چەند سەرەقەڵەمێک دەربارەی کتێبی “بەهەشتی ئیجباری”
ئەفسانە مستەفا

لە پاڵ هێنانە بەرباسی چەند بابەتێک بۆ ڕەخنەکردنی دۆخی ئێستەی کۆمەڵگەکەمان، نابێت ئایین بەدەربێت لەم ڕەخنەکردنە. ئەوەی لە ئێستادا هەیە تەوژمێکی ئایینی پەڕگیرە، بەکاریزماکردنی چەند ئیسلامییەکی سەلەفی و ئیخوانی و جیهادی ڕادیکاڵە. بەهۆی ئەوەی نەتەوەی کورد بە قۆناغی ڕۆشنگەرییدا نەڕۆشتووە یاخود ڕاستترە بڵێین لە دروستکردنی زەمینە سازییەکەدا سەرکەوتوو نەبووە، بۆیە ناوەندەکە بەتەواوی هاوکارە لە بڵاوبوونەوەی فیکری توندڕەویی، جا ئەم بەکاریزماکردنە کاریگەری تەواوی لەسەر بیرکردنەوەی تاک هەبووە/هەیە. لەم ڕوانگەیەوە گرنگە پێشوازی لە هەر ڕەخنەیەک بکرێت کە ئاڕاستەی ئایین دەکرێت(دەڵێم ڕەخنە، نەک شتی تر). من بەرگری لەو قەڵەمانە دەکەم کە دژە باو دەنووسن و بیردەکەنەوە، کە کۆمەڵگە(حەشامات) بە مەترسییان دەزانێت. بەڵام ئەمە نابێت هۆکاربێت بۆ ئەوەی ڕەخنە نەگرین، زۆرجار وابیردەکەمەوە، دەنگی زاڵی ئەوانەی بەرامبەر بە فیکر وەستاونەتەوە ئێمەی ڕاگرتووە لە ڕەخنەکردن.
ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوەیە بە هۆشیارییەوە مامەڵە لەتەک ئەو ڕەخنانەشدا بکەین.
لەم کورتە سەرنجەمدا دەربارەی “بەهەشتی ئیجباری” مەریوان وریا قانیع، قسەدەکەم.
- بەگشتی لەتەک ئەو بۆچوونەدا هاوڕام، لەم چەند ساڵەی کۆتاییدا، ئیسلامییەکان گەشەیان بە جۆرێک لە زمانی زبر و هێرشبەرانە و توندئامێزانە داوە. ڕەنگە ئەمە خاڵێکی گرنگ بێت بۆ تێگەیشتنمان لەو کەسایەتییە توندڕەوە کە لە نێرگزیەتێکی قوڵدا دەژی و لە شکستێکی گەورەدا دەناڵێنێت. بە کافرزانینی هەموو ئەوەی دەرەوەی خۆی و بە نەفرەتکردنیان و ڕەتکردنەوەیان، خۆ بە خاوەنزانینی ڕاستی ڕەها ئاماژەکانی ئەو نەخۆشییە دەروونییەن. من لە کتێبەکەمدا(ئاوەژووکردنی واقیع) ئەم پرسیارانەم کردووە و لەوێشدا وەڵامی پێویستم داوەتەوە:”بۆچی تاکی ئایینی ئامادەیی ئەوەی تێدایە ڕووبەڕوو بێتەوە لەگەڵ تاکێکی نائایینی، یاخود ئایینێکی جیاواز لە خۆی، بۆچی ئایدۆلۆژیستێک بەربەریانە کردار دەنوێنێت؟”. ڕەنگە ئەم توندوتیژییە وەک دەڵێن چوونەوە قاڵبی خۆ بێت، بەڵام کورد لەڕێی ئەدەبیاتییەوە هەمیشە دیوێکی عاریفانە و سۆفییانەی بەخشیوە بە ئایینەکە وەک شاعیر دەڵێت”باوکم هەرگیز قورئان و دیوانی مەحوی لێک جیا نەدەکردەوە”.(ئەوەی کە کورد باشی کردووە یان نا، بابەتێکی دیکەیە دەکرێ لە دەرفەتی دیکەدا گفتوگۆی بکەین).
- نووسەر وەک کۆمەڵناسێک(هەڵبەتە خۆی بە کۆمەڵناس ناساندووە) پێی وایە گوایە کۆمەڵناسی قسەی نائایینی دەربارەی ئایین دەکات. لەڕاستیدا کۆمەڵناسی کە لەناو کاتیگۆری زانستە مرۆییەکاندایە، دەبێت وەک زانست مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. ئەم زانستەش لێکۆڵینەوەیە دەربارەی ڕەفتار و حاڵەت و کۆی دیاردەکانی ناو جڤاتێک. بەڵام ئەم زانستە وەک بەشێكی پزیشکی نییە بچیتە تاقیگەوە و مامەڵە لەگەڵ کەرەستەیەکدا بکەیت، لە لێکۆڵێنەوەی کۆمەڵناسییدا مێشکی تاکێک نابرێتە تاقیگە و شیتەڵبکرێت. کۆمەڵناسی لەئاستی دیاردە و حاڵەت مامەڵە لەگەڵ کۆمەڵگە دەکات، تێڕوانینەکانی پێشکەش دەکات، ئەرکی کۆمەڵناس لێتوێژینەوەیە، درککردنە، لەڕێی ئەو چەمکانەی دایدەهێنێت تاک ئاڕاستە دەکات بۆ بیرکردنەوە. کاتێک کۆمەڵناسێک لە دیاردەیەک دەکۆڵێتەوە، مێژووی سەرهەڵدانی بنکۆڵ دەکات، ڕاستییەکانمان پێدەڵێت، دواتر تێڕوانینی خۆی دەخاتە ڕوو. ڕاستییەکان ئایدۆلۆژی نین بەڵام دەکرێت تێڕوانینی کۆتایی توێژەر تاڕادەیەک بارگاویی بێت بە ئایدۆلۆژیا. بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگە بزانین خودی زانستەکە نابێت ئایدۆلۆژی بێت. بۆیە ئەو گوتەیەی نووسەر خزمەت بە بواری کۆمەڵناسی ناکات، بەتایبەت دۆخی ئێستەی تاکی ئێمە، تاکێک کە سڵ دەکاتەوە لەوەی لە وانەیەکی مامۆستاکەیدا بە دیار ڕەخنەی ئایینیەوە دانیشێت، ئەگەریش گوێی لێ بگرێت بۆ ڕەتدانەوە و پەلاماردانی مامۆستاکەیە. بۆیە گوتەی “کۆمەڵناسی قسەی نائایینی دەربارەی ئایین دەکات” وادەکات خودی زانستەکە نەخوازراوبێت. ئەگەرچی لە پەڕەی ٥٢ـدا ئەم بۆچوونەی هەڵدەوەشێنێتەوە و دەنووسێت “ئەرکی زانستی کۆمەڵناسی ئەوەش نییە بە خەڵک بڵێت چ شتێک دینە و چ شتێک دین نییە، یان پێیان بڵێت دین پێویستە چۆن بێت” !
- نووسەر، بە بەکارهێنانی “دینی دایکی یان دینی دایکمان” هەموومان لە قۆناغێکدا دەهێڵێتەوە. ئەو قۆناغەی هۆشیارانە مامەڵە لەگەڵ ئاییندا نەکراوە، قۆناغێک بەرئەنجامی بە زۆر سەپاندنی ئایینەکەیە. ئایینی دایک”ـی لەناو بۆکسێکدا داناوە و ئیدی خوێنەر بەدەر دەکات لە گومانکردن و ڕەخنەکردنی ئەو چەمکە. ئەمە سندوقی پاندۆرایە. ڕەنگە بۆئەوەی ببینە کۆمەڵناس پێویستمان بە هەڵدانەوەی سندوقەکە بێت.
- وەکوو گوتم قسەکردنێکی ڕەخنەییانە دەربارەی ئایین پێویستی ئێستامانە. بەو تێگەیشتنەی کە کردارەکانی ئاییندار ئامانجی ئایینەکەیە نەک وا مامەڵەیان لەگەڵ بکەین کە هەریەکەیان لە جەمسەرێک بن. نووسەر لە پەڕەی ٦٩ـدا دەنووسێت “دین دیاردەیەکی بان مێژووییە و دینداری دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە”. ئێمە دەتوانین لەڕێی مێژووی ئایینەکە و کتێبە پیرۆزەکەیەوە ئایینەکە بناسین. ئایین لە کۆمەڵناسیدا دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە وەک هەر دیاردەیەکی دیکە، ئایینداریش بەرئەنجامی پەیڕەوکردنی بنەواشە ئایینییەکەیە. ئەو بۆچوونەی نووسەر، ناکرێت یەکسانبکرێت لەگەڵ بۆچوونەکەی کانت کاتێک جیاوازی دەکات لەنێوان “دەرکەوتەی شتەکان” لەگەڵ “شتەکان لە خودی خۆیاندا” ئەم پرسە پەیوەندی بە بوونەوە هەیە، ئایینیش دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە نەک گەردوونی، ئایینی ئیسلام میتافیزیک نییە چونکە خودای داگیرکردووە. نووسەر، بەرپرسیارییەتی لە ئایین دەکاتەوە و ئاییندار دەکاتە سەنتەری کێشەکان. لەناو عەرەبدا ڕۆشنبیر دروستبوون ڕەخنەی جددی لە ئایینەکەی خۆیان دەگرن، بەڵام ڕۆشنبیری کورد تازە دێت و دەڵێت ئایین کێشەی نییە! “ئایین کێشەی نییە” هەمان ئەو شتەیە چەندین ساڵە ئیسلامییەکان کاری بۆ دەکەن، چونکە ئایینێک کێشەی نەبێت(کە لە ڕاستیدا کێشەدارە) دەکرێت وا بانگەشە بکات کە چارەسەری کێشەی نەتەوەیەکی لایە. ئەوەشی ئێستا ئایکۆنە ئیسلامییەکان دەیکەن مۆنۆپۆلکردنی گوتارە، ئەوانن قسەدەکەن، ئەوان دۆست و دوژمنمان بۆ دیاریدەکەن، ئەوان پێمان دەڵێن پێویستە لەگەڵ کێ هاوسۆز بین.
- مارکس دەڵێت: “ئایین هەناسەی چەوساوەکانە، دڵی جیهانێکی بێ دڵە، ڕۆحی ئەو هەلومەرجە کۆمەڵایەتییانەیە کە ڕۆحی تیادا نەماوە، ئایین تلیاکی گەلانە” واتە ئایین ئەو پانتاییەیە کە مرۆڤ دەتوانێت لە واقیعەکەی دەربازی بێت، ئەمە وا لە مرۆڤ دەدکات ڕازیبێت بەو هەلومەرجەی تێیکەوتووە. غافڵاندنی خودە لە تێگەیشتن. جا ئەم غافڵاندنە جۆراوجۆرە، لە سادەترین جۆریدا دەکرێت تاکێکی ناچالاک و ڕازیی دروستبکات، لە توندترین جۆریدا خۆی لە هەڵگرتنی چەکدا بەیاندەکات. بەڵام نووسەر لە پەڕەی ١٧٨ـدا دەنووسێت: ئایین تلیاک نییە بەڵکوو گۆڕاوە بۆ چەک” واتە پێی وایە ئەم چەکەی ئایینەکە خاوەنییەتی، هەڵگری هۆشیارییە. ئەوەی لێرەدا هەیە چەکە و شۆرشگێڕێکی ئیسلامییە، ئایا مانای ئەوەیە لەتەنیشتیاندا هۆشیاریی خۆی مەڵاسداوە؟ ئایا پێناسەمان بۆ هۆشیاریی چیە؟. ئەگەر ئەوجۆرە لە چەکی ئایینی و دواتریش شۆڕشی ئایینی هۆشیاریی لەگەڵدابێت، پێویستە خوێندنەوەمان بۆ هۆشیاریی هەبێت، بۆئەوەی ڕوونبێتەوە کە مەبەستمان چییە، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا دیسان ئایینەکە توشی گێرمەوکێشەی دیکە دەکات کاتێک بابەتەکانی وەک زانین، ئاکار، زانست..تد، دێتە پێش. نەک ئەمانە بەڵکوو ئایینەکە ناکۆکە لەتەک کۆی چەمکە سیاسییەکاندا.
