١
ئەو نامە درێژەی، كه بۆم نوسیوویت، هه‌رچه‌ند نازانم به‌ده‌ستت دەگات یان نا؟ ڕەنگبێت پێت بگات، وه‌لێ ده‌شێت دوای مردنم بێت، یان له‌وانه‌یه هه‌ر فریای خوێندنەوەی نەكەویت. ده‌با دوای سه‌ره‌داوی ئه‌م چیرۆكه بكه‌وم ، كه به ئاشناییت ده‌ستیی پێكرد. به‌ڵێ، ئاشناییشت زۆر شتی لێ سەندم و زۆریشی فێركردم…
ئەو ئێواره درەنگوەختانە، كە گەڵا زەردەكان كەوتبوون، چ دیمه‌نێك خۆی ده‌نواند؟ دیمەنێكی جوان بەو كۆتا پاییزه بوو كه وایكردبوو خوو به‌تۆوه بگرم و لای تۆم هەمیشە پێخۆش بێت. كه وه‌ك با لەگەڵ نەرمە باراندا هەڵتدەكرد و منیش بەكراسی زەردی سەرشان ڕووت و فشەوە ده‌هاتم بۆ لات. با لە پرچمی دەدا و تۆیش شانت ماچ دەكردم، دەسووڕامەوە و نازم بۆ سروشت دەكرد و ده‌چوومه به‌ر ئاوێنه، خۆم نه‌ده‌گرت و ده‌چوومه به‌رپه‌نجه‌ره‌كه و خۆم نه‌ده‌گرت و خۆم ده‌خزانده باوەشته‌وه. ئەو كاتانە تەنیا تۆ لە وجودمدابوویت، سەرم لەسەر قۆڵت و باوه‌شی نیگام له سه‌ر جوڵه‌ی لێوه‌كانت بوو كه قسەت بۆ دەكردم و لەوێ ته‌نیا من و تۆ. ئەمانەم هه‌میشه له‌یاد بوو…
ئەوسا كچێكی ته‌مه‌نڕۆیشتووی منداڵیی بووم و ده‌مگووت؛ “تۆ هێندە باشیت گوناھم دەگات جێت بهێڵم”…. ئەم قسه‌یه‌تم كردبووه وێردی سه‌ر زمانم. من ئومێدم بوو لەلاتەوە دابنیشم و چات بۆ تێبكەم، پێت بڵێم؛ ئه‌رێ ئەمە دوایین بێت؟ دانەی ترت بۆ تێبكەم و تۆش بەسەر ئاماژەم بۆبكەیت، كە ناتەوێت. ئیدی ئەمانە و چەندانی تر…
بیرتەكە پێتدەگووتم: تەمەنی تۆ وەك ئەو گوڵانە جوانە، كە بۆنیان دەكەم. ئاخر تۆ تێمناگەیەنی بەو هەموو زامەوە ژیان چۆن سەوز بكەم؟…به‌ڵام دوایئه‌وه‌ی جێهێتهێشتم دڵم ته‌زی. تازە چاوەڕێى ئه‌وه نیم دەنگی هه‌نگاوه‌كانت بناسمەوە و لە گوێچكەكانم ئاوازی دەنگت بێت و بچێت. ئەمانە ئیتر… ئا، تۆ بەبێدەنگیی ڕۆیشتیت… من چه‌نده ئاشقێكی چاوبه‌ستراو بووم، كه ئه‌و ده‌م تێنه‌گه‌یشتم، كه بۆ ته‌مه‌نی منت وه‌ك گوڵێك ده‌بینی و وێنات ده‌كرد، چوزانم ته‌مه‌نم ده‌ژاكێنیت. كێ باوەڕی ده‌كرد….
ئەوەتا ئێستا خووم داواتە ئاگالێبوونی خوشكەزاو برازاكانم، ئه‌گەرچی سەختیشە گرتنەباوەشیان، به‌ڵام هەستم پێدەكەن، كە لەباوەشگرتنیان دژواره بۆم. ئەوكاتانەی تۆم هەبوو، لەبیرمە ڕه‌ندی گەڕەك و كەنیشكێكی باش بووم، زۆر جۆرە خواردنم دەزانی ئامادەیان بكەم، لە زستانیشدا بە سۆزی تۆ گەرم دەبووم و بۆنت لەهی كەس نەدەچوو. لەچاوەكانتا ئومێدێكی زۆرم دەدیت. ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێت هەندێك وەڵامم دەست نەكەوتووه، لەخۆم دەپرسم؛ بۆچی منی لەدەستدا؟ دەبێ لەبەر ئەوە بووبێت، كە منێكی یەك قاچ ئیتر بەكەڵكی هیچ نایه‌م؟ و خۆشم وه‌ڵامی خۆم ده‌ده‌مه‌وه؛ واز له وەڵام بێنە و بە عینادییەوە دەست پێبکه‌ره‌وه… به‌ڵام وەڵامی چی؟ وەڵامەکان چ شتێک لە ژیانت دەگۆڕن. جگە لەوەی مێشکت دەخۆن. بۆیە وێڵی بکە، وەڵامی چی، دەته‌وێت چیت دەستبکەوێت دوای ئه‌و هه‌موو خۆشه‌ویستیه‌ی بۆی ده‌ربڕیت و هیچیش. به‌ڵێ، به‌خۆم ده‌ڵێم، کۆتاییی هاتووە و وەڵام دەرگەی خێرت به‌ڕوودا ناکاتەوە، بەدوای چ وه‌ڵامێك بكه‌وم، هه‌ر وه‌ڵام خۆی یه‌عنی چی؟ بێمانایە ئیدی…ده‌نگێگیش دنه‌م ده‌دات: تەواو، لەدەستچوو ناگەڕێتەوە. دڵتەنگ بیت بەم قسەیەم یان بگریت و هاڕە بکەیت، ئەوە من ڕاستییت پێدەڵێم.
٢
بڵێی نه‌زانیت بۆچی قاچێكم له‌ده‌ست داوه… له‌بیرمه كە له بەهاراندا لەگەڵ باوكم دەچووینە دەشتودەر، من كەلوپەلەكانم ڕێكدەخست، كه‌نگر، كوارگ و هه‌ندرێشه‌م دەكرد. ڕۆژێكیان، بۆ قرتاندنی گوڵە حاجیلە و نێرگز لە باوكم جیابوومەوە و لەپڕ هاواری باوكم له خه‌یاڵی تۆی هێنامه ده‌ره‌وه؛ سۆزە, بۆ چووی بۆ ئەو خوارە، تۆ نا‌بینیت مینڕێژ كراوە. دووربكەوە و بەشوێنی خۆتدا بگەڕێوە، با مینێك ڕووناكی چاوم نه‌بات…منیش بۆ دڵنیابوونی، دەمه‌ویست بەشوێنی خۆمدا بگەڕێمەوە، كه‌چی لەپڕ مینێك پێم‌دا ده‌تەقا. ته‌نیا ئەوەم له‌بیر بوو، كە باوكم هاواری لێهه‌ستا. و ئیتر هیچی ترم بیرنەما… دوای ماوەیەك خۆم لە نەخۆشخانە دیتەوە و خوشك و براكانم بەسەر سەرمەوە هه‌ڵكوڕماوون، هەموویانم بینی، تۆ نەبێت.
هەریەكە و قسەیەكی دەكرد؛ هیچ لەو قسانەی ئەوانم بیرنەماوه، كە چی‌یان دەگووت، ته‌نیا ده‌نگی باوكم له‌بیر بوو كە پچڕ پچڕ خۆی ده‌دا له په‌رده‌ی گوێچكه‌كانم. له‌وانه‌یه له‌و ساته‌دا ڕووی له دیواره‌كه كردبێت و ده‌ستێكی به دیواره‌كه‌وه ڕایه‌ڵ كردبێت، یان هه‌ر ته‌نیا پشتی لێم بووبێت، كه ده‌یگوت؛ سوپاس بۆ خودا كە كچەكەم زیندووە. لەدەستدانی قاچێك زۆر سه‌خته، بەڵام ئەوەندەش بەسە بۆم، كە زیندووه.
تۆ جارجارە دەهاتیته سەردانم، هەندێك جاریش لەودیوو پەنجەرەوە نیگا خەماوییەكانتم ده‌بینی ، هەستم بە دڵت دەكرد، كه به پڕتاو لێده‌دات، نیگه‌ران و سه‌رگه‌ردان كه‌وتووته‌وه. ترسام، نه‌كا ئیدی ئەوە دوایین بینینت بێت… هه‌را واش بوو، ئیدی نەمدیتیته‌وە و بەتەواویی خۆت لێ ونكردم. تێتگەیاندم، كە خەونەكانم لەگەڵتدا تەواو بووه و درێژەیان نابێت…
دەزانی من و تۆ زۆر جیابووین لە یەكتری، من بەو هەموو كەموكوڕتیەت، هەر خۆشمدەویستیت، بەڵام تۆ ئامادە نەبوویت، منێكی یەك قاچ بكەیتە هاوسەر و خەونەكانم بۆ بێنیتە دی. واتده‌زانی ئیتر بەكەڵكی ژیانت نایەم. به‌ڵام پێمبڵێ ئەو دەمانەی لەگەڵم بوویت، حەزت لێم بوو یان خۆشتدەویستم؟
له‌و وه‌همه‌دا ده‌ژیام كە دێیتەوە بۆلام به‌ڵام ئه‌م وه‌همانه‌ش سوودی نه‌بوو. ئیدی تۆ بووی بە چەند دڵۆپ فرمێسك و به‌چاونمدا هاتیته خوارێ. ئەو شەوانە، تا خەو دەیبردمەوە خەمەكانم بۆ جێگه‌كەم باس دەكردن، ئه‌رێ تۆ لەكوێ بوویت؟
ئێستا، كه تۆ نیت و منیش قاچێكم لێ به‌جێماوه و ئه‌و هه‌موو ساڵانه ده‌مپرسی؛ بۆچی ده‌بێت ئارامی و سێبوریی بۆ من گوناھه بێت؟… تاوه‌كو ئه‌وه‌ی ڕۆژێك به‌خۆمم گووت؛ دەبێت ئەم ئازارە تووڕ بدرێت، چونکە تۆوی نەفرەتێکە، برینی کەسێکە، کە شایستە نەبوو خۆشبویسترێت، هه‌ربۆیه چیتر بیرت لێ ناكه‌مه‌وه… به‌ڵام ئه‌مه دوای ئه‌وه ڕوویدا كه چەندین جار هەوڵی خۆکوشتنمدا و سەرکەوتوو نەبووم. تا ئه‌و كاته‌ی عه‌لی هات و په‌نجه‌ره‌یه‌كی كرده‌وه، كه تۆ به‌ڕووی مندا داتخستبوو. ئه‌رێ تۆ عه‌لی ده‌ناسی؟ عه‌لی بیركردنه‌وه‌می جارێكی تر گۆڕیی و ده‌مگووت؛ ئاخر پیاو چییە تا به ئازاره‌وه بۆی بژیت…
٣
به‌هه‌ر حاڵ، ئێستا كه ئه‌م وشانه ده‌نوسم، قاچێكم نییه، خومداوەتە چنینی ملپێچ و سەلیقەی و بلوسی خوری. ساڵان تێپەڕین و پێوەندیی تەواو بوو، چاوم تەڵخ دەیدیت و چاویلكەكەم دەسڕی. زۆر جار بیر دەكەمەوە بۆ دەبێت من ئەو نامە درێژەیه‌ت بۆ بنووسم، خۆ ئیدی من بۆتۆ بێگانەیەكم…
بیرمدێت كه مندال بووین و ده‌چووینه قوتابخانه، هەموو ساڵێك جلوبه‌رگی خوێندنگه‌مان بۆ نەدەكڕدرا و دەبوایە هی پار لەبەر بكەین. ته‌نیا ئەوەی لە هەموومان گەورەتر بوو جلوبه‌رگی نوێیان بۆ دەكڕی، چون هی ئێمەی بۆ نەدەبوو. چ چێژێك دێنێته‌وه ئێستام؛ له بەرگكردنی په‌ڕاو و كتێبەكانمان و وەرگرتنی قەڵەم و پێداویستییەكانی خوێندنگه. بیرمدێت كاتێك زستان باوه‌شی ساردی به هه‌موو شتێك‌دا كردبوو، ئێمه بەدیار ڕووناكیی فانۆس و لامپا لە ژوورە بچووكەكەمان و له‌ده‌وری عه‌لادینه ژه‌نگاویه‌كه‌مان داده‌نیشتین.
بەیانیانێك، كه ده‌مزانی سارای هاوڕێم جلوبه‌رگی نوێی كڕیوه، دەچوومە ماڵیان و ئەویش جلوبه‌رگه‌كانی خۆی و پێڵاوه نوێیه‌كه‌ی نیشانیدەدام و پێیده‌گووتم؛ هەركامیان حەزت لێیەتی دەتوانی بەكاریان بهێنیت… بە لەخۆباییبوونێكیشەوە ده‌یگووت؛ به‌ڵام دوایی بۆم بگه‌ڕێنەوە… منیش سەیری جله نوێ و پێڵاوه‌كانیم دەكرد و خەیاڵیشم له‌لای قسەكانی بوو. ماڵیان زۆر خۆش بوو، هه‌میشه خه‌یاڵی ماڵێكی وام ده‌كرد، به‌ڵام ئێمە هەژار بووین، تەنانەت ئەو خانووەی تێیدا بووین هی خۆمان نەبوو، سەرەمانگان، دڵمان كۆكی ئه‌وه بوو، كه ئێستانا ئێستا، خاوه‌ن ماڵه‌كه خۆی به حه‌وشه‌كه‌ماندا ده‌كات؟
باوكم هیلاك بوو به‌ده‌ست كار و هه‌ژارییه‌وه و ئێستاش ده‌سته چرچه‌كانی باوكم، كه نه‌داریی و ماندوویی زۆری بۆ هێنابوو، له‌به‌ر چاوم ناڕوات.باوكم لە نانخواردندا، سەرنجی لای هەموومان بوو و تا لەژیاندا بوو زۆر شتی ئاسان كردبوو بۆمان، ته‌نانه‌ت دڵی نەهات زوو جێمانهێڵێت و كۆچی هه‌تایی بكات، تا ئەو كاتەی دڵنیابووەوە لەقاچە دەستكردەكەم و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ژیانمان لە خانوویه‌كی تر، ئیدی لەدوای ئەوەوە یەكجاریی جێیهێشتین… بیری دەكەم, بیری بۆنی دەكەم، كە میهرەبان بوو…ئێستا بۆنی ئه‌و به نه‌نكمه‌وه خۆی به‌به‌ر لووتم داده‌كات، ئه‌رێ، نەنكم، كه لەوەتەی هەیە، قسەی تەواو نەبووە. ئه‌رێ تۆ نه‌نكمت ده‌ناسیی؟ ئه‌ویش له‌نگه‌له‌نگ ڕێی ده‌كرد…
به‌هه‌ر حاڵ، ئێستا كه ئه‌م وشانه ده‌نووسم، قاچێكم نییه. تۆ ئه‌مه باش ده‌زانیت و كه‌چی بیریشت ده‌خه‌مه‌وه، ئه‌مه بۆ؟ نازانم!…. هێشتا لە تەواوكردنی دێڕەكانی كۆتاییی نامەكەم تەواو نەبووم و بەردەوام بۆم نوسیویت، كە گرنگ نییە تۆ لەكوێیت؟ ژیان چۆن دەگوزەرێنیت؟ به‌ڵام ئیتر لەوە تێگەیشتووم، دڵخۆشیی ژیان نەبەستراوەتەوە بە هەڵبژاردنی پیاوێكی وەك تۆ، كە لەمانای چاوەڕوانیی و قوربانییدان تێنه‌گات.
من دوای ئه‌وه‌ی قاچه ده‌ستكرده‌كه‌یان بۆكردم و ده‌هاتم و ده‌چووم، له‌به‌ر خۆمه‌وه ده‌مگووت و ده‌مگووته‌وه، هه‌ستێك بوو نەمدەزانی بگریم یان پێبكه‌نم.. شپرزە بوو بووم. دەمێك بوو چاوەڕێی بووم، كە لەڕێكردنەكانیشمدا زۆر جار هەستی پێدەكرا، كە قاچم ده‌ستكرده، به‌ڵام نوێبوونه‌وه‌یه‌كی ڕۆحی بوو… به‌تایبه‌ت عەلی، كه بە هەموو خۆشیی ية درؤيينةكان و و دڵشكانەكانمی ده‌زانی، كه‌چی دواجار منی گەرەك بوو، هەر بە نیگاكانی خويَندبوومةوة. بەڵام لەبەر وجودی تۆ، هیچی نەدەدركاند. خۆ من دوای تۆ زۆر ئەستەم توانیم دووبارە دەستپێبكەمەوە. ئه‌رێ تۆ عه‌لیت بیرماوه؟! ئێستا ده‌زانم، كه به‌هۆی تۆوه، بەختەوەریم لەخۆم دوور خسته‌وه، به‌خته‌وه‌ریییه‌ك، كه ده‌نگێك به‌گوێی دامه‌وه؛ ئاوڕ لەو کامەرانیییە بدەوە، کە لێته‌وه نزیکە، ئاوڕبده‌ره‌وه تا دره‌نگ نه‌بووه!
لات سه‌یر نه‌بێت، كه عه‌لی بینەری ئەو هەموو خەمەم بووه، كه‌چی لە پایزێكی نوێ‌دا،خوازبێنیی كردم و ئەوم قبوڵ كرد، تاوەكو زستان دەستگیران بووین و لە بەهارێكی نوێ‌دا منی كردە خاتوونی خۆی. ئێستا له ماڵێكداین، كه هی خۆمانه، من و عه‌لی و كچه‌كه‌مان. پەنجەرە كراوەتەوە و مۆمەكانمان داگیرساندووە، بەو نیوە ڕووناكیەوە نەرمە بارانێكه و بۆنی خۆڵ… عه‌لی لەخۆیم نزیكدەخاتەوە، دەست بە پرچم دادێنێت و لە باوەشم دەگرێت، سۆزێكی زۆر لەچاوەكانی دەبینم، بەهێمنیی ناوم ده‌هێنێت، دەچرپێنێت و سەیری دەكەم….