پەناگەی سەگی بێلانە لە سلێمانی
پەناگەی سەگی بێلانە لە سلێمانی

سکاڵا و بانگەواز سەبارەت بە «پەناگەی سەگی بێلانە» لە سلێمانی


Loading

سکاڵا و بانگەواز سەبارەت بە «پەناگەی سەگی بێلانە» لە سلێمانی

ئەوەی لە پەناگەی سەگی بێلانە لە نزیک بازگەی عەربەت لە سلێمانی دەگوزەرێت، تەنها کەموکوڕییەکی کارگێڕی نییە، بەڵکو تراژیدیایەکی ڕاستەقینە و ئازارێکی بەردەوامە بۆ بوونەوەرێکی بێزمان و بێدەسەڵات کە هیچ تاوانێکی نییە جگە لەوەی بێلانەیە و بە سروشتی خۆی کێوی نییە. ئەم پەناگەیە لەژێر سەرپەرشتیی شارەوانیی سلێمانیدایە، بەڵام لە بری ئەوەی ببێتە شوێنێکی پارێزراو و پەناگەیەکی ئارام، بووەتە جێگەی برسێتی، ترس، نەخۆشی، ئەشکەنجە و مەرگی بەئازاری سەگەکان. سەرەڕای ئەوەی ئەم کێشەیە لە شێڵتەرەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی بەدیدەکرێت، لێرەدا بە دیاریکراوی سەرنجمان لەسەر دۆخی پەناگەی سلێمانییە چونکە بەڵگەکانمان لەسەر ئەوێ بەدەست گەیشتووە.

پەناگەی سەگی بێلانە لە سلێمانی
پەناگەی سەگی بێلانە لە سلێمانی

موعانات و تاوانەکان بەپێی بەڵگە و زانیارییە بەردەستەکان:

– توندوتیژی لە کاتی کۆکردنەوەدا: سەگەکان لەلایەن تیمەکانی کۆکردنەوەوە لەسەر شەقام بە شێوازێکی دڕندانە و پڕ لە ترس دەگیرێن، ڕادەکێشرێن و فڕێدەدرێنە ناو بارهەڵگرەکەوە! تەنانەت لە کاتی ڕاکێشان و گواستنەوەدا تووشی تاسان و خنکان دەبن پێش ئەوەی بگەنە ناو پەناگەکە.

– برسێتی و تینووێتیی کوشندە و بێپەناگەیی: سەگەکان لە دەشتێکی بیابانئاسای بێسەوزایی و تەلبەندکراودا، بێ سەقف و دیوار بێپارێزگارین و لەبەردەم گەرمای تاقەتپڕوکێنی هاوین و سەرمای سەختی زستاندا دەژین. بە دابەشکردنی بڕە خواردنی کەمی پیس و ناتەندروست، سەگەکان ماوەی زۆر بێ خواردن و ئاو دەهێڵرێنەوە؛ لەو شێڵتەرە برسییەتی گەیشتووەتە ئاستێک کە سەگە زیندووەکان لە ناچاریدا کەلاکی سەگە مردووەکان دەخۆن. بەڵێ، لە دیمەنی دڵتەزێندا بەچکە دەبینیت بەدیار لاشەی نیوە خوراوی براکەیەوە دۆشداماوە.

– نەخۆشی و برینی بێچارەسەر: سەرەڕای بوونی هەندێک هەوڵی وەک نەزۆککردنی کۆمەڵێک سەگ یان پێدانی بڕی زۆر کەمی دەرمان، سەگەکان بەهۆی برین، نەخۆشی، گەنە و مشەخۆرەکانەوە لە دۆخی لاوازیی زۆر و ئازاردان و چارەسەری پزیشکیی پێویستیان پێ ناگات.

– مەرگی بەکۆمەڵ و لەناوبردن: لە پەناگەکە لە جیاتی پەیڕەوکردنی ڕێگەی زانستی و مرۆیی وەک کوتان، نەزۆککردن و پۆلێنکردن، بە ژەهرخواردکردن و لەناوبردنی بەکۆمەڵ هەڵدەستن! ئەمە تاڵترین و بێبەزەییانەترین کۆتایییە بۆ ئەو ڕۆحانەی کە دەبوو بپارێزرێن.

– داخرانی دەرگا بە ڕووی خەمخۆران و چاودێراندا: دوای ئەوەی سەرەتا چالاکوانان و دۆستانی ئاژەڵان دەچوون و هەوڵی کەمکردنەوەی ئازارەکانیان دەدا و ڕەخنەیان لە ناهەقییەکان دەگرت، ئێستا ڕێگری لە سەردان و چاودێری دەکرێت، بۆ ئەوەی تاوان و نەهامەتیی ناو پەناگەکە لە چاوی ڕای گشتی و خەمخۆران بشارنەوە.

– دیلکردن و ڕێگری لە ئازادکردن: داواکاریی دۆستانی ئاژەڵان ئەوەیە دوای نەزۆککردن و کوتان، ئەو سەگانەی لەشساغ و گونجاون بگەڕێندرێنەوە ناو سروشت و ئەوانەی نەخۆش و کەمئەندامن بپارێزرێن و ژیانی ئارامیان بۆ دابین بکرێت، بەڵام لەلایەن بەڕێوەبەرانی پەناگەکەوە ڕێگری لە گەڕاندنەوە دەکرێت و سەرجەمی سەگەکان لە دۆخێکی سەختدا بە دیلی دەهێڵرێنەوە.

ئەوەی کە پێویستە بکرێت:

سەگەکان بوونەوەرێکی هەستیار، ژیر و بەوەفان؛ هەست بە ئازار، ترس، برسێتی، دڵڕەقی و میهرەبانی دەکەن و هیچ لەبیر ناکەن. ئەوان خاشاک نین فڕێبدرێنە بیابانێکەوە و پشتگوێ بخرێن،  تاوانبار نین سزا بدرێن. ڕەوا نییە بە پاساوی بێزاری بەشێک لە خەڵک و کێشەی مووچە و نەشارەزایی کارگوزاران، داپاچین و ڕەتاندنەوەیان سانا ببینین و قبوڵی بکەین. لەم سۆنگەیەوە تکا دەکەین:

1- دەستوەردانی خێرا و لێپرسینەوەی فەرمی بکرێت بۆ کۆتاییهێنان بە هەر شێوازێکی توندوتیژی، ژەهرخواردکردن و پشتگوێخستن لە ناو پەناگەکەدا.

2- سپاردنی کارەکان بە ستاف و سەرپەرشتیاری دڵسۆز و شارەزا کە ئاژەڵیان خۆشبوێت، ڕەحمیان لە دڵدا بێت و هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن.

3- داڕشتنی بەرنامەیەکی زانستی و مرۆیی بە بەشداریی ڕێکخراوەکانی مافی ئاژەڵان و بەرپرسانی ژینگە پارێزی، تا ئەم پەناگەیە لە جێگەی ئازارەوە ببێتە شوێنێکی پارێزراو و شایستە.

4- دانیشتن لەگەڵ ڕاوێژکاری دەسەڵاتی باڵا، پارێزگار و شارەوانی بۆ تاووتوێکردنی گرفت و پێشکەشکردنی پرۆتۆکۆلی بەرنامەکانی چارەسەر و دیاریکردنی بودجە بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری و پێداویستییەکان لە خواردن و خواردنەوەی تەندروست، دەرمان و چارەسەر، دروستکردنی هۆڵ و هۆبەی گونجاو و چاندنی درەخت و چیمەن لە پەناگەکەدا.

5- کردنەوەی دەرگای پەناگەکە بە ڕووی دۆستانی ئاژەڵ، خۆبەخشان و چالاکواناندا.

6- هاتنە سەرهێڵی پارێزەری خۆبەخش بۆ داکۆکیکردن لە دۆسێی مافی ئاژەڵان.

7- بەشداریی دەوڵەمەندەکان و خێرخوازانی شار لە بەخشینی هاوکاری بۆ باشترکردنی بارودۆخی ئاژەڵی بێلانە.

بەڵگەکان بە گرتەی ڤیدیۆیی و بە وێنە لەم لینکەی خوارەوەدا کۆکراونەتەوە. جێگای ئاماژەیە ئەم گرتە و وێنانە کاتێک تۆمارکراون که خەڵک دەیتوانی سەردانی شوێنەکه بکات. ئێستا که ڕێگا نادەن کەس بە ئاشکرا بچێتە ئەوێ و وێنه بگرێت، ئاگادارکراوینەتەوە هەنوکه بارودۆخی پەناگەکە لە هەموو کات خراپترە، ژمارەی سەگەکان زۆر زیاترن و بەدەست مامەڵەی نەشیاو و ئەشکەنجە و برسێتی و تینوێتی و نەخۆشی و ژیان و مردنی زۆر سەخت و دژوارەوە دەناڵێنن.

https://drive.google.com/drive/folders/1mTxBu6fQLhZD_Rf7sVKYZHsV6lsnoiSl

تێبینی: ئەم بابەتە جگە لە بڵاوکردنەوەی بۆ ڕای گشتی و گەیاندنی بە لایەنە بەرپرسەکان، بە زمانی ئینگلیزی و سویدی بۆ کۆمەڵێک ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی مافی ئاژەڵان نێردراوە.

باران

November 2026

ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌ نوسه‌ر خۆی.