هه‌روه‌ك چۆن ژنان به‌هۆی خه‌نه‌و وسمه‌و بۆیه‌كردنه‌وه بیریان چووه‌ته‌وه ڕه‌نگی ئه‌سڵی قژی خۆیان چۆنە، منیش به‌هۆی ئه‌و ده‌رمانانه‌وه شێوه‌ی ئه‌سڵی خۆمم بیرچووه‌ته‌وه. ئای چیم به‌خۆم كرد، سندانم له‌و ڕۆژه‌دا كه بووم به دكتۆر.. حه‌ب و شروب بوو به‌ده‌رد نه‌ك ده‌رمان…
ئه‌مه ده‌رده دڵی ئەو بوو كاتێ خه‌ڵكی ده‌هاتنه سه‌ری و گه‌مه‌یان پێده‌كرد. چاوه‌كانی ده‌نوقاندو ده‌ستی ده‌گرت به‌گوێیه‌كانییه‌وه‌و پڕ به‌دنیا ئه‌یشیڕاند: لێم گه‌ڕێن ئاژه‌ڵینه، وازم لێبێنن… خه‌ڵكه‌كه‌ش هه‌موو قاقا پێی پێ ده‌كه‌نین و هۆی هایان لێ ده‌كرد. منی بێ ئاگا له‌ناو ده‌نگی قاقای پێكه‌نیندا ده‌مپرسی ئه‌رێ ئه‌م پیاوه بۆ وای لێ به‌سه‌ر هاتووه؟ كه‌س وه‌ڵامی نه‌ئه‌دامه‌وه، هه‌موو پێده‌كه‌نین و ده‌یانگوت « دكتۆر غۆریلا به‌زمت خۆشه ها.» ئه‌رێ كه‌سێك وه‌ڵامم بداته‌وه ئه‌م به‌دبه‌خته بۆ وای لێ هاتووه!؟ له‌و كاته‌دا ژنێكی ناسك و جوان، پێ ده‌چوو ته‌مه‌نی له‌ده‌وروبه‌ری چل ساڵێكدا بێت، له‌سه‌عدونی ده‌ڕوانی و ده‌گریا.
ئه‌و ژنه خاتوو شه‌یدا بوو، ژنی دكتۆر سه‌عدون. وه‌ختێ گوێی له من بوو، هات به‌ده‌نگمه‌وه و له قه‌ره‌باڵغییه‌كه دووركه‌وتینه‌وه، له‌ژێر سێبه‌ری دره‌ختێكدا له‌سه‌ر یه‌كێ له ستوڵه‌كان دانیشتین، خاتوو شه‌یدا ڕوخساری له‌ناوده‌سته‌كانیدا شارده‌وه و ده‌ستی به‌وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره‌كه‌ی من كرد» حیكایه‌تی ئه‌م سه‌عدونه سه‌یر و سه‌مه‌ره‌یه، ئه‌م به‌د به‌خته ئیشه‌كه‌ی خۆی لێ گۆڕا و تووشی خو و خده‌یه‌كی سه‌یر بوو، من و سه‌عدون ساڵانێك ژیانێكی خۆش و ئاسایی و بێكێشه‌مان به‌سه‌ر ده‌برد، باری داراییمان زۆر باش بوو، ده‌رمانخانه‌كه‌مان نه‌ك له شاردا بگره له سه‌رانسه‌ری وڵات‌دا ناوبانگی دەركردبوو، به‌شێكی زۆر له خه‌ڵكی له‌م سه‌ر و ئه‌و سه‌ری وڵاته‌وه به‌سه‌ر ئه‌و هه‌موو ده‌رمانخانه‌یه‌دا ده‌هاتن بۆ ده‌رمانخانه‌كه‌ی ئێمه، چوون پێیان وابوو داوده‌رمانی ئێمه شیفایه، زۆرێكیان ده‌یانگووت؛ (ئه‌م سه‌عدونه نابووت و ناشیرینه ده‌ستی شیفایه، ده‌ڵێی شێخه.) هه‌رواش بوو ده‌رمانی به‌هه‌ر كه‌س ده‌دا چاكده‌بووه‌وه، ئاخر سه‌عدون ساڵانێكی زۆر بوو له‌ناو تۆزی ده‌رمان دا ژیابوو. پێش ئه‌وه‌ی بچێته كۆلێژی ده‌رمانخانه وه‌ك دایكی بۆی گێڕاومه‌ته‌وه ئه‌م كوڕه‌ی ئه‌و هه‌میشه به‌دوای ده‌رمانه‌وه بووه و هیوایه‌تی تێكه‌ڵكردنی ده‌رمان و دروستكردنی ده‌رمان بووه، له‌گژوگیا و ڕووه‌ك، هه‌رچی جۆری ڕووه‌ك هه‌بوو له‌م سه‌رزه‌مینه ده‌یناسی، ده‌یزانی بۆ چ جۆره نه‌خۆشییه‌ك چ جۆره ڕووه‌كێك باشه. زانكۆی ته‌واوكرد و ده‌رمانخانه‌یه‌كی بچووكی کردەوە و ورده ورده ده‌ستی به‌كاری ده‌رمان فرۆشی كرد و له پاڵیدا بۆ خۆشی سه‌رقاڵی دروستكردنی ده‌رمان بوو له گژوگیا. كه من شووم پێكرد چوار ساڵ بوو ده‌رمانخانه‌كه‌ی دامه‌زراند بوو، سه‌ره‌تا بۆ من قورس بوو بتوانم له‌و دۆخه‌دا هه‌ڵ بكه‌م، ماڵێك پڕ له حه‌ب و شروب و ده‌رزی…ته‌نانه‌ت ژووری نووستنه‌كه‌ش پڕ بوو له‌ده‌رمان، ماڵه‌كه‌مان له ده‌رمانخانه‌كه‌مان ده‌رمانی زۆرتری تێدا بوو، له ڕاستیدا ماڵه‌كه‌ی كردبوو به‌ده‌رمانخانه، زۆری ویست تا ڕاهاتم له‌گه‌ڵ ئه‌و ماڵه‌دا، چه‌نده‌ها شه‌و له‌به‌ر بۆنی ده‌رمان خه‌وم لێ نه‌ده‌كه‌وت، كاتێ ده‌رده‌دڵم بۆ سه‌عدون ده‌كرد، ده‌یگووت؛ (ڕادێی، ورده ورده كونه لوته‌كانت ده‌گیرێن وئیتر ئه‌و هه‌سته‌ت نامێنێ…) زۆرجار ده‌ترسام له‌كاتی ئاماده‌كردنی خواردندا له‌بری خوێ و كاری و به‌هارات ده‌رمان بكه‌مه چێشته‌كه‌وه، چه‌نده‌ها جار له ترسا نانم بۆ نه‌خوراوه و ئیشتیهای خواردنم نه‌بووه. سه‌عدون پێده‌كه‌نی و ده‌یگووت؛ (ئێ تۆ خۆت ئاماده‌تكردووه كه‌چی متمانه‌ت به خواردنه‌كه نییه، به‌ڵام ئه‌وه‌تا من ده‌یخۆم و فشه‌م پێدێ، ژنه‌كه مه‌ترسه باوه‌ڕت بێت داوده‌رمان فشه‌یه، ده‌رده‌دارێك نییه له‌م سه‌رزه‌مینه‌دا به‌ده‌رمان چاك بووبێته‌وه…هه‌موو نه‌فسییه.. واهیمه‌یه تووشی مرۆڤه‌كان ده‌بێ و به‌شێكی زۆری چاره‌سه‌ر متمانه‌ی نه‌خۆشه‌كانه به كاكی دكتۆر.).
سه‌عدون گووته‌نی له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه‌دا ڕاهاتم، كونه لووته‌كانم پڕبوون له‌بۆنی ده‌رمان، به‌هۆی زۆری كڕیاره‌كانه‌وه ورده ورده ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌بووین. بووین به‌خاوه‌نی جوانترین ترومبێل و كۆشكی گه‌وره، كار به‌وه‌گه‌یشت بووین به‌خاوه‌نی باڵه‌خانه‌ی به‌رز و هه‌ر به‌خێری ده‌رمان كارگه‌یه‌كی ده‌رمانمان دامه‌زراند و له‌گه‌ڵ كارگه گه‌وره‌كانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات‌دا بۆ هێنانی ده‌رمان په‌یوه‌ندی دەستکرد، ئیتر له‌ناو خه‌ڵكدا ناو و ناوبانگمان ڕۆیشت، له‌سه‌ر زاری خه‌ڵكی بووین، لای هه‌ندێك سه‌عدون به فریادڕه‌سی نه‌خۆشه‌كان ناوی ده‌ركردبوو، لای هه‌ندێكی تر به قاچاخچی ده‌رمان. هه‌ندێك ده‌یانگووت: ساحیری ده‌رمانه سیحرییه‌كان وهه‌ندێكی تر ده‌یانگوت: جه‌للادی ژه‌هرە و… ئیتر ئاوها بوو، كاتێ تۆ ناودار ده‌بی، ده‌بێ چاوه‌ڕێی تانه‌وته‌شه‌ری خه‌ڵكیش بكه‌یت، وه‌ك سه‌عدون ده‌یگوت» وابزانه گوێت له‌و قسانه نه‌بووه، ئه‌و گوێیه‌ت بگره كه ئه‌و قسانه ده‌بیستێ و ئه‌و گوێیه‌ت قووت بكه‌ره‌وه كه مه‌راییت بۆ ده‌كه‌ن و مه‌تحت ده‌كه‌ن. ئه‌و قسانه مه‌بیسته كه نه‌یاره‌كانمان بڵاوی ده‌كه‌نه‌وه، گوێ بۆ ئه‌و زارانه ڕادێره كه دڵسۆزمانن.»
زوو زوو ده‌مگوت: سه‌عدون ده‌ترسم به‌چاوه‌وه بین.
ئەو هه‌ر بۆ خۆشی ده‌نكێ حه‌بی قووت ده‌دا و ده‌یگوت: فشه‌یه چاو و شتی وا هەر نییه. ته‌نێ ئاگامان له نه‌یاره‌كانمان بێ و به‌س.
به‌وجۆره سه‌روه‌ت و سامان و ناوبانگمان به‌یه‌كه‌وه له‌به‌رزبوونه‌وه‌دا بوون، به‌جۆرێك نه من و نه سه‌عدون ده‌ره‌قه‌تی حیساب و كیتاب نه‌ده‌هاتین، و به ڕۆژ سه‌رقاڵی فرۆشتنی ده‌رمان بووین و به شه‌ویش من سه‌رقاڵی پاره ژماردن و حیساب بووم و سه‌عدونیش له‌گه‌ڵ شاگرده‌كانیدا له‌ژێر زه‌مینی ماڵه‌كه‌دا سه‌رقاڵی دروستكردن و گرتنه‌وه‌ی ده‌رمانه‌كان بوو. شه‌و دره‌نگان له هیلاكیدا به‌ده‌م پاره ژماردنه‌وه خه‌وم لێده‌كه‌وت و ئەویش له‌ناو تۆزی ده‌رمانه‌كاندا خه‌و ده‌یبرده‌وه و به‌ره‌به‌یان به‌خه‌به‌ری ده‌هێنام و ده‌یگووت ؛(هه‌سته با ده‌رمانێ بڕێژم.) خۆ تێده‌گه‌ی واته باجووت بین! سه‌عدون ئه‌گه‌ر زه‌وقی هه‌ستابایه وای ده‌گووت… ساڵه‌هایه‌ك به‌و شێوه‌یه ژیاین، هه‌ر سێ منداڵه‌كه‌مان به‌و جۆره خوڵقاند، هیچكام له‌منداڵه‌كان به‌ناز و خۆشه‌ویستی من و ئەو گه‌وره نه‌بوون، هه‌رسێكیان له‌باوه‌شی دایه‌ندا گه‌وره بوون، هه‌ر بۆیه كاتێ باوكیان ئاوهای لێ به‌سه‌رهات ئه‌وان نه‌ك به‌زه‌ییان پێیدا نه‌هاته‌وه بگره وه‌ك خه‌ڵكی گاڵته‌یان پێده‌كرد… ئه‌م ژیانه ده‌وڵه‌مه‌ندانه و پڕ سه‌ختییه به‌رده‌وام بوو تا ڕۆژێك كچێكی جوان هاته ده‌رمانه‌خانه‌كه‌مانه‌وه، ئه‌و كچه خوێندكاری كۆلێژ بوو، تا بڵێی جوان و ناسك بوو، ته‌نها یه‌ك كێشه‌ی هه‌بوو، ئه‌ویش ئه‌وه بوو سمت و كەفەڵی پووت بوو، ئه‌مه به‌لای خۆیه‌وه بوو بوو به‌عه‌یبه‌یه‌ك و زۆری له‌دڵگران بوو، وه‌ك خۆی ده‌یگووت؛ (ده‌رپێكه‌م پڕ ده‌كه‌م له‌ئیسفنج تاوه‌كو تۆزێك سمتم به‌رز بێته‌وه…) جا ئه‌و ڕۆژه هاتبوو بۆ لای ئێمه تاوه‌كو سه‌عدون ده‌رمانێك، چاره‌سه‌رێكی بۆ بدۆزێته‌وه وه‌ك خۆی ده‌یگووت؛ له‌و عه‌یبه گه‌وره‌یه ڕزگاری بێت… به‌سه‌عدونی ده‌گووت؛ (دكتۆر ده‌مه‌وێت ده‌رمانێكم بۆ بگریته‌وه سمتم به‌جۆرێك گه‌وره بێت كه هه‌روه‌ك چۆن به‌ڕوخسارم ڕوانینی هه‌موو كوڕانی زانكۆم داگیركردووه، ئاوهاش به‌جوانی سمتم سه‌رنجی هه‌مو زانكۆكه ڕاكێشم، ده‌مه‌وێت كاتێ به نێو زانكۆدا ده‌رۆم چۆن هه‌موو له پێشه‌وه سه‌یرم ده‌كه‌ن، ئاوهاش له‌پاشه‌وه سه‌یرم بكه‌ن و وه‌ك سه‌گ حه‌په حه‌پ به‌دوامدا بێن.» كاتێ ئه‌و كچه به‌و شێوه‌یه قسه‌یده‌كرد من زۆر په‌ست بووم، ترسی سه‌عدونم نه‌بایه به‌پاڵ ده‌مكرده ده‌ره‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌م نه‌كرد، ئه‌و قسه‌یه‌ی سه‌عدونم بیركه‌وته‌وه كه هه‌میشه ده‌یگووت؛ (ئێمه كارمان به‌خه‌ڵك چییه؟ كاروكه‌سابه‌تی خۆمان ده‌كه‌ین، نانی گه‌مژه‌یی خه‌ڵك ده‌خۆین…) بێهۆ نه‌بوو هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه ڕقم له‌و كچه بوو، ئه‌و به‌ره‌ڵڵایه ژیانی ئێمه‌ی فه‌وتاند، ئه‌و ڕۆژه كاتێك هاته ده‌رمانخانه‌كه‌مانه‌وه و به‌و جۆره قسه‌یكرد، سه‌عدون به چاوه حیزه‌كانی سه‌یرێكی سمتی كرد و گووتی؛ ئه‌و ده‌رمانه‌مان هه‌یه، به‌ڵام ده‌بێ بیگرمه‌وه، كاتی ده‌وێت هه‌فته‌یه‌كی پێده‌چێ، پاشان ده‌رمانێكت بۆ دروستده‌كه‌م ئه‌و سمته پووته‌ت وه‌ها گه‌وره ده‌بێ وه‌كی ئه‌وه‌ی كابرای لێ دێ، ئه‌و ژنه مه‌شهوره‌كه…كچه له‌خۆشیدا له‌پی ده‌ستی له‌یه‌كتر ده‌سووی و له‌یه‌ك پێ سوپاسی ده‌كردین. سه‌عدون وتی:سوپاسی ناوێ، من به‌خۆڕایی ئه‌وه‌ت بۆ ناكه‌م، ئه‌وه شه‌ش سه‌د و په‌نجا دۆلاری ده‌وێت. كچه‌كه زۆر به‌بێخه‌مییه‌وه گوتی: هیچ نییه.
سه‌عدون: ده‌بێ پێشه‌كی پاره‌كه بده‌یت.
كچه‌كه زنجیری جانتاكه‌ی كرده‌وه و سه‌فته‌یه‌ك پاره و دۆلاری ده‌رهێنا و كاش پاره‌كه‌ی دا و گووتی: بای دكتۆر، له‌سه‌ر قسه‌ی خۆت پێنج شه‌ممه‌ی داهاتوو دێمه‌وه.
سه‌عدون به‌ده‌ستی ڕاستی وه‌ڵامی خواحافیزییه‌كه‌ی دایه‌وه و كاتێ كچه چووه ئه‌و دیوی جامخانه‌كه‌وه له‌ژێر لێوه‌وه گووتی: بای قنگ پووت.. به‌ڵێن بێت ئه‌و قنگه پووته‌ت بۆ بكه‌م به‌ده‌هۆڵ. من به‌توڕه‌ییه‌وه گوتم: باشه ئیتر بیبڕه‌ڕه‌وه.
سه‌عدون: هاهاهاها… چییه توڕه بووی؟
منیش گووتم؛ نه‌خێر توڕه نه‌بووم، به‌ڵام بێتامی مه‌كه، به‌سه، ئه‌وه‌نده به‌ده‌م ئه‌و به‌ڕه‌ڵڵایه‌وه پێمه‌كه‌نه.
سه‌عدون پاره‌كه‌ی خسته ناو ده‌خیله‌كه‌وه و گووتی: هه‌ی بێ مێشك دڵ له من پیس ده‌كه‌یت بۆ من جگه له‌حه‌ب و شروب كاتم هه‌یه له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی تردا بیبه‌مه سه‌ر؟!
دوای هه‌فته‌یه‌ك (قنگ پووت) له‌پاش نیوه‌ڕۆی پێنج شه‌ممه له وه‌خت و سه‌عاتی مه‌وعیده‌كه‌دا خۆیكرد به‌ژوورا و گووتی: هاتمه‌وه دكتۆر.
سه‌عدون كیسه‌یه‌ك ده‌رمانی پێدا و ده‌ستیكرد به‌ڕێنمایی كردنی كچه‌كه چۆن ده‌رمانه‌كان به‌كار بهێنێ.. كچه‌ش خه‌یاڵی لای ڕووخساره ناشیرینه‌كه‌ی سه‌عدون بوو، له‌پڕ هات به‌ده‌میا گووتی: دكتۆر به‌ڕاست تۆ چاره‌سه‌ری هه‌رچی ده‌رد هه‌یه ده‌یكه‌یت، ئه‌ی بۆچی بیرت له‌وه نه‌كردوه‌ته‌وه ده‌رمانێك دروستبكه‌یت بۆ ئه‌و ڕوخساره نابووت و ناشیرینه‌ی خۆت؟…سه‌عدون به بیستنی ئه‌و قسه‌یه دۆشداما و كزبوو. من توڕه بووم بۆی چووم و به پاڵ كردمه ده‌رێ. كچه‌ی قنگ پووتیش له‌سه‌ر یه‌كه ده‌یگووت: داوای لێبووردن ده‌كه‌م وه‌ڵڵا نه‌مزانی ئاوا بێتاقه‌ت ده‌بێ…
دوای ئه‌و قسه‌یه ئیتر سه‌عدون هه‌موو خه‌یاڵ و بیركردنه‌وه‌ی لای ئه‌وه بوو چۆن ده‌رمانێك دروستبكات بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و ڕووخساره ئاوڵاوییه‌ی كه تا ئه‌و چركه ساته نه من و نه خۆشی بیرمان له‌وه نه‌كردبووه‌وه و نه‌مان كردبوو به‌كێشه، من هه‌میشه پێمده‌گووت « گیانەکەم بۆ خه‌م ده‌خۆی، من ڕۆحی تۆم خۆشده‌وێت، ئه‌وه چه‌ند ساڵه به‌یه‌كه‌وه‌ین، به‌خۆشی ژیاوین و یه‌كتریمان خۆش ده‌وێت، ئیتر ئێستا ئاوڵه‌ی ده‌موچاوت بۆ ببێت به‌كێشه؟! هه‌ر بیریشی لێ مه‌كه‌ره‌وه…
ئه‌م قسانه سوودی نه‌بوو، شه‌و و ڕۆژ بیری له‌وه ده‌كرده‌وه، تا ده‌رمانێكی دروستكرد، به‌ڵام ئه‌و ده‌رمانه كاره‌كه‌ی ئاڵۆزتركرد، ڕاسته له ئاوڵه ڕزگاری بوو، لێ ئه‌مجاره تووشی گرفتێكی تر بوو، ڕوخساری مۆر هه‌ڵگه‌ڕا، به‌تایبه‌تی كاتێ ئاڕه‌قی ده‌كرده‌وه ڕوخساری به‌جۆرێك مۆر ده‌بووه‌وه ده‌تگووت خوێنی تێزاوه. ماوه‌یه‌كی دیكه بیری كرده‌وه و ئینجا ده‌رمانێكی تری دروستكرد، ئه‌وه‌ش سوودی نه‌بوو، له مۆربوونه‌وه ڕزگاری بوو، ئینجا تووشی ده‌ردێكی تر بوو، وه‌ك مار چۆن كاژی فڕێده‌دا، پێستی ڕووخساری هه‌ڵده‌وه‌ری…سه‌عدون سوور بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌بێ ده‌رمانێك دروستبكات تا له‌و كێشانه ڕزگاری بكات، منیش هه‌میشه ده‌مگووت: وازبهێنه با تووشی به‌ڵایه‌ك نه‌بیت. ئه‌مه یارییه‌كی ترسناكه تۆ له‌گه‌ڵ خۆت ده‌یكه‌یت، تكایه، تكایه واز له‌و یارییه بهێنه. ئینكاربوو، كۆڵی نه‌دا تا ئه‌وكاته‌ی ده‌رمانێكی دروستكرد، ئه‌مجاره ڕزگاری بوو له پێست هه‌ڵدان و ڕوخساری سپی بووه‌وه. سه‌عدون وه‌ختێ له‌به‌ر ئاوێنه‌دا ڕووخساری سپی خۆی بینی له خۆشی‌دا خه‌نی بوو، هاواریكرد؛ ژنه‌كه وه‌ره سه‌یر بكه بزانه چه‌ند ناسك و قۆز بووم… من به‌خۆشییه‌وه باوه‌شم پێیداكرد و گووتم؛ شوكور بۆ خوا له‌و به‌ڵایه ڕزگارت بوو، ده‌ئیتر واز له ده‌رمان خواردن بهێنه…به‌ڵام تازه ئەو تووشی نه‌خۆشی شێوه گۆڕین بوو، ماوه‌یه‌كی پێچوو، ڕۆژێك گووتی: ته‌واو ئیتر له‌سپی پێستی بێزار بووم، ئینجا ده‌رمانێك ده‌گرمه‌وه ئه‌مجار حه‌ز ده‌كه‌م پێستی خۆم بكه‌م به بڕۆنزی… سه‌عدون له‌سه‌ر یاری پێست گۆڕین و شێوه سیحرییه‌كان به‌رده‌وام بوو، هه‌ر جاره ڕه‌نگ و شێوه‌یه‌كی وه‌رده‌گرت. زۆر ده‌ترسام، هه‌میشه ده‌مگووت ؛ (سه‌عدون ده‌ست له‌م یارییه هه‌ڵگره، ترسناكه). سوودی نه‌بوو هه‌میشه و به‌و په‌ڕی غروره‌وه ده‌یگووت؛ (هه‌موو شتێك به‌ده‌ستی خۆمه. خه‌مت نه‌بێ)…ئه‌م یارییه‌ی سه‌عدون درێژه‌ی كێشا و هه‌رجاره وشێوه‌ی خۆی به‌جۆرێك ده‌گۆڕی. له‌و دۆخه بێزار بووم، ته‌واو بێتاقه‌ت بووم، چه‌ندین جار به‌شه‌ڕهاتین. سه‌عدون تكایه به‌سه، بێزاربووم، به‌سه ئیتر یاریم له‌گه‌ڵ مه‌كه.
ئەو به‌پێكه‌نینه‌وه ده‌نكێ حه‌بی قووت ئه‌دا و په‌رده‌ی په‌نجه‌ره‌كه‌ی له خۆیه‌وه ده‌ئاڵاند و قه‌ده‌رێك ستاری ئه‌گرت و پاشان په‌رده‌كه‌ی لاده‌بردو ده‌یگووت: بڕوانه ئه‌ها ڕه‌نگی ڕووخسارم بوو به‌ڕه‌ساسی. ده‌نكێ حه‌بی دیكه‌ی قووت ئه‌دا و پاشان ده‌چووه‌وه پاڵ په‌رده‌كه و دیسانه‌وه په‌رده‌كه‌ی لاده‌برد و ده‌یگووت؛ (ئێستا چ ڕه‌نگم؟!…من به‌بێزارییه‌وه ده‌مگووت؛ به‌سه ئیتر وازبهێنه، یاریم له‌گه‌ڵ مه‌كه سه‌عدون…نه‌خێر سوودی نه‌بوو، سه‌عدون له‌سه‌ر ئه‌و یارییه به‌رده‌وام بوو، تا شه‌وێك ده‌رمانێكی گرته‌وه و گووتی؛ژنه‌كه بزانه ئه‌م جاره چی له‌خۆم ده‌كه‌م، ئه‌م ده‌رمانه ده‌مكات به جوانترین و به‌ژن بڵندترین پیاوی دنیا…سه‌عدون ده‌نكێ حه‌بی قووتدا و چووه ژێر به‌تانییه‌كه‌وه. دوای چه‌ند خوله‌كێك له‌ژێر به‌تانییه‌كه‌وه نه‌ڕاندی و به‌تانییه‌كه‌ی لابرد، چی ببینم؟! سه‌عدون بوو بوو به‌غۆریلا. په‌لاماریدام، قیژاندم، هه‌رچۆنێ بوو خۆم ده‌رباز كرد، ڕامكرده كۆڵان، هاوارم كرد…
له ده‌نگی قیژه و هاواری من هێنده‌ی نه‌برد ژن و پیاو و گه‌نج و پیری گه‌ڕه‌ك له‌به‌ر ده‌رگای ئێمه كۆبوونه‌وه، گه‌ڕه‌ك جمه‌ی ده‌هات له پۆلیس و خه‌ڵك. ده‌مقیژاند و ده‌مگووت: منداڵه‌كانم، منداڵه‌كانم له‌نهۆمی سه‌ره‌وه‌ن…پۆلیسه‌كان له‌سه‌ربان و له‌حه‌وشه‌ی پێش و پاشه‌وه بۆی چوون، هه‌رچه‌ندیان ده‌كرد نه‌یانده‌وێرا بچنه‌پێشه‌وه، ئێ ناهه‌قیان نه‌بوو په‌لاماری هه‌موو كه‌سێكی ئه‌دا، پۆلیسه‌كان ته‌قه‌یان لێده‌كرد تابیترسێنن، به‌ڵام ئه‌و ئه‌وه‌نده‌ی تر شێت و هار بوو، پڕ به‌گه‌رووی ده‌ینه‌ڕاند و كه‌له‌ی ده‌كێشا به دیواره‌كاندا. ئه‌و دیمه‌نه هێنده بێتاقه‌ت و غه‌مباری كردم، ته‌حمولی سه‌یركردنم نه‌ما و بوورامه‌وه. ئاخر ده‌مزانی ئه‌وه ئازاری ئه‌و دۆخه‌یه كه به سه‌ری هاتووه و له حه‌ژمه‌تی ئه‌وه‌ی بووه به غۆریلا ئه‌نه‌ڕێنێ…
ئه‌و كه شێوه‌ی ڕووخساری ده‌گۆڕا ئۆقره‌ی له‌به‌ر هه‌ڵده‌گیرا و له‌سه‌ریه‌كه ده‌رمانی تێكه‌ڵ ده‌كرد، چ جای ئێستا بووه به‌غورێلا! ئه‌و شه‌وه هه‌رچۆنێك بوو له‌ڕێگای چه‌كێكه‌وه سێڕه‌یان لێ گرته‌وه و ده‌رزییه‌كیان نابه‌ڕانییه‌وه و بێهۆش بوو، پاشان گواستیانه‌وه بۆ باخچه‌ی ئاژه‌ڵان، جا ئه‌وه‌ی ئێستا تۆ ده‌یبینی له و قه‌فه‌زه گه‌وره‌یه‌دا، ئه‌وه سه‌عدونه بووه به‌گاڵته و مه‌سخه‌ره‌ی خه‌ڵكی. منیش به‌هیوای ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێته‌وه بۆ دۆخی جارانی هه‌موو ڕۆژێك له‌به‌یانی ڕا تا ئێواره دێمه ئه‌م باخچه‌ی ئاژه‌ڵانه و له‌به‌رده‌م ئه‌و قه‌فه‌زە ده‌وه‌ستم و ناوی ده‌رمانه‌كان بۆ سه‌عدون ده‌هێنم تاوه‌كو بیری بكه‌وێته‌وه به‌چ ده‌رمانێك چاكده‌بێته‌وه. به‌ڵام تا ئێستا سه‌عدون ناوی ئه‌و ده‌رمانه‌ی بیرنایه‌ته‌وه كه ده‌یباته‌وه بۆ دۆخی مرۆڤ بوون و به‌رده‌وام ده‌ڵێت: نانا ئه‌وه نه‌بوو، ئه‌وه نییه…