پاژنه‌ به‌رزه‌ فیتیشییه‌كان

ژنی كورد خاوه‌نی ده‌مو چاو و جه‌سته‌ی خۆی نییه


Loading

مه‌به‌ستمه‌ بڵێم دووجار خاوه‌نی خۆیان نین، یه‌كه‌مجار  نێره‌كانی ناو خێزان خاوه‌نیانن،  جا له‌ فۆرمی هاوسه‌ر یان باوك و برادا بێت، ئه‌وا  خاوه‌ندارێتی جه‌سته‌ی ژن و پاكیزه‌بوون و نه‌بوونیان له‌ ئه‌ستۆ گرتووه‌.  دووهه‌میان  جه‌سته‌یان خاوه‌نێكی دیكه‌ی بۆ په‌یداده‌بێت، كه‌ كۆمپانیاكانی ڕیكلامی ئارایشت و جوانكاری و نه‌شته‌رگه‌رین، ئه‌م خاوه‌نه‌ی ده‌یه‌وێت ژنان  به‌ پێی شێوازی  ئه‌وان  ده‌مو چاو  و جه‌سته‌ی  خۆی فۆرمات بكاته‌وه‌.   بێگومان  ئه‌مه‌ هه‌م پاره‌ی زۆری ده‌وێت  و هه‌م ئازاری زۆر و ڕیسكی ته‌ندروستیش له‌ خۆده‌گرێت.

 ئه‌مجاره‌ ئه‌وه‌ی له‌ كوردستان شۆكی كردم، شێوازی خۆگۆڕینی كچان و ژنان و شێوه‌ی  ده‌موچاو  و برۆ و جلوبه‌رگ و نه‌شته‌رگه‌ریه‌كانیان بوو، كه‌ هه‌موویان  ئاماژه‌یان بۆ ئاماده‌یی كولتورێكی پۆرنۆیی و سێكسی بازاڕی ده‌كرد. ته‌نانه‌ت ئه‌و پێڵاوانه‌ی له‌وێ، هه‌ندێك له‌ ژنان له‌ پێی ده‌كه‌ن، لێره‌ له‌ئه‌وروپا، ژنانی له‌شفرۆشی سه‌ر شه‌قامه‌كان یان  (پۆرن ستاره‌كان) له‌ پێی ده‌كه‌ن.

سه‌یر له‌وه‌دایه‌ هه‌ندێ له‌ ژنانی به‌ناو ڕێكخراوه‌كان و ڕۆژنامه‌نوسه‌كانیش ئه‌م كولتوره‌یان ڕه‌چاوكردووه‌، هه‌م خۆیان وه‌ها ده‌گۆڕن و نه‌شته‌رگه‌ریان كردووه‌  و هه‌م گۆڤاری ژنان و ڕۆژنامه‌كانیشیان بره‌ودانه‌  به‌و كولتوره‌ پۆڕنۆگرافه‌ فیتیشیه‌، ‌لای ئه‌وان ئه‌مه‌ پێشكه‌وتن و ئازادییه‌.

به‌ڵام  كۆی ئه‌م جۆره‌ ئارایشت و جل و به‌رگه‌،  له‌ڕاستیدا  ده‌رئه‌نجامی  (به‌رخۆریی و بێبه‌ها كردنی ژنه‌)  له‌هه‌موو باره‌كاندا. خۆزگه‌ ژنانی ڕێكخراوه‌كان له‌م ماوه‌ی ئه‌م دوو ساڵه‌دا هیچیان نه‌كردایه‌ و ته‌نها بكه‌وتنایه‌  حه‌یابردنی  خه‌ستاخه‌نه‌ تایبه‌ته‌كانی  نه‌شته‌رگه‌ری  جوانی و بۆتۆكس و كولتوری پۆڕن و سووكایه‌تی كردن به‌ژنان.  خۆزگه‌ دوو جار له‌ به‌رده‌م هه‌ندێك له‌ كه‌ناڵه‌كان، كه‌ شه‌و و ڕۆژ بره‌و به‌م كولتوره‌ ده‌ده‌ن خۆپیشاندانیان بكردایه‌، خۆزگه‌ چه‌ند جارێك دیبات و سیمیناریان ڕێكخستایه‌ له‌سه‌ر ئه‌م كێشانه‌. له‌ ڕاستیدا نازانم خه‌ریكی چین؟

لایه‌ك له‌ ژنانی كوردستان هه‌موو بیركردنه‌وه‌یان بۆته‌ به‌رخۆریی و نه‌شته‌رگه‌ریی و خۆ كورتكردنه‌وه‌ له‌وه‌ی سمتیان له‌كارداشیان بچێت،  كه‌ئەمەش  خۆكردنه‌ به‌كۆیله‌ی سێكسی بۆ پیاوان و بره‌ودانه‌ به‌و كولتوره‌ كۆیله‌كردنه‌ مۆدێرنه‌ فیتیشیه‌. كه‌چی له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ داوای ئازادی ژنان ده‌كه‌ن!   كه‌ئێوه‌    ئاگاتان له‌ دونیای خۆتان  نییه‌، چۆن ده‌توانن داوای ئازادی بكه‌ن؟   كه‌ ئێوه‌  یه‌ك لێكدانه‌وه‌ و شیكارتان پێ نییه‌،  بۆ ئه‌و داڕزانه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ی به‌رۆكی كوردستانی گرتووە، به‌و هه‌موو پاژنه‌ به‌رزه‌ كۆیله‌گه‌رانه‌وه‌  داوای ئازادی ده‌كه‌ن؟  

ئازادی له‌ بۆتۆكس و پاژنه‌به‌رزدا نییه‌، ئازادی له‌ئاماده‌بوونی ژندایه‌ له‌ناو ڕووداوه‌كاند، ئازادی له‌وه‌دایه‌  شه‌ڕبكه‌یت له‌دژی ئه‌م هه‌موو دواكه‌تووییه‌، نه‌ك خۆت ببیت به‌شێك له‌و نه‌ریته‌ كۆیله‌خوازیه‌. ئازادی له‌ناو  گرفته‌ ڕاسته‌قینه‌كانی ژناندایه‌،  نه‌ك  بوونته‌ به‌ په‌راوێزێكی  پۆڕۆن – ستاری و  له‌په‌راوێزدا هاواری ئازادی ژنان بكه‌یت و  وه‌ها هه‌ستبكه‌یت  ئه‌مه‌  ئازادیه‌…