کاریگەرى شیعرى فارسى لەسەر شیعرى نوێى کوردى (فروغ و سوهراب) وەک نموونە

Loading

لە پاش ڕاپەڕینى بەهارى ساڵى (1991)، خەڵکى کوردستان شەپۆلێکى وەرگیڕانى شیعرى فارسى بەتایبەت بەرهەمی هەردوو شاعیرى دیارى ئیران (فروغى فەروغزاد و سوهراب سپهرى) دەستىپێکرد، بەجۆرێک کە بەچەندین وەرگێڕانى جیاواز تا ئێستاش بە تیراژى زۆر چاپ دەکرێنەوە، ئەمەش ناڕاستەوخۆ و هەندێک جاریش ڕاستەخۆ کاریکردۆتە سەر ئاڕاستەى نوسینى شاعیران (بەتایبەت شاعیرانى گەنج) لە نوسینەکانیاندا، بەجۆرێک لە خوێندنەوەى زۆربەیاندا بە ئاشکرا تاموبۆنى دونیابینى ئەو دوو شاعیرە دەبینرێت، بۆ لێدوان دەربارەى ئەم بابەتە بە پێویستمان زانى ئەم تەوەرە ئەنجام بدەین.

ئەگەر بڕوامان بەوە هەبێت کە شیعرى جوان دەبێت وەک میوە تام بکرێت، ئەوا دەبێت بڕواشمان بە جیاکردنەوەى (هەست و ئیلهام) هەبێت لە مەعریفەى شیعریدا، هەروەک چۆن مەرج نییە هەموو هەستێکى جوان شعربێت، ئاواش مەرج نییە هەموو تێکستێکى شیعرى لە هەناویدا خاوەنى هەستێکى جوانى شاراوەبێت، بۆیە بەبڕواى من ئەوەى زیندوێتى بە هەر تێکستێکى شیعرى کە سەرچاوەکەى (لە دڵەوە بۆ دڵ بێت) دەبەخشێت. ڕاستگۆىی خودى نوسەرەکەیەتى، یەکەم لەگەڵ خۆى و دووەم لەگەڵ خوێنەرەکانى نەک هیچ شتێى تر، لەماوەى ساڵانى ڕابردوشدا لە هەرێمى کوردستان ڕەنگە شیعرنوسین زیاتر بێت لە هەموو ئەو بابەتانەى ترى ئەدەب کە نوسراون، بەتایبەت لاى نوسەرانى تازە پێگەیشتووى گەنج، کە ئەگەر ناهەقى نەبێت زۆرێک لەم نوسراوانە بە ئاشکرا هەست بە شێواز و تامى شیعرى ئەدەبیاتى تر تیایاندا دەکرێت، بەجۆرێک کە زۆرجاران هەست بە لێچوون و ئاوێزان بوون لەگەڵ شیعرى ئەو نەتەوانەى تردا دەکرێت، بەتایبەتیش شیعر و ئەدەبى (فارسى) و لەناو ئەو ئەدەبەشدا بەتایبەتتر هەردوو شاعیرى دیارى فارس (فروغ فەروغزاد) و (سوهراب سپهرى) کە ئەم شاعیرانە نەک تەنها سەپک و شێوازەکانیان نزیکن لە (تقلید) و دووبارەکردنەوەیە، بەڵکوو زۆرجار تەنها هەندێ لە وشەى ناو ڕستەکانیان گۆڕدراون، نەک هەر ئەمەش، بەڵکوو ئەم سەرسامییە بە ئەدەباتى ئەم دوو شاعیرە گەیشتۆتە ئاستێک کە زۆر بە زوویى بەشێکى زۆر لە تێکستەکانیان وەربگێردرێتە سەر زمانى کوردى و وەرگێڕانەکانیشیان بۆ چەندینجار چاپ بکرێنەوە. کە بەبڕواى من هۆگربوون بەو دوو شاعیرەوە، هۆکارەکەى دەگەڕێتەوە بۆ دووخاڵ؛

یەکەم: شیعرى کوردى لە پێش ڕاپەڕین و لە دەیەى هەشتاکاندا بەزۆرى تەنها شیعرى شۆڕش و پیاهەڵدان بووە بە نیشتمان و ئازادیدا و کەمتر پەرژاوەتە سەر ئینسان وەک سەنتەر و وردبوونەوە لە جوانییە جوزئییەکان، کە بە بڕواى من ئەم لایەنە پانتاییەى گەورە لە شیعرى (سوهراب) پێکدێنێت و هۆکارى پەیوەست بوونى زۆرێک لەگەنجانیش بەم شاعیرەوە پەیوەندى بەم خاڵەوە هەیە.

دووەم: ڕۆحى یاخیبوون و نزیکبوونەوە لە مۆدێلى جۆرێک لە نامۆبوون وتەنهاى و عەبەس یەکێکە لە هۆکارە دیارەکان بۆ خوێندنەوەى شیعرى (فروغ) و سەرسام بوون پێى، کە ئەمەش بەتایبەت لە شیعرى خانمانى ئێمەدا بە ڕوونى ڕەنگیداوەتەوە. ئەویش بە هۆکارى نەبوونى ئازادى و ئەو هەموو کەبتە زۆرەى کە دونیاى گەنجانى ئێمەى داپۆشیوە، بۆیە یاخیبوون لە (نەریت و خێزان و کۆمەڵگا) کە یەکێکن لە تێماکانى شیعر لاى (فروغ) دەبنە قسەى گەرم و دڵخوازى گەنجان و نوسەرانى شیعرى نوێى ئێمە و هۆکارن بۆ هەوڵدان لە دوبارەکردنەوەیان.

بەدڵنیاییەوە تەنها ئەم هۆکارانەش نین و ڕەنگە چەندان هۆکارى تریش هەبن کە وایانکردووە شیعرى (فارسى) بەو قووڵییە کار لە شیعرى نوێى ئێمە بکات، هەر لەم سۆنگەیەشەوە و بەمەبەستى دروستکردنى دیالۆک و وەرگرتنى بۆچوونى جیاواز دەربارەى ئەم پرسە بە پێویستمزانى ئەم تەوەرە بوروژێنم و بەهیواشم هیچ کەس و شیعرنوسێکى ئەزیز زویرنەبێت و خوێنەوەى جیاوازى بۆنەکرێت، چونکە نە مەبەستمان ناو و ئەزموونى کەسە و نە لێدانە لە کەس تەنها ئامانج لە تەوەرە کە گفتوگۆکردنە دەربارەى ناوەرۆکى ئەم بابەتە و بەهیوام لە ئایندەدا ئەم پرسە گفتوگۆى زیاتر بەدواى خۆیدا بهێنێت.

ئازاد بەرزنجی

azad-barznji0
ئازاد بەرزنجی

ئەم کاریگەریانە هەم لایەنی ئەرێنیی هەبووە و هەم نەرێنی، بەڵام لە هەموو حاڵەتێکدا کاریگەرییە ئەرینییەکانی زیاتر بوون.
کاریگەریی ئەدەبیاتی میللەتانی دونیا و کارلێکی کەلتوورەکان هەر لە کۆنەوە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر بووە و هیچ کولتورێک نییە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا خاڵی بێت لە کاریگەریی کەلتوورەکانی تر، ئیتر چ زۆر یان کەم. هەر لەم ڕوانگەیەشەوە، ئەدەبیاتی فارسی یەکێکە لەو ئەدەبیاتانەی کە لە ڕۆژگارێکی زووەوە کاریگەریی لەسەر کولتوری میللەتەکانی تری جیهان هەبووە و ئەمەش دیاردەیەکی تەواو سروشتییە. هەر بۆ نموونە گەر چاوێک بە ئەدەبیاتی عەرەبی و تورکی و هیندی و تەنانەت ئەوروپی و ئەمەریکیشدا بخشێنین، ڕەنگدانەوەی دونیابینیی گەلێ لە شاعیرانی وەکوو مەولانا و خەییام و حافز و سەعدی و فەریدەدین عەتتار و نیزامی و هتد … دەبینینەوە. هەڵبەت ئەم کارلێک و کاریگەرییە تا ئێستاش ئاسەواری بەردەوامە و ئەمەش گەر دەلالەت لە شتێک بکات، ئەوا دەلالەت لە زیندوویی و ڕەسەنایەتیی ئەدەب و بەتایبەتیش شیعری فارسی دەکات.
سەبارەت بە کاریگەرییەکانی شیعری فارسی لەسەر شیعری کوردی و بەتایبەتیش لەدوای ڕاپەڕینەوە، ئەوا دەبێ بەر لە هەموو شتێک ئەوە بڵێین کە ئەم کاریگەرییە هەم لایەنی ئەرێنیی هەبووە و هەم نەرێنی، بەڵام لە هەموو حاڵەتێکدا کاریگەرییە ئەرینییەکانی زیاتر بوون.
بێگومان هەموو دەزانین کە پێش ڕاپەڕین بوارێکی ئەوتۆ نەبوو بۆ وەرگێڕانی ئەدەبیاتی فارسی و ئەو کارانەی لە فارسییەوە کراون بە کوردی زۆر کەم بوون، هۆکەشی بۆ ئەوە دەگەڕایەوە کە دەسەڵاتی فەرمانڕەوای ڕژێمی ئەو ڕۆژگارە، هەر بایەخدانێک بە ئەدەبی فارسییان بە بایەخدان بە کولتوری دوژمن دەزانی. بەڵام لە دوای ڕاپەڕینەوە بوارێکی باش ڕەخسا بۆ بایەخدان بە کەلتووری بیانی و بەتایبەتیش فارسی، چونکە هەم نزیکترین بیانی بوون بە ئێمە و هەم زمانی فارسی و زمانی کوردی بە ڕەچەڵەک دەچنەوە سەر یەک خێزانی زمانەوانی، بۆیە نزیکایەتییەکی زۆر لەنێوانیاندا هەیە و ئەمەش پتر هانی ئەدیبان دەدات بۆ وەرگێڕان لە فارسییەوە، گەرچی لەسرێکی تریشەوە، بەهۆی کۆمەڵێک وەرگێڕ و وەرگێرانی خراپەوە، بووەتە مایەی وێرانی لە کتێبخانەی کوردیدا. بەهەرحاڵ، وەرگێڕانی شیعری فارسی لەدوای راپەڕینەوە بۆ سەر زمانی کوردی و بەتایبەتیش شیعرەکانی فروغی فەروغزاد و سوهراب سپهری، کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر شاعیرە لاوەکان هەبووە و لە زۆربەی شیعرەکانیاندا فەزا و زمان و ڕوانینی ئەوان دەبینینەوە.من بۆ خۆم هۆکاری ئەم کاریگەرییە و شێوەی ڕەنگدانەوەکە بەمجۆرە دەبینم: پێشتر و لە هەشتاکان و سەرەتای نەوەدەکاندا، گوتاری شیعریی کوردی خۆی لە بەرەنگاری و حەماسی شۆڕشگێڕانە و نیشتمان و یاخیبوونی دەستەجەمعی و مەسەلەیەکدا دەبینییەوە، کە هەر شاعیرە و بە شێوەیەک گوزارشتی لێ دەکرد. بەڵام لە دوای هاتنەناوەوەی ئەو شیعرانەی سوهراب و فروغ (کە من خۆم بەشێکی زۆریانم لێ وەرگێڕاون)، جۆرێک لە گەڕانەوە بۆ خود و بۆ یاخیبوونی فەردی و ڕامان و سروشت بەڵام بە دیدێکی ترەوە، لای ئەو شاعیرانە سەریهەڵدا. چییتر شۆڕش و موقاوەمەت و شیعری بۆنە ئەو سیحر و ئەفسوونەی نەما و لەبری ئەوە گەڕانێک دەستی پێ کرد بەدوای زمانێکی شیعریی وادا کە گوزارشت لە وێرانبوونەکانی دوای شۆڕش و نائومێدی و لەبارچوونی خەونەکان و نامۆبوونی نەوەی دوای شەڕی ناوخۆ و تێکشکانەکان بکات.
سەبارەت بە کاریگەرییەکانی فروغ، من پێم وایە زیاتر لە شیعری خانمە شاعیرەکانی دوای راپەڕیندا دەیبینینەوە و ئەم کاریگەرییەش خۆی لە یاخیبوون دژ بە پەتریارکییەت و دەربڕینی حەز وخۆزگە و غەمی ژنانە و جۆرێک لە پڕکێشی لە زماندا دەیبینین. سەبارەت بە سوهرابیش، دەرچوون لە ئایدیۆلۆجیا و گەڕانەوە بۆ ساتە پاکیزەکان و بۆ عاڵەتە ڕۆحییەکان. لەڕاستیدا قسەکردن لەسەر ئەو کاریگەرییان خۆی لە خۆیدا پێویەتی بە باس و لێکۆڵینەوەی درێژ و سەربەخۆیە و ئەوەی وتمان بەتەنها ئاماژەیەک و هیچی تر.

ڕێبوار سیوەیلى

rebwarsiwaily0
ڕێبوار سیوەیلی

پێگەی شاعێرێتی لە کولتوری ئێرانیدا پێگەیەکی بەرزە و ئەمەش دەبووە هاندەر کە گەنجانی نوسەر و شاعیری ئەمدیو، خەون بەوەوە ببینن وەک ئەوانیان لێبێت. دەیەی هەشتاکان دەیەی سەرەتاکانی جوڵەی کورد بوو لە شارەوە بۆ وڵاتانی دراوسێ، بە تایبەتی بۆ ئێران. نەوەیەک لە ئەنجامی هەڵاتن لە شەڕەوە، کەوتنە داوی شیعری فارسییەوە، کە داوێکی خۆش و بەسوود بوو. ئەم نەوەیە سیاسەتیان نەدەکرد و لە ڕێگەی خوودانە ئەدەبیی کلاسیک و هاوچەرخی فارسییەوە، جیهانێکی نوێیان دۆزییەوە. هەڵبەت پێشتریش کەسانێکی وەک مامۆستا عەبدووڵا تاهیر بەرزنجی لە سلێمانی و مامۆستا گوشاد حەمەسەعید لە هەولێر هەبوون، کە جاروبار ئەدەبیاتی فارسییان دەکردە کوردی، بەڵام بە بەردەوامیی جەنگی نێوان عێراق و ئێران، نەوەیەک ئاوارەی ئێران بوون و ئەوانەش کەوتنە ژێر کاریگەریی شاعیرانی جۆربەجۆری فارسی نوسەوە. لەناو ئەو شاعیرانەدا، نیما، شاملو، فەروغزاد، سپێهری و گەلێکیتر. لەگەڵ سەرەتای شۆڕشی گەلانیی ئێرانیشدا کە ئەنجامەکەی کەوتە باوەشی کۆماریی ئیسلامییەوە، بزووتنەوەیەکی چاپەنی لە ئارادابوو، کە بەردەوام بەرهەمی ئەم شاعیرانەی چاپ و بڵاو دەکردەوە. لەوەش زیاتر، بزووتنەوەیەکی ڕاڤە و خوێندنەوەی ڕەخنەگرانە، لەسەر دەستی دکتۆر محمدرچا شەفیعی کدکنی، د. ڕەزا براهنی و محمدی حقوقی و محمد علی سپانلوو و چەندانیتر لە ئارادابوو، کە جەختیان لەسەر پۆلێنکردنی شاعیران و بابەتی شیعرییان دەکردەوە. ئەمە جگە لە گرنگیی و کاریگەریی گۆڤارەکانی وەک ئادینە و کلک و چەندانیتر، کە بەردەوام ڕەواجیان بە شیعر دادەیەوە. ئەو کوردانەی چوونە ئێران، لە هەمان کاتدا خۆیان لەبەردەم چەندین کەناڵدا بینینەوە کە هەموویان دەیانبردنەوە سەر شیعر و ئەدەبیات … ئەمە جگە لەو جمووجووڵ و چالاکیانەش کە ڕۆشنبیرانی کوردی شارەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان ئەنجامیان دەدان و ئەمەش دەبووە هاندەر بۆ ئەوەی نووسەرانی کوردی ئەمدیو، زوو خۆیان فێری زمانی فارسی بکەن و لێی سوودمەند بن …
شیعری فارسی لە دوای (نیمایۆشیج)ەوە، بە تێپەڕین بە شاملوو، ئەخەوان سالس و فەروغزاد و سپێهری و ئەوانیتر، چ وەک بابەت و چ وەک فۆرم بۆ کوردەکان تازەبوو. هەڵبەت پێشئەوەی کوردی باشوور بە دەقی شیعریی فارسیی ئاشنا بێت، ئاشنای گۆرانی و مۆزیکی فارسی بوو. زۆر پێشئەوەی شیعری فارسی وەربگێڕدرێت، داریووش و سەتار و گووگووش، حمیرا، هایدە، مەهەستی و ئیرەج و هەندێکیتر، چوارچێوەی زەوقی باشووریان بەلای موزیک و شیعری فارسیدا کێش کردبوو، بەتایبەتیش کە بەشێکی شیعری ئەم دەنگبێژانەیان دەگوتەوە. ئەوەش پەنجەرەیەکی نوێ بوو بۆ ئەوەی لێوەی بڕوانیتە ئەودیو زیندانە گەورەکەی بەعس لە شیعری هاوچەرخی فارسیدا، شتگەلێکی جوان هەبوو کەسەرنجیان ڕادەکێشا. یەکەم هەر یەکە لە شاعیرانی بەناو، خاوەنی ستایل و شێوازی شیعریی خۆیان بوون. سیما و سەرووکەللەی شاعیرە فارسەکانیش سەرنجڕاکێش بوو، خودی پێگەی شاعێرێتی لە کولتووری ئێرانیدا پێگەیەکی بەرزە و ئەمەش دەبووە هاندەر کە گەنجانی نوسەر و شاعیری ئەمدیو، خەون بەوەوە ببینن وەک ئەوانیان لێبێت. ئەمەش شتێکی ئاساییە. زمانی شیعری شاعیرە هاوچەرخەکانی ئێران، جگە لە ئەحمەدی شاملوو، جگە لە یەدوڵای ڕوئیایی و کەمێکیش نیما خۆی، زمانێکی ئاسان و شیاوی ئاسان تێگەیشتنە. فەروغزاد، سپێهری زمانێکی خۆشیان هەیە، سادە لە دەربڕین و دەوڵەمەند لە میتافۆر و وێنەدا. ئەمە جگە لەوەی بابەتی شیعری فروغ بۆ ئێمە جیهانێکی نوێی زۆر تازە بوو. لە فەرووغەوە تێگەیشتین کە دەنگی ژن لە شیعردا هەمان شیعر نیە کە پیاو بۆ ژنی دەنووسێت. لەوێدا ژنێک لە خۆی دەدوێ وەکئەوەی کە هەیە. ئیرادەیەک بۆ بەردەوامی و هەستێک لە شکستدا بەرجەستە دەکات. هەندێ پۆتانشێڵ، یان توانایی لە تاکەکەسدا بە خۆی ئاشنا دەکاتەوە، کە ویستی نوێ و جیهانبینی نوێی بۆ دەهێننە پێش. ئەمەش ئەو شتەیە کە ڕەخنەی ئەدەبیی پێیدەڵێت: چوونە جیهانێکی دیکەوە. ئەمەش ئەو شتەیە کە خوێنەر و شاعیران بەدوایدا دەگەڕێن. بە هەمان شێوە سوهراب نوێ بوو، چ لە زماندا و چ لە وێنەسازیی و چ لە جیهانبینیدا. سوهراب وێنەیەکی ئێستاتیکیانەی عیرفان و گەردوونگەرایی لە شیعردا بەرجەستە دەکات، کە پتر ئینسانیە تا ئێرانی و فارسیانە. خوێندنەوەی شیعری سوهراب ڕەژووێک لە ناخی مرۆڤدا دەگەشێنێتەوە کە هەمیشە هەیە. ستایلێک لە ژیان و بیرکردنەوە لە دەرەوەی توندوتیژیی و ڕق. بە شیعریکردنی توێکڵی هەنار و جلشتنی ڕەعنا و خۆشاردنەوەی خودا لەو دیو درەختەکانەوە … سادەیی و شەففافییەت بەشێکی گرنگی شیعری سپێهرییە، ئەمەش لە واقیعێکدا کە ئاڵۆزیی و تاریکی باڵادەستە، گرنگیی خۆی بۆ ڕۆحیی مرۆڤ هەیە. ئەم شاعیرانە پردێک بوون شاعیرە کوردەکانیان پەڕاندەوە بۆ ئەو دیو بیرکردنەوە تەقلیدیەکان لە شیعر و زمان. ئاسۆی خەیاڵ و چنینی زمانی شیعریی ئێمەیان گۆڕی. سۆژەی ئەزموونکەر لە واقیعی کوردیدا چیتر نەیدەتوانی بە زمانی باوی شیعری کوردی، خۆی دەربڕێت، بۆیە ئەم ستایلە لە شیعری فارسی وەک فەریادڕەسێک هەندێ کەسی لە دووبارەکردنەوە ڕزگار کرد، هەندێکیانی وەک لاساییکەرەوە و چەندێکیشی وەک ڕاگوێزەرەوەیەکی ناشیی بە ئێمە ناساند. بەڵام بەشێوەیەکی گشتی، تێڕوانینی من بۆ ئەم کاریگەربوونە بە شیعری فارسی، خراپ نییە. کاریگەریی بەشێکە لە سرووشتی شیعرنوسی و شاعیرانە بیرکردنەوە. شیعرە گەورەکان شیعرگەلێکن نموونە بەرزەکانی شیعرمان بیردەخەنەوە. لەگەڵ ئەوەشدا نموونەی نائومێدکەر لە کاریگەریی و لاساییکردنەوەمان زۆرە. کۆمەڵگای کوردیش کۆمەڵگایەکی بێ کاراکتەر و تایبەتمەندییە، بۆیە شوێنکەوتەیی، لاساییکردنەوە، خۆبەئەویترزانین، مۆدەبازیی و فیزلێدان شتێکی ئاساییە تیایدا. مرۆڤ کە بۆخۆی کاراکتەر و شوناسی تایبەتی خۆی نەبوو، شوناسی ئەوانیتر دەکاتە بەری خۆی بۆ ئەوەی سوودمەند بێت لەو پرستیژ و پیاهەڵدانەی لەناو کۆمەڵگا، یان دەستە و تاقمێکدا بە نسیبی دەبێت و لە ڕێگەیەوە پێگەیەک بۆخۆی بەدەستدەهێنێت. ئەمە بۆ شاعیرانیش هەر ڕاستە.

مەریوان هەڵەبجەیى

marewanhalabjaee
مەریوان هەڵەبجەیی

کاتێک گۆتە کاریگەر لە حافز وەرگرێت و بۆرخیس لە خەیام، بۆ کورد لە ئەدەبى فارسى کەلەپەنایداو لە ڕوی کولتورییەوە زۆر نزیک تر و کاریگەر ترە سوودى لێوەر نەگرێت.
پێش هەمووشتێک دەبێت ئەوە بڵێم زۆر سروشتی یە شاعیران شیعری وڵاتانی تربخوێننەوە و بکەونە ژێر کاریگەریییانەوە و ئەمە نیشانەی زیرەکی وردی شاعیرانی کوردە و هیچ شاعیر یان نوسەرێکی سەرکەوتونییە بتوانێ لە جوغزی داخرای خۆیدا بمێنێتەوەو سەرکەوتوبیت. بەتایبەت شیعرفارسی کە لە دنیادا ناسراوە و کاریگەری گەورەی خۆی داناوە بە هی ئاستی باڵاو لایەنی هونەری بەگشتی و بەتایبەت دونیابینی قووڵ و ئینسانیی یانەوە، پێمەوە نەک هەر نەوەی نەوە دەکان بگرە نەوەی دوای دوو هەزار و ژمارەیەک لەو گەنجانەی ئێستا دەنوسن جگە لە فروغ و سوهراب کاریگەری شەمس لەنگرودی و گەروس عەبدول مەلکیان و رەسول یۆنان و شاعیرانی نەوەی نوێێ ئێرانیان لەسەرە.ئەمەش یارمەتیدەرێکی باشە بۆ گەش و کاژفڕێدانی فەزای شیعری ئێمەو دروستبوونی جیاوازی گۆرانکاری و بە دڵنیاییەوە لە ئایندە دا زیاتر و جۆراو جۆرتر جیوازتر رەنگدانەوەی ئەم کاریگەرییانە دەبینین، دەبێت ئەوەش بڵێم لە هەموو کەسەکان نییە و ئەوەشی کە هەیە بە یەک ئاست و وەک یەک نییە و ئاستە کان جیاوازە، کاتێک گۆتە کاریگەر لە حافز وەرگرێت و بۆرخیس لە خەیام، بۆ کورد لە ئەدەبى فارسى لەپەنایدا و لە ڕووی کولتورییەوە زۆر نزیک ترو کاریگەر ترە سوودى لێوەرنەگرێت.

ساڵح سووزەنی

چی گوتنی سوهراب و زمانی گفتی فروغ ئێستە بەشێکی حاشاهەڵنەگری ئەدەبی کوردین بە تایبەت لە رۆژهەڵاتی کوردستان، دوای دەنگە مەزنەکانی شیعری کوردی لە باشوور هەست بە بۆشاییەک بۆ بەرەو پێش چوون و گەشە نوێگەری دەکرا. هەر بۆیە ئاساییە ئەگەر پەل بکێشی بۆ زمانێکی دیکە و هەوڵ بدەی رەوتە نوێیەکانی ئەو زمانانە بقۆزیتەوە. فارسی و عەرەبی و تورکی نیزیک ترین و زۆرترین ئاڵ و گۆڕیان لە گەڵ زمانی کوردی هەیە، ئاساییە کە سەرەتا گەنجان بەرەو لای خۆیان ڕابکێشن بە هۆی تێکەڵاوی زمانی فارسی و کوردی. شیعری فارسی زۆر ترین بەردەنگی بە رێژەی زمانەکانی دیکە لە ناو کوردا هەیە و یەکەم ئەگەری کاریگەرییە لەسەر شێعری کوردی دوای راپەڕین زمانی عەرەبی لای گەنجان ئیتر بڕەوی نەما کەوایە ئاساییە ئەگەر لەم پێوەندییە دا دەقی شاعیرانێک زێدەتر تەشەنەدەکا کە زمانێ ساکارتریان، بە رێژەی شاعیرانی دیکە، هەیە و خێراتر دێتەفام کرن … لە شێعری فارسیدا دەقی سوهراب و فروغ زیدەتر کەڵک لە زمانی رۆژانە وەر دەگرن و لەو شاعیرانەن کە زۆرترین کاریان لەسەر شێعری “گفت” کردوە/گفتار/ و هەر بۆیە لە خوێندنەوە و وەرگێڕان دا خۆش فام و خۆش دەست ترن … تایبەتمەندی وەرگێرانیش بە تایبەت بۆ شیعر هەڵبژاردنی دەقی ئەو شاعیرانەیە کە زمانێکی ئالۆز و پڕ کارکردیی زمانییان نییە …

swzanyi0
ساڵح سووزەنی

بۆیە کەس ناچێ شێعری بەراهەنی یان باباچاهی و فەلاح وەرگێڕێ بۆ زمانی کوردی … کە وایە باشترین دەق بۆ زووتێگەیشتن و خێرا وەرگێران دەقی کەسانێکی وەک سوهراب و فروغ و سەی عەلی ساڵحی و شەمس لەنگروودی یە کە بە زمانی ئاسایی روژانە دەنوسن. شاعیرانی گەنج لەودیو زێدەتر لە ژێر کاریگەری “چی گوتن”ی شێرکۆیی و پەشێوی و هەڵمەتی ..دان تا “چۆن گوتنی مەسیفی و سەڕاچ و … بە گشتی فورمالیستەکانی هەولێر … هەر بۆیە دێنە ژێر کاریگەری ئەو شاعیراەی کە لە شێێعر دا “چی گوتن”یان لا گرینگە و ژنانەیی گوتنی فروغ و عرفانی گوتنی سوهراب سپێهریش دیارە نموونەیەکی باشە بۆ وەی وە دووی ئەوان کەون و ساکار بێژی ئەوان لە بەرانبەر چۆن بێژی “ناو زمانی” شاعیرانی دیکەی فارس دا هەڵبژیرن. لەکۆتایی دا ئەمەوێ وەک رەخنەیەک، ئەمە ئاراستە بکەم کە؛ شیعری سەردەم بەدوای چی گوتنەوە ناڕوا و بەدوای هاتنە ئارای خوێندنەوە نوێکانی سەردەم زمان ناسی … نیشانە ناسی … دیاردەناسی و هێرمنۆتیکی نوێ … فورمالیسم و پێکهاتەخوازی و دواتر پێکهاتە هەڵوەشێنی و پاش مودێرن خوازیی … زێدەتر بە لای “کارکرد و گەمەی زمانی … ئایرونی … پارۆدی. چەند دەنگی بوون و تیکەوتن لە گەڵ دیکتاتۆریەتی زمان دا دەڕوا. تا چی گوتنی سوهراب و زمانی گفتی فروغ. نوێتر خوازیی ئێستە بەشێکی حاشاهەڵنەگری ئەدەبی کوردی بە تایبەت لە رۆژهەڵاتی کوردستانە و بە ئاشکرا رەوتێکی روولە گەشەیە بە پێی ئەو فورم و تێکنێکانەی لە سەرەوە ئاماژەی پێکرا و دەیان کتێب و وتار و وتویژ و چەندین سمیناری باشی بەرێوە بردوە و جێی خۆیەتی شاعیرانی گەنجی باشووریش لەو رەوتەوە لە ئەدەبی کوردی بڕوانن نەوەک زمانی عیرفانیی پەنجا ساڵ لەمەوبەری سوهراب و چی گوتنی ژنانەیی فروغ. چیمان پێ خۆشە لەسەر عیرفان و ژنانەیی دەتوانین بە وتاریش ئاراستەی بکەین، بەلام زمانی شیعر زمانی فورم و تەکنیک و ئانارشیزمی نوێخوازانەیە نە لاسایی کردنەوە.

ئامادەکاری تەوەر: شاخەوان سدیق

ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.

ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.