سه‌رچاوه – كوردستانی نوێ – 18/5/2017 – سازدانی: ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا
ئیسماعیل حه‌مه‌ئه‌مین یه‌كێكه له نووسه‌ر و ڕۆشنبیره‌كانی دوای راپه‌رین، له بواری رۆمان و وه‌رگێڕانی ئه‌ده‌بی وفكریدا، كۆمه‌ڵێك كتێبی پێشكه‌شی كتێبخانه‌ی كوردی كردووه. پێم باشبوو، ئه‌م دیداره تایبه‌تییه‌ی له‌گه‌ڵدا سازبكه‌م و كۆمه‌ڵێك پرسی ئه‌ده‌بی و فكریی، له‌گه‌ڵدا باس بكه‌م.
*له ڕۆمانی « ئه‌و دیوو سنوور، باڵه فڕه به نێو دارستانه‌كانی مانگدا « له‌باره‌ی كۆچه‌وه ده‌ڵێیت: « چ بێزارییه‌كی درێژبۆوه‌ی بۆگه‌نه، ئاوه‌های لێكردووین هه‌موو شتێك له دووی خۆمان بسڕینه‌وه‌و خۆمان بده‌ینه ده‌ست قه‌ده‌رێكی ناماقوڵ كه بڕوا به هه‌موو درۆزنێك بكه‌ین، مادامه‌كی ده‌توانێت بمانگه‌یه‌نێته ئه‌و دیو سنوور و زیاتر له نیشتمان دوورمان بخاته‌وه،» له‌و باوه‌ڕه‌دای كه ئێستاش گه‌نجان به‌هۆی زاڵبوونی بێزارییه‌وه، ئاماده‌ن ئه‌م وڵاته جێبهێڵن؟
-هه‌مان ئه‌و بێزارییه‌ی پاڵه‌وانی رۆمانی (ئه‌و دیوو سنوور) ته‌عبیره له هه‌زاران مرۆڤی دونیا كه ده‌یانه‌وێت له شوێنێكی دیكه به ئاسووده‌یی بژین. كۆی رۆمانه‌كه گه‌ڕانه به‌دووی شوێندا وه‌ك یۆتۆپیایه‌ك بۆ به‌خته‌وه‌ری. مرۆڤ كاتێك له وڵات و زێدی خۆی هه‌موو ده‌رگاكانی ژیانی لێ داده‌خرێت، سه‌یر نابێت لامان گه‌ر به‌سه‌ر پشتی ماسی قرشه‌وه، هه‌وڵبدات بگاته دوورگه‌یه‌كی تر، هه‌رچه‌نده سوور ده‌زانێت گه‌ر ماسیه‌كه هه‌ڵبگه‌ڕێته‌وه، ئه‌وا كۆتایی خۆی و خه‌ونه‌كانێتی! ته‌واوی ئه‌و چووپ و به‌له‌مانه‌ی ڕێگای یۆنان و ناو ده‌ریای ئێجه وه‌ك ئه‌و دڕنده نووستووانه وه‌هان كه وه‌ئاگا دێنه‌وه سه‌رنیشینه‌كانی خۆیان ده‌خۆن. ئه‌م بێزارییه چه‌نده ئه‌ده‌بییه، سه‌د ئه‌وه‌نده ریالسته. گه‌یشتن به‌و یۆتۆپیایه له وزه‌یه‌كی تاڵه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت كه بێزارییه‌كه درێژبووه‌ی بۆگه‌نییه.
*له كاتێكدا كه نه‌ته‌وه‌یه‌كین كه هه‌میشه كۆچ به‌رۆكی به‌رنه‌داوین، به‌ڵام وه‌كو ئه‌ده‌ب هیچ به‌رهه‌مێكی گرنگی ئه‌ده‌بی گه‌وره‌مان به‌رهه‌م نه‌هێناوه، جگه له چه‌ند هه‌وڵێكی بچووك، هۆكاری ئه‌مه بۆچی ده‌گه‌ڕێنیته‌وه؟
-هونه‌ری گێڕانه‌وه‌ی رۆمان‌نووسین به‌گشتی له‌لای ئێمه هونه‌رێكی تازه‌یه، چجای بێن باسی كه‌م و زۆری بكه‌ین. به‌دیوێكی تردا من له‌م رستنه تێناگه‌م (به‌رهه‌م گه‌لی گه‌وره) و بچوككردنه‌وه‌ی ئه‌زموونی ئه‌ده‌بی خودی خۆت! ئه‌م جۆره ده‌سته‌واژنه ده‌مانگه‌ڕێنێته‌وه بۆ (گرێیی خۆبه‌كه‌مزانی كوردیی) و هیچیتر. له‌ڕاستیدا كۆی ئه‌ده‌بی دونیا له‌سه‌ر به‌ریه‌كه‌وتنه‌كانی مرۆڤی كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك، ناوچه‌یه‌ك، دوورگه‌یه‌ك وه‌ستاوه له‌گه‌ڵ ئه‌زمووندا. ده‌كرێت ئه‌و ئه‌زموونه شۆڕش بێت یان كۆچ یان جه‌نگ. كۆچكردنی سیاسییه‌كان و كه‌سه ئاساییه‌كان له‌ناو ئێمه‌ی كوردا زۆرتربووه وه‌ك له كۆچكردنی نووسه‌رانی ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه. له‌لایه‌كی تره‌وه كۆی رۆمانی (ئه‌ودیوو سنوور) كه ده‌گاته حه‌وسه‌د لاپه‌ڕه‌ی گه‌وره، ئه‌زموونێكی تاقانه‌یه له‌م بواره‌دا.
*پێشتر به لێشاو كتێبێكی زۆر چاپده‌كرا، به‌ڵام له ئێستادا دووباره قه‌یرانی كتێب چاپكردن دروستبۆته‌وه، به بڕوای تۆ له نێوان ئه‌م دوو دیارده‌یه‌دا، چ به لێشاو كتێب چاپبكرێت و چ ئێستاش كه قه‌یرانی كتێب چاپكردنه، خاڵ و باش و خراپی له چیدایه؟
-بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ت بده‌مه‌وه من ئه‌مڕۆ كتێبفرۆشێكی دێرینم بینی پێی گوتم، كه زۆربه‌ی وه‌رگێڕان و كاره ئه‌ده‌بییه‌كان كه ئه‌و به‌چاپی ده‌گه‌یه‌نێت و ده‌یوه‌شێنێت خۆی هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ ده‌كات و ده‌ستكاری ڕێنووسه‌كه‌ی ده‌كات! لێره‌وه، له كاره‌ساته‌كه تێده‌گه‌ین. له‌ڕاستیدا ده‌سه‌ڵاتی سیاسی كوردی به‌فه‌رده پاره‌ی خستۆته به‌رده‌م كۆمه‌ڵێك خه‌ڵك كه كتێب چاپبكه‌ن و بڵاوبكه‌نه‌وه، كه ئه‌مانه وه‌ك یه‌كێكیان ده‌یگوت؛ من له‌ئه‌زبه‌ری فرۆشتنه‌وه ده‌ستمپێكردووه تاوه‌كو كتێب وه‌شاندن و رۆژنامه ده‌ركردن و به‌ڕێوه‌بردنی بنكه ڕۆشنبیرییه‌كان.. گه‌ر ئه‌زبه‌ری فرۆشه دێرینه‌كان كتێبمان بۆچاپبكه‌ن، له‌به‌رئه‌وه سه‌یر نییه كه منداڵانمان نه له‌ئێستادا، ئه‌زبه‌ری باشیان ده‌ستده‌كه‌وێت و نه كتێب له داهاتوودا سوودی ده‌بێت بۆیان.
*له ئێستادا قسه‌وباسێكی زۆر له‌باره‌ی ترسی ته‌كنه‌لۆژیا بۆسه‌ر ئه‌ده‌ب ده‌كرێت، به بڕوای تۆ ته‌كنه‌لۆژیا مۆدێرن، ترسه یان هیوایه بۆ ئه‌ده‌ب؟
-به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌م ترسه سه‌رچاوه‌ی نییه و راست نییه، به‌ڵكو فراوانبوونی ته‌كنه‌لۆژیا و زانیاری بۆته هۆی ئه‌وه‌ی كه مرۆڤ باشتر ئاگای له كاره ئه‌ده‌بیه‌كانی هه‌موو سووچ و قوژبنێكی دونیا بێت. تا ئێستاش كتێبفرۆشیه‌كانی له‌نده‌ن و پاریس و به‌رلین و ته‌نانه‌ت دوورترین گوندی رۆژئاوا كه ناوجه‌رگه‌ی ته‌كنه‌لۆژیان، جمه‌یان دێت له ئاشقانی كتێب. رۆمانی هه‌زار و هه‌شت سه‌د لاپه‌ڕه‌یی بڵاوده‌كرێته‌وه و پڕ فرۆشترین ڕۆمانیشه.
*پێشتر له‌گه‌ڵ وه‌رگێر به‌كر عه‌لی به‌شێكی زۆری به‌رهه‌مه‌كانی فه‌یله‌سووفی ناسراوی ئه‌ڵمانیا سلۆته‌ردایكتان وه‌رگێرا، بۆچی ئه‌وتان هه‌ڵبژارد؟
ئیسماعیل حه‌مه‌ئه‌مه‌ین: ئه‌مه بۆ كتێبی دووهه‌م و سێهه‌م راسته له پڕۆژه‌كه‌دا، له‌ڕاستیدا پشكی شێر له پڕۆژه‌ی (سلۆته‌ردایك له نیزیكه‌وه) له كتێبه وه‌رگێڕانه‌كاندا كه‌وتبووه سه‌ر شانی به‌كر عه‌لی هاوڕێم و من له هه‌ندێك شوێندا سه‌رنج و تێبینیم هه‌بوو له‌سه‌ریان و له‌گه‌ڵ به‌كر عه‌لیدا پێكه‌وه گفتوگۆمان هه‌بوو و دوایی چه‌نده‌ها جار پوختكراوه‌ته‌وه. پڕۆژه‌كه‌مان (سلۆته‌ردایك له‌نیزیكه‌وه) پڕۆژه‌یه‌كی گه‌وره‌یه، من و به‌كر عه‌لی به (كتێبی نا- كتێب) پێناسه‌مان كردبوو. پڕۆژه‌كه تاقانه‌یه له‌سه‌ر چه‌ند ئاستێك، یه‌كه‌میان، نه عه‌ره‌ب، نه تورك و نه فارس خاوه‌نی پڕۆژه‌ی ئاوه‌ها گه‌وره نین له‌مه‌ڕ سلۆته‌ردایك. هه‌ندێك گوتار و نووسین هه‌ن لێره‌و له‌وێ، به‌ڵام جێگه‌ی سه‌رنج نین. دووهه‌م ئاست ئه‌وه‌یه، كه من و به‌كری هاوڕێم له كتێبی یه‌كه‌مدا ده‌روازه‌یه‌كی گرنگ له‌بیری سلۆته‌ردایك پێشكه‌ش به‌خوێنه‌ر ده‌كه‌ین، هه‌ر له هیومانیزمه‌وه بیگره تاوه‌كو سینیزم و ئه‌قڵی گاڵته‌جاڕی تاوه‌كو ده‌گاته چه‌مكی مه‌شقكردن و ئه‌كرۆبات و له هه‌ندێك به‌شدا دێینه سه‌ر چه‌مكی كایه‌لۆژی و كایه‌كان. كۆی كتێبه‌كه كه پێنج سه‌دو هه‌شتا لاپه‌ڕه‌یه، ته‌واوی بیری ئه‌م بیرمه‌نده گه‌وره‌یه‌ی دونیا ده‌خاته به‌رده‌م گفتوگۆ. له كتێبی یه‌كه‌مدا چه‌نده‌ها نموونه‌ی زیندوو وه‌ك بیری پراكتیكی به‌كاردێنین، هه‌ر له به‌هاری عه‌ره‌بییه‌وه بیگره تاوه‌كو چه‌مكی ئه‌نفال و گۆڕان و خاڵه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، ئه‌م نووسینه پراكتیكیانه زیاتر میتۆد ده‌خاته ده‌ستی خوێنه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی ئازادانه خۆی بتوانێت له رێگه‌ی چه‌مكه‌كانی سلۆته‌ردایكه‌وه دونیای خۆی شرۆڤه بكات. ئاستی سێهه‌م، وه‌رگێڕانه‌كانه، كه بێ خوێندنه‌وه‌ی كتێبی یه‌كه‌م، ئه‌سته‌مه، جوانترین كاری وه‌رگێڕانه‌كان له كتێبی دووهه‌مدا ئه‌وه‌یه كه چاوپێكه‌وتنه ڕۆژنامه‌وانییه‌كانی سلۆته‌ردایكی تێدایه، كه زیاتر له‌سه‌ر چه‌مك و ئایدیا و جیهانیبینه‌كانی خۆی ده‌دوێت، ئه‌مه‌ش چێژێكی خۆی هه‌یه.
له كتێبی سێهه‌مدا (خوا و ڕۆح و پاره ) دیالۆگه له نێوان سلۆته‌ردایك و هه‌ردوو بیرمه‌ندی دیكه‌دا، له‌م كتێبه‌دا ته‌واوی قه‌یرانی سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك تاوتوێ ده‌كرێت. گرنگی له‌وه‌دایه زمانی دیالۆگه وه‌ك له‌وه‌ی ئه‌بستراكت بێت، كه ئه‌مه‌ش بۆ خوێنه‌ر گرنگه. ده‌شبێت ئه‌وه بڵێم ئه‌م پڕۆژه‌یه بۆ خوێنه‌ری چالاكه و ڕۆڵی چالاكردنه‌وه‌ی هزری ڕه‌خنه‌یی ده‌دات، بێگومان گه‌ر خوێنه‌ر پشوویه‌كی درێژی هه‌بێت. ئه‌م پڕۆژه‌یه به‌ری ڕه‌نجی زیاتر له سیانزه ساڵی من و به‌كر عه‌لییه، له‌به‌رئه‌وه ده‌بێت خوێنه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌م سیانزه ساڵه‌دا پشوو درێژ بێت. ئێمه له‌م كتێبی ناكتێبه‌دا داوا له خوێنه‌ر ده‌كه‌ین له‌گه‌ڵماندا مه‌شقی فیكری بكات، نه‌ك ئه‌مه لێی ببین به‌مامۆستا و بانگخوازی فیكری، ئه‌مه‌ش هۆكاری ئه‌وه‌یه كه هه‌ردووكمان پێكه‌وه ئه‌م پڕۆژه‌مان هه‌بوو، ده‌نا ده‌مانتوانی له شه‌ش كتێبی جیادا بڵاویانبكه‌ینه‌وه و هه‌ر كتێبه‌و به‌ناوی نووسه‌رێكه‌وه، ئه‌مه له‌گه‌ڵ كتێبی ناكتێبدا بووین.
*سلۆته‌ردایك زۆر جه‌خت له‌سه‌ر دیالۆگی نێوان كولتوره‌كان ده‌كات، له‌و باوه‌ڕدان له ئێستادا ئه‌و تێزه بتوانێت سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستبهێنێت، له كاتێكدا چ له رۆژئاوا‌و چ له رۆژهه‌ڵات، فاشیزم و راستڕه‌وه‌یی باڵی به‌سه‌ر جیهاندا كێشاوه؟