پێمبڵێن کوڕی خه‌یاڵ. له منداڵیه‌وه هه‌ر وابووم. له هه‌وره‌کان ڕاده‌مام و شێوه‌ی پیره‌پیاوێک، منداڵێک یان دایکێکم لێیان دروستده‌کرد و له‌خه‌یاڵی خۆمدا چیڕۆکم بۆیان دروستده‌کرد. نازانم ئه‌وه‌ی من ده‌مبینی ڕاستبوو، یان خه‌یاڵێکی خۆمبوو، هیچی تر.
ته‌مه‌نم پێنج ساڵانه له‌نێو گژوگیای به‌هارێکی سه‌رنج ڕاکێش خه‌ریکی غارغارێنم. براکه‌م دوو ساڵ له‌خۆم گه‌وره‌تره به‌دوام که‌وتووه، له‌ناکاوێک سه‌رنجم چووه سه‌ر هه‌ورێک له‌شێوه‌ی پیره‌پیاوێکی ڕیش سپی ده‌ستی بۆ ڕاداشتبووم. له‌جێی خۆم وه‌ستام، له چاوه سپیه‌کانی ڕامام. براکه‌م به‌سه‌ر سامییه‌وه گوتی: چی بووه؟!
ته‌مه‌نم شه‌ش ساڵانه دایکم ده‌ستی گرتووم وبه‌دوای خۆیدا ڕامده‌کێشێت. ئه‌و په‌له‌یه‌تی، من له مانگه‌که ڕاماوم و هه‌ستده‌که‌م بۆ هه‌رکوێ بچین ئه‌و به‌دواماندا دێت. پێم له‌به‌ردێک گیرده‌بێت و به‌ده‌مدا ده‌که‌وم پێش ئه‌وه‌ی به‌ر زه‌ویه‌که بکه‌وم دایکم ده‌سته‌کانم به‌رزده‌کاته‌وه، بهتوڕهییهکهوه ده‌ڵێ: ئه‌که ملت شکێ! کوێربووه!
چهپهڵۆکێک به‌سه‌رمدا ده‌کێشێ و به‌رده‌وام ده‌بێته‌وه له ڕۆیشتن. هه‌ست به مانگه‌که ده‌که‌م، به‌ڵام ناوێرم ئاوڕبده‌مه‌وه، له‌سه‌ری کۆڵان پێچ ده‌که‌ینه‌وه، ئه‌مجار ئاسانتر مانگه‌که‌م لێوه دیاره، هێشتا به‌دوامانه‌وه‌یه. چێژ ده‌بینم له خه‌مڵاندنی ڕۆیشتنی مانگ له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا. ده‌مه‌وێ هۆکاری ئه‌و ڕۆیشتنه بزانم، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی لێتێده‌گه‌م مانگ ئێمه‌ی خۆشده‌وێت و ده‌یه‌وێ له‌گه‌ڵمان بێت. شه‌وێکی تر له‌نێو ماشێن‌دا هه‌مان مانگم بینییه‌وه به‌پێی خێراییه‌که‌ی ئێمه له‌گه‌ڵمان ده‌ڕۆیشت.
: هه‌بوو نه‌بوو که‌س له خوای گه‌وره‌تر نه‌بوو، مانگێک ببووه هاوڕێی کوڕێکی شه‌ش ساڵان، شه‌وانه كاتێک خێزانه‌که‌ی له سه‌ربانه گڵینه‌که‌یان ده‌خه‌وتن. کزه‌بایه‌کی سارد کوڕه‌که‌ی به‌خه‌به‌ر ده‌هێنا، کاتێک چاوه‌کانی ده‌کرده‌وه سه‌رنجی ده‌که‌وته سه‌ر مانگه‌که، وایده‌زانی ئه‌و کزه‌بایه فوی مانگه‌که‌یه تا به‌ئاگای بێنێ. هه‌ڵده‌ستا، به‌رانبه‌ر مانگه‌که داده‌نیشت، ده‌که‌وته قسان. دوێنێ ئاگام لێ‌بوو به‌درێژایی ڕێگاکه به‌دوامانه‌وه بووی. دایکم نه‌یده‌زانی تۆ بهدوامانهوهی. چهپهڵۆکێکی لێدام و هه‌ڵیستاندمه‌وه. ئه‌وان له‌من تێناگه‌ن. ڕۆژێکیان باسی ئه‌وه‌م بۆیان کرد، که تۆ هه‌میشه له‌گه‌ڵماندا ده‌ڕۆی، به‌ڵام ئه‌وان له‌من تێنه‌ده‌گه‌یشتن. هه‌ریه‌که‌ی ده‌یه‌ویست ئه‌و ڕۆیشتنه‌ی تۆ لێکبداته‌وه، به‌ڵام من له‌هه‌موویان باشتر له‌تۆ تێده‌گه‌م. ده‌زانم تۆ منت خۆشده‌وێت و هه‌میشه له‌گه‌ڵمدای تا ئاگات لێمبێت. مانگه‌که ده‌ستی ڕاداشت و کوڕه‌ی له‌گه‌ڵ خۆێ برد بۆ ناو جیهانێکی پڕ له یاری و خواردن.
ئه‌وه یه‌که‌م چیڕۆک بوو به‌مێشکمدا گوزه‌ری کردبێت.
ئه‌و وێنانه وه‌ک خه‌یاڵێکی تیژتێپه‌ڕ دێنه‌وه پێشم. ئه‌مشه‌ویش خهوزڕاوم به‌دیار چیڕۆکی سه‌رگه‌ردانی مانگ له‌شه‌قامێکدا. چه‌ندان چیڕۆک به‌خه‌یاڵمدا دێت و به‌هیچیان ڕازی نابم.
دهساڵانم، گۆڵچیم، وه‌ستاوم و له ئاسمان ڕاماوم. تا چاو بڕکات شیناییه. له‌خۆم ده‌پرسم: ده‌بێ له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و ئاسمانه چی هه‌بێ؟ ده‌مه‌وێ خه‌یاڵی پێکهاته‌ی ئاسمان بکه‌م. گوێم له هاوارێک ده‌بێت: گۆڵ، گۆڵ.
ڕاده‌چڵه‌کێم! ده‌که‌ومه به‌ر هێرشی هاوڕێکانم: ئه‌وه له‌کوێی؟! بۆ ئاگات له یارییه‌که نییه؟! ده‌مکه‌نه ده‌ره‌وه. به غه‌مباری ملی ڕێگا ده‌گرمه به‌ر. هه‌ست به‌لاوازی خۆم ده‌که‌م. گه‌رمایه‌که تاقه‌تپڕوکێنه! سه‌یری خۆره‌که ده‌که‌م. وای لێکده‌ده‌مه‌وه مانگه و داگیرساوه. دوای ساڵانێک کاتێک به‌سه‌رهاتی ئیبراهیمی په‌یامبه‌رم ده‌خوێنده‌وه ئه‌و قۆناغه‌ی خۆمم به‌بیرده‌هاته‌وه. وامده‌زانی ئه‌وه قۆناغه‌كانی هه‌ڵوه‌دابوونی هزری مرۆییه به‌دوای حه‌قیقه‌تدا. سه‌ره‌تا ئه‌ستێره‌یه‌کی گه‌شاوه‌ی بینی گوتی: ئه‌وه پهروهرێنێ منه، کاتێک ئاوا بوو گوتی: من شتی له‌به‌رچاو ون بووم خۆشناوێت. دواتر مانگی بینی گوتی: ئه‌مه‌یان په‌روه‌رێنمه! دواتر ڕۆژی بینی گوتی: ئه‌وه‌یان په‌روه‌رێنمه ئه‌وه‌یان گه‌وره‌تره! ئه‌و ئایه‌تانه وه‌ک هه‌ڵوه‌دابوونی هزری مرۆیی له‌پێناوی دۆزینه‌وه‌ی حه‌قیقه‌ت سه‌رسامیان کردم. وامده‌زانی منیش له قۆناغێکدا خودان گه‌ڕان و پرسیارگه‌لی گه‌وره‌بوومه. من بچووک بووم، به‌ڵام پرسیاره‌کانم گه‌وره‌بوون! من گه‌وره‌بووم پرسیاره‌کانم بچووک بوونه‌وه. تا پرسیاره‌کانم زێتر جڵهوگیردهکران له‌لایه‌ن ژینگهکهمهوه، خه‌یاڵه‌کانم گه‌وره‌تر ده‌بوون، زیاتر له‌کۆمه‌ڵگا داده‌بڕام و که‌سێکی ته‌نیام لێده‌رده‌چوو. ڕێگایه‌کی ئاسانم بۆ شیکاری پرسیاره‌کانم دۆزییه‌وه، خه‌یاڵه‌کانم شیکاری پرسیاره‌کانیان ده‌کرد، به‌ڵام شیکارییه‌کی زانستی نا، به‌ڵکو ته‌نێ ده‌متوانی چیڕۆکی ئه‌فسانه‌یی دابڕێژم بۆ لێکدانه‌وه‌یان.
مانگ ژه‌نه‌ڕاڵی جوانییه، ئه‌و کاتانه‌ی ده‌رده‌که‌وێت به خۆی و سه‌ربازه‌کانییه‌وه، که ئه‌ستێره‌کانن، له‌پیناوی ڕوناکیدا ده‌جه‌نگن و دڵی تاریکی کون ده‌که‌ن!
ڕۆژ زاڵبوونی شانشینی مانگه به‌سه‌ر ڕووناکیدا، خۆر مانگه له لووتکه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا. کاتێک هه‌وره‌کان ده‌یانه‌وێ به‌ری ڕووناکی بگرن. خۆر به قامچییه تیشکیهکهی ده‌که‌وێته گیانیان تا ئه‌وان ده‌ستده‌که‌ن به گریان و ناڵین… به‌مشێوه‌یه درێژه‌م به چیڕۆکه‌کانم ده‌دا.
ده‌چوومه چایخانه‌کان و بۆ ماوه‌کی درێژ داده‌نیشتم و له‌سیمای مرۆڤه‌کان ڕاده‌مام، به‌پێی خوێندنه‌وه‌ی هێله‌کانی سه‌ر ده‌موچاویان و سه‌یرکردنی چاویان چیڕۆکم بۆیان دروستده‌کرد. ئه‌و پیره پیاوه‌ی ئه‌و لایه ژنی مردوه سه‌یری ڕوانینه دووره‌کانی و مژه قوڵهکانیم ده‌کرد، که له جگه‌ره‌که‌ی ده‌دا و درێژه‌م به چیڕۆکه‌که‌م ده‌دا، له‌به‌رئه‌وه‌ی ژنه‌که‌ی زۆر خۆشده‌ویست دوای مردنی ژنه‌که‌ی هیچ شتێک مانای نه‌ماوه، ڕۆژانه دێته ئه‌م چایه‌خانه‌یه داده‌نیشێت و به‌ده‌م خه‌یاڵی ڕابردووه‌وه درێژه به ژیانی ده‌دا. قوم له جگه‌ره‌که‌ی ده‌دا، هه‌موو جارێک له‌بیری ده‌چێت چایه‌که‌ی تێکدا هه‌ر ئاوایی به‌سه‌رییه‌وه ده‌نێ، به‌یه‌ک فڕ ته‌واوی ده‌کات. به‌ده‌نگی چایچیه‌که به‌ئاگادێته‌وه: چایه‌کی ترت بۆ بێنم؟ ئه‌ویش جارجار به‌نیوه گاگاییهوه له‌زاری ده‌رده‌چێت: به‌ڵێ نازداره‌که‌م تێیکهوه. کاتێک ته‌ماشای سه‌ربادانی چایچییه‌که ده‌کات، وه‌ک هه‌مووجار ئاره‌قه‌یه‌کی ته‌نک نێوچاوانی ده‌ته‌نێ، به‌شه‌رمێکه‌وه ده‌ڵێ: ببوره. به‌ده‌م هه‌ڵدانی چای سێییه‌م و چواره‌مه‌وه ئه‌و نێوچه‌وان گرژکردنهی ده‌بینم، که هه‌موو جار بهخهندهییهک کۆتایی پێدێت. به‌مشێوه‌یه لێکیده‌ده‌مه‌وه: له‌ته‌مه‌نی سی ساڵی عاشقی کچیکی هه‌ژده ساڵی ده‌بێت. کچێکی تا بڵێی منداڵکار و هه‌رزه. دوای هه‌وڵێکی زۆر ده‌توانێ هه‌م کچه‌که و هه‌م ماڵی باوکی ڕازیبکات و هاوسه‌رگیری ده‌که‌ن. ئه‌و پیاوه له‌نێوان سورتکی کچه‌که و عیشقه‌که‌ی خۆیدا ده‌سوتێت. درێژه به‌ژیانێک ده‌دات له‌نێوان عیشقی زۆر و جافای مه‌عشوقدا. هه‌ڵچونه له‌ناکاوه‌کانی، ڕه‌فتاره منداڵانه‌که‌ی، گریانه بێ هۆکاره‌کانی.
کاتێک ڕه‌فتاره منداڵانه‌کانی به‌بیرده‌هاته‌وه تۆزێک نێوچاوانی گرژدهکرد، دواتر وێنه‌که‌ی له‌پێشچاوی ده‌گۆڕا بۆ یادگارییه‌کی خۆش و خهندهییهکی ده‌کرد. خه‌ریکی دروستکردنی چیڕۆکه‌کانم بووم به‌پێی ڕووخساری که‌سه‌کان. ڕۆژێک پیاوێکی خڕکهلهی ڕه‌ش ئه‌سمه‌رم بینی، چاوی چه‌پی کهلاشووشهیهکی شینی تێدابوو. له‌سه‌رمێزه‌که‌ی به‌رانبه‌رم دانیشت، ملی وه‌ک فهڕاڕه ده‌سووڕاند یه‌کێک به‌بێ ئه‌وه‌ی یه‌ک قسه‌شی له‌گه‌ڵدا بکات، جانتاییهکی ڕه‌شی له‌ته‌نیشتی دانا و دانیشت. بانگی کرد: کاکه چاییه‌کی زه‌ردی که‌م شه‌کرد. پیاوی چاوکهلاشووشه به‌بێ ئه‌وه‌ی سهریبسوڕێنێت پرسی: ئێوه‌ش شه‌کره‌تان هه‌یه؟ پیاوه‌ی شیکپۆش گوتی: نه‌خێر چایه‌که‌م بۆ ئێوه‌یه. پیاوه‌ی چاو کهلاشووشه به په‌نجه‌کانی چه‌ندجارێک به‌ئه‌سپایی به مێزه‌که‌یدا کێشا. پیاوی شیکپۆش مۆبایله‌که‌ی خسته بن گوێی به ئه‌سپایی: به‌ڵێ کۆڵانی نه‌وه‌ت خانووی ژماره شه‌ش.یه‌کسه‌ر هه‌ڵسا، به‌په‌له چووه ده‌ره‌وه. جانتاکه‌ی به‌جێهێشتبوو. ئه‌گه‌ر پێشتر ڕۆمانه پۆلیسییهکانم نهخوێندباوه، هه‌رگیز له‌و ڕووداوه تێنه‌ده‌گه‌یشتم. له‌وانه‌شه ئه‌و ڕووداوه‌ش یه‌کێک بێ له و ڕۆمانه پۆلیسیانه‌ی خوێندبوومه‌وه، له‌وانییه ئه‌وه‌ش هه‌ر خه‌یاڵێک بووبێ و هیچی تر، چونکه کاتێک سه‌رنجم له مێزی ژماره شه‌ش دایه‌وه که‌سم نه‌بینی. به‌و ژماره شه‌شه شه‌وێکی ژیانمم به‌بیرهاته‌وه:
ئه‌وکاتی شه‌ش ساڵان بووم، له‌گه‌رمه‌ی شه‌ڕی ناوخۆدابوو، ئێواره‌که‌ی له گه‌ڕانی ماڵمان کۆمه‌ڵێک کتێب و وێنه دۆزرابوونه‌وه، هه‌رچه‌نده باوکم حیزبی نه‌بوو، ئه‌و وێنانه‌ش هی مامم بوون، که له‌ماڵی ئێمه‌دا ده‌ژیا، به‌ڵام ئه‌و به‌ڵگانه له‌سه‌ر باوکم هه‌ژمارکران و به‌لێدان به‌پێشی خۆیاندا، دایکم لێیان دهپاڕاییهوه: تخوا مه‌یبه‌ن. تخوا وازی لێبێنن، بێسوود بوو. منیش به گریان لچکی مهکسیهکهی دایکمم گرتبوو، ئه‌و شه‌وه تاسبه‌ی خه‌و نه‌چووه چاوه‌کانم، هه‌ر ئه‌و پیاوانه‌م ده‌هاته‌وه پێش چاو، که به شه‌ق و قۆنداغه تفه‌نگ لهباوکمیان ده‌دا. چه‌ندی هه‌وڵمدا نه‌متوانی وێنای دۆخی باوکم بکه‌م. له‌ژێر به‌تانییه‌که‌وه گوێم له لووشمهلووشمی دایکم بوو ده‌گریا. منیش له ژێر به‌تانیه‌که‌وه ده‌گریام. هه‌وڵمده‌دا خه‌یاڵبکه‌م باوکم له چ دۆخێک داییه، به‌ڵام نه‌مده‌توانی. دواتر گوێم له باوکم بوو چۆن ئازاریان داوه ده‌یگوت: به چه‌ند پیاوێکی چوارشانه لێیانده‌دام و سوکایه‌تیان پێده‌کردم. یه‌کێکیان هاواریکرد: لێمگه‌ڕێن با بیتۆپێنم ئه‌و سه‌گ باوکه، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌م ئاگا لێ‌بوو، کهرتهبلۆکێک به‌ر په‌راسووم که‌وت، له‌هۆشی خۆم چووم. به‌ئاگایان هێنام و که‌وتنه‌وه وێزه‌م. ئێستاشی له‌گه‌ڵدابێ جارجار باوکم ده‌ستێک به‌سینگییه‌وه ده‌گرێ و هه‌ناسه‌ی لێده‌بڕێ تا چه‌ند خوله‌کێک بێده‌نگ ده‌بێ، تا تۆزێک دێته‌وه سه‌رخۆی. ده‌ڵێ: هه‌ستده‌که‌م ئه‌و پهراسووهم دێته‌ده‌رێ، هه‌ناسه‌م ده‌گیرێ ده‌بێ به‌ده‌ستی بیبه‌مه‌وه جێی خۆی. له‌و خه‌یاڵانه‌دابووم، هه‌ستم به مشهوهشییهک کرد.
سه‌رنجی ده‌وروبه‌ری خۆممدا، بینیم هه‌موویان قوڵاغ بوون ، سه‌یری ته‌له‌فزیۆنه‌که ده‌که‌ن. ته‌له‌فزیۆنه‌که هه‌واڵی ته‌قینه‌وه‌یه‌کی خۆکوژی ڕاده‌گه‌یاند له به‌رده‌م وه‌زاره‌تی ناوخۆ. پۆلیس به‌شه‌قامه‌که‌دا بڵاوببوونه‌وه. ویستم وێنای ئه‌و تێگهیشتنهبکهم، که بتوانێ به‌سه‌ر ترسی مه‌رگدا زاڵ‌بێت. واملێکداییهوه جه‌نگی مرۆڤه‌کان هه‌رگیز له‌پێناوی ڕاستیدا نه‌بووه، به‌ڵکو له‌پێناو تێگه‌یشتنه‌کانیاندا بووه. مرۆڤه‌کان هه‌میشه قوربانی ئه‌و ڕێژه ڕاستییهبوون، که له دیدی خۆیان پیرۆزیان کردووه و ڕه‌هاییان پێیداوه. سه‌رنجم له‌وه‌دابوو، له‌نێوان هه‌مان بیروباوه‌ڕی فه‌لسه‌فی و دینیشدا چه‌ندان تێگه‌یشتنی جیاواز شه‌ڕیان بۆ خۆیان ده‌کرد، شه‌ڕ بۆ تێگه‌یشتنی خۆیان له‌ده‌قه‌کان، نه‌ک شه‌ڕی ده‌قه‌کان. به‌م پێیه‌ش جه‌نگه‌کان جه‌نگی تێگه‌یشتنه‌کان بوون. به‌خه‌یاڵ گروپێکی توند ئاژووم وێناده‌کرد هاواریان ده‌کرد: بکوژن، بکوژن. له‌به‌رانبه‌ردا گروپێکی تر هاواریان ده‌کرد: ئه‌وه‌ی مرۆڤێک بکوژێ وه‌ک ئه‌وه وایه هه‌موو مرۆڤایه‌تی کوشتبێ. ئه‌وه‌ی مرۆڤێک بکوژێ گه‌وره‌تره له ڕوخاندنی ماڵی خودا! یه‌کێک هاواریده‌کرد: هه‌ر هۆکارێک بگرنه به‌ر له‌پێناوی ئامانج. ته‌نێ ئامانج هه‌موو هۆکاره‌کان شیاودهکات بۆ گه‌یشتن. چاوم که‌وته‌وه سه‌ر ته‌له‌فیزیۆنه‌که، له‌نێو ئاپۆڕای قه‌ره‌باڵغیه‌کاندا دوو کچی شه‌ش حه‌وت ساڵان جلوبه‌رگی قوتابخانه‌یان له‌به‌ردابوو، به‌خێرایی ده‌ڕۆیشتن و سه‌یری قهرهباڵغیهکهیان ده‌کرد. ترسێکی قوڵ لهچاوهکانیاندا دهخوێندراییهوه. له‌رزێک که‌وته هه‌ناومه‌وه. ویستم وینای ترسه‌که‌یان بکه‌م، فرمێسک ئه‌وکی گرتم. خۆم بۆ نه‌گیرا دامه پڕمه‌ی گریان. ئه‌وانه‌ی ده‌وروبه‌رم لێیاندهڕوانیم و سه‌ریان سوڕمابوو. به‌بێ ئه‌وه‌ی ڕێگابده‌م هیچم لێبپرسن چوومه ده‌ره‌وه.
له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا خه‌یاڵ زۆرجاران بۆ ساتێکیش بێت به ئامانجه‌کانمی گه‌یاندووم، بیرمدێته‌وه چه‌ندان شه‌و به‌خه‌یاڵی ئه‌و یاریانه‌وه خۆم خه‌واندوه، که ده‌ستم پێیان نه‌گه‌ییوه، تا به‌ێانی له‌خه‌ونه‌کانمدا یاریمکردوهوه، ئه‌وه وایلێکردوقم زۆربه‌ی شه‌وان به‌وشێوه‌یه بخه‌وم و یارییه‌کان دووباره بکه‌مه‌وه. به‌ڵام زۆر جارانیش گریاندوومی، قوڕگی گرتووم، دونیای لێ ته‌سک کردوومه‌ته‌وه. ئه‌مشه‌و وا ئهودێرانه ده‌نووسم توشی شڵه‌ژانێکی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر بوومه‌ته‌وه. به‌خۆم ده‌ڵێم خۆزگه ئه‌و پیاسهییهم نه‌کردبا، یه‌کسه‌ر په‌شیمان ده‌بمه‌وه. ئه‌گه‌ر ئه‌و پیاسهییهم نهکردباییه ئه‌ی کێ ئه‌و خه‌مه‌ی بکردباییه نووسین؟ خۆ منیش نه‌متوانییوه ئه‌وه بکه‌م، ئه‌وه‌تا چه‌ندان جار چیڕۆکه‌که‌م نووسیوه‌ته‌وه و په‌ڕه‌که‌م دڕاندووه. هه‌رجارێک به‌دیار دێرهکانهوه گریاوم. نازانم بۆ چاره‌نووسی ئه‌و کاراکتهرهم گریاوم، که نهمزاتوانیوه بینووسمه‌وه یان بۆ چاره‌نووسی خۆم، به‌ده‌ست عیشقی کاراکتهرهکهمهوه. سه‌ر لهئێوارێ هاوڕێییه‌کم ته‌له‌فۆنی بۆکردم. داوای لێکردم بچینه شه‌قامی ئیسکان و پیاسه‌یه‌ک به‌یه‌که‌وه بکه‌ین. له شه‌قامی سی مه‌ترییه‌وه بۆ نێو شه‌قامی ئیسکان بهدهمهتهقێ و قسه‌ی خۆش شۆڕمانکردهوه. پێش ئه‌وه‌ی بگه‌یینه نێو قه‌ره‌باڵغی شه‌قامه‌که، هاوڕێکه‌م به‌پێکه‌نینه‌وه سه‌رهاتێکی خۆی بۆدهگێڕامهوه، به‌قوولی چوبوومه نێو به‌سه‌رهاته‌که‌وه، پێده‌که‌نیم، له‌و کاته‌دا سه‌رم سوڕاند، خۆزگه سه‌رم نهسوڕاندباییه. هه‌ندێک چرکه هه‌ن به‌بێ پرس خۆیان بهژیانتدا ده‌که‌ن. نه‌خێر په‌شیمان بوومه‌وه، هه‌موو چرکه‌ییه‌ک به‌بێ پرس دێته نێو ژیانمانه‌وه، چرکه‌ییه‌ک دواتر ده‌بێ به‌ڕابردوو. ئایا هه‌موو چرکه تێپه‌ڕیوه‌کان ده‌بن به‌ڕابردوو؟ باوه‌ڕم وایه هه‌ندێک لهڕابردووهکان ئاڕاسته‌که‌ری ئێستامانن، که‌واته ئێمه زۆر پته‌و به ڕابردوومانه‌وه به‌ستراوینه‌ته‌وه. مرۆڤ بریتییه له که‌ڵه‌که‌بوونی ڕابردووی و جوولان بۆ وێستهگهییهکی ئاینده له ئێستادا.
ببورن که زۆرجار له هێله‌کانی گێڕانه‌وه لاده‌ده‌م و خه‌ریکی شیکاری ده‌بم، ده‌زانم ئه‌وه زیان به گێڕانه‌وه دهگهییهنێ، به‌ڵام منیش خه‌یاڵێکم و له ڕابردووم درووست بووم، ناتوانم وابه‌ئاسانی له‌ڕابردووم ده‌ربازبم.
چاوم که‌وته‌سه‌ر ئافره‌تێک له‌به‌رده‌می دوکانێکی داخراودا سه‌ری داخستبوو، ده‌سته‌یه‌ک بنێشتی له‌به‌رده‌می خۆی دانابوو. هه‌ر که چاوم که‌وته سه‌ری هه‌ستم بهگوشرانی دڵم کرد.
ئه‌و شیعره‌ی به‌درێژایی ژیانم توڕه‌ی کردووم به‌وه‌ی له جوانی مانگی خۆشه‌ویستمی که‌مکردۆته‌وه ئێستا لێوه‌کانم ده‌بزوێنێ:
مانگی نه‌و بۆیه هه‌مووده‌م زیاد ده‌کا و ده‌شنێته‌وه
تا جه‌ماڵی وه‌کو ڕووی تۆ بڕازێنێته‌وه
هه‌ر کهگهییه چوارده‌مین شه‌و تێده‌گا ناگا به‌ڕووت
جا له داخا ورده ورده کز ده‌بێ و ده‌کوژێته‌وه
ئه‌وه‌ی بینیم مانگێک بوو به‌دیار ده‌سته‌یه‌ک بنێشتی سه‌همه‌وه هه‌ڵکورمابوو. هه‌رچه‌نده جلوبه‌رگه‌که‌ی زۆر داپۆشراوبوو، به‌ڵام جوانییه‌که‌ی له‌ناخه‌وه لهرزاندمی. پێستێکی گه‌نمی گه‌رمی هه‌بوو، دووچاوی سه‌وزی که‌روێشکی گه‌وره، چهنهگهبچوکهکهی له‌ئاستی لووته قنجه‌که‌ی بوو، ده‌مێکی بچووک به لێوێکی گۆشتنهوه. ته‌مه‌نی له‌نێوان سی بۆ سی و پێنج ساڵان ده‌بوو. به‌پێی ئه‌وه‌ی من بیست و حه‌وت ساڵ بووم، ثێدهچوو ئه‌و سێ بۆ پێنج ساڵ له‌من گه‌وره‌تربێ. ئاگام لێ‌بوو چه‌ند گه‌نجێک له‌وبه‌ره‌وه وه‌ستابوون، سه‌رنجیان لێیده‌دا. ئه‌و ئاگای لێیان نه‌بوو، له‌به‌رئه‌وه‌ی سه‌ری هه‌ڵنه‌ده‌بڕی. هاوڕێکه‌م گوتی: بینیوته؟! منیش به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاگام له‌خۆم بێ هه‌ناسه‌یه‌کم هه‌ڵکێشا: به‌ڵێ بینیومه به‌داخه‌وه! گوتی: جوانێکی ئاوا که‌وتۆته شوێنێکی ئاوا مه‌ترسیدار! کاتێک گه‌یشتینه ئه‌و قسانه لێیتێپهڕیبووین. بهتوڕهییهکهوه گوتم: وانییه کاکه وانییه، که‌سێکی زۆر به‌هه‌یبه‌ت دیاره. هاوڕێکه‌م سه‌ری ڕاوه‌شاند: که‌سێکی به‌هه‌یبه‌تی جوان له‌شه‌قامێکی ئاوا پڕ له‌پیاوی چڵێس! سه‌رم بۆ ئاسمان به‌رزکرده‌وه مانگم بینییه‌وه، به‌ڵام ئه‌مجاره ئه‌ق جوانییه‌ی جارانی نه‌مابوو. جهختمکردهوه: کاکه سه‌رنجت نه‌دا؟ هه‌ر سه‌ری هه‌ڵنه‌ده‌بڕی ئه‌وه‌نده شه‌رم به‌خۆ بوو. به پێکه‌نینێکی پڕلهسوکایهتییهوه گوتی: که‌سێکێ شه‌رم به‌خۆ چیده‌کا له‌شه‌قامێکی وادا؟ گووتم: ئێ کاکی خۆم هه‌ڵبه‌ته شتێک ناچاری کردووه کاربکات، تۆ نه‌بوونیت نه‌بینیووه؟ گووتی: به‌ڵێ بینیومه، به‌ڵام خۆ هه‌ر به‌ته‌نیا ئێره نییه کاری تێدابکا. ئه‌وقسانه به‌مێشکمدا نه‌ده‌چوو، هه‌ر نومدهویست بیریشی لێبکه‌مه‌وه گوتم: وانییه کاکه وانییه. گوتی: ئه‌وه‌ی من بیستومه‌و بینیومه تۆ نایزانی، تۆ مرۆڤێکی نێو کتێب و خهیاڵهکانتی نازانی له‌واقیعدا چی ده‌گوزه‌رێ. هاوڕێیه‌کی ده‌وڵه‌مه‌ندم هه‌یه پێیگووتم: ڕۆژێکیان له‌نێو به‌رزکه‌ره‌وه‌دا کچێک من و کچێک به‌ته‌نێ ماینه‌وه، زۆر جوان بوو، داواملێکرد ته‌نیا ماچێکم داتێ سێ سه‌ش دۆلاری ده‌ده‌مێ، کچه‌که‌ش به‌بێ ئه‌وه‌ی بمناسێ ماچه‌که‌ی دامێ. بێنه پێش چاوی خۆت ئافره‌تێکی ئاوا جوان له‌به‌ر هه‌ژاری له‌شه‌قامێکی ئاوادا به‌دیار دهستهییهک بنێشتی سه‌همه‌وه چاوه‌ڕێی دوسهدوپهنجاییهک بکات، پیاوێکی ئاوا نه‌فس نزمیش به‌پاره‌یه‌کی زۆره‌وه ڕووبه‌ڕووی هه‌ڵبژاردنێکی ئاوایی بکاته‌وه، ده‌بێ هه‌ست و بیرکردنه‌وه‌ی چۆن بێ؟!
ئه‌و قسانه‌ی گورزێکبوون به تۆقی سه‌رم که‌وتن. چایه شیرینه‌که‌ی سه‌ر خه‌ڵوز ژه‌هری ماربوو له‌زارمدا. له‌زه‌تی پیاسه‌که‌م بووه ژه‌قنه‌بووت! هاتمه‌وه یه‌کسه‌ر خۆم له‌ژووره‌که‌م نا، له‌سه‌ر دۆشه‌که‌که‌م به‌پشتدا که‌وتم. ئه‌و خه‌یاڵانه‌ی وێنای ژیانی ئه‌و ئافره‌ته‌م پێیان ده‌کرد، ببوونهسهرچاوهی دوو ڕووباری سوێر لهچاوانمدا ڕێچکه‌یان به‌ستبوو. ده‌گریام و وێنای ژیانی پڕدهردهسهرت مانگم ده‌کرد. وێنای سه‌رگه‌ردانی مانگێکم ده‌کرد له‌شه‌قامێکدا. وێنای هه‌ڵوه‌رینی په‌ڕه‌ی گوڵێک نینۆکه‌کانی شههوهتێکهوه. دڵم وه‌ک سه‌گێکی هار ده‌یلووراند و خۆی به‌دیواری سینگمدا ده‌کێشا. چاوه‌کانم ههڵاوسابوون له‌به‌ر گریان. پهڕاوهکهمم کرده‌وه ده‌ستمکرد به‌داڕشتنی چیڕۆکێ وێناکراوم بۆ ژیانی ئه‌و ئافره‌ته.
چیرۆکی یه‌که‌م
سه‌رگه‌ردانی مانگ
ئه‌وه ژیانی منه، منیش وه‌ک هه‌ر ئافرهتکی دیکه قوربانی ژینگهکهمم. سه‌ره‌تای ژیانم وه‌ک هه‌ر منداڵێکی دیکه چه‌ندان خه‌یاڵی ڕه‌نگاوڕه‌نگ له‌خه‌یاڵمدا ده‌سوڕاییه‌وه. کاتێک گوێم له حیکایه‌ته‌کان ده‌بوو، وێنای شازاده‌کانم لهخهیاڵدانمدا له‌گه‌ڵ ژیانی خۆم به‌راورد ده‌کرد. وامه‌زانن ئه‌و حیکایه‌تانه حیکایه‌ته‌کانی پێش نووستنمن، نه‌خێر من ته‌نێ له فیلم و فیلم کارتۆنه‌کان بینیومه دایک حیکایه‌ت بۆ منداڵه‌كه‌ی بگێڕێته‌وه تا خه‌وی لێده‌که‌وێت. خه‌واندنی من له منداڵیمه‌وه تا ئێستاش یان به گریانه‌وه بووه یان به‌ده‌م هه‌ناسه‌ی حه‌سره‌تێکه‌وه، یان به‌ده‌م خه‌یاڵی باببردهڵهی وه‌دی نه‌هاتوو بووه. هه‌رگیز هه‌ستم به سیبه‌ری خێزانێکی میهره‌بان نه‌کردووه. باوکم حه‌ز له‌دایکم ده‌کات، چه‌ند جارێک ده‌چێته داوای نایده‌نێ، ئه‌ویش ههڵێدهگرێ، گوند به‌جێده‌هێلێ و سنووران ده‌بڕن تاده‌گه‌نه ئه‌م شاره و لێره ده‌گیرسێنه‌وه. کاتێک سه‌رنجم له پێوه‌ندی نێوان دایکم و باوکم ده‌دا باوه‌ڕم نه‌ده‌کرد هه‌رگیز ڕۆژێک یه‌کتریان خۆشویستبێ، ئه‌وه‌ی له هزری مندا مابێ له‌باره‌یانه‌وه هه‌ر ته‌نێ شه‌ڕ و ده‌مه‌قاڵێ بووه. ڕۆژێک گوێم له وشه‌یه‌کی خۆشه‌ویستی نه‌بووه له ده‌می یه‌کێکیانه‌وه بێته‌ده‌رێ. زۆرجار له‌خۆم پرسیوه: ئایا هۆکاری قوربانیدانی ئه‌و دووانه له‌پێناوی خۆشه‌ویستی بووه؟ ئه‌گه‌ر یه‌کیان خۆشویستوه چۆن ده‌توانن ئاوا ئازاری یه‌کتری بده‌ن؟ ئایا هه‌ر به‌ته‌نێ حهزێکێ شێتانه ههڵیفریواندوون بۆ ئه‌و قوربانیدانه، که به‌ره‌وڕووبوونه‌وه‌ی ژینگهکهیانه له‌پێناوی یه‌کتری؟ ئه‌وه ژیانی خێزانی من بووه. که‌سێک له‌نێو خێزانێکی ئاوایی بێت ده‌بێ چی گرنگ له‌ژیانیدا ڕووبدای تا شیاوی گێڕانه‌وه بێ؟
ژیانێکی فه‌رامۆشکراو ده‌ژیام، که‌س گرنگی پێ نه‌ده‌دام. وامده‌زانی من که‌سێکی زیاد و سه‌ربارم بۆ خزانهکهم. هه‌رگیز هه‌ستم به‌وه نه‌کردبوو، که جوانیم تێدابێ، تا ئه‌وه‌ی ڕۆژێک چوومه ده‌ره‌وه زبڵ فڕێبده‌م کوڕێک منی بینی، له‌و ڕۆژه‌وه ئه‌و کوڕه ههڵوهدابوو بۆ من. هه‌رچه‌نده به‌ده‌ستهێنانی من ئه‌وه‌نده گران نه‌بوو، هه‌ر که‌سێک بهاتباییه و له‌و دهرامحشکراوییهدا بیتوانیبا تۆزێک گرنگیم پێ‌بدا، ده‌یتوانی ئه‌و بۆشاییه پڕبکاته‌وه، که خێزانه‌که‌م بهیانتوانیبوو پڕیبکه‌نه‌وه. هه‌ستمکرد ئه‌و کوڕه زیاتر له‌وه گرنگیم پێده‌دا و بهجوانییهکهمدا هه‌ڵده‌ڵێ.یه‌که‌مجار که گوێم له‌قسه‌کانی بوو، پهلهمبوو زوو بچمه‌وه ماڵێ و له ئاوێنه‌دا سه‌رنجی خۆم بده‌م بزانم هه‌ر به‌ڕاستی ئاوایی جوانم. ئه‌وه یه‌که‌مجارمبوو به‌و دیده‌وه به‌ره‌وڕووی وێنه‌ی خۆم بمه‌وه و هه‌ست به جوانییه‌که‌م بکه‌م. ئه‌وه‌نده به‌مانگی چواندبووم، تا واملێهات به سه‌یرکدنی مانگ بزه بێته سه‌ر لێوم، ئه‌وه وزه‌یه‌کی باشه بۆ ژیان. ڕۆژێکیان برا گه‌وره‌که‌م منی له‌گه‌ڵ ئه‌و کوڕه‌دا بینی، بۆیه نه‌موێرا بچمه‌وه ماڵێ و له‌گه‌ڵ ئه‌و کوڕه‌دا ڕۆیشتین. نزیکه‌ی مانگێک له شارێکی سه‌ر سنوور پێکه‌وه بووین، چی پێخۆش بوو لهگهڵیکردم. ئهوهبدهی پێداههڵدام وامزانی ئه‌وه فریشته‌ی ڕزگارییه. ئه‌و مانگه هه‌ستم به دووری و غوربه‌ت نه‌کرد، بگره ژیان له ماڵی باوکم وه‌ک که‌سێکی فه‌رامۆشکراو غوربه‌تی من بوو. مانگێکی پڕ له چێژ و هه‌ڵفڕین بوو بۆ من. کاتێک گوێم بۆ پیاهه‌ڵدانه‌کانی ڕاده‌داشت هه‌موو له‌شم خاو ده‌بووه‌وه، خۆم له‌باوه‌شی ده‌هاوێشت، ئه‌ویش حه‌زی له‌چی باییه لهگهڵیدادهکردم. به‌یانییه‌ک له‌خه‌و هه‌ستام بینیم ئه‌و له‌ته‌نیشتم نییه، له‌جێی ئه‌و نامه‌یه‌کی کورتی به‌جێهێشتبوو:
مرۆڤێکی بتوانێ دایک و باوکی به‌جێبهێلێ و قوربانی پیاوێکی نه‌ناسی بکات، زۆر ئاسانه پیاوه‌که‌ش جێبهێڵێت بۆ یه‌کی دیکه. هیچ ئافره‌تێک ئاوا به‌ئاسانی خۆینادا به‌ده‌سته‌وه ئه‌گه‌ر خۆی ئاسان ڕامکراونهبێ، ئافره‌تی ئاسان ڕامکراویش به‌که‌ڵکی هێنان نایات، بۆیه من ئامادهسازیم کردووه له‌سنوور بپه‌ڕمه‌وه و ژیانی خۆم دروستبکه‌م، تۆیش ژیانی خۆت دروست بکه به‌و شێوه‌یه‌ی که ده‌ته‌وێ.
کاتێک ئه‌و نامهییهم خوێنده‌وه، هه‌ستم به زوڵملێکراوییهکی زۆر کرد، دامه پڕمه‌ی گریان. تفم ڕۆکرد، جنێوم دا. دنیام له‌پێش چاوی ڕه‌شبوو. ئێوه چیتان لێده‌هات ئه‌گه‌ر بتانزانیبا ئه‌و که‌سه‌ی خۆشتان ویستووه‌و باوڕتان پێیکردوه به‌سۆزانی تێتانگهیشتووه؟ دنیا به‌ته‌واوی له‌پێشچاوم ته‌سک بووه‌وه، بڕیارمدا خۆم بکوژم. چوومه قاتی سه‌ره‌وه‌ی مۆتێله پێنج نهۆمییه‌که. به‌نیازبووم به‌بێ بیرکردنه‌وه خۆم فڕێبده‌مه خواره‌وه، باڵام کاتێک ته‌ماشای خوارهوهمکرد ترسێک دایگرتم، سه‌رم بهگێژهوههات. کشامه‌وه دواوه، دانیشتم ده‌ستم به‌گریان کرد.
( ئه‌و ترسه بیانووێک بوو، منی چیڕۆکنووس له‌جێی ئه‌و نووسیم، تا چیڕۆکه‌که‌م درێژه‌ی هه‌بێ و ڕۆژێک له شه‌قامێکدا به‌دیار بنێشتی سه‌همه‌وه دا‌نیشێت) چه‌ندی بیرمکردهووه هێچ په‌نایه‌ک نه‌بوو بۆی بچم. ناونیشانی یه‌کێک له ماڵه‌كانی ژنانم په‌یداکرد، پێشتر بیستبووم ئه‌و ماڵانه بۆ داڵده‌دانی ئافره‌تانی بێنه‌وا دامه‌زراون. سه‌ره‌تا وامزانی چوومه‌ته شوێنێکی پارێزراو، به‌ڵام که‌وتمه نێو تۆڕێکی ترسناکی مامه‌ڵه‌کردن به له‌شی مرۆڤه‌وه. به‌و پێیه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری ماڵه‌كه كهسێکی نیازباش نه‌بوو، منی جوانی وه‌ک نێچیرێکی چه‌ور هاته پێشچاو، له‌ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێکدا منی خسته داوه‌که‌وه، به‌یانییه‌کیان کاتێک به‌ئاگا هاتم به‌ڕووتی له‌باوه‌شی پیاوێکی گزگلدابووم. دوای ساڵێك لهچهوساندنهوهم له‌لایه‌ن ئه‌و ئافره‌ته‌وه، که قسه‌کانی فریشته‌یه‌کیان پێشانده‌دا، شه‌وێکیان ده‌ستم چووه ئه‌وه‌ی ئه‌و ژنه بکوژم و هه‌ڵبێم. هاتمه هه‌ولێر، گوتم له‌شارێکی ئاوا گه‌وره‌دا ده‌توانم هه‌م کارێک بکه‌م وپێیبژیم هه‌میش خزم و ناسیاوێکمانی لێنییه تا بمناسنه‌وه. واهه‌ست نه‌که‌ن جگه له کوشتن چارێکی ترم هه‌بوو، ئه‌و ژنه ئه‌رشیفێکی هه‌بوو له وێنه و ڤیدیۆی من به ڕووتی . وه ده‌یترساندم به‌وه‌ی ئه‌گه‌ر لابده‌م له‌فه‌رمانه‌کانی بڵاویان بکاته‌وه، هه‌رچه‌نده من که‌سێکی وام نه‌بوو بیرسم به له‌ده‌ستدانی داڵده‌دانیان له دوای بینینی ڤیدۆکان، به‌ڵام نه‌مده‌ویست گشت کۆمه‌ڵگا وه‌ک سۆزانییه‌ک مامه‌ڵه‌م له‌گه‌ڵدا بکات. له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا ئه‌و کوشتنهم وه‌ک تۆڵه‌یه‌ک و خۆ دهربازکردنێک ئه‌نجامدا، به‌ڵام ئازاری دوای ویژدانم به هیچ شێوه‌یه‌ک که‌م نه‌بۆته‌وه، به‌خۆم ده‌ڵێم خۆزگه ئه‌و ڕۆژه خۆم بکوشتباییه و توشی ئه‌و چه‌رمه‌سه‌ریانه نهبووماییه. ئێستا ڕۆژانه له قه‌یسه‌ری بنێشتی سههم ده‌فرۆشم. هه‌رچه‌نده ئیشه‌که‌م مه‌مره‌و مهژییهیه، چه‌ندان جاریش به‌ره‌وڕووی هه‌ڵبژاردنی سهختکراومهتهوه له‌لایه‌ن پیاوه شه‌هوانی و چڵێسهکانهوه، جاری وا هه‌یه له‌برسان ناچارده‌بم خۆم ڕاده‌ستیان بکه‌م. ئه‌وه سوودی جوانیه‌که‌ی من بووه، هه‌میشه جێی نیازی گڵاوه‌کان بوومه و ویسوتوویانه وه‌ک کاڵایه‌ک مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ جوانییهکهمدا بکه‌ن. چه‌ندان جار ویستوومه ئه‌و جوانیه‌ی خۆم بشێوێنم تا پارێزراوبم له ده‌ستی پیاوه شه‌هوانییه‌کان، به‌ڵام هه‌وموو جاره‌کان نه‌موێراوه ئه‌نجامی بده‌م. شه‌وانه به‌ترس و له‌رزه‌وه ده‌چمه‌وه ئه‌و هوتێله پیسه‌ی بهکرێمگرتووه، له‌چه‌ندان شوێن به‌ره‌وڕووی ده‌ستدرێژی بوومه‌ته‌وه، چه‌ندان تفی دوای دامرکانهوی هه‌وه‌سه‌کان به‌ڕوومدا دراوه…
ئه‌وه‌نده‌م نووسی له‌به‌ر فرمێسک نه‌متوانی چیڕۆکه‌که‌م ته‌واوبکه‌م. په‌ڕه‌که‌م لێکرده‌وه، لوولمکردو توڕمدا.
چیرۆکی دووه‌م:
یاخیبوونی مانگ
ههدێکجار ناچاری کردنی کارێکین هه‌رگیز ویستی کردنیمان نه‌بووه. ئه‌وی ڕۆژێ به‌هۆی هه‌ڵه‌ی دهووروبهرهکهمهوه منیان کرده قوربانی. برا گه‌وره‌که‌م کچێکی کردبووه ژن. باوکم ڕیشسپی خانه‌واده‌که‌مانی بانگێشتکرد، له‌گه‌ڵ ماڵی کچه‌که که‌وتنه قسه بۆ ئه‌وه‌ی سوڵح بکه‌ن. ماڵی کچه داوای ژنێک و ده ده‌فته‌ر دۆلاریان کرد. ئه‌وه‌ی بیری لێنهدهکراییهوه ئه‌وه‌بوو من بکرێمه نێو ئه‌و کێشهییهوه، چونکه من خوشکی له‌خۆم گه‌وره‌ترم هه‌بوو، ته‌مه‌نیشم شازده‌ساڵان بوو، به‌ڵام ماڵێ کچه پێداگریانکرد له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی یان ده‌بێ مبیان بده‌نێ یان تۆڵه‌ی خۆیان بهخۆرێکی دیکه ده‌که‌نه‌وه. ماڵی باوکم ناچاربوون بۆ کوژاندنه‌وه‌ی ئه‌و ئاگره من له ئاگر بهاوێن. منی ته‌مه‌ن شازده‌ساڵ درامه پیاوێکی ته‌مه‌ن سی ساڵ. لهوهیگهڕێن جیاوازی ته‌مه‌نمان زۆربوو، له چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌کردنی بپرسن له‌گه‌ڵمدا. یه‌که‌م شه‌و تێر‌و پڕی تێهه‌ڵدام هاتهگژم، ته‌واوکردنی کاره‌که‌ی تفێکی لێکردم و جنێوبارانی کردم. هه‌موو ههندامانی ئه‌و ماڵه وه‌ک کۆیله‌یه‌کی ڕیسوا کاریان پێده‌کردم و جنێویان پێده‌دام. له‌جێی که‌سێکی تر سزادهدرام و سوکایه‌تیم پێده‌کرا.
ڕۆژێکیان بڕیارمدا خۆم له‌و نه‌فره‌ته ڕزگاربکه‌م. به‌هه‌رشێوه‌یه‌ک بووه هه‌ڵاتم. دوای هه‌ڵاتم لهسندان به‌ره‌وڕووی قوزه‌ڵقورت بوومه‌وه. له‌باوه‌شی دڕنده‌وه که‌وتمه باوه‌شی هه‌ژدیها. هاتمه شاری هه‌ولێر که زۆر دوور بوو له ماڵهباوانم. ئێستا ئاگام لێیان نییه و نازانم دوای ڕاکردنی من ڕووبه‌ڕووی چی بوونه‌ته‌وه. لێره که‌وتمه شه‌قامه‌کانه‌وه. سه‌ره‌تا به‌سواڵكردن ده‌ژیام. بهێننه پێشچاوی خۆتان ژنێکی ئاوا جوان له‌شه‌قامه‌کاندا خه‌ریکی سواڵکردن بێت. زۆر خۆمدهۆاراست له که‌سی خراپ و نه‌مده‌ویست خۆم بدۆڕێنم بۆ پاره هه‌رچه‌ندی ڕووبه‌ڕووی پاره‌ی زۆریان کردمه‌وه له‌پێناو له‌شم، به‌ڵام من بێزم لێیان ده‌بووه‌وه، تا ئه‌وه‌ی ڕۆژێکیان ئۆتۆمبێلێکی پۆلیس له‌به‌رده‌مم ڕایگرت، سێ گه‌نج لێی هاتنه ده‌ره‌وه. مبیان سوارکرد به‌بیانووی ئه‌وه‌ی سواڵکردن قه‌ده‌غه‌کراوه. مبیان برده ماڵێك به‌هه‌ر سێکیان ده‌ستدرێژیان کرده سه‌رم…
ده‌سته‌کانم ده‌له‌رزین، ڕێگه‌یان نه‌ده‌دا چیتر بنووسم. په‌ڕه‌که‌م دڕاند. وه‌ک ئه‌وه‌ی وڕێنه بکه‌م له‌ژێر لێوه‌وه پاتهم ده‌کرده‌وه: نه‌خێر، نه‌خێر، نهخخخێێێر، نابێ به‌رده‌وام بم، نابێ درێژه به‌م کاره‌ساته بده‌م.
وێنای فرمێسکی چیڕۆکنووسێک بکه‌ن، که بۆ چاره‌نووسی کاراکته‌رێک ده‌یڕێژێت.
چیرۆکی سێیه‌م:
مانگ له‌نێو دووکه‌ڵی جه‌نگدا
هه‌رگیز وه‌ک ئه‌مساڵ جوانییه‌که‌م نیگه‌رانی نه‌کردووم، له‌وه‌تای بهبیرمدێتهوه، خۆشترین ساته‌کانم له‌به‌رده‌می ئاوێنهدابهسهربردووه. دایکم بۆیدهگێڕامهوه، که منداڵبووم، به‌دزی ئه‌وه‌وه سووراوم له‌لێوم هه‌ڵده‌سوو. له‌سه‌ر ڕوومه‌ته‌کانم بازنه‌ی خڕم دروست ده‌کرد. دایکم ده‌یگوت: کاتێک به‌سه‌رتدا ده‌هاتم ده‌مگوت ئه‌وه چی ده‌که‌ی؟ تۆیش به نازێکه‌وه: توراو ده‌که‌م، مه‌به‌ستت سووراوبوو. بیرمه کاتێک ده‌چوومه قوتابخانه ماوه‌یه‌کی درێژ له‌به‌رده‌می ئاوێنه‌که‌دا ده‌وه‌ستام، له برژانگه درێژه‌کانم ڕاده‌مام، ته‌ماشای چاوه ڕه‌نگاو ڕهنگهکهمم ده‌کرد. لێوه گۆشتنهکهمم خاردهکردو سه‌رنجم ده‌دا. به‌شێوه‌ییه‌ک وێنه‌ی خۆمم له‌کن پهسندبوو، وامده‌زانی من تاکه جوانم له‌سه‌ر زه‌وی. وه‌ک نزیکه‌کانیشم پشتڕاستی جوانییهکهمیان ده‌کردووه. ژیانێکی ئاساییم هه‌بوو، ته‌نێ ئه‌وه نه‌بێ نه‌متوانی خوێندن ته‌واوبکه‌م. نزیکه‌ی چوارساڵ له‌مه‌وبه‌ر شووم به‌پیاوێک کرد. له‌گه‌ڵ ئه‌و پیاوه‌دا پێشتر یه‌کتریمان نه‌ده‌ناسی، به‌ڵام دوای هاوسه‌رگیری به‌ره‌به‌ره خحشهویستیمان زیادیکرد.پیاوه‌که‌م زۆر خۆشیده‌ویستم، به‌به‌رده‌وامی بهجوانییهکهمیدا هه‌ڵده‌دا. خوداییه چه‌نده له‌زه‌ت به‌خش بوون ئه‌و پێداههڵدانانه، خودایه چه‌نده ئازاربه‌خشه ئه‌و پێداههڵدانانهی ئێستا له‌پێناوی به‌ده‌ستهێنانی جه‌سته‌مدا بهباڵامدا هه‌ڵده‌درێن. ڕۆژانه هێرشده‌کرێته سه‌ر ڕوحم. ڕۆژانه که‌سایه‌تیم دهڕوشێندرێ. له‌م وڵاته هه‌رئه‌وه‌نده‌ی بێوه‌ژن بی به‌سه تا له‌ژێر تانه‌و تهشهردا هه‌ره‌س بێنی. هه‌رئه‌وه‌نده‌ی تۆزێک ته‌ڕوتۆڵ و جوان بی به‌سه تا جاوهبرسییهکان ڕۆحی ئازار دهن. پیاوه‌که‌م له هێزی به‌رگری وڵاتپارێزدابوو، کاتێک ئاڵاڕهشهکان به‌ناوی ئایینه‌وه هاتن تا ئابڕوی وڵاتمان به‌رن و شه‌ڕه‌فمان بڕوشێنن. پیاوه‌که‌م یه‌کێک بوو له‌و که‌سانه‌ی ناردرانه هێلی پێشه‌وه‌ی به‌ره‌کانی جه‌نگ. پیاوه‌که‌م خۆی حه‌زیده‌کرد بچێته ئه‌و شه‌ڕه، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و خۆیشی باوه‌ڕێکی ئایینی پته‌وی هه‌بوو، پێی وابوو: بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و گروپه ده‌ستدرێژی نه‌که‌نه سهربیروباوهڕی و پیرۆزییه‌کانی هه‌تک نه‌که‌ن، ده‌بێ به‌ره‌نگاریان بێته‌وه.
من سه‌یرم پێده‌هات! دوو کۆمه‌ڵ خاوه‌نی هه‌مان باوه‌ڕ یه‌کتری بکوژن له‌پێناوی پێڕاستبوونی خۆیاندا. بۆ هه‌میشه ماڵئاواییه‌كه‌ی له هزری مندا نه‌خشێندراوه. ماچێکی نێوچاوانی کردم، گوتی: ئاگات له خۆت و منداڵه‌که‌مان بێ خۆشه‌ویستم. دوای ئه‌وه به‌چه‌ند ڕۆژێک هه‌ر وه‌کو له‌سه‌ره‌تای ئه‌و جه‌نگه‌وه گیرۆده‌ی هه‌واڵه‌کان ببووم، ته‌ماشای هه‌واڵه‌کانم ده‌کرد. له‌ناکاو هه‌واڵێک به‌ته‌واوی تاساندمی! له‌گه‌ڵ هه‌واڵه‌که‌دا، وێنه‌ی پیاوه‌که‌م پێشاندرا، که چۆکی دادابوو له‌به‌رده‌می چه‌ند پیاوێکی ده‌مامکدار. وامهه‌ستکرد سه‌رنجم لێ ده‌دا. باشتر لێی وردبوومه‌وه. له‌ژێر لێوه‌وه گوتی: ئاگات له خۆت و منداڵه‌که‌مان بێت خۆشه‌ویستم. هیچ ترسێکم له‌چاوه‌کانیدا نه‌بینی، ته‌نێ هه‌ستم به خه‌مێکی قوڵ کرد. ئێستا، که ساڵێک به‌سه‌ر ئه‌و ڕووداوه‌دا تێپه‌ڕیوه باشتر له خه‌مه‌که‌ی تێده‌گه‌م. ئێستا، ئێستا که که‌وتوومه‌ته ژێر تانه‌ی کۆمه‌ڵگاوه باشتر له‌و خه‌مه قوڵه‌ی تێده‌گه‌م. ڕۆژانه منداڵه دوو ساڵانه‌که‌م له‌کن دایکه پیره‌که‌م داده‌نێم، ده‌چمه بازاڕ یان که تڕافیک لایتهکام خه‌ریکی بنێشت فرۆشتن ده‌بم. ئه‌و بڕه مووچهییهی مێرده‌که‌م، که دوای کوژرانی زۆر که‌م بۆته‌وه، هه‌ر به‌شی کرێ خانووه‌که ده‌کات. ئه‌گه‌ر پیاوه نه‌فس نزمهکام لێمگه‌ڕێن گوێ ناده‌مه ئه‌و به‌سووک ته‌ماشاکردنه‌ی هاوڕه‌گه‌زه‌کانم، ئیشه‌که‌شم خراپ نییه، هه‌رچۆنێک بێت مه‌مره و مهژیش بێت پێیدهژین. نامه‌وێ شووبکهمهوه، ده‌مه‌وێ وه‌فادار بمێنمه‌وه، به‌ڵام ڕۆژانه تووشی گێچه‌ڵی پیاوه حهیشهرییهکان ده‌بمه‌وه. تا ئێستا توانیومه خۆمیان لێبپارێزم. تا ئێستا نه‌یانتوانیوه په‌لکێشی ناو به‌ندیخانه‌ی ههوهسهکانیانم بکه‌ن و توانیومه به‌ئازادی بژیم و سهربهرزبم…..
فرمێسکه‌کانم سڕی، سه‌رم به‌سه‌ر په‌ڕاوه‌که‌دا کرد و خه‌و بردمییه‌وه. چه‌ند ڕۆژ دوای ئه‌و شه‌وه ده‌چوومه هه‌مان شه‌قام به‌نیازی بینینی ئه‌و مانگه سه‌رگه‌ردانه. هیچ جارێک نه‌مبینی و هه‌رجارێکیش که شوێنهکهییم به خاڵی ده‌بینی هه‌ستم به زولملێکراوی ده‌کرد، هه‌ڵچوونه له ناکاوهکانم و کاردانه‌وه خێراکانم پێیان گوتم تۆ عاشق بووی. عاشقێکی ناکام. له‌وه ناکامتر هه‌یه عاشقی یه‌کێک له کاراکته‌ره‌کانت بیت؟ هه‌موو شه‌وێک ده‌چوومه‌وه ئه‌و شوقامه و تادره‌نگانێک پیاسه ده‌کرد. کاتێک بێ ئومێد ده‌بووم له دۆزینه‌وه‌ی. به‌قوڕگی پڕ له گریانه‌وه خۆم به ژووره‌که‌مدا ده‌کرد. ژووری چی زیاتر له زبڵدانێک ده‌چوو. کتێبه‌کان په‌ڕش و بڵاو ببوونه‌وه. چه‌ندان په‌ڕه‌ی لوولدراو فڕێدراو، په‌ڕه‌ی چیڕۆکهکابم بۆ چاره‌نووسی ئه‌و کاراکته‌ره.وێنه‌که‌ی سه‌رتاپای خه‌یاڵمی داگیرکردبوو. حه‌زی خواردنم که‌مده‌بووه‌وه.کارت خه‌وم تێک‌چووبوو. سه‌رئێشه‌ی به‌رده‌وام وهڕسیکردبووم. هه‌وڵمدا چه‌ند چیڕۆکێک دروستبکه‌م وه‌ک هیواییه‌ک به‌رده‌وامیم لهچیڕۆکهکاندا چاره‌نووسی له خۆم نزیک بخه‌مه‌وه‌و ڕێڕه‌وی ژیانی به‌لای خۆمدا بشکێنمه‌وه. به‌ڵام تا زیاتر خهیاڵهكانمی داگیرده‌کرد و جڵه‌وی ویست ئیراده‌ی ده‌کردم، له چیڕۆکه‌کانمدا زیاتر پاته‌ی نه‌خشاندنی وێنه‌ی ئه‌وم ده‌کرده‌ووه. به‌ته‌واوی له واقیع دابڕام و لهگۆشهییهکی ماڵه‌وه دهخزام.
ڕۆژێکیان لهفهیسبووکهوه نامه‌یه‌کم بۆ هات تاساندمی:
دوای سڵاو
وای لێکبده‌وه من کاراکتهرێکم له چیڕۆکێکتدا، به‌ڵام کاراکته‌رێکی ڕاسته‌قینه. له‌وانه‌ییه تۆ من نه‌ناسی، به‌ڵام من تۆ ده‌ناسم هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ش بۆ من به‌سه، تا ئێستا نه‌متوانیوه حه‌زی منداڵیم تێربکه‌م به‌وه‌ی بتوانم چیڕۆک بگێڕمه‌وه، باوه‌ڕیش ناکه‌م تازه هه‌رگیز بتوانم به‌هۆی سه‌ختی ژیانمه‌وه. پێش نووسینی ئه‌م چیڕۆکه له‌خۆم پرسی: چ چیڕۆکێک هه‌یه تراژیدی تربێت له واقیعی ژیانی من؟ ئه‌م پرسیاره منی بزواند تا ئه‌م نامه‌ییه بۆ تۆ بنێرم. مه‌گه‌ر پرسیار بزوێنه‌ری هزری مرۆیی نییه؟
ئه‌م نامه‌ییه چیڕۆکی ژیانی منه، داوات لێ ده‌که‌م ئه‌و ئاواته‌م بهێنه دی به‌وه‌ی ئه‌م چیڕۆکه‌م ڕێکبخه و دووباره بونیادی بنێوه، با ئه‌گه‌ر بۆ جارێکیش بێت ببم به خاوه‌نی چیڕۆکی خۆم.
چیرۆکی
به‌ره‌نگاری
نووسینی: مانگی به‌ره‌نگار
هه‌ر له‌سه‌ره‌تای ژیانمه‌وه، وه‌ک مانگێک ببوومه جێگای سه‌رنجی ده‌وربه‌رم. دایکم بۆی ده‌گێڕامه‌وه: کچی خۆم تۆ یه‌کێک بووی له منداڵه جوان و سه‌رنجڕاکێشه‌کان. هه‌موو خزمان خۆشیان ده‌ویستی. منداڵێکی بچووک و قسه زل بووی. تا ته‌مه‌نت هه‌ڵده‌کشا ناز و فێڵی منداڵانه‌ت زیادی ده‌کرد. هه‌ر وێنه‌یه‌کت ببینیاییه چیڕۆکێکت بۆی دروست ده‌کرد. به‌پێی هه‌ڵکشانی ته‌مه‌نت چیڕۆکه‌که‌ت ڕێکتر و ژیرانه‌تر ده‌بوو. بۆ نمونه باوکت فه‌رهه‌نگێکی وێنه‌یی بۆ کڕیبووی تا به‌هۆیه‌وه فێری ئینگلیزیت بکات. تۆ بۆ هه‌ر وێنه‌یه‌ک چیڕۆکێکت دروست ده‌کرد. ده‌تگوت: دایه ئه‌وه دۆگه* گۆشته‌که‌ی خواردوه ئێسکه‌که ده‌شارێته‌وه تا دایکی نه‌زانێ گۆشتی خواردوه. مامه ئه‌وه کاته* به‌دزی دایکییه‌وه خه‌ریکی شیر خواردنه‌وه بووه، ئێستا شیره‌که‌ی لێڕژاوه نازانێ چۆن بیسڕێته‌وه تادایکی نه‌یبینێ. ئه‌وه سه‌ره‌تای ژیانی من بوو. له قوتابخانه‌ش چێژم له‌وه ده‌بینی چیڕۆک بۆ هاوڕێکانم دروستبکه و بیگێڕمه‌وه. ژیانێکی ئاساییم هه‌بوو، به‌ڵام خولیای گه‌وره لهکهللهمدا ده‌سوڕاییه‌وه. کاتێک باوکم مرد ژیانمان به‌ره‌وه ته‌نگه‌به‌ری چوو، باری داراییمان زۆر خراپ بوو. دایکم ناچاربوو خزمه‌تکاری ماڵان بکات. ڕۆژ به‌ڕۆژ گوزه‌رانمان ڕوو له‌خراپی بوو.
به‌م هۆییه‌وه نه‌متوانی خوێندن ته‌واوبکه‌م. به‌مشێوه‌یه به‌رده‌وام تا من شووم به پیاوێک کرد که له‌وه‌زاره‌تی ناوخۆ پاسه‌وان بوو. گوزه‌رانمان ڕۆژ دای ڕۆژ به‌ره‌و باشی ده‌چوو، کچێکم بوو. دایکم له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا ده‌ژیا. دایکم چووبووه نێو ته‌مه‌نه‌وه چیتر کاری پێنه‌ده‌کرا، مه‌به‌ستم کاری ده‌ره‌وه نییه، چونکه هه‌ر سه‌ره‌تای هاوسه‌رگیریم پیاوه‌که‌م بهیهێشت ئه‌و بچێته‌وه بۆ سه‌ر کاره‌که‌ی . ژیانێکی ساده و خۆشمان هه‌بوو. له‌گه‌ڵ پیاوه‌که‌م یه‌کتریمان خۆشده‌ویست. ڕۆژێکیان ده‌نگی ڕادیۆکهمم زیادکردبوو به‌ده‌م گۆرانی گوتنه‌وه خه‌ریکی کاری ناوماڵ بووم. لهڕادیۆکهوه گوێم له‌هه‌واڵێک بوو، ڕایچڵه‌کاندم. هه‌رئێستا ئۆتۆمبێلێکی بۆمبرێژکراو خۆی بهبهدهروازهی وه‌زاره‌تی ناوخۆدا ته‌قانده‌وه و تا ئێستاش ده‌نگی ده‌ستڕێژی گولله ده‌بیسترێ. ئه‌و هه‌واڵه زۆر به‌سانایی له‌قوڕگی بێژه‌ره‌که ده‌هاته ده‌ره‌وه، به‌ڵام وه‌ک ئه‌وه واڤلبوو تێنتیهکه له‌ناوه‌وه‌ی مندا بته‌قێته‌وه. وه‌ک شێتم لێهات. به‌پێی په‌تی و قژی ڕووتی به‌کۆڵانه‌کاندا هه‌ڵه‌ته بووم. ئاگام له‌و قه‌ره‌باڵغیه نه‌مابوو، کر به‌درێژایی کۆڵانه‌کان سه‌رنجیان ده‌دام. ده‌شێ به‌شێتم تێگه‌یشتبن. هاوارم ده‌کرد و ده‌گریام، خۆم گه‌یانده شوێنی ڕووداوه‌که، به‌ڵام پۆلیسه‌کان ڕێگایان لێ گرتم. تا ئه‌فسه‌رێک سکی پێ سووتام و بانگی کردم. کاتێک زانی ژنی یه‌کێک له پاسه‌وانه‌کانم به ئهسهفێکهوه گوتی: بردیانه ، نه‌خۆشخانه. پرسیم: تخوا ماوه؟ تخوا نه‌مردوه؟ به‌ڵام ئه‌و نه‌یتوانی وه‌ڵامم بداته‌وه. دواتر بیستمه‌وه، کاتێک ئه‌و ئۆیۆمبێله گومانلێکراوه به‌ره‌و ده‌روازه‌که هاتبوو، پیاوه‌که‌م خۆی کردبووه قوربانی هاوڕێکانی و به‌ره‌و ڕووی ببووه‌وه. تابلهنزیکهوه خۆی به ئۆتۆمبێله‌که‌دا ته‌قاندبووه‌وه به‌و ڕومانانهی پێیبوو.کچه شه‌ش ساڵانه‌كه‌م له‌به‌رئه‌وه‌ی قوتابخانه‌که‌ی له‌وێ نزیک بوو.
تا ماوه‌یه‌کی زۆر توشی ترسێکی کهڕادهبهدهر ببوو. هه‌میشه گوێ قوڵاغبوو، به‌ترسه‌وه سه‌یری ده‌وروبه‌ری ده‌کرد. پیاوه‌که‌م خۆیکرده قوربانی نیشتمانه‌که‌ی و هاوڕێکانی، وه ئێمه‌شی کرده قوربانی، چونکه دوای ئه‌و کاته‌ساته مووچه‌که‌یان لێکهمکردینهوه و هیچ هاوکارییه‌کیان نه‌کردین. مووچه‌که ته‌نیا به‌شی کرێی خانووه‌که‌مانی ده‌کرد ناچاربووم بۆ ئه‌وه‌ی بژین کاربکه‌م. ده‌س به فرۆشتنی بنێشتی سههمکرد له بازاڕ و شوێنه قه‌ره‌باڵغه‌کان. دوای مردنی پیاوه‌که‌م یه‌که‌مجاربوو لهجوانییهکهی خۆم بترسێم. پیاوانێک به‌فێڵی بێشت کڕین خۆیان نزیک ده‌کرده‌ووه تا ته‌ماحی زۆر بخه‌نه به‌رده‌ستم تا ههڵمفریوێنن. ژیانمان به‌ته‌واوی ژێراو ژوور بوو. شه‌وێکیان چوومه شه‌قامێکی قه‌ره‌باڵغ، له‌وێدا دوو کوڕم بینی، یه‌کیکیان زۆر سه‌یر سه‌رنجی ده‌دام. زۆر ترسام نیازی خراپ بێت ترسێکی زۆر که‌وته دڵمه‌وه، بۆیه له‌و کاته‌وه بڕیارمدا جارێکی تر نه‌چمه‌وه ئه‌و شه‌قامه. ئێستا ژیانی خۆمم ڕێکخستووه به‌وه‌ی ڕۆژانه کار ده‌که‌م و به‌ره‌نگاری ئه‌و ده‌ستانه‌ش ده‌بمه‌وه، که ده‌یانه‌وێ ژیانم بشێوێن و بمکه‌نه ژێرده‌سته‌ی ههوهسهکانیان. من که‌سێکێ ئازادم، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خۆم ڕاده‌ستی ویسته خراپه‌کانی ئه‌وانی دیکه ناده‌م.
ئه‌و نامه‌ییه هیوایه‌کی پێدامه‌وه تا بتوانم ئه‌و شێوه مانگه‌ی خۆشه‌ویستم پهیدابکهمهوه و داوای لێبکه‌م هاوسه‌رگیریم له‌گه‌ڵدا بکات. به‌ڵێ ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕازیبێت، گوێ ناده‌مه جیاوازی ته‌مه‌نمان ، گوێنادهمه ئه‌وه‌ی ئه‌و بێوه‌ژنه. به‌ڵام دواێ ئه‌وه‌ی چه‌ند ساڵێکه شوێن نه‌ماوه به‌دوایدا ته‌یم نه‌کردبێت، بێ ئومێدبووم له‌وه‌ی بیدۆزمه‌وه. هه‌رئه‌وکات کاتژمێرێک دوای ئه‌وه‌ی نامه‌که‌ی نارد ویستم بچمه‌وه نێو ئه‌و پڕۆفایله نه‌ناسراوه‌وه به‌ڵام بینیم داخراوه. ئێستاش نازانم ئایا به‌ڕاست ئه‌و نامه‌یه‌کی ناردوه یان حه‌و نامه‌یه‌ش یه‌کێکه له‌خه‌یاڵه‌کانی خۆم، یان ئه‌و چێرۆکهش یه‌کێکه له چیڕۆکه‌کانی خۆم بۆ چاره‌نووسی ئه‌و کاراکتهرهم. ئێستا له‌خۆم ده‌پرسم: ده‌بێ ئه‌و ۆیاسهییهی ئه‌و ڕۆژه‌شم له‌گه‌ڵ ئه‌و هاوڕێیه‌دا خه‌یاڵێکی خۆم نه‌بووبێ. ته‌له‌فۆنێک بۆ هاوڕێکه‌م ده‌که‌م باسی بابه‌ته‌که‌ی لهگهڵدادهکهم به‌ڵام ئه‌و هیچی له‌بیر نه‌ماوه.
ـــــ
*دۆگ Dog
*کات Cat