بە ئامێرکردنی شاعیر و بە ڕێکخستنی شیعری گوتراو
[بە کولتورکردنی شیعری ئامێری و شاعیری ئامێرگەڕ!]
پێشەوا کاکەیی
[ئەم گوتارە: باسی سوود و زیانی ئەم ئامێرانە ناکەین بە ناوی زیرەکی دەستکردەوە، ئەوە ئیشی کەسانی پسپۆڕی دەمارناسیی و ئامێرناسییە؛ بەڵکوو باسی شاعیری ئامێرگەڕ و شیعری ئامێرییە کە ئەم سیستەمەی تێداین ساختەی ساختەکراو بەرهەم دەهێنێت بە ناوی «شاعیری ئامێرگەڕ»ەوە.]
کلیلەوشە: ڕاستکردنەوەی شیعری، ڕاستیی شیعر، پرسی یەکسانکردنی شیعری نوێ، سروش، تێڕامان، بیرکردنەوە، زمان، هونەر، دەمارناسی، ئامێر، شیعری ئامێری، شاعیری ئامێرگەڕ، شیعری ڕێکخراو و گوتراو، بە کولتوورکردنی ئامێرکردنی شاعیر و زمانی ئامێر، پرسی یەکسانکردنی شیعر، جیهانێکی گوتراو و کوترانەوە، گەردوونی ناوەوە…
لێرەدا ئەوەی تیشکی دەخەمە سەر، پرسی یەکسانکردنی ڕۆحە لە شیعری نوێدا و چۆنیەتی ڕاستکردنەوەیەتی. بۆچی «ڕاستکردنەوەی شیعر» لەبری «ڕاستیی شیعر»ـیم مەبەستە؟ چونکە پرسی یەکسانکردنی شیعری نوێ لە سروشبەخشیی و تێڕامان و بیرکردنەوەوە بۆ ئامێرگەڕی بووەتە دیاردە و وا بەرەو بە کولتوورکردنی شاعیری ئامێر دەڕوات، ئەمەیش «ڕاستی»ـیەکی تێدایە. لێرەوە نەک بەرەو کولتوورکردنی زمانێکی شیعری دەڕوات، بەڵکوو بەرەو بە ئامێرکردنی شیعری جیهانییش دەڕوات. بابەتەکە ئەوەندە گەورە و پڕ مەترسییە، کە بۆ تەواوکردنی پێویستی بە بەشداریکردنی زۆر کەس هەیە گفتوگۆی لەبارەوە بکات و دەکرێت لە دەرەوەی ئەم گوتارەیش، هەریەکێک کە شیعرناسە یان مێژووی شیعر و شێوازناسیی شیعر و هونەری شیعر شارەزایە، بەرەو ئەم پرسە بچێت و دەرگا بە ڕووی ئاییندەدا بکاتەوە. [لە ڕۆژی شیعردا، لە ٢١-٣-٢٠٢٤، لە گوتاری- «پێویستی شیعر و نرخزانی و ختووکەدانی چاتجیپیتی»ـدا، وەک یەکەم زەنگی مەترسی، کۆمەڵێک پرس و مەترسیم خستنە ڕوو.] لێرەدا ئیشی من تەنیا پەیام و سەرنجی خۆمە بیخەمە سەر ئەو ڕاستییە و ڕاستی بکەمەوە.– [ئەگەرچی پێم وانییە ڕێ لەم دیاردەیە بگیرێت تا بەرەو بە ئامێریکردنی شیعری گشت کولتوور و زمانەکان هەنگاو نەنێت، یاخود ئیدی کۆتایی بە جیهانی دەمار و ئامێر نەیێت. ئەوەی دەیخەمە ڕوو، بۆ ئەوانەیە شیعر لە قووڵاییدا دەبینن، نەک تەنکایی و ڕوانیندا.] بە واتایەکی دیکە، منێک هاتووم و دەڕۆم، ناتوانم ڕێ بەوە بگرم کە لە داهاتووی شیعردا بە تەواوی چ ڕوو دەدات، بەڵام ئەوانەی لە قووڵاییدا دەمێننەوە، دەتوانن ببنە سێبەر بۆ ئەوانی دیکە. ئەوەی ئێستا جیهانی شیعری گرتووەتەوە، بابەتێکە لە قەیران دەرچووە؛ بەڵکوو پرسێکی هەستیارترە و خاوەندار دەکاتە بێخاوەن و بێخاوەن دەکاتە خاوەندار. ئەم گوتارە ڕێگرتن نییە لەوەی چی بەسەر ژانری شیعردا دێت، نا بەڵکوو شیعر هەمیشە بە دوای نوێبوونەوە و ڕێگەی تردا دەگەڕێت کە کاژی خۆی فڕێ بدات، هەر لەبەر ئەمەیشە شیعر وەک نەمری دەمێنێتەوە و دەگەڕێینەوە لای. دیسانەوە پاتی دەکەمەوە، ئەگەر لە مێژوو و ڕەگی شیعردا بێمنینەوە. نەک ئەوەی لە ڕێی کرتەیەک و پرسیارێکەوە، ئێمە بچینە بەردەم شاشەیەکی بێگیان و ئەویش لە ڕێی دەمارەوە، ڕیشەی هەموومان هەڵتەکێنێت. خاوەندار بکاتە بێخاوەن و بێخاوەن بکاتە خاوەندار.
شیعری نوێ، وا دوو سەدەیە بەناو خۆی و مێژووی خۆیدا تێپەڕیوە و دەستکەوتە ناوازەکانی بۆ هەموان ئاشکران؛ بەڵام لە لایەکی دیکەیشەوە، ئێمە متمانەی دەقی و توانای ڕەنگدانەوەی تەواومان هەیە بۆ هەندێک کێشە لە شیعری نوێدا.- لەوانەیش: نوێکردنەوەی تیۆری و بوێری خۆدۆزینەوە و خۆڕاستکردنەوەیە. جا ئایا لەم ساڵانەی دواییدا، زۆری و بۆری نووسین و جووڵەی خێرایی لە شیعری نوێدا زۆرە و شتێکی لە دەست داوە؟ ئایا پێویستە ڕێژەی گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی شیعر خاو بکەینەوە، چاوەڕێی وزەی لاساییکردنەوە بین، چاوەڕێی جوانکاریی گشتی بین، چاوەڕێی خوێنەری بە جۆش و خرۆش بین؟ گومانی تێدا نییە کە پڕۆسەی ڕەخنە پڕۆسەی نزیکبوونەوەی بەردەوامە لە ڕاستی. مەبەست لە ورووژاندنی پرسیارەکان چارەسەرکردنە کە لە ڕێگەی هاندانی زمان و ئاڵوگۆڕ و ڕووبەڕووبوونەوەی بیروڕاکانەوە، دەتوانین نێرڤانا بە دەست بهێنین و لە خۆڵەمێش هەستینەوە. ئەوە نییە شاعیرێکی دیاریکراو یان قوتابخانەیەکی دیاریکراو بکرێتە ئامانج، پێم وایە کە ڕەخنە بە نیازپاکییەوە لە سەرسامی گەرمتر و بەهێزترە. تەنیا بەم شێوەیە دەتوانین بارگرانییەکانمان دابەزێنین و خێراتری بکەین، بۆ ئەوەی سەرەتایەکی تەواو بۆ شیعری داهاتوو بخەینە ڕوو کە لە ئێستاوە ڕووخساری دیارە و ناوەرۆکی دیار نییە. لەژێر ئەم پێشمەرجەدا، کاتی خۆپشکنین و خۆڕاستکردنەوەی خوڵقاندنی شیعری ئێستا پێگەیشتووە. ئازایەتی بۆ دەرخستنی کەموکوڕییەکانی مرۆڤ و پێشکەوتنەکانیەتی، بوێری و بوون بە ئیمپراتۆری زمانە. درەختی شیعری نوێ، نزیکەی دوو سەدەیە ڕەگوڕیشەیەکی قووڵی هەیە و لقوپۆپێکی گەشاوەی هەیە، نە لە هیچ با و بارانێک دەترسێت، نە لە هیچ سەرما و گەرمایەکیش؛ ئەوەی بەهێزەکان دەتوانن بیکەن، شیعری نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گشت زمانەکانی تریش دەتوانێت بیکات.- بەڵام ئەگەر وەک مرۆڤایەتی و بوونەوەرێکی مێژینە لەناو مێژوودا بمێنینەوە نەک سەری خۆمان و پەنجەی خۆمان بسپێرین بە ئەوی دیکەی زمانی ئامێر و دەمار.
[هەڵبەت ڕیشەکانی شیعری نوێی کوردی بۆ بەیتی داستانی (شێخ فەرخ و خاتوو ئەستی) و (لاس و خەزاڵ)ـم گەڕاندووەتەوە، لە کتێبی: (بیری شیعر و خەیاڵی زمان)ـدا، هەر کولتوور و زمانێک ڕیشەکەی بۆ سەردەمێکی کۆنتر دەگەڕێتەوە. هەتا ڕیشەی شیعری نوێ، لە شیعرەکانی: (سافۆ و ئینهیدوانا/ ئینخیدوانا و بەڵقیس/ سەبا)دا بە دەر نییە! بەڵام لە ڕووبەرە گشتییەکەدا سەرەتاکانی بۆ بۆدلێر دەگەڕێتەوە.]
بە سەیرکردنی سەدان ماڵپەڕ و پەیجی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و گۆڤاری ئەدەبی ئێستا، لێرە و تەواوی جیهاندا، زەحمەت نییە بزانین کە بە یەکسانکردنی بەرهەمە شیعرییەکان چ دەگوزەرێت. زۆرێک لە دەقەکان نزیکەی هەمان هەست و زمان و لایەنی هونەرییان هەیە، واتە جەختکردنەوە لەسەر ڕەوانبێژی و ڕووناکی لەسەر گێڕانەوە و بیرکردنەوە نییە. تا دێت… وشەکان زیاتر و زیاتر نامۆ دەبن و درووستکردنی ڕستە زیاتر و زیاتر دەبێتە کرتەی پرسیار و ڕێکخستنەوە! ئەم ڕستە لقانە ڕووخساری هاوشێوەیان هەیە، وەک ئەوەی هەموان لە دایک و باوکێکەوە لە دایک بووبن. هەستی ناتەبایی کە لە یەکسانکردنی زمانەوە سەرچاوەی گرتووە، وشەکان لە دەستەوە نزیکن، نەک ئەوەی کە لە قووڵاییی زمان، هێزی زمان و هونەری زمانەوە بێنە دەر، کەتوارێکە دوورە و نامۆیی لەناو خوێنەرانی ڕاستەقینەدا دوور خستووەتەوە.
دیاردەی یەکسانی ڕێکخستنی شیعر، پەیوەندییەکی دیاریکراوی لەگەڵ گەشەسەندنی سەردەمدا هەیە. شیعرێک بۆ سوودگەرایی و کات پڕکردنەوە و بەناوبانگبوون بێت زۆر مەترسیدارە. ئەگەر هەموومان هەمان ناوەرۆک بنووسین، هەمان هەست و سۆز دەر ببڕین و هەموومان دژی بوەستینەوە، ئەوانی دیکەی ساڵانی داهاتوو… ئەگەر سەیری سەردەمی ئێمە بکەن، شاعیرانی ڕیزبەندی ڕێکوپێک ناناسرێنەوە.
بە ڕەچاوکردنی ئەم پرسیارە، بۆم دەرکەوتووە کە نەخۆشی درێژخایەنی ئێستای یەکسانی شیعر بە شێوەیەکی سەرەکی ئەم دوو نیشانە سەرەکییەی خوارەوەی هەیە؛ یەکەم: «شیعری ئامێری و شاعیری ئامێرگەڕ»، زاڵە بەسەر دیمەن و گێڕانەوەی ناڕێکخراوەییدا، لە ئەنجامدا، شێوازی زمانی یەکسانی لێدەکەوێتەوە. دووەم: بڵاوبوونەوەی ڕاگوێست/ خوازە/ مێتافۆر لە دەست دەرچووە و شیعرەکان لە خوازەکاندا دەوەستن. با بە قووڵی و وردتر کێشەکە ڕوون بکەمەوە.
یەکەم: شیعری ئامێری و شاعیری ئامێرگەڕ
بە بڕوای من، تاوانباری سەرەکی یەکسانکردنی شیعر،- «شیعری ئامێری»ـیە. شێوازی درووستکردنی شیعری ئامێری کە بۆ هەموان وەکیەکە، بووەتە هۆی بەرتەسکبوونەوەی بەردەوامی شێوازی شیعر و کوێربوونی بیرۆکەکان. جوانیناسیی شیعر هەمیشە لە «مێتافیزیکی»ـدا دەمێنێتەوە. دەرەنجامە نەرێنییەکانی خراپ بەکارهێنانی نووسینی خاوەندارەکانە بۆ بە بێخاوەنی و چوونە سەر خاوەنداری کەسی پرسیارکەری بێخاوەن. وەک گوتمان خاوەندار دەکاتە بێخاوەن و بێخاوەن دەکاتە خاوەندار. ئەمەیش لە ڕێی گەڕانی ڕستە پرسیارێک بۆ درووستکردنی ژمارەیەکی زۆر لە شیعری ئامێری بەرەو شاعیری ئامێرگەڕی و جیهانێکی گوتراو و کوترانەوە.
با ڕوونتر لەسەر چەمکی شیعری ئامێری و شاعیری ئامێرگەڕ بدوێم، ئاماژەیە بۆ ئەو بەرهەمانەی کە زۆر هاوشێوەی ئەو شیعرەن کە ڕۆبۆتەکان درووستیان کردووە. دیارترین تایبەتمەندی ئەم شیعرانە ئەوەیە کە ڕستەکان خۆبەخۆن و دەتوانرێت بە شێوەیەکی هەڕەمەکی بەسەر دێڕدا دابەش بکرێن. پڕۆگرامی زۆرترینی ئەوەیە کە خەڵک بە کاڵبوونەوە سەرسام بکات، لێهاتووییەکانیان پیشان بدات و ناڕوون بن.زۆرێک لەو گەنجانەی ئێستا حەزیان لە نووسینی شیعری ئامێرییە و داهاتوویش کە دێت زۆرتر دەبێت. هەتا هەندێک شاعیر کە ناوبانگ و سەرکەوتوو بوون لە شیعری ڕۆچووندا، باڵای خۆیان بە لا ناوە و شێوازەکانی خۆیان گۆڕیوە بۆ جێیەکی تری شیعر- نا کە پێشی بخەن، بەڵکوو سواری ئەو ئامێرە بوون و شێوازیان بگۆڕرێت، یانی بە ئارەزووی خۆیان قەبووڵیان کردووە و خەریکە دەبنە شاعیری ئامێرگەڕ. بۆ بەکارهێنانی ڕاگوێستێک کە زۆر زیندوو نەبێت، شیعری ئامێری وەک «نەشتەرگەری جوانکاریی دەموچاو» وایە، بۆیە هەموان یەک لەدوای یەک دەچنە سەر نەشتەرگەری جوانکاری. ئاشکرایە کە ئەم شێوازە، زیانێکی زۆری بە شیعری نوێی تێکڕای کولتوورەکانی جیهان گەیاندووە. بەبێ ئاشکراکردنی نهێنی شیعری ئامێری و ئەنجامدانی ڕاوێژکارییەکی هەمەلایەنەی- [سەیرکردن، بیستن، پرسیار و تێگەیشتن] لەسەری، ناتوانین کڕۆکی یەکسانکردنی شیعر بدۆزینەوە و چارەسەری ئەم نەخۆشییە درێژخایەنە بکەین.
بۆ ئەوەی ئەم جۆرە دزییە پۆشراوانە پاک بکەنەوە و نەهێڵن کەسانی دیکە دەریان بخەن، زۆربەی نووسەران لەکاتی دروستکردنی شیعری ئامێریدا بە ئەنقەست هەندێک ڕستە لە وشەسازی زیاد دەکەن یان کەمی دەکەنەوە، یان تەنانەت هەندێک ڕستە لە چەند شیعرێکەوە تێکەڵ دەکەن و دەینووسنەوە. ڕەنگە خوێنەرانی ئارەزوومەند بیانەوێت بۆ خۆیان تاقی بکەنەوە، تەنیا لە چەند خولەکێکدا دەتوانن بەرهەمێک بەرهەم بهێنن کە هاوتای شیعرێکی خاوەن خەڵاتی نۆبڵ بێت. ئەمەیش بۆ ئەوەیە کە شاعیری ئامێرگەڕ وەک شاعیرێکی ڕاستەقینە خۆی نیشان بدات.شیعری ئامێری، خاوەنە بێخاوەنەکەی شاعیری ئامێرگەڕە. شاعیری ئامێرگەڕ، ڕێک لە ڕۆبۆتەکان دەچێت کە جەستەیەکی بێگیان و ڕووخسارێکی گشتگیری جیهانیان هەیە. بۆچی ڕووخساری ڕۆبۆتەکان ڕووخسارێکی گشتگیریان هەیە؟ بۆ ئەوەی جیهانی مرۆڤ لە ڕەگەوە بگۆڕێت و بۆ جێیەکی دیکە. ئەم ئامێرەش سەرکەوتوو دەبێت. چۆنچۆنی؟ بازاڕی کۆمەڵگە- دەوڵەتە زلهێز و پێشەنگەکانی تەکنۆلۆژیا دەکەونە پێشبڕکێوە و شەڕی ڕووخساری ڕۆبۆتەکان دەکەن و هەر ڕۆبۆتێک دیسانەوە لەسەر کۆمەڵگەی خۆیان دایدەمەزرێننەوە. ئەم شەڕە، تەنیا شەڕانگێزییەکی مرۆڤە بەرانبەر زانین، نەک ئاگایی. لە ئاگایی دەرچووە و سەری ڕۆچووەتە ناو زانینەوە. ئەم زانینە ئاڕاستەی دەکات تا ئەو جێیەی زانینی بیر دەچێتەوە و وردە وردە دەگەڕێتەوە ئاگایی. بۆیە مرۆڤ سەرکەوتوو دەبێت، بەڵام لێرەدا ئێمە سەرنجمان لەسەر سەرکەوتنی مرۆڤ نییە، بەڵکوو لەسەر کولتووری شیعر و داهاتوو و «کات»ـە. ڕەنگە چەند سەدەیەک بەردەوام بێت و ڕەنگیشە چەند دەیەیەک لەو زانینە شەڕانگێزییەی خۆیدا بەردەوام بێت و دواتر بە ئاگا دێنەوە. لێرەدا کات شاعیری ڕاستەقینە و کولتووری ڕاستەقینە دەهێڵێتەوە. من و ملیۆنان کەس شەڕی زانین ناکەین، سیستەمە دەوڵەتە زلهێزە-پێشەنگەکانی تەکنۆلۆژیان ئەمە دەکەن. ئەوان هەتا لە جەنگی تەکنۆلۆژیادا وێران نەبن، ئاگاییی سیستەمیان بۆ ناگەڕێتەوە. گرنگ شەڕی ئەو ملیۆنان کەسەیە کە نەچنە ناو شەڕانگێزیی تەکنۆلۆژیاوە و نەیانکاتە ئامێرگەڕ و شاعیری ئامێرگەڕ و فەیلەسووفی ئامێرگەڕ! زۆر شاراوە و دژیەکیی و جیاوازییەکی توند لە نێوان هونەرەکانی گێڕانەوەی دەزگەوانی/ میکانیکی و نووسینی نامۆدا نییە. ئەمە دژیەکیی سرووشتیی شیعری ئامێرە. لە ئێستا بەدواوە، گێڕانەوەی شیعری ئاسایی لە گێڕانەوەی ناڕێکخراوەییی شیعری ئامێریدا، جیاکردنەوەیان زۆر سەختە؛ مەگەر بێت و بەردەنگ زۆر شارەزا بێت یانژی کەسەکە یەکێک لەم بوارانە: [توێژەری شیعر، مێژووناسی شیعر، ژانری شیعر و شێوازناسی شیعر… بێت] و زۆر بە باشی ئاگاداری شیعری جیهانی بێت. زۆر بە ئاسانی شاعیرێکی ساختەکاری ئامێرگەڕ بێ هیچ خۆماندووبوونێک و ئازار و غەمێکی قووڵ و خوێندنەوە و ڕۆچوون و تێڕامان، هەر بە هەوەسی خۆی دەبێتە شاعیرێکی ئامێرگەڕ و بەسەر شاعیری ڕەسەندا لافیش لێدەدات و زۆرینەی خەڵکیش لە داهاتوو لەو هەوایەدا دەمێننەوە و حەز ناکەن ڕۆ بچن بەناو جیهانی شیعردا. لێرەدا قسە لەسەر ئەوە نییە، مرۆڤ کە برینداری سەردەمی خۆی نییە، بەڵکوو ناڕوانێتە برینی خۆی کە لە کوێوە هاتووە. مرۆڤ برینداری سیستەمی نوێیە و فریای خۆی ناکەوێت. جیاوازی مرۆڤی پێشووتر و نوێ نییە، شاعیر بە دوای نوێبوونەوە و سەردەمی نوێتردا دەگەڕێت، بەڵام لەسەر ڕەگوڕیشەی خۆی، نەک ڕەگوڕیشەی هەڵکەندرێت. داهاتووی شیعر لە ڕووبەری گشتیدا، بەرەو شیعری ڕوانین و ڕێکخستن دەچێت و خەڵکیش ئەوەیان دەوێت و تاقەتی خۆناسینی خۆیان نەماوە و بوونەتە ئامێری پیداویستییەکانی سەردەم. وەک گوتمان تا ئەو جێیەی ئەم ئامێرە شل دەبێت و نامێنێت و ئەوسا مرۆڤ دەگەڕێتەوە ناو خۆی. [هەڵبەت لە گوتاری «شیعری ڕوانین و شیعری ڕۆچوون» لە حوزەیرانی ٢٠٢٣ـدا، پرسی ڕوانین و ڕۆچوونی شیعرم بە وردی ڕوون کردووەتەوە و لێرە باسی ئەو پرسانە ناکەمەوە؛ خوێنەر دەتوانێت بۆ ئەو گوتارە بگەڕێتەوە.] ئەوەی لە کولتووری کۆمەڵگە جیاوازەکاندا شاعیری ڕاستەقینە بەرهەم بهێنێت، زۆر دەگمەن دەبن و هەم وەک شاعیری ڕاستەقینەیش لەو سەردەمەوە بەدواوە نامۆ دەبینرێت. تەنانەت بەشێکی دەزگاکانیش ڕوویان لە چاپکردنی شیعری ڕاستەقینە وەرگێڕاوە و شیعری بازاڕگەری چاپ دەکەن، هەیشە دەڵێن ببوورن شیعر چاپ ناکەین! ئەمە نەک لەناو جیهانی ئێمەدا، لە هەموو کۆمەڵگەکاندا ڕاستە.
کەموکوڕییەکانی سرووشتی «شیعری ئامێری» ئەوەیە کە شیعرەکە لە ڕاگوێست/ خوازەدا دەوەستێت. لایەنە هونەرییەکانی ڕەوانبێژی، هەمیشە لە ئاستی خوازەدا دەمێننەوە، هونەرەکانی تری ڕەوانبێژییش هەر لە [قسەکردن، ناڕوونی، ڕەنگدانەوە، بەستنەوە، لاساییکردنەوە، ئاڵۆزی، بەکارهێنان، بەراوردکردن، شیعری وێنەیی و هتد…)وە وای کردووە شیعری ئامێری لە ئاست زۆرێک لە هونەرە ڕەوانبێژییەکاندا بێدەسەڵاتە؛ چونکە شاعیر سەر بە جیهانی ئامێرگەڕە نەک ڕەسەنێتی. گێڕانەوەی دەزگەوانی/ میکانیکیی شیعری ئامێری بەردەوامی تێدا نییە و گێڕانەوەی ڕستەی پێشوو و ڕستەی دواتری بە تەواوی پەیوەندییان پچڕاوە؛ چونکە شاعیر سەر بە جیهانی ڕۆچوون و ڕەسەنێتی نییە، بەڵکوو شاعیری ئامێرگەڕە. ئەم جۆرە گێڕانەوەیە، گێڕانەوەیەکی ناڕێکخراوەییە. تایبەتمەندی گێڕانەوەی ناڕێکخراوەیی ئەوەیە کە ڕستەی یەکەم باس لە با دەکات، ڕستەی دواتر باسی مانگا دەکات و لە ڕستەی دواتردا باس لە کەڵەشێر دەکات؛ ئەم ڕستانە… زۆر جار بە ڕەوانبێژیی فەنتازی تەواو دەکرێن، بەڵام ڕاستییەکەیشی بە جۆرێک لە جۆرەکان پڕە لە «شیعری ساختەیی» کە پەیوەندییان بە [با، مانگا و کەڵەشێر]ەوە نییە. لەبەر ئەوەی گێڕانەوەکەی دەزگەوانیی و ناڕێکخراوەییە و لەسەر ئەم بنەمایە زۆر پشت بەو شیعرە دەبەستێت کە لە ڕاگوێستەکانەوە وەرگیراون و کەمیی ڕۆحی و چێژی لایەنە هونەرییەکانی هەیە.
ئەمڕۆکە خوێنەری ئاسایی، شیعری ئامێری دەخوێننەوە، چیتر مەبەستیان نییە قووڵ ببنەوە لەوەی کە ئایا ڕەوانبێژییەکەی چۆنە و لە کوێوە هاتووە یان هیچ کەموکوڕییەکی زمانی هەیە؟ شاعیرێکی هیندستانی، چونکە بیری نەکردبووەوە و نەچووبووە ناو ڕەگی شیعر و مێژووی شیعر و ئاگاداری شیعر نەببوو، شیعرێکی ئامێری وەک خۆی گواستبووەوە، شڕۆڤەکاران چەپڵەیان بۆ لێدابوو، بەڵام خوێنەران هیچ بەرپرسیارێتی و ئەرکێکی وایان نەبوو، یەکدوو شیعرناسی هیندی، شیعرەکەیان دۆزییەوە کە هیی چەندین سەدەی پێشووتر و هیی شاعیر و عاریفێکی هیندی بوو. شیعرەکەی تەنیا دێڕی یەکەم و دووەمی لابردبوو و بردبوویە کۆتایی و دوو دێڕی کۆتاییەکەیشی هێنابووە سەرەتا. دواتر شڕۆڤەکارەکانیش درانە بەر ڕەخنە. زۆرێک لە شاعیران گلەیی ئەوە دەکەن کە خوێنەران ناتوانن لەگەڵ شیعردا بگونجێن، ڕاستیی هۆکارە سەرەکییەکەیش ئەوەیە کە شیعر ناتوانێت پێداویستییەکانی خوێندنەوەی خەڵک دابین بکات و ڕۆژبەڕۆژ زیاتر لە خەڵک دوور دەکەوێتەوە.
بەڵام لە فیلمی (شەوە ڕۆشنەکان)ـدا، دیالۆگێک هەیە کە قسەکە پێچەوانەی ئەمەیە، قوتابییەکە دەڵێت: [کە وایە چارەنووسی شیعر چی لێدێت؟ مامۆستاکەیش دەڵێت: باشترە هەریەکە شیعری خۆی بخوێنێتەوە!] ڕاستییەکەیش قسەکەی ناو فیلمەکە کە لە کتێبی (شەوە ڕۆشنەکانی)ـی دێستۆیڤسکییەوە وەرگیراوە، بە زیادەوە بە ڕاست گەڕاوە. ئەم کارەکتەرە، مەبەستی زۆرە و باس لە کۆمەڵگەکان دەکات کە پڕ دەبێت لە ژاوەژاو و قەڵەباڵغی و کەس فریای ئەوی دیکە ناکەوێت و کاتی خوێندنەوەی شیعری ئەوی دیکەیان نابێت، ناچار شاعیرە ڕاستەقینەکان وەک کەمینەیەک دەمێننەوە و نامۆ دەبن و زۆرینەی باسی خودگەرایی دەکات. [ئەوەیش باسێکی دیکە دەبێت!] هەریەکە شیعری خۆی دەنووسێت و بۆ خۆی دەخوێنێتەوە. ئەو قسەیە بە زیادەوە ڕاست دەرچوو، وا هەریەکە لە ڕێی تۆڕی کۆمەڵایەتییەوە، خۆی دەکاتە فسفس پاڵەوانی شیعر و ڕێژەی پەسەند و تێچێنی پێ لە سەرووی شیعرناس و ڕەخنەگری شیعر و شێوازناسەکانەوە گرنگترە. ئەم قسەیەی ناو ئەم فیلمە، بۆ ئەوە نەگوتراوە کە شیعری ئامێری بەرهەمی شاعیری ئامێرگەڕ دەبێت. بۆ ئەوەیش نەگوتراوە کە شیعرەکانی داهاتوو، هونەری گێڕانەوەیان گێڕانەوەیەکی دەزگەوانیی شیعری ئامێری دەبێت. وا کارخانەیەکی جیهانی لە شیعری یەکسانکردن بەرهەم دێت، کەس فریای کەس ناکەوێت. ئەو باس لە مەینەتی مرۆڤ دەکات بە دەست ڕۆژگارەوە کە شاعیرەکان زۆر دەبن و هەموویان دەچنە ناو تەنیاییەکی قەڵەباڵغییەوە. لێرەوە ئەرکی لێکۆڵەر و ڕەخنەگر لە شێوازناسییەوە بۆ مێژووی شیعر، بەرپرسیارێتییەکی زیاتری دەکەوێتە سەر. دەزگاکانی چاپکردن لە تەواوی جیهاندا، بەرپرسیارێتی زیاتر و لیژنەی زیاتریان گەرەکە. ئەوەی لەم ناوچەیە دەگوزەرێت، دووکانی کتێب چاپکردنن، زۆرینەی دەزگای حیزیبن و بێ لیژنەی حەوت کەسین. مرۆڤی سەربەخۆ و نووسەری سەربەخۆیش پشت بەو دووکانە کتێب چاپکەرانە نابەستێت و ناچار لە دەرەوەی دووکاندارە چاپکەرەکان، کاری ئیدیتۆری بۆ کارەکانیان دەکەن. لە باشوور چەند دەزگایەک هەیە لە پەنجەی دەست تێناپەڕن، بەڵام بێ کەموکورتی نیین و ئەرکی داهاتوویان قورستر دەبێت ئەگەر بە ئەخلاقەوە بڕواننە چاپکردن و هەڵبژاردنی بابەت، ئەگەریش بە دووی بازاڕەوە بن، ڕەشەبا دەیانبات. پیشتر لەسەر دەزگا و خوێنەری شیعر وەستاوم، لێرە پاتی ناکەمەوە، بەڵام بۆچی بەناو شاعیرەکان تا دێت زیاتر دەبن و چەند هەزار شیعرنووسێک کتێب چاپ دەکەن و لە کاتێکدا ڕێژەی تیراژی شیعری ڕاستەقینە لە (٥٠٠)ـەوە هاتووەتە سەر (٢٥٠ بۆ ١٠٠)! میعریش بۆ (١١٠٠٠) زیاتر ڕۆیشتووە هیی چەند میعرنووسێک! لە ئێستایشەوە، شیعری ئامێری بۆ کەسانی تیکتۆکچی و بازاڕگەری، کاریان ئاسانتر دەبێت. (ناوەکان دیارن چ لە دنیای کورددا و چ لە کولتوور و زمانەکانی تریشدا، هەر کۆمەڵگەیەک تووشی ئەم پەتایە بووەتەوە و بووەتە کولتووری داڕزان.)
با بێینەوە سەر ئەوەی بۆچی و چۆن لەو شیعرە ساختەکارییانە بڕوانین. زۆر جار تەمومژاوی شیعری ڕاستەقینە لەگەڵ سرووشتیی دەزگەوانیی شیعری ئامێردا تێکەڵ دەبن. شیعری ئامێری، پێدەچێت درووستکردنی قورس بێت و ڕۆتینی ڕەوانبێژی هەیە، بەڵام ڕاستییەکەی بە هیچ شێوەیەک قورس نییە. جگە لە کۆپیکردنی شیعری ڕۆژاوایی و گواستنەوەی دەستکاریکردنی دێڕەکان و هەندێک جاریش سەروگوێلاک شکاندن یان پینەکردنی ڕستەکان. شیعری ئامێری، پێش هەموو شتێک ڕاستەوخۆ لێدانە لە مێژووی هەموو شێوازەکانی شیعر و فرەکولتووری و تێکشکاندنی «زمانی ناو زمان»ـە. شیعری ئامێری، بە هیچ جۆرێک هێز و توانستی زمانی ناو زمان و گەمەکردنی زمانی نییە؛ چونکە ئەو شەڕی تێکشکاندنی زمانی ناو زمان دەکات. لێرە بەدواوە، ئەگەر داهاتووی شیعر لە قووڵیدا بمێنێتەوە و شتێکی پێ بێت بۆ گوتن نەک گوتراو بنووسێتەوە، ئەوا بێگومان «زمانی ناو زمان»ـە پێش هەموو لایەنە هونەری و خەیاڵی و ڕەوانبێژییەکانی تری ناو شیعر. شیعری ئامێری، هیچ تەمومژێکی لەسەر گوتەی لاتینییەکانی نەهێشت کە دەڵێت: [هیچ شتێک ناگوترێت کە لەمەوپێش نەگوترابێت.] ئێستاکە شیعری ئامێری، گوتراوی گوتراوەکانە.
شیعری ئامێری، تەنیا پێویستییەکی تیۆری نییە، بەڵکوو ڕەوتێکی گشتیشە. ئەگەر کێشەی شیعری ئامێری چارەسەر نەکرێت، بەرهەمە نایابەکان بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو لە ڕووبەری گشتیدا بە دەر دەکرێن و سەرکوت دەکرێن. من سەرم سووڕ ماوە لەو فێستیڤاڵانەی ئێستا، هەر خودی لیژنەکان کێشەی نەخوێندنەوەی شیعری و شێوازناسی و هونەری شیعر و زمانی شیعرییان هەیە. ئاگاداری مێژووی شیعر و شێوازناسی نەبوون، کەچی کردوویانن بە لیژنە. کەسێک دەبێتە لیژنە لە شیعری نوێدا، ساڵانە بە لایەنی کەمەوە سێسەد کتێبی شیعری بخوێنێتەوە؛ بەڵام هەر لە تۆڕی کۆمەڵایتی دەخوێننەوە و ئاگاداری کتێبی شیعر نیین . لێرەدا قسە لەسەر ئەو شیعرنووس و میعرنووسانە ناکەم، بەڵکوو لیژنەکانن کە جێی سەرسووڕمانن ئەم شیعر و میعرانەیان هەڵبژاردوون بە یەکەم و دووەم و سێیەم و ئەنجا وا شیعری ئامێرییش لێرە بەدواوە خۆی بەو فێستیڤاڵانەدا دەکات! واوەتریش بڕۆین، ئەو فێستیڤاڵە قەبانەی کە ڕێکخراوە حیزبییەکان سازی دەکەن، لەسەر بنەمای بەناوبانگبوون و ناسیاوی کەس دەکەنە لیژنە نەک شیعرناس و توێژەری شیعر! ئەمە لە بەشی چیرۆکیشدا ڕوویداوە، کابرا دارەداری چیرۆکنووسینیەتی، بەڵام چونکە شارچێتییەکان کەسەکەیان فوو دا، ساڵی داهاتوو یەکسەر کردیانە لیژنە، بێ ئەوەی ئێمە یەک گوتار و کتێب و لێکۆڵینەوە لەسەر شێوازی چیرۆک و هونەری نووسین و گێڕانەوە پێشکەش بکات! لەوەیش زیاتر بڕۆین، دەزگا هەبووە پار کتێبی بۆ گەنجی چاپ کردووە وەک دەنگی نوێ،- [کە دواتر کتێبەکەیم خوێندووەتەوە، شیعرەکانیشیم کەشف کردن لە کوێوە هاتوون!] کەچی ساڵی دواتر کردوویەتی بە لیژنەی هەڵسەنگاندن. ئەمە کارەسات نەبێت، ئەی کارەساتی ئەدەبی چییە. سەیر لەو بەرەڵاییەی فێستیڤاڵ و دەزگایانەی کە پێشبڕکێ بە ناوی شیعرەوە دەکەن. ئەو باسە بۆ ئەوە نەبوو بچینە ناو مێژووی ڕابردووەوە، بەڵکوو باسەکە سەختترە بۆ داهاتوو کە کێن ئەوانەی دەبنە لیژنە و ساڵانە چەند کتێبی شیعری دەخوێننەوە؟ لێکۆڵینەوەی شیعری، ڕەخنەی شیعری، مێژووی شیعر بە ڕەوت و قۆناغ و مانیفێستۆ و داهێنانەکانی، شێوازناسی، هونەری شیعری، گوتاری شیعری، زمانی ناو زمانی شیعر و هتد… و دواتر لەبارەیانەوە دەخوێننەوە و دەدوێن؟! ڕێ بەوە دەگرن کە گێڕانەوەی دەزگەوانیی شیعری ئامێری چەند شاعیری ئامێرگەڕ دەخەنە ناو کارخانەی فێستیڤاڵە ناشیعرییەکانەوە چ لەناو کورددا بێت چ هیی گشت کولتوور و زمانی نەتەوە-دەوڵەتەکانی تر بێت.
ئەگەر نووسەر شاعیرێکی بەناوبانگ بێت، سەرنوسەر وا بیر دەکاتەوە کە ئەمە «داهێنانێکە لە لایەنە هونەرییەکانی دەربڕیندا»، ئەگەر نووسەریش نەناسراو بێت، سەرنووسەر کەموکوڕی زۆر دەبینێتەوە؛ لەبەر ئەوەی «شیعری ئامێری» لە بنەڕەتدا دزی «بەرهەمهێنراو»ە، زمانەکە وەک لەکارکەوتنی گورچیلە وایە. بۆیە لەو چوارچێوەیەی کە گێڕانەوەی ڕێکخراوەییی شیعری ئامێری جەماوەرییە، پێویستە بە ڕوونی سنوورەکانی نێوان گێڕانەوەی ڕێکخراوەییی شیعری ئامێری و نووسینی نامۆ ڕوون بکرێتەوە. ئەگینا ئەگەر هەمیشە ڕێبازی داهێنەرانەی شیعری ئامێری بۆ دەستێوەردان لە ژیانی کەتواردا بە کار بهێنین، چ ستاییش بێت یان ڕەخنە، ناوەرۆکی گوتارەکەی هەمیشە ڕووکەش دەبێت، هەرگیز ناتوانین بەهێزترین دەنگی شاعیری ڕاستەقینە بخوێنینەوە.
دووەم: بڵاوبوونەوەی خوازەکان
شیعر، زمانی ڕەسەن و ڕۆحێکی سەرسووڕهێنەرە، دەتوانرێت بە بەرزترین هونەر لەناو هونەرە زمانییەکاندا ناو ببرێت کە بە «گەوهەر و تاجی ئەدەب» و «دایکی ئەدەب» و «دایکی ژانرەکان» ناسراوە. بە ئاوڕدانەوە لەو شیعرە نوێیەی کە لە ئێستادا جەماوەرییە، بۆت دەردەکەوێت کە بە بەراورد لەگەڵ شیعری کۆن، هەندێک ئەرکی ئەدەبی شیعری نوێ بە شێوەیەکی ڕژدی دابەزێنراون. ژمارەیەکی زۆر لە شیعرە نوێیەکان کە بیرۆکەی بەرزی درۆینەیان هەیە، تەنیا لە ڕەوانبێژییدا دەوەستن و دوورن لە گەیشتن بە بەرزایی جوانیناسیی ئەدەبی.
ئەرکی خوازە لە لایەک بەکارهێنانی خوازە خۆیەتی، بۆ ئەوەی شتە پەتییەکان بۆ ورووژاندنی خەیاڵی خوێنەران، گشتگیرتر و زیندووتر بکاتەوە و کاریگەری قووڵیان لەسەر دانێت. لە لایەکی دیکەوە، بەکارهێنانی خوازە بۆ ستاییشکردنی ڕاستییە قووڵەکانە بۆ تێگەیشتن لە شتەکان، گۆڕینی ئەبستراکتە بۆ وێنە، کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکانە بۆ سادەیی، ئاسانکردنی ڕاستییە قووڵەکانە بۆ تێگەیشتن، زیندووهێشتنەوەی زمانە، بەڵام دیسانەوە خوازە هەموو شتێکی بەهێز نییە و بە هیچ شێوەیەک کۆی ڕەوانبێژیی شیعرییش نییە و پێویست ناکات هەمووی داپۆشرێت.
ئەگەریش شیعر بە خوازە کۆتایی بێت، بێگومان تێنەگەیشتنێکی نوێیە لە ئافراندنی شیعردا. ئامانجی کۆتایی، ستاییشکردنی دیمەنەکان و دەربڕینی هەستەکانە. جیهانی پان و بەرفراوان بە شێوەیەکی بابەتیانە بوونی هەیە، تێگەیشتنمان لە خوازەکان بە ڕادەی پێویست قووڵ نییە. هەندێک لە نووسەران یەک لەدوای یەک خوازەکان دەناسێنن، ئەمەیش زیاتر لە نمایشێکی زمان دەچێت. ڕاستە کە هەر دەربڕینێک دەبێت پێوانە بکرێت، دەوڵەمەندی زمان ناتوانێت جێگەی پێکهاتەی لاوازی کەتوار بگرێتەوە، خۆبژێوی ڕۆحیش ناتوانێت جێگەی ناڕەزاییە جۆراوجۆرەکانی ژیان بگرێتەوە. لەمەودوا ئەگەر ڕەوانبێژییەکە بە باشی جڵەو کرابێت، مانای ئەوەیە کە بوێرانە و ڕەسەنە، ئەگەر لەم خاڵە تێپەڕێنێت، ئەوا تەنیا قسەی بێمانایە.
دەرەنجام:
کاتێک لە سرووشتی ڕاستەقینەی شیعری ئامێری تێگەیشتین و لە ڕێژە و ڕۆڵی خوازە لە ڕەوانبێژیی شیعریدا تێگەیشتین، نابێت دوورکەوتنەوە و ڕاستکردنەوەی خوڵقاندنی یەکسان قورس بێت. یەکسانی شێوازی زمانی شیعری و هونەرە ڕەوانبێژییەکانە کە پرسی گەورەی پێوەرەکانی جوانیناسیی شیعری نوێ دەگرێتەوە. مەیلی نووسینی پێداچوونەوەی هەڕەمەکی لەبەر ئەوەی هیچ پێوەرێکی دیاریکراو بۆ حوکمدانی شیعر نییە، پێویستە بە زووترین کات ڕاست بکرێتەوە و «گەردوونی ناوەوە» بۆ حوکمدانی شیعر بە هۆشیارییەوە دامەزرێت، بۆ ئەوەی لە ئاست متمانەی جوانیناسیی خوێنەراندا بمێنێتەوە.
بۆیە ئەرکی بەپەلە و مانای ناونیشانەکە، ئەوەیە کە سەرەتا بەهای ئەدەبی و شیعری ئامێری هەڵسەنگێنینەوە، بە تەواوی ئەو ستاییشانەی پەیوەستن بە شیعری ئامێرییەوە، پاک بکرێتەوە و بیگەڕێنینەوە بۆ شوێنی شیاوی خۆی. جەماوەری شیعری ئامێرییش هەمان جەماوەری ئێستای نەشتەرگەری جوانکاریی دەموچاوەکەیە، ئەمەیش بە هۆی کێشە جوانکارییەکانەوەیە. بۆیە باشترین ڕێزگرتن لە شیعری ڕاستەقینە، لابردنی وردە وردە شیعری ئامێری و ڕەتکردنەوەیەتی لە ستوون و لاپەڕە گرنگەکانەوە، لە لایەن خوێنەر و توێژەرەوە. ئەوسا بازاڕێک بۆ ژمارەیەکی زۆر بەرهەمی کۆپیکراو و پاتبووەوە و نووسراو نابێت و دیاردەی یەکسانی بە ناچاری دەگۆڕرێت.
[ئەم گوتار و پەیامە، لەبری ڕۆژی شیعری ساڵی ٢٠٢٥ـە، کە سێ ساڵە گوتاری ڕۆژی شیعر دەنووسم، بەڵام بابەتەکە زۆر هەستیار و گرنگە، لە خەمخۆرییم بۆ شیعر، دەمەوێت دەرگا بە ڕووی ئەم گوتارەدا بکرێتەوە، تا لەمەودوا باس و گوتاری دیکەی لێ بکەوێتەوە.!]
شوێنپێ: قەڵادزێ
تشرینی دووەمی ٢٠٢٤