ژان پیاژێ (1896-1980) له‌گه‌ڵ چه‌ند منداڵێكدا یاری ده‌كات - تێوه‌ره‌ی پێگه‌یشگتنی مه‌عریفی

هاوکار عبدوڵا؛ دادوەرى و مــــۆڕاڵ لاى منــــــــداڵ


Loading

نیوسەدە بەر لە پیاژێ، توێژەران، پەروەردەکاران و دەروونناسان بە شێوەیەکى چڕ سەرقاڵى ئەوە بوون لە ڕێگەى سەرنجى ڕەفتارى بینراو و هەڵوێستە بەردیدەکانەوە، ڕاڤە بۆ مەبەست و ڕەفتارەکانى منداڵان بکەن. يان دەتوانین بڵێن، بیریارانى بوارى فێرکارى  لە هەوڵێکى بەردەوامبوون بە  لۆژیکى کاریگەرییە ژینگەییەکان لە هەڵوێست و ڕەفتارى منداڵ تێبگەن و شیبکەنەوە. خاڵى گرنگ و دەسپێکى هەموو ڕانان و هەوڵێکی ئەم ڕەوتە فێرکارییە لەم بڕگەوە دەستى پێدەکرد: «منداڵ چی دەکات؟ بۆچى وا دەکات؟».

هاوزەمەن، «ژان پیاژێ»ـى دەروونناس، بە کۆمەڵێک دونیابینى ناوازە و ناباوەوە خۆى سەپاندە نێو بازنە و مەیدانى  توێژینەوەى زانستى و پەروەردەییەکان. پیاژێ دەستپێکى توێژینەوەکانى جیاواز بوو، بنەماى هەوڵ و دیڤچوونەکانى خۆى لەسەر ئەوە بنیادنا: «منداڵان چۆن بیردەکەنەوە؟ یان دونیابینى منداڵ بۆ شتەکان و ڕووداوەکان چۆنە؟».

ئەمەش سەرەتاییەکى جیاوازە بۆ پەییبردن بە دیوێکى دیکەى منداڵ، دیارە کە  پرسێکى لەم جۆرە هەوڵ و کۆشانى لە ئاسۆى دیکەوە گەرەکە، هەروەها دەکرێت ئەم شامەبەستە بە جەوهەرى کارە زانستییەکانى «ژان پیاژێ» دابنرێت. هاوکات دەتوانین بڵێین هەر ئەم دەستپێک و گەشەیە، ڕەوایەتى بەخشیوە بەوەى تا هەنووکە «ژان پیاژێ» و «تیۆرى گەشەسەندنى مەعریفى» بە سەردەستە و پێشەنگ بمێنیتەوە.

یەکێک لەو پرسە گرنگانەى خەیاڵى پیاژێى بەلاى خۆیدا گیرکرد پرسى «مۆڕاڵ» و «دادەورى مۆڕاڵى»ـیە لاى منداڵ. پیاژێ شێلگیرانە سەرگەرمى توێژینەوە و پەیدۆزییە، بۆ ئەوەى تێبگات منداڵان چۆن فێرى بەها مۆڕاڵییەکان دەبن و لەمەڕ دادوەرى  پرسە مۆڕاڵییەکان چۆن تێگەیشتنەکانیان بەرجەستە دەکەن. ئەم هەوڵەى ئێمە بۆ تێگەیشتنە دەربارەى «دادوەرى لاى منداڵ»، یاخود منداڵان چۆن دەربارەى پرسە مۆڕاڵیيەکان هەڵوێست دەنوێنن.

پیاژێ لە بەرئەنجامى  زنجیرەیەک توێژینەوە بەوە گەیشت، کە دونیابینى منداڵانى تەمەن 8-4 ساڵان بۆ دادوەرى  و حوکمدان بەشێوەیەکى گشتى لەژێر کاریگەرى چەندایەتى (کەمییەت)دایە. یان منداڵانى ئەم قۆناخە کاتێ ڕووبەڕووى پرسى دادوەرى و حوکمدان دەبنەوە بەرانبەر ڕووداوێکى مۆڕاڵئامێز تەنها دەتوانن لە یەک ڕەهەندەوە هەڵیسەنگێنن، ئەویش ڕەهەندى چەندییەتییە، نەک چۆنییەتى. بە دەربڕینێکى دیکە، منداڵان تەنها ڕادە و چەندییەتى ئەنجامەکان دەکەن بە پێودانگ بۆ بڕیاردان، نەک چۆنییەتی و نیاز و مەبەستى پشتى ڕووداوەکان. چونکە تواناى ژیرى منداڵ لەم قۆناخەدا نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەى بتوانێ بیر لە فاکت و هۆکارەکان بکاتەوە. ئەم قۆناخە بە قۆناخى «بیرکردنەوەى وێنەیی» ناسراوە، بیرکردنەوەى لە هۆکارى ڕووداوەکان دەکەوێتە بەر ئەزموون و وێنەوە، شرۆڤەکردن بۆ  فاکتەکان و لێکۆڵینەوە لەمەڕ هۆکارى ڕوودانى هەر ڕووداوێک، پرسێکە لەم تەمەنەدا دەرک ناکرێت، چونکە بابەتێکى ئەبستراکتە و گەشەى ژیرى منداڵ ئێستا پێینەگەیشتووە و دەروەستى نایەت.

ئەمما ئەم دونیابینییەی منداڵان لە تەمەنى 11-9ساڵى گۆڕانێ بەسەردێت و لۆژیکێکى دیکە وەردەگرێت، منداڵان لەم قۆناخە بەجۆرێکى دیکە دەربارەى دادوەرى و حوکمە مۆڕاڵییەکان قسەدەکەن، لەم ئاستەدا منداڵان دەتوانن ڕووداوەکان لەژێر کاریگەرى مەبەست و چۆنیەتییەوە هەڵبسەنگێنن، واتا تواناى ژیرى منداڵانى ئەم قۆناخە دەگاتە ئاستێک بتوانێ بیر لە چۆنییەتى و هۆکارەکانى پشتى ڕووداوەکان بکەنەوە، ئەوسا لە پنتى تێگەیشتنیان لە هۆکارەکانەوە دادوەرى بکەن، لەم قۆناخەدا منداڵان لۆژیکى هۆکارگەرایی کارا دەکەن و بە تەنها  ناکەونە ژێر کاریگەرى چەندییەتى و بەرئەنجامەکانەوە، ئەم توانایەش پەیوەندیدارە بە گەشەى ژیرى منداڵانى ئەم قۆناخە.

بە مەبەستى  تێگەیشتنى کردەیى لەم شرۆڤەکارییە زانستیەیى «ژان پیاژێ» ئەنجامى داوە،  وەک نموونە  40  منداڵى تەمەن 6-7 ساڵى (پۆلى یەکەم) و 40 منداڵى تەمەن10-9  ساڵ (پۆلى چوارەم)مان  وەک نموونە وەرگرت، دوو داستانى مۆڕاڵئامێزمان پێشکەشکردن:

داستانى یەکەم

دایکى ئاسۆ بۆ کارى پێویست دواى نیوەڕۆیەک ماڵەوەى جێهێشت، ئاسۆ بە تەنها لە ماڵەوە مایەوە، پێشتر دایکى ئاسۆی ئاگادار کردەوە کە دەسکارى کەلوپەکانى ماڵەوە نەکات و لەگەڵ چرپن لە ژوەکەى خۆى کایە بکات. چەند ساتێک دواى دەرچوونى دایکى لە ماڵەوە، ئاسۆ ژوورەکەى جێهێشت و چووە ژوورى چێشتخانەى ماڵەوەـ دەرگەى بەفرگر (سەلاجە)ەکەى کردەوە، 5 هێلکەكەى دەرهێناوە گرتى بە دەستییەوە، لەم بێنەربەرەیەدا بوو دەرگاى بەفرگرەکە داى لە دەستى ئاسۆ و هەر پێنج 5 هێلکەکەى لە دەست کەوتە خوارەوە و شکان.

داستانى دووهه‌م


 ئەروا، كچى بچووکى ماڵەوەیە، ڕۆژێک دەیەوێت هاریکارى دایکى بکات بۆ کارى ماڵەوە. دایکى ئەروا ڕادەسپێرێ ئەو تەبەقە هێلەکەى بۆ بهێنێت کە لە دیوى چێشتخانە لەسەر مێزەکە دانراوە. ئەروا چاپووکانە دێتە دەست و تاوى دەداتێ، لەکاتى گەڕانەوە ئەروا قاچى دەکەوێت بە چوارچێوەى دەرگاى چێشتخانە و دەکەوێتە سەر زەوییەکە، لەوکاتەدا هەر 30 هێلکەکەى لە دەست دەکەوێتە خوارەوە و دەشکێن.

ئێستا پرسیارەکەمان بۆ منداڵان ئەوەیە:

  • کامیان تاوانى زیاتری کردووە؟ ئەروا یان ئاسۆ؟

    – وەڵامى «س» تەمەن 6 ساڵ: ئەروا

    – بۆچى؟

    – چونکە 30 هێلکەى شکاندووە.

    ● دەبێت کامیان سزا بدرێت؟ ئەروا یان ئاسۆ؟

    – وەڵامى «ئ» تەمەن 6 ساڵ: ئەروا

    – بۆچى؟

    – چونکە هێلکەى زۆرى شکاندوون.

    ئەنجامى یەکەم: بەگشتى کۆى منداڵانى ئەم قۆناخە پێیان وابوو «ئەروا» دەبێت سزابدرێت، بە بەڵگەى ئەوەى هێلکەى زۆرترى شکاندووە لە ئاسۆ، ئەمەش ئەم پەیدۆزییە زانستییە پشت ڕاست دەکاتەوە کە منداڵان لەم قۆناخەدا  ناتوانن لە هۆکار و مەبەست تێبگەن، بەڵکو ئەنجامە بەرجەستەکان دەکەنە پێوەرى دادوەرى و بڕیار. ئەوەى شایەستەى هەڵوەستەیە، دوو  لە منداڵەکان جیاوازتر لە هەمووان توانیان پەى بەوە بەرن کە ئاسۆ لاسارى زیاترى کردوە، بە بەڵگەى سەرپێچى و دەرچوون لە ڕێساکەى دایکى. ئەمەش نیشانەى گەشەى ژیرى ئەوانە بە بەرادورد بە منداڵەکانى هاوتەمەنیان.

    -هەمان داستان و هەمان پرسیار بۆ منداڵانى تەمەن 10-8 ساڵان، وەڵامەکان بەم جۆرە بوون:

  • کامیان تاوانى زیاتری کردووە؟ ئەروا یان ئاسۆ؟

    – وەڵامى «هــ»* تەمەن 10 ساڵ: ئاسۆ

    – بۆچى؟

    – چونکە بەقسەى دایکى نەکرد.

    – ئاخر هێلکەى ئاسۆ لە هێلکەى ئەروا  کەمتر بوون؟

    – جا چییە، ئەو یاساى دایکى شکاندوە.

    ● دەبێت کامیان سزا بدرێت؟ ئەروا یان ئاسۆ؟

    – وەڵامى «ک» تەمەن 9 ساڵ: ئاسۆ

    – بۆچى؟

    – چونکە ئاسۆ سەرپێچى کردووە و بە قسەى دایکى نەکرد.

    – بەڵام هێلکەکانى ئاسۆ کەمترن لە هى ئەروا؟

    – ئاخر ئەروا یارمەتى دایکى دا.

    ئەنجام: وەڵامى منداڵانى ئەم تەمەنە بە گشتى هاوشێوە بوون، پێیان وابوو لاسارى و زیادەرەوى ئاسۆ شایستەى سزایە، نەک ئەروا،  منداڵانى ئەم قۆناخە مەبەست و چۆنییەتى ڕووداوەکانیان وەک بەڵگە بۆ حوکمەکانیان بەکاردەهێنا، تواناى ئەوەیان هەبوو بە لۆژیکێکى نابەرجەستە و بیرکردنەوەى ئەبستراکتانە، دادوەرى دەربارەى ڕووداوى نێو داستانەکە بکەن، جگە لە دوو منداڵ کە هەمان لۆژیکى بيرکردنەوەى  منداڵانى تەمەن 7-4 ساڵى هەبوو، ئەمەش ڕەنگە بەڵگە بێت بۆ دواکەوتنى گەشەى ژیریان بە بەراوردى قۆناخى تەمەنیان.

    *«هــ»: گوزارشت لە پیتى یەکەمى ناوى منداڵەکە دەکات.

بۆ نووسینی ئەم وتارە سوود وەرگیراوە لەم سەرچاوەیە:

1- ستراكتوورەکانى بیرکردنەوە و گەشەسەندى مەعریفى لاى منداڵ، فایەق سەعید، غەزەلنووس ٢٠١٥

 

 

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین