داستان به‌رزان

له‌ده‌ستچوون


Loading

کەسانێک ماون بیانناسم
کەسانێک هەن هەرگیز نامەوێت بیانناسم
کۆڵانگەلێک ماون پیاسەیان پێدا بکەم
کۆڵانگەلێک ماون هەرگیز پیاسەیان پێدا ناکەم

جیهان گەلێک شتى تێدایە
نایان بینم
جیهان ساتى زۆرى تێدایە
بەریان ناکەوم

من بێدەست و پێترین بوونەوەرم
من مرۆڤم.

داستان به‌رزان

شارانێک هەن دڵیان شکاندووم
شارانێک هەن پێڕاناگەن دڵم بشکێنن
شارەکان لە بەرد دەچن
شارەکان لە زۆر شت دەچن
دڵم نەبێت.

زۆر ئیش هەیە نەمکردوون
زۆر ئیش هەیە هەرگیز نایانکەم
زۆر گۆرانى هەیە نەمبیستوون
ڕەنگە بیستنیان کارەساتێکم بەسەر بێنێت.
چەند ڕۆژێکە بیرۆکەیەکى خراپ لولی کردووم
خەریکە دەمگەڕێنێتەوە ناو خەڵکى
هەر بە گەڕانەوەشم
شتێکى گەورەم لە دەست دەچێت
(خۆم)

زۆر باخچە هەیە نەچوومەتە پیاسەیان
دەشزانم لە یەکەمین پیاسەى هەر باخچەیەکدا
یەکێک هەیە پێم بزانێت
چەندە بیرم ڕۆیشتووە و
چەندە لێرەوە دوورم.

شوێنێک هەیە بیرم تێدا نەکردۆتەوە
زۆرجاریش شوێنێک نییە بیری تێدابکەمەوە
کە شوێنى بیرکردنەوەت نەما
بزانە ژیانت کێشەى گەورەى تێدایە.

بەیانییەک ماوە خەبەرم بێتەوە
ژیان تۆزێک باش بوبێت
هەر نەبێت هى ئەوە بێت بەرگەى بگریت.

باوەڕم وایە دەبوو زووتر لەسەر ژیان بهاتمایەتە قسە
تازە ژیان کەڵکى ئەوەى نەماوە قسەى لەسەر بکرێت
هێڵنجم بەم باسە دێت
هانا بۆ نزیکترین تەنەکە خۆڵ دەبەم
تا بتوانم دەڕشێمەوە.

ئەم ژوورەم پەنجەرەى نییە
لە کونى کلیلی دەرگاکەوە دەرەوە دەنۆڕم
خۆشتر نییە لەم دیو دەرگاکە
مانەوە لە ژوورەوەو
نووسینى ئەم تێکستە باشترە.

کەس لە مردن نەگەڕاوەتەوە
تا بزانم ژیان یان مردن؟
ئەوەندە هەیە هەرچۆن بێت
لەم ژیانە ناقۆڵایەم خرابتر نییە.

مرۆڤێک ماوە بیناسم
سەرلەبەرى ژیانم بگۆڕێت

دەبێت بگەڕێم بۆ جوانیی
لە فەرامۆشترین جێگە.

دەبێت بگەڕێم بۆ شتێک
با لە هیچ شوێنێکیش نەبێت.

مرۆڤانێک هەن زۆر جار شت دەۆزنەوە
من هەمیشە شت بزر دەکەم
شتم لە دەستدەچێت.
لە هەکوێ بم سەقاڵى ئەرشیفکردنى لە دەستچووەکانم

دایکم
نەنکم
باپیرم
دڵدارەکانم
ئەمانە بەشێکن لەوانەى لە دەستمچوون
ئەوە لێرەدا بیرم کەوتنەوە.

گوێ لە گۆرانییەک دەگرم
پیاوێک بە دونیایەک برینەوە دەیچڕێت
ڕابردووم بیردەخاتەوە و
بەسەردا بەرمدەداتەوە بۆ ناو دۆزەخى بیرەوەریی.

پێمخۆش نییە ئەوەندە باسی ڕابردوو بکەم
مرۆڤى بێڕابردوو شادومانە
ئەوە من ناگرێتەوە.

کەمێک ئارامى خراپ نییە
مسقاڵێک بێدەنگى
نیگەرانییەکى تەنک بۆ نووسینى شیعر بشێت
خەونێک لەسەر لە ئایندە
ئەمانە بنبڕبوون
سەر بە هەر کوێدا دەکەیت
بێدادییە
بێزارییە.

وەک زۆرینەى جار
لە کۆتایی ئەم تێکستەشدا
بۆنى خۆم جێدەهێڵم
بە بۆنى برینێکى کۆنەساڵدا بمناسنەوە.