووە، مرۆڤایەتی لەبنەڕەتەوە وەک (سڵۆتێردایک) ئاماژەی پێدەدا؛ ( وەک ئادەم ، وەک سەرچاوەی سەرەکی یەکەمین پیاو لەنێو خودی خەڵقی خۆیداو لەتوخمی خۆیدا لەڕێگەی یەکەمین گوناهەوە گەندەڵبووە، ئەم گەندەڵیەش گوازراوەتەوە بۆ نەوەکانی داهاتووی. هەموو نەوەیەکی ئادەم لەئادەمەوە گەندەڵە.. 1.14 )
مرۆڤ بەنەعلەتکراوە بەگەندەڵی و ئەمانە هەمووی کاتێک ڕوودەدەن کەمرۆڤ (بونەوەرێکی خودایی) بووە، نەک مرۆڤیکی سروشتی! لێرەدا من هەنگاوێک لە تێزەکانی فەیلەسوفی ئازیزمان ( پیتەر سڵۆتێرداێک ) دووردەکەومەوە و پێشئەوەی بگەڕێمەوە بۆ سەر تێزەکانی دەڵێم : مرۆڤ کاتێک گەندەڵی کردووە بونەوەرێکی خودایی بووە، نەک بونەوەریک لەنێو بووندا!
مرۆڤ هێشتا فڕێنەدرابووە نێو بوونەوە و لەبووندا هەستی بەنیگەرانی نەکردووە کەگەندەڵی کردووە. ئادەم لەنێو بەهەشتەکانی خواوەندەوە گەندەڵی کردووە کەئەوسا مرۆڤ نەبووە، بەڵکو بونەوەرێکی خودایی بووە. ئادەم وەک ئێمە لەگۆشت و خوێن و ژیان و مردن دروستنەبووە، جلی نەپۆشیوە و وەک ئێمەش نانی نەخواردووە و پیسایی نەکردووە و بەهەشتی بەبۆنی ئارەقی و بۆنی پیسایی خۆی و بەخۆڵەکانی خۆی پیسنەکردووە، کە گەندەڵی کردووە، ئەوسا ئەو و حەوا دوو بونەوەری خوادای بوون.
لەگەڵ یەکەم ئەکتی سێکسوالی و ئەشقی نێوان ئادەم و حەوادا، (چێژ) دەبێتە ئەو ئەڵقەیەی ئادەم لەحەوا هەڵدەگەڕێنێتەوە و دەیانکات بە هاوەڵی شەیتان، لێرەوە یەکەمین یاخیبوون لەچێژەوە دەستپێدەکات، بەڵام چێژێکی سێکسوالی کەبونەوەر تەنیا ناکاتەوە وەک خودا کەخۆی تەنیایە، بەڵکو بونەوەر دەکات بەجووتێکی هەمیشەیی. لێرەوە گەندەڵی ڕوودەدات، بەوەی گەندەڵی ئادەم کەبونەوەرێکی خودایی بوو، لەپێناوی درێژەپێدانی چێژی خۆی بوو لەگەڵ حەوا، کەوێنەی مێینەیە لەبەهەشتدا. گەر لەم ڕەهەندە تیۆلۆگیەوە، دیالۆگ لەگەڵ ئەم ڤێرسیۆنەی چیرۆکی گوناهەی یەکەمدا بکەین، دەبینین ئەکتێکی سێکسوالی قووڵ دوو بونەوەری خودایی دەکات، بەدوو بونەوەری سروشتی لەسەر زەوی! بەڵام بێگومان وەک دەرئەنجامی گەندەڵیەک کەلەبەهەشتدا کردوویانە، نەک لەسەر زەوی. لەکاتێکدا کردوویانە کەخودایی بوون و لەتەنیشت خوداوە ڕاکشاون و لەگەڵ ئەودا قسەیان کردووە، ئیدی بۆچی دەبێت وەک (پاوڵۆس و قەشە ئۆگستین) و ئاینەکان دەڵین مرۆڤ باجی ئەو گەندەڵیە بدات کەلەبەهەشتەکانی خوداوە هاتۆتە سەر زەوی نەک بەپێچەوانەوە؟
پارادۆکسی ئاینی لەوەدایە کەگەندەڵی لەم ڕەهەندە تیۆلۆژیەدا، خۆی لەخۆیدا دروستکراوێکە لەبەهەشتەکانی خواوەندەوە بۆ ئێمە دابەزیوە! بۆماوەیەک و میراتیەکە لەڕێگەی سێکسوالیەت و سێکسکردن لەبەهەشتدا دروستبووەو نەوەکانی ئادەم ، کەچیتر خودایی نین و مرۆڤن لەگۆشت و خوێن ئەوەی لەخوداوە بۆیان دەمێنێتەوە ، تەنها گەندەڵیە.
تهواو
سەرچاوە و پەراوێزەکان
- Peter Sloterdijk, Die schrecklichen Kinder der neuen Zeit, Shurkamp2014
- www.uni-tuebingen.de/uni/Eckstein_Suendigen/Lateinisch.pdf
تابلۆکانی بەشی یەکەم
تابلۆی یەکەم : مایکل ئەنجلۆ ١٤٧٥ ـ ١٥٦٤؛ گوناهی یەکەم ؛ دەرکردن لەبەهەشت.
Michelangelo؛ Der Sündenfall und die Vertreibung aus dem Paradies (Deckenfresko in der Sixtinischen Kapelle
تابلۆی دووهەم : تابلۆی ئالبرێخت دوڕەر؛ حەوا ، ١٥٠٧ / مۆزەخانەی ناسیونال دێل پرادۆ ـ ئیسپانیا
Albrecht Durer, 1507, Museo Nacional del Prado, Spain
تابلۆی سێهەم :
(ئالبرێخت دوورەر ؛ چوار جادووگەرەکە یان چوار ئافرەتە ڕووتەکە، ١٤٩٧ ، گرافیکی مس)
Dürer Albrecht, 1471-1528 (Germany)
تایبهت بهكولتور مهگهزین