شوێنێک نییە بۆ لێبوك، شوێنێك نییه‌ بۆ ئه‌كرۆبات


شانۆگەری

Last updated:

Loading

١

شوێن: بەردەمی  کویسکی  زانیاری وێستگەی شەمەندەفەرە، پێدەچێت زۆر درەنگ بێت چونکە تاکوتەرا هاموشۆکاران بەوێدا تێپەڕدەبن. تەختەی زانیاری هاتوچۆی شەمەندەفەرەکان ئەوە نیشاندەدات کە تاوەکو بەرەبەیان هیچ شەمەندەفەرێک ناگات وهیچ شەمەندفەرێک ناجوڵێت. کاتژمێرەکە دوای دوانزەی نیوەشەو نیشاندەدەات. ڕووبەرێکی چۆڵی نمایشکردن لەنێوان قادرمەی ئەلکترۆنی وکوێسکی زانیاریەکەدا بوونی هه‌یه‌.

لە کویسکەکە فەرمانبەرێکی مۆن دانیشتوووە بەدیار کۆمپیوتەرەکەیەوە وتەماشای بەتاڵایی دەکات، مۆن و گرژیەکی بیروکراتیانه‌ی وبێزاری پێوە دیارە.  هەموو شتێک  لەنێو بەتاڵایەکی دوای نیوەشەوەدا دەسوڕێتەوە .. تەق .. تەق .. دەنگی هەنگاوەی هاموشۆکاران. لەپڕێکدا تەق .. تەق ..  دەنگی پێڵاوەکانی پیاوێک بەخۆی سەگێکەوە لە بەشی چەپەوە دێتە سە ڕووبەرەکە. دەنگی پێڵاوەکانی دێت… تەق .. تەق .. تەق .. ئەلکحولیە و  مه‌ستی ئه‌به‌دییه‌  سەگێکی گەورە بەدوویی خۆیدا ڕادەکێشێت، ڕووئەکاتە سەگەکەی وهاوار دەکات؛

سەگەکان لەئێمەی مرۆڤ باشترن ، بێگومان سەگەکان لە ئێمە میهرەبانترن…جیهانێکی گواویە، ئێمە لەجیهانێکی گوواویداین …. 

هەر خۆیەتی وکەس بەوێدا تێپەڕ نابێت، ڕستەکەی لەنێو بەتاڵایی هۆڵەکە دەنگدەداتەوە.

– سه‌گەکان لەئێمە میهرەبانترن، کوا ئەکرۆبات؟  کوا لێبوک و قۆشمەچیەکان! بۆئەوەی   بمانخەنە پێکەنین، ئێمە لەجیهانێکی گواویدا دەژین .. کوان؟

 قسەکەی لە ترساندا ئەبڕێت و سەیری بەشی ڕاستی دەکات، لەپڕێکدا دووکەس لەلای ڕاستەوە پەیدا دەبن، ژن وپیاوێکن، پێرفێکت، پۆست مۆدێرن، لەفەرمانبەری بانق دەچن. هەردووکیان قۆز وشەنگ وشۆخ و باڵا بەرزن، قاتی جوانیان لەبەردایە، کیژەکە تەنوریەکی کورت وباڵا بەرزە، گۆرەوویەکانی ڕەشێکی تەنکن. گسکی شێوە سوریالی درێژیان بەدەستەوەیە. داری گسکەکە شینێکی تۆخە و گسکەکەش خۆی سوورە، گسکێکی گەورەی سەیرە، لەگسکی پیرێژنە جادووگەرەکان دەچێت. زیاتر واخۆیان نیشاندەدەن کە زەوییەکە پاکدەکەنەوە، بزە بەسه‌ر لێویانەوەیە، بزەیەکی دروستکراوی تایبەتە بەفەرمان جێبەجێکردن.

کابرای ئەلکحولی کە ئەوان دەبینێت ڕائەچڵەکێت و قسەکەی دەبڕێت، ئەوانیش وا خۆیان نیشاندەدەن کە گسک ئەدەن، بەڵام وەک ئەوەی ئەو پیاوە پارچە کاغەزێک بێت، ئاوا گسکەکان لێوەی نێزیک دەبنەوە، کابرا خۆی و سەگەکەی بەپەلە لەترسی گسەلێده‌ره‌  پۆست مۆدێرنه‌کان دەڕوات وئەوانیش وەک ئەوەی ئەوان گسک بدەن ئاوا لەبەشی چەپی هۆڵەکە وندەبن. پیاو گوێی لەدەنگی پیاوەکەیە هاوار دەکات؛

– کوا ئەکرۆبات .. کوا لێبوک؟!

پاشان بێدەنگی  ...

 

٢

لەلای چەپەوە ئەکرۆباتەکەمان کەجلەکانی لە جلی قۆشمەکان –  هۆف نار  – Jester  (لێبوکی نێو کۆشکەکانی سەدەکانی ناوەڕاست) دەچێت، جلەکانی ڕەشن و شین و پڕته‌قاڵین، تێكه‌ڵن وگۆرەویی  درێژ کە بەلەشیەوە نوساون وپەڕپەڕەکانی ملی  پڕتەقالی وشینە. دەموچاوی سپیە وچوار دەوری چاوەکانی ڕەشە، دووجانتای گەورەی پێیە وڕەنگی جانتاکان ڕه‌نگه‌كانی زەقن.

 جانتایەکیان پڕتەقاڵیە وئەویتریان شینێکی تۆخە وجانتایەکی دیکەی کۆڵەپشتێکی سپیە.  هیلاکی سەفەری پێوەدیارە، وەک ئەوەی لێرە دابەزیبێت، ئاوا جانتاکان بەدووی خۆیدا ڕادەکێشێت وسەیرێکی کاتژمێرە گەورەکە ئەکات. سەیری ئەملاو ئەولا دەکات، وەک ئەوەی یەکێک چاوەڕوانی بکات وهێشتا نەهاتبێت بەپیریەوە، ئاوەها بێئۆقرەییەکی لێبوکانەی پێوەدیارە.

جانتایەکیان لەنێزیک کویسکی زانیاریەکە دائەنێت وسەیری فەرمانبەرە خەواڵوەکە دەکات و پێئەکەنێت، دەستدەکات بەگیرفانیدا بنێشتێکی دەداتێ، فەرمانبەرەکە بەمۆنیەوە سەر ڕادەوەشنێت. پاشان شوکۆڵاتەی نیشاندەات، فەرمانبەرەکە سەر ڕادەوەشێنێت کەنایەوێت.

چەکوشێکی مناڵانەی جیق جیقکەرە لەکۆڵە پشتەکەی دەرئەهێنێت. بێگومان لێبوكه‌كه‌مان، قۆشمه‌كه‌مان، هەست بە ساردی و مردوویی ڕۆحی ئەم فەرمانبەرە دەکات، کە خەریکە بەدیار کۆمپیوتەرەکەیەوە خەوی لێ دەکەوێت. نابێت ئەوەمان بیر بچێت کە ئەکرۆباتەکەمان لەسەفەرێکەوە هاتووە.

چەکوشەکە دەرئەهێنێت و بەنەرمی دەیکێشێت بەمێزەکەیدا .. جیق .. جیق .. جیق .. پێئەکەنێت وچەپڵە لێ ئەدات، بەسەرسوڕماویەوە سەیری دەموچاوی بیروکراتەکە دەکات زۆر بەساردیەوە سەیری هەموو ئەمانە دەکات، تەنانەت بزەیەکیش نایەتە سەرلێوی. لێبوكه ‌كه‌ دوورئەکەوێتەوە وچەکوشەکەی دەکێشێت بەستاندی زانیاریەکەی بەرامبەردا وجیقەکەی  لەنێو چۆڵی وبەتاڵی نیوەشدا دەنگدەداتەوە. ئەکرۆباتەکەمان زۆر مناڵانە  هەڵقوونە دەکات و بەرز دەبێتەوە.

یەکێک لەهاتوچۆکاران بەوێدا تێپەڕ دەبێت … تەق … تەق … تەق .. دەنگی پاژنەی پێڵاوەکانی زۆر ڕۆتینیانە وهێمنیەکی ئەقڵانی وسارد لەهۆڵەکە بڵاودەکاتەوە.

 کابراكه‌ سەری کەچەڵە وجانتایەکی دبلۆماسی پێیە وپاڵتۆیەکی دێژی لەبەردایە زۆر ڕۆتینیانە دەڕوات بەڕێدا وسەیری پێشەوە ئەکات وهەنگاو ئەنێت، ئەکرۆباتەکەمان وەک ئەوەی تووشی شۆک بووبێت ئاوەها گوێی لەدەنگی پێڵاوەکانی دەگرێت؛ تەق .. تەق ..تەق…تەق…

سەیری فەرمانبەرە خەواڵوەکە دەکات ولاسایی ڕۆیشتنی ڕۆتینی پیاوە کەچەڵەکە دەکاتەوە وپێئەکەنێت. (بێگومان پێکەنینەکەی دەنگی نییە)، چار نییە! چونکە فەرمانبەرە مۆنەکە پێناکەنێت. ئەکرۆباتەکەمان وەک ئەوەی بیرێکی ڕاگوزاری بۆ هاتبێت، ئاوەها سەیری فەرمانبەرەکە دەکات وسەرنجی ڕادەکێشێت.

هاتوچۆکەرە کەچەڵەکە هەنگاوی خۆی دەنێت و ئەکرۆباتەکە دوای ئەکەوێت، بەڵام ئەو هەر وەک ئەوەی ئەو لەوێ نەبێت، ئاوەها بەردەوامە لەهەنگاونان. ئەکرۆباتەکە چەکوشێک ئەکێشێت بەسەریداو جیقەی دێت، بێگومان چەکوشەکە مناڵانەیە وئەکرۆباتەکەمان لەخۆشیاندا بەرزدەبێتەوە و لەپێکەنیندا دەست بەسکیەوە دەگرێت، کابرا بەردەوامە لە ڕۆیشتن و هەر وەک ئەوەی کەس لە دەوروبەری نەبێت، ئەکرۆباتەکەمان لای سەیرە کەفەرمانبەرەکە پێناکەنێت!.

 دیسانەوە دوای کابرا دەکەوێت، چەکوشێکی تری پیا ئەکێشێت و جیق ..یەکێکی تر و  جیق.. سەیری فەرمانبەرەکە دەکات… بێسوودە، هیچ کاردانەوەیەک لەسەر دەموچاوی نابینرێت.  دووبارە و چەکوش وجارێکی دیکە وهەردووکیان کابرای ڕۆتین بەهەنگاوە تەقە تەقەکارەکانیەوە و ئەکرۆباتیش بەدوایەوە و بەپێداکێشانی چەکوشە مناڵانە و جیق جیقەکارەکەیەوە، هەردووکیان لەلای چەپەوە وندەبن، بەڵام تەنها گوێمان لەجیکە جیکە…جیک .. جیق ..جیک .. تەق .. جیک… تەق ..جیق …

 

٣

لە بەشی چەپی هۆڵی چاوەڕوانکردنەکەوە ئەکرۆباتەکەمان دێتەوە، وەک ئەوەی هیلاک بووبێت ئاوا چەکوشەکەی بەشۆڕی ڕائەکێشێت بەدووی خۆیدا وپەتی چەکوشەکە شینە. بێئومێدە لەوەی ئەوەش فەرمانبەرەکە بخاتە پێکەنین. لەپڕ وەک ئەوەی بیرۆکەیەکی بۆهاتبێت، ئاوەها دەستدەکات بەکۆڵە پشتەکەیداو چەند هەڵماتێک دەرئەهێنێت دەیباتە سەر مێزەکە، یارییان پێئەکات. فەرمانبەرەکە بە مۆنی وفەرامۆشیەوە سەیری ئەکات. پاشان ئەچێتە سەر ڕووبەرەکە و لەسەر  ئەرزەکە  هەڵماتەکان بڵاودەکاتەوە وهەڵماتێن دەکات وپێدەکەنێت. پاشان بانگی فەرمانبەرکە دەکات کە بێت یاری بکات لەگەڵیدا، فەرمانبەرەکە سەر ڕائەوەشێنێت…

چار نییە…ئەکرۆباتەکەمان، لێبوكه‌كه‌مان، بەنائومێدیەوە دەگەڕێتەوە بۆلای جانتا شینەکەی، هەڵیئەگرێت و دەیباتە شوێنی جانتا پڕتەقاڵیەکە. پاشان جانتا پڕتەقاڵیەکە دەباتە شوێنی شینەکە وسپیەکە دەباتە شوێنی پرتەقاڵیەکە وئەم دەباتە شوێنی ئەو، ئەویش  دەباتە شوێنی جانتاکەی تر، وەک ئەوەی مناڵێک بێت ویاریەکی خۆشی دۆزیبێتەوە، ئاوەها چەپڵە لێ ئەدات وسەیری فەرمانبەرەکە دەکات، بۆ ئەوەی بەشداری بکات لەو خۆشبەختیەی دۆزینەوەی یاریەکی تازە.

ئەکرۆباتەکەمان خەریکی گۆڕینی شوێنی جانتاکانە ولەگەڵیشیدا قا..قا پێئەکەنێت. فەرمانبەرەکە بێدەنگ وساردە وسەیری بەتاڵایی دەکات  سەیری ئەو ناکات، دیسانەوە بێدەنگی…

وەک ئەوەی ئەکرۆبەتەکەمان  بێئومێد بێت لەبەختەوەرکردنی بیرۆکراتەکە، دادەنیشێت لەسەر جانتا پرتەقاڵیەکە و سەیری کاتژمێرەکە دەکات، ئەکرۆباتەکەمان سروشی ئەوە دەبەخشێت هەموو ئەمانە لەکاتی چاوەڕوانکردنی یەکێکدا ئەنجامدەدات کە هێشتا نەهاتووە.

ئه‌ملاو ئەولا دەکات، بێئۆقرەیەکی پێوەدیار بێت ئاوەها دێت ودەچێت، بێگومان ئەکرۆبات ولێبووکەکان وەک ئێمە هەنگاو نانێن وبێئۆقرەیان وەک ئێمە بەمۆنی وگرژیەوە نییە، بەڵکو جۆرێکە لە به‌كۆمیدیكردنی جیهانی شتەکان، جۆرێکە لە هێنانی ڕیتمی پێکەنین بۆنێو هەموو جوڵەیەکی وەستاو و غەمبار .

ئەکرۆباتەکەمان دوای ئەم هاموشۆکردنە بێئۆقرەیەی، پیاوە مۆنە بیروکراتەکە خەواڵوەکەی بیردەکەوێتەوە، سەیری ئەو دەکات ودەچێتەوە بۆلای کۆڵە پشتەکەی ویاریەکی مناڵانە دەرئەهێنێت. ماتۆڕێکە ورچێکی بەسەرەوەیە ودووسینی بەدەستەوەیە. دەچێتەوە بەردەمی فەرمانبەرەکەو قوڕمیشی دەکات.  ورچە بچوکەکە سینیەکان دەکێشێت بەیەکدا، ماتۆڕەبچوکەکە دەجوڵێت،  لێبوکەکەمان  قا قا پێئەکەنێت و لەدوایدا، دەیباتە سەر ڕووبەری هۆڵەکە، وەک مناڵێک قورمیشی دەکاتەوە و بە دوایدا  ڕادەکات وبەردەوام یاری پێئەکات.

ڕوودەکاتە فەرمانبەرەکە وبەپێکەنینەوە دەستی بۆڕائەکێشێت کەئەویش بێت بەشداری بکات. فەرمانبەرەکە سەیری بەتاڵایەک ئەکات ونایەوێت وەڵامی بداتەوە. ئەکرۆباتەکەمان بەنائومێدیەوە سەیری فەرمانبەرکە ئەکات ولەوکاتەدا ماتۆڕە قوڕمیشکراوەکە لەدەستی دەرئەچێت ولای چەپەوە خلۆر ئەبێتەوە، لەڕووبەرەکە وندەبێت بەڵام دەبینین کە ئەکرۆباتەکە ڕەق وەساتەوە وبیردەکاتەوە. لەولاشەوە دەنگی تەقە تەقی ورچە قورمیشکراوەکە دێت.

دیسانەوە بە هیلاکیەوە دەچێتە بەردەم تەختەی زانیاری شەمەندەفەرەکان وسەیریدەکات، وا نیشاندەدات کە بێزارە بەڵام بێزاری ئەکرۆباتەکان مۆنی وگرژیان پێوەدیار نییە، بەڵکو جۆرێکە لە بێزاریەکی مناڵێک کە بەدوای یاریەکی تازەدا بگەڕێت. لەپڕ بیری ئەکەوێتەوە وڕائەکات بۆلای کۆڵەپشتەکەی ودوومیزەڵدان دەرئەهێنێت، یەکەمیان زەردە ومیزەڵانێکی زەردی گەورەیە وفووی تێئەکات وبەفووتێکردنەوە ئەچێتە بەردەم فەرمانبەرەکە ویەکەم میزەڵدان دائەنێت لەسەر مێزەکە، پاشان دەچێتەوە دەست دەکات بەکۆڵە پشتەکەیدا وەک ئەوەی میزەڵدانی دووهەم  نەدۆزێتەوە ئاوا دەستی ئەگێڕێت، لەپڕ دەنگی تەقەیەک دێت وهاوارێکی لێ هەڵدەستێت وبەرزدەبێتەوە وتەڵەیەکی مشکی گەورەی بەدەستەوەیە وبازهەڵئەدات و بە بەردەمی فەرمانبەرەکەدا دێت و دەچێت و هەڵئەبەزێتەوە، تەڵەکە لێ دەکاتەوە و قاقا پێئەکەنێت ولە پێکەنیدا دەست بەسکیەوە دەگرێت و دەتلێتەوە لەسەر ڕووبەرەکە.

سەیری فەرمانبەرەکە دەکات کەوەک خۆی لەبەتاڵایی دەڕوانێت وپێناکەنێت، بەسەرسوڕماویەوە سەیرێکی ئەکات و ئەچێتەوە بۆ لای کۆڵە پشتەکەی ودەست دەکاتەوە بەنێویدا و دەموچاوی نیشانەی ئەوەی لەسەرە کە شتەکەی دۆزیوەتەوە، میزەڵدانێکی شینە، فووی تێئەکات ، تێئەکات وکاتێک بەخۆی نازانێت دەتەقێت…بم …بم ..ترس وبێدەنگی… ئەکرۆباتەکە سەیری ئەملاوئەولای خۆی دەکات. پاشان سەیری فەرمانبەرەکە دەکات و قاقا پێئەکەنێت.

هێور دەبێتەوە و ئاماژە بەوە ئەدات کە ئەمە هەر بۆخۆشی بووە وجارێکی تر دەگەڕێت بە دوای میزەڵداندا وئەمجارەیان میزەڵدانێکی پڕتەقاڵی دەرئەهێنێت. وافووی تێئەکات کە ئاگادارە لەوەی نەتەقێت. هەردوو میزەڵدانەکە دەباتە ناوەڕاستی هۆڵی چاوەڕوانکردنەکە و یاریان پێئەکات وبەرزیان هەڵئەدات وبەجوڵەی ئەکرۆباتەوە سەمائەکات وئەمسەر و ئەوسەر دەکات، سەمایەکە لەنێوان تیرۆژە تیشک یاخود چەندەها گورزەتیشکی ڕەنگاڵەی نەبینراو وبینراو، میزەڵدانەکان بەرز دەبنەوە و لەنێوان ڕەنگی پڕتەقاڵی و زەردا هەموو شتێک دەگۆڕێت. لە بێدەنگی و وەستانەوە بۆ جوڵە وسەما وبەختەوەریەک لەنێو خامۆشیدا.

ئەکرۆباتەکەمان بۆ ماوەیەک یاری بەمیزەڵدانەکان دەکات، ئاوڕ لە فەرمانبەرە مۆنەکە دەداتەوە، ئەو هێشتا سەیری بەتاڵایی دەکات، هیچ بەختەوەریەک نییە، هیچ جوڵەیەک، هیچ هەژانێک نییە کە ئەم مرۆڤە بخاتە سەر کەڵکەڵەی سەیرکردنی ڕەنگ وجوڵە، تەنها سەیری بەتاڵایی دەکات.

ئەکرۆباتەکەمان واز لەمیزەڵدانەکان دەهێنێت بکەونە سەر ئەرزەکە. لەپڕ بیرێکی دیکەی ڕاگوزاری بیردێتەوە، بەرەو جانتا شینەکە هەنگاو دەنێت ودەیەوێت جانتاکەبکاتەوە، بیگومان جانتاکە گەورەیەو دیارە کەبۆیەکەی شینی تۆخکراوە، بێگومان جانتای ئەکرۆباتەکان وەکو جانتاکانی ئێمە هەڵگری هەستەکانی نامۆبوون وبەجێهێشتن ومەنفا نین. جانتایەکن لەنێو ڕەنگەکانی ئەکرۆباتدا. ئەکرۆباتەکەمان جانتاکەی بۆناکرێتەوە وبەدەست وبەقاچ هەوڵی ئەوەدەدات جانتاکە بکاتەوە، بەڵام جانتاکە عاسیە وئەکرۆباتەکەمان وەک مناڵێک توڕە دەبێت، جارێکی تر هەوڵئەدات. لەپڕ جانتاکە لەژێردەستدا دەکرێتەوە و ژمارەیەکی زۆری پڕتەقاڵ کە پێدەچێت بەزۆر وپاڵەپەستۆ لە جانتاکەی ئاخنی بێت، ئاوا لەپڕ هەموویان بەکۆمەڵ دەڕژێنە سەر ڕووبەری هۆڵی چاوەڕوانیەکە…

پڕتەقاڵەکان ئەوەندە زۆرن کە ئیتر شوێنی ئەکرۆباتەکەمان بۆ هەنگاونان تەنگەبەر دەبێت، ترسی ئەوەی هەیە قاچی لەپڕتەقاڵەکان هەڵ نەگوتێت. لەکاتی ڕژانی پڕتەقاڵەکاندا، ئەکرۆباتەکەمان بەرزدەبێتەوە وسەری سوڕماوە. پاشان کە هەموو پڕتەقاڵەکان بەتەواوەتی بڵاودەبنەوە و لە جوڵە دەکەون، (بێگومان ئەکرۆباتەکەمان سەری لەگەڵ جوڵەی هەموویاندا دەجوڵێنێت  تاوەکو هەموو شتێک هێمن دەبێتەوە).

ئەکرۆباتەکە سەیری فەرمانبەرەکە دەکات، کەچی ڕژانی ئەم هەموو پڕتەقاڵەش سەرنجی ئەوی نەجوڵاندووە، هەر وەک خۆیەتی. بیری دەکەوێتەوە کە ئەو بەدوای شتێکی دیکەدا گەڕاوە، جانتاسپیەکەش بەتاڵە وهیچی تێدانییە. بێئومێدە لەدۆزینەوەی ئەوەی دەیەوێت. لەبەر ئەوە بەنێو پرتەقاڵەکاندا بازهەڵئەدات ودەچێتە لای جانتاپڕتەقاڵیەکە، سەیرێکی فەرمانبەرە مۆنەکە دەکات وهەر وەک ئەوەی پێیبڵێت؛ تۆزێک ڕاوەستە. پێش ئەوە جانتا گەورە پڕتەقاڵیەکە هەڵدەگرێت بۆئەوەی بزانێت ئایا کێشی قورسە یان سووکە، خۆشبەختانە جانتاکە بە ئاسانی بەرزدەکاتەوە. خۆشحاڵە بەوەی جانتاکە کێشی سوکە و چەپڵەلێدەدات. هەر کە جانتاکە دەکاتەوە تووشی سەرسوڕمانێکی خۆشبەختانە دەبێت، لەپڕ مراویەک لەکاتی کردنەوەی  دەمی جانتاکا کراوەکە دەر دەپەڕێتە دەرێ، ویک …ویک ..ویک ..

بێگومان مراوییەکە بەزەحمەت بەنێو ئەو هەموو پڕتەقاڵەدا ڕێدەکات. ئەکرۆباتەکە دەیەوێت سەرنجی فەرمانبەرەکە ڕاکێشێت بەوەی سەیری مراویەکە بکات چۆن بەزەحمەت بەنێو پڕتەقاڵەکاندا ڕێدەکات .. ویک .. ویک .. ویک.. کەچی فەرمانبەرەکە هیچ جوڵەیەکی بۆ ناکات وسەیری بەتاڵایی دەکات. پێدەچێت هەموو ئەم سەسوڕمانەی ئەکرۆباتەکەمان بەهەڵڕژانی پڕتەقاڵەکان وهاتنە دەرەوەی مراویەکە جۆرێک بووبێت  لە فێڵکردن بۆئەوەی ئەویتر بخاتە پێکەنین.

 بەڵام ئەم بڕوایە زۆر جێگیر نییە، چونکە ئەکرۆباتەکەمان جارێکی دیکە بەدوویی شتێکدا دەگەڕێت و لەجانتا پڕتەقاڵیەکەدا دەیدۆزێتەوە، ئەویش (مەساسەیەکی گەورەیە) دەیبات بۆ فەرمانبەرەکە ودەیداتێ، وەریناگرێت وتەنانەت سەریشی ڕاناوەشێنێت. ئەویش لەبەردەمی دایدەنێت و لەسەر مێزەکە بۆی بەجێئەهێڵێت. مراوییەکە هێشتا بەزەحمەت بەنێو پڕتەقاڵەکاندا ڕێئەکات، ئەکرۆباتەکەمان دوای ئەکەوێت بۆئەوەی بیگرێت. مرواییەکە باڵەکانی لێکدەدات و خێراتر ڕادەکات وئەکرۆباتەکەمان بەپێکەنینەوە دوای دەکەوێت. ئەم دیمەنە ماوەیەک دەخایەنێت وپێش ئەوەی مراویەکە لەبەشی چەپەوە ونبێت، ئەکرۆباتەکەمان دەیگرێت وقیڕەوباڵ لەیەکدانی وپێکەنینی ئەکرۆباتەکە تێکەڵی جوڵەی پڕتەقاڵەکاتی بەر قاچی دەبێت. سەیری فەرمانبەرەکە دەکات، هێشتا هەر سەیری بەتاڵایی دەکات.

 

٤

لەپڕێکدا دیسانەوە لەلای ڕاستەوە ژن و پیاوە قات لەبەرەکە بەخۆیان و گسکەکەیانەوە پەیدادەبنەوە، ئەکرۆباتەکە خێرا مراوییەکە دەخاتەوە نێو جانتاپڕتەقاڵیەکە وبەپەلە چەند پڕتەقاڵێک کۆدەکاتەوە ودەیخاتە نێو جانتا شینەکە وکۆڵە پشتەسپیەکە لەپشت ئەکات و جانتا پڕتەقاڵیەکەش بەدەستێک دیکەی ڕایدەکێشێت بەدووی خۆیدا. پێش گسکی کیژوکوڕە پۆست مۆدێرە گڵۆباڵیەکان دەکەوێت ، ولەترسی ئەوەی بەر  گسکە بێبەزەیی و ساردەکانیان نەکەوێت، پەلەپڕوزەی پێئەکەوێت وهەنگاوەکانی وادەنێت کە گسکەی بەرنەکەوێت وئەوانیش وەک ئەوەی ئەکرۆباتەکەمان نەبینن، ئاوەها گسک دەدن و دوای دەکەون.  لەبەشی چەپەوە وندەبن، وەک ئەوەی کاری یەکەمیان تەواو کردبێت کە دەرکردنی ئەکرۆباتەکە بوو لەو شوێنە، ئەمجارەش کیژ و کوڕە پۆست مۆدێرەنەکان دەگەڕێنەوە، بەڵام هەموو شتێک بێدەنگە و ئەکرۆباتەکەمان، دیار نەماوە. کچ و کوڕەکە پڕتەقاڵەکان لەبەشی چەپەوە بۆ ڕاست گسک دەدەن، تەنها یەک پڕتەقاڵ دەمێنێت، لەسووچێکدا بەتەنهایی، هەموو شتێک بێدەنگە.

 

 

٥

فەرمانبەرە مۆنەکە سەیری ئەملا و ئەولای خۆی دەکات، کە دەزانێت کەسی لێ نەماوەی مەساسە زلەکە هەڵدەگرێت وسەیریدەکات، بەختەوەرە و وەک مناڵێک دەیلێسێتەوە. لەپڕ ڕادەچڵەکێت چونکە لێبووکە کە بە بازهەڵدانەوە لەبەشی چەپەوە خۆی دەکاتەوە بەنێو هۆڵەکەدا وپەلاماری پڕتەقاڵە بەجێماوەکە دەدات وبە پەلە وەک ئەوەی یەکێک بەدوایەوە بێت، ئاوەها بۆ فەرمانبەرەکەی ڕادەگرێت وجارێکی دیکە  هۆڵەکە بەجێدەهێڵێت، ئەویش ئەمجارە بە بزەوە لێی وەردەگرێت.

ئەکرۆباتەکەمان لەخۆشیاندا هەڵدەبەزێتەوە وچەپڵە لێ دەەدات وباز بازێنتی، زۆر بەختەوەرە بەوەی کە فەرمانبەرەکە مەساسەکە دەلێسێتەوە و پێەکەنێت. بەترسێکی  ئەکرۆباتیانەی  وەک ئەوەی یاری چاوشارکێ بکات سەیری ئەملاوئەولا دەکات. وەک ئەوەی کاری پەلەی هەبێت بۆ بەختەوەرکردنی یەکێکی دیکە لەم دنیایە، ئاوەها بەسەماو وباز هەڵدان وچەپڵەوە  لەبەشی چەپی هۆڵەکەوە وندەبێت…

تەواو

  نورنبێرگ 28.11.2007

 

تێبینی:  ئەم پێنج بەشە چەند وێنەیەکن، سەرسامی منن بە وێنەی لێبووک ، هەروەها لەوان زیاتر بەئەکرۆباتەکان، بەلێبووکە ئەکرۆباتەکان هەم ژیانی خۆیان دەخەنە نێو مەترسی یاریەکانی سەرپەت و بە نێو ئاگردا بازهەڵدان،  هەم لێبووکن لەگەڵ پێکەنیندا دەژین…دەشێت ئەمە لەسەر تەختی شانۆ نمایشبکرێت، یان فلیمێکی کورت بێت …نازانم! بەڵام کۆمەڵێک وێنەی دەربارەی لێبوک و ئەکرۆبات

هیوادارام ئەوەی دەیکات بەنمایشێک پابەند بیت بەئەمانەتی دەقەکە و نوسەرەکەیەوە.

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌.