كۆڕی شانۆی با له‌نمایشێكدا

کۆڕی شانۆی با له‌نێوان ساڵانی دووهه‌زار بۆ دووهه‌زار و هه‌شت


Loading

ئامانج عه‌بدوڵا – شانۆكار

ئەگەرچی ئێمەی کورد خاوەنی شانۆیەکی تایبەت بە خۆمان نین و هونەری شانۆ نەبۆتە پیشەی شانۆکاران و کۆمەڵگه‌ش وەک چالاکییەکی گرنگی ژیاری و کولتوری لێی ناڕوانێت، بەڵام ناتوانین نکۆڵیش لەوە بکەین کە بە درێژایی دەیەکانی ڕابوردوو یا دروستر بڵێین؛ لە حەفتاکانی سەدەی ڕابوردووەوە شانۆ بوونی هەیە و بەئەندازەی خۆی و وەک ئەوەی کە هەیە بەشێکی چالاکی ناو چالاکییە کولتورییەکان بووە. بەگشتی ئەوەی کە هەیە، کاری کۆمەڵیک گروپ و هەوڵی تاکە کەسی خەمخۆران و شانۆکارانی کورد بووە کە هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدان شانۆ بەردەوامی هەبێت لە کوردستاندا.

بۆ ئەمەش نمایش و کاری نوسین و وەرگێڕانی کۆمەڵێکی زۆر لە شانۆکاران بینراون و هەوڵەکانی ئیستاش دەبینین، کە بە بڕوای من، شایستەی لەسەر وەستان و ناساندن و قسەکردنن. تا بتوانین لەم ڕێگەیەوە هەم ڕێز لە ماندوبوونیان بگرین  و . هەم بتوانین لە ڕێگەی ڕەخنە و نووسینەکانمانەوە بیانخوێنینەوە و بیانکەین بە کەرەستەی لێکۆڵینەوە و بابەتی تیۆری شانۆیی بۆ دەوڵەمەند کردنی ئەوەی کە هەیە، هه‌روه‌ها  تۆمارکردنی بۆ کەسان و شانۆکارانی دوای خۆمان تا بتوانن سودمەند و بە ئاگا بن لەوەی کە هەبووە. بەمەش دەتوانین فۆرمێکی گشتی یاخود شێوە ناساندنێک بۆ هەر یەک لەو زەمەن و ئەزمونانە بکەین کە بە درێژایی ئەو چەند دەیەیە نمایشکراون.

ئێمە لە هەوڵی ئەوەداین و هیوادارم لە ڕێگەی ئەم  گۆڤارەوە (گۆڤاری تاڤ)  بتوانین بەشێک لەم پڕۆژەیە سەربخەین و نوسەران و شانۆکاران ڕۆڵیان  هەبێت و  بتوانین لەسەر ئەو قۆناغە جیا جیایانە بوەستین و شرۆڤەی ئەو هەوڵ و ئەزمونانە بکەین و بەشێک لەو بؤشاییە گەورەیە پڕ بکەینەوە کە لە ڕوی نوسینی بابەتیانەی شانۆییەوە بوونی هەیە.

من لێرەدا و بەپێی نزیکی و ئاگاداریم لەبەشێکی دیاریکراوی کارەکانی (کۆڕی شانۆی با)و بەو پێیەی لە ڕێگەی نوسینەوەی یاداشتەکانی ڕۆژانی پرۆڤە و نمایشی (ئەو دەمەی دنیا بێتامە، حەیرانێ) و هەم وەک ئەکتەری نمایشی (چوارەم نیوەڕۆ پێش مەحشەر) و بینەری نمایشەکانی نێوان ساڵانی ٢٠٠٠ بؤ ٢٠٠٤ بووم . دەمەوێت بەپێی تێگەشتنی خۆم دەربارەی ڕۆڵ و گرنگی ئەم گروپە شانۆییە بنوسم و ناساندنێک بۆ شێوازی کارکردن و کاریگەریان لەسەر بوونی شانۆ لە باشوری کوردستاندا بکەم و دواتر ئاماژە بە خالە لاواز و نێگەتیڤەکانی کارکردنیان بکەم. کە هیوادارم ببێتە دەرگایەکی کراوە بۆ هێنانە ژوری بابەت و نوسینی زیاتر لەم بارەیەوە.

کؤڕی شانۆی با لە نێوان ساڵانی (٢٠٠٠ـ٢٠٠٨)دا

 

 

دروستبوونی کؤڕی شانؤی با

ئەم گروپە بە فەرمی لە ساڵی( ٢٠٠٤)داو لە زەمەنی پڕۆڤەکردنی شانۆیی (ئەو دەمەی دنیا بێتامە،حەیرانێ)دا ڕاگەیەنرا و شانۆکار(ئیبراهیم چێوار) وەک بەڕێوەبەری کۆڕ دیاریکرا و دەستەیەکیش بؤ بەڕێوەبردنی کارەکانی كۆڕ پێک هێنرا. بەڵام لە بنەڕەتدا سەرەتای دروست بوونی ئەم گروپە بۆساڵی ٢٠٠٠ دەگەڕێتەوە کە هەریەک لە

لەساڵی 1962 دا لەدایکبووە، دەرچووی ئەکادیمیای هونەرەجوانەکانی بەغدایە، به‌رێوبه‌ڕی کۆڕی شانۆی (با) بووە. رۆژی 24-10-2008 بەنەخۆشی دڵ لەسلێمانی کۆچی دوایی کرد.

شانۆکاران (ئیبراهیم چێوار،هۆرێن غەریب،هیوا فایەق، شوان عه‌توف و نازەنین ساڵح) دامەزرێنەر و دروستکاری بوون.بەلام ئەوکات گروپەکە نە ناسێنرا بوو چون هەم ناوی نە بوو هەم وەک ڕێکاری یاسایی  مۆڵەتی کارکردنی بۆ وەرنەگیرا بوو، ئەوەندە هەبوو کە کؤمەڵێک شانۆکاری چالاک و خاوەن ئەزموون سەرقاڵی بەرهەم هێنانی کاری شانؤیی بوون و لەو ماوەیەدا هەریەک لە نمایشی (هونەرمەند دوای تافی لاوێتی) و (پێکەوە لە بەهەشتا،عەسرێ)یان بەرهەمهێنا. خۆئامادەکردن و پڕۆڤەکردنی ئەم دوو نمایشە بوونە سەرەتا و لێکنزیکبوونەوەی زیاتری ئەندامانی گروپەکە و هاتنە ناوەوەی کەسانیتر و کارکردن لەسەر شێوازی بەرهەمهێنانی نمایشی نوێ کە جیاواز بێت لەگەڵ ئەزموون و کاری گروپەکانی پێشتر.

بۆ ئەمەش بەر لە دەستپێکردنی پڕۆڤە سوودێکی زۆریان لە گفتوگۆ و دیالۆگێكی بەردەوام وەرگرتوە. بەشێکی گرنگی ئەو گفتوگۆیانە تایبەت بوون بە قسەکردن و شیکارکردنی ڕۆڵی ئەکتەر و دەرهێنەر و پێکهاتەکانی تری نمایش و چۆنییەتی مامەڵەکردن  لەگەڵ ئەو چەمکانەدا. تاوه‌كو به‌هۆیه‌وه‌  بتوانن فۆڕمێکی نوێ بۆ نمایشکردن و گەیاندنی ئەو  ئایدیایانە بدۆزنەوە  کە گفتوگؤکان لە کاتی خۆ ئامادەکردن و پرۆڤەکردندا بەرهەمیانهێناوە. هەڵبەت ئەم پڕۆسەیە درێژخایەن و پڕ لە گۆڕانکاری بووە و یارمەتیدەرێکی باشی ستافی نمایشەکان بووە کە بتوانن بە پێشخان و ئامادەکارییەکی تەواوەوە بچنە هؤڵی پڕؤڤەکردنەوە.وە بە هؤی درێژ خایەنی و بەردەوامی گفتوگؤ و پرۆڤەکردنەوە هەندێک لە ئەندامان و بەشداربووان وازیانهێناوە و نەگەیشتوونەتە زەمەنی نمایش، جا چ لەبەر نەمانی حەوسەڵە و بێزاربوونیان لە درێژبوونەوەی ماوەی پرؤڤەکردن و گفتوگۆکان یان لەبەر هاوڕا نەبوون یاخود نەیان توانیووە بەوشێوەیە کاربکەن کە گروپەکە لەسەری ڕێکەوتوون بۆ کارکردن.

 

 

قۆناغەکانی بەرهەمهێنان لەلای ئەم گروپە

بەشێوەیەکی گشتی زۆرێک لە نمایشە شانۆییەکان بە سێ قۆناغدا تێپەڕ بوون. من لێرەدا باسی ئەو سێ قۆناغە دەکەم، و  نمایشی (ئەو دەمەی دنیا بێتامە، حەیرانێ)* وەک نمونەی کارکردن وەردەگرم کە لە دەرهێنانی هەریەک لە دەرهێنەران (هۆرێن غەریب و هیوا فایەق)ە و نواندنی هەریەک لە ئەکتەران (ئیبراهیم چێوار، شوان عه‌توف،نازەنین ساڵح، دیلمان سەڵاح، کاروان عوسمان چێوار، کوردستان ڕەوف، ئاوات باقی و شانۆ غەریب) و منیش وەک تؤمار کار و نوسینەوەی یاداشتەکانی ڕۆژانەی پرۆڤەو هاوکاری نمایش. ئەم نمایشە بەرهەمی ساڵی (٢٠٠٤ـ٢٠٠٥) بوو وە بە بڕوای زۆڕێک لە شانۆکاران و بینەران وەک شاکارێکی شانۆیی لە کوردستاندا وەسف کرا و دەنگدانەوەیەکی گەورەی هەبوو، وە تا هەنوکەش لە هزر و بیری زۆرێک لە بینەرانیدا ماوەتەوە .

 

قۆناغەکانی بەرهەمهێنان

 

قۆناغی یه‌كه‌م: خۆ ئامادەکردن و گفتوگۆکان(بابەتی تیۆری)

قۆناغی دووهه‌م: پڕۆڤەکردن

قۆناغی سێهەم: نمایش

 

 

قۆناغی یەکەم: خۆئامادەکردن و گفتوگۆکان (بابەتی تێۆری)

ئەم قۆناغە خاڵی دەستپێکردن و هەنگاوی یەکەمی بەرهەمهێنانی نمایشە کە لە لای ئەم گروپە زۆر بە بەهاو گرنگ بووە، بە تایبەت لە قۆناغی نێوان ساڵانی ٢٠٠٠ بۆ ٢٠٠٥ و  سێ بەرهەم لەخۆ دەگرێت. وە دەتوانم بڵێم؛  ئامادەبوونی کۆڕی شانۆی با بەو قورسایی و گرنگیەی کە لە ماوەی هەژدە ساڵی ڕابوردودا هەیبووە بۆ گرنگی و ڕۆڵی ئەم قۆناغە و بونیاتنانی پایەکانی شێوازی کارکردنی دەگەڕێتەوە لەو زەمەنەدا.

لە قۆناغی یەکەمی کارکردندا هەریەک لە دەرهێنەران (هیوا فایەق و هۆرێن غەریب)  و ئەکتەرەکان کۆبوونەتەوە بۆ گفتوگۆ و ڕا گؤڕینەوە لەسەر شێوازی کارکردن. لێرەدا پرسیارکردن و قسەکردن لەسەر وەزیفەی دەرهێنەر و ئەکتەر خاڵێکی سەرەکی و گرنگی گفتوگۆکان بووە، چونکە لای ئەوان دەرهێنەر ئەو کەسە نییە کە دەقێکی ئامادەکراوی پێبێت و بانگهێشتی ئەکتەر و ستافی نمایش بکات بۆ پرۆڤە کردن. لە بەرامبەریشدا ئەکتەر تەنیا ئەو کەسە نییە کە بەرجەستەکاری کارەکتەرێکی دیاریکراو بێت کە لە دەقێکی نوسراودا هەیە و دەرهێنەر بۆی دیار دەکات. کەواتە، کار و پیشەی دەرهێنەر و ئەکتەر گۆڕانی بەسەردا دێت و چیتر لە شێوە باوەکەیدا نامێنێتەوە. خاڵێکی تری ئەم قؤناغە گفتوگؤ کردن و ڕا گۆڕینەوە بووە لەسەر ئەو بابەت و هێڵە فکریانەی کە دەبنە کەرەستە و پێکهێنەری نمایش و جێگەی دەقی ئامادەکراو دەگرنەوە، هاوکات کۆمەڵێک چەمک و ئاماژە کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە شێوەی کارکردنەوە هەبووە شیکار کراون و ئامادە کراون، تاوه‌كو بتوانن لەسەر ئەو چەمک و دەستەواژانە کار بکەن لە کاتی پڕۆڤەکردندا. ئیتر بەم شێوەیەو دوای زەمەنێک لە خؤ ئامادەکردن و گفتوگۆکردن جوونەتە هؤڵی پڕۆڤەکردنەوە کە قؤناغی دووەمی کارکدنە.

 

 

 

قۆناغی دووهه‌م: پڕۆڤەکردن

لەم قۆناغەدا جگە لە ڕاهێنانی ڕۆژانەی دەنگ و جەستە و تەرکیزکردن بەردەوامی بە گفتوگۆکان دەدرێت و سات بە سات و جوڵە بە جوڵە نمایشە شانۆییەکە بونیات دەنرێت. لێرەدا هەموان بەشدارن لە دروستکردنی جوڵە و دیالۆگەکاندا،  کە بێگومان  پێویستی بە سەلیقە و پشتخانی  فکری و هونەری باش دەبێت تا بتوانن ئەڵقە بە ئەڵقەی ساتەوەختەکان، چ وەک جوڵەو چ وەک دیالؤگ پێکەوە گرێ بدەن و نمایشی لێ دروست بکەن.

هەڵبەته‌ جیاوازی دەبینرێت لە ڕاژە و شێوەی بەشداریکردنی ئەکتەرەکان، ئەمەش پەیوەستە بە جیاوازی توانا و پشتخانی  فکری و هونەری ستافی کارەکەوە، کە بێگومان جیاواز بوون لە یەکتری.  هەبوونی ئەم جیاوازییە کاریگەری هەبووە لەسەر ئاستی ئامادەبوونی ئەکتەرەکان و دواتر دەرکەوتنیان لەکاتی نمایشیان  لەسەر تەختەی شانۆدا.

ئامادەبوونی ئەکتەر یەکێک بوو لەو چەمکانەی کە لە کاتی پرۆڤەکردندا ئاماژەی پێدەکرا و کاری پێدەکرا، بەجۆرێک ئەکتەری ئامادە کەسێک نییە لەدەرەوەی بابەت و کەرەستەکان و تەنیا بەرجەستەکاریان بێت، بەڵکو خۆی ئاماده‌یە و لەناو ساتەوەخت و جوڵەکاندایە کە ڕۆژانە بونیاتدەنرێن. ئه‌كته‌ر  خۆی بەشێکە لە دروستکاری ئەو بونیاتە، ئەمەش یاریدەدەرێکی باشە بؤ ئەوەی لە زیادەڕۆیی و هەڵچونی ناوەکی نواندن دووربکەوێتەوە و سادە و پڕ لە ژیان لەسەر تەختەی شانۆ ئاماده‌ دەبێت، و بێگومان بە باكگراوندێکی قوڵ و هونەریانەوە دەبینرێت و بینەر هەستی پێدەکات و وەک نواندن دەیبینن. هه‌ربۆیە دەبوو ئەکتەر زیرەکانە مامەڵە لەگەڵ سات بەساتی نمایشدا بکات و بە ئامادەبونی لە کاتی پڕۆڤەدا (میتا) یاخود پاشخانی ساتەوەختەکان وەربگرێت و کاری لەسەر بکات تاوه‌كو نەبێتە بەرجەستەکارێکی زێدەڕۆ یان ئەکتەرێکی مردوو لەسەر تەختەی شانۆ.

 

لە کۆی ئەم پرۆسەیەدا و بەتایبەت لە زەمەنی پڕۆڤەدا دەرهێنەرەکان وەک چاودێرێکی باڵا سەرقاڵی شیکاری ساتەوەخت و جوڵەکان و گفتوگۆکردنە لەگەڵ ئەکتەرەکاندا و هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵیاندا دەچنە پێش و بونیادی چێوەی گشتی کارەکە دەنێن. بەجۆرێک دەبوو دەرهێنەر لە یەک کاتدا ئاگاداری پاراستنی ڕیتم و چێوەی گشتی نمایش و پڕۆسەی نوسینەوەی دیالۆگەکان و چنینەوەی ساتەوەخت و جوڵە جیاوازەکان بێت بە یەکەوە.

ئەوەی کاری دەرهێنان لەم جۆرە لە کارکردن جیا دەکاتەوە  لە گەڵ کارێک کە دەقێکی ئامادە بوونی هەیە ئەوەیە؛ دەرهێنەر وەک ئەوەی لە کاری ئاساییدا کە دەقێک هەیە و دەرهێنەر هێڵەکانی لەبەردەستدایە و کڵێشەی گشتی نمایشەکەی لای خۆی دیاریکردووە و سەرەتا و ناوەڕاست و کۆتایی کارەکە دەبینێت، به‌ڵام له‌م ئه‌زموونه‌دا لەسەرەتادا کۆتایی نمایشەکەی لا ڕوون  نییە، واتە دەرهێنەر کۆتایی نمایشەکە نابینێت لە سەرەتای پرۆڤەدا.  له‌به‌ر ئه‌م هۆیە دەبێت دەرهێنەر زۆر بە وردی مامەڵە لەگەڵ ساتەوەختی پڕۆڤەدا ده‌کات، دەبێت ئاگاداری ئەوە بێت ئاڕاستەی کارکردن بەرەو ونبوون و لەدەستدانی مانا هونەرییەکان نەڕوات و چێوەی گشتی بۆ تەواوی کارەکە دیاریبكات، و  لەگەڵ ئەکتەرەکاندا لەو چێوەیەدا کاربکەن و ووردببنەوە بۆ ئەو ساتە قووڵانەی کە مانا دەبەخشن بە نمایش و کارە هونەرییەکەی لەسەر بونیاتدەنرێت. ئیتر بەو شێوەیەو بە هۆی بەردەوامی ڕۆژانەی پرۆڤەوە کە هەندێک جار چەندەها مانگی دەخایاند و  سات بە سات و جوڵە بە جوڵەی نمایش دروست دەکرا و بەرەو نمایش هەنگاو دەنرا.

 

كۆڕی شانۆی با و نمایشێك

 

 

قۆناغی سێهەم: نمایش

بەپێی کات نمایشەکان وەک هەر نمایشێکی تر کاتێکی دیاریکراوی هەبوو، بەڵام لە ناوەڕۆکدا بریتی نەبوو لە چیرۆکێک یاخود ڕووداوێکی دیاریکراو کە بینەرا لەسەرەتاوە تا کؤتایی ڕه‌دووی بكه‌ون، نه‌خێر،  بەڵکو کۆمەڵێک ساتە وەخت و جوڵەی جیاوازه‌ کە لە لایەن ئامادەبوونی ئەکتەرەکانەوە نمایشدەکرێت لە چێوەیەکی گشتیدا.

جوڵەکان پەرتەوازە و لێک ترازاو نین، بەڵکو هەر جوڵەیەک تەواوکاری جوڵەی پێش خۆی و بەشێکی هێڵی نمایشە کە لە سەرەتاوە بۆ کۆتایی درێژ دەبێتەوە.  بینەر یاخود ئامادەبووانی ناو هۆڵەکە هەست بەوە دەکەن کە ئەوە ئەکتەرێک نییە کە بەرجەستەکاری کارەکتەرێکە، بەڵکو ئەوە ئامادیی ئەکتەرەکانە لەسەر تەختەی شانۆ. به‌مانای  كۆی  نمایش  بریتی نییە لە بەرجەستە کردنی کارەکتەرێکی دیاریکراو کە لە ڕێگەی جوڵە و هەست و سۆزەوە لە ناویدا بژین و لەسەرەتاوە تا کۆتایی لەگەڵیدا بڕۆن و ماوەی دابڕانیان نەبێت لێی. هەربۆیە هەندێک جار لەکاتی هەبوونی زەنگی مۆبایلی ئاماده‌بووان، یاخود لەکاتی هەر دەنگێکی نه‌خوازراودا، ئەکتەرەکان دەوەستان لە نمایش و  دواتر بەردەوامدەبوونەوە لە نمایش. به‌مانای کاریگەرییەکی ئەوتۆی نە دەبوو لەسەر ئەکتەرەکان و کۆی نمایش. ئەم شێوەیە لە نمایش هەستی بەشداریکردنی نا ڕاستەوخۆی لای بینەران دروستدەکرد و هەست و بۆچوونی خۆیان لە ئامادەبوونی ئەکتەرەکاندا دەبینییەوە و هەستیان بە تێپەڕبوونی کات نەدەکرد.

کۆڕی شانۆی با لە ڕێگەی نمایشەکانیانەوە ڕۆڵێکی گرنگیان هەبوو لە گەڕاندنەوەی بینەرێکی زۆر بۆ هۆڵەکانی شانۆ و ژمارەیەکی زۆر لە بینەران ئامادەی نمایشە شانۆییەکانی ئەو سەردەمە بوون. هەر لەو ماوەیەشدا کار بۆ ئەوە کرا کە بینینی نمایشەکان چیتر بە خۆڕایی نەبێت، بێگومان  وەک ڕێزێک بۆ هەوڵ و ماندووبونی ستاڤی نمایشەکان پێویستە بینەر لە ڕێگەی کڕینی بلیتەوە ئامادەی نمایشەکان بێت ئەگەرچی بە بەهایه‌کی کەمیش بێت، چونکە پێشتر و لە زۆرینەی نمایشەکاندا بینەر (بە بێ بەرامبەر)  ئامادەی بینینی نمایشەکان دەبوون و هیچ قازانجێکی ماڵیان بە شانۆکاران نەدەگەیاند.

کەواتە بەشێوەیەکی گشتی و لە کۆتایدا دەتوانین بڵێین هەم بە هۆی شێوازی کارکردن و هەم بەهۆی بەردەوامی نمایشەکانیانەوە توانیان وەک گروپێکی چالاک دەربکەون و کاریگەری خۆیان هەبیت لەسەر جوڵەی شانۆ لە کوردستانی باشووردا، کؤمەڵێک بەرهەمی باش پێشکەش بکەن. هەڵبەته‌ ئاست و کاریگەری نمایشەکان جیاوازن و هەریەک بە ئەندازەی خؤی بەشێکە لە کؤی پڕؤژەکانی ئەو زەمەنە.

بە دیوێكی تردا ئەم گروپەش وەک گروپ و کۆمەڵەکانی تر بێ بەش نەبوون لە کەم و کوڕی و خاوەنی کؤمەڵێک خاڵی لاواز بوون کە بە بڕوای من بە نەبوون و پڕکردنەوەیان دەکرا کاریگەرتر و بەهێزتر دەرکەوتنایە. من لێرەدا ئاماژە بە هەندێک لەو خالە نێگەتیڤانە ئەدەم:

 

  • بە لۆکاڵ هێشتنەوە و قەتیسکردنی نمایشەکان تەنیا لە یەک شاردا و کار نەکردن بۆ نمایشکردنی لە شارەکانی تری کوردستاندا و  ئاشنا نه‌کردنی بینەرانی ناوچەکانی تر بە کارەکانیان. ئەگەرچی بینەری هەندێک لە شار و شارۆچکەکان دەهاتن بۆ بینینی نمایشەکان بەڵام ئەمانە ڕێژەیەکی زۆر کەم بوون و ژمارەیەکی زۆر بێبەش بوون لە بینینی نمایشەکان. ئەم گروپەش وەک هەموو گروپەکانیتری کوردستان لە یەک بازنەدا بوون و  نەیانتوانی ئەو بازنەیە تێکبشکینن و نمایش بەرنە دەرەوەی شارەکەی خۆیان.

  • بەچاپ نەگەیاندنی هیچ بابەتێکی تیۆری دەربارەی شێوە و ناوەڕۆکی کارکردن و بڵاو نەکردنەوە. بەچاپ نەگەیاندنی هیچ کام لەو تێکستانەی کە لە زەمەنی پرۆڤەدا بەرهەم هاتوون. واتە ئەگەرچی لە ڕووی پڕاکتیزه‌ و بەردەوامی نمایشەکانەوە چالاک و سەرکەوتوو بوون، بەڵام لە ڕوی بابەتی تیۆری و ڕەخنەییەوە لاواز و نا- چالاک بوون.

  • نەکردنەوەی ۆرکشۆپ و خولی تایبەت بۆ ئەو ئەکتەر و کەسانەی کە خوازیار بوون  بێنە ناو گروپەکەو بەو شێوەیە کاربکەن، تا ئاگاداری شێوەی کارکردن و ئەو چەمک و دەستەواژانە بن کە بۆ بەرهەم هێنانی هەر نمایشێک کاریان لەسەر دەکرد و بەکاریان دەهێنا. بێگومان ئامادەکردن و ڕاهێنانی پێش وەخت بۆ ئەکتەر دەبووە هۆی کار ئاسانی و تێگەیشتنێکی باشتری ئەو شێوەیە لە کارکردن نەک تەنیا دەربارەی شێوەی کارکردنی خۆیان، بەڵکو هیچ جۆرە ۆرکشؤپ و خولی تری ئەکادیمی یا پڕۆفیشناڵانەیان بۆ شانۆخوازان و نەوەی نوێ نەکرده‌وە.

  • شێوەی کارکردن و بەئەنجامگرتنی بەرهەمهێنانی نمایشێکی سەرکەوتوو ئەوەی دەخواست کە ماوەی گفتوگۆ و پڕۆڤەکردن درێژخایەن بێت و چەندەها مانگ بخایەنێت. ئەمەش دەبوە هۆی ئەوەی هەندێک لە ئەکتەرەکان توانای بەشدارییان نەمێنێت و بکشێنەوە  یاخود زۆر لە خۆیان بکەن بۆ بەردەوامبوون لە کارەکە.  لەگەڵ هەبوونی حەز و توانای کەسانێک بۆکارکردن لەگەڵیان نەیاندەتوانی بەشداربن، ئەمەش بەهۆی ماوە درێژی خۆئامادەکردن و پڕۆڤەوە. واتە؛ درێژبونەوەی ماوەی خۆ ئامادەکردن و پرۆڤە و نەگونجانی لەگەڵ شێوەی ژیان و کارکردنی شانۆکارانەوە، دەبووە هۆی بەشدارنەبوون و بێبەشبوونی کەسانێک کە خوازیاری کارکردن بوون لەگەڵیاندا. هاوکات ئەوانەش کە تاوه‌كو کۆتایی دەمانەوە و درێژەیان بە کارەکە دەدا، دەبوایە قوربانییەکی زۆر بە ژیانی تایبەتی خۆیان بدەن بۆ سەرخستنی کارە شانۆییەکە. بەشێک لەوانە نەیاندەتوانی بەئداری پڕۆژەکانی تر بن و توانا و ئەزموونیان بێ سوود دەمایەوە.

 

لە کۆتایداو هەروەک لە سەرەتاشدا ئاماژەم پێدا هیوادارم ئەم ناساندن و نوسینەی من بابەت و نوسینی تر بەدوای خۆیدا بهێنێت و بتوانین قۆناغەکانی تری کارکردنی ئەم گروپە و تەواوی هەوڵ و کاری گروپ و کەسەکانی تریش کە پێشتر هەبوون و هەن بناسێنین و شیکاری بابەتیانەیان بۆ بکەین.

 

 

چەند تێبینیەک:

  1. دەشێت هاوشێوەی کارکردنی لەم جۆرە لە لای کۆمەڵ و گروپی تری وڵاتانی تردا هەبوو بیت یاخود هەبێت، بەڵام بۆ یەکەمجار و جیاواز لە گروپەکانی تری کوردستان ( کۆڕی شانۆی با) بەوشێوە لە کارکردن دەرکەوتن و تا ڕادەیەکی زۆر باش سەرکەوتوبوون.

  2.  من لێرەدا لەسەر پڕۆژەکانی نێوان ساڵانی (٢٠٠٠ – ٢٠٠٨) وەستاوم و نمایشەکانی ئەو ماوەیەم وەک سەرچاوەی نوسینەکەم بەکارهێناوە، چونکە لەو ماوەیەدا هەم وەک بەشدار و هاوکاری هەندێ لە نمایشەکان و هەم وەک بینەرێکی باشی ئەو ساڵانە ئاگاداری نمایشەکانیان بووم.

  3. لە دوای ئەو زەمەنەوە کە من ئاماژەم پێکردووە، شێوەو ئاستی نمایشەکانی ئەم گروپە گۆڕانی بەسەردا هاتووەو کۆمەڵێک پڕؤژە و نمایشی جیاواز لەلایەن دەرهێنەر و  ستافی جیاوازەوە بەرهەمهاتوون و ئامادەی بەرهەمهێنانن.  هیوادارم کەسانێک کە ئاگاداری ئەو زەمەنەن باسی لێوەبکەن و دەربارەی بنوسن.

 

ته‌واو

 

 

 

په‌راوێزه‌كان:

*(ئەو دەمەی دنیا بێتامە، حەیرانێ) دەرهێنەران (هۆرێن غەریب و هیوا فایەق)ە  نواندنی هەریەک لە ئەکتەران (ئیبراهیم چێوار، شوان عه‌توف،نازەنین ساڵح، دیلمان سەڵاح، کاروان عوسمان چێوار، کوردستان ڕەوف، ئاوات باقی و شانۆ غەریب)

فه‌رموون له‌گه‌ڵ په‌یچی فه‌یسبوكی (كۆڕی شانۆی با) ؛

 https://www.facebook.com/Korî-Şanoî-BA-109513262421379/ 

 – ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ گۆڤاری (تاڤ)ی شانۆییدا بڵاوبۆته‌وه‌.

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌.