Henri De Toulouse-lautrec / 'woman Sitting On A Divan', 1882, Oil On Canvas, 55 X 46 Cm. is a painting by Henri de Toulouse Lautrec -1864-1901

Loading

وەک هەمیشە دەبێ دڵنەوایى خۆم بدەم و دەچمەوە لاى پەنجەرە بۆیاخکراوەکە،  تیشکى خۆر شووشەکە نابڕێت، هه‌ربۆیه‌ ناچار بەکردنەوەم دەکات. مەگەر لە یەک-دوو پەنجەى بەشى سەرەوە نەبێت كه‌  بۆیاخەکەى هەڵوەریووە. لەوە دەچێت ئاماژەى چاوەڕوانییەکەى من بێت، وا خەریکە منیش پەتایى بۆییەکە دەگرم. من لەوێ نیم و  هەواڵێک نییە،  ئەم بێئاگابوونە هەناوم دەکرمێنت…

 

 ڕاهاتووم پشتى هەموو لەخەو ڕابوونێکى بەیانیان، لەو پەنجەرەیەوە چەند خوولەکێك لەبەر تیشکى خۆر بوەستم، هەتاوەکەى وزە بە گیانم دەدا. هەنگاو دەنێم سکەى سەر پەنجەرەکە ڕامدەچڵەکێنێت، بیرمدەخاتەوە دەبێ پەرەدەکە لابەرم. پەردەى چى! ژوورەکەى من پەردەى نییە… شەش-حەفت ژێرکراسى ئەون، دواى هەر ژووانێک بە پەنجەکانى خۆى لە سکەى دەگرتن. بیرمە گووتى؛ بەڵێن بدە هەموو بەیانییەک لە پەنجەرکەوە خۆر بۆنى ژێرکراسەکانى من بەژوورەکەتدا بڵاو بکا… ساتێک بێدەنگ بوو. تەنیا مایۆکەى هەڵکێشابوو، سەرێکى هەڵبڕ و ڕووانى:  ئیدى لە برى پەردە ئەوان باڵ بەسەر تەنیایی ژوورەکەدا دەگرن، ئەوان بەشێکن لە پێستى من. بێ خۆتایان نەکەیت…

هێنری لوتریك تولوزه‌؛ژنێك له‌به‌رده‌م ئاوێنه‌دا -١٨٩٧
Woman before a Mirror
1897
Henri de Toulouse-Lautrec

لەو ڕۆژەوە پەردەى ژوورەکەم لە سووچێک جێکردۆتەوە و ژێرکراسەکانیش وەک کیژۆڵەیەکى نازەنین، هەمیشە وەستاون جارجارە بە کزە بایەک دەکەونە سەما.

 

ئێستا دەبێ بیر لە چى بکاتەوە! بەخۆم دەڵێم، منى بیر نەچۆتەوە؟!  هەر کات چرووتێک ببینێت، یاخود دایگیرسێنێ، بە درێژایى هەڵکێشانى، من لە ناو سییەکانی ئه‌ودام… لە پەنجەرەکەوە لەو هەتاوە ڕادەمێنم، هێواش هێواش زەوى بەخۆیەوە سەرقاڵ دەکات، وەک چۆن ئەو سەرتاپاى ئەندێشەى کۆت کردووم. خۆشم لەو ڕاستییە ناشارمەوە چەند ساڵە هەواڵێکى نازانم. ئێستا دەبێ چەندانى وەک من لە چاوەڕوانیدا، لەسەر کورسیەکى شکاو یان قەنەفەیەکى ڕزیوو دەست درێژ بکەن بۆ تەپڵەکى جگەرەکانیان و سۆتەک جێبهێڵن. یەکێک لەو جارانەى کە هات بۆ لام، زیاتر لە جارانى پێشووى مایەوە. نیوەڕۆکەمان بەیەکەوە گوزەراند،  ورد لە سەر و بن و کەلەبەرى ماڵەکەمى ڕوانى؛ دۆڵاب و مێزى نوسین و کتێبخانە و مەتبەخ و ژوورەکان گەڕا، وەک ئەوە وابوو بەدواى نهێنیەکدا بگەڕێت. لەو دەورانەدا لەلاى بوتڵە ویسکەیە وەستا، دەمى شووشەکە کراوە بوو، پەرداخێکى بچکۆلانەى بەتەنیشتەوە بوو.

گووتى: دەخۆیتەوه‌ …

گووتم: لەوە دەچێت…

لەو باوەڕە بووم دەرک بە شتێکى سەیر بکات، پێشبینى ترسێکم لێى دەکرد.

گووتى: جەناب خۆش دەژیت…

گووتم: من؟

“گووتی: شووشەکە قڵب بکەمەوە، یان چۆڕێکت بۆ تێکەم؟

باگۆم دایەوە:  تكایه‌، چۆڕێک….

 

Henri De Toulouse-lautrec / ‘woman Sitting On A Divan’, 1882, Oil On Canvas, 55 X 46 Cm. is a painting by Henri de Toulouse Lautrec -1864-1901

جوڵەکانى جۆرێک بوون. زۆر کۆنتڕڵ و بەئاگا. هێشتا جلەکانى دانەکەندبوو. تەنیا ماچى هاتنیمان گۆڕیبوویەوە. ئەو ڕۆژە پشوو بوو وانەم نەبوو بیدەمەوە، ئەو ڕۆژانەى وانەشم نەبێت ناچم بۆ زانکۆ، شەوى پێشوو ئەو دەمەى سەیرى بەرنامە بێ ماناکانى تەلەفیزۆنم دەکرد، زەنگى لێ دا.

بیستۆکەکەم هەڵگرت: سڵاو….

گووتى: بەیانى دێمە لات ئەگەر کارت نەبێت…

گووتم: هەر کاتت ویستت…

گووتى: وەک هەمیشە لەگەڵ گەرم بوونى زەوى دەگەم. پێش نۆ…

گووتم؛ چاوەڕێم…

گووتی: دەتبینمەوە…

گوووتم؛ ماچ…

خەندەیەک: ماچ…

 

دەمزانى بۆ ئەم کاتە ویسکى بێ مانایە،  هەر جۆرێک بێت ڕێگری نەبووم و پێکەکەى تێکرد. چاوى بەدەورى خۆیدا گێڕا، ئەوەى ویستى نەکەوتە بەرچاو. کاردانەوەم نەبوو، ڕۆیشتە موبه‌قەکە، دەنگى کەوانتەر و پەرداخەکانم بیست. دڵەکوتەم بوو، بە خۆمم دەگووت؛ “تۆ بڵێى ئەوە بکات، جوان دەبێت ئەویش هەڵیبدات؟… بە خەندەوە گەڕایەوە، دووبارە بوتڵەکەى بەدەستەوە گرت و کەمێکى تێکردو  داواى جگەرەیەکى کرد. دامگیرساند. لەسەر قەنەفەکە دانیشتبووین لە پەنجەرەکەمان دەڕوانى، پێمگووت:  هەمیشە لە کاتى دیارى کراو تۆ دێیت. بەمەش دەمگەڕێنیتەوە بۆ خۆم،  وام لێ دەکەیت باوەڕ بەوە بهێنم کەسێک هەیە گرنگیم پێ دەدات. دەزانم هەرکات هەتاو خۆى گەیاندبێتە شووشەکان تۆ نەهاتوویت…

لە پێکى دووەم بووین، هەر کە پێكه‌كه‌ی بەرزکردەوە، توند هه‌ر دوو چاوه‌ گەشه‌كانى نووقاند. گەڕایەوە بۆ موبه‌قه‌كه‌  و پەرداخەکانى جێهێشت و  سەرێکى لە ژوورى خەوتنەکەم دا.  خشپە خشپێک بەرگوێم، کەوت گۆرەوییەکانى داکەندبوو، تەنیا ژێرکراسێکى ئەرخەوانى بە بەریەوە دەبینم. مەمکدان و پەڕۆگوڵینەکەى خوارەوەى داکەندبوو. لاچکى سەرشانى چەپى ژێرکراسە ئەرخەوانییەکەى گرتبوو و بەرەو لاى من دەهەنگاو. سەیرێکى ژێرکراسەکانى ترم کرد ئەرخەوانییەکى تر هەڵواسرابوو. جەستەیەکى پڕ و تۆکمە، مەمکى زل وتووند، پوز و کەڤەڵى لە عەجمینیان خستم. جار بۆ جارێ پتر هۆگرى دەبووم، ئەو ڕۆژە زایەندەیەکى قووڵ، قووڵ وەک بیرەوەیەکى تاڵ ئێمەى گەیاندە کەنارى تێربوون…

 

سووتەکى جگەرەکە چەماببوویەوە و ئێمەش ڕوو لە پەنجەرەکە، پەژارەیەک خەریک بوو سەردەربێنێ، زیرەکانە بەلاوەى دەنا. هەر کات دەرکى بەوە بکردبا پرسیار دەکەم پەنجەى بە لێومەوە دەنووساند، دواتر ماچى…

گوتى: جگەرەیەکى چرووت دادەگیرسێنى؟.

هەستێکى سەیرم هەبوو. چووزانم دوودڵ بووم، وەسوەسەیک بەرۆکى گرتبووم، وڕێنەى ئەوەم بوو، دەڕوات و ناگەڕێتەوە. دەمەوێ بزانم چی بووە و دەرفەت ناقۆزمەوە،  ڕێگە بە گومانەکانم دەگرێت و  ماچم دەکات،  جگەرەکەم داگیرساند. دواى سێ مژی  ئاسایى لە دەستى دەرهێنام.

گووتى: بەیەکەوە دەیکێشین…

گووتم: هەر چۆنێ بتەوێ…

گووتى: لەمەودوا ئەگەر دەستم بۆ جگەرە برد، چرووت دەبێت…

گووتم: نەیکێشى چاكتره‌…

گوتى: بۆنى تۆى لێ دەکەم…

هێنری لوتریك تولۆزه‌؛ ژنه‌ك گۆره‌وویه‌ ته‌نكه‌كه‌ی هه‌ڵده‌كێشێت- ١٨٩٧

ڕەنگە دانپێدانان قورس بێت، بە تایبەت لە ساتێکى وه‌ها دا، بە درێژایى ئەو ماوەى سەردانى دەکردم دەمم نەبزوا بڵێم؛ خۆشم دەوێى… ئەو ونبوونە لە ناکاوەى تەواو هەراسانى کردووم، ئێستا ئەوم خۆش دەوێ و چاوەڕێم هەر نەبێت نامەیەک فڕێ بکات. دەمەوێ پەیدابێتەوە. بەڵام ڕوونادات. بیرکردنەوەم لە ئەو زێدەتر بووە لە جاران، لە ئێستادا، تەنیایى زەفەرم پێ دەبا و ڕۆحم هەڵدەگۆزێ.

ئەو لێرە نییە و منیش وەک پیشەى ڕۆژانە ژێرکراسەکان لادەبه‌م، پەنجەرەکە دەکەمەوە و چاوەڕێم لە سووچێکى کۆڵانەکە دەرکەوێت. خۆشم لەسەر قەنەفە داڕزاوەکە، جگەرە بەدەست لەسەر پشت ڕاکشاوم و کتێبی “خۆکۆژییە ئاشقەکان” دەخوێنمەوە.

ڕوونيشتن به‌سه‌ر ئەم قەنەفە بۆگەنە و ئێشکگرتن کاریکى ئاوا دڵڕفێنیش نییە، وەلێ بۆ من بووە بە پیشە، دەبێت چاو لە ڕێى ئەودا غافڵ نه‌كه‌م. دەنگى دەرگا ڕایچڵەکاندم! مامۆستا ئاسۆى هاوڕێم بوو. درووست ئەو ساتەى دەنگى دەرگام بیست جگەرەم بە دەستەوە بوو. جگەرەکەم لە تەپڵەکەکە جێهێشت و دەرگام بەڕوویدا کردەوە. دوايى قوونم نووساند به‌هه‌مان شووێنى پێشووى قه‌نه‌فه‌كه‌.

ده‌يهه‌ويست ئەم دۆخه‌ تێپەڕێنم به‌ گه‌شتێك. لاشم گرنگ نەبوو کوێی مه‌به‌سته‌. گرنگتر لەوە ئەو بوو نەمدەتوانى یەک بەیانیش چییە خۆم دابڕێنم لە پەردە هەڵدانەوە و سەیرکردنى کۆڵانەکە، قوومێكم له‌ جگه‌ره‌كه‌ دا…

سەیرێکى کۆڵانەکە دەکەم، هاکە نا هاکە سەر دەر دێنێت. دەمەوێ باوەڕ بەخۆم بهێنم ئەو لە ڕێگەیە. بەڵام وا دەرناچێت، کەمێکى تر خۆم ماتڵ دەکەم قوومێک لە جگەرەکە دەدەم، بێ فایدەیە تێدەگەم ئەمڕۆ نایەت. بە خۆم دەڵێم، بەڵکە بەیانى بێت. پەردە ژێركراسیه‌كه‌  دادەدەمەوە، هەمدیس بەیانى چاوڕێ دەبم…

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌.