حەسرەتەکانی دارا دارەمان
ئەحمەدی مەلا
١
من ناوم دارا دارەمانە
جوانترین ناوم لەلا ڕەعنایە
پێش ئەوەی گوڵی ھەنار شکۆفە بکا
دڵم خەتەرە دەکا
ئاسمان بە سایەقەی ساماڵیش
ھەر سپی دەچێتەوە
لە مێژایە
مەتارەیەکم بە پژدێنەکەمەوە بەستووە
لە سوێسکە و ھێلکەی کوڕکوڕ دەگەڕێم
من ناوم دارا دارەمانە
ئەگەر بۆ شێوانیش نەگەڕامەوە
ئەوە لەگەڵ مەڕ و بزنەکان دەنووم
ئەم عەردە ڕەقوتەقە
لە دڵی کیژان زۆر نەرمترە
لەم جیھانە دوو شت فێر بوومە
ناوی ڕەعنا و ژماردنی ئەستێرەکان
ئەگەریش بۆ شێوان نەھاتمەوە
ئەوە لەناو مێگەل بۆم بگەڕێن
ناونیشانم لەسەر خۆڵەتەپانی
لەگەڵ خۆرئاوابوون دەسڕێتەوە
٢
من ناوم دارا دارەمانە
ھەموو خەڵکی ئاوایی
بە سەرسەری ناوم دەبەن
تەنھا گوناحم
عاشقی ڕەعنام
لە باو و باپیرانەوە
ئەم شمشاڵەم بۆ ماوەتەوە
ئەویش وەکو دڵم کونکونە
شەوانی ئەنگوستەچاو
خۆم بە ورچە گەورەکەوە ھەڵدەواسم
ڕێگای کاکێشان وەک ناولەپم
شارەزام
من ناوم دارا دارەمانە
گۆرانی بۆ خەڵکی ئاوایی دەچڕم
بە ڕۆژ وەک خۆڵەمێش سارد و
شەوان وەکو ئەستێرە
دادەگیرسێم
دڵ و ھەناویشم سەرچاوەی زام
تەنھا گوناهم
ئاشقی کەزی رەعنام
با ھەموو خەڵکی
ئاوایی
بە سەرسەرییم
بزانن
من ھەمیشە شێت و شەیدام
٣
ھەندێ جار
چاو بە گریان
سەیری حەوت تەبەقەی ئاسمان دەکەم
ئاسمان لێڵە و شێدار
وەک ئەوەی لە جامی
قەمەرەیەکەوە
سەیری بارانی دەرەوە بکەم
منی دارا دارەمانەکەی جاران
گوندبەدەر کرام
تەنھا لەبەر ئەوەی
تۆم لە خودا زیاتر
خۆشویست
لەناو حەوشەی مزگەوت
ڕەجمیان کردم بەردەباران
٤
ڕەعنا گیان
من لە قەبرەوە قسەت لەگەڵ دەکەم
ئازاری ڕەجم و بەردەباران
لەناو مۆخی ئێسقانەکانم دان
پڕ دەمم خۆڵە
وەک کەستەکم لێ ھاتووە
بەڵام بە قورئانەکەی مزگەوت
لە دڵی خەڵکی ئاوایی زۆر نەرمترە
من لە قووڵایی گۆڕەوە لەگەڵت دەدوێم
نە گوندبەدەرکردن
نە ڕەجم و بەردەباران
نەیانتوانی ئەشقی تۆ
بخوسێنن
زۆرجار
حەزێک ھەر چەشنی ئاگر
دەمھەژێنێ
ڕۆژێ دێ دێمەوە لاتان
وەک کڵۆ پەنگر
کۆتایی مانگی یانزەی ٢٠١٣