زۆر بە سادەیی و بە کورتی:
ئەم کۆمەڵەچیرۆکە، لە پێنج چیرۆک پێک دێت کە لە ماوەی ساڵانی پێشوودا نووسراون. لە دەوری ئەقڵی گاڵتەجاڕی و ڕەخنە و دژەسیستەمدا دەخولێتەوە. گەڕانەوەیە بۆ ناو گەڕانەوە و زمانی ڕەخنە و زمان پێکەوەژیان و زمانی گفتوگۆ. لەگەڵ ئەوەیشدا هەڵتەکاندنی نووسەری بەرتیل و مشەخۆر و گشت خێڵحیزب دەخاتە ژێر پرسیارەوە. ئەم پێنج چیرۆکە، لە دەوری ئێران و هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجەدا دەخولێتەوە. کۆمەڵەچیرۆکێک نین بە دڵی خوێنەری عەوام نووسرا بن، لە چیرۆکدا گەڕاوم زمان و چیرۆکی نوێ چی لە من دەوێ. لەگەڵ باودا نیم و ڕەتکردنەوەیشی هەر ئەوەیە کە ئاگاداری (سینیزم/ ئەقڵی گاڵتەجاڕی) نەبیت، دەتخاتە ناو مەکینەکەوە. بۆ ئەوەیە پێبکەنیت و تێڕامێنیت و بتهاڕێت.
چیرۆکەکان: ١- پووڵ وەرگرتنی گوو ٢- خۆم و کات (چیرۆکی نێوان گۆچان و کاتژمێرێک) ٣- نووسەرە خۆکوژەکەی وڵووبە ٤- گۆبەندی پێڵاوەکە ٥- سێ نالییەکە.
یەکەمین کۆمەڵەچیرۆکی پێشەوا کاکەیی بە ناوی (ڕەش: تاڵ تاڵ، پێکەنینی بەتاڵی پاتاڵ) لە چاپ دەرچوو.
کاری هەڵەچن و ڕێنووسکاری، (وشیار عەلی)ـیە و کاری بەرگ (ئیبراهیم ساڵح)ـە.
هەروەها لە ناوەندی چاپەمەنی و ڕۆشنبیریی کارۆ چاپ کراوە.