کۆتایی گەمە


Loading

زۆربەی تۆێژەرەوانی شانۆی هاوچەرخ لەسەر ئەوە ڕێککەوتوون، کە دووەم جەنگی جیهانی بنەمایەکی پتەوە بۆ دەقە شانۆییەکانی ساموێل بێکێت، چونکە برسێتی، نائومێدیی، مەرگ، نەمانی بەها پیرۆزەکان، کە دەرهاویشتەی جەنگەکە بوون، زەمینەیەکی لەباری دونیا ئاڵۆزەکەی ئەم نووسەرەن. بۆ نموونە هەستکردن بەوەی، کە خواوەند دەستبەرداری بوونەوەرەکانی خۆی بووە، لەلایەک و بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەکی ترەوە، کەشی شانۆنامەی (کۆتایی گەمە) پێک دەێنن، کە نزیکەی شەست ساڵ لەمەوبەر نووسراوە. ئەم شانۆنامەیە بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٥٧دا لە لەندەن و لە ساڵی ١٩٥٨یشدا لە نیۆرک نەمایش کراوە.
کۆتایی گەمە ڕەهەندێکی قووڵی دۆزەخ و ئەو مەرگەریە، کە چاوەڕوانی هەموومان دەکات، کارەکتەرەکان خەون بە مەرگی خۆیانەوە دەبینن، لە بێئاگایدا دەدوێن و لە ساتەوەختە گرانەکاندا بە یەکتریدا هەڵدەشاخێن. کۆتایی گەمە بە شێوەیەکی لیریکی ڕەش و کۆمیدی، باسی ئەو ڕەوشە دەکات، کە گەردوون تیادا خامۆش دەبێت و مرۆڤیش هەوڵی خۆ ڕزگارکردن دەدات. هام، کە کارەکتەری سەرەکی ئەم گەمەییەیە، خۆی لە ژوورێکدا شاردۆتەوە و کلۆڤ یارمەتی خۆیی و دایک و باوکی (ناگ و نیل) دەدات، کە دوای ئەوەی لە ڕووداوێکدا هەردووکیان قاچەکانییان لە دەست داوە، هەر یەکەیان تەنەکەیەکی خۆڵ و خاشاکێکیان کردووە بە جێ گوزەرانی خۆیان.
هام ناتوانێت بە پێوە بووەستێت و نابینایشە، کلۆڤ شەلە و ناتوانێت دابنیشێت، دایک و باوکەکەیش تەواو بێ جووڵەن. هام و کلۆڤ هێماگەلی دەسەڵات و بێ دەسەڵاتن، هەروەها کارەکتەری هام لە زۆر ڕووەوە لە پادشاکانی شەکسپیر دەچێت و بۆ نموونە، هەروەک لیری پادشا دەسەڵاتی خۆی لەدەست داوە. زۆربەی ڕەخنەگرکانیش چەندین هێڵی هاوبەشیان لەنێوان کۆتایی گەمە و شالیر و ریشاردی سێیەمدا دۆزیوەتەوە، ئەمە جگە لەوەی دەقەکە، چیرۆکەکانی ئینجیل و فەلسەفەی گرێکیشمان بیر دەخاتەوە. بێکێت زیرەکانە گەمە بە وشە و دەستەواژەکان دەکات، لەم گەمەیەدا وشەکان چەندین مانا لەخۆدەگرن، چەمکێکی تەنزئامێز، مانای پێچەوانە، سمبۆل و هەندێک جاریش دەبنە کۆمیدیایەکی ڕەش و هەموو سنوورەکانی زمان تێدەپەڕێنێت.
ئەم شانۆنامەیە، ئێستا لەسەر یەکێک لە شانۆکانی شار لە ستۆکهۆڵم پێشکەش دەکرێت، ریژیسۆری نەمایشەکەیش، کە لەوەوبەر زۆربەی دەقەکانی بێکێتی خستۆتە سەر شانۆ، بە تەواوی شوێن پێی بێکێت کەوتووە و دەقەکەی وەک خۆی، نە هیچ شتێکی لابردووە و نە هیچ شتێکی زیاد کردووە، پێشکەش کردووە.
ئەکتەرەکان لە ژوورێکی داخراوی ڕەشدا، کە دوو پەنجەرەی بچووکی تێدایە، ژیان دەگوزەرێنن. کورسییە عەرەبانەییەکەی هام، کە لە کورسی دەسەڵات دەچێت، لە ناوەڕاستی ژوورەکەدایە و تەنەکەی خۆڵ و خاشاکەکەیش، کە بوونەتە ماڵی دایکی و باوکی هام، لەو شێوەیەدان، ڕۆژانە لەسەر شەقام و بەر ماڵەکاندا دەیانبینین. کارەکتەرەکانی ئەم کۆتایی گەمەیە، پەیوەندییەکی گرژ و ئاڵۆز، توندوتیژ و دڵڕەقانە کۆیان دەکەنەوە، هەندێک جاریش گەمەیەکی بێزەوەری کۆمیدی لەگەڵ یەکتر دەکەن. ئەم گەمەیە، داڵدەیەکی پووچگەرا و بێ مانای دوو کەسە، کە پێکەوە پەیوەستن و ناتوانن لەیەک دوور بکەونەوە، هاوکات ناتوانن پێکەوەیش بژین. ئەم دەقەی بێکێت، ڕەنگدانەوەی چەندین دەقی تری شانۆی جیهانییە: بە شێوەیەک لە شێوەکان لە (کارەکەرەکان)ی ژان ژینییەوە نزیکە و (سەمای مەرگ)ی ستریندبێرگیش ڕووکارێکی تری بەهێزی ئەم گەمە توندوتیژەیە. گەمەیەکی شانۆیی، کە هەموو ڕۆژێک دووبارە دەبێتەوە، بەرجەستەی مێتافۆری ژیانێکی دۆزەخئاسای هاوسەرگیری یان گەمەیەکی شەترەنجئاسایە لەگەڵ مەرگدا. بێکێت خۆی لەم ڕەوشە ڕەشە کۆمیدییەدا، فەیلەسوفی فرەنسی (کانت)مان بیردەخاتەوە و هام سەبارەت بە باوکی دەڵێت: (ئەو دەگری، کەواتە ئەو هەیە). کۆتایی گەمە، درامایەکی چڕە سەبارەت بە مرۆڤ، کە کۆیلەیی بە میرات بۆ بەجێ ماوە.
‌هەندێک لە ڕەخنەگرەکان ئەوەیان دووپات کردۆتەوە، کە کۆتایی گەمە، جۆرێکە لە گەمەی شەترەنج؛ هام کە بەبێ جووڵە لەسەر کورسییەکەی دانیشتووە، پادشای ئەم گەمەیەیە. دوو تەنەکەی خۆڵ و خاشاکەکەیش، کە ناگ و نیلی تێدایە، هاوشێوەی دوو قەڵای ئەمسەر و ئەوسەری گەمەی شەترەنجن. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە، کێ لەم گەمەیەدا دژ بە پادشا، واتە (هام) دەجوڵێتەوە؟ کات تاکە کێشە و ململانێی هامە، کە خەریکە بە تەواوی بەسەر دەچێت و گەمەکە بەرەو سنوورەکانی کۆتایی دەبات. لەم گەمەی شەترنجەدا بواری جووڵانەوە زۆر کەمە، هام بە درێژایی نەمایشەکە، لەسەر کورسییەکەی دانیشتووە و چیرۆکی بێسەروبەر دەگێڕێتەوە، کلۆڤیش، وەک لەوبەر ئاماژەمان بۆ کردووە، هەرگیز دانانیشێت و هەمیشە بە پێوەیە. لەلایەکی ترەوە هام و کلۆڤ درێژکراوەی ڤلادیمیر و ئێستراگۆنن، بێکێت خۆی گوتویەتی هام و کلۆڤ، ڤلادیمیر و ئێستراگۆنن بە پیریی؛ کلۆڤ و ئێستراگۆن، لە (بەدەم چاوەڕوانی گۆدۆوە) و لە (کۆتایی گەمە)دا بە بەردەوامی باسی ئەوە دەکەن، کە پێویستە لە هام و ڤلادیمیر جیاببنەوە، بەبێ ئەوەی یەک هەنگاو لە یەکتری دوور بکەونەوە. لە دوا دیمەنی شانۆنامەی کۆتایی گەمەدا، هەروەک دوا دیمەنی بەدەم چاوەڕوانی گۆدۆوە، کلۆڤ دێتە ژوورەوە و جل و بەرگی گۆڕیوە و جانتای سەفەری بە دەستەوەیە و خۆی بە تەواوی ئامادە کردووە بڕوات و هام بەجێ بهێڵیت، بەڵام لە جێگای خۆی ناجووڵێت و لە ژوورەکەیش ناچێتە دەرەوە.
ئەکتەرەکانی ئەم نەمایشە، ریتمی گەمەکەیان ڕاگرتووە، هەموو پانتاییەکەیان چڕ کردۆتەوە و تەنانەت هەناسە و وچانە کورتەکانیش بە وزەیەکی گەورە پڕ دەکرێنەوە: هام لە ئاستێکی بەرزدا نائومێدییەکی قووڵ پێشان دەدات، جووڵە بێ جووڵەکەی لەسەر عەرەبانەکەی لە هەموو ڕوویەکەوە بەرجەستەی ئەو هەستە قووڵە ناوەکییە نائومێدییەی هام دەکات. دەنگی لەم کەشە پڕ لە ڕاز و نیازەدا، گوزارشت لە کەسێکی بەهێز، بەڵام ڕاڕا، دوودڵ و دۆڕاو، دەکات. دایکی و باوکیشی، کە لە تەنەکەی خۆڵ و خاشاکەکەدا، بەبێ جووڵە دانیشتوون و تەنها هەندێک جار سەریان دەردەکەوێت، سمبۆلێکی بەهێزی پەیوەندییەکانیانە بەو ڕابردووەوە، کە بە تەواوی پچڕاوە.
ژیان لە کۆتایی گەمەدا لە شتێکی پووچگەرا زیاتر هیچ شتێکی تر نییە و لە ژان و ئازار زیاتریش هیچ بەرهەمێکی تری بۆ مرۆڤ و مرۆڤایەتی نییە.


 

Slutspel, kulturhuset, stadsteatern