پێویستی شیعر و نرخزانی و ختووکەدانی چاتجیپیتی
پێشەوا کاکەیی
شیعر یادەوەریی ڕۆحی و پەیوەندی تایبەتی ئێمەیە لەگەڵ جیهاندا، نزیکترین زمان لە ئێمەوە زمانی ڕۆحە. یانی هەم شیعر ڕۆحی زمانە و هەم زمانی ڕۆحیشە بۆ بەگەڕخستنی بیر تا جەستە بە جووڵە بخات و پەیوەندی ببەستێت و بکەوێتەوە ناو زمانەوە. لەبەر ئەوەی شیعر زمانی ڕۆحە کە ڕۆح ئیش لەسەر ئەزموون دەکات، ئەزموونیش بەردەوام لەژێر پرسیار و تێڕامان و وردبوونەوەدایە. بۆیە شیعر زمانی ڕۆحە، تا زمان لە تەسکی بهێنێتە دەرەوە و وەک خۆی فراوانی بکات، چونکە ڕۆح هێجگار فراوانە. بۆیە شیعر ئەو شوێنەوار و ئازار و شادی و بیرکردنەوانە دەنووسێتەوە کە لەکاتی ڕووبەڕووبوونەوەی جیهانی دەرەوەدا بە جێماوە. ئێمە هێشتا ئومێد و حەسرەت و سۆزمان هەیە تا ئەو تەنیایی و نائومێدیی و هەستیارییەی کە لە لێدانەکانی ژیاندا بە جێماوە؛ شیعرمان هەیە و بەردەوامیش دەبێت لە یاوەریکردنمان. ئەو، گرنگترینمانە؛ خۆڕاگرترین و دڵسۆزترین کەسی متمانەپێکراومانە. ڕەنگە شیعرێک لە ساتێکی دیاریکراودا باری دەروونی ئێمە تۆمار بکات، بەڵام مێژووی شیعری هەر نەتەوەیەک، زنجیرەیەک شوێنپێی دوورودرێژی ڕۆحی نەتەوەیی و جیهانی بە جێ دەهێڵێت. مێژووی شیعر، مێژووی هزری نەتەوەیی و جیهانی و گەردوونیشە.
هێشتا ڕۆحمان زیاتر پێویستی بە شیعر هەیە. ڕەنگە خەڵک ڕوونکردنەوەی جۆراوجۆر بدەن بۆ ئەو کێشانەی ئەمڕۆ لە شیعری نوێدا سەرهەڵدەدەن، بەڵام ناتوانین پچڕانی نێوان ڕۆحی نوێ و شیعر پشتگوێ بخەین، بە جۆرێک قەیرانی شیعری نوێیەتی، ڕاستییەکەی قەیرانی متمانەیە، ئەوەی مرۆڤ پێویستی پێیەتی، پردێکە بۆ شیعر. ڕووباری ڕۆحمان هەمیشە دەڕژێت، تەنیا ئەوەیە کە ڕەنگە ڕێڕەوی ڕووبارەکە بە ئاڕاستەکانی تردا بڕوات. ئەمە ئەو کێشەیەیە کە شیعری نوێیەتی لە جیهاندا ناتوانێت ڕووبەڕووی ببێتەوە؛ بەڵام هەمیشە وەک ڕووبار دەڕوات تا ڕۆحیەتی خۆی نوێ بکاتەوە. هەر وەک چۆن شیعری کۆن سەدان پەنجەرەی هەبوو، سەدان پەنجەرەیشی مابوون کە لێوەی بە تەواوی لە جیهان بڕوانین، لە شیعری نوێ و پاشنوێیەتییشدا هەمان گرفت هەیە، بۆیە شیعر سەرەتا و کۆتاییی ژانرەکانە؛ چونکە هەزاران کێشە ماون و دێن کە زمان کنینەی نەکردووە. بۆیە [ئەزموون و شیعر و زمان] وەک سێکۆچکەیەک لەناو ڕۆحدا مامەڵە دەکەن تا ڕۆح فروانیان بکات. لە هەمان کاتدا، ئەم سێیانە ڕۆحش لەگەڵ خۆیدا فراوانتر دەکات. بۆیە ڕۆح هەر فراوانتر دەبێت و پڕ نابێتەوە، کە وایە تا مرۆڤایەتی هەبێت، ئەزموون و شیعر و زمان لەناو ڕۆحدا سەرقاڵی سازاندنە.
چڕبوونەوەی زمانی شیعری، ئەو پانتاییە فراوانەی کە خەیاڵەکەی درووستی کردووە، هەوا/ ڕیتمەکەی و هتد… لەدایکبوون و گەشەسەندنی شیعری نوێ، بەردەوام لەگەڵ پێداویستییەکانی خۆیدا دەگونجێنێت و لەگەڵ هەموو میللەتیشدا ڕێبازێکی نوێبوونەوەی پەیڕەو کردووە. ئەم جۆرە نوێبوونەوەیە، بە شێوەیەکی سرووشتی لەگەڵ خێرایی نوێبوونەوەی کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا دەردەکەوێت. شیعری نوێ، لانیکەم لە هەردوو ئاستی ئەرێنی و نەرێنیدا، گۆڕانکارییەکانی خودی شیعری دەرخستووە. یەکەم: بە پێچەوانەوە، شیعری نوێ نکۆڵی لە سرووشتی میکانیکی کولتووری پیشەسازی دەکات و جەخت لەسەر سرووشتی ئۆرگانیک دەکاتەوە. دووەم: لە لایەنێکی ئەرێنیدا، شیعری نوێ ئاڵۆزی و دەوڵەمەندی کولتووری نوێیەتی قەبووڵ دەکات و هەمان ئاڵۆزی و دەوڵەمەندی دەردەبڕێت.
شیعری کۆن، جەخت لەسەر سرووشتی کۆمەڵایەتی شیعر دەکاتەوە؛ لە کاتێکدا شیعری نوێ بە بێ گوێدانە لایەنە ئەرێنییەکان یان نەرێنییەکان، بە دەوڵەمەندییەکی پڕ زانیاری بڵاو دەکرێنەوە، جۆرێک لە ئاڵۆزی و دەوڵەمەندی نیشان دەدەن. شیعری کۆن، گرنگییەکی زۆر بە «چەمکی هونەری» دەدات کە وێنەی ڕوون و ڕوونبێژی درووستی دەکات؛ لە کاتێکدا شیعری نوێ زیاتر و زیاتر گرنگی بە پێکەوەگرتنی نائاسایی «وێنەسازی» داوە. شیعری کۆن، لە ئێستاوە ژمارەیەکی زۆری خاڵی و بازدانی هەیە؛ لە کاتێکدا شیعری نوێ باج دەدات تا زیاتر گرنگی بە بەتاڵی و بۆشاییی مانا بدات کە بازدان لە کات و شوێن و گۆڕانکاری جۆراوجۆری هۆشیاری لە چرکەیەکیشدا هەیە. شیعری کۆن، جەخت لەسەر هەوا/ ڕیتم دەکاتەوە؛ لە کاتێکدا شیعری نوێ زیاتر گرنگی بە هەوای سۆزداری شیعر دەدات، سەروای زمان بەردەوام لە گۆڕاندایە و تاکە ڕەنگدانەوەی مۆسیقای شیعرە. بە کورتی، بە حوکمدان لە گۆڕانکارییەکانی کڵێشەی خودی شیعر، شیعری نوێ بە شێوەیەکی سەرەکی لە تێکەڵە فەلسەفی، هێما و نائەقڵانییەکانی وێنەسازی بە کار دەهێنێت بۆ بەدەستهێنانی دەربڕینی قووڵی ژیانی نوێیەتی؛ بە شێوەیەک کە جیاوازە لە شیعری کۆن.
ئەو پێشوازە ساردەی کە شیعری ئێستا و لە ئێستادا وەریگرتووە، خودی ڕاستییەکە نییە؛ چونکە دەتوانین لانیکەم چەند دۆخێکی دوور لە ببینین بەر باس بدەین. هەندێک کەس دەڵێن شێوازی ژیانی ئێستای مرۆڤەکان زیاتر و زیاتر کەتواریانەیە، لەگەڵ پێشکەوتنی شارستانیی مرۆڤایەتیدا، داواکارییەکانی مرۆڤ بۆ لایەنە ماددییەکانیش هەمەچەشنتر بوون و بێکۆتایی تێیدا سەر هەڵداوە. بەرهەمهێنانی بازاڕ، جۆری بەرهەمەکان ئارەزووی هەمیشە گۆڕاوی خەڵک درووست دەکەن. شیعر شتێکە کە پەیوەندی بە خواردن و جلوبەرگەوە نییە. هەروەها هەندێک کەس پێیان وایه، سەردەمی ئەمڕۆ به هۆی پێشکەوتنی ته کنۆلۆژیا و گەشەسەندنی مێدیا و پێویستی ژیانی خێرای مرۆڤەکان، بۆته سەردەمی خوێندنەوەی وێنه. ئینتەرنێت و ڕۆژنامه و ڕیکلام و فیلم و تەلەفزیۆن، نەک تەنیا ئەو ئاسانکارییە بۆ خەڵک دابین دەکات کە پێویستیانە زانیاری هەستیاری خێرا بزانن، هەروەها کاتی بەتاڵی خەڵک بۆ کاتبەسەربردن، ژیانیشی داگیر کردوون. هەندێکی تر دەڵێن، بە حوکمدان لە درووستکردنی گۆرانییە پۆپە هاوچەرخەکان و لاساییکردنەوە، تۆڕی کۆمەڵایەتی کە [بە قۆڕچیاتیی مرۆڤ دەورە دراوە]، جێگەی پێویستی خەڵک بە شیعر و هتد… گرتۆتەوە. لەناو جیهانی کورد و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتاڵیی خۆیان بە بەتاڵی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پڕ دەکرێتەوە. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، خوێنەری شیعر و شیعرنووسیشی داگیر کردووە. شاعیر هەیە چل ساڵە دەنووسێت، ئێستا ناخوێنێتەوە تەنیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی نەبێت. تۆڕی کۆمەڵایەتی تەنیا گۆشەیەکی زۆر بچووکی شاعیرت نیشان دەدات، چونکە هەم هەموو شیعر و هونەرەکەی ناگوازرێتەوە و هەم خوێنەریش لەیەک کاتدا هەموو شیعری شاعیرەکە ناخوێنێتەوە. خوێنەری شیعری ئەو کاتە لە تۆڕی کۆمەڵایتی لە شیعر تێدەگات، کە ئەو ڕۆژە تەنیا شیعری یەک شاعیر بخوێنێتەوە، دواتر کە لێ بووەوە، بچێت شیعری شاعیری تر بخوێنێتەوە. تۆڕی کۆمەڵایەتی تەنیا شوێنی نیشاندانی چالاکییە کە بەرەو دەرگای کتێبت ببات. مێشک لە یەک ڕۆژدا سەدان شیعر و میعر و شیعرە چرکەسات قەبووڵ ناکات و بۆی نابێتە یادەوری، چونکە ناتوانێت بەرخود بکات، چاو ڕەشکەوپێشکە دەکات لە جیاکردنەوەی وێنەی باش و خراپ. لەبەر ئەوەیە کە ئەوەی دێت لەسەر شیعر قسە دەکات، لە شیعر تێنەگەیشتووە و هەڵە دەخوێنێتەوە. ڕاست و چەپ لە دەزگاوە بۆ خوێنەر و دەسەڵات دەڵێن شیعر لە پاشەکشەدایە، ناڵێن خۆمان بووینەتە ئامێری بەکارهێنراو و تەنیا بەشێکی بچووکی شاعیر ئاگادارین و کنینەمان نەکردووە و لە چیێتی زمان و کڕۆکی شیعر!
ئەگەر بە وردی شیکاری بکەین، بۆمان دەردەکەوێت کە هیچ ململانێیەکی بنەڕەتی لە نێوان لایەنەکانی سەرەوە و شیعردا نییە. گۆڕان و تێرکردنی پێداویستییە ماددییەکان ناتوانێت جێگەی ئارامی و دەوڵەمەندکردنی ڕۆح بگرێتەوە، چێژ یەکسان نییە بە خۆشی، بەخت یەکسان نییە بە خۆشی و بێهوودەیی و شکۆمەندیی. موڵک و ناوبانگ و پێگە ناتوانێت خۆشی و غەم و هزری ڕاستەقینەی مرۆڤ لەبارەی جیهانی دەرەوە بسڕێتەوە، ئەمانە دوو بوارن کە ناتوانن جێگەی یەکتر بگرنەوە، بەڵام زۆر جار لە لایەن مرۆڤەکانەوە سەرلێشێواون و لە بیریان دەچێتەوە.
دۆخی گۆرانییە هاوچەرخەکان «تێکست»، ئەوەمان بۆ دەردەخات کە خوێنەرانی هاوچەرخ هێشتا پێویستییان بە ئاسوودەییی ڕۆحی هەیە، پێویستییان بە دۆزینەوەی دەنگدانەوەی ڕۆح هەیە لە شیعردا، پێویستییان بە شیعر هەیە بۆ بیرکردنەوە لە ژیانی ڕاستەقینە و وەڵامدانەوەی کێشەکانی ژیان. بەڵام ئایا گۆرانی «تێکست»، وەک شێوەیەکی پارێزراوی شیعر، بە تەواوی جێگەی بوونی شیعر دەگرێتەوە؟ بۆ ئەم پرسیارە، بە سادەیی، وەڵامەکە نەخێرە. چونکە ئەمانە دوو شێوەی هونەرین کە تایبەتمەندی خۆیان هەیە و هەردووکیان بواریان هەیە کە ئەویتر ناتوانێت بیکات. لە کاتی نووسینی ئەم بابەتەدا، ڕاستییەکەی تەواو بە ڕوونی تێبینیم کردووە کە یەکێک لە گرنگترین لایەنەکانی ئەو کێشە و گرفتانەی ئەمڕۆ شیعر ڕووبەڕووی دەبێتەوە، «نرخزانی»ـیە. نرخزانی، پردی نێوان شیعر و خوێنەرە و هەر کات نرخزانی بوو بە کێشە، ناتوانین لە ناوی ببەین، بەربەستەکە لە نێوان شیعری نوێ و خوێنەراندا وەستاوەتەوە.
لە ڕوانگەی دەروونناسی هونەرییەوە، نرخزانی لەسەر بنەمای ئەزموونی نرخزانییە. بابەتەکانی نرخزانی لە ڕێگەی ئەزموونی نرخزانییەوە بەهای هونەری شتەکان دەدۆزنەوە و حوکمیان لەسەر دەدەن و چالاکانە بەهای هونەری لەکاتی نرخزانیدا لە ڕێگەی ئەزموونی نرخزانییەوە درووست دەکەن. دوای قەبووڵکردنی خوێنەر، بابەتی جوانکاری درووست دەبێت و بەهای بەرهەمەکە بە دی دێت. ئەم پڕۆسەی قەبووڵکردنە، دەکرێت بەسەر سێ قۆناغدا دابەش بکرێت؛ [ڕوودانی قەبووڵکردنی ئەدەبی، پەرەسەندنی قەبووڵکردنی ئەدەبی و لووتکەی قەبووڵکردنی ئەدەبی]. ئەزموونی نرخزانی پێشمەرجی نرخزانی ئەدەبیمانە. ئەزموون لێرەدا نەک هەر ژیان و سۆز و بیری مرۆڤ، بەڵکوو ئەزموونی خوێندنەوە و قەبووڵکردنی ئەدەبیات و هەروەها ڕێگاکانی قەبووڵکردنی ئەدەبییشە کە لەسەر ئەم بنەمایە پێک هاتووە. یەکەمیان، لە ژیانی ڕاستەقینەی ئێمەوە سەرچاوە دەگرێت؛ لە کاتێکدا دووەمیان، لە ڕاهێنانی کولتووریمانەوە سەرچاوە دەگرێت. هەزاران ساڵە شیعر پەیوەندییەکی نزیکی بە ژیانی ڕاستەقینەی هەموو ئەدەبیاتی کۆنەوە هەیە، نەک هەر بەرهەمی بێشوماریان درووست کردووە، بەڵکوو نەریتێکی کولتووری زۆر قووڵیان لە تیۆری شیعر و نرخزانیدا پێک هێناوە.
ئێمە لە سەردەمی تەکنۆلۆژیا و زیرەکی دەستکرد- (جاتجیپیتی/ ChatGpt)ـدا دەژین و گاڵتە بە ڕۆح و زمان دەکەین. یانی ڕێگەی نوێ هەیە بۆ گەمەکردن بە زمانی شیعر و ڕۆحی شیعر لە دەرەوەی شیعر بە ناو بەرهەمهێنانی شیعر وەک کەرەستە. شیعر پێویستی بە تێگەیشتنێکی قووڵترە لە چاتجیپیتی. هەرگیز زیرەکی دەستکرد ناگاتە ئاستی تێگەیشتنی مرۆڤ؛ چونکە زیرەکی دەستکرد هەرگیز هەموو دال و مەدلوولێک ناخوێنێتەوە. منی خوێنەر، کە منی شاعیریشم، هێشتا دوای دوو دەیە دنیایەک شیعر هەیە کە تێگەیشتنی شیعر ئەستەم نییە لام، بەڵکوو خوێندنەوەی خودی دەقەکە وەک خۆی ئەستەمە و هێشتا قوژبنەکانیم نەدۆزیوەتەوە؛ چونکە سەدان شیعر هەیە، هەر تەنیا مانای شیعری گرنگ نییە، وێنەی شیعری گرنگ نییە، بەڵکوو لە ڕێی هونەرەکەی و دەربڕینی هونەری زمانەکەیەوە چۆن بە شیعرەکە دەگەیت.
گرنگیدان بە هاتنی سەردەمی جیپیتی و یاریکردن بە شیعر لە لایەن هەر کەسێکەوە بێت، درکی پێ دەکەین کە شیعری ساختە و کۆلاجە و ڕێکخراوە. لەبەر ئەوە، زیرەکی دەستکرد دەتوانێت تەنیا بەشێکی شیعری بگوازێتەوە، نەک لایەنەکانی شیعر و شێوە و هونەر و خەیاڵی زمانی ناو شیعرەکە. بۆ کەسێک کە لە شیعر و ڕەگەزەکانی و مانا قووڵەکانی شیعر تێگەیشتبێت، دەزانێت چ دەڵێم؛ نەک خوێنەری ساویلکە. پەرەسەندنی خێرای زیرەکی دەستکرد وامان لێدەکات بە تایبەتی شاعیری ڕاستەقینە، نرخی زمان و ڕۆحی شیعر باشتر بزانێت کە «شاعیری دەستکرد» دەتوانێت هەست و سۆز و ئەزموونی خەڵک بە وشە تۆمار بکات. جیاوازی مرۆڤ و ئامێرە زیرەکەکان ئەوەیە کە مرۆڤ هەست و سۆزی هەیە، لە کاتێکدا ئامێرە زیرەکەکان تەنیا دەتوانن بنووسن؛ بەڵام تەنیا مرۆڤەکان دەتوانن وشە و هەستەکان کۆ بکەنەوە و بیانگوازنەوە بۆ نەوەکانی داهاتوو و بتوانن لە نێوان مرۆڤ و شیعردا یەکتر بسەلمێنن. لەژێر کاریگەری سەردەمی جیپیتیدا، تەنیا کاتێک شاعیران لەگەڵ کەتوار و ژیان و ئەزموونەکانی ژیاندا تێکەڵ دەبن، دەتوانن لە ڕووی سۆزدارییەوە لەگەڵ مرۆڤەکاندا، شیعری هەستەکی زیاتر واڵا بکەن بۆ یەکتری. لە لایەکی ترەوە، چاتجیپیتی توانای فێربوونی باڵا و توانای خۆباشترکردنی هەیە، ئاستی نووسینی داهاتووش نادیارە، چۆن حوکم بدەین کە ئایا شیعر لە لایەن مرۆڤەکانەوە دەخوڵقێت یان بە زمانیی چاتجیپیتی پێک دێت! ئەوەیش لە ڕێی کنینەی زمان و ڕۆحی شیعر و دواندنی شاعیر و تێگەیشتنی بۆ جیهان و شیعر دەردەکەوێت. دەبێت دڵنیابین لەوەی شاعیرانی ڕاستەقینە، خاوەنی ڕەسەنایەتی و سۆزێکی بەهێز و مەعریفەن و لەم یارییەدا جێگەیان نابێتەوە.
لە ڕوانگەی هۆش و ڕۆحی مرۆڤەوە، چاتجیپیتی بوونێکی هەموو تواناکان نییە و زانیارییەکی زۆری نادرووستی بەرهەم دەهێنێت. لە دەرەوەی ئەو بازنەیەی کە تەکنۆلۆژیا پێناسەی دەکات، شتگەلێک هەن کە بوونیان هەیە کە خۆشی بۆ مرۆڤەکان دەهێنن. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ دیدگای ڕەسەنی شیعر، ڕۆحی شیعر لە پەیوەندیکردندا بەردەوام دەبێت لە بەرزبوونەوە و زمانەکەیش زیاتر خۆی دەپاڵێوێتەوە. مەترسی زیرەکی دەستکرد، زمانیش لە قاڵب دەدات. چاتجیپیتی دەتوانێت دەق لە ڕێگەی داتای فێرکاریی بەرفراوانەوە درووست بکات، کە نزیکایەتی هەستییە لەگەڵ شێوازی خوڵقاندنی شیعری شاعیران، ئەویش بە خوێندنەوەی هەزاران کتێب و گەشتکردنی هەزاران میل بۆ تێگەیشتن لە جیهان، کۆمەڵگا، سرووشت، خود و پەیوەندییەکانیان؛ بەڵام ئەو دەقەی کە چاتجیپیتی درووستی دەکات، لە شیکاری کۆتاییدا، بەرهەمێکە کە بە ئەقڵی هونەری ڕێکخراوە، نەک کارێک بێت کە شاعیرێک نووسیبێتی. ئەوەی کە (بنیامین) ناوی لێنابوو [هونەر لە سەردەمی وەچەخستنەوەی میکانیکیدا]، لانی کەم بۆ ئێستا هێشتا کەلێنێکی گەورە لە نێوان بەرهەمەکانی چاتجیپیتی و بەرهەمەکانی شاعیری ڕاستەقینەدا هەیە. بۆ نموونە: ڕەنگە چاتجیپیتی بتوانێت کۆمەڵێک شیعر لەسەر گەیاندنی خۆراک لەسەر بنەمای ڕێنماییە پێدراوەکان درووست بکات، یان ئەوینداری و هتد… بەڵام زەحمەتە دەقەکانی وەک شاعیری ڕاستەقینە گەیاندنی خۆراک درووست بکات، چونکە هەرگیز ناتوانێت ئەو دڵەڕاوکێ و نائارامی و هەستەکانی تری کرێکاری گەیاندنی خۆراک بگوازێتەوە. هێشتا ئەستەمە ڕکابەری لەگەڵ ئەو شیعرەدا بکەیت کە یاری تەکنۆلۆژیای چاتجیپیتی درووستی دەکات. هەڵوێستی من ڕەشبینانەیە لەو پرسەدا، کە ڕەوتی سەرەکی توێژینەوەی جیناتی ئەمڕۆ پێی وایە خۆشەویستی بێت یان سۆز و خۆشەویستی خێزان، ئەوەندە ناوازەیی نییە، لە شیکاری کۆتاییدا ئێمە تەنیا کۆیلەی جینەکانین. پێم وایە ئەوەی شاعیران دەبێت غەمی لێ بخۆن، توانای چاتجیپیتی نییە، کە بەرەو کوێ دەڕوات، بەڵکوو ئەوەیە کە ئایا شیعرەکانی خۆیان باشن یان نا، ئەمە کلیلەکەیە. دەبێت نەکەونە ناو ئەو یارییەوە کە کە چاتجیپیتی وەک ئامێر شاعیر وەرچەرخێنێت بۆ سەر خۆی، بەڵکوو دەبێت شاعیر بوونە جیهانەکەی لە بیر بێت و نەبێتە ئامێر. هەست و نەستەکانی خۆی بن، خۆی لە خۆیەوە پێی بگات نەک خۆی وەک یادەوەرییەک لە چاتدا بدۆزێتەوە و چات بیری بخاتەوە کە کێیە. چونکە ئیشی شاعیر ئەوەیە جیهان بیری مرۆڤ بخاتەوە نەک چات یادەوەری بیری شاعیر بخاتەوە کە خۆی کێیە! ئەم گوتارە سەرەتایەکە بۆ ئاگایی لەوەی شاعیرانی ڕەسەن، ڕەسەنێتییان بیر نەچێتەوە!
ئازاری ٢٠٢٤
شوێنپێ: قەڵادزێ