![]()
بنەماڵە وەک دۆزەخ:
خوێندنەوەیەکی ستریندبێرگی و ئارتۆیی بۆ شانۆنامەی
“لێکترازان” ی دانا ڕەئووف
موحسین مستەفاپوور

پوختە:
ئەم وتارە، شیکارییەکە لەسەر شانۆنامەی “لێکترازان“ی دانا ڕەئووف لە ڕوانگەی ئێکسپرێسیۆنیزمی دوایین و شانۆی ئەنتۆنان ئارتۆوە. جەختی سەرەکی توێژینەوەکە لەسەر شێوازی ڕێکخستنی کات، داڕمانی یادەوەری، پێکهاتەی خەیاڵی و نمایشدانەوەی بنەماڵە وەک فەزایەکی داڕمێنەر و پچڕاوە.
لە خوێندنەوەی یەکەمدا، بە پشت بەستن بە چەمکی “قەیرانی دۆزەخ” ئینفێرن (Inferno) و شێوازەکانی درامای دوایینی ستریندبێرگ، نیشان دەدرێت کە دەقی لێکترازان، لەسەر ئاستی فۆڕمی، دەیەوێت گێڕانەوەی هێڵی بشکێنێت و جیهانێکی دەروونی پەرت و بڵاو بەرهەم بهێنێت.
دواتر، بە کەڵک وەرگرتن لە ڕوانگەکانی ئەنتۆنان ئارتۆ دەربارەی شانۆ و تاعوون، فەزای شانۆنامەکە بە سیستەمێکی تەشەنەی ماندووبوون و داڕمان، تەنیایی و شکستی پەیوەندیکردن ناودەبرێت، کە تێیدا زمان و جەستە لە یەک کاتدا تووشی داخوڕان دەبن. لە کۆتاییدا، وتارەکە باس لەوە دەکات کە «لێکترازان» بنەماڵە وەک پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی جێگیر نیشان نادات، بەڵکوو بنەماڵە وەکوو دیمەنی داڕمانی وردە وردەی ئەزموونی مرۆڤی هاوچەرخ لە پەیوەندی بە کات، خۆشەویستی و ئەگەری ڕزگاری نیشان دەدات.
پێشەکی:
شانۆنامەی “لێکترازان“ی دانا ڕەئووف دەتوانرێت لە نێو ئەو کارانەدا دابنرێت کە دەکەوێتە سنووری نێوان درامای ئێکسپرێسیۆنیزم و شانۆی پڕ لەخەیاڵ و ئەزموونی داڕمانی پەیوەندییە مرۆڤایەتییەکان. دەقەکە تەنها گێڕانەوەی چیرۆکی بنەماڵەیەک نییە، بەڵکوو داڕشتنی بارودۆخێکە. بارودۆخێک کە تێیدا؛ یادەوەری، جەستە و پەیوەندییە مرۆڤایەتییەکان لە بازنەی داخوڕانی وردە وردە گیریان خواردووە. لەم شانۆنامەیەدا، پێکهاتەی چوار وەرزی (پایز، زستان، بەهار و هاوین) بەرلەوەی نیشانەی جووڵەیەکی هێڵی بێت، زیاتر ڕەنگدانەوەی جۆرێک لە کاتی ناوەکی و لێکهەڵبڕاوە. کاتێک کە لەجیاتی بەرەوپێشچوون، دەڕوخێت و دووبارە دەبێتەوە.
لەم توێژینەوەیەدا، بۆ شیکردنەوەی دۆخی بنەماڵە، جەستە و کات لە “لێکترازان“دا، چەندین چوارچێوەی تیۆری بەکارهێنراون؛ یەکەم، چەمکی “خودی دابەشکراو” و “نائارامی ئۆنتۆلۆجی” لە کتێبی “خودی لێکهەڵپچڕاو” ی دەیڤید لینگ (وەرگێڕانی خوسرەو باقری، بڵاوکراوەی رشد) لەبەرچاو گیراوە.
لینگ، خێزان تەنها وەک دامەزراوەیەکی پاڵپشتیکەر نابینێت، بەڵکوو هەندێک جار وەک پێکهاتەیەک دەیبینێت کە دەبێتە هۆی پچڕان لە ئەزموونی “خود” و پێکهێنانی هەستی نائارامی وجودی، دۆخێک کە تێیدا تاک، بوونی خۆی لە جیهاندا بە شێوەیەکی ناسک و ناجێگیر ئەزموون دەکات. ئەم ڕوانگەیە وادەکات پەیوەندییە خێزانییەکان لە “لێکترازان” وەک تۆڕێک لە گرژی، نامۆبوون و نەتوانینی پەیوەندی بخوێنرێتەوە.
لە بەشی دواتری ئەم توێژینەوەیەدا، تیۆری شانۆ وەک تاعوون، کە لەسەر بنەمای کتێبی شانۆ و تاعوون، وەرگێڕانی جەلال سەتتاری، بڵاوکردنەوەی مەرکەز، ٢٠١١) و شانۆ و هەمبەرەکەی (وەرگێڕانی نەسرین خەتات، بڵاوکراوەی قەتره) وەک یەکێک لە گرنگترین چوارچێوەکان بۆ تێگەیشتن لە بارودۆخی شانۆیی کارەکە بەکارهاتووە. ئارتۆ شانۆ وەک نوێنەرایەتی واقیع نابینێت، بەڵکوو وەک هێزێک دەیبینێت کە وەک تاعوون، سنوورە دامەزراوەکانی جەستە و زمان و مانا تێکدەشکێنێت. لەم ڕوانگەیەدا، شانۆ دەبێتە ئەزموونێک کە لە جیاتی هێورکردنەوە، قەیران بەرهەم دەهێنێت. ئەم چەمکە وا دەکات کە بتوانین لە فەزای نەخۆشی، زمانی دووبارەبوو، و جەستەی شەکەت لە “لێکترازان“دا، وەک دۆخێکی دراماتیکی “تەشەنە کردن” تێبگەین.
جگە لەم دوو بۆچوونە، بۆ تێگەیشتن لە پەرەسەندنی شانۆی مۆدێرن و دروستبوونی ئێکسپرێسیۆنیزمی دوایین، کتێبی “ئاوگوست ستیریندبێرگ” لەلایەن ئەلبێرت مێرل (وەرگێڕانی کاوە میر عەباسی، بڵاوکراوەی نەسڵی قەلەم) بەکارهاتووە. هەروەها شیکردنەوەی کارە شانۆییەکانی ستریندبێرگ وەک “باوک” (وەرگێڕانی جەواد عاتیفە، بڵاوکراوەی ئەفراز )، “کەڵک، پێلیکان” (وەرگێڕانی پەروێز تەییدی، بڵاوکراوەی ئاگاه)، “سۆناتای تارمایی” (وەرگێڕانی جەواد عاتیفە، بڵاوکراوەی ئەفراز ) و “سەمای مەرگ” (وەرگێڕانی پەرویز هیممەتیان، بڵاوکراوەی ئەمیرکەبیر) بنەمایەک بۆ تێگەیشتن لە شێوەکانی داڕمانی خێزان لە درامای مۆدێرندا دابین دەکات. لەم کارانەدا، خێزان یان بنەماڵە وەک ژینگەیەکی گرژی، ماندووکەر و هەندێک جار وێرانکەر وێنا دەکرێت، کە تیایدا پەیوەندییە مرۆڤایەتییەکان لە جیاتی پتەوبوون، بەرە بەرە بەرەو داڕمان دەڕۆن .
پرسیاری سەرەکی ئەم توێژینەوەیە ئەوەیە: شانۆنامەی “لێکترازان” چۆن لەڕێگەی پێکهاتەیەکی ئیکسپرێسیۆنیزم و کاتی لێکهەڵبڕاو و وێنەی خێزانێکی ڕووخاو، بارودۆخی مرۆڤی هاوچەرخ لە شێوەی بۆشاییەکی دۆزەخی و نەخوازراو نیشان دەدات؟
گریمانەی ئەم توێژینەوەیە ئەوەیە کە “لێکترازان“، بە پشت بەستن بە نەریتی شانۆی ئێکسپرێسیۆنی دوایین و کەڵک وەرگرتن لە هەندێک چەمکی ئارتۆیی، خێزان وەک یەکەیەکی کۆمەڵایەتی پێناسەکراو نیشان نادات، بەڵکوو وەک پێکهاتەیەکی نەخۆشکەر و دژە ڕزگاری، نیشان دەدات، کە تێیدا کات، یادەوەری، خۆشەویستی و ئەگەری ئازادی وردە وردە تووشی داخوڕان دەبن و لەپاشان، دووبارەبوونەوە، پچڕان و چاوەڕوانی بێ کۆتا دەبنە جێگرەوەی هەموویان.
بەشی یەکەم: ستریندبێرگی دوایین و پێکهاتەی ئێکسپرێسیۆنی لێکترازان
قەیرانی ئینفێرنۆ “دۆزەخ” و تێپەڕکردنی ناتۆڕالیزم بەرەو دڕامای تێکەڵ بە خەیاڵ
تێگەیشتن لە پەرەسەندنی درامای مۆدێرن لە کارەکانی ئاوگوست ستریندبێرگ ١٨٤٩ – ١٩١٢ بەبێ لەبەرچاوگرتنی قەیرانی “ئینفێرنۆ” کارێکی مەحاڵە. ئەم قەیرانە، کە لە نێوان ساڵانی ١٨٩٥ و ١٨٩٧ ڕوویدا، تەنها داڕمانێکی سایکۆلۆژی نییە، بەڵکوو پچڕانێکی مەعریفییە لە پەیوەندی نێوان “واقیعی دەرەکی” و “واقیعی ناوەکی” لە جیهانبینیی ستریندبێرگ. بەگوێرەی توێژینەوەکەی ئەلبێرت مێرل، ئەم ماوەیە وەرچەرخانێکی بنەڕەتییە، کە تێیدا نووسەر لە لۆژیکی سروشتی دوور دەکەوێتەوە و بەرەو جۆرێک لە درامای خەونی و تێکەڵ بە خەیاڵەوە دەڕوات.
لەم تێپەڕاندنەدا، جیهانی شانۆیی چیتر لەسەر بنەمای نمایشدانەوەی واقیعی کۆمەڵایەتی رێک ناخرێت، بەڵکوو دەبێتە پێکهاتەیەکی تێگەیشتنی جۆراوجۆر، خەیاڵیی و ناهێڵی. تەختەی شانۆ، چیتر ئەو شوێنە نییە کە ڕووداوەکە تێیدا ڕوودەدات، بەڵکوو تەختەی شانۆ، دەبێتە فەزای ئاشکرابوونی شتە دەروونییەکان. لەم پێکهاتەیەدا، کاتی هێڵی دەڕوخێت و ڕێگە بە ئەزموونێکی تێکەڵاویی ڕابردوو، ئێستا و داهاتوو، دەدات. ئەزموونێک کە زیاتر لەوەی دەرەکی بێت، هەستیی و ناوەکییە.
کارەکانی دواتری ستریندبێرگ، لەوانە “پێلیکان“، “سۆناتای تارمایی” و “سەمای مەرگ“، ڕێک لەم ئاسۆیەدا نووسراون. لەم کارانەدا، ماڵ چیتر شوێنی ژیان نییە، بەڵکوو دەبێتە دیمەنی داڕمانی پەیوەندیەکان، یادەوەری و شوناس. شوێنەک کە تێیدا کارەکتەرەکان خەریکی “ژیان کردن” نین، بەڵکوو لەناو بارودۆخێکی بەرەو “داخوڕان“دا ماونەتەوە.
هەر لەو چوارچێوە تیۆرییەدا، “لێکترازان” لەسەر بنەمای لۆژیکی گێڕانەوەی هێڵی ڕێک نەخراوە، بەڵکوو لەسەر لۆژیکی داڕمانی تێگەیشتن و ئەزموون ڕێکخراوە. چوار وەرزی دەقەکە (پاییز، زستان، بەهار، هاوین) ڕۆژژمێرێکی سروشتی نین، بەڵکوو پێکهاتەیەکی ناوەکیی لە تێکچوونی وردە وردەن. پێکهاتەیەک کە تێیدا کات ناجووڵێت بەڵکوو دادەخوڕێت.
پێکهاتەی خەیاڵی، پچڕانی کات و ئێکسپرێسیۆنیزم لە لێکترازاندا
یەکێک لە تایبەتمەندییە هەرە بنچینەییەکانی “لێکترازان” پچڕانی سیستەماتیکی لۆژیکی کات و هۆکاری گێڕانەوەیە. ئەوەی لە ئاستی دەرەکی وەک جووڵە لە پایزەوە بۆ هاوین دەبینرێت، لە ئاستی پێکهاتەییدا، بازنەی دووبارەبوونەوە، کەڵەکەبوونی شکست و داڕمانی تێگەیشتنە. لێرەدا کات هێڵی نییە، بەڵکوو “فرە چین“ه.
کارەکتەرەکانی ئەم جیهانە شوناسێکی جێگیریان نییە و لە دۆخی وجوودی جیاوازدا دەردەکەون. فریشتە گرنگترین هەڵگری ئەم پێکهاتەیە. ئەو لە گەنجییەوە بەرەو پیری دەڕوات، بەڵام ئەم بزووتنەوەیە پرۆسەیەکی پەرەسەندن نییە، بەڵکوو پرۆسەیەکی هێواش لە داخوڕانە. جەستەی ئەو، لەجیاتی هەڵگرتنی هێز، دەبێتە ڕووکەشێک لە نیشانەکانی پووکانەوە. باڵەکان کە سەرەتا ئاماژە بە ئەگەری ئازادی دەکەن، لە کۆتاییدا کەوتوونەتە سەر ئەژنۆ شەکەتەکانی ئەو. ئەم وێنەیە ڕێک ئاماژەی بە نەبوونی ئەگەری ڕزگاربوون هەیە.
ئەگەر لە ئاستێکی تردا سەیری کارەکتەرەکان بکەینەوە، دەبینین کە شاعیر ڕووبەڕووی لەبیرچوونەوە و پچڕانی یادەوەری دەبێتەوە. یادەوەری لەم دەقەدا جێگیرکەر نییە، بەڵکوو دەبێتە هۆکاری تێکدانی بارودۆخی ئاسایی. ڕستەی دووبارەکراوی وەک “هەموو شتێک کۆتاییەکی هەیە” بە درێژایی دەقەکە وردە وردە بێ مانا دەبن و دەبن بە ڕیتمێکی میکانیکی و وەڕسکەر بۆ دەق. ڕیتمێک کە جەخت دەخاتە سەر داڕمانی زمان.
لەم ئاستەدا، لێکترازان، لە نەریتی ئێکسپرێسیۆنی دوایین، نزیک دەبێتەوە کە تێیدا هەست و وێنەی ناوەکی و پێکهاتەی دەروونی، دەبنە جێگرەوەی واقیعی دەرەکی. هەروەک چۆن لە دراماکانی دواتری ستریندبێرگ، ماڵ دەبێتە دۆخێکی دەروونی، بەهەمان شێوە لێرەدا شوێنەکان (ماڵ، نەخۆشخانە، شەقام، پارک) شوێن نین، بەڵکوو دەبنە “دۆخی بوون“.
لە ئەنجامدا، تەختەی شانۆ، چیتر نوێنەری جیهانی دەرەکی نییە و خۆی دەبێتە جیهانێکی دەروونی لێکهەڵپچڕاو.
کات، داخوڕان و لۆژیکی کۆتایی
لە “لێکتەرزان“دا، کات وەک هێزێکی داخوڕێنەر و بەتاڵکەر، کار دەکات. چوار وەرزەکەی دەق، لەجیاتی نمایشدانەوەی بازنەی ئاسایی سروشت، پێکهاتەیەکی پووکانەوەی بەردەوام پێکدەهێنن، بازنەیەک کە تێیدا هەر سەرەتایەک دەبێتە نیشانەی هاتنی کۆتایی.
جەستەکانی ناو ئەم پێکهاتەیە هەڵگری کاتن: پیربوونی فریشتەکە، لاوازی جەستەیی و وردە وردە داڕمانی ئامادەبوونەکان، هەمووی ئاماژە بەوە دەکەن کە کات لێرە “ئەزموون” دەکرێت. لە هەمانکاتدا یادەوەریش بەرەو داڕمان دەڕوات، ئەمە بەتایبەتی لە کارەکتەری شاعیردا کە ئەزموونی نەتوانینی چاککردنی ڕابردوو دەکات، زۆر بەرچاوترە. لەم حاڵەتەدا، ڕابردوو نە بزر دەبێت و نە دەگەڕێتەوە، بەڵکوو بەشێوەیەکی بەتاڵ و دوور، وەک خۆی دەمێنیتەوە.
کاتی ئێستاش، دۆخێکی هەڵپەسێردراوی هەیە؛ ساتەکان بەیەکەوە گرێ نادرێن و داهاتوو وەک ئەگەرێک دەرناکەوێت. لە ئەنجامدا، کات لە سێ ئاستدا (ڕابردوو، ئێستا، داهاتوو) تووشی داڕمانێکی پێکهاتەیی دەبێت.
لەم پێکهاتەیەدا، ڕستەی دووبارەی “هەموو شتێک کۆتاییەکی هەیە” ئەرکێکی زیاتر لە مانایەکی فەلسەفی وەردەگرێت. ئەم ڕستەیە ئەنجامی دووبارەبوونەوەی گێڕانەوەیە، توخمێک کە هەموو جارێک بۆ پوچەڵکردنەوەی ئەگەری سەقامگیری دەردەکەوێت. لەم ڕوانگەیەوە، کۆتایی لە “لێکترازان” خاڵی کۆتایی گێڕانەوەکە نییە، بەڵکوو بەشێکە لە میکانیزمی بەرهەمهێنانی گێڕانەوە.
خێزان، وەک دۆزەخ
تێڕوانین لەسەر چەمکی “کوشتنی ڕۆح” لە لێکترازاندا
ئەگەر درامای دوایینی ستریندبێرگ وەک ساتێک ببینرێت کە تێیدا، خێزان لە دامەزراوەیەکی کۆمەڵایەتییەوە دەگۆڕێت بۆ سیستەمی داخوڕانی سایکۆلۆژی، لە “لێکترازان“دا، پرۆسەکە بۆ ئاستێکی ڕادیکاڵتر، فراوان دەبێت : خێزان تەنها شوێنی قەیران نییە، بەڵکوو خودی قەیرانەکەیە. خێزان، شوێنی داڕمان نییە، بەڵکو لۆژیکی داڕمانەکەیە.
لێرەدا، شیکارییەک دەکرێت لەسەر چوار شێوازی خێزانی لە درامای ستریندبێرگ وەک پێکهاتەی بەرهەمهێنراو لە دەقەکەدا؛
١– “پێلیکان” و خێزانێک کە لەناخی خۆیەوە خۆی تێر دەکات
لە “پێلیکان“دا، دایک لە دۆخێکی پەرادۆکسیکاڵدایە: ئەو ڕۆڵی بەخێوکەر و خۆراک دەری هەیە، بەڵام ئەو ڕۆڵە وردە وردە بۆ نکۆڵی کردن و وێرانکردن دەگۆڕێت. خێزان لێرە شوێنێکی پاڵپشتیکەر نییە، بەڵکوو پێکهاتەیەکە کە تێیدا، چاودێریکردن بە شێوەیەکی بەتاڵ بەرهەم دەهێنرێتەوە.
لە “لێکترازان“، ئەم لۆژیکە لە کارەکتەری دایکدا ڕەنگ دەداتەوە. دایک لە حاڵەتی هەڵاتن و ناسەقامگیریدایە، خۆی لە پەیوەندییکردن دوور دەخاتەوە، لە باوک دەترسێت و لە کۆتاییدا ئارەزووی “زیندوو بوونەوە” دەردەبڕێت. ئەم ئارەزووە نیشانەی ئازادی و ڕزگاری نییە، بەڵکوو نیشانەی داڕمانی پلەی ئەو لە پێکهاتەی خێزاندایە.
لە هەردوو دەقدا، بنەماڵە دەبێتە شوێنێک کە تێیدا “زیندوومانەوە ” کێشەی سەرەکییە نەک ژیان.
٢-“سەمای مەرگ” و پەیوەندی سەختی نێوان هاوسەران
لە “سەمای مەرگ“دا، پەیوەندی نێوان ژن و مێرد، دەکەوێتە بازنەیەک لە توندوتیژی دووبارەبوو. ئەم پەیوەندییە نابێتە هۆی جیابوونەوە و ئاشتبوونەوە، بەڵکوو لە حاڵەتی ڕاگرتنی هەمیشەیی توندوتیژیدا دەمێنێتەوە.
لە “لێکترازان“، پەیوەندی دایک و باوک، هەمان لۆژیک، بەرهەم دەهێنێتەوە. تۆمەتبارکردن، ترس و نەتوانینی دەرچوون، پێکهاتەیەک دروست دەکات، کە پەیوەندییەکەی تێدا چارەسەر ناکرێت و کۆتایی پێنایەت. دیالۆگگەلێک وەک “من لە تۆ دەترسم” یان “تۆ تاوانباری” قەیران نییە، بەڵکوو بۆ بەردەوامی بارودۆخەکەیە. لێرەدا پەیوەندییەکە لەجیاتی بەرهەمهێنانی مانا، دەبێتە هۆکاری دووبارەبوونەوەی داخوران .
٣-“باوک“و قەیرانی دەسەڵات لە خێزاندا
لە شانۆنامەی «باوک»دا، دەسەڵاتی نێرینە و چەمکی باوکایەتی لاواز دەبێت. گومان لە پەیوەندییەکان، لەدەستدانی متمانە، و قەیرانی ڕاستی، پێکهاتەی خێزان لە ناوەوە بەتاڵ دەکات.
لە “لێکترازان“دا، باوک، هەڵگری شەریعەت و جۆرێک لە یاسا نییە، هەروەها ناوەندی مانا نییە؛ ئەو لە حاڵەتی دڵەڕاوکێ و گوماندایە. باوک، لە پەیوەندییەکەی دەترسێت و هاوکات تێیدا گیری خواردووە. ئەم دۆخە نابێتە هۆی داڕمانی دەسەڵاتی باوکانە، بەڵکوو دەبێتە هۆی ئەوەی دەسەڵاتەکەی هەر لە سەرەتاوە ناتەواو و ناجێگیر بێت.
٤-” سۆناتای تارمایی” و خانوو وەکوو تەرمێکی زیندوو
لە شانۆنامەی “سۆناتای تارمایی“، خانووەکە دەبێتە شوێنێک کە ڕابردوو تێیدا وەک سێبەرێکی هەمیشەیی دەمێنێتەوە. ماڵ شوێنێک نییە بۆ ژیان، بەڵکوو شوێنێکە بۆ ڕەنج و ئازاری هەمیشەیی.
لە لێکترازان، فەزاکان (ماڵ، نەخۆشخانە، شەقام) هەمان کوالێتییان هەیە. ئەم فەزایانە شوێن نین، بەڵکوو دۆخی سایکۆلۆژییایین. فەزاگەلێکن کە تێیاندا کردار دەبێتە جووڵەیەکی بەبێ مەبەست. بەتایبەتی لە دیمەنەکانی ناو خێزاندا، خانووەکە دەگاتە ئاستێک لە بەتاڵی، کە نە ژیان تێیدا بەردەوامە و نە مەرگ تێیدا کۆتایی دێت.
بە گشتی، هاوشێوەی درامای دوایینی ستریندبێرگ، “لێکترازان” خێزان و بنەماڵە لە ئاستی پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتیەوە بۆ ئاستی سیستەمێکی داڕمێنەری دەروونی، بەرز دەکاتەوە. لە “پێلیکان” بۆ “سۆناتای تارمایی“، شێوازەکانی ستریندبێرگ لەم دەقەدا دووبارەبوونەوە نین، بەڵکوو بەرهەمهێنانەوەیە لە ئاستێکی چڕتر و فرە چیندا. لەگەڵ ئەوەشدا، جیاوازی سەرەکی لە ئاست و پلەی لێکدابڕان و جیابوونەوەدایە: لە ستریندبێرگ، خێزان هێشتا دەگێڕدرێتەوە و دەتوانرێت بە شێوەی دراما ڕوون بکرێتەوە، بەڵام لە “لێکترازان“، خێزان وردە وردە لە ئاستی گێڕانەوەییبوون، بۆ ئاستی ئەزموونێکی لێکدابڕاو دادەبەزێت. لە ئەنجامدا، خێزان لەم دەقەدا دامەزراوەیەک نییە، بەڵکوو خۆی بارودۆخێکە، دۆخێکی داڕمانی بەردەوامە، کە تێیدا ماڵ چیتر پەناگە نییە، بەڵکوو شێوازێکی جێگیر لە دۆزەخە.
بەشی دووەم: ئەنتۆنان ئارتۆ و لێکترازان؛ شانۆ وەکوو تاعوون
تاعوون وەک مێتافۆرێک بۆ دۆخی مرۆڤ
لە تیۆری ئەنتۆنان ئارتۆ دا و بەتایبەتی لە کتێبی شانۆ و هەمبەرەکەیدا، تاعوون تەنها دیاردەیەکی پزیشکی یان مێژوویی نییە. بە بۆچوونی ئەو، تاعوون، مێتافۆرێکە بۆ دۆخێکی بنچینەیی مرۆڤ: کە تێیدا هێڵی نێوان ڕێکخستن و پووکانەوە، ئەخلاق و بێ ڕەوشتی، تەندروستی و نەخۆشی، وردە وردە لێڵ دەبێت.
ئارتۆ، تاعوون وەک جۆرێک لە “ئاشکراکردنی ڕاستییە شاراوەکانی کۆمەڵگە” دەبینێت، ئەو ساتەی کە پێکهاتە ئاساییەکان، لەناکاو لە بەرامبەر هێزێکی نادیاردا دەڕوخێن. ئەم قەیرانە دەرەکی نییە، بەڵکوو ناوەکییە: کۆمەڵگە لە ناوەوە پیس بووە و تاعوون دەبێتە هۆکارێک بۆ دەرکەوتن و دیتنی ئەم پیسبوونە.
لە “لێکترزان“دا، هەمان لۆژیک لە ئاستێکی ناڕاستەوخۆ، بەڵام بەردەوامدا کار دەکات. هیچ ساتێک نییە لە دەرەوە قەیران هەڵگیرسێنێت. قەیران هەر لەسەرەتاوە بوونی هەیە و تەنیا بەشێوەی جیاواز خۆی دەردەخات. خێزان، پەیوەندی، جەستە و تەنانەت کات لە حاڵەتی “پیسبوونی ناوەکی” دان. لەم ڕوانگەیەوە، شانۆنامەکە گێڕانەوەی داڕمان نییە، بەڵکوو نوێنەرایەتی دۆخێکی هەمیشەیی داڕمان دەکات، کە تێیدا، قەیران، خۆی پێکهاتەیە.
داڕمانی سنووری تەندروستی و نەخۆشی
یەکێک لە تایبەتمەندییە هەرە بنچینەییەکانی جیهانی ئارتۆیی، داڕمانی سنووری نێوان تەندروستی و نەخۆشییە. لە حاڵەتی تاعووندا، چیتر ناتوانین جیای بکەینەوە کێ نەخۆشە و کێ تەندروستە، چونکە چەمکی تەندروستی لە ناخەوە گەندەڵ بووە. لە “لێکترازان“، ئەم بارودۆخە ڕاستەوخۆ لە فەزا شانۆییەکاندا ڕەنگ دەداتەوە: نەخۆشخانە، شەقام، ژوورە بەتاڵەکان و خانووە وێرانەکان. ئەم شوێنانە شوێنی چارەسەر نین، بەڵکوو خودی بڵاوبوونەوەی نەخۆشین.
بوونی توخمە دووبارەبووەکانی وەک کورسی کەمئەندام، جەستەی ماندوو و ئەو کارەکتەرانەی بەردەوام لە چاوەڕوانی و هەڵپەسێراویدان، ئاماژە بەوە دەکات، کە جەستە چیتر وەک ئامرازێکی کردار خزمەت ناکات، بەڵکوو بۆتە شوێنی کەڵەکەبوونی ئازار. خاڵێکی گرینگی تریش ئەوەیە کە لەم جیهانەدا، هیچ دەستنیشانکردنێکی یەکلاکەرەوە بوونی نییە. هیچ کەسێک بە دڵنیاییەوە بە نەخۆش ناونابرێت، بەڵام هەموو لە حاڵەتی ماندووییەتی و نەخۆشیدان.
لە ئەنجامدا، نەخۆشی لەم دەقەدا حاڵەتێکی تاکەکەسی نییە، بەڵکوو دۆخێکی گشتی، دابەشکراوە، جۆرێک لە حاڵەتی وجودی کە ژیان خۆی لە شێوەی نەخۆشیدا ئەزموون دەکرێت.
داڕمانی زمان و بەتاڵبوونی مانا
لە شانۆی ئارتۆدا، زمان چیتر ئامرازێک بۆ گەیاندنی مانا نییە و خۆی بەشێک لە قەیرانەکەیە. ئەو بەدوای شانۆیەکدا دەگەڕێت کە تێیدا زمان لە ئەرکی پەیوەندیگرتن دەربهێنێت و بۆ ئاستێک لە چڕی و هاوار و جەستەییبوون بەرزی بکاتەوە. لە لێکترزاندا، زمان بەهێواشی هەمان ڕێچکە دەگرێتەبەر، بەڵام نەک لە ڕێگەی تەقینەوە، بەڵکوو لە ڕێگەی دووبارەکردنەوە. دەستەواژەی وەک “هەموو شتێک کۆتاییەکی هەیە” بە درێژایی شانۆنامەکە ئەوەندە دووبارە دەبێتەوە کە بێ مانا دەبێت.
لێرەدا، زمان چیتر شتێک ڕوون ناکاتەوە و تەنیا بوونی قەیرانەکە ڕادەگەیەنێت. دووبارەکردنەوەی “ڕزگاری“، دووبارەبوونەوەی “چاوەڕوانی“، و دووبارەبوونەوەی “تەنهایی“، لەجیاتی بەرهەمهێنانی مانا، دەبێتە ڕیتمێکی ماندووکەر. لەم ئاستەدا، گفتوگۆکان چیتر ئاڵوگۆڕی مانا نین، بەڵکوو بوونەتە ڕووبەڕووبوونەوەی زمانەوانی ناتەواو. هەموو کارەکتەرەکان قسە دەکەن، بەڵام هیچ دیالۆگێک بە کۆتایی ناگات. زمان کار ناکات، زمان دادەخوڕێت. ئەمە ئەو خاڵەیە کە دەتوانین بڵێین “لێکترازان” لە لۆژیکی ئارتویی نزیک دەبێتەوە: زمان لەجیاتی ڕوونکردنەوەی جیهان، خۆی دەبێتە بەشێک لە تاریکی و لێڵی جیهان.
جەستەی پڕ لە ئازار و وێرانی لەش
لە شانۆی ئارتۆ، جەستە ناوەندی ئەزموونی شانۆییە. جەستە هەڵگری مانا نییە، بەڵکوو شوێنی ئازار و توندوتیژی و ڕاستییە. جەستە دەبێت بڕووخێت بۆ ئەوەی ڕاستی ئاشکرا بێت. لە “لێکترازان“، جەستەکان ڕێک لەم پێگەیەدان. جەستەی فریشتە گرنگترین نموونەیە: جەستەیەک کە لە گەنجییەوە بۆ پیری دەڕوات، بەڵام ئەم جووڵەیە گەشە نییە، بەڵکوو داخوڕانە. باڵەکان، کە سەرەتا نیشانەی بەرزبوونەوەن، لە کۆتاییدا دەبن بە ئەندامێکی لەکارکەوتوو و نیشانەی فڕینێکی مەحاڵ.
هەروەها جەستەکانی تریش لە دۆخێکی هاوشێوەدان: ژنە دووگیانەکە لەتەنیاییدا، دایک لەسەر کورسی کەمئەندامان، شاعیر لە لەبیرچوونەوەدا و کارەکتەرەکانی تریش هەموویان لە جۆرێک لە خاوبوونەوە و قورسایی جەستەییدا گیریان خواردووە. لێرەدا جەستە چیتر ئامرازی کردار نییە؛ جەستە شوێنی تۆمارکردنی کاتە. واتە خودی کات لە جەستەدا سۆنەی گرتووە و تێیدا نیشتووە. بەم شێوەیە، لە «لێکترازان» جەستە و ئازار لێک جیا نابنەوە.
ڕزگارییەکی مەحاڵ
یەکێک لە بیرۆکە دووبارەبووەکانی “لێکترازان” داواکاری ڕزگارکردنە. کارەکتەرەکان بە بەردەوامی دەڵێن، “وەرە و ڕزگارم بکە“، “بە تەنیا جێم مەهێڵە“، “لێرە دەرم بهێنە.” بەڵام کلیلەکە ئەوەیە کە هیچ ڕزگارییەک بوونی نییە. فریشتە، وەک کەسایەتییەکی نێوەندگیر، هەمیشە لە شێوەی بارودۆخێکی ڕزگارکەردا دەردەکەوێت، بەڵام ئەم ڕزگارکردنە هەموو جارێک دوادەخرێت یان بێ کاریگەر دەبێت. ئەو خۆی وردە وردە ماندوو دەبێت و لە جەستەیەکی گەنجەوە دەگۆڕێت بۆ جەستەیەکی پیر. ڕزگارکەریش لە کۆتاییدا پێویستە خۆی ڕزگار بکرێت.
هەمان لۆژیک لە ئاستی پەیوەندییە مرۆڤایەتییەکانیشدا جێبەجێ دەکرێت. بە ئاشکرا لە دەقەکەدا ئاماژە بەوە دەکرێت کە خۆشەویستی و عەشق چیتر ڕزگارکەر نیین. پەیوەندییەکان دروست دەبن، بەڵام پتەو نابن. لە کۆتاییدا، نەک تەنها هیچ ڕزگارکردنێک ڕوو نادات، بەڵکوو ئەگەری ڕزگاربوونیش وردە وردە لەناودەچێت. ئەوەی دەمێنێتەوە تەنیا چاوەڕوانیی ڕزگارییە، کە خۆی بۆتە دۆخێکی جێگیر.
لە “لێکترازان“دا، ئەوەی لە ئاستی فۆرم و ناوەڕۆکدا ڕوودەدات هاوشێوەی لۆژیکی “تاعوون” لە تیۆری ئەنتۆنان ئارتۆ–یە. تاعوون ڕووداوێکی دەرەکی نییە، بەڵکوو حاڵەتێکی ناوەکی و بڵاوە، کە کاریگەری لەسەر جەستە، زمان، یادەوەری و پەیوەندییە مرۆڤایەتیەکان هەیە.
داخوڕانی زمان، وێرانبوونی جەستە، داڕمانی یادەوەری و مەحاڵبوونی ڕزگاری، هەمووی ئەوە نیشان دەدەن، کە جیهانی شانۆنامەکە لە حاڵەتێکی پیسبوونی وجودیدایە، پیسییەک کە نادۆزرێتەوە و نادیترێت و چارەسەریشی نییە.
لەم ڕوانگەیەوە، “لێکترزان” دەربارەی تاعوون نییە، بەڵکوو خۆی وەک تاعوون وایە، تاعوونێک کە تیایدا شانۆ چیتر نوێنەرایەتی ژیان نییە، بەڵکوو ئەزموونێکی ڕاستەوخۆی داڕمانی ژیانە.
دەرئەنجامی توێژینەوە:
“لێکترازان“ی دانا ڕەئووف دەتوانرێت لە ئاستێکی بەرزتر لە گێڕانەوەیەک دەربارەی خێزان، یان درامایەکی سایکۆلۆژی بخوێنرێتەوە، ئەم شانۆنامەیە زیاتر دەربارەی بارودۆخی مرۆڤ لە جیهانێکدایە، کە تێیدا پەیوەندییەکان و یادەوەری و ئەگەری ڕزگاری وردە وردە دادەخوڕێن. لەم دەقەدا، خێزان دامەزراوەیەکی کۆمەڵایەتی ئاسایی نییە، بەڵکوو فۆرمێکە کە تێیدا مرۆڤەکان هاوکات کە گیرۆدەی یەکترین، لەیەکییش جیان. جۆرێک لە پێکەوەژیان کە پڕە لە جیابوونەوە.
لەگەڵ خوێندنەوەی ستریندبێرگ–ی دەق، پێکهاتەی پڕ لە خەیاڵ، پچڕانی کات و تێکچوونی پەیوەندییە مرۆڤایەتییەکان لە “لێکترزان” شانۆنامەکە لە نەریتی درامای ئێکسپرێسیۆنی دوایین نزیک دەکاتەوە، کە تیایدا ماڵ چیتر شوێنێکی پارێزراو نییە، بەڵکوو دەبێتە گۆڕەپانێکی داخوڕانی دەروونی و داڕمانی پەیوەندی. هەروەک چۆن لە “سۆناتای تارمایی“، “پێلیکان“، “سەمای مەرگ“، ماڵ وەک فەزایەکی ژەهراوی و پڕ لە دڵەڕاوکێ نیشان دەدرێت، لە “لێکترازان“دا خێزان، بووەتە دیمەنی دووبارەکەرەوەی شکست و ترس و نەتوانینی جیابوونەوە یان یەکگرتنەوە.
لەلایەکی ترەوە، لە خوێندنەوەی ئارتۆییدا، کەش و هەوای گشتگیری نەخۆشی، پووکانەوە و ئاژاوە لەم شانۆنامەیەدا چەمکی “تاعوون” بیردەخاتەوە، کە نەخۆشییەکی دەستنیشانکراو نییە، بەڵکوو دۆخێکی پێکهاتەییە. لەم فەزایەدا، هێڵی نێوان تەندروستی و نەخۆشی، ڕاستی و خەون، تەنانەت ژیان و مردن دەڕوخێت. لەم ڕوانگەیەوە، “لێکترازان” نمایشدانەوەی قەیرانێکی دەرەکی نییە، بەڵکوو ژیانێکە لەناو خودی قەیراندا.
بەدرێژایی شانۆنامەکە، کارەکتەرەکان بەدوای ڕزگاربووندا دەگەڕێن، ڕزگاربوون لە خۆشەویستی، لە خێزان، لە تەنهایی و لە خۆیان، بەڵام ئەم گەڕانە هەمیشە بێ وەڵام دەمێنیتەوە. فریشتەکە، وەک هێمایەک بۆ ئەگەری ڕزگاربوون، خۆی لەسەر ڕێگای داخوڕان دەڕوات و لە بوونەوەرێکی نێوەندگیرەوە بۆ بوونەوەرێکی بێتوانا بۆ ڕزگارکردن دەگۆڕێت. لە ئەنجامدا، تەنانەت چەمکەکانی وەک خۆشەویستی، دایکایەتی، باوکایەتی و یادەوەری ئەرکی ڕزگارکەری ژیانیان لەدەست دەدەن و دەبنە توخمێکی بێسوود لە جیهانێکی داخراودا.
کۆتایی شانۆنامەکە، وەک هەموو جیهانەکەی، لە تاریکیدا نوقم دەبێت، بەڵام ئەم تاریکییەی کۆتایی قەیران نییە، بەڵکوو بەردەوامبوونی قەیرانە و واتە کۆتاییش ڕزگارکەر نییە.
لە ئەنجامدا، “لێکترزان” دەتوانرێت وەک وێنەیەکی مرۆڤی هاوچەرخ لە حاڵەتی تێکچوونی پەیوەندییەکانیدا، تێکچوونی مانا و نەتوانینی ڕزگاربوون، بخوێنرێتەوە. وێنەیەک لەنێوان نەریتی ئێکسپرێسیۆنی دوایینی ستریندبێرگ و شانۆی تاعوونی ئەنتۆنان ئارتۆ.
سەرچاوەکان:
لاگ، ر. د. خودی دابەشکراو، وەرگێڕ خەسرەو باقری، بڵاوکردنەوەی ڕوشد. ٢٠٢٠
ئارتۆ، ئەنتۆنان. کولتوور،شانۆوتاعوون،وەرگێڕانیجەلالسەتتاری،بڵاوکردنەوەیمەرکەز،٢٠١١
ئارتۆ، ئەنتۆنان. شانۆ و هەمبەرەکەی. وەرگێڕانی نەسرین خەتتات، بڵاوکردنەوەی قەترە. ٢٠٢٢
مێرڵ، ئەلبێرت. ئاوگوست ستریندبێرگ. وەرگێڕانی کاوە میرعەباسی، بڵاوکردنەوەی نەسڵی قەڵەم. ١٩٩٤
ستریندبێرگ، ئاوگوست. باوک. وەرگێڕانی جەواد عاتیفە. بڵاوکردنەوەی مەرکەز. ٢٠١٨
ستریندبێرگ، ئاوگوست. پێلیکان. وەرگێڕانی پەرویز تەییدی. بڵاوکردنەوەی ئاگاە. ٢٠١٤
ستریندبێرگ، ئاوگوست. سۆناتای تارمایی. وەرگێڕانی جەواد عاتیفە. بڵاوکردنەوەی ئەفراز. ٢٠٢٣
ستریندبێرگ، ئاوگوست. سەمای مەرگ. وەرگێڕانی پەرویز هیممەتیان. بڵاوکردنەوەی ئەمیرکەبیر. ٢٠١١
ڕەئووف، دانا. لێکترازان، ناوەندی کەپر. ٢٠٢٤

