ڕۆمانی ` گەندەڵی - کتێبی یەکەم` چاپی یەکەم ٢٠٢٢

ڕۆمانی “گەندەڵی”،  نوسینەوەی مێژوویەکی قێزەوەن


ڕاڤەی ڕۆمان

Loading

ڕۆمانی “گەندەڵی”،  نوسینەوەی مێژوویەکی قێزەوەن

ئیدریس مستەفا 

 

پێشتر لە چەند وێبسایت و پەیجێک ئەم ڕۆمانەم دیتبوو، ڕۆمانی “گەندەڵی”،  لە نوسینی کاک ئیسماعیل حەمەئەمین کە ساڵی لە  ٢٠٢٢ دا ئەم ڕۆمانە بڵاوبۆوە.  دیارە ئێمە بەهۆی دووری جوگرافیاکەمانەوە  ناتوانین بە ئاسانی دەستمان ڕابگات بە هەر کتێبێک کە دەردەچێت، هەربۆیە زۆربەی کات چاومان دەخەینە سەر ئەو بابەت و وتارانەی لەسەری دەنوسرێن… لەگەڵ ئەوەی یەک دوو نوسینی کورتیشم لەسەر ڕۆمانەکە خوێندبۆوە بەڵام هەر پێم سەیر بوو چۆن ڕۆمانێک هەیە بەو ناوەوە  و بۆچی وێنەی سەگێکی لەسەرە؟!   چونکە گەندەڵی جگە لەوەی وەک وشە زۆر زەقە و زۆرتر دەستەواژەیەکی ئیداری سیاسیە، هێندەش قێزەوەنە وەک چەمکێکی کۆمەڵایەتی و سیاسیش؛ وە ئایا چۆن دەتوانێ ببێ بە بەرهەمێکی ئەدەبی بە تایبەت ڕۆمانێکی شەش سەد لاپەڕەیی.

ئەوەبوو لە کۆتایی مانگی سەرماوەرزی ساڵی ڕابردوو ئەم ڕۆمانەم بەدەستهێنا،  لەگەڵ هەموو ئەو ئەرکانەی تری ژیان لە دوایین ثۆژەکانی مانگی رێبەندانی ئەمساڵدا تەواو بووم لە خوێندنەوەی.

چۆن ئەم ڕۆمانە دەبینم

دیدی من وەک خوێنەرێک، بۆ هەڵسەنگاندنی ڕۆمان دیدێکی سیاسیە، سیاسی ڕاوەستاو لەسەر بنەما بابەتیەکان و لەوێوە سەیری هەر بەرهەمێک و نوسەرێکی ئەدەبی دەکەم، بە تایبەت لە دنیای ئێمەدا، چونکە هیچ بەرهەمێک و هیچ نوسەرێک چ زۆر یان کەم چ دوور یا نزیک، لە دەرەوەی بازنەی دنیای سیاسەتدا نییە. لێرەوەیە من کەمتر خۆم لە تیۆرییە ئەدەبیەکان دەدەم بۆ هەڵسەنگاندنی دەقێکی ئەدەبی وەک ڕۆمان، هەرچەندە ئەم ڕۆمانەی ئیسماعیل حەمەئەمین دەکەوێتە نیو چوارچێوەی `ئەدەبی ڕیالیزمیەوە` بەڵام ڕیالزمێکی ئێجگار ڕیالیستیانە کە بێ پەردە هەموو شتەکان دەڵێ و دەنوسێ وەک ئەوەی کە ڕوویان داوە. واتە هێندە ڕۆمانێکی سیاسیە، بەڵام  باوەڕم نەدەکرد ئەو تام و چێژە ئەدەبیەی لێ بکەم.

 دیارە یەکێک لە پایەکانی ڕۆمان ئەوەیە کە دەم بکوتێ لەو بابەت و مەسەلانەی  دەسەڵاتدارێتیەکان و دەسەڵات لە کۆمەڵگەدا.   یەکێک لە ڕەگەزە گرنگەکانی ڕۆمان ئەوەیە کە لە ڕەمزە سیاسی و ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیە باوەکان بدات، کە بوونەتە مڵۆزم بەسەر تەواوی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی ئێمەوە. ببێتە خوێندنەوەی دنیای ئێمە، لە کاتێکدا ئەوانە وەک  پاڵەوانی سەرەکی ڕۆمانەکە `مۆپسی پاشا` لەبەردەم دەرگای کەسێتی سیاسیەکاندا کرمۆڵەیان بەستووە و کلکە لەقێیانە بۆ بەخشیشێک.

من پێموایە داڕشتنی نەسریانە بۆ هەر بابەتێکی ئەدەبی هەر بە تەنها لەوەدا نییە کە وشەی ناسک و جوان یاخود ئارایشتێکی وشەسازی بە دەقەکەی بدات وەک ئەو جۆرە لە داڕشتن زاڵە بەسەر ئەدەبیاتی ئیستای ئێمەدا بەڵکو گواستنەوەی ئەو وشانەیە کە پر بە پێستی ڕووداوەکانی چیرۆکەکەیە.

خۆ ئەگەر نوسەر و قەڵەم بەدەستەکانی شاخ باسی ئەو مێژووە بە نەمری بکەن یاخود قەڵەمە بەدەستە نوێیەکانیان لە ڕۆمانەکانیاندا بە شۆڕشگێڕ و پیاوی شۆڕش و پیاوماقوڵی شار بیانناسێنن،  ئەوا ئیسماعیل حەمەئەمین ڕێک بەپێچەوانەی ئەوانەوە ڕاستیەکان و `مێژووی قێزەوەنی` ئەو سەرکردانە و `ژیانی کالیگۆلاییان` بەوپەڕی جەسارەتەوە خستۆتە ڕوو؛ ئەو ڕاستیانەی کە ئەوانە بەرگەی ناگرن لە وتنی یاخود لەژێر ناوی قۆناغی مێژووییدا پەردەپۆشی ئەو هەموو گەندەڵیە دەکەن کە تاوانگەلێکی سیاسی و ئینسانین لەو گۆڕەی. ئەوەی بە شۆڕش نادەبرا و کاراکتەرەکانی و ئارایشتکەرەکانی بە کەسێتیەکانی مێژووی ئێمە لە قەڵەمیان دەدین لە ئاستە ڕەسمیەکەیدا، ئەوا جگە لەم ڕۆمانەدا،  جگە لە کۆمەڵێ گەندەڵی سیاسی و تاوانکاری و بێکەڵک و زەرەرمەند هیچی تر نەبوون.

ئەمە ئەم  هەقیقەتە ڕووتەیە کە  ئیسماعیل سڵ لە نوسینەوەی ناکات و بگرە هێندە وەک خۆی نوسیویەتیەوە هەندێ جار وا هەستدەکەی ئەو لاپەرەیە یان ئە وبەشە بێ تامە، بەڵام کە دواتر دێیتەوە سەری و دەیخوێنیتەوە تێدەگەی کە چەندە گرنگە مێژوو لە ڕێگەی ڕۆمانێکەوە دەبێت ئاوەها بنوسرێتەوە. جا لەبەرئەوەی  خودی ڕۆمانەکە باس لە گەندەڵی دەکات؛ گەندەڵی وەک ئەخلاق، وەک ئەقڵ، وەک ویژدان، وەک چەمکێکی سیاسی، وەک بەرهەمێکی ئەو میتۆدە سیاسیەی کاراکتەرەکانی جگە لە ماکیاڤیلیەت، ماکیاڤیلی بە مانا هەرە نابودیی و نێگەتیڤەکەی، هیچیتر نەبوون… واتە، ئەوانە دوور و نزیک پەیوەندیان بە مەسەلەی نەتەوەیی و نیشتمان و ئازادی و سەربەخۆیی گەلێکەوە نەبووە هەر وەک چۆن ئیستا نەوە دوای نەوە دەیانبینین.

 

سەگ وەک شایەدحاڵێک

دەسنیشانکردنی ئاژەڵ بۆ گێڕانەوە یاخود شایەتی کردن بەسەر ڕووداوەکانەوە یەکێکە لەو کەرەسەی چیرۆکانەی لە مێژە لە نیو ئەدەبیات و حیکاتە دێرینەکاندا بەکاردەهێنرێ، بەڵام ئەم دەستنیشاکرندەی ئیسماعیل شتێکی ترە. بەو مانایەی لە ڕێگەی ئاژەڵێکەوە شتێکمان بۆ باسدەکات کە ئێجگار قورسە گەر بێتوو کەسێک بڵی من رۆمانێک دەنوسم لەسەر ئەو گەندەڵیە سیاسی و ئەخلاقی و ئیداری و کەسیانەی لە دنیای سیاسی ئێمەدا بەو شێوە ناشیرینە ڕەهایەی کە هەیە و هەموو توێژ و چینێکی گرتۆتەوە.  کاتێک نوسەری ئەمریکی ڕۆمانی (مەبەست لە بوونی سەگ) دەنوسێ ئەو بە تەنیا یەک لایەن و یەک دیوو و یەک ئاڕاستەی سەگمان پێ نیشاندەدات ئەویش ئەوەیە کە سەگ چەندە دڵسۆزە لەهەر قوناغێک و ڕووداوێک و بۆ هەر خاوەنێک بێت؛ بەڵام  ئیسماعیل لە چاوی سەگەوە باسی شتگەلێکی هێندە قێزەوەن دەکات کە سەری هەموو میللەت و دەوڵەت و نەتەوەیەکی خواردووە، ئەویش گەندەڵیە، بەڵام چۆن گەندەڵیەک.

دیارە لێکچوون لە نێوان ئەو ڕۆمانەی کامێرۆن و کاک ئیسماعیلدا ئەوەیە کە قاڵبەکان هەمان شتن چ وەک شێوە و ناوەڕۆک بەڵام جیاوازی گەورە ئەوەیە کە سەگ هەر فریادڕەش و  ێزگارکەری مرۆڤدا نییە، وەک  `کامیرۆن` لە ڕۆمانەکەیدا  نیشانی داوە، بەڵکو سەگەکەی  ڕۆمانی `گەندەڵی`  ئەرکی نوسینەوەی مێژوویەکی قێزەوەنی لە ئەستۆ گرتووە. ئا لێرەدایە کە ئیسماعیل حەمەئەمین قورساییەکی کەوتۆتە سەر شان کە چۆن وا لە خوێنەر بکات دەقێکی ئەدەبی گەورەی وەک ڕۆمان بە ناوی گەندەڵییەوە بکات و بیخونینەوە، ئەمە  لە کاتێکدایە کە خەڵکی  کوردستان لە تاو ئەو وشەیە ڕادەکەن و نایانەوێ گوێبیستی بن! یاخود بەکارهێنانی ئەو وشەیە تەنها قۆرخکراوی هەر ماڵی نێوەندە سیاسی و وتارەکان و قسەوباسە سیاسیەکان بووە، بەڵام  بخرێتە ناو چوارچێوەیەکی دەقێکی ئەدەبی، ئەوا جێگەی پرسیار و سەرسوڕمانە.  بێگومان گرنگی ئەم  ڕۆمانە لەوەدایە،  کە نوسینەوەی مێژوو ئەرکی یەکەمێتی.

 

دوو سەگ و دوو رۆمان بەڵام دوو ئەرک و دوو پەیام

`دەبلیو بروس جامیرۆن` لە ڕۆمانێکدا کە ساڵی ٢٠١٠  بڵاویکردۆتەوە بە ناوی “مەبەست لە بوونی سەگ”  بەرگەکەشی کەلەسەری سەگێکە، سەگ وەک گێڕەرەوەی ڕۆمانەکەی بەکاردەهینێت، ئەویش بەو مانایەی کە سەگ وەک ئاژەڵێکی بە وەفا و گوێڕایەڵ  و ڕاستگۆ ئەوەی بەسەریدا دێت و دەردەکەوێت بە ڕەوانی تۆماری دەکات. دیارە ئەم ڕۆمانەی `بروس کامیرۆن` وەک ناوەڕۆک و وەک مانا و وەک ڕەهەند و وەک مەبەست، ئێجگار جیاوازە لە ڕۆمانەکەی  ئیسماعیل حەمەئەمین، بەڵام لە یەک خاڵدا یەک دەگرنەوە، ئەویش ئەوەیە؛ کە سەگ وەک حیکایەتخوان و وەک شایەدحاڵی ڕووداوەکان بەکاردێت، چونکە سەگ لەگەڵ ئەوەی ملکەچی خاوەنەکەیەتی بەڵام ڕاستیەکانی لە لایە و درۆ لە بوونیدا نییە.

دەمەوێ بگەڕێمەوە بۆ ئەو خاڵەی کە پێشتر ئاماژەم پێدا، کە بۆچی من لە دیدێکی سیاسیەوە بەڵام زانستی دەڕووانمە هەر بەرهەمێکی ئەدەبی؟

 ئەم بەرهەمە لەسەر ئەو بابەتە دەدوێت کە دڵی سیستەمی سەرماداری لیبراڵ دیموکراسی پێکدەهێنێ و ئەو سیستەمە ڕووی لەهەر کوێیەک کردبێ، ئەم دڵە لەوێ ئامادە بووە. بۆیە دەبینین دەسەڵاتەکانی سەدەی نوێ چ دەوڵەتی یان  `نا – دەوڵەتی` ڕووماڵ بووە بە گەندەڵی لە هەموو جۆرەکانیدا؛  گەندەڵیەکانی سەرۆک و سەرۆک وەزیران، پاشاکانی دەوڵەتدارێتیە نوێیە سەرمایەداریەکان،  تاوەکو دەگاتە بە گەندەڵییەکانی سەرکردە سیاسیەکانی جوڵانەوە نیشتمانی و سەربەخۆخوازە نەتەوەییەکانی وەک ؛ فەلەستین و ئەفغانی و کورد و بەڵقانیەکان…

`دەبلیو بروس جامیرۆن؛ “مەبەست لە بوونی سەگ” – ساڵی ٢٠١٠  -زمانی ئینگلیزی.
A Dog’s Purpose is a 2010 novel written by American author W. Bruce Cameron.

 گەندەڵی گەیشتۆتە ڕادەیەک کە نەک هەر هیچ بەهایەکی سیاسی، بەڵکو هیچ بەهایەکی مرۆیشی نەهێشتۆتەوە. تەنها جیاوازییەک هەبێ گەندەڵی لە قەوارەی دەوڵەتەکاندا بە چوارچێوەیەکی یاسایی دەچێتە پێشەوە، بەڵام لە قەوارەی نادەوڵەتیەکاندا  بە بەڕەڵایی و مافیایی دەچێتە ڕێوە. جا ئەو گەندەڵیە ئەوەندە شمولیە کونج و کەلەبەر نییە نەیگرێتەوە، هەر لە سەرکردەکە خۆیەوە تاوەکو  دەگاتە  دەست و دائیرەکەی،  ئینجا شایەر و نوسەر و خوێنەوارەکان دواتریش کۆمەڵانی خەڵک.

ئا لێرەدایە ڕۆمانی “گەندەڵی“ ئەو مانایە پەیدادەکات کە بە میتۆدێک ئیشی کردووە کە نەهجی هەر قەوارە و سیستەم و کاراکتەرە سیاسی و ڕۆشنبیریەکانی دیارکردووە لەگەڵ خۆیدا. کاتێک سیاسیەک گەندەڵە بە هەموو ئاستەکانەوە نوسەر و شاعیرەکانی ناو قەوارەکە و نێوەندەکەشی توشی هەمان گەندەڵی دەبن، بگرە ئەو گەندەڵییە لە لایەن نێوەند و هەندێ خوێنەرەوە پەردەپۆش دەکرێت بە کۆمەڵێ بڕ و بیانوو، جا وەرە ڕۆشنبیر بڕوبیانوو بۆ بۆ خۆی بدۆزێتەوە!.

 

دوو زەمەن و دوو جوگرافیا

لایەنێکی هونەری کە لەم ڕۆمانەدا جێگەی سەرنجی منە ئەوەیە، کە دوو زەمەن بەرجەستە کراوە. زەمەنی پێش سەرهەڵدانی ڕۆمان و زەمەنی دوای سەرهەڵدانی ڕۆمان.

وەک جۆرج لۆکا دەڵێت؛ ڕۆمان داستانی سەردەمی بۆرجوازیە ئاوهاش ئەم رۆمانە داستانێکیمان بە بەرگی رۆمان نمایشدەکات، بەتایبەت داستانەکانی پێش هەزار و حەوت سەدەکان کە حیکاتەخوانەکان زۆرتر لە زاری ئاژەڵاکانەوە بووە. لە ڕۆمانی `گەندەڵی` دا حیکایەتخوان ئاژەڵێکە بەڵام لە بەرگێکی ڕۆماندا کە باس لە بابەت و دیاردە و دنیای نوێ دەکات. ئەم لایەنیە هونەریە بۆ من جێگەی بایەخە هەرچەندە هەندێ بواری تری هونەری هەیە لەوانەیە خوێنەرگەلێک هەبن نەتوانن ڕێ بکەن لەگەڵ خوێندنەوەی ڕۆمانێکی ئاوهادا، چونکە ئێمە فێر بووین کە ڕۆمان دەبێت شەڕی وشە و داڕشتنی بڕگەکان و ئارایشکردنی دیمەنکانی ناوی بێت. لەم ڕۆمانەدا وشە دوای وشە، لاپەڕە دوای لاپەرە، بەش دوای بەش شایەدی نوسینەوەی مێژووی قێزەوەندی دەبین. قێزەوەندیەک کە ئێمە لە وتار و قسەوباس و هەڵوێستە سیاسیەکاندا بینیومانە، نەک لە بەرهەمێکی ئەدەبی ئاوها گەورەدا کە بە هەمان گوزارشتی خەڵک و زمانی خەڵکی  دەیگێڕێتەوە، بەڵام دەیخاتە ناو زەمەنێک و کۆمەڵێ ناوەوەکە هەمووان دەیانناسین.

دەستگرتن بە میتۆدی زەمەنەوە،  بەڵام لە جوگرافیای جیاوازدا خاڵیکی سەرنج ڕاکێشی ترە لەم ڕۆمانەدا. گەندەڵی وەک لرف لیدان لە سامانی گشتی و بێ مۆراڵی لە سەرجەم ئاستەکانی ژیانی سیاسی و هونەری و خامەنوسیندا، هەمیشە هەبووە و سێبەرێک بووە هەرگیز لە جەستەی دەسەڵاتدارەکان نەبۆتەوە.

هەر وەک چۆن پێشتر ئاماژەم پێدا، کە گەندەڵی بەم شێوە گشتگیرە ترسناکە بەرهەمی نوێی سیستەمی نیو لیبراڵ دیموکراسیە، ئەو سیستەمە ڕووی لەهەر کوێ کردبێ گەندەڵی وەک دیاریەکی قورس لەگەڵ خۆیدا دەیبات بۆ دەسەڵاتدارەکانی، ئاوەهاش ئیسماعیل حەمەئەم مین  سەگەکەی  “مۆپسی پاشا” دەبا حزوری مێژوویەکی تر و جوگرافیەیەکی ترەوە؛ وەک ئەوروپا، کە هەمان ئەخلاقیاتی چینایەتی دەسەڵاتداریێتیان هەیە لەهەر کوێیەک بن. واتە هەمان تاس و هەمان حەمامی کوردستانە، بەڵام بە کەمێک ئاڵوگۆڕی ڕێژەیی جیاوازترەوە.

مۆپسی پاشا، وەک گێرەوەی سەرەکی ڕۆمانەکە،  ئەوەمان پیدەڵێت کە ؛ چ لای کوردێکی شاخاوی یان شاری دەسەڵاتدار بێت یاخود ئەوروپیەکی “شارستانی” بێت، بەزمە سیاسی و کۆمەڵایەتی و مۆراڵیەکانیان هەمان پەیامی چینایەتی پڕ لە قێزەوەنیان هەیە.  

ئایا لە ڕۆژئاوا وڵاتانی “یاسا و مافی مرۆڤ و شەفافیەت” گەندەڵی نییە؟! ئەوا با سەیرێکی ئامارەکانی دروستبوونی جیاوازیە چینایەتیەکان بکات کە چۆن هەشت نۆ کەسێک هەموو سەروەت و سامانی وڵاتەکانیانی لە گیرفاندایە و هەرچی دەسەڵاتی سیاسی وڵات هەیە وەک ئەڵقەیەک لە پەنجەیاندایە. پەراوێزیکیان هێشتۆتەوە تاوەکو بڵقە چینایەتیەکان لە تەقینەوەیەکی گەورەدا بە ڕوویاندا نەپرژێ.

کالیگۆلاکانی ناو ڕۆمانی گەندەڵی

لە یادمە کاتێک گەنج بووم `کالیگۆلا`م دەخوێندەوە بەو ڕادەیە باوەڕم نەدەکرد کە سەرکردەیەک چ پاشا یا میر یا سەرۆک هەبێت کە ئەو هەموو کارە دزێو و قێزەوەنانە بکات.  هەر وەك چۆن باوەڕم نەدەکرد، کە سەرانی حزبە کوردیەکان ئەو کارە قیزەوەنانەیان لێ بوەشێتەوە کە لە زمانی نەیارەکانیان و خەڵکی سادەوە دەمبیستن. دەمگوت؛ ئەوە زیادەڕۆییە یاخود ئەسڵەن هەر ڕاست نیە ئاخر چۆن سەرکردەیەکی مەزن و ڕابەری “شۆڕشێکی” گەورە دەستی دەچێتە سامانی ئەو ولاتەی “شۆڕش”ی بۆ دەکات. یاخود، چۆن لە ناو ئەو هەموو ئاگر و ئاسنەوە بە دوای چێژە کەسیەکانی خۆیەوەتی.  خۆ کاتێکێش هاتنەوە شار هەر کەمێک دەمگوت؛  تۆ بڵێی ئەوەندە کەرەم و کەسێتیان نەبێ ئەو شتانە ڕاست بم کە لەسەریان بڵاودەبێتەوە.  هەروەها، ئەو نوسەر و هونەردۆست و شایەر و خامە بەدەستانەی دەوریان و سێبەرەکانیشیان کە ئەو هەموو بێ هەڵویستی و بێ ڕێزیەی لێیان دەدوێن، ئا بەو ئاستە نزمە ڕاست بێت؟!

بەڵێ دوایی دەرکەوت، نەک هەر هەمووی ڕاستن، بەڵکو لەسەروو ڕاستیەوەن. بە ڕادەیەک، کە خۆمان لەگەڵیاندا نەژیاباینایەوە باوەڕمان نەدەکرد. واتە ئەوەندە قێزەوەن دەرچوون هەر بە تەنها وتار و نوسینەکانی نەیارەکانیان بەس نەبوو، بەڵکو یادەوەریەکانی خۆیان کە بە کۆمەڵ دەینوسن و بڵاودەبێتەوە هەموو ئەو وشە و ڕستانەی  ئیسماعیل حەمەئەمین لەو ڕۆمانەیدا، ڕۆمانی (گەندەڵی) نوسیوێتی و دەیڵیت تاسەر ئێسقان ڕاستن. بۆ نەوەی دادێ گەر تاقەتی ئەوەی نەبێ بە لای سیاستدا بچێ و بیەوێ ئاگاداری مێژووی ئەوانەبێ، ئەوا با ڕۆمانی `گەندەڵی` بخوێننەوە.

ڕۆمانی ` گەندەڵی – کتێبی یەکەم` چاپی یەکەم ٢٠٢٢

با نەوەی نوێ بزانن نەک هەر ئەو سیاسیانە و سەرۆک و سەرکردە و مەسئولەکان، بەڵکو ئەو قەڵەم بەدەستانەشی کە کراون بە `نەمر و نوسەری گەورە` لە دنیای ڕۆشنبیری ئێمەدا جگە لە کۆمەڵێ قێزەوەنی مێژووی ئێمە هیچی تر نین. هەر وەك چۆن سیاسیەکان بوونەتە تاڵانچی و گەندەڵکار، ئاوهاش نوسەر و شایەر و خامە بەدەستەکانیان چ لە ناوەوە یا دەرەوەی قەوارەکانیان بێت خەریکی دزینی بەرهەمی خەڵکانی ترن. چەندە گەندەڵی بۆتە بەشێک لە ژیان و نوسینەکانیان.  چۆن  کەرامەت  و  کەسێتی خۆیان شکاندووە بۆ سیاسیە بێ شکۆ و بێ کەسێتیەکان.

 تەنها جیاوازی لە نێوان کالیگۆلاکانی ئەودەم و ئیستادا هەبێ ئەوەیە، کە کالیگۆلاکانی ڕابوردوو خۆیان خۆیان فەنا کرد و چیتتر دروست نەبوونەوە، بەڵام لە دنیای ئێمەدا کالیگۆلاکان هەن و زیندوون و نەمر دەکرێن، حکوممان دەکەن و یار و یاوەر و شایەرەکانیش پیایاندا هەڵدەدەن. ئیسماعیل حەمەئەمین  ئەو پەردەیەی هەڵماڵیوە و بۆ مێژوو ئەودیوویی پەردەیەی وەک خۆی لە بەرهەمێکی ئەدەبیدا نوسیوەتەوە، بە ناوی؛ ڕۆمانی گەندەڵی.

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌