ئەم مرۆڤانە کاردەکەن
پرۆژەی ئەم مرۆڤانە کاردەکەن پرۆژەیەکە، کە بە شێوازی جیاواز کاری تێدا دەکرێت وەک؛ نمایشی هونەری، سیمینار، گفتوگۆ، تێکست و زۆر شێوازی تر کە لە شوێن و کاتی جیاوازدا ئەنجامدەدرێت. ئاڤان عومەر ڕێکخەر و بەڕێوەبەری پرۆژەکەیە.
تێمای گشتی پرۆژەکە دەربارەی پرسی کارە بەگشتی، و ڕۆڵی جێندەر لە پرسی کاردا بە تایبەتی. خۆشبەختانە کۆمەڵێک وزە و توانای نایاب و تایبەت، چونکە بابەتەکەیان بەلاوە گرنگە، ئامادەبوون و ئامادەن بۆ کارکردن لە پڕۆژەکەدا. هەریەک لە بەشداربوان لە بواری خۆیدا لەسەر بابەتەکە کار دەکات کە بە تەواوی بە شێوازێکی خۆبەخشە.
لە مانگی جولای -(پوشپەڕ) ساڵی ٢٠٢١ دا ، پڕۆژەکە بە زنجیرەیەک کاری هونەری، کە لە شوێن و کاتی جیاوازدا لە شاری سلێمانی ئەنجامدران دەستی بەچالاکیەکانی کرد. کۆمەڵێک هونەرمەندی شێوەکار و کەسانی تر بە پڕۆژەو کاری گرنگ بەشداریان کرد، کارەکان لە چوارچێوەی دوو نمایشی گروپی و حەوت نمایشی سەربەخۆدا پیشاندران. لە ڕێگای ماڵپەری تایبەت بە پڕۆژەکەوە دەتوانن زیاتر دەربارەی چالاکیەکان زانیاری وەربگرن
گۆنا سەعید چالاکەوان و نوسەر لە بواری یەکسانی جێندەری و مافەکانی ژناندا بە بابەتێک لە پڕۆژەکەدا بەشدارە لە ژێر ناونیشانی: ژنانیش کاردەکەن
لێرەدا گۆنا سەعید دەربارەی پرسی ژن لە هێزی کاردا دەدوێت. ئەو لەماوەی کەمتر لە کاتژمێرێک، هەوڵدەدات تیشک بخاتە سەر هەندێک خاڵی گرنگ سەبارەت بە پرسی ژن لە هێزی کاردا لە کوردستان.
لەسەرەتای سیمینارەکەدا بەگشتی ئاماژەیەک بە مێژووی ئەو جیاکاریە دەدات کە لەنێوان کارکردنی ژن و پیاودا دروست دەبێت، واتە چۆن ژن بە کاری ناوماڵ دەبەسترێتەوە و پیاوانیش بە کاری دەرەوە. پاشان دێتە سەر ئەوەی کە لە وڵاتێکی وەک ئێراق کە پشتی بە ئابووری نەوت بەستووە و زۆر هێزی کاری پێویست نییە، ئەمە چۆن کاریگەری کردۆتە سەر تاکەکانی کۆمەڵگە بە گشتی و ژن بە تایبەتی. هەروەها بەکورتی کاریگەری و هۆکارەکانی کارکردنی ژن لە دەرەوەو ماڵەوە لە هەمان کاتدا تاوتوێ دەکات.
هەندێک هێڵی سەرەکی بابەتەکە:
- کار چییە ؟ تێگەشتنە جیاوازەکانی کار چین ؟
- بەهای کار چییە ؟ ماناکان وتێڕوانینە جیاوازەکانی چین؛ بەهای گۆڕینەوە لە بازاڕ وە بەهای بەکارهێنان.
- مێژووی جیاکاری نێوان کارکردنی ژن و پیاو، ئەرکەکانیان لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە.
- مەبەست لە کاری ژنان یان کاری ژنانە چییە ؟ کاری بە کرێ کامانەن کە ژنان دەیکەن؟ جێگا و ڕێگای ئەم جۆرە کارە چی یە؟
- جیهانی پیشەسازی ملیۆنەها ژنی بردە نێو `کاری بە کرێ` وە؛ بەڵام ئایا تامی بەهەشتی ئازادی و ڕزگاریان کرد، یان بە پێچەوانەوە کەوتەوە؟ بۆچی ؟
- سیستەمی ئابووری لە کوردستان و کاریگەری لەسەر پرسی کارکردن. ئامار و ژمارەکان چیمان پێدەڵین؟ کیشەی ئەم ئامارانە چین ؟
- هۆکاری بێکاری و کەمی فرسەتەکانی کارکردن بۆ ژنان لە کوردستان.
- ئەرکی ماڵ و دایکایەتی؛ کاری بێ کرێ (کاری خۆڕایی) چییە ؟ چی دەگرێتەوە ؟ گرنگی چی یەو کێ کەڵکی لێ دەبینێت؟ بۆچی بە زۆری ژنان کاری خۆرایی دەکەن؟
- ژن و کاری خۆڕایی : چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسە بکەین ؟