Escape Artist (Multicoloured), 2008

 به‌یان سه‌عید؛ کراسە ڕەنگاڵەییەکانی دایکم


Loading

به‌یان سه‌عید

 دەیگووت كاتی خۆی كە تەمەنی هەژدە ساڵان بوو، باوکم زۆری خۆشویستووە .
دوای چەند جارێك داواکردن کەسوكاری ڕازی بوون شووی پێ بكات ، دایكم لە خێزانێكدا گەورە بوو بوو،  وەك زۆر لە خێزانە کوردیە کۆنەكان پڕ لە کێشمەكێش و دەردی سەری بووە، ئەویش بەهۆی ئەوەی كە نەنکم زۆر لە باپیرەم منداڵتر بووە ، زۆر ناتەبا بوون .  دەیگووت کە هەر ڕۆژەی لایەكم بە دەست یەکێکیانەوە بووەو ڕایانكێشاوە.
دایكم نەخوێندەوار، بەڵام تا بڵێی تێگەیشتوو بوو، قسەزان و نەرم و نیان و ئارام بوو ، هیچ خەسڵەتێكی ناشیرینی تیا بەدی نەدەكرا ، دڵسۆزی و میهرەبانی لێ دەباری، هەر لەو کاتەوە دركم بەوە كرد کە تێگەیشتوویی و لێهاتوویی هەرگیز بەدەستهێنانی بڕوانامە ناگەیەنێ.

ئەو زۆربەی زۆری كاتەكانی بە ئیش كردنەوە دەبردە سەر، ئیشی ماڵ و بەرگ دروویی، كەم لە كاتەكان دەمبینی بێ ئیش دانیشێت، هەمووی بۆ خزمەتی ئێمە بوو، بە باوکیشمەوە .  دایكم هەندێ خەسڵەتی هەبوو لە كەم كەسدا بەدیدەكرا ، بۆ نموونە؛ ئەگەر بۆ چەند ساتێك بیویستایە پشوو بدات و لەگەڵ ژنانی دراوسێدا دانیشتایە ، لەپڕ خۆی دەکردەوە بە ماڵدا دەمانگووت؛ ها دایە چی بوو دیسان ؟
دەیگووت؛ بەخوا ڕۆڵە دیسان كەوتنەوە باسی خەڵکی ، منیش نامەوێ گوناهی کەس بكەمە ملی خۆم .
ئامۆژگاری ئەو بۆ من و خوشكەكەم هەمیشە ئەوەبوو؛ کە شوو بە هەركەس دەکەین ئاساییە بەس ڕەزیل و دڵپیس نەبێت ( ڕەزیل بە مانای پیسكەو چاوچنۆك ).
ئەو كاتە زۆر بیرمان لەم دوو خەسڵەتە نەدەکردەوە، بەڵام ئێستا دەزانم کە زۆربەی زۆری کێشەی ئەو ژنانەی کە خاوەنی ئابووریەکی سەربەخۆی خۆیان نین لەگەڵ مێردەكانیان بەهۆی ئەم دوو خەسڵەتەوەیە بە تایبەت پیسكەیی ، دیاربوو خۆشی زۆری ئازاری چەشتبوو بەدەست دڵپیسی باوكمەوە ( دڵپیسی واتە ئیرەیی تا ئاستی نەخۆشی ).
یەکێك لەو ڕووداوانەی كە لە ئەنجامی دڵپیسی باوكمەوە بەسەری هاتبوو و هەرگیز بۆی لەبیرنەدەكرا ئەوەبوو ؛ كە ڕۆژێك یەكێك لە هاوڕێكانی باوكم بە دڵێكی پاك و خوشك و برایانە بێ هیچ مەبەستێك پێی گووتبوو ؛ ” براژن دەزانی لاواز بوویت ” دەیگووت؛ هەر ئەوەندەی هاوڕێکەی ڕۆیشت و دووركەوتەوە  ، باوکتان ئەوەندەی لێدام کە بەزەحمەت هەناسەم بۆ دەدرا ، نووزەم بە حاڵ تێدا مابوو، بەوەش نەوەستا كە ڕۆیشتە دەرەوە بۆ سەر كارەكەی لەدوای خۆیەوە دەرگاكەشی بە كلیل داخست، بۆ ئەوەی کەس نەبینم وكەس نەیەت بەهانامەوە …

ئەم دایكە باشە کە هەر ئێمە دەزانین چەند باش بوو، هەر ئێمە دەزانین چەند بە وەفا بوو بۆ باوكم، ڕۆژانە ئەشکەنجە دەدرا، ئەگەر جەستەیی نەبوایە بەشێوازی ڕۆحی، چونكە بە بەرچاویەوە باوکم ئەشکەنجەو ئازاری خوشك و براكانمی دەدا.

دەبوایە لە بەیانیەوە کە ڕۆژ دەبۆوە لە ئیشبوونایە تا ئێوارە، نەدەبوو لەهاتنەوەش دوابكەون، کە دەهاتنەوە، یان لێیان دەدرا ، یان بێبەری دەكران لە نان خواردن ، خۆ ئەگەر دایكم خۆی بۆ نەگیرایەو دەستی بگرتایە تا لێیان نەدا، ئەوا ئەویش وەك ئەوان لێیانی دەخوارد ، ئەگەر دەستیشی نەگرتایە لە ترسی ئەوەی باوکم زیاتر تووڕە نەبێت، ئەوە دەبوایە هەر لە دوورەوە خۆی بخواتەوەو زووخاوی بچەشتایە بە بێدەنگی.

چەندین جار لە بێ دەسەڵاتیدا پەنای دەبردە بەر خۆکوشتن ، بەڵام فریایدەکەوتن و نەیاندەهێشت.
زۆر جار ئاگام لێبوو تاوه‌كو بەیانی نەدەخەوت و جلی دەدروو، تەنها لە پێناوی خۆشگوزەرانی ئێمەدا، کەچی بەم جۆرە هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەكرا و چاكەی دەدرایەوە لە لایەن باوکمەوە .

ئەو دایكێك بوو جێگەی شانازی بوو بۆ هەموومان، كە مرد چەند كراسێكی لەبەرنەکراوی هەبوو، تەنها لەبەرئەوەی نەخشێنرابوو بە گەڵاو گوڵی ڕەنگاو ڕەنگ لە ترسی باوکم لەبەری نەكردبوو، چونكە باوکم دەیگووت سەرنجڕاكێشن .
تەنها وەسێتی دایكم ئەوە بوو كە چەند جارێك گوێم لێ بووە دەیگووت؛ ڕۆڵە كە مردم مەهێڵن زوو بمنێژن بۆ چەند ساتێك بمخەنە سەر لا تا چی زووخاوە بێتە دەرەوە .

بڕواتان بێت هێشتا مابوو، کە ئەو زووخاوە ڕەشەمان بینی لە دەمیەوە هاتە دەرەوە و ئینجا مرد.

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین