پیاساندن - پیاسه‌كردن

جۆن مۆریس؛ فەلسەفەی پیاساندن


Loading

وەرگێڕانە ڕەوانەکەی جۆن هاو (John Howe) بۆ کتێبی ”فەلسەفەی پیاساندن”ی فرێدریك گرۆس (Frederic Gros)، پتر لە نامەیەکی خۆشەویستی دەچێ تا کتێبێك. وەرگێڕانێکی جوان و لێڕامانێکی هۆزانییانەیە لەبارەی یەکێك لە کردارە زۆر ئاساییەکان (پیاساندن). لە ڕاستیدا، خوێندنەوەی ”فەلسەفەی پیاساندن” وەك خودی پیاساندن وایە: کەسێك خۆی دەداتە دەست ڕێگەی دوور و درێژ؛ لێرە و لەوێ شتێکی تازە تێبینی دەکات، ڕامانێك ڕووەو ئاگایی دیاردەهێنێ، نیگەرانییەکانی ئەو ڕۆژە دەپڕژێنێ، کاتێ لەگەڵ هاوڕێگەکەی بەهێواشی و بەهێمنی ڕێگەکە بەش دەکەن.

بۆچی پیاساندن شیاوی لێکۆڵینەوەی فەلسەفەییە؟ هۆکاری زۆر هەن؛ بۆ دەستپێکان، گرۆس یەکەم کەس نییە لە ڕوانگەیەکی فەلسەفەییەوە لە پیاساندن ڕابمێنێ. هەروەك لیستی سەرچاوەکانی کتێبەکەی ئەمە دەردەخەن، کە پێشتر ترادیسیۆنێك بوونی هەیە. ئاخر زۆر لە هزرڤانە مەزنەکان پیاسەڤان بوون: گرۆس بەشێکی درێژی بۆ لێکۆڵینەوە لە نیتچە، ئارسه‌ر ڕامبۆ (Rimbaud)، ڕۆسۆ، تۆریۆ (Thoreau)، نێرڤال (Nerval)، کانت، و گاندی تەرخانکردووە؛ هەروەها ئاماژەی بەوانەش کردووە، کە هێشتاش بەردەوامن.  بەڕاست، هێشتاش چ شتێك وەها لە پیاساندن دەکات ببێ بە بابەتێكی شیاو بۆ لێکۆڵینەوەی فەلسەفەیی، داخۆ لەبەر ئەوەیە، کە پیاساندن هەمیشە کردارنواندنێكی مۆڕاڵی و سیاسی بووە.

ئەو هزرۆکە سەرەکییەی بەدرێژایی کتێبەکە دووبارە دەبێتەوە ئەوەیە: پیاساندن ئازادبوونە؛ هاوکات ”ئازادبوون لە” و ”ئازادبوون بۆ”یە. ئاخر ”بەڕێی پیاساندنەوە، تۆ خۆت لە هزرۆکەی شوناس، لە فریوی بوون بە کەسێك، کە ناو و مێژووت هەبێ دەربازدەکەی.” تۆ لە ”ناو، تەمەن، پیشە، و سی ڤی” ڕزگارت دەبێ، کە گرۆس ناویاندەنێ ”پێسپاردە و پابەندبوونەکان لە دۆزەخ”دا. هەروەها لە قۆناغی درەنگی سەرمایەداریی پێگەیشتوودا، پیاساندن دەرفەتێکی دەگمەنت بۆ دەڕەخسێنێ تاکو خۆت لە بار و قورسییەکانی جیهانی موڵکایەتی و خاوەندارێیتی ئازادبکەی. ”کاتێ دەست بە پیاساندن دەکەی بۆ پتر لە چەند ڕۆژێك؛ بۆ هەفتەیەك، کاتێ تۆ خەریکی پێچانەوەی کۆڵەپشتەکەتی، پرسیارێك بە بەردەوامی خۆی زیت دەکاتەوە: داخۆ بەڕاست ئەو شتە پێویستە؟ بێگومان، کێشەی قورسایی لە گۆڕێیە. ئاخر کاتێ ئێمە توانیمان ڕاستی شێوازەکانی چاکبوون (well-being) دیاربخەین، ئەوا ڕەنگە پیاساندن ببێ بە مۆتەکە، ئەگەر تۆ زیادەت لێ بارکرد. بۆیە دووبارە و دووبارە هەمان پرسیار دێتەوەگوڕێ: داخۆ بەڕاست من پێویستم بەوە هەیە؟”.

 

هەمیشە زۆربەی کات وەڵامەکە نەخێرە. پیاسەڤان پێشتر جیهانی هەیە، ئاخر ”ڕوانین، زاڵبوون، و لێگەڕان واتا هەبوون، بەڵام هەبوونێك بەبێ ناپەسەندییەکانی خاوەندارێتی: یەکێك پتر وەك دزێك سوود لە دیمەنێکی جوانی جیهان وەردەگرێ.” بارسووکبوون بەڕێی سووتاندنی شوناس و پایەگا، بۆ کەسێك هیچی دیکە تینی بۆ فەرمانەکانی ژیانی ڕۆژانە: ”ئەوە بکە، ئاگات لەمە بێ، داوەتی ئەم و ئەو بکە: سنوورە جڤاکییەکان، باوە کولتوورییەکان، هۆشقاڵی، هۆشقاڵی، هۆشقاڵی…” نەماوە.

هەندێ جار، وەك لەو پارچەی سەرەوەدا، ڕەنگە کەسێك هەندێ لە خۆدواندن (monologues)ەکانی بیتێ (Beatty)ی بێتەوە یاد لە ”فەرهەنهایت ٤٥١”ی ڕەی برادبوری (Ray Bradbury). لە ڕاستیدا، یەکێك لە هەرە گەورە فێڵبازەکان لە هەردوو ئیشەکەدا: خێرایییە. بە بڕوای گرۆس ”لە پیاساندندا، هێواشییەکی باش نیشانەی ڕەسەنی باوەڕبەخۆبوونە.” لە کاتێکدا کولتووری خۆرئاوایی وەها دەردەکەوێ، کە خێرایی بە هەموو شتێك دەدا هەر لە وەرزشکردنەوە تا بازرگانی و پەروەردە. بۆیە هێواشێتی مۆڕاڵبەرزی ڕاستەقینەیە. لەبەر ئەوەی ”هێواشێتی بەڕاستی دژبەری پەلەیی و خێرایییە.” بۆیە سەیر نییە، کە پیاساندن لە غاردان پەسندترە ”جوڵان لە غاردانەوە بۆ پشوودان توندوتیژییە. تۆ لاکانی خۆت هەڵدەگری، ئارەقە دەڕێژی، ڕووخسارت سوورهەڵدەگەڕێ. تۆ دەوەستی بۆ ڕێگەدان بە جەستەت، ئاخر تۆ هەناسەت سواربووە. لە لایەکی دیکەوە، کاتێ دەیپیاسێنی وەستان کامڵبوونێکی سروشتییە: تۆ دەوەستی بۆ پێشوازیکردن لە ڕوانگەیەکی نوێ، بۆ هەناسەدان لەناو سروشتدا.”

 

 

پیاساندن

 

بێگومان، هەرگیز دوو پیاسە وەك یەك نین، گرنگ نییە چەند جار بە هەمان ڕێگەدا ڕۆیشتووین. ئەو پیاسەیەی لە منداڵێتیدا کردوومانە لە هی گەنجێتی یان لەو پیاسەیەی لە ساڵانی پیریدا دەیکەین جیاوازە. گرۆس بە تایبەت لە یەکێك لە پەرەگرافە ڕەوانەکانیدا، داوامان لێدەکا وێنای ”پیاسەیەکی شەوەکی درێژ”ی تەمەنی پیری بکەین، کاتێ ”یادەوەرییە لەبیرکراوەکان، پێشوازی هاوڕێیانی دێرین، لەسەر ڕووی ئاگایی هۆشمان زیتبوونەتەوە. یاداشتەکان بۆ یەکێك، کە لایەنی کەم هەست بە چاکە و بەخشین بکات. ئەوان هیچی دیکە بەڕێی دووبارە بەئاگاهێنانەوەی زنجیرەی یادەوەرییە پڕ ئازارەکان، یان ماندووبوونی ڕۆح بە تاسەی خۆشییە لە دەستچووەکان بریندارنابن. ئەوان وەك گوڵە ئاوییەکان سەر ئاو دەکەون، تەنیا لە گۆڕانی ڕەنگ و شێوەیاندا جیاوازن. ئەوان لە خەندە و تەنیا واتاداربوون لە نادیاریدا، لە شادی، و نەبوونی جەختی لە هەبوونی جارێك ئەزموونکردنیاندا جیاوازنین… داخۆ بەڕاست ئەوە من بووم، ئەو منداڵە خەیاڵبڵاوە، ئەو گەنجە بە جیهان مەست و سەرخۆشە؟”

 

ئەوە ڕوونە، کەسی وێناکراو لەم پەرەگرافەی سەرەوە، گرۆس خۆیەتی. بۆیە شیاوی جەخت لەسەر کردنە، کتێبەکە لە ڕوانگەی پیاوەوە نووسراوە. هێشتاش لەبەر چەند هۆیەك نامەوێ لەبارەی ”لایەندارێتی جێندەر”ەوە قسەبکەم: بە تایبەت، لەبەر سروشتی ناوەڕۆکی کتێبەکە، ئاخر هەندێ جار پتر وەك یاداشتی کەسەکی دەخوێندرێتەوە. هەروەها لەبەر ئەوەش، کە فەلسەفە لە مێژووی خۆیدا لە لایەن پیاوانەوە کۆنترۆڵکراوە، کە لێرەدا بوونە بە نموونەی فەیلەسوفانی- پیاسەڤان.

 

تەنیا لە یەك پەرەگرافدا ئاماژە بە جێندەر دراوە، گرۆس ئاشکرای دەکات ”بە سەدان ساڵ لە کۆمەڵگە ترادیسیۆنییەکاندا، پیاساندنی هێواش کراوە بە هی ژنان: ئەوان بۆ ئاوکێشان لە بیرەکان بەهێواشی ڕێگەی دووریان بڕیوە، یان بۆ دۆزینەوەی ڕووەك و گژوگیا ڕێگەیان بڕیوە. پیاوان بەکارهێنانی هێز و توندوتیژییان بەلاوە پەسەندتر بووە، کە گونجاوە بۆ ڕاوکردن، هێرشی لەناکاو، غاردانی کورت و بە پەلە، بەڵام زۆر خێرا.”

لەبەر ئەوەی ڕەنگە بابەتەکە پتر ببێتە جێی سەرنج، و لەبەر ئەوەش گرۆس لەوە تێگەیشتووە، کە کەسێك خۆزگەی ئەوەی هەبێ کێشەی جێندەر پتر باسبکرابووایە، ڕەنگە بە بەشێکی جیا. ئەوە دەگۆترێ ڕەنگە کەسێك بخەبتێ (ئەگەرچی کەمتر ڕەوایە) ئاماژەنەدان بە جێندەر ئارگیومێنتەکەیە و ڕەنگە جیاکردنەوەی شیاو نەبێت. هەرچەندە ڕەنگە ڕاستییەکە سادەتر بێت: گرۆس بەوردی بیری لێکردۆتەوە و فیگور و بابەتەکانی هەڵبژاردووە، کە بۆ ئەو سەرنجڕاکێش بوونە. بەم تێگەیشتنە، نووسینی لاسایی پیاساندن، تۆ کوێ هەڵدەبژێری هەمیشە ”ڕەوتەکەت، هەنگاوەکانت، و دەربڕینەکانت” نەگۆڕن. ڕەنگە یەکێك ئەوە وەك ڕەخنەیەکی نابەجێ ببینێ؛ بۆ نموونە پیاسەڤانێکی بەپەرۆش و ڕەنگە گرنگترین فەیلەسوفی سەدەی بیست (مارتین هایدێگەر) ئاماژەی پێنەکراوە. لە لایەکی دیکەوە، کاتێ گرۆس دانوستاندنی (ڤاڵتەر بنیامین) و هزرۆکەی پیاسەڤانی شار دەکات، ئەو تەنیا کەمێك شتی ئەرێیی لەبارەی پیاساندن لەنێو شارە گەورەکاندا هەیە. گرۆس پێمان دەڵێ ”پیاسەڤانی نێو شار ناچێتە نێو پڕێتی کڕۆکەوە، بەڵکو ئەو تەنیا خۆی دەخاتە ژێر کاریگەرییە پەرش و بڵاوەکانی ڕوانینەوە.” ڕەنگە ئەوە ڕاستی تێدا بێت، بەڵام بەدڵنیایییەوە لەوە پترە تەنیا کاریگەری ڕوانین بێت.

هەندێ جار ڕوودەدا، گرۆس وەك کەسێکی دۆگمایی دەربکەوێ، بە تایبەت کاتێ ئارگیومێنتی ئەوە دەکا، کە ”پیاساندن واتا چوونە دەرەوە و لە دەرەوەبوون- ‘لە هەوای پاك’دا. کاتێ تۆ دیوارەکان لە پشت خۆتەوە بە جێدەهێڵی، شنەبا لەسەر ڕووخسارتە، ڕێك لە ناوەڕاستی جیهاندا: لە ڕاستیدا، ئەوە ماڵی منە بۆ تەواوی ڕۆژەکە، ئەوە ئەو شوێنەیە من دەمەوێ بەڕێی پیاساندنەوە تێیدا نیشتەجێ بم.” ئەو خەڵکانەی لە کەشی ساردتر لە پاریس دەژین، بۆ نموونە باکوری ئەوروپا یان بەشەکانی ئەمەریکای باکور ”پیاسەڤانی مۆڵەکان” ڕەنگە پێش کردنەوەی دووکانەکان دەربکەون، بۆیە ڕەنگە لەگەڵ گرۆس هاوڕا نەبن، کە تەنیا لە دەرەوەبوون تاکە ڕێگەی ئەزموونکردن و جێبەجێکردنی پیاسەیەکی ڕەسەن بێت.

 

لە کۆتاییدا، هەرچەندە کتێبێکی باش ئەوە نییە، کە تۆ لەتەك هەموو پنتەکانیدا هاوڕا بیت، بەڵکو ئەو کتێبەیە، کە خەیاڵت دەبزوێنێ و هانی پەرچاندن دەدا؛ وەهات لێ دەکات هەست و هزری خۆت دووبارە ئەزموون بکەیەوە. ڕەنگە ئەمە بە پیاسەیەکی باشەوە پەیوەست بکرێ، چونکە ئەوە دەرفەتە بۆ ”خۆ بەرپرسیارکردن، خۆ ڕاستکردنەوە، خۆ بەرەنگاربوونەوە،  و خۆ هەڵسەنگاندن”. لە کتێبێکی باشدا، تۆ لەنێو پێڵاوی ئەوانی دیدا خۆت دەدۆزییەوە، پیاسە دەکەی، جیهان لە چاوی ئەوی دییەوە دەبینی. تەنیا و هێشتاش هاوەڵدار، مەحکوم و هێشتاش ئازاد- بۆ دۆڕاندنی خۆت. ڕەنگە تۆ خۆت وەك هاوڕا لەتەك فرێدرێك گرۆسدا نەبینی، بەڵام ڕەنگە تۆ بە گەشتکردن و پیاساندن لەتەك ئەودا شادومان بیت.

 

سەرچاوەی ئەم وەرگێڕانە:

 

http://www.popmatters.com/review/180008-a-philosophy-of-walking-by-frederic-gros/

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین