Dora Maar (1936) by Man Ray

تۆبۆگرافیای مەمکەکانت و نەخشەیەکیش بۆ پەرەوازەیی من


Loading

مەمکە وەحشیەکان

له‌خوار مەمکەکانتەوە ڕووخانی  ئیمپراتۆریەتەکان دەستپێدەکات..

تۆ ئەی دڕەندەترین وشە،

ئەی ڕووخانی من لە نێو بارانی جەنگەڵستانە شێدارەکانت،

بمبەخشەرەوە بەپەرەوازەبوون .

ئازادم بکە و لە جەستەی مێینەیی خۆتەوە توڕمدە بۆنێو بۆهیمیەتی چەپاندن.

قوتارم بکە لەو ئەشقەی جۆرێکە لەزیندان و بەشێکیشە لە پێغمبەراتی

لەنگەرم پێبگرە لەنێوان تامی لەشت و تامی ڕۆژەکان،

قوتارمبکە بۆ نێو چەپاندن، چونکە من پیاوێکم  له‌خۆڵەمێشی بۆزی جەنگ و ڕەنگی  ڕۆژگار و خاکی شێدارم بەخوێن.

جێمبهێڵە لە نێو تەنیایەکی نامرۆیی، بۆ ئەوەی بگەمە ئەودیوو کامڵبوونی دڕەندەیی.

 

خیانەتێکی گوڵپەمەیی

 

 مەمکەکانت پەرشبوونەوەی تۆزی مانگ بوو بەسەر ڕووبەرێکی دیکەی تەنهایی ..

تەنهایش مێینەک بوو لە نێو شەهوەتێکی لەبیرکراو، لەسەرخۆ بەنێو خۆیدا سەفەری دەکرد

و لەنێوان درزی مەمکەکانتدا خۆی دۆزیەوە..

لەوێوە (بوون) دەستیپێکرد، لەوێوە خیانەت بەشێک بوو لە فەزیلەت و بەشێکیش بوو

لەقبوڵکردنی هەموو جوانیەکان، لەوێوە خیانەت تامی وەفایی دەدا ..

پێمگووت: خیانەت نێزیکم دەخاتەوە لەوەفا..

گووتم : خیانەت نێزیکم دەخاتەوە لە ئەویدیکە، لە مەئشوق

گووتم : دامپۆشە بە بەڕووەکەکانی  نێو خەونت..

گووتی : ئۆی.. تەنها خیانەتە دادتدەپۆشێ بەگوڵی پەمەییی مێینە، ئەو گوڵانەی  دوای هەڵکشانی  چێژ بەنێو دیوارەکانی ڕۆژانە ژیاندا، بۆنی ڕۆحت پێدەبەخشن ،

ڕۆحێک دەمێکە ونتکردووە..

 

 

گەشتێگ بەنێو لێوارێکی دیکەدا

لەنیوەشەوێکی هاویندا گوڵێکی سپی گەشایەوە، گوڵێک تامی شیری گوڵە گەنمی هەبوو،

بۆنێک بەهەناسەدا هەڵدەکشاو دەچووە نێو خوێنی شاوەتەکانمەوە.

لەو نیوەشەوەدا هاواری خواوەندەکانم کرد و گووتم : خوداوەند…خوداوەند…لەزەتت بۆ خەڵقکرد، وێنەی ئەوی ڕووتت بەمەمکە وەحشیەکانیەوە بۆ خەڵقکرد،

ئەم شەوەت بۆ لەنێو گەشانەوەی ئەو گوڵە سپیەدا چێکرد،

 گوڵێک لەنێو خوماریەکی پڕ تەمدا، لەنیوەشەوێکی هاویندا، بەنێو پەردەکاندا دەهات ودەچوو، لەنێوان درزی مەمکەکانیاندا ڕاگیری کردبوو، عەیارانەش بەسەرخۆشی من پێدەکەنی ..

خوداوەند، ئەی باوکی من،  خوداوەندی  جوانی  هاودەم و هاوڕێم، بۆ منت قوتار نەکرد لەو خەیاڵاتانەی چەند سەدەیەک لەمەوبەر منی  خستبووە  سەر کەڵکەی  گەڕان بەدوی خۆرێکی ڕۆشن لە نیوەشەوێکی نووتەکدا.

خوداوەند بۆچی لەو گوڵە سپیەی جەستەی ، نێو ڕانی ،

 سنووری پڕ ئاگری خوار مەمکەکانی ،

بۆنی دارستەکانی تەنیایی مێینەیی بنباڵی ،

 پێچی دووهەمی نێوان ڕان ولەرینەی پوز ،

 هەناسەکانی دوای ئاهاتی حەسرەتی حەرام،

 بۆندار بەبۆنی خیانەتێکی چاوەڕوانکراو،

لەهەمووی خواوه‌ند ، لەهەمووی ..خوداوه‌نده‌ بۆ قوتارم ناکەی ؟

دیسانەوە قوتارمکە لەجەستەی، کەبەشێکە لەهەڵم و بەشێکیشە لەبۆنی تەڕی زەویەکی شێدار بەئەشق.

خوداوەندی وشە کەی دەگەمەوە ئەوبەر،

ئەوبەری پیاوەتیم وەک ڕەبەنێکی ئەبەدی، خەون بەلێوارێکەوە ببینم، بۆندارە بەبۆنی گوڵێکی سپی کە لەنێوان درزی مەمکی ئەوی عەیاردا دەگەشێتەوە.

 

بۆنی چێژ

 

خومار بەبۆنی جەستەت

بەبۆنی مەمکەکانت لەکاتی چێژدا

بەبۆنی دارستانەکانت،

بەبارانی دوای نوستن لەسەر جێگەی عەیاری

 من خۆم ڕادەکێشم …

 وەک نەخشەیەک شارەکانی خۆم لەدوای چێژ ڕۆشندەکەمەوە، پڕیاندەکەم لە مێینە ، مێنیەک تەنها میهرەبانم پێبەخشێ و دووربێت لەهەموو درۆ و فەزیلەته‌كای ئۆرستۆکراتیە درۆزنه‌كان.

تۆ ئەی مێینەی تێکەڵ بەشەهوەتێکی ئەبەدیم، ساتی کۆتایی هاتنی تۆ لەدەمارەکانمدا، ساتی کۆتایی منە لە نێو وجود، ساتی کەوتنە خوارەوەی وشەیە بۆ نێو ڕەشایی ڕۆژانە ژیان.

تۆ ئەی میهرەبان بەمیهرەبانی هەموو ژنه‌ خیانه‌تكاره‌ بەوەفاکانی  سەر ئه‌م  زەویە، بمپێچە لەخۆت، بمتلێنەوە لەسەر جێگای عەیاریت، گاڵتە بەئاهاتم بکە، پێبکەنە بە بیرگوزاریەکانم ، هەڵپەڕە لەسەر جێگەی موحیبەت و وازم لێبێنە لە نێو ڕانەکانتدا لەدایکببمەوە..

 

 

ونبوون لەنێو هیچدا

من ونبووم…ونبوونێکی بێمانا، ونبوونێکی بێڕەنگ و بۆن، ونبوونێکی ترسنۆکانە

من ونبووم …ونبوونێکی سەخت لەنێو گۆشەگیریەکی چەقبەستوو لەنێو خۆمدا،

من لەنێو خۆمدا ونبووم ، لەنێو هەناسە بۆگەنەکانی ئەو ڕۆژانەی وەک بیرەوەریەکی دوور وەهان.

من ونبووم و تازە هەرگیز خۆم نادۆزمەوە،

 من ونبووم چونکە چیدی تامی جەستە ناکەم،

چیدی بۆنی نێرگز ناکەم ،

 چیدی کراسێکی سپی قۆڵ کورت لەبەرناکەم و خۆم لەبەرخۆر  هەڵناخەم وبەختەوەر نابم  بەسێبەر .

من ونبووم لەنێو کاتی دەستپێکردن و کۆتایی ڕۆژەکان

من ونبووم چونکە چیدی هەورەکان نابینیم بەرەو دوور کۆچبکەن،

یاخود نامەوێت سەیری ئاسمانێکی ساف بکەم و بڵێم : چەندە جوانە شینایی بێ سنوور

من چیدی ئەو دیوو جەستە ناکەوم و تامی بۆنی بەرزبۆوە لەجەستە  ناکەم.

من ونبووم چونکە چیدی  لەزەت نابێت بە پەنجەرەیەک، مانگ لەبەردەمیدا خۆی ڕووت کاتەوە،

چیدی شتەکان ، وشەکانی سەر جێگا نابنە هاروژاندنی خەیاڵ وتێکەڵبوونی ڕەنگەکانی نیوەشەو بەڕەنگی ئاگری چێژ.

من ونبووم و دەمەوێت جارێکیتر لەنێو تۆدا ونببمەوە..

 دەمەوێت خۆم ونبکەم لەنێو لەرینەوەی لەشتدا،

 لەنێو هەناسەی ئاهێکدا  خۆم ونکەم، کەبەنازەوە  پێش نوستن هەڵیدەکێشی.

دەمەوێت ونبم لەنێو پێچێکی دیکە لەجەستەت، بۆئەوەی ببمەوە بەو هەرزە ساکارەی تامی دنیای وەک  پڕتەقاڵێکی شیرین دەکرد

دەمەوێت بگەڕێمەوە بۆ نێوت ئەی مێینە، بۆ نێو قامیشەڵانە سەماکارەکانت،

بۆ نێو خامۆشی خەونەسادەکانت،

بۆ نێو ووردەکاری ڕستە و بەمێینه‌بوونی جیهانت،

بۆ نێو دونیای پڕ میهری مێینەیت..

من ونبووم و دەمەوێت دیسانەوە وەک ڕۆژانی خەزەڵوەر لەسەر توێژاڵی گوناهە پاڵبکەوم و بگەڕێمەوە بۆ ڕۆژهەڵات..

 

 

دیسانەوە مەمکەکان

 

لەزەت و منداڵ پێکەوە دروستبوون ، لەزەت و خەیاڵ پێکەوە خۆیان بۆ ئەبەد گرێدا،

خۆیان بۆ نێو بێهۆشی شتەکان گرێدا ..

ئەمانە ئەو قسانەن پێشئەوەی لە جێگای لەزەت بێمە دەرەوە، بەڕووتی دەیانکەم ،

 بەتەواوی جل و قات وبۆینباخیشەوە، باس لە فەزەیلەت و مۆڕاڵ دەکەم

دەڵێم : ئەم هەموو ونبوونانه‌ لەنێوان گۆی مەمکەکانت وکەلێنی گەورەی کۆتایی مەملەکەتی مەمک و لەشە ئەسمەرەکەتدا کەبەرەو خوار، بەرەو دواتخوبی نێور ڕانە وەحشیەکانت دەبێتەوە… لەوێ، لەنێوان ئەو دوو سنوورەدا وندەبم..من نامەوێ چیدی ونبم!

ئەم قسانەم کاتێکە کەجلم لەبەردایە، کەڕووتیش دەبمەوە دەڵێم: ونمبکە لە نێو جەستەدا ، ونمبکە لە نێوان کەلێنی شاراوەی مەمکانت وسەرەتای پێدەشتی جەستە ئەسمەرەکەت، ونمه‌كه‌ له‌نێو جیهاندا..

 

کورسیەکانی بەیانیان

کورسیە خەواڵوەکانی بەیانیان ..

قاوەخانەیەکی هێمن خۆمی تێدا کۆدەکەمەوە.

لەگەڵ قاوەخواردنەوەی بەیانیاندا پارچەکانی خەونم کۆدەکەمەوە،

 لێرەو لەوێ، لەگەڵ پەرشبوونی خەواڵوویی ڕوانیندا،

دەیانگەڕێنمەوە بۆ هەڵمی ڕۆژەکان.

ڕۆژەکانیش لەنێوان هەڵمی جەستەی تۆو وشەدا خۆیان درێژدەکەنەوە..

 

داماڵینی حەزێکی دیکە..

جەستەیەک دەمگرێتە خۆی ،

نێوڕانەکانی دەکاتەوە بۆ بەربوونەوەی من، بۆ ئەبەد لەنێویدا وندەبم.

ئیدی ..تۆ وشەیەکی ئەی مێینە

تۆ هیلاکیەکی ئەبەدیت لەنێوان هۆشمەندی و غەیبی شتەکاندا دزەدەکەیت

گوناهەیەکیت  پڕدەکەیت بەهەموو برینداریەکی ویژدان

خەونێکت هەموو نێرینەیەکی خەوبینەر پەڕاوەزە دەکەیت .

پەڕوازەییەکی خۆشبەختانەیەت،

من لەنێوان  گردۆڵگە ئەسمەرەکانی مەمکت و قۆقزی ئەو سمتە ئەسمەرانە خومار دەکەیت،کە شتێکیان لە جوانی گەردوون  قەرزکردووە، شتێکیشان لە پێستی پەمەیی حەزێکم داماڵیوە، کەلەنێو جەستەی مێنیەکی پڕ گوناهەی نێو ئەستێرەکاندا لەخۆمم پێچابوو . منیان هەڵواسیوە وەک ئەستێرەیەکی تەنهای  هەمیشە خەوبینەری نێو پێچە سەیرەکانی هەموو جوانیەکی  نەبینراو .

 

گوڵەسپیەکانی چاوەڕوانی

شەوێکی گەشانەوەی گوڵەسپیەکان  پێیگووتم؛ تۆ گاڵتەت بەئەشقی من دەهات ..

سپێدەش پێمی گووت: دوێنی شەو سەیری مانگت کردو تێر گریای

گووتی :  وەک مناڵ لەنێو کۆشمدا خەوت لێکەوت…

 ئاوەها مێینە  شەوێکی ڕووتبوونەوەی مانگ بوو، شاردنەوەی شتە بچوکەکانی جیهان بوو لە نێو دژەکایەکانیدا،

پەراوەزیی  خۆم بوو  وەک پیاوێکی نێو خەیاڵ و سەرابی ڕۆژه‌كان…

هیلاکیەک بوو، وەک خەیاڵێک وابوو  بەدووی ڕەنگەکانی خۆیدا بگەڕێت، وەک پیاوێکی ڕۆمانسی لەبیرکراو  لەقەراغ شارەکانی مەنفادا ڕاوەستێ  وسەرنجی هەموو خۆرئاوایەک بدات، پیاوێک بێت و بەنێو کۆڵانی سۆزانیەکاندا تێپەڕ بێت و جگەرەیان بۆ داگیرسێنێ…بەنێو باخچەکاندا تێپەڕ بێت و لەبن درەختە زەبەلاحەکاندا بەپێوە میزبکات، سواری میترۆ قووڵەکان بێت و سەرنجی تێپەڕبوونی وێستەگە و پلاکێت و ڕۆشنایەکان بدات، لەوێستەگەی شەمەندەفەرکاندا لەسەر کورسیەکانی چاوەڕوانی دانیشێت وچاوەڕوانی ئەوێک بکات لەنێو شەمەندەفەرێکی خەیاڵدا، بەنێو ڕەنگەکاندا ڕێگەدەبڕێت…

 

چاوەڕوانی هیچ بێت، هیچێک دۆزینەوەی خود بێت لەسەر کورسی درێژی وێستگەکانی خەیاڵ، چاوەڕوانی مێینەیەک بێت بەگوڵێکی سپیەوە بێت و پێیبڵێت: دەمێکە چاوەڕوانم دەکەیت؟

بڵێت؛ پێشئەوەی قسە بکەین بابچین لەژووری ئوتێلێکی هەرزاندا مەمکەکانمت  نیشاندەم، پەراوەزەت بکەم لەنێوانیاندا ، پێچە بەدەورەت پێبکەم لە نێوان لەزەت و ئاهاته‌كاندا!

پێیبڵێت: وەرە هەموو ئەو کێڵگە ئەسمەرانە ماچبکە، کەلەدوورەوە زۆر دوور لەنێو پێچە نهێنیەکانمدا خۆیان درێژکردۆتەوە، وەرە پێش گفتووگۆ و شەڕی وشەکان بامەمکەکانمت نیشاندەم ، ئەو مەمکانەی تەنها  لەخەونەکانتدا دەگەشێنەوە..

 

ئه‌ڵمانیا – نورنبێرگ –  ئاپریلی  ‏2004‏‏

 

 

 

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین