مردنی مامۆستا عینایەت - ڕۆمان - بەختیار عەلی - ٢٠٢٦ - ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوەی ڕەهەند
مردنی مامۆستا عینایەت - ڕۆمان - بەختیار عەلی - ٢٠٢٦ - ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوەی ڕەهەند

لات و عوزە و بەختیار عەلی


ڕەخنەی ئەدەبی

Loading

لات و عوزە و بەختیار عەلی

عادل عەبدوڵا

 

بەختیار عەلی یەکێکە لە نووسەرە ناوازەکانی دنیای ئەدەبی کوردی، یەکێکە لەو نووسەرانەی کورد دەبێ شانازی پێوەبکات. بەڵام من پێم وایە گەر بەختیار لە جێگایەک ڕاوەستان بە قەڵەمەکەی خۆی نەکات چارەنووسی وەک ئەو دوو بتەی سەردەمی جاهیلی (لات و عوزە) لێدێ و دواجار دەگەڕێتەوە و دەبێتەوە قەڵەم بەدەستێکی ئاسایی ڕاگوزەر. بەختیار لە سەرەمەرگدایە و تەنیا ڕاگەیاندنی مردنی قەڵەمەکەی ماوە ئەم ڕاگەیاندنەش خەریکە ڕووبدات و لە ئان و ساتی خۆی دایە. نووسین بۆ بەختیار بۆتە ژەهر و خۆکوژی و بوون کوژی.

دوا ڕۆمانی بەختیار عەلی بە ناونیشانی( مردنی مامۆستا عینایەت)ە ئەم بەرهەمەی لە ڕێگای فەرمانبەرێکی ئاسایی پیر ڕۆدەچێت بە ناو قووڵایی چێژی مەرگ دۆستی و دژە ژیان لە کۆمەڵگەیەکی سوننەتی دوو ڕوو، تاکی بوودەڵە و پیاوی سیاسی و ئایینی، چەک بەدەستی بێ مۆڕاڵ و هەلەکەسەما و سوپایەک لە گەمژەی ناو کۆمەڵگە. کۆمەڵگەیەک لەبەرهەمهێنانی تاکی بێ کوالێت و مرۆڤ گەلانێکی مەڕئاسا لە تڕۆپکدایە. کۆمەڵگەیەک تاسەر ئێسقان مردن دۆست و چەپاندن هەڵدەبژێرێ. کۆمەڵگەیەک وەک بووکەڵە لە ژێر دەستی پیاوانی سیاسی بەرژەوەندیخواز، پیاوانی حزبی و ئاینی، خەسێنراوە. کۆمەڵگەیەک ڕقی لەهەموو دەنگێک دەبێتەوە لە دەنگی خۆی نەچێت. سەرزەمینێک تاک نازانێ ماف و ژیانکردن و ئازادی چین، بۆچی تاک ئەوەندە قووڵ ڕۆدەچێتە ناو هێڵەکانی بوون و نەبوون و خوێنەر دەخەنە بەردەم پرسیارگەلێکی بۆچی مرۆڤ لە سێبەری مەرگ ئەوەندە سڵ دەکاتەوە، کۆمەڵگەیەکی پۆپۆلیست، تاک وەک سەماکارەکان لەڕێگەی  میدیاکانەوە سەمایان پێدەکەن. کۆمەڵگایەک میدیای حزب و بازرگانەکان و چاوی پیاوانی ئایینی بە ڕێوەی دەبەن.

دیارە لەم سەرنجە ڕەخنەگرانەمدا کارم لەسەر سێ ڕەگەز (تەکنیک، کارەکتەر، زمان) لەناو دەقەکە کردووە.

 

تەکنیکی گێڕانەوە

تەکنیکێکی سادەیە و خوێنەر لەگەڵ خۆی دەبات، بە (هەمووشتزان) و هەندێکجار (بە هەمانشتزان) بۆمان دەگێڕێتەوە ئەمەش باڵادەستی تەواو دەدات بە گێڕەوە بەدڵی خۆی ڕۆدەچێتە ناو ناخ و دڵی هەموو کارەکتەرێکی. پێموایە تەکنیکی ڕۆمانەکەی تا ئاستێکی باش سەرکەووتبووە و توانیتی دەرهەق بە تێکستەکەی بێ.

کارەکتەر

بەختیار لە درووستکردنی کارەکتەر لەم بەرهەمەی وێرانە وەک جەلادێک مامەڵە لەگەڵ کارەکتەرەکانی ناو ڕۆمانەکەی دەکات و هیچ کارەکتەرێک ئازاد نییە و خۆی نییە. بەختیار بوودەڵەیەک دەکاتە سووپەرمان و سووپەرمانێک دەکاتەبوودەڵە. زمانی سوقرات دەداتە پینەچی و زمانی جوتیارێک دەداتە ڕووناکبیرێک، نموونە؛  کارەکتەری مامۆستا عینایەت لە فەرمانبەرێکی سادەی دادگا و فایل گواستنەوە ماوەی( سی و دوو) ساڵ کاری خۆی دەکات، کە  هیچ پاشخانێکی مەعریفی نییە لە پڕ شەوێک هەڵدەستێتەوە دەبێتە سپارتاکوس و دەڵێ من دەمەوێ دەست بە ژیان بکەم و قسەی وا دەکات گۆتە و کانت و ساتەر نەیانکردووە!

جگە لەوە  لاپەڕە سەد و نۆدا ١٠٩ کاتێک هۆکاری نەمردنەکەی ڕووندەکاتەوە بۆ خەڵک بڕواناکەم هیچ ڕۆشنبیرێکی کورد بیری بۆ قسە و خەیاڵی وا بچێت…

کەسایەتی ژنی سەرۆک وەزیران لەناو دەقەکە تەنیا بۆ خزمەتکردنی بیری خۆیەتی و دەنگی خۆیەتی نەوەک کارەکتەری ئازاد و خاوەن بیر و قسەی خۆی.

زمان

زمانی بەختیار بەرەوپێشچونێکی زۆر باشی بە خۆی بینیوە توانیوویەتی کاری باش لەسەر ئاستی زمانی خۆی بکات لەناو دەقەکەی. بەڵام لە هەندێک جێگادا بەڕاستی جێگای بەزەییە و منداڵی دەساڵی قسەی وا ناڵێ نموونە:

 لاپەرە١٥  ( کاتێک لە ڕۆژنامەکە چوەدەرەوە ڕۆژنامە ) بەختیار ڕۆژنامە بە ئۆفیس و بینا و دووکان تێگەیشتییە.

هەروەها ل ١٥ ( بە تیرێک دوو نیشانەی دەشکێنێ) نیشانە دە پێکرێ، ناشکێنرێ.

ل ٤٢  ( بە پێش دەست بە نەرمی کێشای بە نێو چەوانی). یە کێک پێمی بڵێ پێش دەست کوێیە؟؟. ل ٥١  ( هەموو نیشانە دێرینەکانی دەستکورتی لە ڕوخسار و جلوبەرگیدا بوو) ئەمە کوردی قسەکردنە؟ یەکێک ئەمەمان بۆ بکاتە وێنەی شیعری تکایە.

 ل ٢٢٦ ( ژمارەیەکی زۆر سەرباز ڕژانە ناو دیلەکان) هاوڵاتی خۆت، لەکاتی گرتن نابێتە( دیل) دەبێتە گیراو، تەنیا لە جەنگ و شەڕی سەربازیدا، دیل بوونی هەیە.

بەربوونەوە بەسەر دەق

لەناو ڕۆمانەکەی هەڵەی زۆر گەورەی لۆژیکی کردووە و بەمەش من ناوم ناوە( بەربوونەوە بەسەر دەق) چونکە وای لە دەقەکە کردووە زۆر لاواز دەرکەوێت، ئەمەش هەموو خوێنەرێک ئەم وردەکاریانە هەستپێناکات گەر بە وردی نەیخوێنێتەوە.

یەکەم: بەختیار گێڕەوەی دەقەکەیە بە (هەمووشتزان) ناوی کەسایەتی کاراکتەری سەرەکی بە (عینایەت) دەستپێدەکات، دوای ڕۆیشتنی چەندین لاپەرە کارەکتەرێک دەڵێت؛ مامۆستا عینایەت و خەڵک هەموو بە مامۆستا عینایەت بانگی دەکەن. کەچی بەختیاریش دەکەوێتە ژێر هەژموونی کارەکتەری خۆی و نازناوی کارەکتەرەکە دەگۆرێ بۆ (مامۆستا عینایەت) لە هەندێک جێگا گێڕەوە دەڵێ (مامۆستا عینایەت) ئەمەش کفری ئەدەبییە.

دووەم: کارەکتەر فەرمانبەرە کەچی ناونیشانەی ڕۆمانەکە بە مامۆستا عینایەت ناونراوە!

 خودی عینایەت پێش بەناوبانگ بوونی کەس نەی ناسیووە و پیشەی مامۆستاش نەبووە. تەنیا کارەکتەرێک دەڵێ مامۆستا عینایەت ئیتر تەواو بە گێڕەوەش دەیکەنە مامۆستا عینایەت.

سێهەم: عینایەت (٣٢) ساڵ فەرمانبەرێک لە دادگا فایل ئەو ژوور بۆ ئەم ژوور دەبا و نە کتێب دەخوێنێتەوە نە توانایەکی مەعریفی و ڕۆشنبیری  هەیە، بەڵام بە قودەرەتی قادر، لەپڕ، دەبێتە سومبولی ژیان و چۆنییەتی ژیانکردن و فەیلەسوفی ژیان. ئەمە چۆن ڕوویدا؟!

چوارەم: لە لاپەرە ٦٠ عینایەت دەڵێ( نابێ مرۆڤی بەدبەخت لەبری من بمرن)  کەچی خۆی بیردەچێت و  لەچەند لاپەرەی دواتر عینایەت لەناو گۆڕستان ژنێک دەبینێ لەسەر گۆڕی مێردەکەی دەگری عینایەت دەڵێت؛ بۆنایەی لەبری من بمری!

پێنج: لە لاپەرە ١٧٣  دەڵێت: ( دە کەسێکیان بینی تابووتێکیان هەڵگرتووە) چەند دێرێک دەچێتە خوارتر لەبیری دەچێ چی گووتووە دەڵێ( چواریان لە پێش دارەمەیتەکەبوون و چواریان لە پشتەوە دەڕۆیشتن). ئەی (دوو) نەفەرەکەی تر کوا، چیان لێ هات؟

شەشەم: عینایەت لە نەخۆشخانە ڕووتوقووتی دەکەنەوە، دواتر جلەکانی لەبەردەکات، دواتر بۆ بەندیخانەی تاکەکەسی یان ژوورێک کەوا دەستبەسەرە و هیچ کەسێک بۆی نییە بیبینێت و قسەی لەگەڵدا بکات، کەچی لە لاپەرە ٢٢٣  دەڵێت: ”دەستی کرد بە گیرفانیدا و پارەکانی ژمارد، کلیل و مۆبایلی پێبوو” لە کوێی دنیا گیراو کلیل و پارە و مۆبایلی پێیە لە کاتێکدا هەموو دەوڵەت چاوی لەسەرت بێت و داواکراوترین کەس بیت؟!

حەوتەم: کۆتایی ڕۆمانەکە هێندە گاڵتەجاریانە کۆتایی پێدێت زەردەخەنە دەتگرێ و خوێنەر ڕازی ناکات لەوەی دەشێ ڕۆژێک شتی وا ڕووبدات یاخود ڕووی دابێت!

پرسیاری سەرەکی من ئەوەیە: ئایا هەر بەڕاستی بەختیار عەلی بیست ساڵیش دەبێ کتێبێکی خوێندۆتەوە؟؟ چونکە لە ماوەکانی ساڵی (2010_2020) ئەوا (19) کتێبی چاپکردوە لە فیکر، شیعر، ڕۆمان، شانۆ…هتد. نزیکەی شەش  مانگ جارێک، کتێبێکی نووسیوە؟! چۆن!

لە ماوەی ساڵی (2020_2026)  بەختیار عەلی بیست و یەک  (٢١) کتێبی نووسیووە، بەمانای  دەکاتە  چوار مانگ جارێک!

هەموو کتێبێک بێگومان پێداچوونەوە و هەڵەبڕی و ڕاستنووسی دەوێت، کە لەمەدا بێگومان چاو و هۆش و کاتی نووسەری دەوێت، بەمانای ئێمە دەڵێن چوار، بەڵام لە ڕاستیدا دەبێتە سێ مانگ!

هەر بە ڕاستی بەختیار دەخوێنێتەوە؟ گەر دەخوێنێتەوە دەشنووسێ کەواتە دەق ئاوێزانی ئەوانەمان بۆ دەنووسێ کەوا دەیخوێنێتەوە دەنا ناکرێ نووسەر لە پڕۆسەی نووسین کتێب بخوێنێتەوە.

عادل عەبدوڵڵا

 2026/02/16