جەلالی میرزاکەریم، ئەو مەشخەڵە وشەیەی گەڕایەوە ئامێزی خاك

جەلالی میرزا کەریم

Loading

بەرزان فەرەج

ئەو مەشخەڵە وشەیەی گەڕایەوە ئامێزی خاك

لە یه‌كه‌مین ساڵڕۆژی كۆچی: جەلالی میرزا كەریم لە 13/1/1993دا* 

  به‌رزان فه‌ره‌ج

 

ئەو نووسینە، نه‌ لێكۆڵینەوەیەكی ڕەخنەیی ئەزموونی شیعری، نە خوێندنەوەیەكی بونیادگەرانە، نە بە قسەهێنانێكی دەقی شیعری شاعیری كۆچ كردوومان: (جەلالی میرزا كەریم)ـە، بەڵكو چەند ڕستەیەكی ڕەها و خەمئامێز و سەرنجدانی تراژیدیایی ئینسانێكە، كە لە زەمەنی تێكشكان و هەرەس دا كاروانی وشەی ڕاچەنیوی بەرەو مەنفا كردە كەشكۆڵ و لە زەمەنێكی هه‌ڵسانەوەدا ئەو باڵندە ئاوارە باڵ شكاوە بە جەستەیەكی ماندوو، كە شێوه‌ی هەموو مێژووەكانمانی هەڵگرتبوو، بەڵام بە ڕۆحێكی هێشتا گەرم و بە كاروانی وشەی ڕاچەنیوی نوێوە گەڕایەوە. جەلالی میرزا كەریم دەكرێت بڵێین: ئەو دەنگە خەمناكە بوو, بەبێ دەنگی هاتەوە و سۆناتاكانی نوچدان و گلەیی زەمەنێكی بە گوێماندا چڕییه‌وه‌، دواییش بەبێ دەنگی لە ژاوە ژاوی كارەساتەكانمان و خەون و هیوای هێشتا سەوز نەبووی دا بە بێدەنگی خامۆش و خەفەبوو. ئەو كە ڕەگ و دەمارەكانی خۆی بە ناو خاكی ئێرەدا شۆڕكردبۆوە نەیتوانی لێی دەرباز بێت تا هاتەوە و وشەگڕاوییە تووڕەكانی خۆی، دوورە وڵاتی، مەنفای بێ كۆتایی.

تووڕەیی لە مێژوو، واتە: دڵ ڕەقەكان فڕێدایەوە باوەشی خاك وەك ئەوەی بیەوێت جارێكی تر ڕۆحێكی یاخی و شه‌ڕانگێز و شۆڕشگێڕانە بكاتەوە بە بەری وشەكاندا و زەنگێكی نوێی ڕوانگە لە گوێماندا بزرینگێنێتەوە.

ده‌روێشێكم

ئەمەوێ لە ڕیسوایی ئەم

شارە خەونی سەرشێتەدا.

كەشكۆڵ و عه‌سای لێ تووڕدەم..

ئەمجارەیان – پرچ و ڕیشی

مه‌سیحێكی هەڵسانەوە

بهێڵمەوە

هه‌تا بە ژان: بزەی باران     

به‌ مەرگ، ژیان

بە ژیله‌ و كڕ

نەء، بە شیعر

شناسنامەی گەڕانەوە

لە بنار چۆڕاوەكەی تەما

وەرگرمەوە

باوەش بە شێركۆ بێكەسا

بكەمەوە و

تێر – تێر بگرین

حوسێن عارف بدۆزمەوە و

تێر هەڵپەڕین.

(شیعری: نەخشەی خەونەكان)

ئەم دێڕانە تەنیا تاجە گوڵێكی ڕێزلێنانە بۆ سەر گۆڕی شاعیرێك، كە وەكو دوا قوتابی و دوا موریدی بەوەفای ڕوانگە دەیویست وشەی یاخییەكان پێكەوە كۆكاتەوە و بیكاتەوه‌ مەشخەڵێك و زەمەنی وەستاوی پێ بسووتێنێ، چونكە لای شاعیر زەمەنی خودی شیعری ئەو و زەمەنی سیاسی لە ڕوانگەوە دەستیان پێ كرد و لەوێدا تووشی شكست بوون، هەر لەوێشدا هەڵدەسانەوە، ئەگەرچی ناتوانرێ وەك یەك وەچە و یەك جەستەی یەكگرتوو قسە له‌باره‌ی نەوەی ڕوانگە بكرێت، چونكە ئەو دەنگانە پێكەوە سروودێكی یاخییان چڕی، بەڵام دواتر هەریەكەیان گۆرانییەكی تەنیای وتەوە. نەوەی ڕوانگە لەگەڵ قۆناغێكی هەڵچوون و ساتەوەختێكی گەش و شۆڕشگێڕی كوردیدا، كڵپەی سەند و یەكەمین خیتابی شیعری و سیاسی و شۆڕشگێڕی چڕی و لەگەڵ هەرەسی ئەو زەمەنەشدا لەگەڵ تێكشكانی دنیای سیاسی و خیتابی سیاسی كوردیدا ئەو خیتابە شیعرییەش تووشی هەرەس و تێكشكان بوو. ئیتر ڕوانگە ئەزموونە یاخی و شۆڕشگێڕییەكەی خۆی لەوانەی شكست و گلەیی و ریسواكردنی زەمەنەكەی دا بینییەوە. لێرەوە ئەو دەنگە (كۆ)یانە ڕێگا تەنیاكانیان گرت و ئەم ئەزموونە دەوڵەمەندە چەندین تۆلەڕێ و جۆگەی سەرهەڵگرتوو بەناو جەستەی شیعری كوردیدا بڵاوكردەوە.

ئەزموونی شیعری جەلالی میرزا كەریم ئەزموونێكی بەردەوامی ڕوانگەیە. چ لێرە و چ لە مەنفا، چ لە زەمەنی هەڵچوون و ڕێنیسانسی سیاسی كوردیدا، چ لە تێكشكانیدا. ئەگەر لەناو ئەو سەرکێشیەیەدا خه‌سڵه‌تێكی جیاواز بە دەنگ و یاخی بوونی ئەو بدەین، دەكرێت بڵێین؛ دەنگێكی چەپی ناو گرووپی ڕوانگە بوو، لە دوای تاقیكردنەوە سیاسی و كارلێكەرییەكانیشی لە دەرەوە بۆ ناو شیعری ئەو هەروا مایەوە. ڕوانگە وەڵامی فەزایەكی سیاسی بوو، شوێنەواری دیاری لەسەر شیعری جەلالی میرزا كەریم جێهێشت.

لە ساڵێكدا، كە ((شێركۆ بێكەس)) دەنگێكی تەبا و ئاهەنگسازی ناو ئەزموونی ڕوانگە بوو، جیهانبینی شیعری خۆی هەم ئاهەنگی ئەو فەزا سیاسییەی دەرەوە كردووە و زیاتر توخمەكانی مێژوو و كولتور و سروشت و جوگرافیای خاك بونیادی دەلالی شیعرەكانیان هەڵچنیوە. بەڵام جەلالی میرزا كەریم كەمتر دەلالەتی شیعری لە كولتور و مێژووەوە هەڵهێنجاوە. جگە لە مێژووی تێكشكان. ئەو وەكو دەنگێكی ئایدیۆلۆژی ماركسیانەی پێشكەوتووخواز جۆرێك لە گوتاری شیعری خوڵقاند، كە تیایدا وشەی شیعری هەڵگری تاكە دەلالەتێكی سیاسییە، سیاسەتی دەكردە شیعر و بە شیعریش پرسیاری سیاسی دەكرد، بۆیە هیچ دەقێكی شیعری ئەو بەدەر نییە لە سیاسەت و لە هەموویاندا هەست بە كێشەیەك، مێژوویەك، پرسیارێكی سیاسی دەكەیت، وەكو خۆی ناوی ناون وشەكان ((وشەی ڕاچەنیو))ن، ماناكانی شۆڕش، شكست و شكان، خۆڕاگرتن و هەڵسانەوە دەگەیەنێ، كەواتە: لە ساتێكدا كە شكست لای شاعیر شكستی فیكرە، خۆڕاگرتنیش، خۆڕاگرتنی ئایدیۆلۆژیایە، لەبەردەم مێژووی تێكشكاندا. هەرچەندە دەستەواژەکان تراژیدی ئامێزن و (مەرگ) ئامادەبوونێكی بەردەوامی هەیە تیایاندا، بەڵام لە پشتیانەوە جیهانبینیەكی شۆڕشگێڕانەی دنیا و ئاسۆیەكی ژیانەوە هەیە. لە شیعرەكانیدا كۆمەڵێك وشە دووبارە دەبنەوە وەكو (وڵات، مەرگ، تەنیایی، سنوور، هەرەس، تێكشكان) كە لە خوێندنەوەی یەكەمیاندا تەنیا پەیوەندییەكی ڕەوتی (سیاقی) ئامادەی سادە هەست پێ دەكەیت، بەڵام دووبارەبوونەوەیان وادەكات، كە پەیوەندییەكی نائامادە، واتە: ڕەمزی و دەلالی بدۆزێتەوە، تیایاندا تێكشكانی مێژوو، جەستە، خاك، دەبنە تێكشكانی وشەكان لە شیعردا و بە تراژیدی بوونی و هەمیشە هەست بە ئیقاعێكی خەماوی و جۆرێك لە لیریكییەت لە زمانی شیعرەكاندا بكەیت. لای ئەو نیشتمان بزربووە و ڕێگاكانی دەربازبوون كلۆم كراون. زەمەن چرۆی ئاواتەكانی وەراندووە.

تەنیا خۆمم 

نازانم كام ڕێگا ئەمبا

كام ڕەشەبای ئاگراوی هەڵمئەگرێ؟

كام شمشێری ژه‌نگهه‌ڵگرتوو هەڵمئەدڕێ؟

(شیعری: لە كوێم)

 

     ***

 

جەلالی میرزا کەریم

ئەگریم بۆ ئەو فرمێسكانەی

بۆ تەنیایی خۆمم ڕشتن

ئەگریم بۆ ئەو دایكەی خۆزگەی

بینینەوەی منی لەگەڵ

مەرگی ناكاوی خۆیا برد.

نه‌خێر بۆ ئه‌و نیشتیمانه‌ی 

منی ئاوا دەربەدەركرد

(شیعری: ئاوێنەی هیوایەكی سەرهەڵگرتوو)

 

دیوانی ((ڕێگا دوورەكانی چاومان)) تاكە دیوانی چاپكراوی شاعیرە لە پاش مەرگی بۆمان جێ مابێت. ئەم دیوانە كۆمەڵیك ده‌قی لەخۆ گرتووە، ئەزموونی تاراوگەی شاعیرن دەكرێت ئاماژە بۆ چەند سیمایەكی دیاری بكرێت:

یەكەم: شاعیر وەك ئەوەی پەیمانێكی فاوستیانەی لەگەڵ ڕوانگەدا بەستبێت، وەكو فیكر و شێواز لەو ئەزموونە و `گوتاری شیعری` سیاسیانەی ڕوانگە لای نەداوە و خیانەتی لێ نەكردووە، وەكو دوا پاڵەوانی لە مەیدانەكەدا مایەوە، دەكرێت بڵێین بوونی لە هەندەرانیش، دنیای شیعری ئەوروپی و ئەمەریكیش لەو گۆشەگیرییەی ناو كولتوری ڕوانگەیان دەرنەهێنا و هیچ كارلێكەرییەكی ئەوێی پێوە دیار نییە. دەشێت ئەمە بگه‌ڕێنینه‌وه‌ بۆ تەنیایی و كۆستی جەستەیی شاعیر و دابڕانی لە كۆمەڵگەیەكی دڵڕەقی و تووندوتیژی ئەمەریكا، یاخود بۆ ئەوەی شاعیر وەكو دەنگێكی ماركسیانە لەناو شارستانییەتی ڕۆژئاوا و كەلەپووری لیبرالیشدا هەروا مایەوە، و دیوارێكی لێك نەگەیشتنی لە نێوان خۆیی و فیكری خۆیی و شیعری خۆیی و ئەو فەرهەنگەدا هەڵچنی.

دووەم: شیعرەكان هەموو لەدایكبووی دوای ئەزموونی شكستن، یاخود گوزارشتن لە ئەزموونی تاكە كەسێكی یاخی و تێكشكاوی ژێر هەرەسی سیاسی كورد شاعیر لە مەنفاوە هۆرەیەكی خەماوی و لاوكێكی گریاناوی بۆ گەل و خاكەكەی دەچڕێت و ڕووبەڕووی مێژوویەكمان دەكاتەوە، ک هەموومان تێدا گوناهبارین. لێرەوە، لە شیعرەكاندا (زەمەن، ساڵ) بوونێكی ئامادەیی هەیە. شكستی `زەمەنی كوردی`  و `زەمەنی شاعیر` و مەنفابوونیەتی. بۆیە شیعرەكانیش زیاتر لە خیتابێكی گەلیی ئامێزانە دەچێت بۆ خۆمان، یان ڕووبەڕووی سیاسییەكانمان دەبێتەوە زۆربەشیان بونیادی شیعرییان لەسەر پرسیار (كێ، كەی، ئاخۆ، چۆن) هەڵچنراون، كە گومان و پرسیاری شاعیرە، لە خۆمان و مێژوومان.

مێژووی ئێمە تەرمێكی بێ گۆڕستانە

ئایەتێكی بێقورئانە

بەڵێنێكی بێنیشانە

مێژووی ئێمە

چەندین سەدەی فریودانە

مێژووی ئێمە 

هەر دۆڕانە

مێژووی ئێمە 

خەونێكی بێ كوردستانە

(شیعری: سەرەتای حەیرانی تەمەنمان)

 

              ***

 

بەڵكو ئێوەش گەورەكانم

ئەتانزانی

ئەتانزانی – پەری ئاوات

لە كەژاوەی دڵدارانی ئاوارەوە

نەبێ .. نایەت

ئه‌تانزانی – كه‌شتی شادی

له‌ڕۆخی زامی ده‌ریاوه‌

نه‌بێ .. نه‌یات

ئەتانزانی – خۆر لە چركەی

پەلەپیتكەی تفەنگەوە

نەبێ .. نایەت

ئەتانزانی – شنەی ئاڵا لەناو ڕێژنەی

ڕاستبوونەوەی سێدارەوە

نەبێ .. نایەت

(شیعری: ڕێگا)

 

ئەم دێڕانە ته‌نیا یادكرنەوەیەكی ئەو شاعیرە، ئەو باڵندە ئاوارە بریندارەیە، كە دەكرا بەخششی شیعری بە برەوتر بێت، بەڵام زەمەن زوڵمی لێ كرد، ئێمەش زوڵممان لێ كرد، بۆ ئەوەی لە یادمان نەچێتەوە و ئەو تاكە كۆرپە جێماوەی بە نامۆیی لە ((ڕێگا دوورەكانی چاومان)) دا بزرنەبێت، ئەم وشانە لە دایك بوون.

 

 

 

سه‌رچاوه: 

*ڕۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ، ژماره‌ (586)ی 13/1/1994.

 کولتور مەگەزین؛  بۆ بەرهەمەکانی جەلالی میرزا کەریم فەرموون لەگەڵ  پێگەی ئاسمانی  جەلالی میرزا کەریم

                                             https://jalalmirzakerim.org 

https://jalalmirzakerim.org
پێگەی ئاسمانی شاعیر `جەلالی میرزا کەریم` -https://jalalmirzakerim.org

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌