کارکردن وەک جۆرێک لە توندوتیژی

Loading

ئەم مرۆڤانە کاردەکەن

پرۆژەی ئەم مرۆڤانە کاردەکەن پرۆژەیەکە کە بە شێوازی جیاواز کاری تێدا دەکرێت وەک نمایشی هونەری، سمینار وگفتوگۆ، تێکست و زۆر شێوازی تر کە لە شوێن و کاتی جیاوازدا ئەنجامدەدرێت. ئاڤان عومەر ڕێکخەر و بەڕێوەبەری پرۆژەکەیە.

تێمای گشتی پرۆژەکە دەربارەی پرسی کارە بەگشتی و ڕۆڵی جێندەر لە پرسی کاردا بە تایبەتی.  خۆشبەختانە  کۆمەڵێک ووزە و توانای نایاب و تایبەت ئامادەبوون و ئامادەن  بۆ کارکردن لە پرۆژەکەدا، چونکە بابەتەکەیان بەلاوە گرنگە.  هەریەک لە بەشداربوان  لە بواری خۆیدا لەسەر بابەتەکە کار دەکات کە بە تەواوی بە شێوازێکی خۆبەخشە.

لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢١ پڕۆژەکە بە زنجیرەیەک کاری هونەری، کە لە شوێن و کاتی جیاوازدا لە شاری سلێمانی ئەنجامدران دەستی بەچالاکیەکانی کرد. کۆمەڵێک هونەرمەندی شێوەکار و کەسانی تر بە پڕۆژەو کاری گرنگ بەشداریان کرد، کارەکان لە چوارچێوەی دوو نمایشی گروپی و حەوت نمایشی سەربەخۆدا نمایشکران. کە لە ڕێگای ماڵپەری تایەبت بە پڕۆژەکەوە دەتوانن زیاتر دەربارەی چالاکیەکان زانیاری وەربگرن

www.ammrovanakaardakan.com

پڕۆژەی ئەم مرۆڤانە کاردەکەن

 

هۆزان مەحمود، نوسەر و شارەزا لە بواری جێندەر و فێمینیزمدا، بە بابەتێک لە پڕۆژەکەدا بەشدارە لەژێر ناونیشانی؛

کارکردن وەک جۆرێک لە توندوتیژی

لێرەدا هۆزان مەحمود تیشک دەخاتە سەر کار وەک فۆرمێک لە توندوتیژی دژی مرۆڤ بەگشتی و ژن بەتایبەتی. پاشان خودی کۆنسێپتی کارکردن، گەڕان بەدوای کاردا و موچەی کار لە سیستەمی کەپیتالیزم دا باس دەکات. ئەمانە کە هەمووی هاوتایە لەگەڵ توندوتیژی، نادڵنیای، بێ باوەڕی، نەپارێزراوی و کاتی زۆری کارکردن بە پارەی کەم، لە پاڵ سەرکۆنەکردن و گەمارۆدان و کۆنترۆڵ کردنی مرۆڤ لە پرسی کاردا تاوتوێ دەکات.

تێڕوانینی نوسەر و فێمینیست سیلڤیا فریدرچی باس دەکات، کە ئیش وەک فۆرمێکی توندوتیژی دەخاتە ڕوو، ئەمەش زۆر هاوکاری دەکات بۆ تێگەیشتن لە کەڵەکە بوونی سەروەت و سامان لە ڕژێمی سەرمایەداریدا. لە بەشێکی تری قسەکانیدا دەپەرژێتە سەر پرسی ئەو جۆرە کارانەی کە زۆرتر ژن دەیکات، و لەگەڵ گرنگی ئەم کارانەدا دەکرێت وەک فۆرمێک لە توندوتیژی بەرامبەریان ببینرێت. پاشان گفتوگۆی ئەوە دەکات کە چۆن کار ئایدیاڵایزکراوە و لە ناوکۆمەڵگەدا بوونمان و نرخمان وابەستەی کارەکانمانن کراون، بە تایبەتی بۆ ژن کە لە بازاڕی کاردا لە ژێر فشارێکی زۆردایە.

لە کۆتایدا، باسی پلە بەندی و گرنگی و بەهای نیوان کارەکان دەکات، ئەم بڕیارە کێ دەیدات کە چ جۆرە کارێک باشترو گرنگترە؟ لە زۆرێک لە کۆمەڵگاکاندا هەندێک کار هەن کە زۆر پێویست و سەرەکین بۆ ژیان، بەڵام وەک کارێکی گرنگ هەژمارناکرێن، ئەمە بە پێچەوانەی هەندێک کاری تری ناپێویستەوە کە گرنگ و گەورەکراون، لە ژێر ڕۆشنایی تیۆری پرۆفیسۆری ئەنترۆپۆلۆجی (دەیڤید گرەیبەر) باسدەکات کە بە ناوی کاری بێ مانا(Bullshit Job)، ناودەبرێت. دەتوانین زۆرێک لەو کارانە بناسین کە موچەی زەبەلاحیشیان پێدەدرێت و بە گرنگ هەڵدەسەنگێندرین, لەکاتێکدا هیچ گرنگی ئەوتۆیان نیە لەکۆمەڵگەو ژیاندا.  

لە کۆتاییدا هۆزان ئەوە دەخاتە ڕوو کە کارکردن گرنگە بۆ هەموو کەسێک و کۆمەڵگە ناچێت بەرێوە ئەگەر کارە بنەڕەتیەکان و خزمەتگوزارییە سەرەکیەکان گرنگییان پێنەدرێت. بەڵام سەرمایەداری ڕۆژ بە ڕۆژ کارە بنەرەتیەکان لاوەکی دەکات و موچەبڕاویان دەکات، لە ئاست ئەوەدا کارگەلێک گرنگی پێدەدرێت کە هیچ سوودێکی نییە بۆ ژیانی مرۆڤ و بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگە.

هەندێک هێڵی سەرەکی سمینارەکە:

  • چاودێری کردنی مرۆڤ لەکاتی کارکردندا، بۆتە هۆی ئەوەی مرۆڤ هەمیشە لە دڵەراوکێدا بژی.
  • توندوتیژی فۆڕمی زۆری هەیە. کە لە ئێستادا خۆشبەختانە زۆربەیان تیۆریزەکراون.
  • تا ئێستاش زۆربەی ئەوکارانەی کە ژن دەیکات لە سپەیسی گشتیدا هێشتا چاودێریکردن و ئاگاداری ئەوانی ترە، لە کاتێکدا کارەکانی تر وەک بڕیاردان هی پیاوەنە.
  • ئیشە بنەڕەتی و گرنگەکان لە کۆمەڵگادا لە لایەن سستەمەوە بێ بەها بەرجەستە دەکرێت.
  • خەون بینین و هەوڵدان بۆ ئەو کارانەی کە گرنگ پیشاندراون و پێگەیشتنیان قورسە، جۆرێکە لە توندوتیژی کە لەم سەردەمەدا مرۆڤەکان ڕووبەڕووی دەبنەوە.
  • مەرج نیە مرۆڤ کاربکات تاوەک گرنگ بێت، بەڵکو ئەوە ژیانکردنە مانا دەدات بە ژیان

لەم بەستەرەدا گوێ لە سیمینارەکە بگرن: