میلان کۆندێرای ڕۆماننوس وەک فایلدارێک*
عەلی بەدر
لە عەرەبییەوە: ئیسماعیل حەمەئەمین
زۆر لە هاوڕێیان باسیان لەوە دەکرد کە ئەگەری ئەوە هەیە ڕۆماننوسی چیکی بەناوبانگ `میلان کۆندێرا` ئەمساڵ خەڵاتی نۆبڵ وەربگرێت. من پێموابوو ئەستەمە ئەمە ڕووبدات. دیارە چەند هۆکارێک هەن، بەڵام گرنگترینیان تێوەگلانی `میلان کۆندێرا`یە لە زەمەنی حکومەتی چیکۆسلۆفاکیا سۆسیالیستی لە ڕاپۆڕتلێدان لە یەکێک لە ئۆپۆزیسیۆنە دیارەکانی حکومەتی کۆمۆنیستی چیکلۆفاسکی (میرۆسلاڤ دڤۆراسک) کە لە ساڵی١٩٥٠ دەستگیرکرا و حوکمی لە سێدارەدانی بۆدەرچوو بوو.
میرۆسلاڤ دڤۆراسک هەڵاتبوو و خۆی لە بەشی ناوخۆیی خوێندکاران، لای دەزگیراکەنەی، شاردبۆوە. بە نیازبوو تەنها شەوێک لای دەزگیرانەکەی `ئێڤا میلیتک` بمێنێتەوە و دوایی بە ناسنامەیەکی ساختەوە وڵات جێبهێڵێت. `ئێڤا میلیتک` ی دەزگیرانی ئەم چیرۆکە بۆ کیژەکەی هاوڕێی `دلاسک` دەگێڕێتەوە. دیارە `دلاسک` لە پەیوەندیدا بوو لەگەڵ `میلان کۆندێرا`. میلان کۆندێرا ئەو زەمەنە گەنجێکی ستالینی توند بوو، هەروەها مامۆستایەکی گەنج و شاعیر و کۆمۆنیستێکی بەناوبانگ بوو. هەر کە کۆندێرا ئەم هەواڵە دەبیستێت دەچێت ڕاپۆڕتی لێدەدا و میرۆسلاڤ دەستگیردەکرێت، و حوکمی لە سێدارەدانی بۆ دەردەچێت، دوایی حوکمی سێدارەدانی کەمدەکرێتەوە بۆ بیست و دوو ساڵ زیندانی بە کاری سەخت و تاقەپروکێنەوە.
میرۆسلاڤ لە ساڵی دووهەزاردا کۆچی دوایی دەکات، تا مردنی وایدەزانی کەس لە ئێڤا زیاتر نەیزانیوە کە لەوێ خۆی شاردۆتەوە. هەربۆیە (میرۆسلاڤ دڤۆراسک) تاوەکو مرد لەو بڕوایەدا بوو؛ کە ئێڤای دەزگیرانی ڕاپۆڕتی لێداوە.
دەبوایە چاوەڕێی ساڵی ٢٠٠٨ بکەین تاوەکو ئەکادیمیەکی بەتوانا و ستوونوسێکی بەتوانا، کە ناوی (ئادەم هرادیلیک – لەدایکبووی ١٩٧٦) کە تایبەتمەند بوو لە لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی لەمەڕ سەربازگەکانی ئەشکەنجەدان و کارت زۆرەملێ لە سۆڤێیەتی کۆن، هەروەها زیندان و تیرۆر لە بلۆکی سۆسیالیستی بەگشتی.
ئادەم دۆسیەکانی چیکۆسلۆفاکیای سۆسیالستی هەڵداتەوە و لە ئەرشیفی دوای ڕووخانی ئەم ڕژێمە دەگەڕێت و نهێنیەکان ئاشکرا دەکات. لە کاتێکدا ئەم گەنجە لە `پەیمانگای لێکۆڵینەوە لە ڕژێمە تۆتالیتارەکان` خەریکی لێکۆڵینەوە بوو، بەڕێکەوت لە یەکێک لە فایلەکانی پۆلیسی نهێنی چیکۆسلۆفاکی، فایلێکی زەردی بەردەستی دەکەوێتە خوارەوە کە بە ئامێری چاپی دەستی `تایپ ڕایتەر` نوسراوە. لە ژێر ناونیشانی “مەحزەری ژمارە ٦٢٤ ساڵی ١٩٥٠“ دەرچوو لەلایەن “سەرکرادیەتی ناوچەی ئەمنی قەومی OVNB“ باس لەوە دەکات، کە مامۆستای گەنج و شاعیری بەناوبانگ `میلان کۆندێرا` خۆی ئامادەبووە و بە پۆلیسی نهێنی گووتووە؛ کە “ئەو گەنجەی بەدوویدا دەگەڕێن (میرۆسلاڤ دڤۆراسک) لە بەشی ناوخۆیی خوێندکاران لای دەزگیرانەکەی (ئێڤا میلیتک) خۆی شاردۆتەوە.“ هەروەها نوسراوە کە “کۆندێرا باس لەوە دەکات کە ئەم هەواڵەی لە خوێندکارێکی خۆی خاتوو `دلاسک` پێگەیشتووە و بەمجۆرە بووە؛ دالاسک داوای لە ئیڤێای هاوڕێی کردووە پێکەوە بچن بۆ ئاهەنگێکی شەوانە، بەڵام ئێڤا داوای لێبوردنی کردووە کە ناتوانێت ئامادەبێت، چونکە ئەمشەو دەزگیرانە هەڵاتووەکەی لە بەشی ناوخۆیی دەمێنێتەوە و ڕۆژی دوایی بە قاچاخ چیکۆلۆسۆفاکیا جێدێڵێت. دەزگیرانەکەی (میرۆسلاڤ دڤۆراسک) ە کە پۆلیسی نهێنی بەدوویدا دەگەڕێن.“
بەمجۆرە میلان کۆندێرای گەنج شوێنی گەنجە هەڵاتووە و ئۆپۆزیسیۆنەکە ئاشکرادەکات و هەر هەمان ڕۆژ لە ژوورەکەی ئێڤای دەزگیرانیدا، لەبەشی ناوخۆیی دەستگیر دەکرێت.
کاتێک لێکۆڵەر `ئادەم هرادیلیک` ئەم مەحزەرەی پۆلیسی نهێنی بینی، تووشی شۆک بوو. هەر خێرا ئەم ڕاستییە بە سەرۆکایەتی `پەیمانگای لێکۆڵینەوە لە ڕژێمە تۆتالیتارەکان` ڕادەگەیەنێت. ئادەم هیچ شتێک بڵاوناکاتەوە بەڵکو فاکسێک دەنێرێت بۆ ئۆفیسی `میلان کۆندێرا`ی ڕۆماننوس پرسیاری مەسەلەی (میرۆسلاڤ دڤۆراسک) لێدەکات، بێئەوەی باسی ئەو فایلە بکات کە لەبەردەستیاتی. ئەو تەنها پرسیاری ئەوەی لێدەکات؛ کە ئایا هیچ زانیاریەکی هەیە لەمبارەیەوەم یاخود هیچ ڕوونکردنەوەیەکی هەیە کە زیاتر ئەم مەسەلەیە ڕوونبکاتەوە… دیارە `ئادەم هیرادیلیک` دەڵێت؛ “من نەمویست باسی ئەو فایلە بکەم کە لەبەردەستمدایە، نە باسی ئەوەش بکەم کە لەفایلی پۆلیسدا ناوی ئەو و ڕۆژ و کاتەکەی بە ڕوونی تێدایە تۆمارە، چونکە ئەوە دەبوو بە فشارهێنان بۆ سەری.“
دەرئەنجام `میلان کۆندێرا` هیچ وەڵامی ئەو فاکسەی ئادەمی نەدابۆوە، دوایش کە لێیان پرسی بوو بۆچی ڕوونکردنەوەت نەبووە، پۆزشی ئەوەبوو کە “ئەو فاکسی لەوجۆرەی بەدەست نەگەیشتووە.“
دوای ئەوەی ئادەم کەوتە بڵاوکردنەوی وێنەیەک لە ڕاپۆڕتی پۆلیس، ئیدی ڕۆژنامەکانی چیک کەوتنە هێرشکردنە سەر `میلان کۆندێرا`ی ڕۆماننوس بەوەی سیخوڕ و ڕاپۆتلێدەری پۆلیسی نهێنی حزبی کۆمۆنیستی دەسەڵاتداری چیکی بووە. وەڵامی `میلان کۆندێرا` ئەوە بووە؛ کە ئەو تووشی شۆک بووە بەم بڵاوکردنەوەیە، تەنانەت دوێنێ بۆ یەکمجار بیستویەتی کە شتی وا ڕوویداوە. کۆندێرا ئەم کارەی بە هەوڵدانێک لێکدایەوە بۆ لەکەدارکردنی و بێگومان لە ژیانیدا ڕێگەی هیچ پۆلیسێکی نهێنی پێ نەزانیوە.“
لە بەرامبەر ئەم وەڵامە فەرامۆشکاریەی `میلان کۆندێرا`، لێکۆڵەر ` ئادەم هرادیلیک ` گوتارێکی توندی دووردرێژی لە گۆڤاری IJH مانگانەی `پەیمانگای لێکۆڵینەوە لە ڕژێمە تۆتالیتارەکان` بڵاوکردەوە و دەڵێت “ تەنانەت دوای ڕووخانی کۆماری چیکی سۆسیالیستی بەردەوامە لە شاردنەوەی ڕاستیەکانی ژیانی ڕابوردوویی. ماوەی چارەکە سەدەیەکە تەنها یەک چاوپێکەوێتنی ئەنجامنەداوە، تەنانەت دوای ڕووخانی ڕژێمی کۆمۆنیستی چیکۆسلۆفاکی، بەدزییەوە سەردانی نیشتمانی خۆی دەکات. کۆندێرا بەناوی خوازراوەوە دەچێتە هۆتێلەکانی چیک و داوا لەو کەمە هاوڕێیەی دەکات کە لە چیک دەژین، بە هیچ شێویەک باسی سەردان و یەکتربینیەنکانیان نەکەن، تەنانەت داوایان لێدەکات سوێند بخۆن کە ناسنامەی ئاشکرا نەکەن و سەردانەکانی ئاشکرا نەکەن.“
` ئادەم هرادیلیک ` لەو بڕوایەدایە کە؛ ئەم چیرۆکی ڕاپۆڕتلێدانە و زۆریتر، نهێنی ئەمجۆرە بێدەنگی و خۆشاردنەوەی کۆندێرایە لە خەڵکانی وڵاتەکەی خۆی و ڕۆژنامەنوسان.
سوپاس بۆ هاوڕێم (هاڤا هلبوڤا) کە ڕاپۆڕتەکەی لە زمانی چیکیەوە بۆ وەرگێڕام و ئەوەش وێنەی ڕاپۆڕتەکەیە بە زمانی چیکی.
تەواو
دوو تێبینی وەرگێڕ؛
*دوای ڕوخسەت وەرگرتن لە `عەلی بەدر` ی ڕۆماننوسی ئێراقی کە ئەم نوسینەی لە سەر دیواری فەیسبوکی کەسی خۆی بڵاوکردەوە، ئەم نوسینەمان وەرگێڕاوە.
** ناونیشانەکەی خۆم بۆم داناوە، بەوسیفەتەی `دۆسیەی فایلدارن` لە نێو ئێمەی کوردیشدا لە هەمان خولگەدا دەسوڕێتەوە و نێزیکە لەیادەوەریی کوردییەوە.
سەرچاوە:
https://www.facebook.com/ali.j.bader
بۆ زیاتر زانیاری تکایە لە گۆگلدا بگەڕێن وەک نموونە؛
https://zpravy.aktualne.cz/kundera-denies-he-reported-a-western-spy-in-1950/r~i:article:619239/
ماڵپەڕی فەرمی `پەیمانگای لێکۆڵینەوە لە ڕژێمە تۆتالیتارەکان` (ÚSTR),