كۆلاژ - نه‌ژاد عه‌زیز سورمێ ٢٠١٧

وانه‌یه‌ك له‌ سپێده‌وه‌


Loading

كۆلاژ – نه‌ژاد عه‌زیز سورمێ ٢٠١٧

ئەی ئێستا!

(ئێستا)ی لەتاراوگەی ڕەهاوە هاتوو

وەك قسە سادە و قووڵەكانی منداڵان …

خەیاڵی،

ئێوارە غەمبارەكانی ئاو و

كەزیی ئەستێرە داڕژاوەكان دەكەی…

نیگەرانییەكی برووسكەدار

بەسەر ڕۆژ و مانگ و ساڵمان تێدەپەڕێ‌ …

زەماوەندێك بوو،

قەسیدەی

بەكڵاوڕۆژنەی كۆڵیتان

بەردەدانەوە …

 

 

 

 

كۆلاژ – نه‌ژاد عه‌زیز سورمێ ٢٠١٧

ئەی ئێستا !

سوڵتانی ون بووی بیابانان …

كەشتی بێ چارۆگە ،

نامۆی لەگەڵ ئاودا ئێشكگر …

شەوی گڕگرتووی

جەستەی ڕووتی

ئاوازە جەنازەییە كڵۆڵەكان …

لەوێ‌،

لەبەرزایی وەحشەتناكی ئیرۆتیكادا

بوارێكی دژوار چاوەڕێمانە

دەنگ و ڕەنگی

لەبۆشایی مێینەتیدا دەلەرێنەوە …

 

 

 

 

 

ئەی ئێستا !

گوایە تێشتت لە (هەزارمێرد) و

فراڤینت لە (چەرموو)دا خواردووە و

شەو لە مەیخانەكانی (ئوور)

مەست بووی …

 

 

كوا ؟

كوا تێزی ئیرۆتیكا ؟

كوا باڵای ئەبەنووسیی

ساقییە چاوكاڵەكان

زرنگانەوە و كێشمانەی شارستانییەت كوانێ‌ ؟

كۆلاژ – نه‌ژاد عه‌زیز سورمێ ٢٠١٧

ئەی ئێستا !

بە كەنارێكدا دەڕۆین

تاریكیمان بەپێش كەوتووە

تاریكیمان لە دوو دەڕوا …

هاوارمان،

لە هاواری ناو مۆتەكان دەچێ

بە هەناسەبڕكێی خۆمان ڕادەپەڕین،

بێدار دەبینەوە.

 

ئەی ئێستا !

مێینەتی مێژوو چی لێ هات ؟

پیاوەتی جوغرافیا كوانێ ؟

بە سۆزی (ئێستا)ی ئەوساوە

گوڵێكمان بداتێ

ماچێكمان بكا

لە ڕووناكییەوە هەڵێنجرابێ؟

 

كە ئێستا،

پەرچەمی بەردەداتەوە

تەنیا ڕەشایی

لە ئاوێنەدا دەبینێ‌ ..

ئەوە تۆی ئێستا

ئێرۆتیكانە

لەسەر كلیلی ژەنگاوی

بانكەكان

بە دیار گۆڕی

چەند جار هەڵدراوەی مێژوو و

نگینی چێژ

ڕاكشاوی ..

بیر لە ئاگرەی دەبەنگایەتی دەكەیەوە ..

 

                    *

پڕشنگی خۆر

بەناو قژی ئاڵۆزكاودا

دەچێتەوە سەر

ئەو توولەڕێیانەی

بانگی پەرستگایانی ناگاتێ‌ ..

 

(ئێستا) لەوێدا

كۆلاژ – نه‌ژاد عه‌زیز سورمێ ٢٠١٧

بە هێمنی ،

غەریبانە گیان دەسپێرێ‌ .

لەوساوە وێنەی لێچووەتەوە

لەوساوە،

بە لاپرسەنی نەدیتكان

لەگەڵ ئاودا دەنوێ و

لەگەڵ ئاودا

خۆی بە تاشەبەرد و

ڕەگی سپیدارەكانی كەنار دادەدا

ئەنكیدۆیانە،

بەجەستەی ژنێكی ڕاكشاو هەڵدەخەڵەتێ‌ ..

لەوساوە (ئێستا)

بووە بە مەملەكەتێكی كەس بە كەس نەبووی

بێ تەخت و بێ ناو و نیشان …

لە غەفڵەتی بارانی ئێواران و

ئاسمانەی نەسیمێكی لەریو

لە شەوێكی نووتەك دەكا ..

هەراهەرایەتی مردووانی

تێدا زیندوو دەبێتەوە .

          *

ئەی ئێستا !

وێنەی هاوچەرخی دێرینی

لە خوێنێكدا گەوزاو

ڕەنگدانەوەی مانگە

بەئاسمانی تۆراوەوە ..

لەو ئاوێنانەی

لە شەڕەكاندا شكێنران و

لە دیمەنێكی نەدیتراودا

(ئێستا)ی دێرین

دێرینی (ئێستا)

دەدەنەوە ..

 

كۆلاژ – نه‌ژاد عه‌زیز سورمێ ٢٠١٧

ئەی ئێستا !

تۆ نووكە ڕوناهییەكی سپی

بە لووتكە بێباك و ماندووەكانەوە شۆڕ دەبییەوە ..

گەردانەیەكی پچڕاوی

بەسەر جەستە ڕاكشاوەكان وەربووی …

جوانییەكی،

نە لار دەبێتەوە ، نە دەشكێتەوە ..

بەڵام هەرگیز ساف نابێتەوە ..

ئەوە دووكەڵی پەرت بووی

 سپێدەدەمانی شارە

لە نهێنی هەڵدێ

بچێتەوە ناو نهێنی ..

خەون بە خەونەوە دەبینێ ..

ئاهەنگ لە ئاهەنگدا دەگێڕێ ..

گریان بەگریان دێنێ …

 

لەوێ،

لە پەژمووردەیی جەستە ئیرۆتیكاییەكاندا ،

لەبن باخەڵی سۆزاوی مێینایەتیدا

ژیان گوناهێكی بەردەوامە ..

لە پرسیارە بێ وەڵامەكان ..

شێوازێكە لە شێتیی

بەناو هاڕمۆنیای ڕەنگە گەرمەكانی

تابلۆیەكدا تێدەپەڕێ،

ڕووت …

ئاسودە …

دڵخۆش بە كورتە خەونەكان …

دڵخۆش بەو ئایكۆنانەی

نە وێنەی دێرینیان پێوە ماوە

نە ڕووناكی ئێستا!

ئەی ئێستا !

بۆشاییە

بۆشاییە

بۆشاییە (ئێستا)

بە ڕووباران خوێنی

لەبەر دەڕوا ..

دەشتە بە پیتەكانی سۆمەر

لە (ئێستا)ی ئەوسادا

لەقووڵایی سەقامگرتووی زەوی

دەگیرسێنەوە ..

شەوی بۆیەكراو بە خۆڵ و خاشاكی

شەقامی مەیخانەكان

بە تریفەی وەهم دەدرەوشێنەوە ..

كۆلاژ – نه‌ژاد عه‌زیز سورمێ ٢٠١٧

ئەی ئێستا !

تاجەگوڵینەی

وەسوەسەی جەستە پاڵكەوتووەكان !

مەڕۆ.. بمێنەوە !

شەبەنگی ئەبەدییەت

بەكوێریش دەبینرێ ..

چاو ،

هێزی بینین

لە ڕووناكی نا

لە زەردەخەنەی خوداوەندان وەردەگرێ ..

قەسیدەكان بە ڕێگاوەن ..

ئێش ..

لەززەت ..

هێڵە چەماوەكانی ئیرۆتیكا ..

ئاسمان و زەوی

سێبەری شارستانییەتیان

حەشار داوە ..

ئێوارەت باش

پەلكەزێڕینەی هەوكردوو !

ئێوارەت باش

بێدەنگی دێرین !

هێزی تۆ

لە (ئێستا)وە هاتووە

(ئێستا)ی دێرین ،

دوا قسەی بە گوێی

دار و درەختان دەچرپێنێ ..

ئەمە ئەو (ئێستا)یەیە

ڕۆژانە لە دێرینی دەخوازین

تا لە باڵ (ئێستا)ی ئێستای بكەین ..

ئەو سرووتە نەخشە بۆ كێشراوانەیە

ڕۆژانە دووبارەی دەكەینەوە ..

ئەو قوولكە بەردانەن

لێمان بوون بە گۆڕستانی

بارانە مردووەكان ..

لێمان بوون بە دروشمی ئەفسانان

لە گۆشەگیرییەكی خۆڵەمێشیدا كۆ دەبنەوە

نیگایان لەو چاوانەیە

گلێنەیان تیا نەماوە

خاچی تێدا بچەقێنن ..

ڕێ لە پەپوولەی بناران و

كارمامزی دوندان بگرن ..

ئەی ئێستا !

خۆش بوو هەمیشە

بە گەنجیمان دیتبای

گەرم .. بە شەنگ ..

ئەفسووس

نە (ئێستا)ی ئێستای

نە ئێستای دێرین ..

خۆت دیوە

بەناوی گەشت

بەناوی ئاییندە

بەناوی هەناسەی كوێستانان

سواری چ كەشتییەكی ڕەشیان كردووی

دەتبەن

لە بەحری زوڵوماتدا بەجێت دێڵن ..

قاقای پێكەنینیان

دەریایان تەی دەكا

ئۆقیانووسان دەبڕێ‌ ..

درێغ تۆیش

ئێستایەتی خۆت

لە ئێستادا نەكرد ..

ئەی ئێستا !

سوڵتانی بێ تەختی ون بووی لمی بیابانان.

حوزەیرانی2017

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌.