سه‌رپەرشتیاری پاسه‌وانه‌كان به‌ترسه‌وه هاته ژووره‌وه.
میر: چییه بۆ وا ئه‌له‌رزی؟
ــ گه‌وره‌م ده‌نگی ناڕه‌زایی له میرنشینه‌كه‌دا به‌رز بووەته‌وه.
میر: ئێ چی بكه‌م؟ داوای چی ئه‌كه‌ن؟
ــ قوربان خه‌ڵكی داوای نان و ژیانێكی خۆش ده‌كه‌ن.
میر: هه‌قی خۆیانه.
ــ كه‌واته میرم فه‌رمانی چاره‌سه‌ر ده‌ربكه.
میر: بڕۆن چه‌ند كه‌سێك له‌و كه‌سانه بگرن كه سه‌رپه‌رشتی ده‌نگه ناڕازییه‌كان ده‌كه‌ن!
ــ قوربان چه‌ند كه‌سێكیان لێ بگرین؟!
میر: به‌ڵێ هه‌رئێستا و به‌زووترین كات.
ــ قوربان وابزانم به‌هه‌ڵه پێتان گه‌یشت، ئه‌وان داوای نان و ژیانێكی خۆش ده‌كه‌ن.
میر: تێگه‌یشتووم، منیش بۆئه‌وه‌ی برسێتیان لهبیربهرمهوه، ده‌بێت سه‌رپه‌رشتیاره‌كه‌یان ده‌ستگیربكه‌م، ئاوا هه‌م ده‌نگی ناڕازی كپ ئه‌بێته‌وه، هه‌م به‌ردانی سه‌رپه‌رشتیاره‌كه‌یان برسێتیان له‌بیر ئه‌باته‌وه.