Anne Frank

یادەوەری وەک فۆمێکی هونەری باڵا لەنێو سینەمادا


Loading

من فیلم زۆر سەیر دەکەم، بەڵام چی وام لێ دەکات کە لەبارەی فیلمێکەوە بنووسم؟ چی وای لێ کردم کە ئەم فیلمە هەڵبژێرم، ئەگەر قسەیەکم هەبێت، لەبارەیەوە بیکەم؟ داخۆ من چی زیاترم پێیە بیخەمە سەر ئەو فیلمانەی کە لەبارەیانەوە دەنووسم؟ ڕەنگە من زیاتر باس لە کاریگەری ئەو فیلمانە لەسەر خۆم بکەم. ئەمەش بێگومان دەبێت کاریگەری فیلمێکی جوان و هزربزوێنی وەک ئانا فرانک بێت.

ئانا فرانک کاریگەرترین نووسەری یادەوەرییەکانی ژیانی خۆیەتی. ئەم گرنگی و کاریگەرییە وای کردووە بچێتە نێو سینەماوە، بەو هۆیەوە بە زۆر زمان و لە زۆر سەردەمدا وەک فیلم دەرهێنانی جیاوازی بۆ بکرێت، هەروەها بە چەندین شێواز وەک ئەنیمەیشن، دراما، زنجیرەی تەلەفیزیۆنی … هتد کاری بۆ کراوە، بۆئەوەی وەک وانەیەکی پەروەردەیی بچێتە نێو خەڵک و جیهانی منداڵانەوە. تایبەتمەندی ئەم فیلمە بە جۆرێکە کاتێ سەیری دەکەی حەز دەکەیت سات بە ساتی ژیانت بە نووسینی یادەوەرییەکانتەوە دۆکیومێنت بکەی! فڕانسین پڕۆز لە توێژینەوەیەکیدا بەناوی ”یادەوەرییەکانی ئانا فڕانک: ئانا، کتێب و ژیان” دەبێژێ ”کتێبی یادەوەرییەکانی ئانا فڕانک، یەکێکە لە مەزنترین کتێبەکان سەبارەت بە جینۆسایدکردنی جوولەکەکان لەلایەن نازییەکانەوە. کچێک کە تەمەنی لە نێوان سێزدە بۆ چواردە ساڵاندایە ئەم یادەوەرییانەی نووسیوە؟ لە کاتێکدا ئێمە وا ڕاهاتووین کە بلیمەتی ئەدەبی پەیوەستە بە تەمەنەوە. ئەمە چەند هۆشسوڕمێنە کە لاوێک بتوانێ وەها بەزرینگی، قووڵی و ناخبزووێنییەوە سەبارەت بە بابەتێک بنووسێت کە خەیاڵ و وێناکردنی گەورەکان پێی ناوێرێت. ئەوەی زیاتر ئەم کتێبە پڕ بایەختر و گرنگتر دەکات ئەوەیە ئەم کتێبە جەخت لەسەر یەک ساتی دیاریکراو و خەڵکی تایبەت دەکات، لە هەمان کاتدا بە زمانێک نووسراوە کە چیرۆکەکە بۆ هەموو سەردەمێک و گەردوونی بێت.”

کتێبی یادەوەرییەکانی ئانا فرانک زیاتر لە ٣٠ ملیۆن دانەی لێفرۆشراوە و بۆ زیاتر لە ٦٠ زمان وەرگێڕدراوە، لە دوای بایبل (تەورات و ئینجیل)ەوە بە یەکێک لەو کتێبانە دادەنرێت کە لە جیهاندا زۆرترین خوێنەری هەیە. بە بۆچوونی من ئەمە کاریگەرییە مەزنەکەی ئانا فرانکە وای کرد نووسینی یادەوەری شتێکی بەهادار بێت. هەروەها دەکرێ یادوەرییەکان وەک بەڵگەیەکی مێژوویی مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت و ئیشیان لەسەر بکرێت. بەتایبەت لە دۆخێکی هەستیاری جەنگدا و لە سەردەمی یەکێک لە گەورەترین جینۆسایدەکان: هۆڵۆکۆست. کەوایە بەهای ئەو نووسین و یادەوەرییەیە کە دەبێ بە کەرەسەی سینەما و دەتوانرێ بەبەردەوامی ئیشی لەسەر بکرێ، فیلمێک بەو ئاستە هونەرییە بەرزە بەرهەم بێنێت. لەم فیلمەدا گرنگی وێناکردن، خەیاڵ و نووسین پەیوەست بە سینەماوە دەردەکەوێت.

ئانا فرانک لە ئەڵمانیا لە شاری فرانکفۆرت لە دایک و باوکێکی جوولەکەی ئەڵمانی لە ١٢ حوزەیرانی ١٩٢٩ لە دایک بووە. ئانا خوشکێکی لە خۆی گەورەتری هەیە. هەموو خێزانەکە لەژێر دەسەڵاتی نازییەکاندا بەهۆی جوولەکەبوونیانەوە مافی هاوڵاتیبوون لەدەست دەدەن. ئانا یەکێکە لەو قوربانییانەی هۆڵۆکۆست کە زۆرترین گفتوگۆی لەسەر کراوە، ئەویش دوای بەدەستهێنانی ئەو ناوبانگە گەورەیەی بەهۆی یادەوەرییەکانییەوە پەیدای کرد. کاتێک لەگەڵ خێزانەکەی خۆیان لە نازیەکان شاردۆتەوە، ئانا یادەوەرییەکانی خۆی دەنووسێتەوە. بەهۆی ئەم یادەوەرییەوەیە کە هەموو ١٢ی حوزەیرانێک [ڕۆژی لەدایکبوونی ئانا]ی گرنگ و مانادار کردووە. لە ڕۆژی سێزدە ساڵەی لەدایکبوونیدا، ئانا لەلایەن باوکییەوە دەفتەری یادەوەریی بەدیاری پێدەدرێ، لێرەوە ئانا دەست بە نووسینی یادەوەرییەکانی دەکات. ئەو یادەوەرییەکانی دەنووسێتەوە؛ تێیدا قسە لەبارەی خەونەکانی دەکات، باسی هەڵچوونەکانی، خۆشی و ناخۆشییەکانی، ئازارەکانی، خۆشاردنەوەکانیان لەدەست دەسەڵاتی نازییەکان دەکات. ئەمەش ڕێگا و ڕوانگەیەکی نوێیە بەرەو گەشتی ژیانی، دەفتەری یادەوەرییەکەی ئانا دەبێتە نزیکترین هاوڕێ و نهێنیپارێزی ئانا.

ئانا کچێکی کامڵ نەبوو هەروەها خێزانەکەشی. لە کاتێکدا زۆرینەی ئەوانەی لە دەوری بوون تێی نەدەگەیشتن، بەڵام ئەو هەست و سۆز و کاردانەوەی ئاسایی بوو وەک هەر کچێک لە سەردەمێکی هەستیاری لاوێتیدا، هەندێ کاتیش خۆپەرست بوو. هەموو ئەمانە زۆر هونەرییانە لە فیلمەکدا نمایش دەکرێن، واتا هەوڵی ئەوە نەدراوە کە کارەکتەری ئانا بە کامڵییەوە نیشانبدرێ. لەم فیلمەدا پەیوەندی نزیکی باوک و کچ دەبینی، هەست بە چێژی لێکتێگەیشتن و هەستکردن بەیەکدی دەکرێ. کاریگەری باوک بەسەر کچە بچووکە بەئاگاکەی. هەروەها پەیوەندی دوور و ئاڵۆزی دایک و کچ، لێکتێنەگەیشتنی دایک لە کچەکەی دەرکنەکردنی وەک خودی خۆی و کێشەکانی نێوانیان، چونکە ئانا باوکی زۆر خۆشدەویست و دایکی بەدڵ نەبوو. هەروەها پەیوەندییەکی جوانی خوشکانەی لەگەڵ خوشکە گەورەکەیدا هەبوو.

لەم فیلمەدا زۆر هونەرییانە ئانا وەک کچێکی بیرکەرەوەی زرنگ و پڕ خەون نیشاندەدرێ، کە بەتەواوی پەیوەستە بە ژیان و هیواکانییەوە. ئەو دەیەوێت ببێت بە نووسەر، وێنەی لەسەر ڕۆژنامە و گۆڤارەکان بێت، یاخود ببێت بە ئەستێرەی فیلمەکان. دەیەوێت سەفەر بکات، زمانەکان بخوێنێت، مێژوو بخوێنێتەوە. ئانا دەیەوێت لە هەموو کچەکانی تر جیاوازبێت، بەپێچەوانەی زۆربەی کچانەوە نایەوێت کچێکی ترادیسیۆنی بێت. ئانا لە یەکێک لە وتە جوانەکانیدا دەڵێ: ”هەرچەندە من تەنیا چواردە ساڵم، زۆر بەباشی دەزانم چیم دەوێ. دەزانم کێ ڕاستە و کێ هەڵەیە. من بۆچوونی خۆم هەیە، ئایدیا و پرنسیپی خۆم هەیە، هەرچەندە ڕەنگە بۆ گەورەکان زۆر شێتانە دەربکەوێت، من پتر وەک کەسێک نەک منداڵێک هەست دەکەم. من بەتەواوی هەست بە سەربەخۆیی خۆم دەکەم. من نامەوێ وەک زۆرینەی خەڵکی لە بەتاڵیدا بژیم، دەمەوێت بەسوودبم و شادی بۆ هەموو خەڵک بێنم، تەنانەت بۆ ئەوانەی کە هەرگیز نەم بینیون. دەمەوێت تەنانەت دوای مەرگیشم لە ژیان بەردەوام بم!” ئەم ژیاندۆستییەی ئانا وای کرد یادەوەرییەکی بەسوود و جوان بنووسێت، کە دوای مەرگیشی هێشتاش هەر زیندووە. دوا جار نووسینی یادەوەری وەک شێوازێکی پەروەردەیی بۆ منداڵان پێشنیار بکرێ. لە کاتێکدا ئەو خۆی هێشتا منداڵ بوو کە ڕووبەڕووی جەنگ و جینۆسایدبۆوە، ناچارکرا خۆی حەشاربدات. منداڵانێکی زۆریش لە هۆڵۆکۆستدا کوژران، کە بەنزیکەیی یەک ملیۆن و نیو منداڵ کوژراون، هەرچەندە چیرۆکی ئانا فرانک تەنیا یەکێکە لەوان، کە دەتوانرێ وەک دەنگی نەوەکان ببیسترێ و ببینرێ.

ئەم فیلمە ٢٠٠١ لەسەر بنەمای کتێبی بایۆگرافی ئانا فرانک دەرهێنراوە. کە فیلمێکی درامی بایۆگرافییە، دوو بەشە کاتەکەی سێ سعات و دە خولەکە، لەبەر درێژی کاتەکەی وەک زنجیرەی تەلەفیزۆنی نمایش کراوە. فیلمەکە باس لە سەرەتای ساڵی ١٩٣٩ دەکات پێش ئەوەی نازییەکان دەسەڵات بگرنە دەست و شەڕ دەست پێبکات، پێش ئەوەی ئانا دەست بە نووسینی یادەوەرییەکانی بکات. چونکە سەرەتا بە خێزان و هاوڕێ و خەون و ژیانی ئانامان ئاشنا دەکات. لێڕوانەر ناتوانێت سات بە سات لەگەڵ دیمەنەکانی ئەم فیلمەدا نەژیت، ئەمەش نیشاندانی توانای دەرهێنەر و بەهای یادەوەرییەکانی ئانا فرانکە، کە دەتوانرێ لە کۆنتێکستێکی هونەریدا بە شێوەیەکی کاریگەر گوزارشتی لێ بکرێت.

Robert Dornhelm زۆر جوان کاری دەرهێنانی بۆ ئەم فیلمە کردووە. هەروەها پێویستە لەم فیلمەدا ئاماژەیەکی تایبەت بە ڕۆڵبینی ئەکتەرHannah Taylor-Gordon  هانا تایلۆر بدرێت کە دەوری ئانا فرانکی بینیوە، هەروەها Ben Kingsley  بێن کینسلی (ئۆتۆ فرانک) وەک باوکی ئانا بدرێت. سەرەڕای ئەوەی تەواوی ئەکتەرەکان و ستافی فیلمەکەش شایەنی ئەوەیە ئاماژەیان پێبدرێ. هانا تایلۆر کەسییەتی ئانا فرانکی بەرجەستە کردووە، بەتەواوی توانیویەتی هەست و سۆز و ڕووحیەتی ئانا بگەیەنێت تەنانەت توانیویەتی ڕۆڵی کەسایەتیەکەیشی بگێڕێت، هەروەها لاوازییەکانیشی وەک مرۆڤێک بەرجەستە بکات.

دوای بینینی فیلمەکە ناتوانیت کە هاوسۆز نەبیت لەگەڵ دۆخ و یادەوەرییەکانی و ئەو زانیارییانەی لەبارەی مێژووی ئەو سەردەمەدا پێت دەدرێ، کە دوا جار کۆتاییەکی تراژیدییانەی هەیە. لە دیمەنەکانی ئەم فیلمەدا سنووری یادەوەرییەکان بوونی هەیە، کە زۆر ڕێکخراو و هونەرین، لێڕوانەر لە دیمەنەکانەوە بەپەرۆشییەوە چاوەڕێی چارەنووسی کارەکتەرەکان دەکات. لەبەرئەوەی جینۆسایدی هۆڵۆکۆست تێگەیشتنێکی قووڵترمان پێدەڵێت سەبارەت بە توندوتیژی و وێرانکاری جەنگەکانی مرۆڤ.

لە یادەوەرییەکانی ئانا فرانک لە فیلمەکەدا پەیامی گرنگ هەیە، کە وەک پێویستییەک دادەنرێت ئەمەش زۆر بەسادەیی ئەوەیە هەموو مرۆڤێک مافی ئەوەی هەیە بە ئازادی و لە ئازادیدا بژی. هەروەها یادەوەرییەکانی ئانا ئەوەمان پێدەڵێ تەنیا لەبەرئەوەی لە ئاین و نەتەوەیەکی جیاوازی ئەمە مانای ئەوە نییە سزابدرێی و جیاواز مامەڵەت لەگەڵ بکرێت. بەو شێوەیەی کە نازییەکان بەرانبەر بە جوولەکەکان کردیان. بەهۆی ئەمەوە خێزانەکەی ئانا ناچارکران بڕۆن بۆ ئەمستەردام، دواتر دۆخی جەنگ قووڵتربۆوە و سزاکانی سەر جوولەکەکان قورسترکران، ئەمەش باوکی ئانای ناچار کرد کە بە دوای شوێنێکدا بگەڕێت بۆ ئەوەی بەنهێنی خۆیانی تێدا حەشاربدەن تاکو پارێزراوبن تا ئەوکاتەی جەنگ کۆتایی دێت. باوکی ئانا بە یارمەتی کۆمەڵێ هاوڕێی خۆی چەند ژوورێکی نهێنی و شاراوە هەڵدەبژێرن لە شوێنی ئیشکردنەکەیدا، بۆ ئەوەی تێیدا بژین لەگەڵ کۆمەڵێ خێزان و کەسی تردا کە ئەوانیش جوولەکەن. خێزانەکەی فرانک لەگەڵ چەند خێزان و کەسی تردا بۆ ماوەیەکی زۆر خۆیان لە پەناگەیەک لە شوێنی ئیشە کۆنەکەی فرانک (باوکی ئانا) حەشار دەدەن. بۆ ماوەی دوو ساڵ بەنهێنی و بەبێ ئەوەی بڕۆنە دەرەوە لەم حەشارگەیەدا ژیان بەسەر دەبەن. لەم فیلمەدا کامێرا زۆر لەسەر دیمەنەکانی شوێنی خۆشاردنەوەکە دەمێنیتەوە، پێم وایە مانەوەی کامێرا و فیلمەکە لەسەر ئەو دیمەنانە بەوجۆرە پێوست نییە. بەڵام ڕەنگە هۆکارەکەی ئەمە بێت کە ئانا فرانک یادەوەرییەکانی خۆی لەم پەناگەیەدا نووسیوە بۆ ئەوەی ئەو شوێنە بەتەواوی نیشانبدرێ، هەروەها ئیلهامی نووسینەکانی نیشانی لێڕوانەر بدرێ و هەست بەو دۆخەی بکرێت کە تێیدا بووە.

کاتێک هەمووان لە شوێنە نهێنییەکەدا بە ترس و گومانەوە ژیان بەسەر دەبەن، ئانا بەو هەموو سەختییەی دێتە پێشی دڵخۆش و پڕ ئومێدە بەردەوام بیر لەو چیرۆکانە دەکاتەوە کە دەیان نووسێت، بیر لە خەون و هیواکانی دەکاتەوە، پلانی هەیە بۆ ئەو کاتەی کە لەو دۆخە ڕزگاریان دەبێت. لەنێو کەسێتی ئانادا چێژێکی جوان بەدی دەکرێ کاتێک دەنووسێ و وەسفی شتەکان دەکات. ئاخر ئەو لەو تەمەنە بچووکەیدا هەندێ کات سەختبوو تێبگا کە دایک و باوکی لە چ دۆخێکی قورسدان. دواتر شوێنەکەیان ئاشکرا دەبێت و هەموویان ڕاپێچی کەمپە زۆرەملێکان دەکرێن و لەوێدا ئیشیان پێدەکرێ لە دۆخێکی سەختدا دەمێننەوە ڕۆژبەڕۆژ ژیانیان قورستر دەکرێت، تاکو دوا جار ڕاپێچی کەمپەکانی مەرگ لە ئاوشفیتس دەکرێن. لەو کاتەدا دیمەنەکانی فیلمەکە وات لێ دەکات پرسیار لە خۆت بکەی کە هەموو ئەمانە ڕۆژێ ڕاستی بوون و ڕوویان داوە؟ بەڕاستی خەڵکی بەم شێوەیە مردوون و کوژراون؟ بەم جۆرە بێبەهاکراون و جێهێڵدراون تاکو لە برسییەتی، سەرما و پیسیدا بمرن!؟ هەموو ئەمانە دۆخێکی ناخەکی قورست لا دروست دەکات، چونکە ئەم فیلمە بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش نییە، بەڵکو لەو فیلمە کاریگەرانەیە کە لێوەی فێردەبیت. تەنانەت ئازارت دەدات، زۆرێک لە دیمەنی کەمپەکانی مەرگ بێزارکەرن، هەروەها شێوە و دۆخی فیزیکی و فۆرمی ئانا فرانک لە کەمپەکەدا تووشی خەمۆکی و کەئابەیەکی قووڵت دەکات. دەشێ دەرهێنەر لە ڕێگەی نیشاندانی ئەو دیمەنانەوە بیەوێت هەست و سۆزی لێڕوانەر بوروژێنێ، لەوانەیە لەو کاتەدا پێویست بەوەش بکات بۆ ڕاکێشانی لێڕوانەر بۆ ناو یادەروەرییەکانی ئانا؛ هەروەها بۆ ئیشکردن لەسەر هەستی لێڕوانەر بۆ ئەوەی ئەو جینۆساید و لەناوبردنە ڕێگەی پێنەدرێ جارێکی تر ڕووبداتەوە. ئانا دەڵێ: ”ڕۆژێک دێت ئەم جەنگە نەگریس و بەدە کۆتایی پێ دێت. کاتێک دێت دەبینەوە بە مرۆڤ نەک تەنیا جوولەکە بین” ئەو تەواو دەرکی بەوە کردووە کە ئەوان وەک جوولەکە لە مرۆڤبوون خراون و ڕەوایەتی بە کوشتن و لەناوبردنیان دراوە. بەڵام بەداخەوە وەک ئێمە دەزانین تاکو ئێستاش جەنگ و جینۆساید هەر ڕوودەدات و بەردەوامە!

دوای گرتنی ئانا و خێزانەکەی و سەرجەم ئەو کەسانەی کە خۆیان حەشاردابوو، ئانا هەموو دەسنووسی یادەوەرییەکانی بەجێدەمێنیت بەبەرچاوی خۆیەوە ئەفسەرەکە فڕێی دەداتە سەر زەوی. بەڵام دوای ڕۆشتنی سەربازە نازییەکان کە ئانا و خێزانەکەیان برد؛ ژنێک لەو ساتەدا بەهای ڕاستەقینەی یادەوەرییەکانی ئانا دەزانێت، ئاخر یادەوەرییەکان دەمێننەوە بەپێچەوانەی کەسەکانەوە. ئەو ژنە هاوڕێی ئانا و باوکییەتی ناوی (Miep Gies)ە کە هەر ئەو خۆی یارمەتیدەریشیان بوو بۆ ئەوەی لەو پەناگەیەدا بمێننەوە. ژنەکە دەستنووسی یادەوەرییەکانی ئانا دەپارێزێ لای خۆی بۆ ئەوەی کە ئانا گەڕایەوە بۆی بگەڕێنێتەوە، بەڵام ئانا هەرگیز ناگەڕێتەوە. کاتێک باوکی ئانا ڕزگاری دەبێت و دەگەڕێتەوە، ئەم ژنە دەستنووسی یادەوەرییەکانی ئانا دەداتەوە بە باوکی ئانا. هەرچەندە ئانا خۆی ڕزگاری نەبوو، بەڵام یادەوەرییەکانی دەمێننەوە، بە هۆی پاراستنی یادەوەرییەکانی ئاناوە ئەم خانمە چەندین خەڵاتی وەرگرتووە. هەروەها خۆشی کتێبێک لەبارەی یادەوەرییەکانی ئانا دەنووسێت.

سەرچاوەکان:

Caldwell, David(2010) Reflections on Holocaust and Holocaust, Rocky Mountain Review. Vol. 64, No. 1, pp 11-16

http://forreadingaddicts.co.uk/authors/10-anne-frank-quotes-fill-hope/19225

 

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین.
.