Igor Morski - 1960

شەڕی حیکایەتخوانەکان


Loading

ڕق بە سێ ڕێگە

– ڕێگەی یەکەم:

کەللــــەم وەک هەنارێک شەق دەبا، خوێن بەسەر سکەی شەمەندەفەردا پەخش دەکا.

حیکایەتێک دنەی دەدا، ئەم دێرانە لە لێوەکانی ڕوا:

دەبێ بڵێم ئیدی بوەستە! کۆتایی ڕێگەکە خۆم هەڵی دەبژێرم، دەبێ ئەم نەفرەتە لە ڕۆحم بکەمەوە.

ئەو قسانەی پاتە دەکردەوە، دەستێکی لە گیرفانیدا لە شێوەی مست دەگوشی، بە هەنگاوی لەسەرخۆ و بە لارەلار بەرەو لای سکەی شەمەندەفەرەکە دەبزوا، لێوەکانی زۆر بە هێواشی دەجوولاند، چاوەکانی گۆمی خوێن بوون. جارجار سەری بۆ ئاسمان بەرزدەکردەوە، تفێکی بۆ زەوی فڕێ دەدا، لاژەلاژ گەیشتە شوێنی مەبەست، دەیزانی چارەگێک کاتی ماوە، ماوەی چەند ڕۆژێکە بەردەوام چاودێری ئەو هێڵەی کردووە، دەیزانی دوای سێزدە خوولەکی دیکە دەنگێک لە دوورەوە نزیک دەبێتەوە، لەوکاتەدا پێویستە لە سەر هێڵەئاسنیەکە ڕاکشێ، بە شێوەیەک سەری بە ئاڕاستەی شەمەندەفەرەکە بێت، بۆ ئەوەی کاتێک شەمەندەفەرەکە پانی دەکاتەوە، یەکەم شت کەللــــەی بپڕژێ و هەست بە کەمترین ئازار بکات. بە خۆی دەگوت:

– من چیرۆکنووسی نێو فاڕگۆنەکانم، ژیانێکی پڕ لە چیرۆک، لە فارگۆنی شەمەندەفەرێک، یان میتڕۆیەک دانیشتوە و خەریکی نووسینی چیرۆکێکە، یان بە خەیاڵ کاراکتەرێکی بردووەتە نێو فارگۆنێکەوە و لەگەڵ کاراکتەرەکەی دەگەڕێتەوە بۆ منداڵیە پڕ لە ئازار و ناخۆشیەکەی. دەیزانی ناتوانێت ئاوا بە ئاسانی لە جادووی فاڕگۆنەکان بێتەدەرەوە، بەڵام نەیدەزانی بەو کۆتاییە ترسناکەی دەگەیەنێت. چیرۆکنووسەکە عاشقی کاراکتەرێکی خۆی دەبێت، شەو و ڕۆژ لە خەیاڵی ئەو کاراکتەرەدا ئازار دەچێژێت، چەند زیاتر لەگەڵ ئەو خەیاڵانەدا بژیەت، زیاتر هەست بە تەنیایی دەکات، هەست بە ناکامی عیشقە شێتانەکەی دەکات. چەندی بیری لێ دەکاتەوە، نازانێت ئەوە چۆن ڕووی دا! هەرئەوەندەی دەزانی لە ئاهەنگی هاوسەرگیریەکەیدا پێویست بوو چەند دێرێک وەسفی جوانی ئەو کچە بکات، کاتێک ڕستەکانی دەنووسی، خۆی لە بەرانبەر وێنەی کچەکەدا بینیەوە، کچەکە بە نیگایەک دڵی کون کرد، لە نێو ئاسمانی چاوە شینەکەیدا ون بوو، وەک شێتان لە خەیاڵدا مەلەی دەکرد. دەستی بووکەکەی گرتبوو، لە نێو دارستانێکی چڕدا یەک بە دەنگیان گۆرانیان دەچڕی و ڕایان دەکرد. بە ئاگاهات! پێنووسەکەی لەسەر دوا دێری وەسفی کچەکەدا وەستابوو، گوێی لە دەنگی خۆی بوو، گۆرانی دەچڕی، هەناسەیەکی ئاسوودەیی هەڵ کێشا، بەڵام چەند چرکەیەک درێژەی نەکێشا، لە سەرەوەی بەشی لای چەپی قەفەزەی سینگی هەستی بە ئازارێکی تیژ کرد. کاتێک هاوژینەکەی قاوەیەکی لەسەر مێزی نووسینەکەی دانا و ماندوونەبوونی لێ کرد، بە وەڵامدانەوە ساختەکەی، زیاتر دڵنیابووەوە لەو درزەی کەوتبووە دڵیەوە. بە پێی گرێچنی چیرۆکەکە دەبوو ئەو کچە هاوسەرگیری لە گەڵ دڵدارەکەی بکات و ژیانێکی بەختەوەرانە دروست بکەن، بەڵام کاتێک پێنووسەکە وەستا، ئاڕاستەی ڕووداوەکانی بە ڕێڕەوێکی تەواو پێچەوانە گۆڕی، ڕووداوەکان گەیشتبوون بە ڕۆژی ئاهەنگەکە، لەو ڕۆژەدا شتێکی چاوەڕواننەکراو ڕووی دا، زاوا پێش ئەوەی گوڵەکە بگەیەنێتە دەستی بووک، بە پشتدا کەوت و بۆ هەمیشە ماڵئاوایی کرد، ڕووداوەکە بۆ هەمووان چاوەڕوان نەکراوبوو، جگە لە چیرۆکنووسەکە، کاتێک ئاپۆڕای خەڵکەکە بە شڵەژاوی لە دەوری تەرمی زاوادا کۆبوونەوە, بووک هاواری دەکرد و پرچی خۆی دەڕنیەوە، چیرۆکنووس خەندەیەکی فێڵاوی لەسەر لێو بوو، قومی لە قاوەکەی دەدا.

گوێی بە سکەی شەمەندەفەرەکەوە نابوو، هەستی بە دەنگێک کرد، بەرەبەرە لێی نزیک دەبووەوە، دیمەنی گریانەکانی مەعشووقەکەی دەهاتەوە پێش چاوی، شەوی گفتوگۆیە خەمهێنەکەیانی بیردەهاتەوە.

دەنگی دڵی تێکەڵی دەنگی شەمەندەفەرەکە دەبوو، هەناسەبڕکێی پێ کەوتبوو:

– لە خۆم خۆش نابم، نا هەرگیز لە خۆم خۆشنابم، من بکوژم, بکوژ! دەبێ کۆتایی بەم چیرۆکە ئازاراویە بێنم. چاوەکانی لە دووری چەند مەترێکەوە لەسەر شەمەندەفەرەکە گیرسانەوە، بە دەنگێکی پچڕپچڕ:

– شەق دەبەم! شەق دەبەم و کۆتایی!

ــ ڕێگەی دووەم:

Igor Morski – 1960

بتڵەکەی بە دەستی چەپی گرتبوو، دەستەڕاستیشی لە گیرفانیدا بوو، بە لارەلار دەڕۆیشت، بتڵەکەی بە سەریەوە نا، هیچی تێدا نەمابوو، بە هەموو هێزیەوە فڕێی دا و چەند جوێنێکیشی بە دوایدا نارد. هەموو شتێکی لە دەست دابوو، کاتێک بیری لەوە دەکردەوە, مچوڕکەی بە لەشیدا دەهات و تفی فڕێ دەدا، هاواری دەکرد و جنێوی دەدا:

– زۆری نەمابوو بیبەمەوە، چەند خاڵێکی کەم مابوو! بە نەفرەت بن! دڵنیام فێڵیان کردووە، ئەگەرنا ئەمجارە من زۆر باشتر یاریم کرد.

بەیانی ژن و منداڵەکەشی فڕێ دەدەنە سەر شەقام، دەیەوێ دڵی خۆی بداتەوە:

– ئێ گەورە ڕۆماننووسی ڕوسییش هەمان دۆخی منی هەبووە، ئەویش هەموو سامانەکەی لە قومار دۆڕاندبوو، بەڵام ئەوەتا ناوی بۆ هەتا هەتایە لە مێژوودا دەمێنێتەوە! ئەوەتا هەتا ئەدەبیات ماوە قەرزاری ئەوە. تفوو، بە نەفرەت بی! لە دیستۆفسکیش بەم! بۆ دەبێ ببمە دیستۆفسکی؟ تفوو! خاکی ئێرە دیستۆفسکی لێ ناڕوێ! هەرئەوەندە کەسێکی وەک ئەو فاشیل بیت، بە شێوەیەک ڕەدى دەکەنەوە، بە هیچ جۆرێک نەتوانێت هەڵسیتەوە، من ئانا گریگۆڤنا لە کوێ بێنم سەرباری ئەوهەمووە دۆڕانەشم هەر وەک کێوێک پشتگیرم بێت؟! لە پشت هەر پیاوێکی ها, ها, ها…

زنجیری پانتۆڵەکەی کردەوە، شەبزوزی دەرهێنا و بە هەر چواردەوری خۆیدا هەڵ میزی:

– ها, ها, ها پیاوی سەرکەوتوو!

هی هی هی گریانێکی شێتانەی بە دوادا هات:

– لەو بەرزاییەوە میزپڕژێنتان دەکەم، ئەوە بارانی سەخافەتە بە سەرتاندا دەبارێنم، وەک منداڵێک یاری بە ئاڕاستەی میزەکەی دەکرد: چەترەکانتان هەڵدەن، دەی! دەی! هۆۆۆۆۆۆ هۆۆۆ لە عەرزتان بەم هۆۆۆۆ. چۆن تەماشای نیگا سەرکۆنەکەرەکەی ژنەکەم بکەم؟ نا نا بەرگەی ئەوە ناگرم، تاپۆکەم بە جێ هێشتوە لەگەڵ وەکالەیەک بە ئیمزای خۆمەوە، پێمناخۆشە ئەوە میراتەکەمە، کە دوای خۆم هەڵدانە سەر شەقام بۆ ژنەکەم و منداڵەکەم بەجێ دەهێلم، بەڵام مەگەر چی دیکەم لە دەست دێت؟

ئۆۆۆۆهۆۆۆ دوای میزباران ئینجا خوێنباران دەبینن، چونکە مرۆڤێک لەوسەرەوە دەفڕێ و لەو خوارەوە شەق دەبا!

بمب کۆتایی پێ دێت!

ـ ڕێگەی سێیەم:

پێویست ناکات بیر لە هیچ بکەمەوە، نانا ئەو خەیاڵانەی پێش خۆکوژی تەنیا بیانوون بۆ بەستنەوەت بە ژیان، هیچ نیين جگە لە شیرینکەری ژیانی بێمانای دونیا. ناهێلم ئەوە ڕوو بدات، هەرئێستا دەمانچەکەم لە بن چەنەگەم دەنێم و دوای خوولەکێکی دیکە لەو بەرزاییەوە بەردەبمەوە نێو ئەو شەپۆلە شێتانەی خوارەوە، ئیتر کەسیش بە شوێنم نازانێت و دەبمە خۆراکی زیندەوەرەکانی دەریا.

دەستی ڕاستی لە نێو گیرفانی بوو ، دەمانچەیەک بە دەستی چەپیەوە بوو، لە بن چەنەگەی نابوو. بایەکی شێتانە ئاوازێکی ترسناکی پەخش دەکرد، هاوارێک لە نێو دۆڵەکەدا دەنگی دایەوە:

  • تەواو، ئیرە جێگەی کۆتا دەنگە: بمب و کۆتایی!

– لەبری پێشەکی:

ئەم پێشەکیە بۆیە دەنووسم، تاوەکوو کاری ئەو ڕەخنەگرانە ئاسان بکەم، کە دەیانەوێت لە ڕووی دەروونشیکاریەوە خوێندنەوە بۆ دەقی ئەدەبی بکەن، دەمەوێ بابەتەکە ئەوەندە ئاسان بکەمەوە، پێویستیان بەوە نەبێ شتەکە ئەوەندە بئاڵۆزکێنن هێما لە داروبەردی چیرۆکەکەم بدۆزنەوە و بۆ پشتڕاستکردنەوەی گریمانە پێشوەختەکانیان لێکدانەوەیان بۆ بکەن، یەکێکیان بنووسێت: شەمەندەفەرێک لەل ای سەرەوە ڕا دێت هێمایە بۆ ئەندامی زاوزێی باوک، یەکێکی دیکە بنووسێت: کوڕی فارگۆنەکان, واتە شەیدابوون بە دایک، بەو پێیەی، کە فارگۆن هێمایە بۆ ئەندامی زاوزێی مێینە و کوڕەکەش دراوەتە پاڵ فاڕگۆن. قسەی قۆڕ! دەی بەو تیۆریە قۆڕانە دونیای نووسینیان ئەوەندە لێمان تەسک کردووەتەوە، دەشێ ئێستا یەکێکی دیکە ڕەخنەم لەسەر ئەوە لێ بگرێ، کە چیرۆکنووس دەبێ زمانێکی باڵای هەبێ و مومکین نییە بەو دەستەواژانە بە زمانی چیرۆکنووس بدوێی( قسەی قۆڕ، تیۆری قۆڕ) ئەوەی ڕەخنەی شتی وام لێ بگرێ حەقی وایە پێی بڵێم: هەی گەمژە! تۆ ئاگات لەوە نییە چیرۆکنووسیش مرۆڤە و بە پێی دۆخی دەروونی دەشێ زمانیشی بگۆڕێت.

لە ئەنجومەنێکی ئەدەبی تایبەت بە چیرۆکنووسین ئەندامبووم، هەفتانە بابەتێک دیاری دەکرا، کاتێک دادەنرا, تاوەکوو چیرۆکنووسەکان چیرۆکی بۆ بنووسن. چیرۆکێکم دەنووسی، بە خۆمم دەگوت: ئەمەیان چیرۆکێکی زۆر باشی لێ دەرچووە، بەڵام زۆربەی جارەکان، کە دامدەنا, یەکێک لە ئەندامان، بەو شێوانە قسەی لەسەر چیرۆکەکانم دەکرد( نیوەم خوێندەوە زانیم بە کەڵکی هیچ نایا، ئەمەیان چیرۆک نییە، لە چیرۆکەکانتدا واز لەو سەفسەتانە بێنە ، منیش کە سەرەتام بوو، وەک تۆ دەمویست قسەی گەورە لە چیرۆکەکانمدا بکەم)، بە کورتی ددانی خێری بە مندا نەدەنا، منیش زۆر لێی پەست بووبووم، لە دەرفەتێک دەگەڕام تۆڵەی خۆمی لێ بکەمەوە، هەرچیم کرد، ئەو دەرفەتەم بۆ نەدەڕەخسا، بۆیە بڕیارمدا لە چیرۆکێکدا بیکەمە کاراکتەر و ڕقی خۆمی پێ بڕێژم، دڵنیام کاتێک ناونیشانی یەکەم ناوبڕی چیرۆکەکەتان بە ناوەڕۆکەکەی بەراورد کردووە، لەوانەیە ڕەخنەتان لێی هەبووبێت، بەوەی لەگەڵ ناوەرۆکەکەی وێک نایەتەوە، ناوەرۆکەکە باس لە سێ هەوڵی خۆکووژی دەکات، بەڵام من ناونیشانی (خۆکوژی بە سێ ڕێگە)م بۆی هەڵنەبژاردووە! کاتێک سەرتاپای دەقەکە دەخوێننەوە تێدەگەن بۆچی ئەو سەردێرەم هەڵبژاردووە. دوای نووسینی هەر ڕێگەیەک پێش ئەوەی بگەمە دیمەنی کوشتنەکە شتێکی سەیر ڕووی دەدا، خۆمم لە هەمان دۆخی کاراکتەرەکەم دەبینیەوە و لە هۆش خۆم دەچووم، کاتێک دووبارە دەچوومەوە سەری هەمان دۆخم بە سەردا دەهاتەوە، ناچار هەوڵم دا ڕێگەی دووەم تاقی بکەمەوە، بەڵام دیسان خۆم لە هەمان دۆخی کاراکتەرەکەم بینیەوە و لە هۆش خۆم چووم، چەندجارێک هەوڵم دایەوە، بەڵام هەمان شت دووبارە دەبووەوە. ئەگەر سەرنجتان لە ڕێگەی سێیەم دابێت هەست دەکەن ویستوومە هەر لە کورتی بیبڕمەوە، بە جۆرێک تەنانەت گوێشم بەوە نەداوە، تاوەکوو چیرۆکەکەم سەنگینتر بێت، خوێنەر بۆ باوەڕهێنان بەو خۆکوژیە ئامادە بکەم، هیچ هۆکارێکیشم نەداوەتە دەست، یەکسەر کاراکتەرم بردووەتە ئەو جێگەیە، بەڵکو ئەمجارەیان بتوانم زوو کارەکە کۆتایی پێ بێنم، بەڵام ئەو جارەشیان نەمتوانی و پێش کۆتایی کارەکە هەمان شتم بە سەردا هات. هەڵبەتە دەبوو بە چیرۆکەکانمدا بچمەوە و نهێنی ئەو ڕووداوانە بدۆزمەوە، چەندین جار چیرۆکەکانم خوێندنەوە، تا شتێکی نامۆم تێدا بینی! بۆچی لە هەرسێ چیرۆکدا کاراکتەرەکەم دەستێکی لە گیرفانی دایە؟ دەبێ نهێنیەک لەمەدا هەبێ، مومکین نییە کاراکتەرێک نیازی خۆکووژی هەبێت و ئاواش دەستی لە گیرفانیدا بێت! ئەوە لە ڕووی دەروونیەوە زۆر نەشیاوە، خۆنەویستانە چاوەکانم کەوتنە سەر گیرفانی چەپی شەرواڵەکەم، دەسم لە نێو گیرفانمدا بوو، هەستم کرد پەڕەیەک لە نێو دەستم دایە!

ـ کۆتایی

نووسینی: کاراکتەر

ڕقی خۆم بە سێ چیرۆک پێ ڕشت، لە چیرۆکێکیان بە چەند دێرێک هەڵمدایە بەردەمی شەمەندەفەرێک.

لە چیرۆکێکی دیکە لەسەر بینایەکی بەرز فڕێم دایە خوارەوە.

لە چیرۆکی سێیەم دەبووایە گووللــەیەک بە بن چەنەگەی خۆیەوە بنێ، بە شێوەیەک بگاتە کەللــەی، دواتر لە کێوەکەوە بۆ نێو دەریایەکی گەورە هەڵدێرێ.

چیرۆکەکەم لە پەڕەیەک نووسی بوو، لە گیرفانم نابوو، دەستی چەپم لە گیرفانم نابوو، بە دڵخۆشی و بە فیکە بەرەو وێستگەی میتڕۆکە شۆربوومەوە، گوێم لە دەنگی میتڕۆکە بوو، شتێکی زۆر سەیر ڕووی دا! کەوتمە نێو دونیایەکی جیاوازەوە! دونیایەک بە دونیای ڕاستەقینە نەدەچوو! بەردەوام ئەو سێ ڕووداوەی چیرۆکەکەمم بە سەردا دەهات، تاوەکوو ڕۆژێک دەستم لە گیرفانم دەرهێنا، دەستم کرد بە خوێندنەوەی پەڕەکە:

دکتۆرەکە پێم دەڵێ نزیکەی سێ مانگە لێرەی!

نازانم ئێرە کوێیە، بەڵام کەسی زۆر سەیری لێیە، یەکێک هەیە بەردەوام چەند دێرێک دووبارە دەکاتەوە: بمب کۆتایی، بمب کۆتایی، بمب کۆتایی …

یەکێکی دیکە هەیە، بەردەوام پەنجەی شەهادەی لە شێوەی دەمانجە بە بن چەنەگەیەوە دەنێ، چاوی لە سەقفەکە دەبڕێ و دەگریا.

ئێرە زۆر سەیرە! هەموو ڕۆژێک بە گەرمایی میزی یەکێک بە ئاگا دێمەوە، ئەو قاقا لێ دەدا و پێمدا دەپڕژێنێ، تێی هەڵ دەدەم، بەڵام ئەو هەر قاقا لێ دەدات …

سەر لەسەر پەڕەکە هەڵ دەبڕم، چاوم دەفڕێتە سەر گیرفانی یەکێک، کە لە بەرانبەرم وەستاوە و دەستی لە گیرفانی ناوە، بە شێوەیەکی ترسناک دەمی دەکاتەوە و پێ دەکەنێت، لێوەکانی دەجووڵێنێت وەک ئەوەی بانگم بکات، ترسێک ڕۆ دەچێیە ناخمەوە، بەرەبەرە لێم نزیک دەبێتەوە، دەستم لە گیرفانم دەردەهێنم, پەڕەکە لەسەر مێزەکەی بەر دەمم دادەنێم، دەنگی نزیکبوونەوەی شەمندەفەرێک لە کەللــەمدا دەنگ دەداتەوە …

 

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین – له‌سه‌ر داوای نوسه‌ر خۆی –
ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌ نوسه‌ر خۆی.