وەرن با پەڕەسێلكەی سپیتان پیشانبدەم!

Loading

سه‌لمان مه‌حمود
سه‌لمان مه‌حمود

‎((!هاوڕێم،من ئەشەو زۆر دەترسم))
‎چیرۆكی گەڕانەوە بۆ ژیانەكەی تر ،لاپەڕە٥٦.

– ‎به‌ڕێز ساراماگۆ،پێمان بڵێ؛ (ڕیالیزمی-‎جادووی)واتە چی؟
‎ ساراماگۆ: واتە ئەوەی لەخەونتدا لە باخێك پیاسەبكەیت و سبەی كە لەخەوهەستایت گوڵێكت بەدەستەوەبێت.

‎- كافكاش وابوو،ئاخر ئەویش كاتێك شاكارە مەزنەكەی(بەدگۆڕان)دەنووسێت،ئاوا دەست پێدەكات((كاتی بەیانیەك كە گرێگۆ سامسا خەبەری دەبێتەوە،لەخەونە ترسناكەكانی زانی كەبووە بە سیسركێكی ترسناك)).
‎دەڵێن كاتێك بۆ یەكەمجا گابۆ (گابلێر گارسیا ماركێز) كە(بەدگۆڕان)دەگرێت بەدەستیەوەو،دەستدەكات بەخوێندنەوەی بەشۆكەوە دەڵێت((جاشتی وا دەبێت!)).بەڵێ دەبێت،بەڵام نەك بەو ئاسانیە.،
‎ئەگەر ئەو سەرەتایە بۆ نووسەرێكی مەزنی وەك گابۆ سەیرو پر لوغزبێت ئەدی بۆ ئێمە چی؟

‎(قەفەزێك لە ناخی باڵندەیەكدا) ناونیشانی یەكەمین كۆمەڵە چیرۆكی شاعیر و چیرۆكنووس(گۆران ڕەئوف)ە،وەك چیرۆك;كەلەسیانزه‌ چیرۆك پێكهاتووەو دەزگای سەردەم چاپی كردووە. كتێبەكە دەكرێت بەمانیفێستی بەواقیعكردنی سوریاڵ پیشانبدرێت. فەزای چیرۆكەكان فەزایەكی كافكاییە،بەڵام كارەكتەرەكانی گۆران وەك كارەكتەرەكانی كافكا مەحكوم نین بە تەسلیمبوون، (نا -كارەكتەرەكانی) گۆران بڕێك جار عەبەس،برێك جار توڕە و بێباكن. ئەوان هەندێك جار زمانێكی پۆستمۆدێرن بەكاردەبەن و نەفرەت لە ئەرز و ئاسمان،لەڕابوردوو و عەشیقەكانیشیان دەكەن. هەروەك لەسەرەوەش ئاماژەمپێدا كارەكتەرەكانی گۆران بێباكن،هەروەك كارەكتەرەكانی (بیكێت) كارەكتەری بیكێتی كارەكتەرێكی بێباك و پڕ ووزه‌ن (لەبەكاربردنی دەستەواژەی پڕ ووزه‌ مەست هێزی بازوو نییە،بەڵكو ئەوهێزە ناوەكی و ڕۆحیە كە لەكارەكتەرەكانی بیكێت-دا هەیە بۆ بەردەوام بوون،با ئەوشتەیشی كە چاوەڕوانی دەكەن ڕەنگە هەرگیز ڕوونەدات یان كەم بایەخ و پوچیش بێت).

بەڵێ،ئەوە یەكێكە لە خەسڵەتە جوانەكانی ئەم كۆمەڵە چیرۆكە،كەفەزای عام و عەوام دۆخی وجودی و عەبەسی كارەكتەرەكان ناشێوێنێت،باكرێكارێكی ماندوهیلاك بێت،بەڵام ئەو هەردڵی لای بەهرە لەدەستچوەكەیەتی: دڵی لای ئەوكچەیە كە كەمانچە دەژەنێت(چیرۆكی كەمانچە)،با ساردبێت و برسیشی بێت بەڵام ئەو هەر دڵی لای یەكەم هەنگاوە،ئەو دڵی لای عەشقە(چیرۆكی گەڕانەوە بۆ ژیانەكەی تر)،با باوكی مردبێت،بەڵا ئەو هەردڵی لای گەڕانەوەی كەناریەكەیە(چیرۆكی قەفەزێك لە ناخی باڵندەیەكدا)…بەڵێ،ئەوان وان;ئەوان عەبەسن

‎وەك لەسەرەوە ئاماژەم پێدادەكرێت ئەم چیرۆكانە،وەك مانیفێستی بەواقیع كردنی سوریاڵ نیشانبدرێن.گۆران،ئەم كارەی زۆر لێزانانەو سەركەوتوانە دەكات بەبی ئەوەی شیرازەی چیرۆكەكان بشێوێت،لە چیرۆكی(من سەروەك وەزیرانم كوشت)دا دیمەنێكی زۆر نایابی تێدایە((من چەند خولەكێك پێشوتر هەر لە هەمان جێگەدا وەستابووم بەم شێوەیە نەبوو…ئەو چیمەنە جوانەی سەرەتا نەمابوو،هەستم دەكرد چیمەنەكە وردە وردە وشك دەبوو))لاپەڕە٣٤.

‎لەهەمان چیرۆكدا و، لەلاپەڕە ٣٥ دا بەردیمەنێكی تەواو سەرسامهێنەر دەكەوین ؛ ((خوایە گیان،باوكی من بۆ دەبێت لەم ئاهەنگەدا پێشوازی و بەخێرهاتنی میوانەكان بكات؟!ئااای هاوار…ئاخر باوكی من حەوت ساڵ لەمەوپێش مرد!!حەوت ساڵی تەواوە باوكم مردووە))…یان لە چیرۆكی (قەفەزێك لە ناخی باڵندەیەكدا)هەندێك باڵندە توشی نەخۆشی دەبن كاتێك كە دەبینن قەفەزی دوو كەناری ،لە قەفەزەكانی خۆیان جوانتر و قەشەنگترە!

‎دواین خاڵ كەمەراقمە لەسەر ئەم كۆمەڵە چیرۆكە و دانەرەكەی هەڵوێستەی لەسەربكەم،ئەو توانا گەورەیەیەی گۆرانە لە (چیرۆكاندن)دا. (گۆران ڕه‌ووف ) لە كەرەستەی زۆر بچوك گرێی قوڵ و پڕ پەنهان دروستدەكات. نامەیەكی فەیسبوك چیرۆكی (سامی پێش پشكۆ مرد)،ئازادكردنی كەناریەك چیرۆكی (قەفەزێك لە دڵی باڵندەیەكدا) یان بەڕێكەوت كەوتنە ئاهەنگێكەوە چیرۆكی (من سەروەك وەزیرانم كوشت)دا…گۆران ،لەمەیاندا زۆر چیخۆفیانە كاری كردووە،چیخۆفیش وابوو،لە كەرەستەی زۆر بچوك شاكاری دەخوڵقاند.

‎بەگشتی ئەم كتێبە كەلە (١٣)!دە چیروك پێكهاتووە، كۆمەڵە چیرۆكێكی زۆر جوان و كامڵن،وەشایەنەی خوێندنەوەن،وە من بەڵێنی ئەوەت پێدەدەم،كە تۆ ناتوانین ئەم چیرۆكانە نەخوێنیتەوە!

‎((گۆران گیان،سوپاس بۆ دیاریە جوانەكەت،كە لەم غەریبیەدا دوێنێ شەومی جیاوازتر و
‎دڵەڕاوكیەكانمی زیاتر كرد.
‎سوپاس…سوپاس
‎سوپاس بۆئەم گوڵە خراپانە!))

ته‌واو

‎تێبینی:

١-پەڕەسێلكەی سپی ناونیشانی یەكێكە لە چیرۆكەكانی ناو ئەم كۆمەڵە چیرۆكە.
‎٢-ناوهێنانی هەندێك لە نووسەرە گەورەكانی جیهان و بەراوردكرنی ئەم چیرۆكانە بەكارەكانی ئەوان،تەنها بۆ ئەوە بووە كەتێگەشتنێكی بچوك لای خوێنەر درووست بكەم،وە لە لایەكی ترەوە من باوەڕم بەدابڕانی-ئیبستمۆلۆجی نیە لە هونەر،ئەدەب و فیكردا.

15045661_899499556850625_124873187_n