لە تەمەنێكدا كه هێشتا له پێنجی سەرەتایی بووم، یه‌كه‌م وشه‌ی( شووكردن) م تاقیكرده‌وه، به‌ڵێ تاقیكرده‌وه، نه‌ك بیستم. ئه‌وه ئه‌و كاته بوو كە گووتیان؛ داخوازی كچی مامم ده‌كه‌ن بۆ برا گەورەكەم.
چه‌ند ڕۆژێك دوای ئه‌وه، باوكم و مامەکانم كۆبوونەوە…
من منداڵ بووم حه‌زم له‌م جۆره قه‌ره‌باڵغیه بوو، به‌ڵام بێئه‌وه‌ی له‌قسه‌كانیان تێبگه‌م، چونكه قسه‌ی گه‌وره‌كان بوو. ئیتر زانیم ئەو ڕۆژە چوو بوون بۆ داوای كچی مامم بۆ براكەم و کە هاتنەوە گوێم لێ بوو باوكم و دایكم وت‌ووێژیان ئەكرد. لە قسەكردنیاندا وه‌ها دیار بوو كە كێشەیەك له‌ئارادا بوو، كێشەكەش زیاتر خەمی دایكم بوو کە دەیگووت؛ نە دەبوو وایان بكردایە!
ئەو كات من زۆر لە بابەتەكە تێنهدهگەیشتم كە چییە، چیان بكردایه، داواكردن چییه؟ ته‌نانه‌ت هەتا دوای ئەوەش كە زانیم هەر تێنەدەگەیشتم، نه‌مده‌زانی چییه شووكردن و ژن به‌ژن. ئاخر مناڵێك لە پێنجی سەرەتایی بووم، واتە یانزەساڵ بووم ، به‌مانای دوو ساڵ لە عائیشەی ژنی پێغمبه‌ر گەورەتر بووم، من لەکوێ بزانم ژن بە ژن یانی چی؟ لە کوێ بزانم گەورە بە بچوك چییە؟
دوای ئه‌وه زانیم ئەو کاتەی چوونەتە داوای کچی مامم، دایكی كچه، واتە ئامۆژنم گوتوویه‌تی؛ چۆن ئێمە كچی خۆمان بێ بەرامبەر بدەینە شو؟… هه‌ر بۆیه بیریان كردۆتەوەكە؛ با کچەكەی ئێوه‌ش بۆ كوڕەكەی ئێمە بێ .
دیاره كچەكە من بووم، کوڕی مامیشم وه‌ك من منداڵ بوو، ساڵێك یان دوو ساڵ لە من منداڵتر بوو. هەر ئەو کاتە ، له‌وێ مەلایەكیان بردبوو بۆ مارە كردنی كچی مامم لەبراكەم. منیش بێ ئاگاداری خۆم هه‌ر له‌وێ مارە كرابووم لە كوڕی مامه منداڵه‌كه‌م. هەر لەوێدا ئەم مامەڵەیە كۆتایی پێهاتبوو. دیاره كچی مامم و براكەم له تەمەنی گونجاوی خۆیان بوون بۆ ئەوهاوسهرگیرییه، به‌ڵام من و كوڕی مامه‌كه‌م هەردووكمان مناڵ بووین و نه‌مانده‌زانی هاوسه‌رگیری چییه؟
لێرەوە نه‌هامه‌تی و قوڕ بەسەری من دەستیپێكرد نەمدەزانی چی ئەگوزەرێ و نەمئەتوانی نە منداڵ بم نەگەورە. له‌لایه‌ك منداڵم و له‌لایه‌ك مارهكراوم، چونكه من بە دەزگیرانی كوڕی مامم هەژمار دەكرام، ئه‌مه‌ش چاو و دڵمی پڕ ده‌كرد له‌فرمێسك و هه‌میشه له‌ناوخۆمدا ده‌گریام.
من زۆر گوێم لە وشەی دەزگیران ئەبوو كە نەمئەزانی ماناکەی چییە، به‌ڵام ده‌مزانی بووم به‌ده‌زگیران. من یەکێك بووم لە هەرە قوتابیە زیرەكەكان، کە چەنده‌ها جار مامۆستاكانم دەیاننارد بە دوای مندا، به‌تایبه‌ت كاتێك پۆلەكانی سەروو قۆناغی خۆم پرسیارێكیان بۆ چاره‌سه‌ر نەكرایە، من ده‌چووم وانه‌كه‌م شیده‌كرده‌وه. مامۆستاكان ئه‌وه‌یان ده‌كرد بۆئەوەی نمونه‌ی قوتابیه‌كی زیره‌ك نیشانی پۆله‌كه بده‌ن. ته‌نانه‌ت ده‌یانگووت؛ ئاها..سه‌یربكه‌ن، ته‌نانه‌ت چه‌ند پۆلێك لە دوای ئێوەیە، كه‌چی ده‌توانێ ده‌رسه‌كان حل بكات… ڕاسته دڵ خۆشدهبووم به‌م ڕێزلێنانه، به‌ڵام غه‌مباربووم له وێنه‌ی خۆم له‌گه‌ڵ خۆمدا، چونكه وێنه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی خۆم ئه‌وه بوو كه من چیتر كچه زیره‌كه نه‌بووم، به‌ڵكو دهزگیردار و بهشوودراوهكه بووم.
ڕۆژ هات و ڕۆژ ڕۆی، من بەم دەردەوە ده‌ژیام، تێنەئەگەیشتم بۆچی هیچکام لە هاوڕێكانم ده‌زگیران نین؟ تاوه‌كو ووردە ووردە ڕۆژو مانگ و ساڵم بە ڕێكرد بەم باره ڕاهاتم و چارم نەبوو، بەڵام هەستمدەكرد گرێیە ك لە دەروونما دروستبووە. گرێیه‌ك كهپێدهڵێن به‌شوودان و ده‌زگیرانداری و بوونت به موڵكی یه‌كێكی دیكه… زۆر جار خۆمم دەپرسی ئەمە چییە منی تێدام، بۆچی ئه‌مه ڕووده‌دات؟ ته‌نانه‌ت ئەو غەدرەی لە من كرا لە كوڕی مامیشم كر ، چونكه ئەویشیان هەر به‌زۆری زۆرداری كرده ده‌زگیران و لە منداڵیه‌وه كردیانه پیاو.
زه‌مه‌ن هات و ڕۆیشت، به‌هۆی بە دەستتێوەردانی ماڵە مامی دیكه و كەسوكار له‌ژیانی خێزانی براكه‌م و كچه مامه‌كه‌م، کێشە کەوتە نێوان ئه‌م دووانه. به‌جۆرێك گەیشتە ئەوەی كە کچی مامم چەند جارێك تۆراو چوەوە ماڵی باوکی، تاوه‌كو کۆتا جار ماڵی باوكی نەیانهێشت بێتەوە. هەر بە بڕیاری گەورەکان بڕیاریاندا كە ئیتر نابێ بچێتەوە لای براكەم و دەبێ جیاببنەوە. له‌م باره‌دا، جیابوونەوەی ئەوان واتە جیابوونەوەی منیش لە كوڕی مامم، کە هێشتا هه‌ردووكمان منداڵ بووین و لە مانای شووکردن و ژنهێنان تێنەگەیشتبووین. كار گه‌یشته ئه‌وه‌ی لای دادوەر داواكاری جیابوونه‌وه تۆماركرا. ناخۆشترین چركه‌ساته‌كانی ژیانم ئەوە بوو كە دەیانگووت؛ خۆت ئامادەکە بەیانی دانیشتنی دادگا هەیە!
ژینگەی هۆڵی دادگا و قه‌ره‌باڵغی دادگا‌و پۆلیس و پارێزه‌ر و شاهیده‌كان زۆر نامۆ بوو بە منی منداڵ، دادگا‌و دادوه‌ر ئاماده‌بوون بۆ منێك كه تهڵاقدهدرێم! هۆڵی دادگا پڕی بوو لە ژن و پیاوی گەورە، هەموو شەڕیان ئەكرد و خەریكی كێشەی خۆیان بوون، منیش لەسووچێك وەستابووم و سەیریانم ئەكرد و ئەوانیش لە من وورد دەبوونەوە . ته‌نانه‌ت هه‌ندێك كه‌س كه نه‌یانده‌زانی كێشه‌كه چییه، پرسیاریان له‌بوونی من ده‌كرد له‌ناو ئه‌م هۆڵی دادگای باری كه‌سێتیه. وا باوه تاوه‌كو ئێستاش دادوه‌ر چوار پێنج خاوه‌ن كێشه‌ی ده‌خسته یه‌ك هۆڵه‌وه، ئیدی هه‌موو شاهیده‌كان و ژن و مێرده‌كان و كه‌س و كار‌و پارێزه‌ر و ته‌نانه‌ت خه‌ڵكی تریش وه‌ك گوێگر له‌هۆڵی دادگای دادوه‌ری كه‌سێتی دانیشتبوون. هه‌ندێك سه‌ریان سوڕما بوو كه ده‌بێت ئه‌م منداڵه بۆچی هاتبێته ئه‌م هۆڵه‌وه؟ بیرمە، هەندێ پرسیارم لێده‌كرا كە هەر بە (نازانم) وەڵامم دەدانەوە.
له‌وه‌ش سه‌یرتر ئه‌وه بوو، کوڕی مامهكهمیان وه‌ها فێركردبوو بڵێ؛ من جیا نابمەوە! ئه‌ویش منداڵێك بوو به‌زۆر كردبوویان به‌مێردی من و ده‌زگیرانم. گفتوگۆی دوو خێزانه‌كه‌مان به‌مجۆره بوو؛ به‌وه‌ی، ئەمه ته‌نها بۆ مەبەستی تۆڵە كردنەوە بوو، چونكه دەیانگووت؛ بۆچی كچی ئێمە گواستراوەتەوە و بۆ ماڵی مێرده‌كه‌ی و كچی ئێوە نەگواستراوەتەوە؟
سه‌یرم لێده‌هات هه‌موویان ئه‌وه‌یان بیرچوو بۆوه كه‌من منداڵم و كوڕه مامهكهشم منداڵه، هه‌ردووكمان منداڵ بووین و نهجهستهمان هی سێكسردن بوو، نه بیروهۆشمان له‌ئاستی ئه‌و پێگه‌یشتنه فیسۆلۆجیهدا بوو. به‌هه‌ر حاڵ دوای شەڕ و فەرتەنە و هێنان و بردنێكی زۆر جیا كراینەوە و منیش به‌و منداڵیه بووم بهتهڵاقدراوێك له‌كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی پیاوسالاری و ئیسلامی‌دا.
من هەر لە منداڵی‌دا بەشوو درام هەر لە منداڵیشدا جیا بوومەوە. به‌ڵام بە كۆمه‌ڵێك گرێی دەروونیەوە گه‌وره‌بووم. ئه‌و به‌شوودان و ته‌ڵاقدانه منی كرد به‌ژنێكی شكستخواردوو له‌جه‌سته‌ی منداڵێكدا. ئاوه‌ها گەورەش بووم.
زه‌مه‌ن هات و چوو و كاتێك خه‌ڵكانێك هاتن بۆ داوام بۆ شوو كردن، ماڵی مامم چوو بوون هەڕەشەیان كردبوو لە ماڵی ئەو كەسەی كەهاتبوونە داوام و پێیان گوتبوون؛ ئێوە بۆتان نییە ئەم كچە بخوازن ئەمە هی ئێمەیە.
هەڕەشەکەیان سەری نەگرت و شووم كرد، بەڵام منداڵیەكی زۆر ناخۆشم بەڕێكرد، چونكه قۆناغی مناڵی خۆمم نەبینی منداڵیان لێ شێواندم، ده‌توانم بڵێم: منداڵیان لێ دزیم.