چیای سەگە بازوو – جێنگیز ئیتماتۆف – وەرگێڕانی تۆفیق ئەحمەد عەبدول
ڕۆمانی “چیای سەگە بازوو“ ڕۆمانێکی کورت و جوانی ڕۆماننووسی قەرەغیزی `جەنگیز ئیتماتۆف`ە. ئەم نووسەرە لە ساڵی ١٩٢٨ لە `قەرەغیزیا` لەدایکبووە، یەکێک بووە لە نووسەرە بەناوبانگەکانی زەمەنی یەکێتی سۆڤیەت، لە ساڵی ٢٠٠٨ لە شاری نورنبێرگ لە ئەڵمانیا کۆچی دوایی کردووە.
یادەوەری من لەگەڵ ئەم ڕۆمانە (چیای سەگە بازوو) دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای نەوەدەکان کاتێک من و مامۆستا `تۆفیق ئەحمەد عەبدول` پێکەوە مامۆستای کۆلێژی سەربازی بووین لە قەڵاچوالان. من مامۆستای دەروونزانی کۆمەڵایەتی – سەربازی بووم، و ئەویش مامۆستای زمان و ئەدەبی ئینگلیزی. یەکەمین دەرچووانی ئەم کۆلێژە، خوێندکاری ئێمە بوون. من ئەرکی پەروردەکردن و هۆشیاریی سایکۆلۆژیی پاشان سیاسی، ئەم خوێندکارانەم لە ئەستۆ گرتبوو، مامۆستاش زمان و ڕۆشنبیری ئینگلیزی. بەو هیوایە کارمان دەکرد کە ئەم خوێندکارانە لەسەر مۆدێلی ئەفسەرانی بەعس بەدئەخلاق و نامرۆڤانەیان لێ دەرنەچێت. بە هەر حاڵ، هیوادارم خوێندکارەکانمان کە ئێستا پلەداری گەورەن لە کوردستان و ئێراق دا، سوودیان لە وانەکانی سایکۆلۆژیا و ئەدەبی ئینگلیزی وەرگرتبێت؛ تاوەکو ئێستاش زۆربەیان لێم دانەبڕوان و هاوڕێی و خۆشەویستیمان بەردەوامە و هەندێکیشیان لەشەری ناوخۆ و شەڕی قاعیدە شەهید بوون، ڕۆحیان ئاسوودە و سەرفراز بێت.
ئیدی ئەو زەمەنە لە زۆرانبازیماندا لەگەڵ هەندێک لە ئەقڵیەتی میلتاری سووپای بەعس، کە دەیویست کۆلیژی سەربازی کوردستان بکاتەوە بە کۆپیەکی تری ئەم سووپا شکست خواردووە و دۆڕاوەی بەعس. من و مامۆستا تۆفیق ڕۆژانە لە ڕووی ڕۆشنبیری و سیاسیەوە خۆێندکارەکانمان بە دەرزی نەخۆشی دژە بەعسیبوون، دەکوتا… لەم زۆرانبازیەدا، لەم کێشمەکێشمی دوو خەوبینەردا، بەیانییەک مامۆستا `تۆفیق عەبدول` بەخۆی و دەفتەرێکی نانەوای زلەوە لە کۆلیژ سەرقاڵی نووسین بوو، باسی ئەوەی بۆ کردم کە دوێنێ ڕۆمانێکی جەنگیز ئیتماتۆفی دەستکەوتووە و تاوەکو درەنگ خوێندویەتەوە و هەر ئەم بەیانییەش بڕیاڕیداوە وەریبگێڕێتە سەر زمانی کوردی.
مامۆستا ئەو کتێبەی لەلای هاوڕێمان(عەباس شوان) دەست کەوتبوو. عەباس شوان ئەوسا لە سەروو `بەردەرکی سەرا` کتێبخانەیەکی بچووکی هەبوو، بانگەشەی بۆ `ئەدەبی کرێکاری` دەکرد. کارێکی جوان بوو لە ڕۆحێکی چەپڕەوانەی تەوباویەوە، سەرچاوەی هەڵگرتبوو. کارێک بێ بەرامبەر و پڕ کێشە و گرفت بوو، ئامانجی تەنها هۆشیاریکردنەوەی کرێکاران بوو. ئەم هاوڕێشەمان وەک سەدان لە ڕۆشنبیرانی دیکە بە دڵشکاویی سەری هەڵگرت و ئێستا لە وڵاتی فیلاند دەژی.
مامۆستا `تۆفیق عەبدول` نوسخە عەرەبیەکەی دەست کەوتبوو، بەناوی ( الكلب الأبلق الراكض على حافة البحر – سەگێکی ڕاکردووی کەنار دەریا) و ئیدی ڕۆژانە لەو دەفتەرە زلەدا خەریکی وەرگێڕانی بوو. ئەو زەمەنە نە کۆمپیوتەر هەبوو، نە ئێمەش تایپڕایتەرمان هەبوو، نە گۆڤاری ئەدەبی هەبوو، بەرهەمەکانمانی تێدا بڵاوبکەینەوە؛ وڵات تاریک و برسی، گەمارۆی ئابووری هەمووانی هیلاک کردبوو، خۆمان تازە لە خەنگی کوێت و ڕاپەڕین هاتبووینە دەرەوە، کەچی لە لێوار شەڕی براکوژیدا بووین. ئاوەها، تاوەکو من بەهۆی شەڕی خۆکوژییەوە لە ساڵی ١٩٩٤کوردستانم جێهێشت، وەرگێڕانەکە لەو دەفتەرە زلەدا، لەسووڕی متبووندا بوو.

دوای چەند ساڵێک ئەم ڕۆمانە لەسەر ڕۆنیۆ چاپ دەبێت و بەدیاریکراویی بڵاودەکرێتەوە، پاشان لەگەڵ هاتنی ئینتەرنێت مامۆستا تۆفیق عەبدول ئینگلیزیەکەی دەستدەکەوێت کە هەمان ناونیشانی عەرەبیەکەیە Spotted Dog Running On Seashore `سەگێکی ڕاکردووی کەنار دەریا` ئەوسا بەراوردکاری دەقەکۆنەکەی خۆی و ئینگلیزییەکە دەستپێدەکات و جارێکیتر دەقەکە دەوڵەمەند دەکات بە وەرگێڕانە ئینگلیزییەکە.

گرنگی وەرگێڕانە کوردییەکە ئەوەیە کە هەم ئینگلیزییەکە و هەم عەرەبییەکە، وەک خۆی وشەیی ناونیشانەکەیان وەرگێڕاوە، بەڵام ئەوەیان لە بیرچووە کە لە ڕۆمانەکەدا هیچ سەگێک بوونی نییە، بەڵکو ئەوەی ئیتماتەف دەیەوێت لەم ناونیشانە دا بەرجەستەی بکات، شێوازی ڕوانینی شاخەکەیە کە لە سەگێکی بازووی بەڵەک بەڵک دەچێت، کە مرۆڤ وەها هەستدەکات ڕاکەڕاکێتی لەسەر ئەو کەنارە؛ تۆفیق عەبدول تەواو ئەو ڕوانینەی ئیتماتۆفی گواستۆتەوە و ناونیشانەکەی کردووە بە (چیای سەگە بازوو). بەمجۆرە ئەم کتێبە جارێکیتر چاپ دەبێتەوە و چاپ و بڵاوکراوەی ئەنجوومەنی ئەدیبان چەند جار چاپی دەکەنەوە. وەرگێڕانێکە لە خوێندنەوەی تێر نابیت.
بە گشتی بێمە سەر (جەنگیز ئیتماتۆف) یان چاکتر وایە بڵێم (ئیتماتەف) وەک چۆن بە ڕووسی وەها گۆ دەکرێت، ڕۆمان و کورتە چیرۆکەکانی پابەندن بە ژیان و کولتوری قەرەغیزییەکان، بە شێوازی ژیانیانیان، بیرکردنەوە و مامەڵەیان لەگەڵ دونیا. نووسەرێکە نێزیکە لە مرۆڤی سادە بە بێئەوەی ئایدیای گەورە سەری لێ شێواندبێت، بە سادەیی و ڕوونی مامەڵە لەگەڵ دەوروبەردا دەکات. ڕۆمانی `چیای سەگە بازوو` یەکێکە لەو ڕۆمانە گرنگانەی دەربڕینی زۆرانبازی نێوان مرۆڤ و سروشتە؛ باوک و کوڕ و مام و باپیرە بە کەنار ئەو شاخە مەزنەدا تێدەپەڕن کە دەکەوێتە سەر کەناری دەریا، شاخەکە تەواو لە سەگێکی بەڵەک بەڵەک دەچێت، کە وەرگێڕ بە `سەگە بازوو` کورداندویەتی… ئیدی لە کوێدا سەگە بازوو جێدەهێڵیت لەوێدا زێد و نێشتمان دووردەکەوێتەوە، لە کوێشدا دوورکەوتیتەوە لە زێدی خۆت شەڕی ژیان و مەرگ لە پێناو مانەوەدا دەستپێدەکات.
سێ نەوە لە یەک بەلەمدا بەرامبەر دەریا دەبنەوە، سێ نەوە، کوڕ و باوک و باپیرە… ئیدی حیکمەتی ژیان و حیکمەتی سروشت تێکەڵی یەکتر دەبن، چارەنووسەکان دیاری دەکەن. لێرەوە ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە دەستپێدەکات و خوێنەر دەچێتە دونیای ڕاوچییە قەرەغیزییەکانەوە، هەناسە و هیواکانیان، تێڕوانین و تووڕەبونەکانیان، خەم و خەونەکانیان لەسەر شانۆی یەک `شوێن` دا ڕوودەدەن ئەویش بەلەمەکەیە، بەلەمێک بەرامبەر بێکۆتایی سروشت و خەونی سێ نەوەی خێزانێکە بە ژیانێکی ئاسوودەوە.
دیارە ئەوەی جێگەی سەرنجە لەم وەرگێڕانەدا، زمانی گێڕانەوەی ئیتماتۆفە کە زەنگیانەیی و نەرمە، سادەیە و کەم مەسرەفە لە بەکارهێنانی وشەکان، لەپشت هەر دێڕێکەوە جوانییەک وەستاوە کە وەرگێرەکەی مامۆستا تۆفیق ئەحمەد عەبدولە، کە نەک بەم زمانە وێراوە، بەڵکو بە جۆرێک کورداندوویەتی کە وەها هەست دەکەیت ئیتماتەف لە کوردستان لەدایکبووە و بە کوردیی ئەم ڕۆمانەی نووسیوە. ئەمەش گرنگی وەرگێڕانەکەیە، کە `وشەیی` نییە و لەژێر ناوی ئەمانەتی دەقە وە دەقێکی کاڵوکرچمان پێشکەش ناکات، بەڵکو هەناسەی ڕۆماننووسەکە و ڕیتمی جۆراوجۆری ڕۆمانەکەمان بە زارێکی کوردی ساف و ڕوون، و بێ گرێ و گۆڵ پێشکەش دەکات. مامۆستا تۆفیق عەبدول زۆربەی کتێبەکانی دیکەی ئیتماتەفی وەرگێڕاوە بە کوردی لەوانە؛ `جەمیلە` و `نەونەمامە لەچک سوورەکە` و ` هەورەسپییەکەی جەنگیزخان یان ئیعدامێک لە سارۆزیک` خوێنەری ئازیز دەتوانێت بە دووی وەرگێڕانەکانی مامۆستا تۆفیق ئەحمەد عەبدول دا بگەڕێت؛ هیوای تەمەن درێژی و تەندروستی بۆ دەخوازین.
