ساڵانێک لەمەوپێش، “فارووق ڕەفیق” لە وتارێکیدا، کە ئەو وەخت لە ڕۆژنامەى “هاوڵاتى” بڵاوکرایەوە، دانى بەوەدا نا کە ”ئێمە ]واتە ڕەهەندییەکان[ لە خوێندنەوەى دەسەڵاتى کوردیدا بە هەڵەدا چووین”. ئەم هەڵوێستەى فارووق لەو ڕوانگەیەوە نەبوو کە بڵێت؛ ئێمە نەمانتوانى تێزەکان لە سیاقى خۆماندا تیۆریزە بکەین، بەڵکو ئەو بە گەڕانەوەى بۆ فەلسەفەى کلاسیک، وەختەبوو بگاتە ئەو باوەڕەى کە ئەمەى لە کوردستان هەیە دەسەڵات نییە و ئەوان بە هەڵە ناویان لێناوە “دەسەڵات”.
لە ڕاستیدا من نازانم ئەوکات کاک “فارووق” بیرى لە چى دى کردۆتەوە، واتە گەر شتێکمان نییە بە ناوى “دەسەڵاتى کوردى” ئەى کەواتە چیمان هەیە؟! بە بڕواى من ناوى هەرچییەکى لێ بنێیت دواجار دەسەڵاتە، بەڵام دەبێت بزانین چ جۆرە دەسەڵاتێکە و چۆن ئیشدەکات. بەم جۆرە بەدەر لەوەى بڵێین دەسەڵاتى حیزب و بنەماڵە و سوڵتانیە، دەتوانین شتێکى جەوهەریتر لەبارەیەوە بڵێین. مشتومڕى “مەریوان وریا” و “بەختیار عەلى” لەبارەى ئەوەى ئایا دەسەڵاتى کوردى (و ئەم ناوچەیە بە گشتى) سوڵتانییە یان فاشیستییە، بەدحاڵیبوونێکى سەرەکیى تێدابوو، کە هیچ یەکێک لەو نوسینانەى لەبارەى ئەم مشتومڕەوە نوسران بەلایدا نەچوون. بە بڕواى من خاڵى گەورەى بەدحاڵیبوون لەو مشتومڕەدا، ئەوەبوو بیرکردنەوەى مەریوان هێشتایش هەر لەنێو دەوڵەتدا دەسوڕایەوە، دەوڵەت وەک فۆڕمى مومارەسەى دەسەڵات لە سەرەوە، لە پاشاوە. بۆیە فاشیزمیشى هەر بە تێگەیشتنە تەقلیدییە کۆنەکە دەبینى، واتە فاشیزمى دەوڵەت، کە لە قۆناغێکى مێژوویى دیاریکراودا و لە شوێنێکى دیاریکراودا دەرکەوت و لەنێویش چوو. هەرچى بەختیارە، فاشیزمێکى دەبینى کە بە زەرورەت پێویستى بە دەوڵەت نییە، بەڵکو (میکرۆ-فاشیزمە) و لە ئاستى گروپ و شوناسە بچووکان و گەورەکان، حزبەکان، مەزهەبەکان، نەتەوە و ئێتنیکەکاندا ڕەنگ دەداتەوە. لە دەرەوەى ئەم دیاریکردنە سوڵتانى و فاشیستییە، لێرەدا باس لە شتێکى تر دەکەم، کە دەشێت کەوڵى سوڵتانیزم یان فاشیزمیش بەخۆیەوە بگرێت، بەڵام لێرەدا ئەمە کارى من نییە، ئەگەرچى بە تەواوى بڕوام بەوەیە کە (میکرۆ-فاشیزم) بە هەموو جەستەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و دونیایشدا بڵاوبۆتەوە و ئەرکمانە قسەى لەسەر بکەین و بگرە ڕووبەڕوویشى ببینەوە.
کەواتە ئەو شتەى لێرەدا دەمەوێت بیڵێم ئەوەیە؛ هەندێ سیفەتى “شوانکارەیى” لە دەسەڵاتى کوردستانى باشووردا پیشان بدەم کە بە تایبەتى لە سەروبەندى ڕیفراندۆمدا، دەرکەوتن. ئەم چەمکەیش فەیلەسوفى فەرەنسى، “میشێل فوکۆ”، لە پرۆژەکەى خۆیدا وەک فۆڕمێکى هەرە دێرینى دەسەڵات و ڕیشەى دەسەڵاتى مۆدێرن، باسىکردووە و پەرەسەندنەکانى دەرخستووە کە ئەو بە “دەسەڵاتى شوانکارەیى” ناوى دەبات.
فوکۆ بەرجەستەبوونە هەرە کۆنەکانى ئەم دەسەڵاتە هەر لە میسر و بابلەوە دەردەخات، تا دەگات بە تەورات و سەردەمى مەسیحى و دواتریش دەوڵەتى مۆدێرن. ئێمەیش لە کولتورى ئایینى خۆماندا بەم جۆرە دەسەڵاتە ئاشناین. پێغەمبەرى ئیسلام وتوویەتى ”كلكم راعي و كلكم مسؤول عن رعيته” ]هەمووتان شوانن و هەموویشتان بەرپرسن لە گەلەکەى[. میتۆدى ئەم کارەیشم لەنێو لۆژیکى ناوەکیى خودى دەسەڵاتدا ئیشدەکات نەک لە ئاستى دەرکەوتدا. لە ڕووى فینۆمینۆلۆژییەوە دەسەڵاتى کوردایەتیى باشوور ناسیۆنال-فاشیستە، بەڵام لە دەروونى ناوەکى خۆیدا (یان لە ستراکتوردا) شوانکارەیە. ئەم دەروونە بە تەواوەتى شاراوە نییە، بەڵکو لە گوتار و زمان و سیاسەتیاندا دەردەکەوێتەوە، کەوڵى ناسیۆنالیزمێکى خورافى بەخۆیەوە دەگرێت و زۆربەى دیاردەکانیشى دیاردەى فاشیستین. من ئێستا ئیتر لەم دەروونەوە قسە دەکەم.
لە دواى ڕاپەڕینەوە، ململانێکان لە کۆمەڵگەى ئێمەدا هیچکات نە پەیوەندیى چینایەتى بوون، نە پەیوەندیى ناسازگارى کۆمەڵگە–تاکەکەس، تەنانەت نە پەیوەندیى ئاغا-کۆیلەیش. بەگشتى پەیوەندیى ئەنتاگۆنیستیى چەوسێنەر/چەوسێنراویش نەبووە. لە ڕاستیدا هیچ کات دەسەڵات ئەم جۆرە پەیوەندییانەى نەویستووە، چونکە لە هەرهەموویاندا، تەنانەت لە پەیوەندیى (ئاغا- کۆیلە) دا بە تێگەیشتنە هیگڵییەکە، جۆرێک ململانێ و ئەنتاگۆنیزم بوونى هەیە.
دەسەڵاتى ئێمە بەردەوام ویستوویەتى کۆمەڵگەیەکى بەزیوى خاڵى لە ململانێ دروست بکات، واتە جۆرێک پەیوەندیى (شوان/ڕەعیەت) بەرقەرار بکات. لە سەرەتاوە پەیوەندى (شوان/گاڕان) وەک پەیوەندیى (ئاغا/کۆیلە) نییە. پەیوەندیى شوان بە گەلەکەیەوە نە دیالەکتیکیە و نە لەسەر بنەماى دانپێدانانە و نە ململانێیە تا سنوورى مەرگ لەگەڵ یەکتریدا، بەڵکو لەسەر بنەماى ئەرکدارێتى و بەرپرسیارێتى و وەفاداریی تاکلایەنەیە. یەکەمجار لە شێوەى بەرپرسیارێتى ڕەهاى شواندا بەرامبەر مێگەلەکەى، دواتر ئەمە هەڵدەگەڕێتەوە بۆ گوێڕایەڵى و دەبرێنى دڵسۆزى و وەلائی ڕەهاى مێگەل بۆ شوان. دەبێت شوان ئەرکى خۆى بەرامبەر بە گەلەکەى جێبەجێ بکات و بەرپرسە لێى، بەو جۆرەى کە خودا گەلى هەڵبژێردراوى خۆى دەداتە دەست موسا و هارون. شوان بەرپرسە بەرامبەر ئەو ئەمانەتەى کە پێى سپێردراوە. ئەم ئەمانەتە گەر لەنێو سیاسەتدا وەریبگێڕین دەبێتە ئەرکى پادشا یان سەرکردە بەرامبەر گەلەکەى لەو پێگەیەدا کە هەیەتى، بەڵام دەرەنجامى ئەمە دەگات بە داگیرکردنى هەموو ژیانى گەل. هەڵبەت ئەم بەرپرسارێتییەیش پێویستى بە بوونى چوارچێوەیەکى وەکو دەوڵەت نییە.