چ ئاكارێك له كوردستانی باشوور زاڵه؟ چ ویستێكی باڵاده‌ست ژیانی ڕۆژانه ئاراسته ده‌كات؟ باشوور له ژێر چ هه‌لومه‌رجێكی ئاكاردا ده‌ژی، جا چ له‌سه‌ر ئاستی تاكه‌كان بێت یان له‌سه‌ر ئاستی تۆڕ و كۆمه‌ڵ و په‌یوه‌ندی و دامه‌زراوه گهورهرهكان بێت؟
من له‌و گریمانه‌یه‌وه ده‌ست پێده‌كه‌م كه ئاكاری زاڵ له باشوور كۆمه‌ڵێك پره‌نسیپ ئاڕاسته‌ی ده‌كات كه له مۆدێلی ژیانێكی به‌رخۆر و بهرژهوهندخوازهوه سه‌رچاوه ده‌گرن، به‌وه‌ی خهمنهخۆریو خۆدزینهوهدوو پاڵنه‌ری ژێره‌كی بڕیاره گرنگ و چارهنووسسازهكانن، ئه‌مه ئه‌گه‌ر شتێك مابێت پێی بوترێت بڕیاری چاره‌نووسساز. بێخه‌میی له هه‌مبه‌ر خه‌مه گشتییه‌كان و خۆدزینه‌وه له ئاست هه‌ڵگرتنی به‌رپرسیارێتی دوو ده‌ركه‌وته‌ی مۆدێلی ژیانی به‌رخۆرن. هه‌ڵوێستی زاڵ هه‌ڵوێستی كه‌مته‌رخه‌می نواندنێكه كه له فۆرمی جیاوازدا خۆی ده‌رده‌خات. جۆرێك له ده‌ستشۆردن و گرنگی نه‌دان هه‌یه. جۆرێك له خۆپه‌رستی به‌رفراوان هه‌یه، هه‌م له‌سه‌ر ئاستی تاكه‌كان و هه‌م له‌سه‌ر ئاستی گروپه‌كان، له نمونه‌ی خێزان، ڕێكخراو، سه‌ندیكا یان دامه‌زراوه‌ی سیاسی. مۆدێلی ژیانی به‌رخۆر و به‌رژه‌وه‌ندخواز ئاكارێكی خۆپه‌رست و بێئه‌مه‌كی هێناوه‌ته كایه‌وه. به‌ڵام ئه‌م قسه‌یه دروست نییه و لێكدژییه‌كی ناوه‌كی له خۆ گرتووه چونكه هه‌روه‌ك چۆن هه‌وڵده‌ده‌م ده‌ریبخه‌م، ئاكار له بنه‌ڕه‌تتدا ده‌بێت ئاكارێكی خه‌مخۆر بێت و له‌گه‌ڵ خوددا به ته‌نگی كه‌سانی تره‌وه بێت. هه‌ربۆیه ڕاستتر وایه بوترێت باشوور له غیابیئاكارێكی بوونیاتنهردا ده‌ژی. ئه‌وه‌ی هه‌یه مه‌یلێكه بۆ خۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردن و ڕاكردن له به‌رپرسیارێتی گشتی، مه‌ترسییه‌كه‌ش له‌وێدایه كه به‌رده‌وامبوونی هه‌وڵدان بۆ تێركردنی ئه‌م مه‌یله، نه‌ك هه‌ر بونیادی گه‌شه‌ی كۆمه‌ڵگا و جڤات لاواز ده‌كات، به‌ڵكو هه‌ڵیده‌وه‌شێنێته‌وه و به‌ره‌و نه‌مانی ده‌بات.
یه‌كێك له هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كانی ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی ئه‌و مۆدێله به‌رخۆره ئه‌وه‌یه مۆدێله‌كه كار له‌سه‌ر غه‌ریزه‌ی چاوبرسێتیو ئاره‌زووی پێشبڕكێكردن ده‌كات، بره‌و به چاوبرسێتییهكی (تهماحكارییهكی) بێ‌سنوور ده‌دات و كێبڕكێ وه‌كو یاسای نه‌گۆڕی ژیانی مرۆڤایه‌تی ده‌ناسێنێت. به شێوه‌یه‌كی سه‌یر و تا ڕاده‌یه‌ك خه‌ماوی، به‌رده‌وامبوونی ئه‌م دۆخه ڕه‌نگه بمانگه‌ڕێنێته‌وه بۆ دۆخی سروشتی وه‌كو ئه‌وه‌ی (تۆماس هۆبز) وه‌سفی ده‌كات، دۆخێك كه تیایدا هه‌موومان له پێناو پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانمان دژ به هه‌موو ئه‌وانی ترین، دۆخێك كه تیایدا مانه‌وه‌ی منله هه‌موو كه‌سێكی تر و شتێكی دیكه گرنگتره و له‌و پێناوه‌شدا ئاسایی ده‌بێت په‌نا ببرێته به‌ر هه‌ر ئامرازێك: ته‌ڵه‌كه‌بازی، درۆكردن، خیانه‌ت، توندوتیژی، كوشتن.
(ل٧٦، ٧٨، Leviathan or the Matter Forme& Power of a Common-wealth Ecclesiastical and Civil).
له‌و دۆخه‌ی هۆبز وه‌سفی ده‌كات، باڵاترین به‌ها مانه‌وه‌یه، له‌م دۆخه به‌رخۆرییه‌ی ئه‌مڕۆشدا باڵاترین به‌ها تا بێت زیاتر و زیاتر ده‌وڵه‌مه‌ندبوونه، واته مانه‌وه له ناو تێڕوانینێكی دیاریكراو بۆ خۆشگوزه‌رانی، بێ گرنگیدان به‌وه‌ی ئه‌و خۆشگوزه‌رانییه چ قوربانییه‌ك ده‌دات به به‌ها مرۆییه‌كان و به خه‌ونه كهسهییهكان و به غه‌مه جڤاتییهكان و به جوانییه نه‌مره‌كان؛ به كورتی، به‌رخۆرییه له به‌رامبه‌ر به قوربانی كردنی ژیانێكی شایسته‌دا. لێره‌دا پرسیاری ژیانی شایسته دێته ئاراوه، هه‌ربۆیه‌ش با له سه‌ره‌تاوه ئه‌و پرسیاره هه‌میشه‌ییه بكه‌ین كه له هه‌ر مۆدێلێكی ژیاندا پێویستی به شیكردنه‌وه و ڕاڤه‌كردن هه‌یه، ئه‌ویش پرسیاری ئه‌وه‌ی: ژیانی ئه‌خلاقی چ ژیانێكه؟ به مانایه‌كی تر: ژیانێكی شایسته له چی پێك دێت؟
گه‌ڕان به دوای دۆزی باڵادا
ئه‌سته‌مه له‌مڕۆدا قسه له‌سه‌ر ئاكار {١} بكه‌ین و به لای تێڕوانینه‌كانی فه‌یله‌سوفی ئوستراڵی (پیته‌ر سینگه‌ر)دا تێنه‌په‌ڕین،به تایبه‌تی به لای تێكستێكی ناوداری سینگه‌ر. له كتێبیچۆن بژین؟ ئاكار له سه‌رده‌می خود-به‌رژه‌وه‌ندیدا، سینگه‌ر ئه‌و مه‌یله بهرژهوهندخوازهمان بۆ ڕوون ده‌كاته‌وه كه له جیهانی ئه‌مڕۆدا و به‌تایبه‌ت له كۆمه‌ڵگا پیشه‌سازییه‌كاندا باڵاده‌سته و تێكسته‌كه كۆمه‌كێكی مه‌زنمان ده‌كات له‌و مۆدێله له ژیانی به‌رخۆری تێبگه‌ین كه به تایبه‌تی له دوای توانده‌وه‌ی بلۆكی سۆڤییه‌ت كه‌وتۆته سه‌ر ڕێ و به ئاسانییه‌كی بێوێنه‌وه خۆی به چهپهكترینكوچه و كه‌له‌به‌ری سه‌ر گۆی زه‌ویدا ده‌كات.
له ده‌ستپێكی كتێبه‌كه‌یدا سینگه‌ر ژماره‌یه‌ك پرسیار ده‌كات كه لاموایه له‌مڕۆدا نه‌ك هه‌ر له گرنگی خۆیان له ده‌ست نه‌داوه، به‌ڵكو زیاد له جاران پێویستترن. سینگه‌ر ده‌پرسێت: ”ئایا هیچ شتێك ماوه له پێناویدا بژین؟ ئایا بێجگه له پاره، خۆشه‌ویستی و گرنگیدان به خێزان، هیچ شتێك بایه‌خی ئه‌وه‌ی هه‌یه به دویدا بڕۆین؟ ئه‌گه‌ر به‌ڵێ، ئه‌و شته ده‌كرێت چی بێت؟” (لix).ئه‌م پرسیارانه نه‌ك هه‌ر پرسیاری ئه‌م كاته‌ن كه تیایدا ده‌ژین، به‌ڵكو له هه‌ر سه‌رده‌م و دۆخێك‌دا پرسیارگه‌لی شیاو و له‌بیرنه‌كراون. وه‌ڵامه سه‌رپێی و گشتییه‌كه‌ی سینگه‌ر ئه‌وه‌یه به‌ڵێ، شتێك هه‌یه له پێناویدا بژین، ئه‌ویش ناوی ئه‌مه‌یه: ژیانێكی ئه‌خلاقی {٢}. به‌ڵام مه‌به‌ستی سینگه‌ر له ژیانی ئه‌خلاقی چییه؟ بۆچی ئه‌و ژیانه شایسته‌ی به‌ده‌ستهێنانه؟ ئه‌مانه كۆمه‌ڵێك پرسیاری ترن كه وه‌ڵامدانه‌وه‌یان پێویستی به‌وه‌یه له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك جومگه ڕابوه‌ستین.
سینگه‌ر باوه‌ڕی وایه ئه‌و دیارده‌یه‌ی هه‌ڕه‌شه له ئاكار ده‌كات كۆمه‌ڵگای به‌رخۆره. ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌یه له‌وه‌دایه كه كۆمه‌ڵگای به‌رخۆر چاكه له بهدهستهێناندا كورت ده‌كاته‌وه، به‌ده‌ستهێنان ده‌كاته چاكه‌ی باڵا پێوانه‌ی چاكه بڕی به‌ده‌ستهێنراوه، جا ئیتر به‌ده‌ستهێنراو پاره بێت یاخود كه‌لوپه‌ل و ڕابواردنی كڕدراو بێت به پاره. سینگه‌ر پێیوایه ژیانێكی باشتر و شایسته‌تر ته‌نها له كاتێكدا ده‌توانێت سه‌رپێ بخرێت كه واز له‌م تێگه‌یشتنه هێنرا. بۆ نمونه پرسی ژینگه‌پارێزی، دادپه‌روه‌ری گه‌ردوونی، هه‌ژاری و تاوان، ته‌نها له كاتێكدا ده‌كرێت مامه‌ڵه‌یان له گه‌ڵدا بكرێت و هیوایه‌ك هه‌بێت ڕه‌گی ئه‌م كێشانه چاره‌سه‌ر بكات، كه ده‌ستبه‌رداری ئه‌و تێگه‌یشتنه باوه‌ی كۆمه‌ڵگای به‌رخۆر بووین (ل٢٠، ٢١). گه‌ر كۆمه‌ڵگای به‌رخۆر ده‌رهاویشته‌ی پیاده‌كردنی سه‌رمایه‌داری بێت وه‌كو پارادایمێك، لێره‌دا ده‌كرێت بپرسین په‌یوه‌ندی نێوان كۆمه‌ڵگای به‌رخۆر و سه‌رمایه‌داری له كوێدایه و له‌مڕۆدا له كوێدا خۆی ده‌بینێته‌وه؟
بۆ وه‌ڵامدانه‌وه ئه‌م پرسیاره، سینگه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ لای سیفه‌ته سه‌ره‌كییه‌كانی سه‌رمایه‌داری له سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانییه‌وه و په‌نا ده‌باته به‌ر لێكدانه‌وه‌ی (ماكس ڤێبه‌ر) كه له وتارێكی به‌ناوبانگیدا،ئاكاری پرۆتێستانت و ڕۆحی سه‌رمایه‌داری، ڕیشه‌ی په‌یوه‌ندی نێوان ئاین و سه‌رمایه‌داری شیده‌كاته‌وه. له ساڵی ١٩٠٤ ڤێبه‌ر تێبینیدهكات كه دیارترین و جیاكهرهوهترین سیفه‌تی سه‌رمایه‌داری له‌وه‌دایه كه خاوه‌ندارێتی ده‌بێته دوا ئامانجی ژیانێكی ئه‌خلاقی، له كاتێكدا پێشتر و له‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ی سه‌رمایه‌داری تیایاندا باڵاده‌ست نه‌بووه، پاره و خاوه‌ندارێتی ته‌نها هه‌تاوه‌كو ئه‌و ئاسته گرنگییان هه‌بووه كه ئامرازبوون بۆ به‌ده‌ستهێنانی شتی دیكه. بۆ نموونه به پاره ده‌كرا خواردن و په‌ناگا و جلوبه‌رگ و زه‌وی و زار و ته‌نانه‌ت پێگه‌ی سیاسی و سه‌رنجڕاكێشانی خه‌ڵكیش به ده‌ست بهێنرایه. به‌ڵام له سه‌رده‌می سه‌رمایه‌داریدا پاره ده‌بێت به خاوه‌نی به‌هایه‌كی تایبه‌ت به خۆی و وه‌كو شمه‌كێكی به‌هادار، له ڕاستیدا وه‌كو هه‌ڵگری به‌رزترین به‌ها، خۆی ده‌ناسێنێت. لێره‌دا هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی ته‌واوه‌تی له تێگه‌یشتندا ڕووده‌دات. گه‌ر پێشتر به‌های پاره له‌و شتانه‌دا بووبێت كه پێی كڕدراون، له سه‌رمایه‌داریدا به‌های شتومه‌كه‌كان له‌و بڕه پاره‌یه‌دا ده‌بێت كه به‌ده‌ستی ده‌هێنن. به‌ده‌ستهێنان ده‌بێت به ئامانج له خۆیدا. به مانایه‌كی دیكه، ئێمه چیدیكه له پێناوی ژیاندا شتومه‌ك به‌ده‌ست ناهێنین، به‌ڵكو ”ده‌ژین بۆ ئه‌وه‌ی شتومه‌ك به‌ده‌ست بهێنین.’‘ (ل١٦٥، ١٦٦).
گه‌ر ڤیبه‌ر زیاد له سه‌ده‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر له كۆمه‌ڵگا پیشه‌سازییه‌كاندا تێبینی ئه‌م سیفه‌ته‌ی سه‌رمایه‌داری كردبێت، له باشوور ئه‌م تێگه‌یشتن و باوهشپێداكردنهی خاوه‌ندارێتی ده‌كرێت بگه‌ڕێندرێته‌وه بۆ ده‌یه‌ی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك، دوای كرانه‌وه به‌رفراوانه‌كه‌ی ناوچه‌كه به ڕووی جیهانگیریدا و دوای ئه‌وه‌ی له ڕێگای میدیا و فڕۆكه‌خانه‌كان و كه‌ڵه‌كه‌بوونی پاره‌ی نه‌وت و گۆڕانكارییه‌كانی تری له‌و چه‌شنه، ئێمه به ڕووی سه‌رمایه‌دارییه‌كی گه‌شه‌كردوودا ته‌قینه‌وه و مۆدێلی ژیانمان سواری شه‌پۆلێكی ڕانهوهستێنراو كه‌وت. هه‌رچۆنێك بێت، ئه‌م بههابهخشینهی سه‌رمایه‌داری به پاره و به خاوه‌ندارێتی دروستكراوێكی مێژوویه كه ڕه‌گوڕیشه‌ی له شۆڕشی ته‌كنه‌لۆژی و بیروباوه‌ڕی ئاینی و بانگه‌شه‌ی ئایدۆلۆژیانه‌دا داكوتیوه.
ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به بیروباوه‌ڕی ئاینییه‌وه هه‌بێت، سینگه‌ر ئاماژه به‌وه ده‌كات هه‌ر له سه‌ده‌ی شانزه‌وه جوڵانه‌وه‌ی كاڵڤنیزم، كه لقێكی پرۆتێستانیزمه، پاساوی ئاینی بۆ كه‌ڵه‌كه‌بوونی سه‌رمایه خستۆته به‌رده‌ست. یه‌كێك له خه‌سڵه‌ته دیاره‌كانی كاڵڤنیزم ئه‌وه‌بووه لێخۆشبوو‌ن و ڕزگاریی ئه‌ودنیای به‌ستووه‌ته‌وه به به‌خشنده‌یی ئیلاهییه‌وه. گه‌ر له‌وه‌وبه‌ر وه‌ها دابنرایه (لێخۆشبوو‌ن) له ڕێگه‌ی ژیانێكی ئه‌خلاقی بێ هه‌ڵه و كرداری چاكه‌وه به‌ده‌ست ده‌هێنرێت، ئه‌وه له‌گه‌ڵ كاڵڤنیزمدا ئه‌م تێگه‌یشتنه ده‌ستی لێ هه‌ڵ ده‌گیرێت و تێگه‌یشتنی نوێ پێیوادهبێت سه‌ركه‌وتن له كاروباری ژیانی ڕۆژانه و ده‌وڵه‌مه‌ندبوون ئه‌گه‌ری به‌ده‌ستهێنانی به‌خشنده‌یی ئیلاهی مسۆگه‌رتر ده‌كه‌ن. لێره‌وه سه‌روه‌ت و سامان ده‌بن به نیشانه‌ی لێخۆشبوو‌ن، به چه‌شنێك كه هه‌تا سه‌روه‌ت و سامان زیاتر بن، نیشانه‌ی لێخۆشبوو‌ن دڵنیاتر ده‌رده‌كه‌وێت (ل٧٧، ٧٨).
جێی تێڕامانه ئه‌م تێگه‌یشتنه له په‌یوه‌ندی نێوان سه‌ره‌وت و لێخۆشبوو‌ن ڕێك به پێچه‌وانه‌ی قسه‌كانی پێغه‌مبه‌ر عیسا-ن له‌و باره‌یه‌وه. كتێبی (په‌یمانی نوێ) به‌سه‌رهاتی نێوان پیاوێكی ده‌وڵه‌مه‌ند و عیسا ده‌گێڕێته‌وه كه تیایدا ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه له عیسا ده‌پرسێت پێویسته چیبكات بۆ ئه‌وه‌ی ژیانی هه‌تاهه‌تایی به‌ده‌ست بهێنێت؟ ئه‌مه له كاتێكدا پیاوه‌كه هه‌ر له سه‌ره‌تای لاوێتییه‌وه په‌یڕه‌ویی له هه‌موو فه‌رمایشته ئاینییه‌كان كردووه. عیسا وه‌ڵامده‌داته‌وه كه گوێڕایه‌ڵیكردنی فهرمایشتهكان به‌س نییه و پێیده‌ڵێت؛ ده‌بێت چی هه‌یه بیفرۆشێت و كۆمه‌كی هه‌ژاران بكات، به‌م چه‌شنه‌ش له به‌هه‌شتدا پاداشتی ده‌درێته‌وه. دهستوپێوهندهكانی عیسا سه‌ریان له‌م ئامۆژگارییه سووڕ ده‌مێنێت و له‌و ساته‌دا عیسا یه‌كێك له دیارترین قسه‌كانی ده‌كات و ده‌ڵێت: ”ئاسانتره حوشترێك به كونه دهرزییهكدا بڕوات له‌وه‌ی پیاوێكی ده‌وڵه‌مه‌ند بچێته ناو شانشینی خوداوه.” (ل٧٠)
به‌و مانایه‌ی كه سه‌روه‌ت و سامان ئه‌وه‌نده‌ی ڕێگرن ئه‌وه‌نده ڕێخۆشكه‌ر نین بۆ ده‌ستڕاگه‌یشتن به به‌هه‌شت. ئاشكرایه له نێوان ئه‌م وته‌یه‌ی عیسا له سه‌ده‌ی یه‌كه‌می زاینی و بیروباوه‌ڕی كاڵڤنیزم له سه‌ده‌ی شانزه‌ی زاینی، هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی پڕاوپڕ ڕوویداوه له تێگه‌یشتن له په‌یوه‌ندی ده‌وڵه‌مه‌ندبوون به لێخۆشبوونی ئیلاهییه‌وه.
گه‌ر (كاڵڤنیزم) بۆ به‌های پاره له سه‌رمایه‌داریدا پاساوی ئاینی داتاشیبێت، ئه‌وا له ساڵی ١٩٢١دا (ڤالته‌ر بێنیامین)ی نوسه‌ر و ڕه‌خنه‌گری ئه‌ڵمانی له دهستنووسێكیدا به ناوی (سه‌رمایه‌داری وه‌كو ئاین) هه‌نگاوێك ئه‌م خوێندنه‌وه‌یه ده‌باته پێشه‌وه و گریمانه‌ی ئه‌وه ده‌كات؛ كه ده‌كرێت له سه‌رمایه‌داریدا سیمای ئاینێك ببینرێته‌وه و له‌وه‌ش زیاتر، ئه‌وه‌ی سه‌رمایه‌داری ئاینێكی په‌تییه به كۆمه‌ڵێك سیفه‌تی دیاریكراوه‌وه. لێره‌دا پێویسته ئه‌وه بوترێت، كه بێنیامین فۆرمێكی دیاریكراو له ئاینی له هزردایه، ڕێبازێكی ئاینیی كه هه‌ڵگری دۆگما و خوداناسی نییه. گه‌ر ئاینه‌كانی تر لافی چاكسازی و چاره‌سه‌ركردنی كێشه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی مرۆڤایه‌تی لێبده‌ن، بێنیامین پێیوایه؛ كه سه‌رمایه‌داری ئاینێكه هه‌ڵگری دروشمی چاكسازی نییه، به‌ڵكو به پێچه‌وانه‌وه، ته‌نانه‌ت هۆكاری وێرانكردنی بوونی مرۆڤه‌كانه. خودای سه‌رمایه‌داری خودایه‌كی شاردراوه‌یه له مرۆڤه‌كان. ئه‌م خودایه ته‌نها له كاتێكدا ئاماژه‌ی بۆ ده‌كرێت كه هه‌ستی تاوانباری له ناو كه‌سه‌كاندا ده‌گاته چڵه‌پۆپه، ئه‌مه‌ش چونكه بێنیامین پێیوایه؛ سه‌رمایه‌داری ئاینێكه هه‌ستی تاوانباری له مرۆڤه‌كاندا ده‌چێنێت، به ڕاده‌یه‌ك كه ئه‌م هه‌ستكردنه به تاوانباری ده‌بێته دیارده‌یه‌كی گه‌ردوونی، ئه‌مه بێئه‌وه‌ی سه‌رمایه‌داری چاره‌سه‌رێكی ئه‌و هه‌ستكردنه بكات. له ئه‌نجامیشدا بێهیواییه‌كی سه‌رتاسه‌ری دێته ئاراوه. وه‌ك بێنیامین ده‌ڵێت، ”سەرمایەداری بڵاوبوونەوەی بێهیواییە تا ئەو کاتەی بێهیوایی لە جیهاندا دەبێت بە دۆخێکی ئاینیی.” (Capitalism as Religion) {٣}.
هه‌ر چۆنێك بێت و به گه‌ڕانه‌وه بۆ لای سینگه‌ر، گه‌ر كاڵڤنیزم پاساوی ئاینی بۆ كه‌ڵه‌كه‌كردنی سه‌روه‌ت و سامان هێنابێته‌وه، ئه‌وا له په‌یوه‌ندی به كولتوری سێكولارهوه،ئه‌وه یه‌كێك له پیاوه هه‌ره دیاره‌كانی مێژووی ئه‌مریكایه كه ڕێخۆشكه‌ر بوو بیروباوه‌ڕی سه‌رمایه‌داری له فۆرمه جهماوهرییهكهیدا له ناو ژماره‌یه‌كی بڵاو له دانیشتواندا ڕه‌گ دابكوتێت.
(بێنجامین فرانكڵین)ی هه‌مه پیشه، نوسه‌ر، زانا، سیاسه‌تمه‌دار، شۆڕشگێڕ و یه‌كێك له باوكانی دامه‌زرێنه‌ری ئه‌مریكا بووه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی زیاد له هه‌ر شتێك فرانكڵینی به خه‌ڵكی ناساند بیروڕاكانی بووه ده‌رباره‌ی كۆكردنه‌وه‌ی سامان و بڵاوكردنه‌وه‌ی كورته‌ی بیروڕاكانی له ساڵنامهیهكدا به ناوی (ساڵنامه‌ی ڕیچاردی هه‌ژار) كه له ساڵی ١٧٥٧ یادی بیست و پێنجه‌مین ساڵیادی بڵاوكردنه‌وه‌ی ساڵنامهكهیه و له‌و ساڵه‌دا فرانكڵین، به زمانی كاره‌كته‌رێكی تر، ژماره‌یه‌ك په‌ند و ئامۆژگاری بڵاوده‌كاته‌وه، كه پڕاوپڕی ڕۆحی سه‌رده‌مه و هه‌تاوه‌كو ئێستا هێشتا به گونجاو و كاریگه‌ر داده‌نرێن. له نێوان په‌نده‌كاندا له نمونه‌ی ئه‌م په‌نده هه‌یه:
”هه‌رچی ده‌توانیت به دهستیبهێنه، ئه‌وه‌شی به‌ده‌ستهێنرا بیهێڵه‌ره‌وه.” یاخود ”بۆ ئه‌وه‌ی قیمه‌تی پاره بزانی، بچۆ كه‌مێكی لێ قه‌رز بكه؛ ئه‌وه‌ی تووشی قه‌رز ده‌بێ، تووشی غه‌م ده‌بێ.” (ل٨١).
هه‌روه‌ها، له بڵاوكراوه‌یه‌كی زۆر خوێندراوه‌ی تردا به ناوی ئامۆژگاری بۆ بازرگانێكی گه‌نج، فرانكڵین له‌سه‌ر هه‌مان ئاواز ڕێگای خڕكردنه‌وه‌ی سامان به‌ڕاست و چه‌پدا دابه‌شده‌كات و پێیوایه تێكۆشان و ده‌ستپێوه‌گرتن بنه‌مای گه‌یشتن بن به سه‌روه‌ت و سامان و هه‌مدیسان پێداگری له به‌فیڕۆنه‌دانی پاره و كات ده‌كاته‌وه له پێناو دهڵهمهندبووندا {٤}. ئه‌م ئامۆگارییانه گه‌ر ڕه‌نگه هه‌ر كه‌سێكی تر بێجگه له فرانكڵین بیوتنایه ئه‌و كاریگه‌ری و گرنگییه‌ی نه‌بوایه. فرانكڵین كارزیمایهكی تایبه‌تی هه‌بووه، ئه‌و وه‌ها سه‌یركراوه كه كه‌سێكی خۆ پێگه‌یه‌نه‌ره، به‌وه‌ی له كوڕێكی هه‌ژاره‌وه هێناوێتی و خۆی پێگه‌یاندووه و به زیره‌كی و لێهاتوویی خۆی سه‌روه‌ت و سامانی پێكه‌وه ناوه (٨٠، ٨٢). هه‌ر بۆیه ئاسایی بووه هه‌ر قسه‌یه‌ك له‌و باره‌یه‌وه له لایه‌ن فرانكڵینهوه قورساییه‌كی دیاریان هه‌بووه. زیاد له‌وه‌ش، ساڵنامه‌ی (ڕیچاردی هه‌ژار) فرۆشێكی هێجگار زۆری هه‌بووه. له سه‌رده‌مێكدا كه دانیشتوانی شاری پێنسهلڤانیابیست هه‌زار كه‌س بووه، ساڵنامه‌كه ده هه‌زار كۆپی لێ فرۆشراوه (دیان ئاكهرمان، ل٨١).
دواتر و له سه‌ده‌ی بیستدا سه‌رمایه‌داری به كوێ ده‌گات؟ لاموایه ئه‌و ده‌نگه پهیامهێنهی ناوه‌ڕاستی سه‌ده كه هات و پێمانی وت چۆن كڕین و كهلوپهلخوازی خه‌ریكه ده‌بن به چه‌قی چالاكی كۆمه‌ڵایتی و سوپه‌رماركێت به‌و په‌رستگایه‌ی هانای بۆ ده‌به‌ین، ده‌نگی شاعیری ئه‌مریكی (ئالن جینزبێرگ) بێت كه به باشترین شێوه له شیعرێكی دا له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و واقیعه نوێیه‌دا ڕامانده‌گرێت. جینزبێرگ له ساڵی ١٩٥٥ شیعرێك ده‌نوسێت به ناویسوپهرماركێتێك له كالیفۆرنیا. له‌و شیعره‌دا، جینزبێرگ شه‌وێك ده‌ڕواته ده‌ره‌وه و ده‌چێته ناو سوپهرماركێتێكهوه و سه‌ری ده‌سوڕمێت له بینینی ئه‌و هه‌موو خێزانه‌ی به شه‌ودا له ده‌ره‌وه‌ن و خه‌ریكی بازاڕكردنن. ژن و پیاو و منداڵ هه‌موویان به ڕاڕه‌وه‌كانی سوپه‌رماركێتێكدا دێن و ده‌چن. ئه‌وه‌ی مایه‌ی سه‌رسوڕمانه، جینزبێرگ دوو كه‌سی تریش ده‌بینێت، هه‌ردوو شاعیر (واڵت ویتمان) و (فرێدریك گارسیا لۆركا)، هه‌ر شاعیرێك و هه‌ڵگری كۆمه‌ڵێك به‌ها و دونیابینییه‌ك كه تێكڕا به دونیای سوپه‌رماركێت نامۆن، كه‌چی جینزبێرگ لۆركا لای شووتییه‌كان و ویتمان له به‌شی گۆشتی هه‌ڵگیراو له فرێزه‌ردا ده‌بینێته‌وه! (A Supermarket in California). ئه‌م شیعره‌ی جینزبێرگ، خه‌مئامێز به نۆستالجیا و توانجلێدهر له جیهانی سوپه‌رماركێت، ده‌ستپێكی ئه‌و داگیركارییه‌ی ڕاگه‌یاند كه دواتر سوپه‌رماركێته‌كان ده‌باته دوورده‌ستترین جێیه‌كانی سه‌ر زه‌وی و به سه‌نته‌رێكی خۆلێلانه‌دراو ده‌یانناسێنێت. شیعره‌كه‌ی جینزبێرگ چه‌ند ده‌یه‌یه‌ك به‌ر له هاتنی دامه‌زراوه و سوپه‌رماركێته زه‌به‌لاحه‌كانی وه‌كو واڵمارت و كۆستكۆ و ئه‌مازۆن نووسراوه، دامه‌زراوه‌گه‌لێك كه دواتر هه‌وڵده‌ده‌ن چ له جوگرافیای ڕاسته‌قینه‌دا بێت یان له فه‌زای ئه‌لكترۆنیدا، هه‌رچی كاڵایه‌ك هه‌یه له كۆگاكانیاندا هه‌بێت.
له نزیكی كۆتایی سه‌ده‌ی بیستیشدا، سینگه‌ر ده‌ڵێت؛ كه‌وا به پێی گۆڤاری تایم ده‌كرێت حوكمڕانی هه‌شت ساڵه‌ی سه‌رۆكی ئه‌مریكا (ڕۆناڵد ڕێگان) له ساڵی ١٩٨١-١٩٨٩ كورت بكرێته‌وه بۆ ئه‌م ناونیشانه: ”خۆت ده‌وڵه‌مه‌ند بكه.” پێوه‌ری سه‌ركه‌وتن به لای ڕێگانه‌وه پاره‌په‌یداكردن بووه. باشترین ده‌رخه‌ری ڕۆحی سه‌رده‌میش قسه‌كانی خاوه‌نكارێكی ملیاردێره به ناوی (جه‌ستین دار‌ت)، كه له هه‌مان كاتدا هاوڕێی نزیكی سه‌رۆك ڕێگان بووه، كه له چاوپێكه‌وتنێكدا له ساڵی ١٩٨٢ ده‌ڵێت له هه‌موو كار و مامه‌ڵه‌كانیاندا چاوبرسێتی بوونی هه‌یه و هیچ كێشه‌یه‌كیش له‌وه‌دا نییه (ل٩٤). ئه‌وه‌ی له دوو ده‌یه‌ی داهاتوودا ڕووده‌دات و ئایدۆلۆژیای نیۆلیبڕاڵیزم هه‌تاوه‌كو ئێستا پێشڕه‌وایه‌تی ده‌كات، مه‌ترسییه‌كانی له سنووری چاوبرسێتی كه‌سی ده‌رده‌چن و به‌رخۆری و ویستی بێسنووری كه‌ڵه‌كه‌بوونی سامان ده‌بێته مه‌ترسییه‌كی گه‌وره له‌سه‌ر خودی هه‌ساره‌ی زه‌وی و كه‌مینه‌یه‌كی سوپه‌ر ده‌وڵه‌مه‌ند له به‌رامبه‌ر زۆرینه‌یه‌كی هه‌ژار دێته بوون كه جیاوازی ئاستی ژیانیان له ئه‌قڵ به‌ده‌ره. خه‌ونی نیۆلیبڕاكان سڕینه‌وه‌ی سنووره جوگرافی و كولتوری و مێژووییه‌كانه له پێناو ده‌ستگه‌یشتن به سه‌رمایه و دروستكردنی بازار بۆ ساغكردنه‌وه‌ی كاڵا. سڕینه‌وه‌ی سنووره‌كان به جۆرێك ڕیاڵیزه ده‌بێت كه له سه‌رده‌می ئێستاماندا وه‌ها سه‌یرده‌كرێت مه‌ترسییه‌ك بێت بۆسه‌ر خودی ناسنامه‌ی كو‌لتور. له‌م ناوكۆییه‌دا سه‌یر نییه جوڵانه‌وه فاشیستی و ڕه‌گه‌زپه‌رستییه‌كان زیندووبوونه‌ته‌وه و داكۆكی له پاراستنی ناسنامه و داخستنی سنووره‌كان ده‌كه‌ن. ئاره‌زووی ڕامنه‌كراوی سه‌رمایه‌داری بۆ كه‌ڵه‌كه‌كردنی داهات به هه‌ر چ شێوه‌یه‌ك بێت، بۆ نمونه به دابڕانێكی قهیرانئاسای سیاسه‌ت بێت له ئاكار، ئه‌و درزه‌ی بۆ گروپه فاشیسته‌كان كردۆته‌وه بێنه ناو فه‌زای گشتییه‌وه و ڕه‌خنه‌ی توند ئاراسته‌ی ئه‌و چینه له سیاسه‌تمه‌داری گڵۆباڵ بكه‌ن كه بڕیاره‌كانیان زیاتر و زیاتر له خزمه‌ت كۆمپانیا نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كاندایه. گه‌ر گروپه چه‌په‌كانیش هه‌مان ڕه‌خنه‌یان له به‌جیهانیبوون هه‌بێت، ئه‌مه ته‌نها ده‌رخه‌ری ئه‌و ڕاستییه‌یه كه سه‌رمایه‌داری به‌جیهانیبوو ته‌نها خزمه‌تی كه‌مینه‌یه‌ك ده‌كات. له به‌رامبه‌ر ئه‌م چاوچنۆكییه‌ی سه‌رمایه‌داری هێناویه‌ته كایه‌وه و شیرازه‌ی زۆر پێكهاته‌ی ڕادیكاڵانه گۆڕیوه، سینگه‌ر ژماره‌یه‌ك نمونه ده‌هێنێته‌وه كه پیشانی ده‌ده‌ن یاسای ژیان ڕكابهركێكردن نییه، به‌ڵكو هاوكاریكردن و به‌ته‌نگه‌وه‌چوونی كه‌سانی دیكه‌یه.
نمونه‌ی یه‌كه‌م: له گه‌رمه‌ی جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م و له ساڵی ١٩١٦ و له چه‌ند به‌ره‌یه‌كی پێشه‌وه‌ی جه‌نگ دیارده‌یه‌كی نوێ له دایك ده‌بێت. له هه‌ندێك له‌و جێیانه‌ی بۆ خۆپاراستن له تۆپباران خه‌نده‌ق لێدرابوون، هه‌ندێك له تیپه‌كانی سه‌ر به هه‌ردوو به‌ره‌ی هاوپه‌یمانان (به‌ریتانیا و فه‌ڕه‌نسا) له‌گه‌ڵ به‌ره‌ی دوژمن، ئه‌ڵمانیا، ده‌كه‌ونه ڕێككه‌وتنێكی ئیمزا نه‌كراوه‌وه. له‌و جێگایانه‌دا، هه‌ردوولا به جۆرێك تۆپباران ده‌كه‌ن كه مه‌ترسی نه‌خاته سه‌ر ڕیزه‌كانی به‌ره‌ی دوژمن، سه‌ربازه‌كان ته‌قه له یه‌كتری ناكه‌ن و ته‌نانه‌ت له نمونه‌یه‌كی زۆر دیاردا سه‌ربازه ئه‌ڵمانییه‌كان به‌ره‌ی هاوپه‌یمانان ئاگادار ده‌كه‌نه‌وه كه فه‌رمانیان پێكراوه له كاتێكی دیاریكراوی ناوه‌ختدا بۆمباران بكه‌ن، به‌ڵام پێش بۆمببارانهكه فیكه‌یه‌ك لێده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ربازه‌كان به ئاگا بێنه‌وه و كاتیان هه‌بێت په‌نا بگرن. ئه‌مه سیسته‌می (بژی و لێگه‌ڕێ بژی) لێده‌كه‌وێته‌وه و كرۆكی سیسته‌مه‌كه ئه‌وه‌یه كه من هه‌وڵناده‌م بتكوژم ئه‌گه‌ر تۆ هه‌وڵ نه‌ده‌یت بمكوژیت (ل١٥٢).
به‌ره دژه‌كان به شێوه‌یه‌كی زۆر ساده ڕێككه‌وتوون و له‌م ڕێككهوتنانهیانهوه جۆرێك له كۆمه‌كی دوولایه‌نه ده‌بینرێت. زۆرێك له ڕێككه‌وتنه‌كان وه‌ها بوون كه له خهندهقێكهوه سه‌ربازێك هاواری كردووه و به سه‌ربازانی به‌ره‌ی دژی وتووه، چۆنه له نیوه‌ڕۆی ئه‌و ڕۆژه‌وه هه‌تاوه‌كو سبه‌ی ئێواره ته‌قه ڕابگرن؟ ئیتر له زۆر باردا به‌ره‌ی دژ قایل بووه و به‌مه‌ش هه‌ردوو به‌ره‌كه توانیویانه بێ ترس له خه‌نده‌قه‌كان بێنه ده‌ره‌وه و بگه‌ڕێن و خواردن ئاماده بكه‌ن و یاری بكه‌ن و مۆسیقا لێ بده‌ن و به ئاسووده‌یی بخه‌ون.
نمونه‌یه‌كی دیكه: له ساڵی ١٩٨٢-١٩٨٣ حكومه‌تی ئه‌وده‌می ئوستراڵیا ده‌یه‌وێت له‌سه‌ر ڕووباری فرانكڵن، كه ده‌كه‌وێته باشوری ڕۆژئاوای تاسمینیا-وه، به‌نداوێكی به‌رهه‌مهێنی كاره‌با لێبدات. دوو هه‌زار و شه‌ش سه‌د خۆپیشانده‌ر ڕێ به‌و بوڵدۆزهرانه ده‌گرن، كه ده‌یانه‌وێت ده‌ست به ههڵكهنین بكه‌ن و ده‌ست به پرۆژه‌كه بكه‌ن. بۆچی؟ چونكه به‌نداوه‌كه ڕووبه‌رێكی فراوانی به ژێر ئاوه‌وه ده‌كرد و چه‌ندین شوێنه‌واری خه‌ڵكه ڕه‌سه‌نه‌كانی كاولدهكرد و جۆرێك له سنه‌وبه‌ری له‌ناوده‌برد، كه دوو هه‌زار ساڵی پێ چووه هه‌تاوه‌كو گه‌شه بكات، له‌گه‌ڵ ڕاماڵینی هه‌موو ئه‌و گیاندارانه‌ی له دارستانه‌كاندا ژیاون. سینگه‌ر ده‌ڵێت خۆپیشانده‌ران له سه‌رتاسه‌ری ئوستراڵیاوه و زۆریان له‌سه‌ر گیرفانی خۆیان هاتبوون، له هه‌موو پێگه و جومگه‌یه‌كی كۆمه‌ڵگاوه، مامۆستا، شۆفێری ته‌كسی، زانا، جوتیار، دكتۆر، هتد. پۆلیس نزیكه‌ی نیوه‌یان ده‌ستگیر ده‌كات و به دوای ئه‌مه تیمێكی بیست كه‌سی له پارێزه‌ر، هه‌موویان خۆبه‌خش، كارڕاپهڕاندنی دادگا ده‌گرنه ئه‌ستۆ. ده‌رئه‌نجام؟ ڕووداوی ڕێگرتن له بوڵدۆزهرهكانی به‌نداوی فرانكڵن ده‌بێت به پرسێكی نیشتیمانی و له ئه‌نجامدا حكومه‌تێكی جودا هه‌ڵده‌بژێردرێت كه په‌یمانی ڕاگرتنی پرۆژه‌كه ده‌دات. هه‌ر وه‌هاش ده‌كه‌وێته‌وه (ل١٩٢).
دواهه‌مین نموونه؛ ههنووكهیبوونێكی دیارتری پێوه ده‌رده‌كه‌وێت و له كرده‌ی خوێن به‌خشیندا خۆی ده‌بینێته‌وه كه كردارێكه ساڵانه ژیانی هه‌زاره‌ها كه‌سی نه‌ناسراو ڕزگار ده‌كات. ئه‌وانه‌ی خوێنی خۆیان به بانكی خوێن ده‌به‌خشن، پاڵنه‌ره‌كه‌یان هه‌رچییه‌ك بێت، ئاگاداری ئه‌و ڕاستییه‌ن كه به خوێن به‌خشینه‌كه‌یان یارمه‌تی كه‌سانێكی ده‌ده‌ن كه بۆ هه‌میشه به نه‌ناسراوی ده‌مێننه‌وه. ده‌رباره‌ی ئه‌م كرداره، یه‌كێك له‌و ئافره‌تانه‌ی كه خوێنی خۆی به‌خشیوه به‌م شێوه‌یه قسه ده‌كات: ”خوێن له سوپه‌رماركێت و فرۆشگا‌كان ناكڕدرێت. خه‌ڵكی خۆیان پێویسته بێنه پێشه‌وه، نه‌خۆشه‌كان ناتوانن چرپاكانیان جێ بهێڵن و داوای نیو لیتر خوێنت لێبكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ژیانیان ڕزگار بكه‌یت، هه‌ر بۆیه من ده‌ستپێشخه‌ریم كرد به هیوای یارمه‌تیدانی كه‌سێك كه پێویستی به خوێنه.” (ل١٩٩).
ئه‌مانه و چه‌ندین نمونه‌ی تر ده‌رخه‌ری ئه‌و ڕاستییه‌ن كه كاری پێكه‌وه‌یی و خۆبه‌خشی و یارمه‌تیدانی كه‌سانی نه‌ناسراو خه‌سڵه‌تێكه كه كرداری ئاكاری پێ ده‌ناسرێته‌وه. له‌م ڕووه‌وه، فه‌یله‌سوفی سه‌ده‌ی دوانزه، (مایومۆنید)، خێرخوازی و چاكه‌كاری پله‌به‌ند ده‌كات و به‌سه‌ر هه‌شت پله‌دا دابه‌شی ده‌كات. بیرۆكه‌كه‌ی مایومۆنید ناوی پلیكانه‌ی ئاڵتونی خێرخوازی-یه و له‌مانه پێك هاتووه:
نزمترین پله: به‌خشینه به دوودڵییه‌وه. دووه‌م پله: به‌خشینه به ڕوویه‌كی گه‌شه‌وه به‌ڵام نه‌ك به‌و ڕاده‌یه‌ی له پێویستی كه‌سی لێقهوماودایه. سێیه‌م پله‌ی خواره‌وه: به‌خشینه به ڕوویه‌كی گه‌ش و به ڕاده‌ی پێویست، به‌ڵام ته‌نها كاتێك كه داوا له به‌خشه‌ر بكرێت. چواره‌م پله: به‌خشینه به ڕوویه‌كی گه‌ش و به ڕاده‌ی پێویست و بێ ئه‌وه‌ی پێویست بكات داوا له به‌خشه‌ر بكرێت، به‌ڵام ڕاسته‌وخۆ پێدانی یارمهتییهكهیه و به‌مه‌ش ڕووگیركردنی سوودوه‌رگر. پله‌ی پێنجه‌م: به‌خشینه بێ ناسینی كه‌سی سوودوه‌رگر، به‌ڵام به چه‌شنێك كه خێرخواز بناسرێت. پله‌ی شه‌شه‌م: زانینی ئه‌وه‌ی كێ سوود له یارمه‌تییه‌كه وه‌رده‌گرێت، به‌ڵام خێرخواز به نه‌ناسراوی ده‌مێنێته‌وه. پله‌ی حه‌وته‌م: نه سوودوه‌رگر و نه خێرخواز ده‌زانرێت كێیه. پله‌ی كۆتایی: ئه‌م پله‌یه دواهه‌مین و بڵندترین پله‌یه و به لای مایومۆنید-وه پێكدێت له پێشبینی كردنی پێویستبوون به خێرخوازی و ڕێگه‌گرتن له سه‌رهه‌ڵدانی پێداویستییه‌كه به‌وه‌ی یارمه‌تی كه‌سانی تر بدرێت بژێوی خۆیان په‌یدا بكه‌ن به چه‌شنێك كه هه‌ر له بنه‌ڕه‌ته‌وه پێویستیان به خێرخوازی نه‌بێت (ل١٩٤).
نمونه‌یه‌كی به‌رچاوی دواهه‌مین پله‌ی مایومۆنید له سه‌رده‌می ئێستاماندا خۆی له كرده‌ی به‌خشینی خوێندا ده‌بینێته‌وه، به تایبه‌تی لای ئه‌و خوێن به‌خشه‌رانه‌ی كه به‌بێ هه‌بوونی كاره‌ساتێك و كتوپڕییهك، به ویستی خۆیان و له پێناو ڕێگرتن له هاتنه كایه‌ی ئه‌و پێداویستییه به په‌له‌یه‌ی خوێن، ده‌ڕۆن و خوێنی خۆیان ده‌به‌خشن (ل١٩٤). له ڕاستیدا بیرۆكه‌ی به هاناوه چوونی كه‌سانی دیكه و دانانی یارمه‌تیدانی كه‌سانی دیكه به كرده‌ی ئه‌خلاقی له كلتوره‌كانی دیكه‌شدا به به‌ربڵاوی قسه‌ی لێوه كراوه. بۆ نمونه فه‌یله‌سوفی چینی سه‌ده‌ی چواره‌می پێش زاین، (منسیۆس)، بڕوای به‌وه بووه هه‌موو مرۆڤه‌كان به هه‌ستكردنێك و دووربینییه‌كی ژیرانه‌وه له دایك ده‌بن و هه‌ر ئه‌مه‌شه سه‌ره‌تای ئاكار. منسیۆس وای داناوه خهمخۆریو دڵسۆزیسهرهتای ئاكارن، ئه‌و هه‌ستكردنه‌ی كه وات لێده‌كات به‌رگه‌ی ئازارگرتنی كه‌سێكی دیكه نه‌گریت. منسیۆس بۆ ده‌رخستنی ئه‌م هه‌ستكردنه نمونه‌ی ئه‌و كاردانه‌وه‌یه دێنێته‌وه كه مرۆڤه‌كان هه‌یانه كاتێك ده‌بینن منداڵێك له لێواری ئه‌وه‌دایه بكه‌وێته ناو بیرێكه‌وه، یان له كاتی بینینی گیاندارێكدا كه له ناڕه‌حه‌تی و مه‌ترسیدایه (ده‌یڤد ۆنگ ل٧٧، ٧٨). به‌ڵام له‌وێدا كه میومۆنید و منسیۆس په‌نا بۆ چه‌مكی وه‌كو خێرخوازی و هه‌ستوسۆز و دڵسۆزی ده‌به‌ن، سینگه‌ر هه‌وڵ ده‌دات لێكدانه‌وه‌یه‌كی ئاوه‌زیانه بۆ كرده‌ی ئه‌خلاقی پێشكه‌ش بكات.
سینگه‌ر پێیوایه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین به شێوه‌یه‌كی ئه‌خلاقی له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تردا بژین، ئه‌وه پێویسته بیركردنه‌وه‌مان به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌ته‌كانمان تێپه‌ڕێنێت. ئه‌مه له لایه‌كه‌وه ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه له كاتێكدا هه‌ر یه‌كێك له ئێمه بوونێكه خاوه‌نی ویست و پێداویستییه، ده‌بێت چاوپۆشی له‌وه نه‌كه‌ین كه له‌گه‌ڵ كه‌سانی تردا ده‌ژین و ئه‌وانیش خاوه‌نی ویست و پێداویستین. هه‌روه‌ها ژیانی ئه‌خلاقی ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه له تواناماندا بێت پاساو بۆ كرداره‌كانمان بهێنینه‌وه، به چه‌شنێك كه پاساوهێنانهوهكه له پره‌نسیبدا بتوانێت هه‌موو بوونێكی ئاوه‌زدار قایل بكات. به بڕوای سینگه‌ر، كرداری ئه‌خلاقی كه ئاستێكی بنچینه‌ییدا پێكدێت له كردنی شتێك به له به‌رچاوگرتنی به‌رژه‌وه‌ندی و پێداویستی هاوڕێ و دوژمنان و خێزان و بێگانه‌كان، كاتێكیش ئه‌مانه هه‌موویان له‌به‌رچاو گیران و پێمان وابوو كرداره‌كه له هه‌ر ئهڵتهرناتڤێكی تر باشتره كه له به‌رده‌ستدا بێت، ئه‌و كات به ڕاستی ده‌توانین بڵێین كه پێویسته ئه‌و كرداره بكه‌ین (ل٢٠٥، ٢٠٦). له‌م خاڵه‌دا سینگه‌ر باسی ئاستێكی بنچینه‌یی ده‌كات، كه له په‌یوه‌ندیدا به‌و ده‌یان بڕیاره‌ی ژیانی ڕۆژانه كه ڕووبه‌ڕوومان ده‌بنه‌وه، ڕه‌نگه وه‌كو ئایدیاڵێك ده‌ربكه‌وێت. هه‌رچۆنێك بێت، ئه‌م ئاسته بنچینه‌ییه خۆی له بڕیاره یه‌كلاكه‌ره‌وه‌كاندا ده‌بینێته‌وه. به‌ده‌ر له‌وه، ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به توانای پاساو هێنانه‌وه‌ی كرداره‌كان و له‌به‌رچاوگرتنی خه‌ڵكانی دیكه‌وه هه‌بێت، پره‌نسیپه‌كه ده‌كرێت له هه‌موو كرده ئه‌خلاقییه‌كاندا، به بڕیاره ڕۆژانهیهكانیشهوه، له به‌رچاو بگیرێت.
تایبه‌تمه‌ندێتی بۆچوونی سینگه‌ر ده‌رباره‌ی ژیانی ئه‌خلاقی له‌وه‌دایه كه ئه‌و ژیانه ده‌به‌ستێته‌وه به جۆرێك له ئهقڵانییهتوگهردوونیبوونهوه. تێڕوانینی سینگه‌ر تێڕوانینێكی ههموانگره(كولی، شمولییه)؛ نه‌ك ته‌نها تاك و كه‌سانی ئاماده له ژیانی تاكدا له خۆ ده‌گرێت، به‌ڵكو بێگانه‌كانیش له خۆ ده‌گرێت، ئه‌مه له كاتێكدا پیاده‌كردنی كرده ئه‌خلاقییه‌كان ده‌بێت بێ ڕه‌چاوكردنی ئه‌وه بێت ئایا خودی تاك قازانج ده‌كات لێیان یان نا (گه‌ردوونیبوون)، وه هه‌روه‌ها كرده‌كه ده‌بێت بتوانرێت پاساوی بۆ بهێنرێته‌وه و باوه‌ڕ به بوونه ئاوهزدارهكان بهێنرێت كه كردارێكی گونجاوه (ئه‌قڵانییه‌ت).
له‌سه‌ر ئه‌م بنچینه‌یه، سینگه‌ر به پێویستی ده‌زانێت كه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م ژیانه ئه‌خلاقییه له هه‌مان كاتیش‌دا ژیانێكی مانادار بێت، پێویسته خود هه‌ڵگری دۆزی باڵابێت. دۆزی باڵا هه‌ر دۆز و بابه‌تێكه كه یه‌كانگیربوون له‌گه‌ڵیدا پێویستی به چوونه ده‌ره‌وه‌یه له به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خود و خۆبه‌ستنه‌وه‌یه به بوونێكی گه‌وره‌تر له خوده‌وه. سینگه‌ر نمونه‌ی یاریكه‌ری تۆپی پێ ده‌هێنێته‌وه كه چۆن وابه‌سته‌ی دۆزێكی باڵایه كه ئه‌ویش هه‌ماهه‌نگی و سه‌ركه‌وتنی تیپه‌كه‌یه‌تی، به‌وه‌ی چۆن هه‌میشه ئه‌وه بیری یاریكه‌ره‌كان ده‌خرێته‌وه كه تیپه‌كه گه‌وره‌تره له یارهكهره تاكه‌كان (ل٢٥٨). نمونه زۆرن بۆ وه‌فاداری و دڵسۆزی بۆ دۆزی گه‌وره‌تر له خود، به‌ڵام لێره‌دا ئه‌و پرسیاره دێته پێشه‌وه، ئایا له ئێستادا چ دۆزێك له هه‌موو ئه‌وانی دیكه گرنگتره؟
سه‌ره‌تا، وه‌ك زۆرێك له كولتوره ئه‌خلاقییه‌كانی دیكه، سینگهریش پێیوایه تاك و كۆ ده‌توانن له ته‌بایدا بژین، به‌وه‌ی له نێوان به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندی گروپ كێشمه‌كێشێكی جیاكه‌ره‌وه له ئارادا نییه. كه‌م نین ئه‌و تێگه‌یشتنه ئاكارییانه‌ی كه له‌سه‌ر بنه‌مای ته‌بایی تاك و كۆمه‌ڵ دامه‌زراون، یان له هه‌وڵی ئاشتكردنه‌وه‌ی ئه‌م دابهشكردنهدان. تێڕوانینێكی سه‌ر به‌م ته‌رزه ده‌كرێت لای بیریار و سیاسه‌تمه‌داری كورد (عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان) ببینرێته‌وه. ئۆجه‌لان له جێگایه‌كدا ده‌ڵێت: ”ئاكار مانای ڕێزگرتن و په‌یوه‌ستبوونه به كۆمه‌ڵگا و ژیانی جڤاته‌وه. له به‌رامبه‌ردا كۆمه‌ڵگا یان جڤات تاك ده‌پارێزێت و له ژیاندا گه‌شه‌ی پێده‌دات. له كۆتاییدا، پره‌نسیپی لێپرسراوێتی ئه‌خلاقی ئه‌و پره‌نسیپه بنه‌ڕه‌تییه‌یه كه له پشت دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تییه‌وه‌یه” (نه‌ته‌وه‌ی دیموكراسیل٣٤). لێره‌دا ئۆجه‌لان په‌یوه‌ندییه‌كی ئۆرگانی له نێوان جڤات و تاكدا ده‌بینێته‌وه، به‌وه‌ی هه‌ردووكیان زامنی به‌رده‌وامی و گه‌شه‌كردنی یه‌كترن. هه‌رچه‌نده سینگه‌ر ئاماژه به‌م یه‌كبوونه ناوه‌كییه نادات، به‌ڵام دژیه‌كبوونی خود و جیهان، تاك و جڤات، ڕه‌تده‌كاته‌وه و هه‌وڵده‌دات ته‌باییه‌ك له نێوان خودگه‌رایی و گهردوونگهراییدا بهێنێته ئاراوه. ئه‌و پێیوایه سه‌ره‌ڕای ئه‌و ڕاستییه‌ی كه هه‌ر خودێك هه‌ڵگری ئاره‌زوو و خواستی دیاریكراوه، به‌هاكان نابێت له‌سه‌ر بنه‌مای ئاره‌زووی تاكه‌كان بوونیاد بنرێن. سینگه‌ر هه‌ڵگری ئه‌و بۆچونه نییه كه به‌ها ئه‌خلاقییه‌كان به به‌های گه‌ردوونی ده‌زانێت به بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ لای تاكه‌كان، وه‌كو له ئاینییه دهزگاییهكاندا ده‌كرێت ببینرێت، به‌ڵام بڕوای به‌وه‌یه كه تاكه‌كان له ڕێگه‌ی ئاوه‌زه‌وه ده‌توانن به كۆمه‌ڵێك به‌ها بگه‌ن كه سنووری خواسته تایبه‌ته‌كانیان تێپه‌ڕێنێت. ئاوه‌ز ڕێگه ده‌دات به خود بگات به گۆشه‌نیگای گه‌ردوون، به گۆشه‌نیگایه‌كی ئۆبژێكتیڤ، ئه‌ویش كاتێك خود ده‌بینێت كه ئازاركێشانی بوونێكی تر به لای ئه‌و بوونه‌وه هه‌مان گرنگی هه‌یه وه‌كو ئازاركێشانی خود به لای خوده‌وه، له‌م ڕێگه‌یه‌شه‌وه دونیابینی ئه‌خلاقیمان فراوان ده‌بێت و ئه‌م فراوانبوونی دونیابینییه ڕێگه‌خۆشكه‌ره بۆ هاتنه كایه‌ی ئه‌خلاقێكی ئۆبجێكتیڤ و گه‌ردوونی (ل٢٧٥).
سینگه‌ر بڕوای وایه كه ئه‌و دۆزه باڵایه‌ی ده‌كرێت له‌ژێر سایه‌یدا مانا به ژیانێكی ئه‌خلاقی ببه‌خشرێت پێك دێت له كه‌مكردنه‌وه‌ی ئێش و ئازار له هه‌ر كوێیه‌كدا بێت. به بڕوای سینگه‌ر، ئه‌م دۆزه باڵایه كاتێك به ئامانجی خۆی ده‌گات كه ئێش و ئازار له سه‌رتاسه‌ری جیهاندا هه‌تاكو ئاستی نه‌بوون كه‌مكرانه‌وه. ئه‌م ئه‌ركه كاتێك جێبه‌جێ ده‌بێت كه، بۆ نمونه، هیچ منداڵێك چیدیكه به‌هۆی كهمخۆراكییهوه گه‌شه‌ی پهكنهكهوێت، هیچ منداڵێك به‌هۆی نه‌خۆشییه‌كه‌وه نه‌مرێت كه چاره‌سه‌ره‌كه‌ی دۆزرابێته‌وه، خه‌ڵكی بێ‌ماڵ و حاڵ به موقه‌با خۆیان گه‌رم نه‌كه‌نه‌وه، ده‌ستگیراوانی سیاسی بێ دادگایكردن زیندانی نه‌كرێن، ئاژه‌ڵانی كێڵگه توندوتیژانه مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا نه‌كرێت و له شوێنێكدا هه‌ڵنه‌گیرێن كه نه‌توانن به ئازادی بجوڵێنه‌وه، ڕوباره‌كان به پاشماوه پیس نه‌كرێن، ژنان چیدیكه ئازار نه‌درێن چونكه هیچ جێگه‌یه‌ك نییه په‌نای بۆ به‌رن و هتد (ل٢٦٤). نمونه‌كان زۆرن، به‌ڵام مه‌به‌ستی سینگه‌ر ئاشكرایه. ئێش و ئازاره‌كان له لیستێكیدا كۆناكرێنه‌وه و له داهاتوویه‌كی نزیكدا ئاسۆی هیچ چاره‌سه‌رێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه بۆ ئێش و ئازاره‌كانی جیهان نابینرێت و هه‌ربۆیه ئه‌م دۆزه باڵایه بۆ ماوه‌یه‌كی درێژخایه‌ن شیاوه و ڕه‌نگه هه‌تا هه‌تایه، دۆزێكی ئه‌خلاقی ڕه‌وا بێت.
پرسی كه‌مكردنه‌وه‌ی ئێش و ئازار بێگومان سه‌رچاوه‌كه‌ی كلتوری سوودمهندگهرایه، ئه‌و كلتوره ئه‌خلاقییه‌ی كه به داڕشتنێكی گشتی پێیوایه ئامانجی ئه‌خلاقی كرداره‌كان كه‌مكردنه‌وه‌ی ئازار و فه‌راهه‌مكردنی خۆشگوزه‌رانییه. سینگه‌ر نیوه‌ی ئه‌م پره‌نسیپه هه‌ڵده‌گرێت و نیوه‌كه‌ی تری، فه‌راهه‌مكردنی خۆشگوزه‌رانی، ده‌خاته لاوه. به تێڕوانینی سینگه‌ر، كێشه‌كان له ئێستادا له زۆر ناوچه‌ی جیهاندا ئه‌وه‌نده زۆرن كه ده‌بێت هه‌موو وزه ئه‌خلاقییه‌كان به ئاراسته‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی ئێش و ئازار بخرێنه كاره‌وه. به‌م مانایه، هه‌روه‌كو (ڕۆبه‌رت ئای. فره‌یزه‌ر) ده‌ڵێت، سوودمهنگهرایی سینگه‌ر سوودمهنگهراییهكی نێگه‌تیڤه. فره‌یزه‌ر پێیوایه سینگه‌ر بۆ ئێستا پێشنیازێك ده‌كات، به‌بێ ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی كه مۆدێلی دیكه بۆ ژیان و به‌های دیكه‌ی وه‌كو جوانی، زانین، ئۆتۆنۆمی یان خۆشگوزه‌رانی، بوونیان هه‌بێت. ته‌نها ئه‌وه‌نده‌یه كه له ئێستادا سینگه‌ر مۆدێلێك و به‌هایه‌كی دیاریكراوی پێ باشه (خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ كتێبی چۆن بژین؟). به‌ڵام فره‌یزه‌ر ڕه‌خنه‌ی ئه‌وه له تێڕوانینی سینگه‌ر ده‌گرێت كه ئه‌و هه‌ڵبژاردنانه‌ی سینگه‌ر ده‌یانخاته ڕوو له دوو هه‌ڵبژارده‌دا كورت بوونه‌ته‌وه، له لایه‌ك ژیانێكی داغانكراو به خودبه‌رژه‌وه‌ندی و له لایه‌كی تر ژیانێكی ئه‌خلاقی كه پره‌نسیپی سوودمهنگهرایی تیایدا سه‌روه‌ره. هه‌رچه‌نده سینگه‌ر ئاماژه به‌وه ده‌كات كه ئه‌م دوو هه‌ڵبژارده‌یه تاقه دوو ئه‌گه‌ر نین كه له به‌رده‌ستدا بن، به‌ڵام ئه‌و خۆی به‌و دوانه‌وه سه‌رقاڵ ده‌كات و بێگومان هه‌ڵبژارده‌كه‌ی خۆی به دروست ده‌زانێت وه‌كو چاره‌سه‌ری مۆدێلی خودبه‌رژه‌وه‌ندی.
له‌به‌ر ڕۆشنایی ئه‌م تێبینییهی فرهیزهردا، ده‌كرێت ڕه‌خنه‌ی داخراوبوون له سیسته‌مه ئاكارییهكهی سینگه‌ر بگیردرێت. له ڕاستیدا، هه‌رچه‌نده به‌هایه‌كی هه‌میشه‌یی و گه‌ردوونی له كه‌مكردنه‌وه‌ی ئێش و ئازاردا هه‌یه، به‌ڵام له كۆتاییدا ئه‌م هه‌ڵبژارده‌یه پنتی پێچه‌وانه‌ی هه‌ڵبژارده‌ی خودبهرژهوهندییه، به چه‌شنێك كه وه‌كو پنتێكی دژ خۆی پێشكه‌ش ده‌كات و هه‌ر ئه‌مه‌شه خه‌سڵه‌تی پهڕگیربوونی پێ ده‌دات. هه‌ڵبژارده‌كه‌ی سینگه‌ر ڕادیكاڵانه‌یه، به‌ڵام كاردانه‌وه‌یه‌كه له به‌رامبه‌ر زاڵبوونی مۆدێلی به‌رژه‌وه‌ندخوازی و هه‌موو وزه و توانای هه‌ڵبژارده‌كه له پێچه‌وانه‌كردنه‌وه‌ی پره‌نسیپی به‌رژه‌وه‌ندخوازییه و ئه‌مه‌ش وای لێ ده‌كات ته‌سكبین ده‌ربكه‌وێت و به‌های تر له به‌رچاو نه‌گرێت و وه‌ك چۆن به‌رژه‌وه‌ندخوازی قوربانی به جڤات ده‌دات، هه‌ڵبژارده‌كه‌ی سینگه‌ر وه‌ها ده‌رده‌كه‌وێت قوربانی به خود بدات، یان به لایه‌نی كه‌مه‌وه خود بخاته ئاستێكی نزمتر له جڤات و جیهانه‌وه. هه‌رچه‌نده سینگه‌ر به دروستی ده‌ڵێت كه‌وا خۆته‌رخانكردن بۆ دۆزی باڵا ڕازیبوونی ناوه‌كی لێ ده‌كه‌وێته‌وه و مانا به ژیان ده‌به‌خشێت، تێگه‌یشتنه ئاكارییهكهی سینگه‌ر به‌لای منه‌وه ناكامڵه و نیوه ناچڵه و هه‌تا نیوه‌ی ڕێگا ده‌مانبات چونكه سه‌رچاوه‌ی مانابه‌خشین به ژیان له ده‌ره‌وه‌ی خود داده‌نێت و ئه‌مه‌ش مه‌ترسی ئه‌وه‌ی لێ ده‌كرێت خود یاخود تاك به ته‌واوی له پێناو دۆزه باڵاكهدا له بیر بكرێت. لێره‌وه پێوستی تێڕوانینێكی تری ئه‌خلاقی دێته كایه‌وه، تێڕوانینێك كه بكرێت قووڵییه‌كی فه‌لسه‌فی و بناغه‌یه‌كی پته‌وتر به پرۆژه‌كه‌ی سینگه‌ر بدات كه هه‌ڵگری پرسیارێكی هه‌تاهه‌تاییه كه ئه‌ویش پرسیاری ژیانی شایسته‌یه. ئه‌و ڕه‌وته ئه‌خلاقییه‌ی تر كه ده‌كرێت له‌گه‌ڵ به‌های كه‌مكردنه‌وه‌ی ئێش و ئازار پاڵنهرێكمان به‌رچاو بخات كه تاك و جڤات له ناوه‌وه و له ده‌ره‌وه بجوڵێنێت، ده‌كرێت ئاكاری ناڕوونبێت كه له لایه‌ن ژنه فه‌یله‌سوفی فه‌ڕه‌نسی (سیمۆن دو بۆڤوار)ه‌وه پێكهاته گشتییه‌كه‌ی دیاریكراوه.
له ڕاستیدا و هه‌روه‌كو خوێندنه‌وه‌یه‌كی تر له‌لایه‌ن (مایكڵ و‌لیامز)ه‌وه پیشانی ده‌دات، هه‌رچه‌نده سینگه‌ر ئاماژه به تێڕوانینه ئه‌خلاقییه‌كانی كلتووره‌كانی دیكه ده‌دات، بۆ نمونه كلتوری خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست (مایومۆنید) و كلتووری دێرین (ئه‌رستۆ)، به‌ڵام پرۆژه‌كه‌ی خۆی به‌ستووه‌ته‌وه به هه‌ڵكۆڵینی وه‌ڵام له ناو كلتووری ئه‌خلاقی ئینگلیزی زماندا و لێره‌شه‌وه كه‌ڵكی له كلتوره ئه‌خلاقییه‌كانی كۆنتینێنتاڵ وه‌رنه‌گرتووه (How are we to Live? by Peter Singer). هه‌ربۆیه تێڕوانینه‌كانی سیمۆن دو بۆڤوار (له‌گه‌ڵ ڕاوه‌ستانه سه‌رپێیه‌كان له لای كلتوور و سه‌رچاوه‌كانی دیكه) ڕه‌نگه ئه‌و هه‌له ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن دونیابینییه‌كی واڵای كایه‌ی ئاكارمان به‌رده‌ست بخه‌ن. له هه‌مان كاتیش‌دا، له ژێر ڕۆشنایی تێكستێكی بۆڤواره‌وه ده‌كرێت كهموكوڕتییهكی تر و له‌نگییه‌كی تری به‌رژه‌وه‌ندخوازی ڕه‌خنه بكرێت، كه ئه‌ویش كێشه‌ی خه‌منه‌خۆری و پاسیڤبوونه.
ڕه‌خنه‌ی سینگه‌ر له خودبهرژهوهندخوازی ڕه‌خنه‌یه‌كی ڕه‌وایه و هه‌ڵبژارده‌كه‌ی شایسته‌ی هه‌ڵسه‌نگاندن و به هه‌ند وه‌رگرتنه. له كۆتاییدا، سینگه‌ر نوێبوونه‌وه‌یه‌كی ڕهتنهكراوهی به كایه‌ی ئاكار به‌خشیوه، كه ئه‌ویش دووباره كردنه‌وه‌ی پرسیاری مانای ژیان و مانای ژیانی ئه‌خلاقییه. مایكڵ و‌لیامز ده‌گێڕێته‌وه كه كاتێك له سه‌روه‌ختی ساڵانی ١٩٦٠ سه‌رقاڵی خوێندنی فه‌لسه‌فه بووه له زانكۆیه‌كی به‌ریتانی كه هه‌ڵگری بنه‌ماكانی فه‌لسه‌فه‌ی شیكاری\ئه‌زموونی بووه، هیچ كه‌س خۆی به پرسیاری مانای ژیان چییه سه‌رقاڵ نه‌كردووه و كاتێك خوێندكاره‌كان ئه‌و پرسیاره‌یان كردووه مامۆستاكان پێكه‌نیون یان وه‌ها سه‌یری خوێندكاره‌كانیان كردووه وه‌كو ئه‌وه‌ی شێت بووبێتن. و‌لیامز ده‌ڵێت كه ئه‌و پرسیاره به پرسیارێكی مێتافیزیكی دانرابوو و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بیروباوه‌ڕ وه‌هابوو كه مێتافیزیك بێمانایه، هه‌ربۆیه ئه‌و پرسیاره به پرسیارێكی دروست و ڕه‌وا دانه‌ده‌نرا و به ”نا-پرسیار” سه‌یر ده‌كرا (هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو). لێره‌دا و بێ ڕۆچونه ناو ئه‌و مشتومڕه مێژوویی و تیۆرییه‌وه كه له نێوان ڕه‌وتی شیكاری و كایه‌ی ئاكاردا بوونی هه‌یه، ئه‌وه گرنگه له‌گه‌ڵ ولیامزدا پێزانینمان بۆ هه‌وڵدان و كاره‌كانی سینگه‌ر هه‌بێت كه پرسیاری مانای ژیان و ژیانی ماناداری ژیاندۆته‌وه. به‌ڵام ئه‌وه‌مان له بیر نه‌چێت ئه‌م ژیانه‌وه‌یه له كلتوورێكی دیاریكراودا ڕوویداوه و له كلتووره‌كانی دیكه‌دا ئه‌م پرسه هه‌رگیز له یاد نه‌كراوه، به‌ڵام ئه‌و كلتووره‌ی كه پرسیاره‌كه‌ی له یاد كردووه ده‌كرێت بوترێت هه‌مان كلتووره كه تیایدا ئایدۆلۆژیایه‌كی پارێزه‌ر له سه‌رمایه‌داری له ترۆپكی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی خۆیدایه و هه‌مان كلتوره كه تیایدا بانگه‌شه بۆ مۆدێلی خودبهرژهوهندخوازی و به‌رخۆری ده‌كرێت، هه‌ربۆیه تێڕوانین و لێكدانه‌وه‌كانی سینگه‌ر نرخێكی بێوێنه‌یان هه‌یه.
ئازادی وه‌ك بناغه‌یه‌كی فه‌لسه‌فی
له سه‌ره‌تای داگیركردنی پاریس له لایه‌ن هێزه‌كانی ئه‌ڵمانیای نازی له ١٩٤٠ كه هه‌تاوه‌كو ١٩٤٤ درێژه‌ی كێشا، چه‌ندین ڕۆشنبیری ئه‌و وه‌خته‌ی فه‌ڕه‌نسا هه‌وڵ ده‌ده‌ن به تێفكرین له‌و داگیركارییه بكۆڵنه‌وه، بێ ئه‌وه‌ی به كردار هیچ به‌رهه‌ڵستییه‌ك بنوێنن. به لای سیمۆن دو بۆڤواره‌وه، ئه‌و خه‌ڵكانه به بیانوی ههمهجۆر، له نمونه‌ی مێژوو، هونه‌ر یان هه‌ر ناوێكی گشتگیری تر خۆیان له به‌شداریكردنی چالاكانه له سیاسه‌تدا دوور ده‌خسته‌وه و كه‌وتبوونه ناو گه‌مه‌ی فاشیسته‌كانه‌وه و به پێی لۆژیكی داگیركه‌ران یاریی ژیانیان ده‌كرد و به پاسیڤبوونیان به‌شداریكه‌ری چالاكبوون له سه‌رخستنی پرۆژه‌ی فاشیسته‌كان. ئه‌م هه‌ڵوێسته، لای بۆڤوار، ڕاكردن بوو له لێپرسراوییهتییهكی هه‌نووكه‌یی. ئه‌م ڕاكردن و كه‌مته‌رخه‌مییه هه‌ڵوێستێكی نائه‌خلاقی بوو، چونكه، گه‌ر خۆدانه به‌ر به‌رپرسیارێتی پێشمه‌رجێكی ئه‌خلاقی بێت، ئه‌وه خۆدزینه‌وه له به‌رپرسیارێتی، له ژێر هه‌ر پاكانه و بیانوو و ڕووپۆشێكدا بێت، خۆزدینهوهیه له ئه‌ركێكی ئه‌خلاقی.
ڕه‌نگه بۆڤوار یه‌كێك بێت له‌و بیرمه‌ندانه‌ی ڕوونترین ڕه‌خنه‌یه‌كی له كه‌مته‌رخه‌می گرتبێت. ئه‌وه‌ی له‌هه‌مبه‌ر ڕووداوه‌كانی ئێستا چاو دابخرێت و خۆدزینه‌وه زاڵ بێت، ئه‌وه‌ی ئێستا له ژێر ڕۆشنایی مێژوویه‌كی دوور ڕاڤه‌بكرێت، ئه‌وه‌ی به ناوی ئه‌ده‌بیات و هونه‌ر و جوانییه‌وه دابڕان له‌گه‌ڵ ئێستادا دروستبكرێت، هه‌موو ئه‌مانه به لای بۆڤواره‌وه ڕاكردنن له ئێستا، ڕاكردنن له‌و كردارانه‌ی كه ده‌بێت له ئێستادا بكرێن. له باشوور چۆن ده‌توانین خۆمان له هه‌ڵه‌یه‌كی هاوشێوه‌ی ڕۆشنبیرانی فه‌ڕه‌نسی به دوور بگرین؟ له باشوور، ئه‌م ڕه‌خنه‌یه دژ به پاسیڤبوون ته‌نها ئاراسته‌ی ئه‌وانه ناكرێت كه چالاكی ده‌به‌ستنه‌وه به ئاماده‌بوون له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، یان ئه‌و ئایدۆلۆگه ئاینیانه‌ی له ژێر ناوی دیندا هیچ ڕه‌خنه‌یه‌ك ئاراسته‌ی پرۆژه فاشیسته‌كانی ئه‌و ڕژێمان ناكه‌ن كه جاڕی ئه‌وه لێده‌ده‌ن هه‌ڵگری په‌یامی ئیلاهین، یان ئه‌و ڕۆشنبیرانه‌ی ده‌ستیان شۆردووه له جوڵانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی، به‌ڵكو ئه‌م ڕه‌خنه‌یه هه‌ر یه‌كێك له ئێمه ده‌گرێته‌وه كه ده‌كرێت به لایه‌نی كه‌مه‌وه له چوارچێوه‌ی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی خۆیدا به شێوه‌یه‌كی كرداره‌كی به‌شدار بێت له ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌و سستییه‌ی كایه‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كلتووریی سڕكردووه. به ده‌ر له كۆمه‌ڵێك تاكی چالاك و بزێو له‌گه‌ڵ گروپ و لایه‌نی خاوه‌ن دیدگا كه ڕه‌تی ده‌كه‌نه‌وه له‌گه‌ڵ شه‌پۆلی گوێپێنهداندا هه‌رچی خه‌ون و توانایان هه‌یه ڕابماڵرێت، به شێوه‌یه‌كی گشتی هه‌ڵوێستی زاڵ ئه‌وه‌یه كه هیچ به هیچ ناكرێت و سیسته‌م ناگۆڕێت، كاره‌ساتیش له‌وه‌دایه خودی ئه‌م هه‌ڵوێسته بۆته جۆرێك له ئاكار، ئاكارێكی ته‌وه‌زه‌ل كه ئه‌گه‌ره‌كانی به‌رده‌می پێكهاتوون له ڕاكردن و خۆدزینه‌وه.
خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان له به‌رامبه‌ر جه‌بری مێژوودا ئه‌و دێڕه‌مان به گوێدا ده‌دات كه ئه‌وه‌ی ڕوویدا ڕوویدا و ناتوانرێت هیچ له‌و باره‌یه‌وه بكرێت. ئه‌وه‌ی كه نه‌وت تاڵان ده‌كرێت و پاره دیارنامێنێت و هتد، وه‌ها خۆیان پیشان ده‌ده‌ن وه‌كو ئه‌وه‌ی بووبێتن به ڕاستی حاشاهه‌ڵنه‌گر و دۆخی نه‌گۆڕ. به‌ڵام ئه‌م هه‌ڵوێسته خۆی له‌و ڕاستییه ده‌دزێته‌وه كه ئه‌وه‌ی هه‌یه ئێستایه كه هه‌میشه خۆی نوێ ده‌كاته‌وه. ڕێگه‌گرتن له هه‌ر دزێوییهك له هۆشیارییهكهوه ده‌ست پێده‌كات له به‌رامبه‌ر ئه‌و دزێوییهدا، ئه‌مه هیچ شتێكی ده‌ره‌ئاسا و سه‌رسامكه‌ری تێدا نییه. گه‌ر ئه‌وه چه‌ك به ده‌سته‌كانی ده‌سه‌ڵات بن كه پارێزه‌ری سیسته‌مێكی خهمنهخۆرن، ئایا ئه‌و چه‌ك به‌ده‌ستانه كه‌سانێك نین كه له ناوماندا ده‌ژین؟ گه‌ر ئه‌ندامی خێزانه‌كانمان نه‌بن دراوسێمانن، گه‌ر دراوسێمان نه‌بن ئه‌وه كڕیاری لای هه‌مان فرۆشیارن وه‌كو ئێمه، گه‌ر هاوكڕیارمان نه‌بن ئه‌وه سه‌ردانكه‌ری هه‌مان پاركن وه‌كو ئێمه. به كورتی، گه‌یشتنی په‌یام و جوڵاندنی ویژدان كارێكه خۆبه‌خۆ ڕوونادات و پێویستی به ده‌نگ هه‌ڵبڕین و بوێری و سووربوون و دۆزینه‌وه‌ی میكانیزم هه‌یه (نمونه‌ی ڕێگرتن له دروستكردنی به‌نداوه‌كه وه‌ك سینگه‌ر ده‌یگێڕێته‌وه). جوڵانه‌وه و بزێوی بوون په‌یوه‌ندییه‌كی نه‌پساوه‌یان هه‌یه له‌گه‌ڵ ئاگامه‌ندی ده‌رباره‌ی ئازادی تاك و به‌ده‌ستهێنانی ئازادی. چۆن؟
سیمۆن دو بۆڤوار له كتێبیئاكاری ناڕوون-دا گه‌شه به تێڕوانینێكی ئه‌خلاقی ده‌دات كه له‌سه‌ر بنه‌مای بوونگه‌رایی بونیاد نراوه. تێزی سه‌ره‌كی تێكسته‌كه‌ی بۆڤوار ئه‌و بیرۆكه‌یه‌یه كه ئامانجی هه‌ر كردارێك ده‌بێت تاك و ئازادی تاك له‌به‌رچاو بگرێت. كرده‌یه‌كی ئه‌خلاقی هه‌تا ئه‌و ڕاده‌یه هه‌ڵگری ئاكاره كه جێبه‌جێكردنی ئازادی تاك به‌رته‌سك نه‌كاته‌وه، به‌ڵكو بیپارێزێت و گه‌شه‌ی پێبدات. لای بوونگه‌راكان به گشتی و به تایبه‌تی لای سارته‌ر، ئازادی بوونێكی سروشتی هه‌یه و هه‌ر تاكێك له‌گه‌ڵ هاتنه بوونیدا به ئازادییه‌وه دێته بوون؛ ئه‌وه‌ی دواتر ئه‌م ئازادییه چۆن له‌لایه‌ن ئه‌وانی تره‌وه به‌كارده‌هێنرێت یان تاك چی لێده‌كات هیچ له‌و ڕاستییه كه‌م ناكاته‌وه كه ئازادی په‌یوه‌سته به بوونه‌وه، نه‌وه‌ك وه‌ك سیفه‌تێك یان پێدراوێك، به‌ڵكو وه‌كو پێشمه‌رجێكی بنچینه‌یی. لای سارته‌ر، ته‌نانه‌ت كاتێك تاك له چاره‌نووسی خۆی ڕاده‌كات، ئه‌و هێشتا ئازادانه له‌و چاره‌نووسه ڕاده‌كات، واته ته‌نانه‌ت ئه‌و هه‌ڵبژاردانه‌ی ئازادی تاكێك به‌رته‌سك ده‌كه‌نه‌وه و كۆتایی پێده‌هێنن، ههڵبژاردهگهلێكن له ئازادییه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرن (بۆڤوار ل٢٤، ٢٥). لای بۆڤواریش، هه‌روه‌ك (شارلت مۆر) له نوسینێكیدا له‌سه‌ر ئاكاری ناڕوون ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات، دوو جۆر ئازادی هه‌ن،ئازادی ئۆنتۆلۆژیكه به‌ستراوه به بوونی مرۆڤه‌وه، له‌گه‌ڵ ئازادی ئاكاریكه به‌ستراوه به ویستی مرۆڤه‌وه (Simon de Beauvoir’s Ethics of Ambiguity). ده‌كرێت بوترێت كه لای بۆڤوار له ساتێك‌دا ئازادی له فۆرمه سروشتییهكهوه ده‌كشێت بۆ فۆرمه ئاكارییهكهی، كه ئه‌م قۆناغی گواستنه‌وه‌یه، یان ئه‌م درێژبوونه‌وه‌یه له بوونی سروشتییه‌وه، له ئۆنتۆلۆژییه‌وه، به‌ره‌و بوونی ئاكاری، له ویستی تاكه‌وه دێت به‌وه‌ی ئازادی خۆی دووپات بكاته‌وه و ئه‌م ئازادییه له خۆ بگرێت.
بۆڤوار ده‌ڵێت بوونگه‌رایی مرۆڤ وه‌كو نێگهتیڤێك پێناسه ده‌كات، واته هه‌روه‌ك چۆن ئێمه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه هاتنه‌بوونمان له نه‌بوونه‌وه‌یه، واته ده‌كرا نه‌هاتباینه بوون و بوونمان ده‌ربه‌ستی كۆمه‌ڵێك هۆكاره كه پشت به ههلومهرجگهلێك ده‌به‌ستێت كه هاتنه‌بوونمان ده‌كه‌ن به ڕێكه‌وت، دواتریش و دوای هاتنهبوونمانهوه نێگهتیڤێك ده‌مێنێته‌وه به‌وه‌ی ده‌كرێت هه‌میشه خۆمان له ئازادیی بوونمان بدزینه‌وه و ته‌نانه‌ت بمانه‌وێت به‌ره‌و نه‌بوونیش بگه‌ڕێینه‌وه. لێره‌وه‌یه كه ده‌سته‌واژه‌ی ”مرۆڤ ده‌خوازێت ئازاد بێت” مانای هه‌یه، چونكه هه‌میشه ئه‌و نێگه‌تیڤه، ئه‌و كرداره نه‌خوازراو و به‌ده وه‌كو ئه‌گه‌رێك له به‌رده‌ستدایه كه به هۆیه‌وه مرۆڤ له ئازادی خۆی ڕاده‌كات. بۆڤوار پێیوایه بوونی ئه‌و ئه‌گه‌ره به‌دكاره، ئه‌و نێگه‌تیڤه، ده‌روازه له‌به‌رده‌م بوونگه‌رایدا ده‌كاته‌وه بۆ داڕشتنی ئاكارێكی پۆزه‌تیڤ كه بوونی ئازادانه‌ی مرۆڤ دووپات ده‌كاته‌وه (ل٣٤).
ده‌رباره‌ی هه‌ڵوێستی تاكه‌كان، بۆڤوار نمونه‌ی ژماره‌یه‌ك هه‌ڵوێست ده‌هێنێته‌وه كه تاكه‌كان له به‌رامبه‌ر به بوون ده‌یگرنه به‌ر. له نێویاندا هه‌ڵوێستی ئه‌و تاكه‌ی بۆڤوار به خوار-مرۆڤ ناوی ده‌بات، هه‌روه‌ها تاكی جدی و تاكی پووچگه‌را و تاكی سه‌ركێش و تاكی بهكهفوكوڵ (حه‌ماسی). من لێره‌دا كه‌مێك له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی كه‌سی سه‌ركێش ڕاده‌وه‌ستم چونكه هه‌ڵوێستێكی به‌رچاو و باوه كه له جیهانی ئه‌مڕۆدا له گه‌شه‌كردندایه و چه‌مكی بهرژهوهنیخوازیمان لای سینگه‌ر به بیر دێنێته‌وه.
كه‌سی سه‌ركێش ئه‌و كه‌سه‌یه كه ته‌نها گرنگی به چێژ و ده‌ستكه‌وت و بردنه‌وه و شه‌هامه‌تی خۆی ده‌دات. ئه‌م تاكه خه‌ڵكانی تری به لاوه گرنگ نییه و گوێ به‌و ده‌رئه‌نجامه ئازاربه‌خشانه نادات كه كرداره‌كانی ده‌كرێت له‌سه‌ر ژیانی كه‌سانی تر بیانخاته‌وه. بۆڤوار نمونه‌ی (فرانسیسكۆ پیزارۆ) ده‌هێنێته‌وه، كه‌سێك كه چۆن له پێناو كۆكردنه‌وه‌ی سه‌روه‌ت و به‌ده‌ستهێنانی نازناودا كۆمه‌ڵكوژیی خه‌ڵكه ڕه‌سه‌نه‌كه‌ی (پیرۆ) هیچ گرنگ نه‌بووه به لایه‌وه. كه‌سی سه‌ركێش خه‌ڵكانی تر وه‌كو ”ئامراز” به‌كاردێنێت، ئه‌گه‌ر ئه‌و خه‌ڵكانه‌ش وه‌كو كۆسپ له به‌رده‌میدا ده‌ركه‌وتن، ئه‌وه له‌ناویان ده‌بات. لێره‌وه ده‌بینین كه كه‌سی سه‌ركێش ڕۆڵی سته‌مكارێك و جه‌لادێك ده‌بینێت و گه‌ر ئه‌وانی ترمان به ڕاستی له بوونی تێبگه‌ین، ئه‌وه كه‌سێكی بێزراویش ده‌رده‌كه‌وێت و ده‌بێت به دوژمنی ئه‌وانی ترمان. كه‌سی سه‌ركێش له پێناو سه‌پاندنی ستهمكارییهكهیدا ده‌كه‌وێته خزمه‌تكردنی ئه‌و ڕژێم و سیسته‌مه‌ی كه پیاده‌كردنی سته‌مكاری بۆ خۆش ده‌كات چونكه ئه‌م كه‌سه بۆ گه‌یشتن به مه‌رامه‌كانی پێویستی به پاره و چه‌ك و دامه‌رزراوه‌ی پۆلیس و یاسا هه‌یه. تێڕوانینی كه‌سی سه‌ركێش له به‌رامبه‌ر ئازادی‌دا له‌وێدا ده‌كه‌وێته هه‌ڵه‌وه كه ئه‌م تاكه ئازادی ڕاسته‌قینه له‌گه‌ڵ ده‌ستكه‌وتی ده‌ره‌كی تێكه‌ڵ ده‌كات و هه‌ربۆیه به ناوی سه‌ربه‌خۆییه‌وه ده‌كه‌وێته خزمه‌تی ئه‌و ده‌ستكه‌وته ده‌ره‌كییانه یان ئه‌و ڕژێمه‌ی یارمه‌تی ده‌دات. كه‌سی سه‌ركێش یاخود ملكه‌چی ئاغاكانی ده‌بێت، یاخود خۆی ده‌بێت به ئاغایه‌ك، ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێك زیاتر له به دیكتاتۆربوون نزیكی ده‌كاته‌وه (ل٦٥-٦٧).
لێره‌دا ده‌كرێت بوترێت كه‌م نین نمونه‌ی ئه‌و دیكتاتۆرانه‌ی له پێناو گه‌یشتن به مه‌رامه تایبه‌ته‌كانیان، جا سه‌روه‌ت و شكۆمه‌ندی بێت یاخود ده‌سته‌به‌ركردنی فه‌رمانڕه‌وایه‌تی شاهانه‌یی و بنه‌ماڵه‌یی بێت، سه‌رتاپای ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵگاكه‌یان ده‌كه‌ن به خزمه‌تكاری خۆیان، به‌مه‌ش نه‌ك ته‌نها ئازادی ئه‌وانی دیكه كه‌له‌پچه ده‌كه‌ن، به‌ڵكو خۆشیان ده‌بن به زیندانی كۆمه‌ڵێك خولیا و چێژ و ماتریاڵی ده‌ره‌كی. نمونه‌ی كه‌سانی سه‌ركێش له نمونه ساده و ڕۆژانهكهیدا ئه‌و كه‌سانه‌ن كه هه‌موو هه‌وڵیان گه‌یشتنه به ئامانجه تایبه‌ته‌كانیان بێ له به‌رچاو گرتنی به‌رئه‌نجامی كرداره‌كانیان له‌سه‌ر ژیانی كه‌سانی دیكه. بهرخۆرییهتی زاڵ له ئێستادا ژینگه‌یه‌كی له‌باری هێناوه‌ته ئاراوه بۆ چه‌كه‌ره‌كردن و گه‌شه‌كردنی كه‌ڕووی تاكی سه‌ركێش، تاكێك كه به ته‌نها خۆی دوا ئامانجه و خۆی به سه‌نته‌ری گه‌ردوون ده‌زانێت، به‌و مانایه‌ی كه ئه‌گه‌ر به ڕووكه‌شیش دانی پێدانه‌نێت كه ئاسایی ده‌بێت به لایه‌وه گه‌ر هه‌مووان له پێناو تێركردنی خواسته‌كانی ئه‌ودا تێ‌یان بكۆشیایه، سه‌رتاپای هه‌وڵ و ماندووبوونه‌كانی خۆپه‌رستییه‌كی وه‌ها به سه‌ریاندا زاڵه كه به‌ده‌ر له خۆی و ڕه‌نگه چه‌ند كه‌سێكی نزیك به خۆی، خه‌ڵكانی تر و تاكه‌كانی تر هیچ به لایه‌وه گرنگ نین. تاكی سه‌ركێش كۆسپه له‌به‌رده‌م تێگه‌یشتن له ئازادی خۆی و كۆسپیشه له‌به‌رده‌م ئازادی ئه‌وانی دیكه‌دا. ئه‌م جۆره هه‌ڵوێسته به ئاشكرا له لایه‌ن سه‌رمایه‌داری و نیۆلیبڕاڵیزمهوه پشتگیری ده‌كرێت، بۆ نمونه ئه‌و گریمانه قبوڵكراوهی كه هه‌ر یه‌كێك مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه بێڕاده سه‌روه‌ت و سامان كۆ بكاته‌وه، گریمانه‌یه‌ك كه به ڕاده‌یه‌ك تێهه‌ڵكێشی بیركردنه‌وه كراوه كه وه‌كو ڕاستییه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گر ته‌ماشا ده‌كرێت. گومانی تێدا نییه كه ههڵپهكردنهكانی ئه‌م جۆره له دونیابینی له بنه‌ڕه‌ته‌وه دژ به پره‌نسیپی گه‌ردوونیبوونی ئاكاره، وه‌ك لای سینگه‌ر بینیمان، به‌وه‌ی چۆن خوازراوه تاك له كرداره‌كانیدا هه‌موو خه‌ڵكانی تر له به‌رچاو بگرێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی مافی خۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردن به ناوی ئازادییه‌وه تێی ده‌په‌ڕێنێت، له ڕاستیدا شێواندنی چه‌مكی ئازادییه، هه‌روه‌ك له لێكدانه‌وه‌كه‌ی بۆڤواره‌وه ده‌رده‌كه‌وێت.
بۆڤوار به زمانێكی ڕوون ده‌ڵێت كه‌وا: ”ئه‌وه‌ی ئازاد بیت ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت كه ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌ت هه‌بێت هه‌رچی بته‌وێت بیكه‌یت؛ به‌ڵكو ئه‌وه‌ی بتوانیت دۆخی پێدراوی ئێستا تێپه‌ڕێنیت به‌ره‌و داهاتوویه‌كی كراوه.” (ل٩٧). لای بۆڤوار ناساندنی ئازادی ئه‌وانی تر ئازادی من سنووردار ناكات، به‌ڵكو بوونی ئه‌وانی تر وه‌كو بوونێكی ئازاد دۆخی من پێناسه ده‌كات و زیاد له‌مه‌ش، ئه‌و بوونه ئازاده‌ی ئه‌وانی تر ئه‌و مه‌رجه‌یه كه بوونی ئازادانه‌ی من دیاریده‌كات. بۆڤوار پێیوایه مرۆڤ ده‌بێت ئازادی وه‌كو ئامانجی باڵای خۆی دیاریبكات چونكه ته‌نها له‌م ڕێگه‌یه‌وه‌یه كه به‌های هه‌موو ئامانجه‌كانی دیكه ده‌كرێت دیاریبكرێت. لێره‌وه، ”خۆشگوزه‌رانی، كامه‌رانی و هه‌موو شته خوازراوه‌كانی دیكه كه مرۆڤ ده‌یكات به پرۆژه‌ی خۆی، ده‌كه‌ونه ژێر به وایقیعبوونی ئه‌م مه‌رجه ڕه‌هایه‌وه.” (ل١٢١، ١٢٢). به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئازادی من به ئازادی ئه‌وانی دیكه‌وه گرێدراوه، هه‌ربۆیه ناتوانین كرده‌ی ئه‌خلاقی له كرده‌ی سیاسی جودا بكه‌ینه‌وه، چونكه سیاسه‌تكردن، هه‌روه‌ك ئاكار، هه‌موومان پێكه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه. له ڕاستیدا ئاكار و سیاسه‌ت هه‌میشه پێكه‌وه گرێدراون. هه‌ر مۆدێلێكی سیاسی هه‌ڵگری كۆمه‌ڵێك پره‌نسیپی ئه‌خلاقییه و هه‌ر سیسته‌مێكی ئه‌خلاقی كۆمه‌ڵێك ئامانجی سیاسی هه‌ڵگرتووه. سیاسه‌ت و ئه‌خلاق دوو ڕووی هه‌مان دراون. ئه‌م پێكه‌وه به‌ستنه‌وه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه لای ئه‌رستۆ به ڕوونی ئاماژه‌ی پێده‌كرێت. ئامانجی ئاكار لای ئه‌رستۆ گه‌یشتنه به چاكه‌ی باڵا. چاكه‌ی باڵاش هه‌ڵگری دوو چاكه‌یه له نێو خۆیدا، چاكه‌ی گشتی و چاكه‌ی تاكه‌كان. بۆ گه‌یشتن به چاكه‌ی باڵا، باشترین ڕێگا سیاسه‌ته چونكه سیاسه‌ت ده‌توانێت ده‌ستكه‌وتی هه‌موو زانسته‌كانی تر له خۆ بگرێت و ڕێگا خۆشبكات بۆ گه‌یشتن به چاكه‌ی باڵا(ÉthiqueàNicomaqueل٣٤، ٣٥).ئاكار و سیاسه‌ت دانه‌بڕاون و هه‌ردووكیان ده‌یانه‌وێت به هه‌مان جێ و به هه‌مان ئامانج بگه‌ن و جیاكردنه‌وه‌یان بێ زیانگه‌یاندن به پرۆسه‌ی گه‌یشتن به چاكه‌ی باڵا، مه‌حاڵه.
خه‌سڵه‌تێكی سه‌ره‌كی ئاكار له تێڕوانینی بۆڤواردا ئه‌وه‌یه كه كاری ئاكار ئه‌وه نییه ڕه‌چه‌ته‌یه‌ك بۆ هه‌ڵسوكه‌وت كردن پێشكه‌ش بكات (سینگهریش هه‌مان بۆچونی هه‌یه). ئه‌م ڕه‌تكردنه‌وه‌یه به‌وه‌ی خاڵ به خاڵی كرداره ئاكارییه‌كان دیاری بكرێت، پێچه‌وانه‌ی هه‌ندێك له‌و ڕێبازه ئاكاریانهیه كه ده‌چنه ناو هه‌موو ورده‌كارییه‌كه‌وه و دانه به دانه‌ی پره‌نسیپه‌كانی كردارنواندن داده‌ڕێژن؛ بۆ نمونه چۆن له ئاكاری (كانت)دا درۆكردن له هه‌موو بارێكدا هه‌ڵه‌یه و ناكرێت هیچ پاساوێك بۆ درۆكردن بهێنرێته‌وه، ته‌نانه‌ت له‌و بارانه‌شدا كه درۆكردن ڕه‌نگه ببێته هۆی ڕزگاركردنی ژیانی كه‌سێك له مردن (Fondements de la métaphysique des moeursل١٨، ١٩). به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ڕه‌چه‌ته، بۆڤوار بڕوای به پێویستی هه‌بوونی میتۆد هه‌یه. بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی ئه‌م خاڵه، بۆڤوار ئاكار به زانست و هونه‌ر به‌راورد ده‌كات. كاری سه‌ره‌كی زانست ئه‌وه‌یه بیرۆكه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ناوه‌ڕۆكه‌كه‌یدا بگونجێنێت، یان یاسایه‌ك له‌گه‌ڵ ڕاستییه‌كاندا بگونجێنێت، هه‌ر كاتێكیش بیرۆكه‌یه‌ك یان یاسایه‌ك له‌گه‌ڵ ناوهڕۆك و ڕاستییه‌كاندا نه‌گونجا، ئه‌وه پێویسته بیرۆكه و یاساكه پێداچوونه‌ی پێدا بكرێت و بگۆڕدرێت. به هه‌مان شێوه، هه‌ر كردارێك كه له‌گه‌ڵ مانای كردارهكهدا نه‌گونجێت، ئه‌وه پێویسته ده‌ستكاری كرداره‌كه بكرێت، نه‌ك مانای كرداره‌كه، چونكه مانای كرداره‌كه، یاخود مه‌به‌ستی باڵای كرداره‌كه، شتێكه كه به شێوه‌یه‌كی ڕه‌ها خوازراوه و ئامانجی كۆتاییه. ئاڵۆزییه‌كه له‌وه‌دایه كه په‌یوه‌ندی نێوان مانا و ناوهڕۆك به ساده‌یی دیاری ناكرێت و به شێوه‌یه‌كی ئه‌بستراكت ئه‌م په‌یوه‌ندییه خۆی ده‌رناخات. هه‌ربۆیه پێویسته له هه‌ر بارێكدا په‌یوه‌ندییه‌كه بخرێته به‌ر پرۆسه‌ی تاقیكاری و بڕیاردانه‌وه. هه‌روه‌ها، هه‌روه‌ك چۆن كه‌سی زانستخواز بیر له دۆزینه‌وه‌ی زانستی ده‌كاته‌وه و هونه‌رمه‌ند بیر له داهێنانی هونه‌ری ده‌كاته‌وه، بێ ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوانی ئه‌وه بن بیركردنه‌وه‌یان هیچ چاره‌سه‌رێكی پێشوه‌خت ئاماده‌كراویان پێ بدات (چونكه ساتی دۆزینه‌وه و داهێنان هه‌رگیز ناتوانرێت پێشوه‌خت پێشبینی بكرێت)، مرۆڤی چالاكیش ده‌بێت بیر له‌وه بكاته‌وه له ژێر چ هه‌لومه‌رجێكدا كرداره‌كانی ڕه‌وان. به مانایه‌كی تر، دروست نییه مرۆڤ لیستێك كردار بۆ خۆی دیاریبكات و بێ تێڕامان به‌رده‌وام پیاده‌یان بكات، بێ ئه‌وه‌ی پێداچوونه‌وه‌یان پێدا بكات، هه‌روه‌ك چۆن كه‌سی زانستخواز و هونه‌رمه‌ند هه‌رگیز له بیركردنه‌وه له چۆنێتی گه‌یشتن به دۆزینه‌وه‌ی زانستی یان داهێنانی هونه‌ری ناكه‌ون و هه‌میشه ده‌رگیری پرسی نوێبوونه‌وه و تازهكارین. له پێناو ده‌سته‌به‌ركردنی ئه‌م تێڕامان و پێداچوونه‌وه به‌رده‌وامه، ئاكاری ناڕوون پێویستی به چه‌ند بناغه‌یه‌ك هه‌یه كه هه‌میشه بگه‌ڕێته‌وه بۆ لایان بۆ ئه‌وه‌ی به لاڕێدا نه‌ڕوات. بۆڤوار پێیوایه یه‌كێك له‌و ئامانجه كۆتاییانه‌ی ئه‌م ئاكاره ده‌بێت له به‌رچاوی بێت تاكه، واته هه‌ر كردار نواندنێك ده‌بێت تاك به هه‌ند وه‌ربگرێت. به لای بۆڤواره‌وه، ئه‌وه‌ی گرنگه تاكه وه‌ك مرۆڤێك، بێ گوێپێدانه ئه‌وه‌ی ئه‌م تاكه سه‌ر به چ چینێكی كۆمهڵایتییه و نه‌ته‌وایه‌تییه‌كه‌ی چییه و هتد (ل١٤٥، ١٤٦).
پرسی پێداچوونه‌وه‌ی به‌رده‌وام و نوێبوونه‌وه له‌م ئاكارهدا سه‌رچاوه‌كه‌ی بوونگه‌راییه. له ڕاستیدا بۆڤوار ئه‌م ئاكاره‌ی ناو ناوه ئاكاری ناڕوونچونكه هه‌روه‌ك له باره‌ی بوونه‌وه ده‌ڵێت: ”وتنی ئه‌وه‌ی كه‌وا بوون ناڕوونه واته دووپاتكردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی كه‌وا مانای بوون هه‌رگیز جێگیر نییه، به‌وه‌ی ئه‌م مانه‌یه پێویسته هه‌میشه به‌ده‌ست بهێنرێت.” (ل١٣٢). لێره‌وه تایبه‌تمه‌ندی ئه‌م ناوهێنانه ده‌رده‌كه‌وێت، چونكه په‌یوه‌ندییه‌كه وه‌هایه كه ئه‌م ئاكاره ئامانج لێی بوونی تاكه، بوونێكی ئازاد، بوونێك كه ماناكه‌ی هه‌رگیز پێشوه‌خت دیاری نه‌كراوه و ئازادیبوونهكهی ده‌بێت به‌ده‌ست بهێنرێت؛ خۆدانه به‌ر لێپرسراویه‌تی به‌ده‌ستهێنانی ئازادی پرسێكی نه‌بڕاوه‌یه و ده‌بێت هه‌میشه له خۆ نوێكردنه‌وه‌دا بێت چونكه مانای بوون جێگیر نییه و له قاڵب نه‌دراوه و ناڕوونه، هه‌ر بۆیه پێویستمان به ئاكارێكه به ناوی ئاكاری ناڕوون كه كرداره‌كانی هه‌میشه له ژێر لێپرسینه‌وه‌دان به‌وه‌ی تا چه‌ندێك ڕه‌وان و تا چه‌ندێك له‌گه‌ڵ مانای ڕه‌ها و خواستراوی كرداره‌كاندا ده‌گونجێن. هه‌روه‌ها، هه‌روه‌كو (شارلت مۆر) ئاماژه‌ی پێده‌كات، ڕه‌هه‌ندێكی تری ناڕوونییهكه له‌وه‌دایه كه ئێمه نازانین هه‌ڵبژاردنه ههنووكهییهكانمان چ ده‌رئه‌نجامێكیان له داهاتوودا لێده‌كه‌وێته‌وه و به‌م هۆیه‌وه له ئێستادا هه‌ست به قورسی و گرنگی هه‌ر بڕیارێك ده‌كه‌ین (Simon de Beauvoir’s Ethics of Ambiguity).
سیفه‌تێكی دیكه كه ئه‌م ئاكاره له هه‌ڵوێستی هونه‌ری و زانستی نزیك ده‌خاته‌وه ئه‌وه‌یه هه‌روه‌ك چۆن له زانست و هونه‌ردا شكست ئه‌گه‌رێكی هه‌میشه‌ییه، ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین ئه‌گه‌رێكی پێویسته كه هه‌ر دۆزینه‌وه‌یه‌كی زانستی و داهێنانێكی هونه‌ری ده‌بێت پیایدا تێپه‌ڕن، له‌م ئاكارهشدا تاقیكاری پرۆسه‌یه‌كی پێویسته كه ئه‌گه‌ری شكست و سه‌ركه‌وتن ده‌هێنێته پێشه‌وه. بۆڤوار لای وایه كه‌وا زانست و هونه‌ر به هۆی شكسته‌وه خۆیان داده‌ڕێژن، به‌ڵام ئه‌مه ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت كه هه‌موو هه‌وڵدانێكی زانستی یان هونه‌ری هه‌ر له سه‌ره‌تاوه مه‌حكومن به شكستهێنان، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی كه ئه‌گه‌ره‌كانی به‌رده‌م سه‌ركه‌وتن و شكستهێنان واڵان؛ كاتێك هونه‌رمه‌ند له كێشانی تابلۆیه‌ك ده‌بێته‌وه، تابلۆكه ده‌كرێت وه‌كو شاكارێك بناسرێت و ده‌شكرێت به ته‌واوی پشتگوێ بخرێت؛ تاقیكارییه‌كی زانستی ده‌كرێت ته‌نها به ده‌رخستنی كۆمه‌ڵێك هه‌ڵه كۆتایی پێبێت، به‌ڵام ده‌شكرێت كۆمه‌ڵێك هه‌قیقه‌ت ئاشكرا بكات.
ئاشكرایه كه‌وا تاك له چه‌قی ئه‌م ئاكارهدایه، به شێوه‌یه‌ك كه ده‌كرێت ئاكاری ناڕوون به ئاكاری تاكگه‌رایی ناوزه‌ند بكرێت. به‌ڵام لێره‌دا پێویسته كه‌ڕه‌تێكی دیكه بگه‌ڕێینه‌وه بۆ چه‌مكی تاكگه‌رایی و ئاماژه به‌وه بكه‌ین كه به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و تێگه‌یشتنه باوه‌ی له ئێستادا هه‌یه به‌رامبه‌ر به تاكگه‌رایی كه ڕه‌نگه وه‌ها ته‌ماشای بكات وه‌ك ئه‌وه‌ی تاك له‌وانی دیكه جیا بكاته‌وه و له چوارده‌وری داببڕێت، لای بۆڤوار ته‌نها كاتێك ده‌توانرێت تاك پێناسه بكرێت كه ئه‌م تاكه له په‌یوه‌ندیدا بێت به جیهان و به تاكه‌كانی دیكه‌وه. تاك تاكێكی دابڕاو نییه. ته‌نانه‌ت به‌ده‌ستهێنانی ئازادی له لایه‌ن تاكه‌وه له ڕێی به‌ده‌ستهێنانی ئازادی ئه‌وانی دیكه‌وه‌یه. واته بێ ئازادبوونی تاكه‌كانی دیكه، ئازادبوونی تاكێك به ته‌نها بێمانایه و خزمه‌ت به‌و هه‌ڵوێستی مرۆڤدۆستی و ژیاندۆستییه ناكات كه ئاكاری ناڕوون بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كات. تاكگه‌رایی له فه‌لسه‌فه‌ی بوونگه‌رایی بۆڤواردا ڕێگا خۆش ناكات بۆ گه‌یشتن به دۆخێكی بێسه‌روبه‌ر كه تیایدا هه‌وا و هه‌وه‌سی تایبه‌تی تاك سه‌روه‌رن. به‌ڵكو، تاك پێویسته له ئازادی ڕانه‌كات و ئازادییه‌كه‌ی له ڕێگه‌ی جوڵه‌یه‌ك و كردارێكی بونیاتنه‌ره‌وه بگرێته ئه‌ستۆ. به‌ڵام له به‌رامبه‌ر ئه‌م جوڵه بونیاتنهرهدا جوڵه‌یه‌كی دیكه هه‌یه كه به هۆیه‌وه تاك ده‌بێت هه‌ر چه‌وساندنه‌وه‌یه‌ك ڕه‌ت بكاته‌وه، ج چه‌وساندنه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆ بێت له‌سه‌ر ئه‌و تاكه خۆی یان له‌سه‌ر ئه‌وانی دیكه. شارلت مۆر-یش تێبینییه‌كی هاوشێوه‌ی هه‌یه و ده‌ڵێت كه‌وا تاكگه‌رایی یاخود خودگهراییهكهی ناو ئاكاری ناڕوون خودگه‌راییه‌كی ڕووت و په‌تی نییه، به‌ڵكو ”نێوخودییه” (intersubjective)، په‌یوه‌ست نییه به تاكی دابڕاو و كه‌سانێك كه له په‌یوه‌ندیدا نه‌بن به‌وانی دیكه‌وه، به‌ڵكو ئاكارێكه كه له ئه‌نجامی هاوبه‌شی پێكردن دێته كایه‌وه (Simon de Beauvoir’s Ethics of Ambiguity).
لێره‌وه ده‌رده‌كه‌وێت كه ئاكاری ناڕوون نزیكایه‌تی له‌گه‌ڵ هه‌ر جوڵانه‌وه‌یه‌كی ئازادیخواز و ڕزگاریخوازدا هه‌یه كه ئامانج لێی گه‌ڕانه‌وه و پاراستنی شكۆی تاك و ڕاگرتنی ئازادی مرۆڤایه‌تییه به زیندووی. گه‌رچی ئه‌م ئاكاره ئاشكرا سه‌روكاری له‌گه‌ل جوڵانه‌وه‌ی سیاسی‌دا هه‌یه، به‌ڵام وه‌ك بۆڤوار له نوسینێكی تری‌دا ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات، له بوونگه‌رایدا سیاسه‌ت ”ته‌نها گونجاندنی ئامرازی به‌كه‌ڵك نییه بۆ گه‌یشتن به ئامانجێكی بێمه‌رج، به‌ڵكو داهێنان و بونیادنانی به‌رده‌وامی ئامانجه له ڕێگه‌ی ئه‌و ئامرازانه‌ی به‌كاردێن بۆ گه‌یشتن به‌و ئامانج و كۆتاییه” (What is Existentialism?ل٣٢٥). نزیكایه‌تیی و لێكدانهبڕاویی سیاسه‌ت و ئاكار ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت كه ئاكار له كایه‌یه‌ی سیاسه‌تدا كورت ده‌كرێته‌وه. به پێچه‌وانه‌وه، من پێموایه كه ئه‌وه سیاسه‌ته ده‌بێت په‌یڕه‌وی له كۆمه‌ڵێك پره‌نسیپی ئه‌خلاقی بكات. گه‌ر ئاكار كۆیه‌ك بێت، سیاسه‌ت به‌شێكی ئه‌و كۆیه‌یه. هه‌روه‌ها، گه‌ر بگه‌ڕینه‌وه بۆ لای سینگه‌ر، ئه‌وه ده‌بینرێت كه به خوێندنه‌وه‌ی مێژووی سه‌ده‌ی بیست بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه سیاسه‌ت ناتوانێت خۆی له قه‌ره‌ی هه‌موو پرسه چاره‌نووسسازه‌كان بدات، به تایبه‌تی ئه‌و پرسانه‌ی ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ستن به ژیانی ڕۆژانه‌ی تاكه‌كانه‌وه. به واتایه‌كی تر، هیچ مۆدێلێكی سیاسی یان ئاینی ناتوانێت سه‌رتاپای كایه‌ی ئاكار له خۆی بگرێت. ژیانی ئه‌خلاقی پرسێكی بنه‌ڕه‌تییه و بنه‌مایه‌كه كه ده‌كرێت لێیه‌وه گه‌شه به چه‌ند پره‌نسیپێكی گشتی بدرێت.
بۆچی ئه‌م دوو تێڕوانینه ئه‌خلاقییه؟
تێڕوانینه ئاكارییهكهی بۆڤوار تاك و ئازادی تاك له چه‌قی دونیابینییهكهیدا داده‌نێت، تاكێك كه له په‌یوه‌ندیدایه به‌وانی تره‌وه و ئازادبوونی به‌ستراوه به ئازادی ئه‌وانی تره‌وه. له‌م تێڕوانینه‌دا، كرداره‌كان ئه‌خلاقین هه‌تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی ئاسۆی ئازادی فراوانتر ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش له پێناو ئه‌وه‌ی تاك پرۆژه‌ی بوونی له جیهاندا به ئازادی به جێگایه‌ك بگه‌یه‌نێت و ژیانی مانایه‌كی هه‌بێت. بوونی فه‌لسه‌فیانه‌ی تاك ئه‌وه‌یه، وه‌ك (محه‌مه‌د كه‌مال) ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات، بوونی به پرۆژه بكات؛ مرۆڤ بوونه نه‌ك هه‌بوو، واته مرۆڤ ناوه‌ڕۆكێكی نه‌گۆڕ و له پێشتری نییه، ناوه‌ڕۆكی مرۆڤ ”ئه‌و پرۆژانه‌یه كه خۆی بڕیار له‌سه‌ریان ده‌دات” (بوون و داهێنان، ل٦٩، ٧٠). محه‌مه‌د كه‌مال ئه‌م پرۆژانه‌ی بوون ده‌به‌ستێته‌وه به داهێنانه‌وه و داهێنان وه‌كو پێشمه‌رجی ئۆنتۆلۆژی بوون ده‌ناسێنێت. چه‌مكی داهێنان گرنگییه‌كی زۆری هه‌یه، چونكه گه‌ر مرۆڤ هه‌میشه له نوێكردنه‌وه‌ی پرسیاری ژیانی شایسته‌دا بێت و مانا پێدان و ئازادی دوو پرسیاری هه‌میشه‌یی بن، ئه‌وه ته‌نها له ژێر ڕۆشنایی داهێناندایه كه پرۆسه‌ی گۆڕانخوازی و نوێبوونه‌وه به‌رده‌وامی ده‌بێت.
ئاكاری ناڕوونی بۆڤوار ده‌كرێت به تایبه‌ت له هه‌موو ئه‌و سه‌رده‌مانه‌دا خزمه‌تمان بكات كه له خه‌باتی ڕزگاریخوازداین، وه چونكه تێكۆشانی مرۆڤ بۆ به‌ده‌ستهێنان و پاراستن و له‌خۆگرتنی ئازادی ناكۆتایه، هه‌ربۆیه ده‌كرێت هه‌میشه بگه‌ڕێینه‌وه بۆ پره‌نسیپه سه‌ره‌كییه‌كانی ئاكاری ناڕوون. ئاكاری سینگه‌ر به‌رگرییه‌كه كه ده‌كرێت له دۆخی هه‌نووكه‌ییدا له به‌ربه‌رییه‌تی چێژوه‌رگرتن و به‌رخۆری بمانپارێزێت و ئاسۆی نوێمان له به‌رده‌مدا بكاته‌وه و یه‌كێك له‌و پرسیارانه به زیندوێتی بهێڵێته‌وه كه له ژێر سایه‌یدا هه‌میشه شوناس و ئامانجی نوێ و جیاواز خوڵقێندراوه، ئه‌ویش پرسیاری: ئێمه له پێناو چیدا ده‌ژین؟ ئێش و ئازار دوو مه‌ینه‌تی نه‌بڕاوه‌ی ژیانی مرۆڤه‌كانن، هه‌ربۆیه‌ش كه‌مكردنه‌وه‌ی ئێش و ئازار هه‌میشه وه‌كو به‌هایه‌كی ئه‌خلاقی ده‌مێنێته‌وه و ڕه‌وا ده‌بێت.
هه‌ڵبژاردنی ئه‌م دوو تێڕوانینه ئه‌خلاقییه بۆ باسكردنیان له‌و ڕوانگه‌یه‌وه دێت كه كیانی كوردبوون وه‌كو كیانی زۆرێك له‌و گه‌لانه‌ی دیكه‌یه كه بوونیان له‌سه‌ر هێڵێكی هه‌ستیار ڕاوه‌ستاوه {٥}. مه‌به‌ست لێره‌دا ئه‌و گه‌لانه‌یه كه نه‌كه‌وتوونه‌ته ناو سیسته‌مه جیهانییه زاڵه‌كه‌ی دونیای ئه‌مڕۆ، سیسته‌مێك كه چه‌ند شارستانییه‌تێكی كه‌می له ڕێگای جیهانبینی سه‌رمایه‌دارییه‌وه پێكه‌وه گرێداوه و كۆمه‌ڵێك به‌های گشتاندووه. كوردبوون نه‌كه‌وتۆته ناو ئه‌م سیسته‌مه‌وه، به‌ڵكو كوردبوون كیانێكه له لێواری ئه‌م سیسته‌مه و له زۆر باردا له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م سیسته‌مه‌وه بوونی خۆی هێشتۆته‌وه. شاخه‌كانی كوردستان چه‌ندێك سیمبوڵی خه‌باتی چه‌كداری و تێكۆشان بن له پێناو ئازادی‌دا، ئه‌وه‌نده‌ش سیمبولی پێدراوێكی جوگرافین كه ڕێگه‌ی به گه‌لێك داوه ڕه‌تی بكاته‌وه بخرێته ناو سیسته‌مه باڵاده‌سته‌كانه‌وه و هه‌میشه له به‌رهه‌ڵستیدا بووه. سه‌ره‌ڕای ئه‌م خۆبه‌ده‌سته‌وه نه‌دانه، پێشهاته ته‌كنه‌لۆجی و سیاسی و جیهانییه‌كان وایان كردووه دابڕان له سیسته‌می جیهانی زاڵ كارێكی مه‌حاڵ بێت. هه‌ربۆیه لێره‌دا كوردبوون وه‌ها خۆی ده‌ناسێنێت وه‌ك ئه‌وه‌ی پێیه‌كی له ناو سیسته‌مه جیهانییه‌كه‌دا بێت و پێیه‌كیشی له ناو به‌رهه‌ڵستیدا بێت، هه‌ر ئه‌م هاتووچوون و یاریكردنه بهرداوهمهشه كه هۆكاری په‌یوه‌ندی به‌ستنه به سیسته‌مه جیهانییهكهوه و له‌هه‌مان كاتیش‌دا پاراستنی شوناسێكی تایبه‌ت به خۆیه (هه‌رچه‌نده سیماكانی ئه‌و شوناسه هێشتا ڕوون نین و له په‌ره‌سه‌ندندان). له‌م پێگه دوانییهوه، پێویستی هه‌بوونی فره‌یی دێته ئاراوه، هه‌ر بۆیه هیچ تاقه تێڕوانینێكی ئه‌خلاقی ناتوانێت فره‌لایه‌نی كیانی كوردبوون له‌خۆبگرێت و پێویستمان به كرانه‌وه هه‌یه.
ئه‌م كرانه‌وه‌یه خۆی له‌وه‌دا ده‌بینێته‌وه چۆن بتوانین له په‌یوه‌ندیدا بین له‌گه‌ڵ سیسته‌مه جیهانییه‌كان و له هه‌مان كاتدا بره‌و به تایبه‌تمه‌ندێتی و ئازادی و شوناسی كوردبوون بده‌ین. ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ستی به ئاكاره‌وه هه‌بێت، سینگه‌ر یارمه‌تیده‌ره له‌وه‌ی ئه‌و به‌های به‌رخۆرییه‌ی له سه‌رمایه‌دارییه‌وه وه‌رمانگرتووه لێی تێبگه‌ین و بتوانین وه‌ڵامی بده‌ینه‌وه، گرنگی بۆڤواریش له‌وه‌دایه كه له په‌یوه‌ندیدا به خه‌باتی ئازادی به‌رچاوڕوونی ده‌خاته به‌رده‌ست چۆن له بنه‌مای جه‌وهه‌ری مانای ئازادی دوورنه‌كه‌وینه‌وه. هه‌ربۆیه، ده‌كرێت بوترێت كه كاركردن له پێناو ئازادی تاك و جڤات و كه‌مكردنه‌وه‌ی ئێش و ئازار، ئه‌ویش له پێناو ده‌سته‌به‌ركردنی ژیانێكی داهێنه‌رانه و ژیانێكی شایسته، ئه‌و دوو به‌ها ئه‌خلاقییه‌ن كه به جیا بۆڤوار و سینگه‌ر داكۆكیان لێ كردووه. له جیهانێكیشدا كه بویسترێت فره‌یی و جیاوازی بپارێزرێت و پرسیاری ژیانێكی مانادار هه‌میشه له خۆداهێنانهوهدا بێت، ئه‌و دوو به‌هایه ده‌كرێت ئاسۆی دونیابینی ئه‌و جیهانه به كراوه‌یی بهێڵنه‌وه.
ته‌واو
په‌راوێزه‌كان:
-
{١}: له م نوسینه‌دا ئاكار وه‌كو كایه‌یه‌كی گشتگیر مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا كراوه. هه‌ندێ جار جیاكارییه‌ك له نێوان ئێتیك و مۆڕاڵدا ده‌كرێت، بۆ نمونه لای (یۆرگن هابرماس). ئێتیك ده‌كرێت كایه‌ی یاسا دانان بگرێته‌وه به له خۆگرتنی پرسه ئه‌خلاقییه جڤاتی و سیاسیه‌كان، ئه‌و پرسیارانه‌ی په‌یوه‌ندییان به ژیانی كۆمه‌ڵ و هه‌موانه‌وه هه‌یه. له به‌رامبه‌ردا، مۆڕاڵ ده‌كرێت په‌یوه‌ست بێت به هه‌ڵبژاردن و بڕیاری تاكه‌كان. ئه‌م جیاكارییه كه له نێوان ئێتیك و مۆڕاڵدا ده‌كرێت، لێره‌دا زۆر له به‌رچاو نه‌گیراوه و پرسه ئه‌خلاقییه‌كان وه‌ها دانراون تاك و جڤات پێكه‌وه و بێ جیاكاری له خۆ بگرن.
-
{٢}: له سه‌رتاسه‌ری ئه‌م نوسینه‌دا ئاكار و ئه‌خلاق هاوواتای یه‌كترین و له كوێدا یه‌كێكیان له ڕووی زمانه‌وانییه‌وه به گونجاو زانرابێت ئه‌وه‌یان به‌كار هێنراوه.
-
{٣}: تێكسته‌كه‌ی بێنیامین وتارێكی داڕێژراو نییه و وه‌كو تێبینی نوسراوه و بێنیامین به شێوه‌یه‌كی تیۆری گه‌شه‌ی به تێزه‌كانی نه‌داوه، به‌ڵام ده‌وڵه‌مه‌ندی و چڕی نوسینه‌كه له ئاستێكدایه كه ناكرێت له سه‌روه‌ختی قسه‌كردن له په‌یوه‌ندی نێوان ئاین و سه‌رمایه‌داری خۆی لێ ببوێردرێت.
-
{٤} ده‌كرێت بوترێت كه تا ڕاده‌یه‌ك هیچ كلتورێك بێبه‌ش نییه له په‌ند و ئامۆژگاری ده‌رباره‌ی زیادمهسڕهفی نه‌كردن و به‌فیڕۆنه‌دانی ماڵ و سامان. له په‌نده كوردییه‌كاندا ده‌كرێت ڕێمان له‌مانه بكه‌وێت: ”كاسه‌ی پڕ ئاشتی ماڵه.” یاخود ”ماڵی زیاده سه‌ر ناشكێنێت.” به‌ڵام جودایی ئامۆژگارییه‌كانی فرانكڵین له‌وه‌دان كه كۆكردنه‌وه‌ی سامان له پێناو خودی كۆكردنه‌وه‌ی ساماندایه و ده‌وڵه‌مه‌ندبوون له پێناو ده‌وڵه‌مه‌ندبووندا وه‌كو ئامانج ده‌بینرێت و هه‌ر لێره‌شه‌وه‌یه پڕاوپڕ گونجاون بۆ ڕۆحی سه‌رمایه‌داری.
-
{٥} له سه‌رتاپای جیهاندا ژماره‌یه‌ك هۆز و گه‌ل بڵاوبوونه‌ته‌وه كه به درێژایی هه‌زاران ساڵ شوناسێكی دیاریكراوی تایبه‌ت به خۆیان پاراستووه. ئه‌م هۆز و گه‌لانه ده‌كرێت له دوورگه‌كانی كیشوه‌ری ئاسیا، له ده‌وروبه‌ری دارستانی ئه‌مازۆن، له ناوچه دووردهستهكانی ئه‌فریقا، له ناوه‌ڕاست و خۆرئاوای كیشوه‌ری ئه‌مریكای باكوور و نزیك به جه‌مسه‌ری باكوور، ببینرێنه‌وه. هه‌رچه‌نده پرۆسه‌ی كۆڵۆنیاڵیزم به درێژایی چه‌ندان سه‌ده كاریكرد ئه‌م هۆز و گه‌لانه بخاته ژێر ده‌سه‌ڵاتی سیسته‌می زاڵه‌وه و بوونی كلتوری و ته‌نانه‌ت فیزیكی ئه‌م هۆز و گه‌لانه بسڕێته‌وه، هێشتاكه هه‌زاره‌ها پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی جیاواز بوونی خۆیان پاراستووه و هه‌ڵگری دونیابینی و ئه‌ده‌بیات و به‌رهه‌می لۆكاڵی خۆیانن. له ڕووی ئه‌نترۆپۆلۆجییه‌وه، كورد ده‌كرێت وه‌كو گه‌لێك یان كۆمه‌ڵه هۆزێك ببینرێت كه له لێواری شۆڕبوونهوهدایه بۆ ناو سیسته‌مه زاڵه‌كان و به‌مه‌ش له‌ده‌ستانی پێكهاته جیاوازه‌كه‌ی، به‌ڵام ئه‌م بابه‌ته پێویستی به لێكۆڵینه‌وه و وردبوونه‌وه‌ی جودا هه‌یه.
سه‌رچاوه‌كان:
-
ئه‌رستۆ،ÉthiqueàNicomaque،, I, 1,، Tricot،Paris1990.
-
ئالن جینزبێرگ، A Supermarket in California،١٩٥٥،https://www.poets.org/poetsorg/poem/supermarket-california. مارس ٢٠١٨.
-
ئیمانوێل كانت، Fondements de la métaphysique des moeurs، ١٧٨٥، http://classiques.uqac.ca/classiques/kant_emmanuel/fondements_meta_moeurs/fondem_meta_moeurs.pdf. نیسان ٢٠١٨.
-
پیته‌ر سینگه‌ر، How Are We to Live, Ethics in an Age of Self-interest،١٩٩٣ (چاپی ١٩٩٧)، Oxford، New York.
-
ده‌یڤد ۆنگ، The Beginnings of Ethics،The Philosophers’ Magazine، به‌ریتانیا، ٢٠١٤.
-
دیان ئاكهرمانA Natural History of Love, ،Vintage Books،New York١٩٩٥.
-
عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان، نه‌ته‌وه‌ی دیموكراسی، چاپی: ده‌ستپێشخه‌ری نێونه‌ته‌وه‌یی.
-
سیمۆن دو بۆڤوار،The Ethics of Ambiguity(١٩٤٧)، وه‌رگێڕانی بۆ ئینگلیزی، بێرنارد فرێچمان، Open Road، New York. ٢٠١٥.
-
سیمۆن دو بۆڤوار،What is Existentialism?لاپه‌ڕه ٢٣٢-٢٣٦، Philosophical Texts، پیاچوونه‌وه‌ی: مارگرێت سیمۆنس. زانكۆی ئیلینوا. ٢٠٠٥.
-
شارلت مۆر،Simon de Beauvoir’s Ethics of Ambiguity,Philosophy Now,،٢٠٠٨.https://philosophynow.org/issues/69/The_Ethics_of_Ambiguity. مارس ٢٠١٨.
-
ڕۆبه‌رت ئای. فره‌یزه‌ر، خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ كتێبی چۆن بژین؟، Mind Magazine، ١٠٥، ژماره ٤٢٠، ١٩٩٦، لاپه‌ڕه ٧٢٠-٧٢٢. Oxford University Publication، .http://www.jstor.org/stable/2254600. مارس ٢٠١٨.
-
محه‌مه‌د كه‌مال،بوون و داهێنان، ده‌زگای سه‌رده‌م، ٢٠٠٤.
-
مایكڵ ولیازم، How are we to Live?by Peter Singer، گۆڤاری Philosophy Now،١٩٩٩.https://philosophynow.org/issues/24/How_are_we_to_Live_by_Peter_Singer. مارس ٢٠١٨.
-
واڵته‌ر بێنیامین، Capitalism as Religion، ١٩٢١، وه‌رگێڕانی ڕۆدنی لیڤنستن، ١٩٩٦، http://brotherwisedispatch.blogspot.ca/2014/03/capitalism-as-religion-by-walter.html. مارس ٢٠١٨.
-
تۆماس هۆبز، Leviathan or the Matter, Forme, & Power of a Common-wealth Ecclesiastical and Civil.
1651, https://socialsciences.mcmaster.ca/econ/ugcm/3ll3/hobbes/Leviathan.pdfئه‌پرل ٢٠١٨.