نیتچه‌ و له‌كتێبی زه‌رده‌شت ئاوه‌های گووت؛ خوا ده‌مێكه‌ مردووه‌

كەمێک سەیرتر لە خەیاڵ (مەنیفێستى دووەم)


Loading

 

1

سەحابە نوێیەکانى ئەفڵاتوون، ئەریستۆیان سووتاند. لەبەر ئەم دۆزینەوەیەی: “هۆکارى یەکەم جەوهەرێکى ڕەوانە کە تەنها ئەندامەکەى خۆی دەمژێت، ئیتر لە ئۆرگازمێکى تەواو چاک و تەواو جوانى ئەزەلییدایە”.

 

2

هەینییەکیان باپیرم بە گریانەوە لە گۆڕەکەى دەرپەڕیە دەرەوە، لەگەڵ کەسەردا زاری ئەم وشانەى دەدرکاند: “قوربانتان بم مردم بۆ قاژێک توور، سەوزە و میوەى بەهەشت هەمووی ئایدیاڵن”.

3

بۆ ئێوارەکەى، سپینۆزایان دەستگیر کرد؛ ڕاستە خودا هەموو شوێنێکە و ئێمەش لەناویداین، بەڵام ناکرێت پیاو لە مەیخانەیەک بخواتەوە و لە مەیخانەیەکى تر پارە بدات.

4

من هەمیشە دوعا دەکەم سپینۆزا نەگاتە توڕەییەک کە بڵێ “خوام نەما! ” ئاخر ئەوسا ئێمە لەکوێدا هەبین؟

5

هێگڵ و نیو هێگڵیانیه‌ك له‌سه‌ر ته‌وقی سه‌ری (ماركس)

دوایین مەنزڵ کە دووربینەکە پیشانى هیگڵیدا، باخچەى ڕەنگینی خانوویەک بوو، خێزانێکى پۆشتە تێیدا دانیشتبوون شیرچایان دەخواردەوە. مارکس هات و بە دووربینەکە چەند کرێکارێکى دی، هیلاک لەپاش کار، کۆکاکۆلا تینوێتی نەدەشکاندن. ئادۆرنۆ هات و کۆمەڵێک گەمژەی بینی، شاشەیەک فرمانی پێدەکردن پێبکەنن، ئەوانیش پێدەکەنین.

6

هیگڵ بەردەوام لەسەر تەختەڕەشەکە سێگۆشە دەکێشێت. ئەدۆرنۆ، بە تەختەسڕێکەوە، دوو لای سێگۆشەکانی هیگڵ دەسڕێتەوە؛ تاکو ڕاستەهێڵێک بهێڵێتەوە، کە دوو خاڵی بەیەک گەیاندووە، نەک سێ.

7

پاش ئەوەی هیگڵ لە پەیمانگای فرانکفۆرت دەرچوو، ئەم تێزەی داڕشت: ”لە ڕاستییدا ژن و مێرد هەرگییز منداڵیان نابێت؛ ململانێی دوو بوون، بوونی سێیەم چێناکات”.

8

کە گەیشتمە لای ئێدوارد سەعید، تەوقەم لەگەڵدا نەکرد؛ چونکە پڵنگێکی عەرەبیی دەستی ڕاستی خواردبوو، کاتێک لە ڕووی شۆخیەوە ئەم چووبوو دەست بە سەروگوێلاکیدا بهێنێت. تەلەڤزیۆنەکە دیکۆمێنتاریەکی لەسەر دەوارنشینەکانی بیابانی عەرەبی نیشان دەدا. بەرامبەری دانیشتم و کۆفیەکم داوا کرد.

من: ”شا لەو پیسخۆرانە، میزی حوشتر دەخۆنەوە!”

ئەو: ”ڕاستییەکەی ئەوان پیسخۆر نین، بەڵکو ئەنسرۆپۆلۆژیای خۆرئاوا، ئێستاش میدیایان، وەک پیسخۆر ئەوانی نیشان داوە و دەدات”.

من دڵنیابووم کە ئەو ئێستاش پڵنگە عەرەبیەکە بە ئاژەڵێکی ڕووەکیی و بێوەی دادەنێت و لای وایە کە کێشەکە لە ڕوانینی ئاژەڵناسانی خۆرئاوادایە. باسەکەم گۆڕی.

ئادۆرنۆ

9

بەیانی زووە. داسزاین لەسەر کار خەویدێت، لەژێر لێوانەوە دەڵێت: “خۆزگە من بوونێک دەبووم ڕوو لە خەوتن”.

10

دەڵێن ڕقی دێرێدا لە دیوار، دوو هێندەى ڕقی فۆکۆ بوو لە مێژوو؛ دەنگۆیەک هەیە کە دوو هەفتە بەر لەوەى بێسەروشوێن ببێت، لەو دەمەدا کە بە ڕووتى خۆی هەڵداوەتە زەریای هێمنەوە، بینراوە. ڕاستییەکەى منیش دڵنیانیم لەم قسەیە، تۆش دەتوانیت لەمپەڕەکان لابدەیت و تەنها وەک مومکینێک وەریبگریت.

11

شەقامەکە چیتر خامۆش نییە، چپەچپی ڕێبواران لە چواردەوری سێ تەرمەکەوە بێدەنگیى شەوی هەلاهەلاکردووە. ماوەى چەند كاژێرێك چاوم لێ غافڵ کردن، کە هاتمەوە نیتچە خوداى کوشتبوو، هایدیگەر لاشەى مێتافیزیکی لەکۆڵنابوو و دوور دەیبرد، جۆگەلە سوورەکانى مانا کە لەو زمانە کەڵەگەتەی بەردەم دێرێداوە سەرچاوەیان گرتبوو، دەمێکبوو مەییبوون؛ پێڵاوەکانى بارتیش نوقمى خوێنى نووسەر ببوون.

12

پاش جەنگە دلێرانەکانى، کە نیتشە مرد، ئەمە میراتەکەى بوو بۆ منداڵەکانى: چەند هێکتارێک مەرەزەی مێتافیزیک بۆ هایدیگەر و دێرێدا، کە هەر زوو سووتاندیان؛ چەندین دۆنم ئەنسرۆپۆلۆژیا بۆ فۆکۆ و باتاى، کە لەم ئەبیستمەیانەى ئەخیردا هەموویان کران بە کێڵگەى مەعریفە؛ تانکەرێک دەروونشیکاریی پاش-بونیادگەرانەش بۆ لاکان. هەڵبەت میراتەکە لەژێر چاودێریی هابەرماسدا دابەشکرا.

13

هابرماس: با جۆگەلەکە کەمێک وشکیشی کردبێت، بەڵام کەمێک ڕاڕەوەکەى دەگۆڕین و پڕاوى دەکەینەوە.

فۆکۆ و دێریدا: نا! نەخێر! ئەم جۆگەلەیە بەسەرچووە و لێرەدا دەیبڕین، دانەیەکى تر چێ دەکەین.

هابرماس: ئەمە نابێت! هەر وەک هۆرکهایمەر و ئەدۆرنۆ وەرزی پێشوو داوایانکرد، هێشتا هیواى تێدا ماوە، چاکى دەکەینەوە، هێشتا خودا یارە.

فۆکۆ و دێریدا: خودا مرد!

 

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین