كۆرۆنا و توندویژی دژی ژنان

پەتای کۆرۆنا، پەتای توندوتیژی دژی ژنان


Loading

لەگەڵ بڵاوبونەوەی پەتای کۆرۆنا و هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی دەوڵەتان بۆ کەمکردنەوه‌ و دواجار وەستاندنی ئەم پەتایە، بڕیاری ڕاگرتنی کار و داخستنی شوێنە گشتیەکان درا. زۆر پێوانەیان ڕەچاوکرد، هەر لە دانانی بودجە و داخستنی کۆی شارەکان و وڵاتان ومەرزەکانەوه‌ بیگرە تا دەگاتە بانگەواز بۆ وەستاندنی جەنگەکان لەسەرتاسەری دونیادا بۆ ئەوەی دەوڵەتان کاتیان هەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا. بەڵام لە ڕاستیدا هیچ کام لەم دەوڵەتانە لە پلان و ستراتیژیاندا بیریان لە پەتایەکی کوشندەتر و مێژووی تر نەکردەوە کە ئەویش توندوتیژی خێزانیە، کە دەکرێت بە هۆی مانەوەی زۆرەملێ و قەدەغەکردنی هاتوچۆ و تێکەڵاوی کۆمەڵایەتی ئاستی توندوتیژی دژی ژنان و منداڵان بەرزبکاتەوە.

پەتای کۆرۆنا و پەتای توندتیژی دژنان لەزۆر ڕوەوە لەیەک دەچن، هەردوکیان سنوور، نەتەوە و ڕەنگی پێست، ئاین و  زمان و  تەمەن، پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری ناناسن، واتە جیهانین.  فێمینیستەکان زۆر دەمێکە توندوتیژی لە دژی ژنانیان وەک پەتا-Pandemic ی جیهانی ناوزەد کردووە، چونکە ژنان لەسەرتاسەری جیهاندا بە شێوازی جیاواز و لە کات و شوێنی جیاوازدا دووچاری توندوتیژی دەبنەوە. پەتای توندوتیژی دژی ژنان لەناو ماڵ و لە شوێنی کار و فەزای گشتیدا ئەکتێکی ڕۆژانەیە. بەڵام لەگەڵ هەموو کارەساتە سروشتی و مرۆڤکرد و پەتا و نائارامیە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکاندا زیاتر دەبێت و فۆرمەکەشی دەگۆڕێت بەپێی کات و شوێن.

هەر لەسەرەتای تەنینەوەی پەتای کۆرۆنادا زۆرێک لە فێمینیستەکان و ڕێکخراوەکانی ژنان لە ئەوروپا هۆشداریان دا کە ئەم کارەساتە کاریگەری نەرێنی دەبێت بۆسەر ژیانی ژنان لە ڕووی ئابوری و کۆمەڵایەتی و تەندروستییەوە. لە وڵاتێکی وەکو بەریتانیادا فێمینیستەکان هەر زوو هۆشداریان دا لەو کێشانەی کە بەهۆی ئەم دۆخە نوێیەوە ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە. بەو پێیەی ژنان لەسەدا هەشتای کارمەندانی تەندروستی  و چاودێری ساڵمەندان  پێکدێنن لەڕیزی پێشەوەی جەنگدان لە دژی ئەم ڤایرۆسە و بەمەش ژیانیان دەکەوێتەمه‌ترسییه‌وه‌. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەوانەی کە بێکار دەکرێن زۆرینەی ژنن، چونکە ژنان لەهەموو سێکتەرەکاندا بە بەراوورد بە پیاوان؛  کارەکانیان کۆنتراکتی کاتی، کەم دەرامەت و یان کاری بێ کۆنتراکتن کە وا دەکات خاوەن کار زۆر بە ئاسانی دەستبەرداریان بێت. ئەمەش ڕیسکی بێکاری، هەژاری، بێ خانەیی،  بە دواوەیە کە توشی تێکچوونی باری دەرونی و کۆمەڵایەتیان دەکات. هەروەها ژنانی پەنابەر، دایکانی تەنها، کەمئەندامان و ژنانی سەر بەکەمایەتیەکان لە ڕیزبەندی ئەو ژنانەن کە ئەم پەتایەکاریگەری نەرێنی زۆری دەبێت لەسەریان (١)

لە وڵاتانی وەکو ئەڵمانیا و بەریتانیا و فەرەنسا و ئیسپانیا و ئیتاڵیا و چین و زۆرێکی تربەپێی ئامارەکان ڕێژەی توندوتیژی لە هەڵکشانێکی ترسناکدایە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی ژنان و منداڵان کاتێکی زۆرتر لەماڵەکاندا لەگەڵ پیاوە توندوتیژەکاندا بەسەردەبەن. لە فەرەنسا بە پێی ئامارەکان ڕێژەی توندوتیژی خێزانی بەرزبۆتەوە بۆ سی لەسەد.  وەزیری یەکسانی فه‌ڕه‌نسا ئەو  وڵاتە بڕیاریداوە،  کە داوا لە هۆتێلەکان بکات کە ژوورە چۆڵەکانیان بدەنە ئەو ژن و منداڵانەی لە دەست هەڕەشە و توندتیژی ڕادەکەن و حکومەت خەرجیان دەدات. بەهەمان شێوە لە بەریتانیاش ڕێکخراوەکانی ژنان داوایان لە هۆتێلەکان کردووە کە ژوورە چۆڵەکانیان بخەنە خزمەت ئەو ژن و منداڵانەی ڕووبەڕووی توندوتیژی خێزانی بوونەتەوە. هەروەها هەندێک لە ڕێکخراوەکانی ژنان هێڵی گەرمیان ڕاگەیاندووە، کە بیست و چوار  كاژێر  هاوکاری دەروونی و ڕاوێژی پراکتیکی پێشکەش بەژنان دەکات،  کە ژیانیان لە ژێر هەڕەشەی مەرگدایە لەلایەن پیاوانەوە. (٢)

 

لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە ژنان دووجار لەژێر هەرەشەدان، جارێک لە پەتای کرۆرۆنا و جارێک بەهۆی توندوتیژی پیاوەوە. ئەگەر لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا و چین و ئەوانی تر ڕێژەی توندوتیژی لە هەڵکشاندا بێت، بێگومان کوردستان بێبەری لەمە نییە.

لە کوردستاندا بە شێوەیەکی گشتی ئامادەیی ژنان لە سێکتەرە جیاوازەکان و فەزای گشتیدا زۆر کەمترە لەچاو پیاواندا. لەم ساڵانەی دوایدا شاهیدی ئەوەبووین کە هەندێک لە ژنانیش  کەوتنە کردنەوەی  دوکان و چێشتخانە و کافێتریا  بۆ به‌ده‌ستهێنانی  بژێویی ژیانیان. بەڵام بە شێوەیەکی گشتی دەتوانین بڵێین دابەش بوونی فەزای گشتی و تایبەتی لە کۆمەڵگەی کوریدا زۆر زاڵە ،بەشێوەیەکی ترادیسیۆنی، نه‌ریتگه‌رایی، کە فەزای گشتی تایبەتە بە پیاو  و فەزای تایبەتیش کە ناوماڵ و ئەرکەکانی دەگرێتەوە تایبەتە بە ژن.  داخستنی شوێنی کار و ناردنە ماڵەوەی خەڵک، ئەو ژنانەشی گرتۆتەوە کە کاردەکەن لە سێکتەرە جیاوازەکان و ئەوانەشی خاوەن کاری سەربەخۆی خۆیانن. لێرەدا ژنان لە ڕووی ئابووریەوە  لاواز دەبن و بەتایبەت ئەوانەی کە هیچ مووچەیەکیان نییە،  هەژاری زۆرتر ڕووویان تێدەکات. بێگومان بێكاری و چونه‌ ماڵه‌وه‌ی پیاوان و داخرانی قوتابخانه‌كان ئه‌مانه‌ هه‌مووی ئه‌ركی ژن دووبه‌رابه‌ر ده‌كاته‌وه‌ له‌ماڵه‌وه‌. به‌هه‌مان شێوه‌یش ئه‌گه‌ری توندوتیژی پیاوانی زیاترده‌بێت له‌ حاڵه‌تانه‌دا.

هەر لە سەرەتاکانی ماڵنشینکردنی خەڵکەوە لە کوردستان، لە فەیسبووک و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیدا بە گشتی شاهیدی کۆمەڵێک وێنەی پیاوان بووین کە گوایە قاپ دەشۆن و خواردن ئامادە دەکەن. بێگومان ئەمانە لە فۆرمی نوکتە و گاڵتەکردندا بە ژن خۆی نمایشدەکرد.  لێرەوە وا نمایشکرا  کە ناوماڵ؛ کە سەرپەرشتی كردنی منداڵ و ڕێکخستنی کارەکانی ناوماڵ ده‌گرێته‌خۆی، تەنها کاری ژنانە و ئەگەر پیاو بکرێتە ناو چواردیواری ماڵەوە و بەناچاری قاپ بشوات یان چێشت لێبنێت، ئەوا شتێکی قێزەون و سووک و پلەنزمە لە ئاست هەیبەت و پیاوەتی پیاوی کورددا نییە.

زۆرن ئەم کلیپ و پۆستەر و نوکتە و لایڤ و نوسینانەی کە ڕۆژانە و لەم ماوەیەدا لە دژی ژن و کاری ناوماڵ و منداڵ بەخێوکردن و سەرپەرشتی کردنی ماڵ  بینیمانن، بە گشتی دەچنە خانەی بێزاری لە ناوماڵ، بۆڵەبۆڵی ژن، قاوقیژی منداڵ و ئەرکی تاقەت پڕوکێنی ناوماڵ، کە پیاوان تەنانەت تاقەتیان نییە لەو ناوەشدا بوەستن کاتێک ژن ئەم کارانە دەکات. لەلایەکی ترەوە نیشاندانی ژن کە پیاو هەڵدەداتە دەرەوە و بێزاربووە لێی. گه‌ر وردتر له‌م دیمه‌نه‌ بڕوانین ده‌بینین كه‌ ئه‌مه‌ ده‌چێته‌ خانه‌ی (توندوتیژی ڕه‌مزییه‌وه‌)  كه‌له‌ ڕێگه‌ی زمان و نوسین و بڵاوكردنه‌وه‌ی نوكته‌ و ڤیدیۆ كلیپه‌وه‌یه‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا. به‌هه‌مان شێوه‌ گه‌ر كۆمێنته‌كانیش سه‌یربكه‌ین كه‌ له‌ژێر هه‌ر پۆستێك، نوكته‌یه‌ك یان ڤیدیۆیه‌كدا نوسراوه‌ ئه‌وا ئاستی ئه‌و هێرش و په‌لاماردانانه‌ ده‌بینین له‌دژی ژنان.

 

ئەمانە هەمووی دوو وێنەی بە ئێمە نیشاندا، لەلایەک بۆ یەکەمجار و بەزۆرە ملێ پیاوان کرانە ماڵەوە، خۆیان بینیان کە ژیانی ژنان بەدەست کاری ناوماڵ و منداڵداری و سەرپەرشتی خێزانەوە چ بێزارکەر و تاقەت پڕۆکێنە. وێنەی دووهەم تۆخ کردنەوەی سنووری نێوان فەزای گشتی و تایبەتی بوو،  کە جارێکی تر پیاوان بە نوکتە و ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر مانەوە لەماڵ گوزارشتیان لێوەدەکرد. بەهانەیان ئەوەبوو کە گوایە فەزای تایبەتی ناوماڵ شوێنی ئەوان نییە ونامۆن بەو فەزایە و چی دەگوزەرێت لەو چوارچێوەیەدا. ئەو جۆرە پیاوانە کاری ناوماڵیان بۆ پیاوان بە (ژنانی – بوون)  ناوزەد دەکرد. ژنانیبوون بەمانای ئەکتێکی (ناپیاوانەEmasculating-) کە بەشێکە لە سیستمێکی دابەشکاری ڕۆڵە جێندەریەکان بە شێوەیەکی دواکەوتوانە سنوورەکانی ژنبوون  و پیاو بوون دیاریدەکات و بەردەوامی پێدەدات. (٣) چونکە لەم ڕوانگەیەوە ژن و پیاو ئەرک و ڕۆڵەکانیان جیاوازە و گەر پیاو ئەو کارانە بکات کە ژن پێیهەڵدەستێتە ئەوا دەبێتە ژنانی و لە پیاوەتی لایداوە.

بێگومان ئەمە هەموو وێنەکە نیە و پیاوانێکی تر هەبوون بەتایبەت لەناو گەنجاندا کە ڕەخنەی ئەو پۆستەر و نوکتە و ڤیدیۆیانەیان کرد و پێیان سەیربوو کە پیاوانێک هەن تا ئێستاش نازانن خواردن دروستبکەن و بەشێوەیەکی دژە ژنانە  گوزارش لە فەزای ناوماڵ دەکەن. هەروەها لۆمەی پیاویان دەکرد کە بۆچی دەبێت ژنێک خزمەتی بکات.

لێرەوە هەست دەکەم درزێک دروست بووە لەناو پیاوەتی کوردیدا، بەوەی بەشێک لەپیاوان هەوڵدەدەن کاری ناوماڵ بکەن، هەرچەند لە بنەڕەتدا بەکاری ژنانی دەزانن و پێیان وایە ئەوان هاوکاری ژنەکان دەکەن، بەڵام دیسان ئەمە سەرەتایەکی باشە. لێدان لەو  پیاوەتییە تیژ و سەقەتەی کورد گرنگە، هەر درز و کەلێنێک گرنگە سوودی لێوەربگیرێت و کاری ناوماڵ و بەخێوکردن و پەروەردەی منداڵان بکرێتە ئەرکی هاوبەش.  بەمشێوەیە فەزای گشتی و تایبەتیش دەکرێت شوێنێک بێت تاقەت پڕوکێن نەبێت.  ژنان دەتوانن سوود لەم دەرفەتە وەرگرن بۆ بەشدارکردنی پیاوان لە کار و بارو ئەرکی ناوماڵ و منداڵ پەروەردەکردندا. لێرەوە دەتوانن ژیانی هاوبەش بەمانا پراکتیکی و مرۆییەکەی بکەنە پێکەوە ژیانێکی تەندروست و ئاسودە.

ئەوەی کە ڕێکخراوەکانی ژنان دەیانتوانی بیکەن و نەیانکرد وەک هەموو جارەکانی تر و کێشەکانی تر، نەبوونی کارکردنێکی هەمەلایەنە و وردبینانە بوو بۆ ئەم دۆخە. ئەم ڕێکخراوانەش وەک هەموو کەسێکی تر چوونە ماڵ و نە هێڵێکی گەرم، نە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و زانیاری بەسوود لەسەر چۆنێتی مامەڵەکردن لەم کاتانەدا  نەخرایە بەردەست خەڵک.

ئەم کارانە دەکرا هەر لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و سایتەکانی خۆیانەوە بکرایە، یان هۆشداری بدەن لەسەر ڕوودانی توندوتیژی خێزانی و لەو حاڵەتەدا چ بکرێت. هەروەها هیچ ڕایەکیان نەبوو لەبەرامبەر ڕێنمایەکانی حکومەت و هیچ داخوازیەکیان نەخستە بەردەم حکومەت،  بۆئەوەی لەم دۆخانەدا دۆزی توندوتیژی خێزانی لە دژی ژنان و منداڵان فەرامۆش نەکرێت بەهۆی ئەوەی سەرقاڵی نەهێشتنی پەتای کۆرۆنان.

بە گشتی ئەوەندەی من گەڕام و ویستم بزانم چی کراوە، بەداخەوە هیچم بەرچاونەکەوت کە ڕێکخراوەکانی ژنان کردبێتیان لەو ئاسته‌دا . بەهەمان شێوە زانکۆکان و سێنتەرەکانی لێکۆڵینەوە لە جێندەر و زانستە کۆمەڵایەتی و ئابووریەکان دەکرا پێشنیار و هۆشداریان هەبوایە لەسەر لایەنی جێندەری، ئابووری و کۆمەڵایەتی ئەم بەزۆر لەماڵ مانەوەیە. لەم دۆخەدا تەنانەت ڕێنوێنی حکومەتیان بکردایە لەسەر ئەوەی چ بکرێت دۆخێکی وەهادا، و  لەئەگەری روودانی توندوتیژی خێزانیدا.

بەداخەوە ئەوەی لەزۆربەی کاتە هەستیارەکاندا بەدیدەکرێت ئه‌وه‌یه‌، کە شتێک بوونی نییە بەناوی کۆمەڵگەی مەدەنی، ڕێکخراوی ژنان و یەک لەشکر ڕاوێژکار و لێکۆڵەر و کاربەدەست کە لەسەر دۆزی ژن  ده‌ژمێردرێن  و دەژین و پیشەوانن،  ئەمانە بارن بەسەر سامانی گشتی کۆمەڵگەوە بەهەمان شێوەی پەرلەمانتاران و  به‌ڕێوبه‌ڕه‌ گشتیه‌كانی حیزب و هتد.

ڕێکخراوەکانی ژنان له‌ كوردستان دەبوایە لەگەڵ تیمەکانی تەندروستی و نەخۆشخانەکان هاوکار بن،  بۆئەوەی کاتێک ژنێک منداڵی ببێت یان منداڵی لەبار بچێت، چیبکات؟! یان لەگەڵ هۆتێلەکان قسەبکەن کە داڵدەی ژنان و خێزانە بێلانەکان بدەن. هەروەها پرسی ئەو ژنانەی کە دەستفرۆشی دەکەن، یان دوکاندار وکاری سەربەخۆدەکەن، ئەمانە چۆن بژین؟ دەکرا پێشنیارتان هەبوایە بۆ حکومەت. ئه‌مانه‌ و  زۆر کاریتر  کە دەکرا بکرێت و هاوئاهەنگی لەگەڵ دامودەزگاکانی حکومەت بکرایە.  بە پابەند بوون بە ڕێنماییە تەندروستیەکانەوە کاری باش بکرایە و داهێنەر بن تیایدا. بەڵام مەخابن کۆمەڵگەی مەدەنی کوردی، کۆمەڵگەی ناو هۆتێڵە پێنج ئه‌ستێره‌کان و هۆڵە داخراوەکانه‌ و ئۆفیسەکانیانن كه‌  بە گردەکانەوەن. هەروەک چۆن حیزبەکان و سەرکردەکانیان هەریەکە و گردێکی شاری داگیرکردووە، ئەمانەش هەریەکەو  ئۆفیسێکی کەشخەی بە گردێکەوە لە گرانترین گەڕەکەکانی شار داناوە و لە کاتە هەستیارەکاندا بەر لەهەموو کەس دەرگای ئۆفیسەکانیان دادەخەن و قەرەنتینە دەبن.

 

سه‌رچاوه‌ و په‌راوێزه‌كان

1-    Sophie Gallagher- The Independent; This is why the Coronavirus Bill will hit women hardest according to experts:

https://www.independent.co.uk/life-style/women/coronavirus-act-2020-bill-women-impact-a9428721.html?fbclid=IwAR2pUzEmCZPp9jlR0korR0z6a0e1chsk9GuxpwAiGBCDS2LJciCjYwOsYU

2-    Lockdowns around the world bring rise in domestic violence-The Guardian:

https://www.theguardian.com/society/2020/mar/28/lockdowns-world-rise-domestic-violence?CMP=Share_AndroidApp_Feed&fbclid=IwAR1LD0nvs8NAIMPTC3h25vXSFy8TqCeVuQckgUEoqwWeBoA-EiI0EfEKptk

  • Cleaver, F. 2002. Men and Masculinities: New Directions in Gender and Development. In Making Men Matter: Men, Masculinities and Gender Relations in Development, ed. F. Cleaver, London: Zed Books.

بۆ كۆی بابه‌ته‌كانی ته‌وه‌ره‌ی كۆرۆنا ٢٠٢٠  – كرته‌ بكه‌ره‌ سه‌ر ئه‌م به‌سته‌ره‌ی خواره‌وه‌ 

http://cultureproject.org.uk/kurdish/category/فه%e2%80%8cلسه%e2%80%8cفی-philosophy/سندوق/كۆرۆنا-٢٠٢٠/

http://cultureproject.org.uk/kurdish/category/فه%e2%80%8cلسه%e2%80%8cفی-philosophy/سندوق/كۆرۆنا-٢٠٢٠/

مافی تایبه‌تی ئه‌م بابه‌ته‌ به‌ كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌دوایه‌. ‌