تێڕوانینێکی کورت سەبارەت بە مێتۆدی چێخه‌ف له‌ نووسیندا

ئه‌نتوان چێخه‌ف
195
هونەری ڕۆمان، لە ئەدەبی ڕووسیدا ڕۆڵێکی گرینگ و بەهایەکی گەورەی، نەک تەنها بۆ ئەدەبی ڕووسی، بەڵکوو بۆ تێکڕای ئەدەبی جیهانی هەبووە. ئەم هونەرە، بە تایبەتی ڕۆمانی ڕیالیزم، که‌ هەر لە نیوەی ساڵەکانی ١٨٠٠ەکانەوە بۆ رووسەکان لە پرسە هەنووکەیی و مەسەلە کۆمەڵایەتییەکاندا بووبووە زمانحاڵی نووسه‌ر؛ هەمیشە بەها و پێگەیەکی فرە گرینگی لەنێو کەمەڵگەی ئەوکاتەی ڕووسیادا هەبووە و گوزارشتی له‌ ئایدیۆلۆژیایه‌کی تایبه‌ت کردووه‌. ڕۆماننووسه‌کانیش، وه‌کوو زمانحاڵی ئه‌و ئایدیۆلۆژیایه‌ بوون، کە بانکەشەی بوو نەدەکرا و بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ، لە ڕێگای ڕۆمانەکانەوە، ئه‌م کاره‌یان ده‌کرد، هاوکات ئەم ڕەوشە، بووبوە واقیعێکی بەهێز و هەستپێکراوی ئەو ڕۆڵەی ڕمان و ڕۆمان نووسەکان هەیان بوو.
کە چێخەف ١٨٦٠- ١٩٠٤ دەردەکەوێت و دەقە شانۆیی و کورتەچیرۆکەکانی بڵاو دەکاتەوە، ئەم ڕێچکەیە ناگرێت؛ چێخەف نە توانی و نە دەشیویست ببێتە زمانحاڵی هیچ ئایدیۆلۆژیا و سه‌رده‌مێك، هەروەها ئەو بۆ نموونە خۆی بە دۆستۆیڤسکی و تۆڵستۆی بەراورد نه‌ده‌کرد. ڕەخنەگرە ڕووسەکان، درکیان به‌م شێوازه‌ی چێخه‌ف کرد و بە توندی ڕەخنەی ئەوەیان لێ دەگرت، کە ئەو لە نووسینەکانیدا، وه‌کوو نووسه‌رێکی بێلایه‌ن ده‌رده‌که‌وێت، به‌و مانایه‌ی، ئه‌و پرسه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ گرینگ و هه‌نووکەییەکان ده‌خاته‌ ڕوو، بێئه‌وه‌ی هیچ ده‌رچه‌یه‌ك یا چاره‌سه‌رێك به‌سه‌ر خوێنه‌ردا بسه‌پێنێت. ئەمەیش بۆ ئەو ڕەخنەگرانە، کەلێنێکی گەورە بوو لە ئەدەبی چێخەف-دا.
چێخەف ئەوەی دووپات دەکردەوە، کە ئەو هێندە سەربەستی بەخشیوە بە خوێنەرەکانی، تا بتوانن ئازادانه‌ ڕاڤەی دەقەکانی بەو شێوەیە بکەن، کە ئەوان دەیانەوێت، ئه‌مه‌یش به‌رپرسیارێتییه‌که‌ و چیخه‌ف ده‌یخاته‌ سه‌رشانی خوێنه‌ر تا له‌ ڕێگه‌ی خوێندنه‌وه‌ و تێگه‌یشتنێکی لۆژیکییه‌وه‌ ڕاڤه‌ بۆ ده‌قه‌که‌ی به‌رده‌ستی بکات، به‌ واتایه‌کی تر، ئه‌و بۆشاییانه‌ پڕ بکاته‌وه‌، که‌ چیخه‌ف، به‌ پێچه‌وانه‌ی نووسه‌ره‌کانی پێشووتر، به‌جێی هێشتوون. بێگومان چێخه‌ف زۆر به‌ هوشیارییه‌وه‌ به‌رهه‌مه‌کانی خۆی ده‌نووسی و به‌ هوشیاریشه‌وه‌ ڕه‌خنه‌ی ڕه‌خنه‌گره‌کانی شه‌نوکه‌و ده‌کرد؛ لە نامەیەکیدا بۆ سوڤورین، کە هاوڕێیەکی نزیکی بووە و زۆربەی چیرۆکەکانی لە گۆڤارەکەی ئەودا بڵاو دەکردەوە، دەڵێت:
ئێوە ڕاست دەکەن، کە داوا لە هونەرمەندێک دەکەن، پێوەندییەکی هوشیارانەی به‌ به‌رهه‌مه‌کانییه‌وه‌ هه‌بێت، بەڵام ئێوه‌ دوو شت تێکه‌ڵی یه‌کتر ده‌که‌ن: چاره‌سه‌رکردنی پرسێك له‌گه‌ڵ ورووژاندنی پرسیار ده‌رباره‌ی ئه‌و پرسه‌. ئه‌وه‌ی دوایی ڕاست و لۆژیکانه‌تره‌.

 

چێخه‌ف چیرۆكی (نه‌وڕه‌س) له‌ شانۆی مۆسكۆدا ده‌خوێنێته‌وه‌- مای ١٨٩٩
Anton Chekhov, reading “The
Seagull” to the ensemble of the Moscow Art Theater, May, 1899
وروژاندنی پرسیار لای خوێنەر، نەک وەڵامدانەوەی پرسیار، ئەو مێتودە دیالۆگییە بوو، فەیلەسوفی یۆنانی (سوکرات) بەکاری دەهێنا، چێخەف لە پرۆسە بەردەوامەکەی نووسینی دا، پەنای بردۆتە بەر ئەم مێتودە. ئەو تەنها شتەکانی وەک خۆی دەخستنە ڕوو، پرسیاری دەوروژاند، بۆ ئه‌وه‌ی خوێنەریش بگەڕێت بە دوای وەڵامدا و بتوانێت وەڵامی پرسیارەکان بداتەوە.
چێخەف تەنانەت لە کاتی پرۆڤەی دەقە شانۆییەکانیشیدا هەمان ڕێچکەی گرتبوو، ئەو دیدێکی تەواوی سەبارەت بە چۆنییەتی خستنە سەر شانۆی دەقەکانی هەبووە، ئەمەیش سەرەتای ئەو کێشە و تەنگەشانە بوون، کە لەگەڵ ستانیسلاڤسکی سەریان هەڵدا. چێخەف تێبینییەکانی بۆ ریژیسۆر و ئەکتەرەکانیش، زۆر سنووردار بووە، کەم وەڵامی پرسیارەکانی داونەتەوە، کە زۆریشیان لێ کردووە، گوتویەتی “هەموو شتێک لە دەقەکەدا هەیە.” ئه‌و له‌ کاره‌ شانۆییه‌کانیشدا هه‌ندێك دیوی ‌ کاره‌کته‌ره‌کانی به‌ شاراوه‌یی ده‌هێڵێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پانتاییه‌ك له‌ سه‌ربه‌ستی به‌ بینه‌ر یا خوێنه‌ر و گرێکوێره‌کانی ببەخشێت‌.
ئه‌وه‌ی به‌لای چیخه‌ف زۆر گرنگه‌، ئه‌وه‌یه‌، که‌ خوێنه‌ر یا بینه‌ر وه‌کوو چاودێرێك وابێت و هه‌موو شته‌کان ببینێت، هه‌ڵبه‌ت له‌ ڕێگه‌ی ورووژاندنی پرسیار لای خوێنه‌ر یا بینه‌ر، که‌ مه‌به‌ستی چیخه‌ف بووه. بیرمان نه‌چێت، خودی ئه‌م مێتۆده‌ی چیخه‌ف، به‌ دیوێکی تردا، به‌رجه‌سته‌کردنی ئێستاتێکای ده‌قه‌که‌یه‌.
هەندێک لە لێکۆڵەرەوەکانی ژیان و بەرهەمەکانی چێخەف، ئەم مەسەلەیەیان وروژاندووە و ئەوەیان دووپات کردۆتەوە، کە چێخەف پێوەندییەکی هەمەلایەنەی بە پرۆسەی (بینین)ەوە، لە هەردوو لایەنەکەوە، چ لە ژیانی خۆیدا و چ لە فۆرمی ئەو زمانەی بەرهەمەکانی پێ نووسیوە، هەبووە. ئەم مەسەلەیە، وەک کێشەیەک لە ژیانی ڕۆژانەیدا ڕەنگی داوەتەوە، هەروەها لە بەرهەمەکانیشیدا بەرجەستە بوون. بینین دەبێتە بابەتێک و لە ژیانی کارەکتەرەکانیدا و لەو دیوو تێکستەکانییەوە کاردەکەن. چیخه‌ف له‌ ڕێگه‌ی وروژاندنی پرسیار لای خوێنه‌ر، ده‌گاته‌ خوێنه‌ر و پێوه‌ندییه‌کی دیالۆگئامێزی له‌گه‌ڵدا دروست ده‌کات. به‌مه‌یش سه‌ربه‌ستییه‌کی ته‌واو ده‌به‌خشێته‌ خوێنه‌ر بۆ مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ ده‌ق، که‌ نووسه‌ره‌کانی پێشتر نه‌یانبه‌خشیوه‌ته‌ خوێنه‌ر. وەک دووپات کردنەوەیەک دەتوانین بڵێن و جەختی لەسەر بکەینەوە، کە چێخەف نایەوێت، وەک نووسەر دەسەڵاتی یەکەم بێت، بەڵکوو ئەو بە شێوەیەکی زیرەکانە پاشەکشێی کردوە و هەموو شتێکی بۆ خوێنەرەکانی بەجێهێشتوە، ئەمەیش چێخەف لە نووسەرە گەورەکانی بەر لەخۆی جیادەکاتەوە. مرۆڤ خۆی دەبێت زمانحاڵی خۆی بێت!
ئەو سەربەستییەی چێخەف باسی دەکات، کە بە ئێستاتیکای سەربەستی لە ئەدەبی چێخەف دا، ئاماژەی بۆ کراوە، جۆرە خوڵقاندنێکی نوێ بووە، داهێنانێک دەرگای بۆ شێوازێکی تر و جیاوازی ڕیالیزم کردۆتەوە. سەربەستی بۆ چێخەف هێزێکی وزە بەخش و پۆزەتیڤە: سەربەستی لە دەست باوکێکی بێبەزەیی و منداڵێکی سەرگەرانی هەژار ڕزگاری دەکات، خۆ ڕزگارکردن و سەربەستی لەو ڕیالیزمەی لە سەردەمەکەیدا باو بووە، واتە کۆتایی هێنان بە سەردەمێک، هاوکات خۆ ئازادکردن لە زمانێکی کڵێشەئامێز.
وه‌ك چۆن چیخه‌ف له‌ به‌رهه‌مه‌ ئه‌ده‌بییه‌کانیدا هه‌موو شتێکی بۆ خوێنه‌ر یا بینه‌ر نه‌خستۆته‌ ڕوو، له‌ ژیانی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیشدا هه‌روابووه‌. چێخەف توانیویەتی ژیانە کۆمەڵایەتییە تایبەتمەندەکەی خۆیشی لە پشت دەمامکەکانەوە بشارێتەوە؛ بۆ نموونە دەفتەری تۆمارکردنی تێبینییەکانی و دووربینە بچووکەکەی، کە هەمیشە بە دەستیەوە بوون. بەڵگەیەکی زۆر هەن، باسی ئەوە دەکەن، کە چۆن چێخەف لە گەرمەی گفتوگۆدا لەگەڵ میوانەکانی، لە پڕ دووربینەکەی بەرز کردۆتەوە و دوور ڕوانیویەتی، بەم شێوەیە خۆی دەرباز کردووە، یان چۆن لە دەفتەرە بچووکەکەی بەر دەستیدا، دەستیکردووە بە تۆمارکردنی تێبینییەکانی. بەم شێوەیەش زۆر بە ئاسانی لە بەشداریکردن و کەسێکی ئەکتیڤەوە، خۆی کردووە بە کەسێکی پاسیڤ و چاودێر.
تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین

 

You might also like More from author

Comments are closed.