دوێنێ شه‌و، له‌تاو گه‌رما، په‌نجه‌ره بچووکه باریکه‌که‌ی ژووره‌که‌م خسته سه‌ر پشت. به‌یانی له ده‌نگی ئه‌و به‌خه‌به‌ر هاتم، کاتێک ڕه‌شه‌بایه‌کی تۆزاوی ده‌یهێنا و ده‌یبرد.
پێم‌خۆش بوو زیاتر بنووم به‌ڵام له دڵی خۆمدا ده‌مگووت باشتر که زوو خه‌به‌رم بووەوه، ئه‌مڕۆ ده‌بێت فریای زۆر شت بکه‌وم. نیازمه ده‌مه‌و ئێواره بچمه شوێنی مانگرتنه‌که. به‌ر له‌وه‌ش پێویسته سه‌رێک له دراوسێ غه‌ریبه‌که‌مان بده‌م و شاراش ببینم و باسی دره‌نگکه‌وتنی میوانه‌که‌مانی بۆ بکه‌م. نازانم بۆچی ئه‌مجاره هاتنی ئه‌و میوانه‌م له خه‌یاڵ ده‌رناچێت و زۆر دێته‌بیرم.
میوانه‌که‌مان پیاوێکی که‌ڵه‌گه‌تی ئه‌سمه‌ری قژ لووله. به زمناکۆ بانگی ده‌که‌ن. له‌مێژه ده‌یناسین و ماوه‌ماوه سه‌ردانمان ده‌کات. من جاران خۆشییم پێی نه‌ده‌هات و هه‌رکاتێک ئه‌و له ماڵی ئێمه ده‌بوو، ده‌چوومه لای شارای هاوڕێم، یان شارام بانگ ده‌کرد و ده‌چووینه ژووره‌که‌م. به‌ڵام له‌م دواییه‌دا چه‌ند جارێک گوێم بۆ قسه‌کانی شل کردووه، ڕاستتر، قسه‌کانی گوێچکه‌میان تا لای خۆی بردووه. ئه‌و هه‌میشه باسی خه‌باتی شاخ و په‌روه‌رده‌ی قوتابخانه‌ی شۆڕش ده‌کات. جه‌ختی ئه‌و له‌سه‌ر ته‌واوی وڵات و سه‌ربه‌خۆیی سه‌رانسه‌ریی و یه‌کپارچه‌یی نیشتیمانه.
من تازه ده‌بمه چوارده‌ساڵان و سه‌رم له زۆر په‌شێویی و هه‌ڵچوونی ئه‌و ده‌رناچێت به‌ڵام دڵم له‌گه‌ڵ حه‌ماسه‌ته‌که‌ی قوڵپ ده‌دات و ده‌خوازم زوو به‌زوو گه‌وره‌بم. حه‌زیش ده‌که‌م میوانه‌که‌مان ده‌رکه‌وێت و زوو بێته‌وه، زوو بێته‌وه و دره‌نگ بڕواته‌وه. ئه‌مجاره له ده‌رفه‌تێکدا پێی ده‌ڵێم قسه‌م زۆر بۆ بکه، قسه‌کانت هه‌ستێکی به کوڵ له‌ناو سنگمدا دروست ده‌کات.
شارا شیرین‌ترین هاوڕێمه و چوار ساڵێک له خۆم گه‌وره تره. ئه‌و به‌دبه‌خته هه‌ر له منداڵییه‌وه له دایکی دوورخراوه‌ته‌وه و له‌گه‌ڵ باوه‌ژن و باوکێکی دڵڕه‌قدا ده‌ژی. هه‌میشه به‌ته‌نها ده‌گری و دواتر بۆ منی ده‌گێڕێته‌وه چۆن فرمێسكی ڕشت و چی ڕووخاندی. ته‌مه‌نی ته‌نها هه‌ژده ساڵه و جارێک جیابۆته‌وه و دوو جار نامرۆڤانە منداڵیان لەناو سکدا کوشتووە. له‌دوای ئه‌و دوو منداڵه‌وه له‌گه‌ڵ هه‌موو سووڕێکی مانگانه‌دا خوێن ده‌یگرێت و وه‌کوو که‌وتنه‌سه‌رخوێنی لە دەمی منداڵ لەباربردندا، ترس دایده‌گرێت و له‌رزی لێدێت …
دراوسێ غه‌ریبه‌که‌مان ژنێکی پیری فارسه، قاتی دووهه‌می ئه‌م خانووه‌ی ته‌نیشتمانی به کرێ گرتووه. دایکم ڕۆژانه به مندا خواردنی بۆ ده‌نێرێت. ئه‌و ژنه هه‌ندێک جار خڵه‌فاو و هه‌ندێک جار گه‌لێک ژیر و وریا دێته‌پێش چاو. ئه‌و هه‌میشه به جلێکی جوان و قژی ڕێکخراوه‌وه له‌به‌رده‌م په‌نجه‌ره‌که وه‌ستاوه و چاوه‌ڕێی هاتنه‌وه‌ی مێرده خۆشه‌ویسته‌که‌یه‌تی. ئاخر مێرده‌که‌ی دواهه‌مین جار که چۆته ده‌ره‌وه له‌ودیو په‌نجه‌ره‌که‌وه ماچێکی بۆ هه‌ڵداوه و پێی گووتووه زوو دێمه‌وه. ئه‌میش له‌مدیو په‌نجه‌ره‌که‌وه له‌گه‌ڵ سه‌لامێکی ماڵئاواییدا پێی گووتووه چاوه‌ڕێتم ... ئه‌و کاته ئه‌مان له ئێران بوون و سه‌روه‌ختی شه‌ڕی ئێران و عێڕاق بووه. مێرده‌که‌شی له‌و چوونه ده‌ره‌وه‌یه‌یدا پارچەیەک گوله‌تۆپی به‌رکه‌وتووه، هه‌پروونبه‌هه‌پروون بووه و چیدی نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه. که‌چی ئه‌م ژنه سەلارە ئێستاش هه‌ر چاوه‌ڕێیه‌تی. ئه‌و ژنێکی عاشقه و مێرده‌که‌ی ئێجگار ئێجگار خۆشویستووه. هه‌موو ڕۆژێک که ده‌چم، ده‌یه‌وێت بمهێڵێته‌وه و چیرۆکی خۆشه‌ویستیی خۆی و هاوسه‌ره‌که‌یم به فارسی بۆ بگێڕێته‌وه. من هه‌موو ڕۆژێک پێی ده‌ڵێم “خانم جان فارسی نه‌میدونم” ئێ تۆش کوردی نازانیت. به‌ڵام ئه‌و وه‌ک ئه‌وه‌ی دوای بیستنی ئه‌و ڕسته‌یه گومانی له تێگه‌شتنم نه‌مێنێت، ده‌که‌وێته گێڕانه‌وه‌ی باسه‌که‌ی تا ده‌گاته ئه‌و جێیه‌ی که ئه‌م ده‌بێت بچێته‌وه به‌ر په‌نجه‌ره‌که و چاوه‌ڕێی گه‌ڕانه‌وه‌ی هاوسه‌ره‌که‌ی بکات!
ئه‌و ڕۆژه تۆزاوییه‌ی تیایدا زوو هه‌ستام، هیچ شتێکی له جێی خۆی نه‌بوو. دایکم خوشکه بچووکه‌که‌می بردبوو لە نه‌خۆشخانه بیکوتێت و چێشتمان نه‌بوو بیبه‌م بۆ دراوسێ غه‌ریبه‌که‌مان. چه‌ند زه‌نگم بۆ ماڵی شارا لێده‌دا، که‌س هه‌ڵینه‌ده‌گرت. له هه‌مووشی ناخۆشتر، هاتنه‌وه‌ی باوکم بوو به ده‌مووچاوێکی که‌سه‌ر لێنیشووه‌وه کە گووتی؛ زمناکۆ شه‌هید بووه! هه‌نگاوێکم کرده ده و تا ژووره‌که‌م نه‌وه‌ستامه‌وه. تا هێزم تیا بوو به تووندیی ده‌رگاکه‌م پێوه‌دا و به ته‌نگترین دڵی دونیاوه خه‌مم ده‌خوارد و له به‌رده‌م خۆمه‌وه ده‌مگووت چ ڕه‌شه‌بایه‌کی نه‌عله‌تییه ئه‌مڕۆ خودایه …
هێشتا سڕم و هه‌واڵی شه‌هیدبوونی میوانه‌که‌مانم هه‌زم نه‌کردووه. ناشمه‌وێت باوه‌ڕ بکه‌م که چیتر ئه‌و نایه‌ته میوانییمان و باسی شاخ و ئه‌و قوتابخانه‌یه‌ی ئه‌وێم بۆ ناکات. نائارامی شارام و بیرێکیشم له‌لای ژنی به‌ر په‌نجه‌ره‌که‌یه، ده‌ڵێم چاوه‌ڕوانیی له‌برسێتیدا هه‌ڵبه‌ت سه‌ختتره! له یادیشمه ئه‌مڕۆ له‌به‌رده‌م بنکه‌که‌ی نزیک فولکه‌ی یه‌کگرتن، خۆپیشاندانی ئه‌و مانگرتووانه هه‌یه که چه‌ند ڕۆژێکه مانیان له نانخواردن گرتووه به مه‌به‌ستی سه‌ندنی مافی مانه‌وه له شاردا! ده‌مه‌وێت بچم، ئه‌گه‌ر ئه‌م چوونه‌م یه‌که‌مین و دوواهه‌مین ڕووداویش بێت که له‌م ڕۆژه‌دا به‌دڵی خۆم بێت، هه‌ر ده‌چم.
من له‌وێم، له‌ناو قه‌ره‌باڵه‌غییه‌که‌دا، هاتووم شتێک ببینم، هاتووم شتێک تێبگه‌م. لێره زۆر له ده‌سته‌واژه‌کانی میوانه‌که‌مان ده‌بیستم. گوێشم لێیه له‌ناو مانگرتووه‌کانه‌وه ده‌ڵێن هاتنتان کۆمه‌کمان ده‌کات، تکایه له ته‌کمان هه‌ڵوێست وه‌ربگرن … ژماره‌ی مانگرتووه‌کان تا بێت زیاد ده‌کات و ورد ورد له سیمایان ده‌ڕوانم، هه‌یانه ده‌می خۆی دووریووه، هه‌یه پێڵووی چاویشی به‌یه‌کدا دووریوه‌ته‌وه، تیایانه هێزی دانیشتنی نه‌ماوه و سووره له‌سه‌ر نه‌شکاندنی بڕیاره‌که‌ی. من له مانگرتووه‌کان ڕاده‌مێنم و له پشتیانه‌وه چاوم ده‌که‌وێته سه‌ر کچێک که شێوه‌ی ده‌که‌م! دیقه‌تی لێده‌ده‌م قاتێک جلی کوردی خاکیی کوڕانه‌ی له‌به‌ردایه، پێده‌چێت سه‌ر به‌خۆیان بێت. هانی خه‌ڵکه‌که ده‌دات و هوتاف ده‌کێشێت. زیاتر سه‌رنجی ده‌ده‌م و له‌گه‌ڵ ناسینه‌وه‌یدا چاوم له‌سه‌ری مۆله‌ق ده‌بێت! خوایه گیان ئه‌وه شارایه! ئا، ئه‌وه، خۆیه‌تی، به‌ڵام ئه‌و چی ده‌کات لێره! چۆن گه‌یشته ناو ئه‌وان! هه‌وڵ ده‌ده‌م بچمه پێشه‌وه، ده‌مه‌وێت بیگه‌مێ … له دووره‌وه بانگی ده‌که‌م شارا شارا … شارا زۆر سه‌رقاڵه به‌ڵام هه‌رچۆنێک بێت که‌مێک دێته لام و تێمده‌گه‌یه‌نێت که له دۆزه‌خی ماڵه‌وه ڕایکردووه و خۆی تێکه‌ڵ به‌م کۆمه‌ڵه کردووه. من حه‌په‌ساوم و ئه‌و به باوه‌شێکی توند ده‌یه‌وێت بمهێنێته‌وه سه‌ر خۆم. به هه‌ردوو ده‌ستی هه‌ردوو ده‌ستم ده‌گوشێت و ده‌بێژێت چه‌ند باش بوو هاتیت، هه‌ڤاڵ ڕه‌نگه نه‌تبینمه‌وه، من ئیدی خۆم ناونووس کردووه و ده‌چمه شاخ!