(منداڵه نادیاره‌كه)، كورته چیرۆكێكی منداڵانه و ساڵی ١٩٦٢ نووسراوه. كاره‌كه یه‌كێكه له زنجیره‌یه‌ك له به‌ناوبانگترین به‌رهه‌مه‌كانی خانمه نووسه‌ری سویدی فینله‌ندی (توڤێ یانسسۆن ١٩١٤-٢٠٠١)، كه كراوه‌ته فیلم و كارتۆن و بۆ چه‌ندین زمان وه‌رگێڕدراوه. چیرۆكه‌كه باس له به‌سه‌رهاتی كچێكی بچكۆله ده‌كات كه له ئه‌نجامی مامه‌ڵه‌ی خراپ و هه‌ڵسوكه‌وتی نه‌شیاوه‌وه باوه‌ڕی به خۆی نه‌ماوه و هێنده خاڵیی بووه‌ته‌وه تا ڕه‌نگی په‌ڕیوه و نادیار بووه. ڕه‌وتی به‌ره‌وپێشچوونی به‌سه‌رهاته‌كه، هه‌وڵدانه بۆ دووباره ده‌ركه‌وتنه‌وه و بینراوبوونی كچه بچكۆله‌كه. له سۆراغی چاره‌سه‌ر و له میانه‌ی ڕووداوه‌كاندا، كاره‌كه ئاماژه به زۆر هه‌ڵوێست و بابه‌تی هه‌ستیار ده‌كات … من له‌م نووسینه‌دا، له ڕێی خوێندنه‌وه‌ی چیرۆكی (منداڵه نادیاره‌كه)وه، سه‌باره‌ت به گرێی خۆبه‌كه‌مزانی و بڕوابه‌خۆنه‌بوون، له ڕه‌وشی منداڵانی كورد ورد ده‌بمه‌وه و ده‌روازه‌یه‌كی گفتوگۆ بۆ گرفت و ڕێچارهسهرهكانیان ده‌كه‌مه‌وه …
ناوهڕۆك و شیكاری
ڕووداوه‌كانی چیرۆكه‌كه له‌وێوه ده‌ستپێده‌كه‌ن؛ له ئێواره‌یه‌كی باراناوی پایزدا، (خێزانی مومینه‌كان) كه بریتین له (خێزانی كه‌ركه‌ده‌نه‌كان)، له ماڵی خۆیان دانیشتوون كارگ بژاردهكهن. (توتیكی) هاوڕێیان منداڵێكی نه‌بینراویان بۆ ده‌بات تا هاریكاری بكه‌ن و بینراوی بكه‌نه‌وه. منداڵه‌كه كچێكی بچكۆله‌یه به ناوی (نیننی). نیننی پێشتر لای باجییهك ژیاوه، باجییه‌كه خۆشینه‌ویستووه و ڕه‌فتار و گفتوگۆی له‌گه‌ڵیدا زۆر ناخۆش و وشك بووه. له ئه‌نجامی مامه‌ڵه‌ی به‌د و توانجی زۆردا، نیننی باوه‌ڕی به خۆی نه‌ماوه و ورده ورده ڕه‌نگی كاڵ بووه‌ته‌وه و نادیار بووه. وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت خێزانی مومینه‌كان هه‌میشه هاریكاری ئه‌و منداڵ و گیانله‌به‌رانه ده‌كه‌ن كه گرفتیان هه‌یه و تا چاكبوونه‌وه‌یان لای خۆیان ده‌یانهێڵنه‌وه. نیننی كه باجییه‌كه زه‌نگۆڵه‌یه‌كی به ملییه‌وه به‌ستووه، تا له كاتی جوڵانه‌وه‌یدا ده‌نگی بێت و بزانرێت له كوێدایه، به ترس و شه‌رمێكی زۆره‌وه ده‌چێته ماڵی مومینه‌كان. له‌وێ هه‌مووان له‌گه‌ڵیدا میهره‌بانن و ڕێزی ده‌گرن، به‌تایبه‌ت له‌لایه‌ن (دایكه‌مومین)ه‌وه بایه‌خ و خۆشه‌ویستی زۆری پێده‌درێت. به‌ڵام (می بچكۆله) كه كچێكی عه‌جوله له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌دا ده‌ژی، هه‌ندێك قسه‌ڕه‌قه و زۆرجار په‌ڵپ به نیننی ده‌گرێت. هاوكات (مومینترۆل) كه به‌چكه‌ی كه‌ركه‌ده‌نه‌كانه، له‌گه‌ڵ (نیننی)دا زۆر سهلاره و ده‌خوازێت هه‌موو یارییه‌ك فێری نیننی بكات. نیننی ژیر و گوێڕایه‌ڵه، له كاری ناوماڵدا هاوكاریان ده‌كات و كه قاوه ده‌خواته‌وه، كوپه‌كه‌ی ده‌شوات و ده‌یخاته‌وه ناو دۆڵابه‌كه‌وه، به‌ڵام ئه‌و سروشتیی نه‌ژیاوه، هیچی ئه‌وتۆی نه‌بینیووه و هیچ یارییه‌ك نازانێت. ته‌نانه‌ت نازانێت پێبكه‌نێت و ناشزانێت تووڕه ببێت. مومینترۆل دوای هه‌وڵی زۆر، بێ‌ئومێد ده‌بێت له فێركردنی. می بچكۆله ده‌چێت به‌گژیدا و پێی ده‌ڵێت؛ تا نه‌توانیت توڕه ببیت، نا‌توانیت ببیته خاوه‌نی ده‌موچاوی خۆت. دایكه‌مومین و باوكه‌مومین پێیان باشتره لێیگه‌ڕێن به ئازادی خۆی هه‌ڵسوكه‌وت بكات. ورده ورده له‌گه‌ڵ پێدانی سۆز و بایه‌خ و مامه‌ڵه‌ی ته‌ندروست و سهرنهكردنهسهریدا، نیننی هه‌ست به خۆی و به ئاسایش ده‌كات و هه‌ر ڕۆژه‌ی ئه‌ندامێكی جه‌سته‌ی ده‌رده‌كه‌وێته‌وه. به‌ڵام تا ئه‌وكاته‌ی فێری توڕه‌بوون و پێكه‌نین نابێت، ده‌موچاوی بینراو نابێته‌وه …
دیاره، چیرۆكه‌كه جیهانێكی منداڵانه‌ی هه‌یه و تیایدا مرۆڤ و ئاژه‌ڵان له دونیایه‌كی خه‌یاڵیدا پێكه‌وه ده‌ژین و ده‌دوێن. به‌ڵام ئه‌و بابه‌تانه‌ی به‌سه‌رهاته‌كه تاووتوێیان ده‌كات، بابه‌تی هه‌ستیار و ژیانی ڕۆژانه‌ی هه‌ر تاك و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كن. ته‌نانه‌ت نووسه‌ر له ده‌قه ئۆرگیناڵهكهدا سڵی له گووتن نه‌كردۆته‌وه و جوانكاریی له ده‌ربڕیندا نه‌كردووه، به جۆرێك، كاره‌كته‌ره‌كان چۆن گووته‌ی جوان و به‌سۆز به‌كارده‌هێنن، ئاوهاش تووند ده‌بن و جنێو ده‌ده‌ن. ئه‌گه‌رچی له‌م باره‌یه‌وه له فیلم و كارتۆنه‌كاندا هه‌ندێك گۆڕانگاری كراوه، به‌ڵام به گه‌ڕانه‌وه بۆ خودی ده‌قه‌كه، چیرۆكه‌كه زیاتر واقیعی ده‌بینرێت.
وه‌ك گووتمان بابه‌تی سه‌ره‌كیی چیرۆكه‌كه نادیاربوونی (نیننی)یه، وه‌ك ئاماژه‌دان به هه‌بوونی گرێی خۆبه‌كه‌مزانی و بڕوابه‌خۆنه‌بوونی. كاتێك(توتیكی) منداڵه نادیاره‌كه ده‌باته ماڵی مومینه‌كان، خێزانه‌كه به سه‌رسوڕماوی داوای ڕوونكردنه‌وه و هۆكاری لێده‌كه‌ن. توتیكی پێیانده‌ڵێت؛ هه‌ركه‌س زۆر بترسێندرێت و بشكێنرێته‌وه و توانجی لێبدرێت نادیار ده‌بێت، نیننی له شوێنێك ژیاوه خۆشنه‌ویستراوه و زۆرترین ڕه‌فتاری به‌دی له‌گه‌ڵدا كراوه، بۆیه ڕه‌نگ و شێوه‌ی له‌ده‌ستداوه و نابینرێت … لێره‌وه نهبینراوبوونی نیننی ڕه‌هه‌ند و لێكدانه‌وه‌ی جیاوازی لێده‌كه‌وێته‌وه، ئه‌و كه وه‌ك شێوه دیارنه‌ماوه، واتای ئه‌وه‌یه ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی له سه‌ره‌تاوه وه‌ك خۆی نه‌یانبینیووه و وه‌ك خۆی قبووڵیان نه‌كردووه. یاخود به هۆی زۆریی هه‌ڵسوكه‌وتی نامرۆڤانه‌وه له‌گه‌ڵیدا، حه‌وسه‌ڵه‌ی خۆپاراستنی نه‌ماوه. ده‌شێت دیارنه‌مانی نیننی وه‌ك جه‌سته، ویستی لاشعوری خۆی بێت وه‌ك هه‌ڵاتن له قورساییه‌كان، وه‌ك چۆن ده‌كرێت ده‌رئه‌نجامی لێسه‌ندنه‌وه‌ی كه‌سایه‌تی و خاڵییكردنهوهی بێت تا ڕاده‌ی هه‌ستكردن به زیاده‌یی و پێویستنه‌بوونی. به هه‌رجۆر، سانسۆڕی بێئه‌ندازه‌ی سه‌ر بوونی نیننی، بووه‌ته مایه‌ی مهحووكهرهوهی، له ناخه‌وه ڕا تا جه‌سته‌ی …
دوای نادیاربوونی منداڵه‌كه، نیننی وه‌ك نهبینراوێك ده‌بێته چی و چۆن ته‌ماشا ده‌كرێت. ئه‌مه خاڵێكی تره ده‌توانین له چیرۆكه‌كه‌دا سه‌رنجی بخه‌ینه‌سه‌ر. له سه‌ره‌تاوه كاتێك (توتیكی) نیننی ده‌بات بۆ ماڵی مومینه‌كان، (نیننی) له شه‌رمدا یاخود له ترس‌دا، ڕه‌تی ده‌كاته‌وه بچێته ژووره‌وه. له‌و كاته‌شدا باران ده‌بارێت، بۆیه (دایكه‌مومین) ده‌پرسێت؛ ئاخۆ له ده‌ره‌وه ته‌ڕ نابێت؟ توتیكی ده‌ڵێت نازانم گه‌ر نادیارێك زۆر ته‌ڕ ببێت! وه‌ڵامه‌كه‌ی توتیكی به‌و مانایه دێت كه ئاخۆ كه‌سێكی نه‌بینراو یاخود شێوه نه‌بوو، ده‌شێت بارانی به‌ر بكه‌وێت یان نا. پاشان كه نیننی دێته ژووره‌وه، (باوكه‌مومین) دوای ئه‌وه‌ی كه ده‌ڵێت كورسییه‌كی بده‌نێ له‌سه‌ری دابنیشێت، ده‌پرسێت؛ ئایا ده‌توانێت كارگمان له‌گه‌ڵ بژار بكات؟ له‌مانه ده‌توانین ئه‌وه تێبگه‌ین كه منداڵه نادیاره‌كه وه‌ك كه‌سێكی بڕوابه‌خۆنه‌بوو، تێڕوانین و باوه‌ڕی ئه‌وانی دیش ده‌خاته ژێر پرسیار و دوودڵییه‌وه به‌رامبه‌ری. واته خۆی چه‌ندێك له خۆی دوودڵ ده‌بێت، چوارده‌وره‌كه‌شی دوو ئه‌وه‌نده له چۆنییه‌تی بوونی و له تواناكانی به‌گومان ده‌بن.
هه‌ر له باره‌ی نادیاریی منداڵه‌كه و كاردانه‌وه‌ی ئه‌وانیتره‌وه، ده‌توانین له دیالۆگه‌كانی (مومینترۆل) و (می بچكۆله) بڕوانین. مومینترۆل وه‌ك به‌چكه كه‌ركه‌ده‌نێكی میهره‌بان كونجكۆڵه به دۆخی نیننی و هه‌میشه له ئاماده‌باشیی هاریكارییكردنیدایه. له به‌رامبه‌ردا می عه‌جول و بچكۆله قه‌شمه‌ری پێده‌كات و هه‌ر بۆی بلوێت خۆی ده‌كاته ده‌سه‌ڵاتدار به‌سه‌رییه‌وه. دواجار می بچكۆله و مومینترۆلیش هه‌ر یه‌ك به‌جۆرێك بێ‌ئومێد ده‌بن له نیننی و لێیده‌گه‌ڕێن. ئه‌مانه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نن كه كه‌سی بڕوابه‌خۆنه‌بوو و نه‌بینراو ده‌شێت كه‌سانی دڵسۆز و دڵڕه‌قیش بێنه ڕێیان، ده‌شێت بارودۆخه‌كه‌یان ببێته هۆی هاوسۆزی یاخود تانه‌ی ئه‌وانی دی، هاوكات له‌سه‌روه‌ختی پێشنه‌كه‌وتن و تێنه‌په‌ڕاندنی گرفته‌كانیاندا، وێڕای دژوارتربوونی حاڵی خۆیان، ده‌بنه مایه‌ی خه‌م و بێزاری ده‌وروبه‌ره‌كه‌یان.
نیننی چۆن بینراو ده‌بێته‌وه، چی وا ده‌كات هه‌ست به بوونی خۆی بكات و باوه‌ڕی به‌خۆی بۆ بگه‌ڕێته‌وه یان ببێته خاوه‌ن باوه‌ڕ به خۆی. ئه‌مه ئه‌و ئه‌ركه‌یه كه (توتیكی) له (خێزانی مومینه‌كان)ی داوا ده‌كات وه‌ك هاریكارییكردنی منداڵه نادیاره‌كه. هه‌ڵبه‌ت نیننی له ماڵی مومینه‌كان پێشوازی گه‌رمی لێده‌كرێت، ژوورێكی به جێگای خه‌و و كه‌لوپه‌لی پێویسته‌وه پێ ده‌درێت و زۆرترین بایه‌خ و هاوسۆزی له (دایكه‌مومین)ه‌وه وه‌رده‌گرێت؛ به ئاماده‌كردنی خۆراك بۆی و دورینی جل و پشتگرتنی و دووپاتكردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی كه گه‌ر نیننی هه‌ر شتێكی پێویست بوو، پێی بڵێت. ئه‌مانه تازه‌ن بۆ نیننی و پێشتر شتی وای به خۆیه‌وه نه‌بینیووه و هه‌ستی به متمانه‌ی كه‌سانی دی به‌رامبه‌ری نه‌كردووه. ته‌نانه‌ت كاتێك بێ مه‌به‌ست هه‌ڵه ده‌كات، نایشكێننهوه و وه‌ك باجییه ترسناكه‌كه توانجی لێ ناده‌ن. بۆ نموونه دوای ئه‌وه‌ی نیننی پێیه‌كانی ده‌ركه‌وتوون، ڕۆژێك له باخچه‌كه‌دا شووشه‌یه‌كی گه‌وره‌ی خۆشاو ده‌شكێنێت، له‌ترسدا خێرا هه‌ردوو پێی كاڵده‌بنه‌وه، به‌ڵام دایكه‌مومین به جۆرێك وه‌ك دڵدانه‌وه پێیده‌ڵێت قه‌یناكه، شووشه‌یه‌كی پێویست نه‌بوو، باشتریش شكا چونكه خۆشاوهكه وه‌ك په‌ین ده‌كرێت چێندراوه‌كان باشتر سه‌وز بكات. له‌ویادا زووبه‌زوو پێیه‌كانی نینی تۆخ ده‌بنه‌وه و قاچه‌كانیشی تا داوێنی كراسه‌كه‌ی ده‌رده‌كه‌وێت. به‌م جۆره نیننی له ماڵی مومینه‌كان، وێڕای نادیاریی، به واتای بایه‌خ و ئه‌ژماركردن ده‌بینرێت. له‌وێ شوێن ده‌گرێت، هاوبه‌شیی چالاكییه‌كانیان ده‌كات، چاوه‌ڕێ ده‌كرێت، ڕای وه‌رده‌گیرێت، لێی ڕاده‌بینرێت و له سه‌روه‌ختی ئه‌نجامدانی كاری باش‌دا ستایش ده‌كرێت … له‌م ژینگه ئارام و پڕ له خۆشه‌ویستییه‌دا، نیننی هه‌ست به گرنگیی و بوونی خۆی ده‌كات، ورده ورده باوه‌ڕی به خۆی به‌هێز ده‌بێت، به‌جۆرێك له جۆره‌كان ده‌بێته خاوه‌ن كه‌سایه‌تی و هه‌ر ڕۆژه‌ی شوێنێكی ده‌رده‌كه‌وێت.
ئه‌گه‌رچی دایكه‌مومین واده‌زانێت گیراوه سروشتییه‌كه‌ی داپیره نیننی به‌ره‌و چاكبوونه‌وه ده‌بات، به‌ڵام ئاشكرایه منداڵه‌كه له‌گه‌ڵ پێدانی خۆشه‌ویستی و مامه‌ڵه‌ی ته‌ندروستدا، بارودۆخی باشتر ده‌بێت، هاوكاتیش له ڕووی ده‌روونییه‌وه هێشتا شتانێك ده‌مێنن كار و بیرلێكردنه‌وه‌ی زیاتریان بوێت. وه‌ك ئه‌وه‌ی له ڕووی سایكۆلۆژییه‌وه سه‌باره‌ت به تێپه‌ڕاندنی قۆناغ، ئاسان نییه قۆناغی هه‌نووكه یاخود قۆناغی داهاتوو بێ شكست ببڕدرێت، ئه‌گه‌ر قۆناغه‌كانی ڕابردوو به سه‌ركه‌وتوویی ڕه‌ت نه‌كرابێت. نیننی كه له قۆناغی ساواییه‌وه لای باجییه بهدهكه ژیاوه، ده‌شێت دوای باشتربوونی بارودۆخیشی، هێشتا ئاسه‌واری به‌دگومانی و بێمتمانه‌یی ڕابردووی له ناخدا بمێنێته‌وه. ئه‌مه به‌ر له باشبوونی، له‌و دیمه‌نه‌دا ئاشكرایه كه له سه‌ره‌تادا ناوێرێت بچێته ماڵی مومینه‌كان، چوون ئه‌و سڵ له كه‌سانی دی ده‌كاته‌وه و ئارامی و ئاسووده‌یی له نزیكییدا ئه‌زموون نه‌كردووه. نیننی قۆناغه‌كانی سه‌ره‌تای به سرووشتی و به باشی تێنه‌په‌ڕاندووه، بۆیه ده‌كرێت له قۆناغه‌كانی داهاتوویدا به كاریگه‌ری ڕابردووه‌وه دووچاری كێشه‌ی جۆراوجۆر ببێته‌وه. وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌كاتی یاریكردندا باوه‌ڕی به توانا و زانینی خۆی نییه تا هاوتای مومینترۆل و می بچكۆله گه‌مه بكات. به‌ڵام وێڕای قۆناغه سه‌خت و ناله‌باره‌كانی، ئه‌و به‌هه‌ر جۆرێك بێت توانیوییه‌تی زیندوو بمێنێته‌وه، چوون مرۆڤ سه‌ره‌ڕای گرفتاری و لاوازبوونی، توانایه‌كی په‌نهانی به‌هێزی به‌رگه‌گرتنی هه‌یه. ئه‌مه خاڵێكی ئه‌رێنی و دڵخۆشكه‌ری هه‌ستانه‌وه و به‌ئاكامگه‌یاندنی پڕۆسه‌ی ده‌ركه‌وتنه‌وه‌یه، ئه‌گه‌رچی هه‌توان و چاكبوونه‌وه‌ی ته‌واوه‌تی، كار و پشوودرێژی زۆریشی بوێت. له میانه‌ی چیرۆكه‌كه‌دا، نیننی له‌سه‌ر ڕێی باشبوونه، به‌ڵام ئه‌و هێشتا دروست نازانێت مرۆ پێویسته چۆن ڕه‌فتار بكات. به گوێره‌ی هه‌ستیاری دۆخ و ته‌مه‌نی، ده‌كرێت هه‌ندێك جار هه‌ست به ئازاری ویژدان و هه‌ندێك جار حه‌ز به تۆڵه بكات.
دواجار كاتێك ته‌واوی خێزانه‌كه له كه‌نار ده‌ریان و باوكه‌مومین ده‌یه‌وێت به گاڵته‌وه پاڵ به دایكه‌مومینه‌وه بنێت. نیننی كه زۆر هۆگری دایكه‌مومین بووه، واده‌زانێت باوكه‌كه به‌ڕاستی دایه ده‌یخاته ئاوه‌كه‌وه، بۆیه شێتگیر ده‌بێت و به تووڕه‌یی ڕاده‌كات قه‌پێكی قایم له كلكی باوكه‌مومین ده‌گرێت تا ڕێگری لێبكات. دیاره نیننی هێشتا سه‌ربه‌خۆ نییه و ڕاست و هه‌ڵه لێك جیاناكاته‌وه، بۆیه كاردانه‌وه و هه‌ڵچوونی به‌و جۆره‌ی ده‌بێت، به‌ڵام (می بچكۆله) كه پێشتر به‌رده‌وام ڕه‌خنه له نیننی ده‌گرێت، له‌م كاته‌دا سه‌رسامی خۆی بۆ ده‌رده‌بڕێت و وه‌ك هاروهاجێك چێژ له كرده‌وه‌كه ده‌بینێت. (نیننی)ش كه له دۆخێكدایه له هه‌ر شت زیاتر پێویستی به‌وه‌یه ده‌وروبه‌ر سه‌رنجكێشی بن، شاده به‌وه‌ی توانیویه‌تی ته‌نانه‌ت می بچكۆله‌ش له خۆی ڕازی بكات، له‌ویادا گوێناداته زویربوون و تووڕه‌بوونی باوكه‌مومین، بۆیه هه‌ر دوای گازه‌كه، كه باوكه‌مومین له ئازاردا خۆی ڕاده‌پسكێنێت و له‌كاتی گرتنه‌وه‌ی كڵاوه‌كه‌یدا، به سه‌ردا ده‌كه‌وێته ئاوه‌كه‌وه، نیننی وه‌ها ده‌داته قاقای پێكه‌نین، كه‌ناراوه‌كه ده‌له‌رێته‌وه. به‌و شێوه‌یه نیننی هه‌م تووڕه ده‌بێت و هه‌م پێده‌كه‌نێت و به‌جۆرێك ده‌بێته خاوه‌ن كاردانه‌وه و كه‌سایه‌تی. دوای ئه‌مه‌ش ته‌واوی ده‌موچاو و سه‌ری ده‌رده‌كه‌وێت و سه‌رتاپای بینراو ده‌بێت! به‌ڵام له‌و ڕووه‌وه كه ده‌ركه‌وتنی نینی له ڕێی هه‌ڵچوونی هه‌ڵه و ناهۆشیارییهوهیه، ده‌كرێت ئه‌م كۆتاییه وا لێكبده‌ینه‌وه كه مرۆڤ به ئاسه‌واری گرێوه، زۆرجار ده‌یه‌وێت بینراو بێت، جا به هه‌ر جۆر و نرخێك بێت …
نادیاریی و بارودۆخی منداڵی كورد
ئه‌گه‌رچی هه‌موو كات گرفت و ئازاره‌كان نابنه هۆی گرێ و نه‌وه‌ی كورد به كه‌سایه‌تی دیار و باوه‌ڕی پته‌وه‌وه زۆره، وه‌لێ له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا نموونه‌ی وه‌ك (نیننی)ش زۆر به‌رچاوه. زۆرن ئه‌و منداڵانه‌ی گرێی خۆبه‌كه‌مزانییان هه‌یه، باوه‌ڕیان به‌خۆیان لاوازه، متمانه‌یان به توانا زیهنی و جه‌سته‌ییه‌كانیان نییه و وه‌ك پێویست ده‌رناكه‌ون و نابینرێن. دیاره مرۆڤ جۆراوجۆره، منداڵان چۆن هه‌ریه‌ك له بوارێكدا باشترن، ئاوهاش به ڕاده‌ی جیاواز ده‌كه‌ونه ژێر كاریگه‌رییه‌وه یان ناكه‌ون و كه‌م تا زۆر سروشتێكی سه‌ربه‌خۆیان ده‌بێت. به‌ڵام به‌گشتی، بڕوابه‌خۆبوون و بڕوابه‌خۆنه‌بوون وه‌ك هه‌ست و خه‌سڵه‌ت یان وه‌ك بارێكی ده‌روونی له كۆمه‌ڵگه‌وه ههڵدههێنجێندرێت. به واتایه‌كی دی، هۆكاری هه‌بوونی كه‌سایه‌تی پته‌و یاخود دروستبوونی گرێی ده‌روونی و درزبردنی كه‌سایه‌تی، بۆماوه‌یی نییه و كه‌س به بڕواوه یاخود به‌بێ بڕوا له‌دایك نابێت، به‌ڵكو كاریگه‌ری ده‌ره‌كی به‌و ئاكامه‌ی ده‌گه‌یه‌نێت. لێره‌وه خودی بڕوابه‌خۆنه‌بوون كه به جۆرێك له ژینگه‌ی ده‌وروبه‌ره‌وه وه‌رده‌گیرێت، چوون درمێك له كه‌یانی مرۆڤدا ده‌ته‌نێته‌وه و زۆر نیشانه و ده‌رئه‌نجامی وه‌ك؛ ڕاڕایی، ڕه‌شبینی، متمانه نه‌كردن به خود و ده‌وروبه‌ر، هه‌ست نه‌كردن به ئه‌مان، چه‌قبه‌ستن، بێ به‌رهه‌می، نیگه‌رانی و نادیاریی كه‌سێتی له كه‌سی تووشبوودا به‌دیارده‌خات … به‌ڵام گرنگه بزانین مه‌رج نییه گرێی خۆبه‌كه‌مزانی و بڕوابه‌خۆنه‌بوون له ئه‌نجامی هه‌بوونی كه‌موكوورتی و نه‌بوونی شتێك یان زیاتره‌وه بێت، به‌ڵكو ئه‌م گرێیه زیاتر وههم و ئیعتیقاده، به‌و واتایه‌ی كه‌سی تووشبوو كۆمه‌ڵێك بیروبۆچوون و پێوابوونی نه‌رێنی له مێشك و ئه‌ندێشه‌یدا دروستده‌بن و باوه‌ڕیان پێده‌كات، كه ده‌كرێت له ڕاستیدا هیچ كام له شته‌كان به‌و شێوه‌یه نه‌بن. له به‌رامبه‌ردا كه‌سی بڕوابه‌خۆبوو، به هه‌بوونی كه‌موكوڕی و نه‌بوونی شتگهلێكیشهوه، پڕ متمانه و گه‌شبین و لهخۆڕابینه و زۆرترین به‌رهه‌می ده‌بێت …
له‌و ڕووه‌وه كه گرفته مه‌عنه‌وییه‌كان، له هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كانی نادیاربوون و گرێكهن، ته‌واوی به‌سه‌رهات و شیكارییه‌كانی چیرۆكی (منداڵه نادیاره‌كه) له‌گه‌ڵ بار و به‌سه‌رهاتی منداڵانی كورددا یه‌كانگیر ده‌بنه‌وه، هه‌رچه‌ند هۆكاره‌كانی نادیاریی منداڵانی كورد له هۆكاری ناردیاربوونی نیننی قووڵتر و فره ڕهههندترن. منداڵانی كورد له خاكی خۆیاندا، به گرێی نه‌بوونی وڵات و كه‌مێتی ناسنامه و گرفتی ناو خێزان و ژینگه‌ی ناته‌ندروستی قوتابخانه و مامه‌ڵه‌ی نه‌شیاوی كۆڵان و ته‌واوی كۆمه‌ڵگه‌وه گیرۆده‌ن. ئه‌مانه له‌و هۆكارانه‌ن كه دێوه‌زمه و خه‌یاڵی ڕووخێنه‌ر دروستده‌كه‌ن و ده‌روون به‌ره‌و بیماری و كه‌سایه‌تی به‌ره‌و كاڵبوونه‌وه ده‌به‌ن، ئاسته‌میشه له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا منداڵ هه‌بێت له ته‌واوی ئه‌م خاڵانه دوور بێت و له چه‌ند لایه‌كه‌وه پێیان زه‌ره‌رمه‌ند نه‌بێت. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی منداڵی كورد له به‌رامبه‌ر و له‌گه‌ڵ منداڵانی وڵاتانی تردا، به كاریگه‌ری نه‌رێنی كاره‌سات و كێشه‌كانییه‌وه، هه‌ست به هه‌بوونی جیاوازیی به‌رچاوی ئاست و لێڕوانین ده‌كات … ئه‌گه‌رچی له ڕاستیدا سروشت و توانای منداڵی كورد هیچی له ئاست و توانای منداڵانی وڵاتانی تر كه‌متر نییه، به‌ڵام بوونی گرێگه، هه‌م خۆیان و هه‌م ده‌وروبه‌ر له خۆیان به‌گومان ده‌كات.
زۆرجار تووشبووانی ئه‌م باره ده‌روونییه، به كه‌سانی كه‌متوانا و كه‌سایه‌تی لاواز ناوده‌برێن، له‌كاتێكدا ئه‌مه هه‌ڵه‌یه، چوون ئه‌و كه‌سانه له‌ڕاستیدا لاواز و كه‌م نین، به‌ڵكو له‌ژێر كۆمه‌ڵێك كاریگه‌ریدا توانا و هێزیان شاردراوه و ونن، ئه‌وان له دۆخی سروشتی و ته‌ندروستدا نین و ده‌گونجێت بڵێین نادیارن. هه‌ڵبه‌ته‌ش هه‌ستكردن به كه‌می و گرفتی بڕوابه‌خۆنه‌بوون، شتانێك نین جێگای شه‌رمه‌زاری یاخود تانه و به‌سووك سه‌یركردن بن، به‌ڵكو دۆخێكی ده‌روونی ناته‌ندروستن و پێویسته چاره بكرێن. كاتێكیش تووشبووان منداڵن، پێویسته زیاتر به بایه‌خ و موراعاته‌وه مامه‌ڵه و هاریكاری بكرێن، زۆرجاریش هه‌ر ئه‌و منداڵانه‌ن له قۆناغه‌كانی داهاتووی ته‌مه‌ندا، به تێنه‌په‌ڕاندنی ڕابردوو، گه‌وره‌ی نادیار و ده‌روون ماندوویان لێ ده‌رده‌چێت. ئاشكراشه كاتێك نادیاریی له‌م فۆڕمه‌دا، به درێژایی ته‌مه‌ن به‌رده‌وامیی ده‌بێت، ژیان سانا ناگوزه‌رێت و سه‌ركه‌وتنی ئه‌وتۆ ده‌سته‌به‌ر ناكرێت.
سه‌باره‌ت به ڕێگاكانی چاره‌سه‌ر و بینراوبوونی منداڵانی كورد به واتای بههێزدهركهوتنی كه‌سایه‌تی و بڕوابه‌خۆبوونیان، هه‌میشه جێیه‌كی وه‌ك (ماڵی مومینه‌كان) نییه په‌نای بۆ ببرێت و قه‌ره‌بووی ئازار و برینه‌كانیانی تێدا بكرێته‌وه. كارێك كه پێویستبێت بكرێت ئه‌وه‌یه هه‌وڵبدرێت له‌گه‌ڵیاندا له شوێنێكه‌وه ده‌ست به نوێبوونه‌وه بكرێت. دوای زانینی ئه‌و ڕاستییه‌ی كه هه‌ستكردن به كه‌می، خودی كه‌موكوورتی نییه، به‌ڵكو وه‌همێكی باوهڕپێهێنراوه و گرفتبوونی خۆی سه‌پاندووه و پێویستی به چاره‌سه‌ره، پێش هه‌ر شت سه‌باره‌ت به منداڵان، پێویسته گرنگی به هاوسه‌نگی په‌روه‌رده‌یی له‌لایه‌ن خێزان و باخچه و قوتابخانه‌وه بدرێت، به‌و مانایه‌ی منداڵان له؛ تووندوتیژی، نازی زیاده‌ڕه‌و، دووتهربێتی و پشتگوێخستن به‌دووربگیرێن. پاشان له‌لایه‌ن مامۆستایان و ئه‌ندامانی خێزان و نزیكه‌كانه‌وه هاریكاری بكرێن به‌وه‌ی؛ كاتێك منداڵ هه‌ست بكات ناتوانێت، هانبدرێت هه‌وڵبدات. كاتێك پێیوابێت نازانێت، هانبدێت خۆی فێربكات. كاتێك ئه‌نجامدانی شتێكی پێ ئاسته‌م بێت، هان بدرێت تاقیبكاته‌وه. هه‌روه‌كچۆن پێویسته به پێی ته‌مه‌نه‌كه‌ی به‌رپرسیارییه‌تی پێبدرێت، ڕای وه‌ربگیرێت، ئامانجی نه‌خوازراوی بۆ دانه‌نرێت، له بڕیارداندا سه‌رپشك بكرێت و هه‌رگیز به منداڵی تر به‌راورد نه‌كرێت، به‌ڵكو به خۆی به‌راورد بكرێت كاتێك ئه‌مڕۆی له دوێنێی باشتر ده‌بێت. پێویسته منداڵانی كورد فێربكرێن خۆیان هاریكاری خۆیان بكه‌ن، فێربكرێن كه‌وتن و ژان و شكست كۆڵیانپێنهدات و له هه‌ستانه‌وه و به‌رده‌وامبووندا زیاتر پشت به خودی خۆیان ببه‌ستن. بێگومان هه‌وڵی نوێبوونه‌وه و هاریكاریی بۆ دیاربوون و به‌هێزیی منداڵان ده‌شێت به زۆر شێوازی ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ ئه‌نجام بدرێت. له‌م باره‌یه‌وه یه‌كێك له به‌كارترین ڕێگاكان وه‌كو میتۆد و ئامڕاز؛ گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكه بۆیان، چونكه منداڵان هه‌میشه خۆیان له پاڵه‌وانی چیرۆكه‌كاندا ده‌بیننه‌وه، له‌گه‌ڵ كاره‌كته‌ره دڵخوازه‌كان ده‌بنه یه‌ك و به‌رجه‌سته‌یان ده‌كه‌نه‌وه. بۆیه ده‌توانرێت له ڕێی چیرۆكه‌كانه‌وه په‌یامیان پێ بدرێت، بۆ ئه‌نجامدانی كاری باش هانبدرێن و ئافه‌رین و ستایش بكرێن. به‌مجۆره گێڕانه‌وه‌ی چیرۆك ته‌نها حیكایه‌ت بۆكردن نابێت كه منداڵه‌كان وا پێده‌زانن، به‌ڵكو كاره‌كه ده‌بێته ڕاهێنانی ده‌روونیی و گرنگه له هه‌ڵبژاردنی چیرۆكه‌كاندا هۆشیاری هه‌بێت تا له ڕێگه‌یانه‌وه به منداڵ بگووترێت؛ تۆ خۆشه‌ویست و میهره‌بانیت، تۆ هاوڕێیه‌كی باشیت، تۆ ده‌توانیت، تۆ لێهاتوویت، تۆ وه‌ك خۆت په‌سه‌ند و شایسته‌یت، تۆش وه‌ك هه‌مووان لاوازییت هه‌یه، به‌ڵام بههێزییهكانت زۆر زیاتره، تۆ تایبه‌تیت … باشترین كات بۆ گێڕانه‌وه‌ی ئه‌م چیرۆكانه، دوای گه‌ڕانه‌وه‌یانه له باخچه و قوتابخانه، تاكو له‌گه‌ڵ حه‌وانه‌وه‌دا كاریگه‌ری نه‌رێنی و ماندوویه‌تی ڕۆژه‌كه‌یان لێ بڕه‌وێته‌وه. یاخود سه‌رله‌به‌یانیانی ڕۆژانی پشوو، تا سه‌رنجكێشی چیرۆكه‌كان ڕۆژه‌كه‌یان پڕ وزه و شادی بكات. هه‌روه‌ها ئێواران دره‌نگ و پێش خه‌وتن، بۆئه‌وه‌ی به ئاسووده‌یی و باوه‌ڕه‌وه ئارام بنوون …
دواجار ده‌توانین بڵێین بڕوابه‌خۆنه‌بوون و هه‌ستكردن به كه‌می، هه‌رچه‌ند بارودۆخێكی ده‌روونی سه‌ختیش بێت، چاكبوونه‌وه‌ی مه‌حاڵ نییه و په‌یڕه‌وكردنی ڕێچاره‌سه‌ره‌كان ئه‌نجامی به‌رچاو و كاریگه‌ریان ده‌بێت. سه‌باره‌ت به منداڵانی كوردیش، گرنگه له میانه‌ی هه‌ر شێواز و هه‌نگاوێكی بونیاد و نوێبوونه‌وه و هاریكاریدا، هۆشداریی ئه‌وه بدرێت كه ناكرێت وه‌ك (نیننی) به هه‌ر نرخ و جۆرێك بێت خۆیان ده‌ربخه‌ن، چوون ئاشكرایه به به‌شێوازی هه‌ڵه ده‌ركه‌وتن، دووچاری گرفتی نوێ و ئاڵۆز ده‌بن …
سه‌رچاوه
چیرۆکی منداڵە نادیارەکە ~ وەرگێڕانی: باران
د.كه‌ریم قه‌ره‌چه‌تانی، (سه‌باره‌ت به بڕوابه‌خۆنه‌بوون)، به‌رنامه‌ی سایكۆ، ت.گه‌لی كوردستان
Martin Levander, Comelia Levander, Psykologi, Natur Kultur Läromedel, 2012
Tove Jansson, Det osynliga barnet, Schildts Söderströms, 1998
Www.dittgladabarn.se