کاری ڕۆستەم ئاغالە
کاری ڕۆستەم ئاغالە

داهۆڵ – کوردستان مید


Loading

داهۆڵ

نوسینی: کوردستان مید

کاری ڕۆستەم ئاغالە
کاری ڕۆستەم ئاغالە

بەدیار سەیرکردنی سەقفی ژوورەکەمەوە دانیشتبووم، ئازاری پشتم کەمبووبۆوە بەڵام دکتۆرەکە پێی وتم ئیتر ناکرێت ئیشی قورس بکەم. بەهەرحاڵ خەیاڵم لای پشتم نەبوو، بیست ساڵ بوو مێشکم پڕبوو لە دەنگی ئەو… هەر لەو چرکەساتەدا دەژیام کە وتی: «خۆشم دەوێیت». لە شەرم و سەرسوڕماندا هیچم پێ نەگوترا؛ ئاخر من هەرگیز بە خۆم ڕەوا نەدەبینی خەونێکی لەو شێوەیەش ببینم چجای ئەوەی ببێتە ڕاستی!

دوای سێ ڕۆژ تاقەتی خۆمم کۆکردەوە، هێزم بە دڵم بەخشی و تەواوی قسەکانی ناخمم بۆ درکاند؛ ڕووم کردە چاوەکانی و بە دەنگێکی لەرزۆکەوە پێم وت:
— لەوانەیە تۆ وەڵامی ئەو نزا و پاڕانەوانە بیت کە لە قوڵایی شەوەکانی قەدردا سپاردم بە ئاسمان، یانیش وەڵامی ئەو پرسیارە بێهودانەی کە هەمیشە لە خۆمم دەکرد و دەموت بۆچی دەژیم؟ نازانم… تۆ ڕێکەوتێکی چاوەڕواننەکراویت یان ئەستێرەی بەخت کە بەسەر ئاسمانی چۆڵی مندا دەگەشێیتەوە؟ هەر کاتێک دەتبینم وەک منداڵێک کە تازە فێری گڕوگاڵ دەبێت زمانی دایکم بیر دەچێتەوە… نا، نا ڕاستتر بڵێم زمانی باوکم، ئاخر نەدەکرا بە زمانی ئەو دایکەم قسە بکەم کە ئێمەی ڕادەستی دەستی چارەنوس کرد! چیتر وشەم بۆ نایەت، تەنیا حەز دەکەم بە دیار چاوەکانتەوە هەموو ئازارەکانم بە پێکەنینێکت بشۆمەوە.

تۆ تێناگەیت… نا، هەرگیز تێناگەیت چەندە ئارەزوو دەکەم هاوار بکەم و بڵێم “خۆشم دەوێیت” بەڵام… بەڵام دەترسم… دەترسم ئەم خولیایەت کاتی بێت.. لۆمەم مەکە خۆ من دەزانم هەموو شتێک لەسەر ئەم زەمینە کاتییە تەنانەت ژیانیش؛ بەڵام دەترسم مەودای ئەو کاتەی تۆ لەگەڵ منیت زۆر کورتتر بێت لە مەودای تەمەنی من..ئاخر من دەمەوێت لەگەڵ تۆدا تەواوی تەمەنم بەسەر ببەم.

 ئۆهـ… قسەکانم بێمانان، وایە؟ وا دەزانیت وڕێنە دەکەم؟ پێ مەکەنه! بە ڕاستی دەمەوێت خۆشم بوێیت بەڵام ترسەکەم لە خۆشەویستییەکەم گەورەترە. دەزانم ئەمە دانپێدانانێکی شەرمەزارکەرانەیە بەڵام چی بکەم؟ من ڕاهاتووم هەموو قسەکانی دڵم بە ڕاستگۆیی بڵێم.

سەیرکە… هەمووان دەڵێن هەمیشە خیانەت لەو کاتەدا ڕوودەدات کە تۆ لە لوتکەی متمانەدایت بە بەرامبەرەکەت! وە ئەوکاتە دڵنیابوومەوە کە ئەو قسەیە ڕاستە کاتێک دایکم بەناوی پاسکیل کڕینەوە بۆ من ڕۆشت و هەرگیز نەمبینیەوە… ئەی ئەگەر هەموو متمانەی خۆمم پێ بەخشیت و تۆ هەموویت خستە ژێر پێیەکانت؟ پێت وایە هێندە بەهێز بم بەرگە بگرم؟ نا ئازیزم… من زۆر لەوە لاوازترم کە لە خەیاڵتدا وێنەت کێشاوە.

پێکەنینێکی نەرمی کرد، دەستە لەرزۆکەکانمی گوشی و بە دەنگێکی هێمن قسەکانی پێ بڕیم و پێی وتم:
— دەمەوێت ببم بە ئەو شانەی کە سەری ماندووتی لەسەر دابنێیت، ببم بە ئەو دڵەی کە ڕازەکانتی تێدا هەڵبگرم، دەمەوێت کاتێک قسە دەکەیت ببم بە ئەو گوێیەی تەنیا دەنگی تۆ ببیستێت…

ئای خوایە! دەزانیت ئێستا چەند پێویستم بە شانەکانتە بۆ ئەوەی سەری ماندوومی لەسەر دابنێم؟ ئەو سەرەی پڕە لەو وشە قورسانەی کە لە بارکێشانی تەواوی کۆڵەکانی دنیا ماندووترم دەکات.

لەپڕ دەنگی دەرگاکە هات و بۆ ساتێک لە خەیاڵەکانم دایبڕاندم. دەمزانی دیسان براکانمن بۆ سەردانم هاتوون؛ دەی خۆ لە چاکەی خۆیان بوو جار وبار سەرێکیان لێ دەدام بەڵام بەڕاستی حەوسەڵەی گوێگرتنم نەبوو لێیان. بەهێواشی ڕاکشام، ڕووم کردە دیوارەکە و چاوەکانم داخست، دەمزانی دوای کەمێک خۆیان دێنە ژوورەوە.

دوای چەند خولەکێک گوێم لە دەنگی پێیەکانیان بوو کە نزیک دەبوونەوە. هیوا بە چرپە لەبن گوێی هەردی وتی:
— فەرموو! دیسان خۆی لێ کردووین بە خەوتوو، ئاخر من پێم وتی سەردانکردنی سودی نییە.
هەردی بە هێواشی بانگی دەکردم:
— کاکە؟ کاکە خەوتوویت؟

باوێشکێکی دەستکردم دا، چاوەکانم کردەوە و بێ ئەوەی هیچ وشەیەک بڵێم دانیشتم.

هەردی ڕووی تێکردم، هەناسەیەکی قوڵی هەڵکێشا و وتی:
— باش بوو کلیلەکەم هێنابوو. ماڵت ئاوابێت خۆ بەنیازی تۆ بین دەرگامان لێ ناکەیتەوە! سەیرکە براکەم ئێمە لە چاکەی تۆ قسە دەکەین بۆچی تۆ گوێمان لێ ناگریت؟ بەم دۆخەتەوە کە ناتەوێت قسە لەگەڵ کەس بکەیت بۆ باری دەروونیت باش نییە…

کەمێک بێدەنگی باڵی کێشا بەسەر ژوورەکەدا، پاشان بەردەوام بوو و وتی:

 — خۆت دەزانیت خێزانم قوتابی دەروونناسییە، ڕاستە هێشتا خوێندنی تەواو نەکردووە، بەڵام باوەڕ بکە لە دە دکتۆر شارەزاترە بارودۆخی تۆم بۆ باسکرد و پێی وتم ئەم ڕەوشەی تۆ لە خەمۆکی ئەچێت و بە حەبێک چارەسەر ئەبێت،  ئەگەر دەڵێیت بەیانی پێی دەڵێم ڕاوێژێک بە مامۆستاکانی بکات؟ ئاخر کاکە دەی تۆش کەمێک هەستە هەتا کەی بەم شێوەیە دەمێنیتەوە؟

کەمێک سەرم بۆ لەقاند و هیچم نەوت. ئەم ماوەیە خامۆشییەکی سەیر دایگرتبووم، خۆشم نەمدەزانی چیمە! بەدیاریکراوی دوای ئەوەی لەکاتی چاککردنی قادرمەکانی قاتی دووەمی ماڵێک کەوتمە خوارەوە وام لێ هاتبوو.

دوای کەمێک هیوا بە دەنگێکی لەرزۆکەوە وتی:
— دایکم هەواڵت دەپرسێت… کەمێک لە چاوەکانمی ڕوانی، پاشان سەری داخست و بەردەوام بوو:
— سەیرکە کاکە، پێویستە تۆ بەڕاستی بچیت بیبینی ئەو تەمەنی زۆر بووە و خۆت دەزانیت جگە لە ئێمە کەسی نییە.

نەمویست قسەکانی تەواو بکات، ڕوخسارم گرژ کرد و وتم:
— کێ ببینم؟ ژنێک کە لەبەرخاتری خۆشیەکانی خۆی مێردە پەکەوتووەکەی و چوار منداڵی جێهێشت؟ ئەی ئێمە کێمان هەبوو کاتێک جێی هێشتین؟ ئێستا کە کەسی بەدەستەوە نەماوە خێرە ئێمەی بیر هاتۆتەوە؟ چەند جارە پێت دەڵێم کۆتایی بەو بابەتە بهێنە و باسی مەکەرەوە لای من! ئەو ژنە دایکی من نییە بەلای منەوە مردووە.

هەردی کەمێک دەستی بەسەری خۆیدا هێنا ، پاشان سەیری کردم و وتی:

— سەیرکە کاکە ئەو گەنج بوو بەدوای دڵی خۆی کەوت و هەڵەی کرد! ئێستا لەناو ئازاری ویژداندایە و هەموو جارێکیش بەتایبەتی هەواڵی تۆ دەپرسێت؛ پێی وایە تۆ بوویت بە قوربانی و تەواوی ژیانی خۆت بۆ ئێمە تەرخان کردووە.

گوێیەکانم چیتر توانای بیستنی ئەو قسە بێمانایانەی نەبوو، دەستم خستە سەر ناوچەوانم و وتم:
— واز لەو قسەقۆڕانە بێنن… هەواڵی ئیشەکە چییە هەردی؟

هەردی سەیری سوچەکانی ژوورەکەی کرد، کەمێک سەری خوراند و پاشان وتی:
— دەی ئاخر ڕەوایە تۆ بەم تەمەنەوە بچیت قووتوو کۆبکەیتەوە؟ ئاخر خەڵک چیمان پێ دەڵێن؟ ڕاستە گوزەرانی خەڵک بەگشتی گرانە و ئێمە ئەرکمان زۆر لەسەر شانە، خۆ خوشکەکەشم ئەوە هیچ، لەبەر منداڵەکانی ناپەرژێتە سەر ئێمە و کاتی هەواڵ پرسینێکی تۆشی نییە! بەس خۆ دەتوانین هاوکاریت بکەین بەپێی پێویست وە ئەگەریش سوری لەسەر ئەوەی هێشتا خۆت کار بکەیت، ئەوە ئارەزووی خۆتە پرسیاریشم بۆ کردوویت.

سەرم خستە سەر سەرینەکەم، چاوەکانم داخست و وتم:
— زۆر باشە، دەتوانن بڕۆن، من هیلاکم و دەمەوێت پشوو بدەم.

بەدەم پرتەوپۆڵەوە هەستان و هەردی وتی:
— دەگەڕێینەوە، بەم نزیکانە سەرت لێ دەدەینەوە. هەرچیەکت ویست تەلەفۆنمان بۆ بکە، باشە؟ ئاگاداری تەندروستیت بە، خوات لەگەڵ.

دوای چەند خولەکێک گوێم لە جیڕەی داخستنی دەرگاکە بوو.

بیست ساڵ تێپەڕیووە بەسەر جیابوونەوەمان، هێشتا لەو چرکەیەدا دەژیم. هێشتا دەنگی… ئای! ئەو دەنگەی تاکە ئاوازبوو کە ئەیتوانی لێدانی دڵم بەپێی ڕیتمی خۆی بگۆڕێت.. هێشتا لەناو گوێمدا دەزرینگێتەوە. کۆتا جارم بیرە کە بڕیارم دا بەجێی بهێڵم… خوایە دەبوو چیم بکردایە؟ ئاخر دەکرا هەمان کاری دایکم بکەم؟ مەگەر دەکرێت مرۆڤ ئەوەندە خۆپەرست بێت؟ نا، نا! نەدەکرا، دەبوو لایەکیان هەڵبژێرم: یا خێزانەکەم، یا ئەو. ئاخر چۆن بەو پارەیە دوو خێزانم بۆ بەڕێوە دەچوو؟ دەبوو ئەویش بەدبەخت بکەم؟ بە تەواوی بوونمەوە دڵنیام لەوەی بڕیارە ڕاستەکەم داوە…

کەچی هێشتا هەر دەڵێیت دوێنێیە! خۆرهەڵهاتن و خۆرئاوابوون ناتوانن لای من دووشەممە بگۆڕن بۆ سێشەممە… نەمدەزانی ئەمڕۆ چەنی مانگە، چەندشەممەیە، بۆشم گرنگ نییە. تاکە شت گۆڕانی کاتی نیشان دەدام ئاوێنەکەم بوو، نەک ڕۆژژمێرەکەم. بەیانییەک لەڕێگەی لۆچەکانی ڕووخسارمەوە دەیوست باوەڕم پێ بهێنێت کە کات لە دوێنێ زیاتر ڕۆشتووە… زۆر زیاتر… بەرگەم نەگرت، بە هەموو هێزم بۆکسێکم لێدا و بۆ هەمیشە ئەو کات‌دەرخەرە نەفرەتییەشم شکاند.

ئەمڕۆ جزدانەکەم کردەوە و بینیم ئەوەی لەناویدایە بەشی مریشکێک ناکات. ڕۆشتم خۆم بگۆڕم بۆ ئەوەی بچمە سەرکار. کاتێک تاکی جلەکانم کردەوە، ئەو ملپێچەم بینیەوە کە بیست و چوار ساڵ پێش ئێستا بۆیم کڕی… ئای چ ڕۆژێک بوو خوایە! شانزە ساڵ بووم… تەواوی ڕۆژەکە بلۆکم بردە قاتی سێیەمی باڵەخانەیەک. ئەوەندە شەکەت بووبووم لەبەر گەرمای بەتینی ئاب سەرم گێژی خوارد، پێم هەڵخلیسکا و لە قادرمەکان قاچم خزا. وەستاکە بە ڕوویەکی گرژەوە هاتە بەردەمم و هاواری کرد:
— ئەگەر توانات نییە کار مەکە! لێرە پارەت پێ دەدرێت، بەخۆڕایی کار ناکەیت.

 لە ترساندا هێزم نایە بەر خۆم، بەخێرایی هەستامە سەر پێ قاچەکانم ئەلەرزین، بە قوڕگێکی پڕەوە وتم:
— ببورە، زیاتر ئاگادار دەبم…
هەرچۆنێک بێت بە شەلەشەل ئەو ڕۆژەشم بەڕێ کرد. دوای ئەوەی پارەکەم وەرگرت نەمدەزانی بیدەم بە چی! خوایە دەفتەرو پێنوس بۆ خوشکەکەم؟ یان جلێکی زستانە بۆ ئەشقەکەم؟ بەهەرحاڵ، دوای کڕینی پێداویستیەکانی خوشکەکەم، چوومە دوکانێکی جلوبەرگ و دوای معامەلە لەگەڵ شاگردی دوکانەکە، توانیم ملپێچێکی بۆ بکڕم. کاتێک هاتمەوە ماڵەوە ئەوەندە بەتاسەی ئەوە بووم بەیانی بێت و دیارییەکەی پێ بدەم ئەو شەوە خەو نەچووە چاوم. ئەو ڕۆژەی کە بینیم کردمە ملی… ئای خوایە! ئەو تیشکی چاوانەی کە لە خۆشیدا دەگەشایەوە ئێستاش لەبەرچاوم لاناچێت… دوای چوار ساڵ کە جیابووینەوە لە زەرفێکدا بۆی ناردمەوە.

جلەکانم لەناو کانتۆرەکە دەرهێنا و لەبەرم کرد. پێم بۆنی کەڕووی گرتبوو، چەند دڕاوییەکیش لە قاچی شڕواڵەکەمدا بوو، بەڵام لەوە بێتواناتر بووم کە تاقەتی شۆردن و دوورینەوەم هەبێت. چوومە حەوشەکە، گوێنییەکم دەرهێنا و بەهێواشی کێلونی دەرگاکەم کردەوە و وردە وردە بەڕێکەوتم بەرەو لای مارکێتەکان بۆ ئەوەی قووتووەکان بکڕمەوە لێیان… وە ئەگەر قووتوویەکی فڕێدراوم ببینیایە ئەوە باشتر بوو بۆ من.

دوای چەند کاتژمێرێک هەستم بە دڵۆپەی باران کرد لەسەر ڕووخسارم. وردە وردە بارانەکە زیاتر دەبوو، وادیارە ئەمڕۆ ڕۆژێکی تری باراناویمان لەپێشە… دەی باشتر! پێویست ناکات کە ڕۆشتمەوە جلەکانم بشۆرم، تەنیا بە تەنافەکەوە هەڵیان دەخەم بەسە.

لە نزیکی مارکێتێک، هەندێک قووتووی بیپسیم بینی کە وادیار بوو منداڵ فڕێیی داوە. کاتێک چەمامەوە بۆ ئەوەی هەڵیان بگرمەوە، لایتێک دەوروبەری ڕووناک کردمەوە و کەمێکیش چاوەکانمی ئازار دا… سەیارەیەکی جۆری فۆڕدی ڕەش جامەکەی کردەوە، سەیری کردم و وتی:
— لەو مارکێتەی سەرەوە قووتوومان زۆر داناوە، بڕۆ بە خۆڕایی بیبە.

سەرم هەڵبڕی، ویستم سوپاسی بکەم، بەڵام باوەڕم بە چاوەکانم نەکرد… ئای خوایە چی دەبینم!
تەواوی خەون و خەیاڵەکانم لەسەر کوشنە چەرمەکەی تەنیشت شۆفێرەکە دانیشتبوو! دەستێکی بە بازنەی زەردباوی ئاڵتوونی ڕازێنرابۆوە و ملپێچێکی گرانی لەملدا بوو… ملپێچێک کە بە پارەی دەیان کرێکاری نەگبەتی وەک من نە دەکڕدرا. کاتێک چاوی بە چاوم کەوت، بۆ چرکەیەک ڕاچڵەکی، ڕوخساری تێکچوو ، بەڵام بە خێرایی چاوەکانی هەڵگرت لەسەرم، ڕووی وەرگێڕا و دەستی برد بۆ ئاوێنەی لای تەنیشتی خۆی و گۆشەکەی وەرگێڕا وەک ئەوەی ویستبێتی ڕێگە نەدات تەنانەت لە ئاوێنەکەشدا ڕووخساری من ببینێتەوە!
لەوانەیە حەزی نەکردبێت بەم شێوەیە یادگارییەکانی ببینێت! نا، نا… لەوانەیە نەیویستبێت من تووشی شەرمەزاری بم! یانیش لەوانەیە… لەوانەیە… نا، نا! ناکرێت منی بیر نەما بێت!
لەو چرکەیەدا دەنگی لە مێشکمدا ئەزرنگایەوە ئەوکاتەی کە پێم وت دەمەوێت جیاببینەوە بە لێوێکی لەرزۆکەوە کە دەنگی شکانی دڵیم تێدا دەبیست، سەیری کردم و وتی:
تۆ وەک داهۆڵ وایت! کارت تەنیا پاراستنی باخچەی ئەوانی ترە. دەزانم ڕۆژێک دێت پەشیمان دەبیتەوە، بەڵام ئەوکاتە زۆر درەنگە.

کابرا هۆڕنێکی لێدا و بە توڕەیییەوە وتی:
— برا ئاگات لە خۆتە؟

وشک و ڕەق لە جێی خۆم ڕاوەستابووم، دەنگم لە قوڕگمدا وشک ببوو. سلفێکی لە سەیارەکە دا و دووکەڵە ڕەشەکەی لەگەڵ بۆنی بارانەکەدا تێکەڵ بوو. سەیارەکە دوورکەوتەوە و منیش لە ناوەڕاستی شەقامەکەدا بەجێمام… بارانەکە بەسەر جلە دڕاوەکانمدا دەهاتە خوارەوە، گوێنییەکەی دەستم قورس ببوو. چاوم چووە سەر پشیلەیەکی ترساو کە بە خێرایی لە بەردەممدا ڕای کرد، وەک ئەوەی لە پەیکەرێکی بێگیان بترسێت.
کاتێک باران جەستە سستەکەمی تەڕتر دەکرد، بۆ یەکەمجار تێگەیشتم… من مرۆڤ نەبووم، داهۆڵێک بووم لە ناوەڕاستی باخچەیەکدا کە هەموو میوەکانی لێ قەدەغەکرابوو.

ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌ نوسه‌ر خۆی.