١
یهكێك لهو چیرۆكانهی لهم نووسینهوهیهدا دێتهوه یادم، چیرۆكی ژنێكه كه تاوهكو ئێستا له ئهرشیفی كهسی خۆمدا پاراستوومه. لهو بڕوایهدام چیرۆكێكه بهرجهستهبوونی ئهو دژووارییه پڕ ئازارهیه كه ژنی كورد بهتایبهت له باشووری كوردستان پێوهی دهناڵێنێت. پێم باشه هیچ شرۆڤهیهكی كهسی خۆم زاڵ نهكهم و هیج بیروڕایهك دهرنهبڕم، بهڵكو چیرۆكهكهتان وهكو خۆی بۆ بگێڕمهوه، كاتێك له (ڕێكخراوی خانزاد) وهك چالاکوانێك و توێژهرێكی كۆمهڵایهتی كارم دهكرد. بیرم دێت شەبەقی بەیانی زوو زەنگی تەلەفون لێیدا:
_ بەڵێ کاک ساڵح فەرموو…
کاک ساڵح پاسەوانی رێکخروی خانزاد بوو
-
سڵاو خەندان خان ئهوه نزیکی نیوسەعاتێکە ژنێک هاتووە، زۆر ئەگری و ئەپاڕێتەوە بیکەینە ژوورهوه؟ هەموگیانیشی تەڕە چیبکەین؟
-
بۆ تەڕە؟
-
نازانم دەڵێ نەوتم کردووە بە خۆما و خۆم ئەسوتێنم!
-
ڕایگرن، ئێستا دێم هەوڵدەن نزیکی زۆپا و شتی وهها نەبێتەوە بەتانییەکی بدهنێ تا دێم
كه چوومه پرسگهكه، ژنێک خۆیدا بەسەر دەست وقاچم دا و بەدەم گریان و پاڕانەوە، سەرپۆشێکی سپی رەنگ بواردووی لاوازی پۆشی بوو، سهرپۆشهكه هێندە کۆن بوو، تک تک ئازاری ڕابوردووی لێ دەتکا. دیاره هێندە شۆرابوو كه ڕیشاڵ ڕیشاڵ بوو بوو. ژنهكه سەروقژێکی بژی ههبوو، قژێكی لول كه تاڵی سپی و ڕەش هێندە تێکەڵ و ئاڵۆزبوون، لە شلیلە خوری فڕێدراو دەچوون. چرچولۆچی بەرچاوە بزەکانی لە خۆڵەمێشی تهڕ بوو دەچوون، لێوەکانی ئەستوور و قاش قاش ترەکیو و وشکهەڵاتوو، برۆکانی ڕەش و پڕ هێندە ئەستوربوون لە توێکلی باینجان دەچوون. دەست و پەنجەکانی کورت و خڕ، سەری پەنجەکانی لە دەیان جێگەوە قڵیشاو و جێگە بڕدراوی کۆنیان بەسەرهوە بوو. هێندە قڵیشەکان گەورەبوون بەسەر پەنجەکانیەوە موچورکە نهك بهلهشمدا، بهڵكو بەڕۆحمدا دەهات. ژێر نینۆکەکانی هێندە چڵکن و پڕ چەوری بوون دەتگووت لەفیتەری هاتۆتەوە، باڵایەکی مام ناوەند، کراسێکی کورتوکوێر، هێلەکێکی قەیفەی ڕەش کە له بنهڕهتدا ڕەش بوو، دەنا هێندە کۆن بووبوو، له كۆنیدا سوور هەڵگەرابوو. عەبایەک بەبن دەستیەوە بوو. تەنها بهناو عهبا بوو، دهنا ئەو عەبایە داڕزاو و ڕیزاڵ بوو بوو. ئاوهها له بهرامبهر دیمهنی ئهم ژنه؛ بۆنی ئارەق و بۆنی نەوت و بۆنی زووخاو و بۆنی برسێتی و بۆنی نائومێدی کاسیان کردم.
-
سڵاو
-
ئای بەساقەت بم، تو خوا تو خوا ڕزگارم بکە!
– پورێ گیان ناوت چییە؟
-
تۆ بەڕێوبەرەکەی ؟
-
بەڵێ پورێ گیان منم، تۆناوت چییە ؟
-
سەبری، تۆبڵێ (سەبری قوڕبهسهر) بڵێ (سەبری خێر نەدیوو) بڵێ…
پاشان دایه پڕمهی گریان.
-
هێواش بە مەگری
-
ئاخر تۆ نازانی چیم لە دڵدایه، ئەها ببینە ئاها سەیری سەرم بکە.
هەوڵیدا چەپکێ لە قژە بژەکەی لادات و جێگە لێدان و سەرشکاوییەکەیم نیشانبدات. بەپەلە ئاوەڵکراسە گوڵچینیەکەی هەڵکردوو و قاچ و ڕانە شینەوەبووەکانی نیشاندام. بەوەش نەوەستا، بهڵكو سنگی داچۆڕاند و گووتی؛ خوا قبوڵی دەکا دادە بزانە چی لێکردوم ئەو باوک حیزە!
-
کێ؟ کێ وایلێکردوی سەبری خان؟ هەستە بچینە ژوور بۆم باسکە.
-
جا لە پیاوی سەگ و سەگباب زیاتر کێ؟
-
تۆ جارێ جنێوی پێ مەیە بابزانین چی بووە.
-
ئا، خۆ ئەمزانی ئێوەش چاکتان نییە بەس دیفاع لە زاڵم دەکەن.
-
سەبری خان دەزانم دڵت پرە بەس، با دەستێ جلت بدهمێ خۆت بگۆڕە، چایەک بخۆرهوە و قسەم بۆ بکە.
-
تۆ ئەڵێی چی دادە گیان، هەی هوووووووو دەی ئەوا ڕۆشتم قوڕمدا بە سەرما ئەوهشم نەویست تۆبیکەی.
-
ڕاوەستە، بۆکوێ ڕاوەستە مەڕۆ چیتە بۆچی وهها پەلەتە. من نایەڵم کەس لێرە زەفەرت پێ ببات، ئارام بە پورێ گیان.
-
ئارامی چی من گیانم تیانەماوە، من دەبەیەک نەوتم کردووە بەخۆما، مەلا بانگدان کچەکەم سەتلێ ئاوی پیاکردوم بەپاڵ ناردمی بۆ ئێرە.
-
کچەکەت چاکی کرد دەستی خۆش بێت، بەس من ئێستا چیت بۆبکەم تا تۆئارام بیهوه.
-
من هیچم ناوێ بەس لەو کەرامباوگاوە ڕزگارم بکەن، ناچمەوە لای بمکوژن ناچمەوە لای، تهڵاقم بدات، بەسە تەواو تەحەمولم نەما خۆم ئەسوتێنم دەڵێم (یەکێتی ژنانیش) هیچیان بۆنەکردم ئەوانیش لەگەڵ زاڵمن.
-
سەبری خان ئێمە یەکێتیی ژنان نین، خۆ ئەوانیش بڕوام نییە بهرگری لە زاڵم بکەن بەس ئەوان چۆن دەناسیت؟
-
ئێ دوو جار چووم هیچیان بۆنەکردم، دانیشتن نەسیحەتیان کردم، من لە دوای دوو شوو چەتیوێکی قاچ باریک نەسیحەتم بکات، بۆ من مناڵم ڕۆڵە؟ گەر ڕاستیان ئەکرد با تەڵاقیان بۆ وەرگرتمایە!
-
نا دوور لەتۆ بەڵام خۆ ئەوان حاکم نین، بزانم چۆن دوو شووتکردووە، بۆ؟ جارێ با بچینە ژوورەوە.
تا نان و چایەک نەخۆیت، من تێت ناگەم.
بەدەم نانخواردنەوە سەبری خان، کەوتە گێڕانەوەی ژیانی خۆی، هێندە بەتاسەوە پارووەکانی قووتدەدا، بهجۆرێك منیش پڕ بەدڵ دەمویست بهشداری بكهم له نانخواردندا. پاشان كهوته گێڕانهوهی چیرۆكی ژیانی؛
-
من یانزه منداڵم هەیە، کوڕە گەورەکەم بوو بە (جوندل ئیسلام) کوڕێکم بە نۆ ساڵی بوو بەژێر سەیارەوە تۆ خۆش. بەخوا لە سایەقەکە خۆش بووم و گووتم ؛ با بڕوا گەردنی ئازاد بێت، خۆم لە قوڕبەسەری بووم، بهردهوام ئیشم دهكرد.
-
ئیشت چییە ؟
-
دوختۆرم! قابیلە چی بم ڕۆڵە، ئەوە چەند ساڵە لە ماڵێکی (خوار بەلەدییەکە) سەروپێ بۆ دوکانەکان چاک دەکەم، من و دوو ژنی ترین. بەخوا ڕۆژ هەیە دووسهد سەروپێ پاک دەکەم. ئاها! بینینە سەیری دەست و پەنجەم بکە، بووە بە کۆتەرە. شەو تاوهكو بەیانی لە ئازاری باڵ و قۆڵ و کلێنچکەم خەوم نییە. ئێ ڕۆڵە من ههشت بۆ نۆ سهعات لەسەر تەختەیەکی حهمام دادەنیشم بەخوا بەس جگەرە دەکێشم و فریاناکەوم نان و پیازێک بەئیسراحەت بخۆم!
-
چۆنە بەم شێوهیه ئیشدەکەیت و هێشتووتە ئەوەندە منداڵت ببێت؟
-
ئێ، هی دوو مێردە، خوا بیبڕێت.
-
چۆن؟! لە یەکەم جیابوویتەوە، چی؟
-
نەوەڵا ڕۆڵە شانسم ههبووایە ئەو دەما، خۆ ئەویش زاڵم بوو، بەس هەرچۆنێک بێت باشتربوو باوکی خۆیان بێت.
-
هی دووهەم خراپە لەگەڵ منداڵەکان؟
-
کوڕە بۆ خۆم و بۆ کچ بۆ کوڕ و بۆ هەموومان خراپە. خوا بەقوڕیا بەرێتەخوار. بەس دایکەکەم دەستم مەبڕە من قسەناکەم گەر تەڵاقم بۆ وەرنەگریت. بەو مهرجه دانیشتووم ئەگینا بەخوا خۆم ئێستا ملی ڕێ دەگرم و ڕێک بۆ مەحکەمە تا تەڵاقەکە نەکەنە دەستم ناڕۆمەوە.
-
سەبری خان تەڵاق بازنێک نییە بۆت بکڕین و یەکسەر بیکەینە دەستت، ئارام بە، تاوهكو تۆ بۆ منی باس دەکەی پارێزهرهكهمان دێت لەگەڵ ئەو دوو قسە دەکەین.
-
دیسان بۆ ئەویش ئەم خورشید و خاوەرە بڵێمهوه.
-
نا نا خەمت نەبێت، خۆم بۆی باسدهكهم.
-
ئاها! بەساقەت بم، تەحەمولم نییە، جا با بۆت بڵێم، من مێردەکەم شهش منداڵم لێی هەبوو. هەمووی سەروپێچکە گەورەکەم، یانزه ساڵ بوو، ئێستا وا ڕۆشتووە لە داخی ئەم مامەی بوو بە جوندول ئیسلام. چووشم بەدوایدا گووتی؛ نەڕۆیتەوە دەتدەمە بەر فیشهک.
-
مامی؟
-
ئێ مێردی دووهەمم شووبرای خۆمە خوا بیبڕێت!
-
بۆ شووت بە شووبرا کردهوە؟ چۆن بوو؟
-
کە مێردەکەم مرد ئەو له بۆمباراندا كوژرا. بهڵێ پاسهوانی كارگهی شەکرەکە بوو، لهكاتی جهنگی ئێران – ئێراقدا، فڕۆكه جهنگییهكانی ئێران قەسفی کرد و پێوەبوو. بەخوا کردبووی بەدوو کەرتەوە. ئەو ڕۆیشت و چووە جێگەی خۆی، بهڵام نەگبەتی بۆ من مایەوە. بەس ئەوسا باش بوو قادسیەی سهدام نازانم تۆ بزانی یان نا ئەوسا دەهەزاریان (*پهنجا ههزار دۆلاری ئهوسا) دهدا بە ماڵی شەهید، ئینجا پارچه زهویهكیشیان داینێ و کردمە خانوو. دوو کوڕی شیرینی ئەهێنا!
-
ئەی ماوە خانوەکەت؟
-
خانووی چی لە گرانیەکادا فرۆشتم بۆ ئارد و شهكر و برنج. ئەم سەگی سەگبابەش وردە وردە بردی و خواردی. یای بە قەحبە و مەحبە، ژێر خۆی خستن.
-
بۆوا ڕقت لێیەتی؟ بۆ جنێو دهدهی؟ مەرج نییە وای کردبێت.
-
تۆ ئەیناسی؟
-
نەوەڵا سەبری خان، بەس من ڕقم لە جنێوە.
-
دەی تۆ موسەقەفی من قوڕبەسەرم.
-
نا من حەدم نییە لە تۆ باشتربم، لەوەگەڕێ، باشه چیتر.
-
ئێ مێردی یهكهم له بۆمباراندا كوژرا و ئەم برایەی تەماعی کردە خانو و ماڵ و گووتی؛ نابێت شوو بەکەسی تر بکەی. منداڵی براکەم ناخەمە ژێردەستی خەڵک و خۆم مارەت دەکەم. ماڵی باوکم لە (سەید سادق) بوون، خۆ نەدەکرا بچمەوە ئەوێ، ئیتر وەلحاسڵ ڕازی بووم و شووم بەم برای مێرده كوژراوهكهم کردەوە. له ئەمیش پێنج منداڵم بوو، ئەو کوڕە بچوکەم بووە ژێر سەیارەوە دایکت بمرێت.
-
هیج کچێک یان کوڕێکت ژنی نەهێناوە؟
-
بەچی دادە گیان؟ بە ماچ؟ ژن بەچی دێت؟ من لە سەگ سواڵ دەکەم. تۆ دێیتە داوای کچی من بۆ برات؟ ئیمرۆ پارە زاوا ڕادەکێشێت!
-
منداڵەکانت چوونەتە قوتابخانه؟
-
نیوەی چوو، نیوەی نەچوون، کچەکان لە نەبوونی وازیان هێنا، نیمە جلی مەکتەب و جانتا و مەسرەف بکەم. ئەوەی پەیدا دەکەم، ئێواران لەگەڵ دەستمدا دەیدەمە دووکیلۆ تەماتە و دوو پاروە نان، نیمە بەخوا ئاها سەیر سەیر جزدانەکەم بکە.
-
نا پێویست ناكات، باشه بۆ شەڕتان دەبێت؟ بۆلێت دەدات؟ بۆ ویستت خۆت بسوتێنی؟!
-
بەساقە وەک کچەکانمی، خۆمان لە هۆدە و جامخانەیەکداین موبەقێکی تەنەکەم کردووە، تاوهكو نانێک دروست دەکەن، ئەو چەتیوانەم ڕەقدەبنەوە له سهرما، بەخوا جاری وا هەیە چام نییه لێێ بنێم بۆیان.
-
مێردەکەت چ کارەیە؟
-
هیچ، حەماڵە، ڕۆژێ گەر ده دینار پەیدا بکات یان نەیکات، نازانم ئا لەم پارە (تەبعە)ی ئێستا!
-
هەر حەماڵ بوو، کە تۆی هێنا؟
-
نهخێر، ئهوسا کرێکاری دەکرد، دوای خۆت ئەزانی ئیش و کار نەما. کێ خانووی دەکرد ئیتر گووتی؛ پارەم بەرێ پیکاب بکڕم ئیشی پێوە بکەم. ئێ، پیکابێکی کڕی سێ چوار ساڵ ئیشی پێکرد دوای وەریگەڕان و یاڕهبی خۆی تێدا هەلاهەلابوایە.
-
باشە کوڕەکانت هیچ کار ناکەن؟
-
نەوەڵا کار کوا، ناوەنجیەکەم ناردە لای ناسیاوێک فێری فیتەری ببێت، دەریکرد. بچوکێکم هەیە جار جار قاورمە یان پاقلە ئەفرۆشێت، تەواو.
-
کرێچین؟
-
ئەی خۆ هی باوکم نییە؟
-
لەسەر چی ڕێک ناکەون؟
-
گووتم پێت؛ دووقنەجنۆکەمان هەیە ماڵ و مناڵ وەک تەراح لێی دەخەون ئەویش ئەیەوێ لەناو کچ وکوڕی گەورهدا سوارم بێت!
-
ئێوە لەگەڵ منداڵەکان دەخەون؟
-
ئەی بچمەکوێ؟ خۆ دە ژوورم نەڕازاندۆتەوە.
-
سەبری خان هەرچەن تازە ڕۆی، بەڵام تۆ بەو وەزعەتەوە بۆ هێندە منداڵت دروستکردووە؟
-
ئێ هەر سوارم ئەبوو، چیبکەم؟ منیش نەزان و نەخوێندەوار و چوزانم چیم بکردایە؟
-
مەنعکردن خوێندەواری بۆچییە؟
-
ئێ ئیتر هەر ئەیگووت؛ خوا بەخێویان دەکات، ئاخ، لێم گەڕێ بەخوا ئەوکوڕە جوانەم لە تاو ئەم باوە پیارەیهی ڕۆی، بوو بە ئیسلامی و جوندل ئیسلام.
-
ئەم منداڵانەت حاڵیان چۆنە ئێستا؟
-
حاڵیان چی بێت؟ ئەلێم پیاوەکە ڕیشت سپیە لێمگەرێ لە کۆڵم کەوە، دەڵێ؛ ئەچم قەحبە ئەگێم تۆ نایەڵی!
-
بۆ نایەڵی؟ ئارەزووت نییە تۆ، یان چی؟
-
من ڕۆژ تا ئێوارە قوڕئەیەم بەسەرما، ئێواران هیلاکم بڕۆمەوە و لههیلاكیدا ههر فریای نان خواردنێك دهكهوم و دهبێت بخهوم، جا وهره هەر بهو شەو قاچ بکەمە ئاسمان؟
-
نا، بەس هەوڵدە قسەبکەن!
-
تێناگات ،ئەو ناوگەڵی دانامرکێتهوه و شەڕ ئەفرۆشێت. بەخوا هەفتەیهك بەر لە ئێستا بانگی کردمە موبەقەکە، کورەکەم نارد بۆ ئهوهی دۆلكهیهك ماست بكرێت بۆ بهرچایی، كهچی دۆلكه ماستهكهی هەڵگرتوو و کردی به سهرما!
-
بۆ؟
-
ئێ بەهانە، شەو هەر خۆی ئەکێشا به مندا و منیش گووتم؛ لاکەوە ئەوکوڕانە بەخەبەرن، ئیتر تابەیانی مڕەی هاتووە و شەڕی لێ دهبۆوە.
-
واتا شەڕی ئێوە لەسەر خەوتنە لهگهڵ یهكتری؟
-
بەزۆری بهڵێ، ئینجا جگە لەوەش بەساقە دە دینار پەیدا بکات ئەیداتە قەحبە!
-
تکایە سەبری خان بەس وابڵێ، لای تۆ (قەحبە) کێیە و چییە؟
-
ئێ وهڵا، خۆ بوختانی بۆناکەم، بەخوا خۆی وا دەڵێت.
-
ڕەزیلە؟
-
نیەتی تاوهكو بزانم ڕەزیلە یان نا؟
-
کاتی خۆشی هەر نەیبوو؟
-
باشتربوو، بەس ئەودەست بڵاوە، ئنجا قسەتڕن و جنێوفرۆش، ڕۆژی سەدجار دەڵێت؛
کێرم بە قوزی دایکت، بەهی خوشکت، دایکتم لە قەبرەکهدا گابێت. جگه لهوه کچێکم دایە شوو داوای شیربای کرد و گووتم؛ کوڕە عەیبە کوڕەکە نییەتی. گووتی؛ خوا یەکە و نەبووە بە دوو، ناڕواتە دەر لەم ماڵە تاوهكو شیربایی نەدەن. تهنانهت شیربایهكهشی خوارد، کچەکەش دوای پێنج مانگ هاتەوە ماڵهوه!
-
بۆ؟ ئەو بۆ؟
-
مێردەکەی پێێ گوتبوو؛ مامەتم دیووە (باوهپیاره) لە ڕێگای چەمچەمال دەستی لەناو سنگ و مەمکی ژنێكی هۆزێكدا بووه. ئیتر کچەکەشم کردبویە شەڕ لەگەڵیدا، خەسوشی لەسەر کوڕەکەی کردبۆوە. ئیتر گوتبوویان؛ مادام ئەوەندە دەمت گەرمە هەڵسە بڕۆرهوە بۆ ماڵی باوکت، کە هاتەوە من لە ماڵ نەبوم بۆ مامەی (باوهپیارهكهی) گێڕابۆوە. ئەویش تەڵاقی خواردبوو کە نابێت بڕواتەوە. ئیتر چەنده ماڵی كوڕه هاتنە دوای، ئینجا ئەم گەواو باوکە بەهانەی گرت گووتی؛ دەبێ ئاڵتونی بۆ براکەی بکەن! ئی ئەوانیش گووتیان؛ خۆ تازە بووک نییە و ئێمە (شیربایمان) داوە. ئیتر ڕۆڵە تۆ نازانی چ داخێک وا لەو سکەمایه. لێم گەڕێ توخوا با بڕۆم خۆم بکوژم، ئێستا دایکەکەم گەر تەڵاقم بۆ ناگری بابڕۆم دڵم تەقی.
-
سەبری خان تۆزێک تەحەمول بکە پارێزەرەکە وادێت.
-
جا کەی دێت، کە تۆپیم وا دڵم ئەتەقێ.
ئهمهی گووت و دایه گریانێکی بەکوڵ، گریانێك له بهرامبهریدا ههستم بهبێدهسهڵاتی و بێ مانایی ژیان دهكرد. بەجۆرێک کەوتە گریان هەنسک و هاوار و ئاخەکانی بەردی ئەکرد بەئاو، بەئاسانی هەستت پێدەکرد چەند ماندووە، چەنده پڕە، چەند بیرەوەری و ساتەوەختی تاڵی چەشتووە. له گریانیدا مێژویەکی پڕ لە دەردەسەری بهرجهستهدهبوو، هەرچی سەیری چاوەکانیم دەکرد نەم دەتوانی ئومێدێک بدۆزمەوە، نیگەران بووم بهوهی، کە ئاخۆ بڵێت بتوانم تەنها هێندەی تاڵێک لە سەروپرچە ئاڵۆزکاوەکەی، بۆ ساتێكیش بێت ئارامی خۆشبەختی پێ ببەخشم؟
-
سەبری خان دەزانم زۆر داخت لە دڵدایە، بەڵام هیچ کێشیەک نییە بێ چارەسەر، هەوڵدەدەین، تەنها به هاوکاری خۆت دەتوانێت هاوکاری ئێمەبکات کەتۆ ڕزگار بکەین. بەڵام ئایا پێتوایە بەتەڵاق کێشهکانی تۆ هەمووی چارەسهر ببێت؟
-
ئەی بۆنا، ئەرەوەڵا نەجاتم ئەبێت، حاشا لەو مێردە، ههر نهمویست.
-
چەند ساڵە چۆن ئیدارەت کردووە؟
-
بەم قوڕبەسەریە، هەر ئەمگووت بەشکم باش بێت.
-
قەت تۆراووی؟
-
ساڵی دەجار، بەس بێ سوود بووە.
-
ئەی کە دەتۆرای ئەهاتە دوات؟ چۆن دەڕۆشتیتەوە؟
-
ئێ دڵەکەم حیزە. بەزەیم پێدادێتەوە، ئیتر باش دەبۆوه و دهیگووت؛ خۆشم ئەوێن!
-
هەموجار باوەڕت بەو قسانەی کردووە؟
-
ئێ خۆ من شەیتان نیم دادە گیان، هەر گوتوومە بەشکم باش ببێت منداڵم وردە.
-
سەبری خان ڕازی دەبی من قسەی لەگەڵ بکەم؟
-
لەگەڵ کێ؟ جا بڵێ هیچم پێناکرێ و تەواو دەستم بۆ ئەبڕیت ڕۆڵە، کە ناتوانیت تەڵاقم بەی.
-
خۆ تەڵاق بەدەست من نییە، ئەو مێردی تۆیە، جا تەڵاق بە ڕۆژێک ناکرێت و هەر دەشبێ گوێ لەو بگرین.
-
چی، چی؟ ئەوە بەڕاستتە؟ چی دەڵێی؟ بۆ من لەوم داوە یان ئەو لە منی یاوە؟ ئێوەش هەر پشتی زاڵم بگرن.
دوای قسە و باسێکی زۆر لەگەڵیدا و هەوڵدان بۆئهوهی کە بتوانم قسە لەگەڵ مێردەکەی بکەم، بەڵام بێسوود بوو، هەر هاوار و ناڵە و پاڕانەوە بوو بۆ جیابوونەوە.
هێواش هێواش کارمەندەکان دەهاتن بۆ سهر كارهكانیان، لەنێویاندا پارێزەرهكه هات و بانگم کرد و کەوتینە قسەكردن. کاتێک ( باجی سهبری) زانی ئەوە پارێزەرەکەیە، بههەمان دەستور خۆیدا بەسەر دەستوقاچیدا و گووتی؛ توخوا ڕۆڵە توو ئەو شیرەی دایکت نایە دەمت پێت حەرام بێت، بیکە بەخاتری خوا زوو ڕزگارم بکە.
پاشان هەرچۆنێک بێت هەوڵماندا ناونیشانی ماڵەکەی وەربگرین. سەبری خانمان لەگەڵ پارێزەرهكهدا نارد بۆ دادگا، تاوهكو تۆزێک هەست بەئارامی بکات و دڵنیابێت کە دوای کارەکەی دەکەوین. بەڵام من هەروەک کاری هەمیشەیم نەم دەویست تەنها گوێ بۆ لایەنێک بگرم و لە قسەکانیشی بهگومانم بووم، کاتێك گووتی؛ دەیان جار تۆراووم و گەڕاومەتەوە، ئەزموونی زۆرم ههبوو لەگەڵ ژنانێک کە لەژێر پاساوی دڵپاکی خۆیاندا چ کارەساتێک دەخوڵقێنن. ههر بۆیه كاتێك ئەوان ڕۆشتن بۆ دادگا، منیش کەوتمە ڕێ بۆ دۆزینەوەی ماڵیان.
٢
دەرگایەکی دوو تاکی شینی ڕەنگ ژەنگاوی کۆن، کەدەیان کوونی تێدا بوو، بەدوو قادرمە سەردەکەوتیته سهرهوه، لە دەرگامدا
-فەرموو
کیژۆلەیەکی خرپن چاوگەش بوو، ئهوه کچی سەبریە بوو، برژانگەکانی تیژ و پڕ ڕیزێک بازنی تەل لەمەچەکەکانیا توند، دشداشيەکی قەیفە لەبەریدابوو
– سڵاو، تۆ کچی سەبری خانی، وانییە؟
– بەڵێ، بۆ؟ چی بووه؟ دایکم شتێکی لێ بهسهرهاتووه؟
– نهخێر، ئەو زۆر باشە، بۆی باسکردم تۆ بەیانی یارمەتیت داوە و ناردوتە بۆلای ئێمە.
– من نەبوم خوشکە گەورەکەم بوو.
پاشان کیژۆڵەیەکی تر بە خۆی و گوێنییەک کارتۆن و کاغەزه شڕهوه لە ژوورێکی بچکۆلە هاتەدەر كه سەرەکەی بەلەوحی تهنهكه گیرابوو
– فەرموو
– سڵاو ، من ناوم خەندانە
– بەخێربێی فەرمو بچینە ژوور، ئەوە خەریکی چێشت لێنان بووم.
– بە ئاگری دار چێشت لێدەنێی وانییە؟
– وەلا ئەو مقەبا و شتە ئەسووتێنم، چونكه خەڵوزمان هەیە دار نییە. لە پێشدا ئاگرەکە بەو کاغەز و شتەدەکەمەوە.
چوینە ژور لە جامخانەیەکی داڕزاووی ڕووت و ڕەجاڵ، چەند پارچە بەڕەیەکی شڕ هەر پارچە و ڕەنگێك. دۆشەکێکی ڕەق و باریک، کاتێک لەسەری دانیشتم هەر یاریم بەقاچەکانم دەکرد، چونکە دەتگووت لە وردە بەرد دروست کراوە. بۆنی شێداری و قهوزهی دیوارهكان و ساردی و چڵکنی دیوارەکان، ترسیان لە ڕۆحمدا دەنیشاند، هەر منداڵ و هەرزەکار بوو، دەهات و دەچوو. لە سووچێکدا چەند کتێب و دەفتەرێکی شڕ و پارچە پەرۆ دەبینرا. عەلادینێکیان لە ژوورەکە هێنا بۆ جامخانەکە و خستیانە بەردەمم، دوای چهندین دەنکەشقارتە دایان گیرسان، پڵیتەکەی هێندە ڕەق بوو بوو هەڵدەوەری. چاوی عەلادینەکە دڕابوو زۆری دهویست تاوهكو هەست بەنوزەی گەرمی ئەو عەلادینە بکەیت. کیژۆڵەکان لە سەرما دەستیان سوور هەڵگەرابوو، لە چاوی هەر یەکێکیاندا ڕۆمانێکی دوورودرێژ، ڕابوردوویەکی هێندە خوێن تاڵ دەبینرا، کە نەدەکرا هەناسەی قووڵی پڕ حهسرهت هەڵنەکێشم.
له ڕاستیدا نەمدەزانی لەکوێووە دەستپێبکەم، لە خەمی ئەم کیژۆڵانەوە بچمە نێوسووچ و کۆڵانەکانی بەدبەختی یان لە سەرابی پڕ تراژیدیای سەبری دایکیان، یاخود لەنێو دەریای پڕ نائومێدی و خەونی بەتاڵی کوڕە هەرزەکارەکان بدوێم. من نەمدەزانی لهسهر کام شەپۆلی هەژاری سەوڵ لێبدەم؛ شهپۆلی هەژاری ئابوری؟ هەژاری پەروەردەی؟ هەژاری کۆمەڵایەتی؟ هەژاری ڕۆشنبیری؟
شەپۆلەکان هێندە بەهێز بوون، ئەستەم بوو بتوانم بدوێم، ماوەیەکی باش بێدەنگ بووم تەنها لە چاوەکانی ئەم کیژ و کوڕانەم دەروانی، دواجار پرسیم؛ خەتای کامیانە؟ دایکتان یان باوکتان؟
گەرچی نەدەکرا ئاوهها ڕاستەوخۆ پرسیارم ئاڕاستهبكردبان، بەڵام هیچ پرسیارێکی ترم بۆ نەخرایە سەر زمانم. ئەم پرسیارە نادروستەی من وەک ئەوە وههابوو، کراسێک بە هەموو هێزت لەبەری کیژۆڵەیەکی تازە پێگەشتوودا دابدڕیت و بکەویتە سەروگوێلاکی و جەستەی کەوڵ بکەیت.
-
جا کامیان نییە، بۆ ژیانمان هەیە؟
یهكێك له كوڕهكانی لهولاوه ههڵیدایێ و گووتی؛ خوا هەردووکیان بەرێتەوە، بەخوا بەعزێ جار ئەڵێم ئهڵێی هەردووکیان بکوژم!
یەکێکی تر لە کوڕەکانی تەمەنی نزیکەی ده بۆ یانزه ساڵ دەبوو، ئهویش وهك براكهی خۆی تێههڵقوورتاند و بەزەردەخەنەیەکەوە گووتی؛ وەڵا سەبری شێتە، ئەقیژێنێ لە خۆی ئەیا، ئەڵێم مەکە عەیبە دراوسێکانمان هاتن.
پاشان كچه گهورهكهی گووتی: وەڵا دایکم بەدەست مامەمەوە تێک چووە، چیبکات؟ ئەویش حەزی دەکرد ئیستا هەموومان لە ژیانێکی خۆشدا بین، بەس مامەم تێناگات زۆر لە دایکم ئەیات بەخوا ئەوەنەی کێشاوە بەسەریا هەرباشە، واش ماوه!
-
ئێ هەزار جارمان وتوە دایە جوابی مەیەرەوە هەر هیچ.
یهكێك له كوڕهكان گووتی: خەتای باوکمە.
منیش پرسیم: ئاها باوکی تۆیە، بەس مامەی تۆیە؟
-
بەڵێ باوکمان جیایە.
-
زۆرتر لەسەر چی شەردەکەن؟
-
وەڵا خۆیان ئەزانن هەر جارەو شتێك، دایکم زۆرتر لە ئیشە کە دێتەوە هیلاکە. ئیتر مامەشم بەهانە دەگرێت، چووزانم، داوای پارەی لێدەکات!
-
باوکتان بۆ کار ناکات؟
-
ئەیکات بەس ئیتر ئەڵێ بەش ناکات، چونكه ئەخواتەوە
-
ئاها! واتا مەشروب ئەخواتەوە؟
-
ئەرێ وەلڵا ئەیهێنێتە ماڵەوە و دایکم بهوه شێت ئەبێت.
-
بۆ؟ کە پارەی پێ نییە چۆن؟ بۆ ئەیهێنێتەوه ماڵهوه؟
-
من برایەکم ئیسلامییە لێرە نییە، ئیتر مامەم زۆر ڕقی لێیەتی. خۆی ئەوی دەرکرد. هەر شەوەی لە ماڵیک ئەخەوت، ئیتر لە داخا چووە ناو ئیسلامییەکان. مامەم دەڵێت؛ لە داخی ئەو و لە ڕقا من ئەخۆمەوە، جا توخوا ئەوە قسەیە خەندە خان؟
-
گەر ئیستا تۆ دادگا بی چی دەکەیت؟ چی بە باش دەزانیت بۆ مامت و دایکت؟
-
وەڵا با جیاببنەوە، بەخوا حەیامان چووە لەم گەڕەکە ئەوەنە شەڕیان بووە، جاری وهها هەیە خەوتووین، نیوەشەوە بەپاڵ دایکم دەکاتە دەرهوه، ئینجا جنێویان. ئینجا دایم ئەڵێت بەس دوو پوولم ههبێت ژنێکت بەسەردێنم!
-
ماڵی باپیر و نەنکت هەیە؟
-
جا خزم و کەس بە ئێمە چی؟
-
بۆ؟
-
ئێ هەرکەس کێشەی خۆی، پاشان مامەم زۆر کەلەڕەقە بەخوا لەنەنکیشمی داوە.
-
بۆ مامت ڕامبۆیە چییە؟ بۆ وا شەڕانییە.
-
خەندەخان باوکم زۆر توڕهیه، بەخوا بەقایشی پانتۆڵ هەزارجار لێێ داوین ئینجا خۆشی نەخۆشە.
-
چییەتی؟
-
کە باوکی ئێمە مردووە، دایکم دەڵێ چۆتە سەر مەیتەکەی، ئیتر مامەم وەکو شێتی لێهاتووە. ئەڵێ ئەوە وا دهمارگیری کردووە
-
لە ئێوە دەدات؟ (مەبەستم کچەکان بوو)
-
جا لەکێ نادات؟ کەس نییە لەم ماڵە لێدانی بەدەستی نەخواردبێت، ئەو برایەم هەڕەشەی لێکردووە دەڵێت پارچەپارچەی دەکەم!
لەگەڵ ئەم کچ وکوڕانەدا زۆر دوام، له ڕاستیدا هەریەکێکیان داستانێک بوون بۆ خۆیان، هەوڵمدا بگەڕێمەوە ژمارە و ئەدرەسم دانێ و ملی ڕێم گرتهوه بۆ ڕێكخراوی خانزاد.
٣
کاتێک من گەڕامەوە، ئەوانیش گەڕابوونەوە، دەنگە دەنگ ژوورەکەمی پڕ کردبوو، کاتێک منیان دی گووتیان؛ ئەوەخۆی هاتەوە ماڵت ئاوابێت. ئەوە هات خەندان
-
چیە سەبری خان بۆوا دیسان توڕەی؟ نەچوویت بۆ دادگا ؟ چیتە؟
-
هیچم نییە بەساقەت بم خوا ماڵت ئاوا بکا، نانی بەیانیم خوارد، نانی نیوەڕۆتان پێداوم. ئێ ئا ئەو کچە باشە یەک زەرف جلی بۆ پێچاومەتەوە، ئیتر ئەڕۆم دلم وەختە بتۆقێ بۆ ئەو مناڵانەم، ئەترسم ئەو باوکە سەگبابەیان بیان کوژێت!
-
نا مەترسە هیچیان لێ ناکات، زۆریش باشن من ئێستا لای ئەوان بووم.
-
چی؟ ئەوانی چی؟
-
گەر بڕوات نییە وەرە با وەسفی ماڵەکەت و منداڵەکانت بۆ بكهم.
-
ئێ بۆچووی خوا بمکاتە قوربانت، ناترسی ئەو گەوادە بتکوژێت، بەخوا جارێکیان گووتی؛ جارێكی تر بچیتەوە بەو یەکێتیی ژنانە بەر بیکەیسیان ئەیەم!
-
مەترسە بیکەیسی نییە، پارەی دەمانچەیەکیشی نییە تابیکەیسی بکێت.
-
خۆزگەم، بەخۆت زۆر چاوقایمی!
-
تۆش تۆزێک ئازابە مەترسە هیچی پێناکرێت، من بیستم، نۆ ساڵ لە تۆ گەورەترە؟
-
کورە بە خوا یانزه ساڵ نۆ ساڵی چی!
-
دەی باشتر، کەوابێت زۆر لەتۆ بێ هێزترە، کە ویستی لێت بدات پاڵێکی پێوەبنێ، بادانیشێت بهڵام هاوارمەکە و مەقیژێنە، دەستی توند بگرە و بکێشە بەناوگەڵیدا ئەکەوێتەسەر ئەرز!
-
هااااااا بەخوا فیشەکێکم پێوەئەنێت، ئهوه تۆئەڵێی چی، وابكهم ئەو خۆم و هەر یانزه منداڵەکەشم ئەکاتە قوربانی سەعاتیکی ناوگەڵی.
-
منیش بۆیە دەڵێم لەقەیەک بکێشە پیایە، با بێدەنگ بێت! كۆشکەکەمانت بینی بەساقە؟
-
بۆستە مەڕۆ، تۆ بۆ دەڕۆیتەوە؟ ئەتبەم بۆ شێڵتەرێک و چەند شەوێک لەوێ بە، تاوهكو پیاوەکەت دێنم و قسەی لەگەڵ بکەم و بەمهرج بتنێرینەوە.
-
نا، نا، نا، وانەڵێی بەخوا نەوتدهکات بەو ماڵ ومنداڵهمدا و ئەیانسوتنێت.
-
زەڕەیەک نەوت لە ماڵەکەتدا نییە سەبری خان، بەچی ئەیان سوتیێنێت، مەترسە!
-
تۆنازانی من ئەیناسم ئەوكچانە ئەکوژێت و براکانیشی کە دهبینین لە کچەکان ئەیات، هەڵدەگەڕێنەوە له باوكیان. بەخوا جاری واهەیە ئەلێم ئێستا یهكتر دهكوژن!
هەوڵدان و قسەوباسێکی زۆر، سەبری خان ڕازی نەبوو بمێنێتەوە. زۆر زۆر پێی داگرت بەگەڕانەوەی بۆ ماڵهوه. هەرچی هەوڵمدا تێیبگەیەنم کە تەواوی ئەوخێزانە لەژێر توندوتیژیدان بەڵام بێسود بوو. دیاره بەوپێیەی (ڕێكخراوی خانزاد) کاری کۆمەڵایەتی دەکرد بۆ ژنانی هەڕەشهلێکراو، ژنانی گرتوخانەکان و کێشە کۆمەڵایەتییەکانیان. لهگهڵیشیدا بڕێکی زۆر هاوکاری مادیمان دەبەخشی، بەتایبەت وەک جلوبەرگ پێداویستی پاکوخاوێنی، لهوانه خاولی زۆر کەلوپەلی تر. بۆیە هەوڵمدا بارێکی زۆر تێروتەسەل بۆ سەرجەم منداڵ و هەرزەکارەکان بپێچینەوە و چەندین کەلوپەل و پێداویستی و ڕاخەر و نەوت و زۆپا (بە سەبری خان) دا بەسەیارەی ڕێکخراو ناردمانهوه بۆ ماڵهكیان، پێم گووت؛ بچوکترین لێدان یان شتێک ڕوویدا، زوو ڕابکە لەژێر دەستیدا.
٤
تائێرە چیرۆکێکی ئاسایی بوو، جگە لەڕووخسارێکی نوێ هیچ شتێکی تر نامۆ نەبوو، چونکە ڕۆژانە چیرۆکی لەمە پڕ تراژیدیاترم بەڕێ دەکرد، چ لە ڕووی توندوتیژی و چ لە ڕووی نەداری و ههژاری و کارەسات لێرەوە دەست پێدەکات. دوای ئەو ڕۆژە چی ڕوویدا؟ دوای تەواوبوونی كار، گەڕامەوە ماڵ ژیانی ئاسایی خۆم، بهڵام دیسان بەری بەیانییهكی، نزیکی کاتژمێر شهشی بهیانی دەبوو زەنگی تەلەفون لێیدا.
-
بەڵێ فەرموو….
-
خەندان خان، ئەو ژنەی دوێنێ هات بۆ لامان بۆ ڕێكخراو، ئهوا دیسان هاتۆتەوە دەڵێت پەلەمە دەڕۆم بۆ ئیش و تۆی دەوێت.
-
سەبری خان؟ چی بووە دیسان؟ باشە ئەو؟ هیچی نییە؟
-
نا بەس زۆری پەلەیە تەحەمولی نییە!
-
بڵێ ئیستا دێم با خۆم بگۆڕم.
بهو بهرهیانه ، ملی رێگەم گرت و ڕۆشتم، بەڵام هێندە دڵەراوکێم بوو، ئاخۆ منداڵێکی تووشی هیچ نەبووبێت؟ ئاخۆ مێردەکەی شتێکی نەقەوماندبێت؟ دهبێت چی بووبێت؟ بهدهم ئهم ورده بیركردنهوانهوه گهیشتمه ڕێكخراوی خانزاد و سهبریه خانم بینی چاوهڕێم دهكات.
-
سڵاو، فەرموو سەبری خان، خێره، تۆ باشیت؟
-
بەساقەت بم یاخوا، رۆلە نائومێد نەبیت، بەخوا ئە ومنداڵانە ئیمشەو لە خۆشی ئەوجلانە نەخەوتوون گەرمو گور یاخوا ڕۆڵە…
-
باشه چی بووە؟ چیت کردووه؟
-
وەڵا بەساقەت بم بۆیە بەپەلە هاتم، ئەڕۆم بۆ ئیش و هاتم بزانم خۆ شکاتەکەتان نەکردووە؟
-
شکاتی چی؟
-
ئەوەکەی دوێنێ كه ڕۆشتین لەگەڵ ئەو کاکەیەدا بۆ دادگا و گووتم شکات دهكهم تەڵاقم بدات!
-
ئێ ئەزانم بۆچی؟ مەبەستت؟
-
نەیکەن بەساقەت بم، بەو کاکەیە بڵێ کاغەز و شتەکە بدڕێنە و تەواو!
-
چی؟ سەبری خان چی؟ تێناگەم؟
-
بۆ دایکم خۆ بە عەرەبی نایڵێم، دەڵێم لێی بگەرێن مەچنە دوای شکات و شتی وا.
-
بۆ چی بووە؟ بۆ وا دڵت خۆشە؟
-
بەخوا بەساقەت بم، ئیمشەو تابەیانی دەستی ماچ کردووم و هەزار جار گوتوویهتی تۆبە!
-
چی؟ تکایە سەبری خان
-
ئێ دایکم گوناهە، داماوە، خۆ بەخوا بەشەر بەزەی پێدایەتەوە.
-
ئەوە تۆ دەڵێی چی؟
-
بەساقەت بم خۆ بەزۆر ئینشەلا لە مێردم ناکەی، دوو پارچە خێرت پێکردووم دەتەوێ تەڵاقم بدات؟ جگهلهوه پیاو دهمارگیردهبن و منیش تەحەمولم نییە، بەزەیم پیایەتەوە دڵم پاکە و هیچ لە دڵما نییە.
-
شتی واچۆن ئەبێت؟ تەلاق نا، بەس ناکرێت ئاوا لە خۆت و منداڵ ئەدات من دەزانم ئەوە یەکەم جارنەبووە.
-
ئێ، خەندە خان گیان، مێردە، مێرد سامی هەیە، مێردی تۆ زاڵم نییە؟
-
نەوەلا زاڵـمی چی بۆچی زاڵم بێت و بۆ من چیم تاوهكو لێم بدات!
-
دەی دادە گیان من و تۆ نابینە یەک.
-
بۆچی؟ ئاخر بۆ؟ بۆچی لەو کچە عازەبانەت بدات؟
-
ئەی خوا تۆ چیت دەوێت، بەخوا ناهەقی نییە مێردەکەم ئەڵێت؛ بەقسەی ڕێکخراوی ژن هەڵمەخهڵهتێ . چونكه هەرخواخوایانە ژن تەڵاق بدرێ و خۆیان هەموویان قەیرەن!
-
سەبری خان، تکایە تۆ دوێنێ دەتگووت دەڕوا لەگەڵ ژنی لهشفرۆشدا دەخەوێت، هەزار شتت گووت، منداڵەکانم بینی دەزانم ئەم پیاوە تەنها دوو رۆژ ئاوا دەبێ دوایی کەس گوێت بۆ ناگرێت.
-
دایکەکەم خواحافیز گەر حەزیش ئەکەی هاتمەوە لە ئیش جل و شتەکان ئەخەمە تەکسییەک بۆتان دێنمەوە، بهس لێم گەڕێن!
-
بۆ ناتەوێ تێبگەیت؟
-
بەخوا تابەیانی دەستی ماچ کردووم و ئەوە تۆدەڵێی چی، خۆ پیاوی نەکوشتووە؟ خواحافیز
-
بۆستە.
-
من هەرچیم کرد ئەو نەیبیست، ئاوهها سەبری خان ڕۆیشت و نائومێد لەنێو دەرگای ڕێکخراوەکەماندا بهو بهیانییه زووه لهژێر شۆكدا وڕ و كاس بوو بووم.
٥
دوو ساڵ بەسەر ئەو ڕۆژەدا تێپەری، نیوەرۆیەکی گەرم لە گەرمیان بووم، لەنێو گەرمەی کارکردنمدا بووم لەنێو کەسوکاری ئەنفالدا. لهوێ، پرۆژەیەکمان ههبوو بۆ ژنەکان، لهو كاتهدا زەنگێک لێیدا
-ئەلو، ئەلو، خەندە خانە ئەلوو
– بەڵێ، بەڵێ منم، فهرموو کێیت فەرموو؟
دەنگێک بە گریان و دەنگیک پڕ لە شەرم، دەنگێک تاساو و لەرزۆک
-
فەرموو گیان، تۆ کێێت؟
-
من شەهلام کچی سەبریم.
-
کام شەهلا ؟ کام…
-
سەبری ئەوەی …
-
ئاها، دەی دەزانم شەهلا گیان چۆنی بۆچی وا دەنگت نزمە، چیتە تۆ باشی؟
-
نەوەڵا دایکم لەخەستەخانەیە، سووتاوە و قسەناکات!
-
بۆ؟ بۆ؟ لە کام خەستەخانەیت، ئەی باوکت؟ ئەی کەژاڵ؟
کەژاڵ خوشکە گەورەکەی بوو کە تەڵاقدرابوو، گریانێکی بەکوڵ هەنسکی پچڕ، پچڕ، هەرچیم کرد تێنەگەشتم.
-
باشە ئیستا بە هاوڕێکانم دەلێم بێنە لات، باشە مەگری بەساقە دێم، خۆشم دێم.
دوای گەرانەوەم لە گەرمیان دەمەوئێوارەیەکی درەنگ، ڕاستەوخۆ خۆم کرد بەخەستەخانەی ئیمێرجنسیدا
-
سڵاو چۆنی شەهلا گیان
-
توخوا چۆن بم خەندەخان، تۆ گووتت تاسەر ئەم ژیانە وا ناڕوات خوا ڕەحم بکات، بەخوا هەموومان تیاچووین.
-
بۆسووتاوە پێم بڵێ؟
-
نازانی بۆ؟ باوکم هەڕەشە دەکات دەلێ زمانت ئەبرم بڵێی خۆی خۆی سووتاندووە. گوتوومانە تەباخی پیاتەقیوەتهوه و خۆشی ناتوانێت هیچ بڵێت. دکتۆر دەڵێت ناژی!
-
بەچی خۆی سوتان؟
-
بە بەنزین.
-
چۆن؟
-
براکەم بەدەبە بەنزین ئەفرۆشێت و لەحەوشەکهدا داینابوو، ئەویش چووە موبەقەکە و کاتێکمان زانی کڵپە هات. نیوەشەو بوو ههموومان خەوتبووین.
-
نازانی بۆ خۆی سووتاند؟
-
هەر شەڕ و فەرتەنەی خۆی و باوکم بوو.
-
باوکت بهئاگابوو لهو كاتهدا کە خۆی سووتاند؟
-
ئەی چی خۆی ویستی بیکوژنێتەوە بەس ئاگرەکە کڵپەی دەکرد دەبە بەنزینەکانی تریش گرتی و تهقینهوه. ئیتر دایكم بەگڕەوە ڕایکردە حەوشەکە، هەرچی گەڕەکە داباریه سهرمان، ئەتگووت قومبەلەن دەتەقنهوه و کڵپەیان دهكرد.
-باوکت لە کوێیە؟
– نیوەڕۆ هات گووتی؛ زمانت ئەبرم. منیش دایم تۆم لە خەیاڵدا بوو، چونكه پار رێکخراوەکەتان هات و لە گەرەکی ئێمـەدا دەورەی نەخوێندەواری کردەوە، من دایم هەواڵی تۆم ئەپرسی. براکەم تەلەفونی کرد و گووتی باوکم ڕۆیشتووە بۆ شارەزوور، بۆ ماڵی کەسوکاری.
-
بۆ خۆی شاردۆتەوە؟
-
نازانم خۆ لێرە گووتمان تەباخ تەقیووە!
-
بەڵام برا دامەوەکەم گیراوە…
-
کامیان؟ بۆ؟
-
بەنزینەکان هی ئەوبوو، پورزاکەم گووتی خەمت نەبێ بەردهبێت.
-
منداڵەکان کێیان لایە؟ وەزعیان چۆنە؟ بەڕاست بۆچی وا سەرتاپات ڕەشە؟
دایە پرمەی گریان و گریانهكهی جهرگبڕ بوو.
-
چییە شەهلا، بۆچی وا دڵت پڕە، چییە؟
-
خەندەخان تۆ نازانی کەژاڵ پار خۆی کوشت؟
-
چی؟ ( کەژال خوشکە گەورەکەی بوو)
-
کەژاڵ باوکم بەزۆر دای بە خوێریەکی سەرخۆش، دایم ئەیخواردەوە سەرسەری و بێ ناموس و داوێن پیس بوو. کەژاڵ هەر ڕازی نەدەبوو چونکە دووجار ئەو کوڕە لەسەر هەتیوبازی گیرابوو، چەن جار تۆرا و گووتی خراپە شتی خراپ دەڵێت. باوکم هەر ئەیگووت، گوت خواردووە حەزت لە خەڵکە تۆ. کەژاڵ بە من و دایکمی گووت؛ مێردەکەم دەرمان دەخوات و شروبخۆره و خۆی بینیبووی کە تەعەدای کردبوو لە کوڕی خوشکەزاكهی خۆی. خوشکەزاکەی ههشت ساڵان بوو، کوڕ بوو کەژاڵ بەسەرا هاتبووە ماڵ خۆی بینیبووی. مێردەکەی کڵاشنکۆفی هەبوو، چونکە پێشمهرگه بوو، ئیتر بەو کڵاشنکۆفە خۆی کوشت، باوکم و مێردەکەی و شووبراکەی گووتیان؛ لە دەستی دەرچووە ویستوێتی ماڵ پاک بكاتەوە.
لەو كاتهدا دەمویست گوێکانم بگرم بڵێم؛ بەسە! هاوارکەم و بلێم بەسە، بەسە، ڕۆژ نییە چیرۆکێکی سامناک نەبینم و نهبیستم، هەندێک جار هەستم دەکرد خەوندەبینم و ههموو ئهمانه وههم و سهرابن. هیچم بۆ نەکرا هەرچی سەیری سەبریم دەکرد جەستەی بۆته پارچهیهك خهڵوزی ڕهش، شەهلاش لەبری فرمێسک خوێن و زووخاوی دەباراند. کەژاڵ هەزاران پرسیار و ئاوات و خۆزگەی لهگهڵ خۆیدا ناشتبوو، براکەی نێو گروپە ئیسلامییەکان بێ سەروشوێنە کوژرا، فاروق برا ناوەنجیەکەی سەری خۆی هەڵگرتوە لە یۆنانە. بەسە، چیتر لهوه زیاتر ناتوانم هیچیتر بگێڕمەوە، هێندە تاڵە، هێندە تاڵە ئهم گێڕانهوهیه، بهجۆرێك ژەهر خواردن ئاسانترە.