ژنان یه‌كه‌مین بێگانه‌كان بوون له مێژووی خۆرئاوادا
ـ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ژولیا كرستیڤاـ
سازكردنی: جۆناتان ره‌ی
له‌م گفتۆگۆیه‌ی خواره‌وه‌دا كه فه‌یله‌سوفی به‌ریتانی (جۆناتان ره‌ی) له‌گه‌ڵ بیریار (ژولیا كرستیڤا) دا سازیكردوه، شیكاركردن بۆ به‌شێكی زۆر له بارودۆخه‌كانی جیهانی هاوچه‌رخ ده‌بینین. كرستیڤا به‌شێوه‌یه‌كی زۆر بێشكهوتوانه مشت‌ومڕ له‌باره‌ی مه‌سه‌له‌كانی وه‌ك كۆچ له جیهانی سێیه‌مه‌وه به‌ره‌و خۆرئاوا ده‌كات، ئه‌و داواده‌كات به‌شێوه‌یه‌كی دیموكراتی و دادپه‌روه‌رانه سامان له جیهاندا دابه‌شبكرێت تاوه‌كو هه‌رچی جیاوازیه ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه بنهبڕبكرێن. شانبه‌شانی ئه‌وه‌یش، تیشك ده‌خاته سه‌ر تیۆره‌كانی فێمینیزم و سیمۆلۆژیا (نیشانه‌ناسی) و ده‌روونشیكاری.
ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌یش ده‌قی گفتوگۆكه‌یه كه تاڕاده‌یه‌كی زۆر بارگاویه به ئایدیای زۆر سه‌رنجڕاكێش وه‌ك هه‌وێنێك بۆ گفتوگۆیه‌كی پڕ له ئارگیومێنت:
جۆناتان: له زۆربه‌ی كاره‌كانتدا شتێك هه‌یه كه بۆنی ئانارشیزمی لێدێت، چونكه وه‌ك ده‌بینین به‌ره‌نگاری ته‌واوی شێوه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی ده‌زگایی ده‌بیته‌وه له‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێستاماندا، مه‌به‌ستم له (ده‌وڵه‌ت ـ نه‌ته‌وه) یان (نه‌ته‌وه ـ ده‌وڵه‌ت) ه. دوای ئه‌و ڕاستیه ده‌مه‌وێت بپرسم: ئایا به‌ڕای تۆ ده‌بێت تا چه‌ند باوه‌ڕ/ متمانه به ئایدیای ((مافه‌كانی مرۆڤ)) بكه‌ین؟
كرستیڤا: من ته‌واو هۆگر و په‌یوه‌ستی ئایدیای (ئانارشیزم) م، ئه‌وه بیرۆكه‌یه‌كه كه له كتێبهكانمدا ده‌رباره‌ی شیعر گفتوگۆم له‌باره‌یانه‌وه كردوه و بۆ من چه‌شنێكه له یاخیبوون له چه‌وسانه‌وه، به‌ڵام دژی ده‌سه‌ڵات یان یاسا نیه. من هه‌رگیز نه‌متوانیوه به‌بێ بوونی هه‌ندێك په‌یوه‌ندی به یاساوه، فانتازیای ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و تاكه‌كه‌سی بكه‌م.
لای من مه‌سه‌له‌كه په‌یوه‌ندی به ڕه‌تكردنه‌وه‌ی یاساوه نیه، هێنده‌ی په‌یوه‌ستی گرێدانیهتی به تێگه‌یشتنی به‌رفراوانی ئێمه‌وه بۆ ئه‌زموونی مرۆڤایه‌تی، واته به‌ستنه‌وه‌ی به‌و شتانه‌وه كه زانسته مرۆییه‌كان و مێژوو له باره‌یه‌وه پێمانی ده‌ڵێن، هه‌موو ئه‌وه‌یش له پێناوی ئه‌وه‌ی كه وا بكه‌ین یاسا زیاتر ڕوون و به‌رجه‌سته و كه‌متر ئه‌بستراكت بێت.
با ڕوونتر بدوێم: من خۆم له وڵاتێكی كۆمۆنیست (بولگاریا) له‌دایكبووم كه نه یاسا بوونی هه‌بوو، نه مافه‌كانی مرۆڤ، هه‌ربۆیه هه‌رگیز نه‌موتوه كه پێویسته خه‌بات بۆ ئازادی ده‌ستبه‌رداری مافه‌كانی مرۆڤ ببێت، به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه بۆ من زۆر پێویست بوو كه یاسا هاوتای مافه‌كانی مرۆڤ بێت و له‌گه‌ڵیدا بگونجێت. من هه‌رگیز مافه‌كانی مرۆڤ به هێزی ده‌وڵه‌تێكی چه‌وسێنه‌ر به‌راورد ناكه‌م، چونكه یاسا و مافه‌كانی مرۆڤ ته‌واو ناكۆكن به‌و چه‌شنه ده‌وڵه‌ته.
جۆناتان: له‌و كتێبه‌تدا كه به‌م دواییانه ده‌رباره‌ی (بێگانه‌كان) به ناونیشانی (بێگانه‌كان به خۆمان) بڵاوبۆوه، تۆ باس له نه‌ته‌وه‌یه‌ك ده‌كه‌یت كه پێویستی به كه‌سانی بێگانه هه‌یه، چونكه هه‌میشه ده‌یه‌وێت بێگانه‌كان له ده‌ره‌وی خۆی بهێڵێته‌وه. ئه‌وه‌نده‌ی من له بیرۆكه‌كه‌ت سه‌باره‌ت به بێگانه‌كان تێگه‌یشتبم تۆ ده‌ته‌وێت بڵێیت: پێویسته د‌رك به‌وه بكه‌ین كه هه‌ر یه‌ك له ئێمه له‌ناو خۆیدا بێگانهیهكه بۆ خۆی. دروسته؟
كرستیڤا: ئه‌و كتێبه چه‌ند لایه‌نێكی هه‌یه. له ئێستادا ئه‌وروپا فشارێكی زۆری هاتنی بێگانه‌ی له‌سه‌ره. بۆ نمونه فه‌ره‌نسا بڕێكی زۆر په‌نابه‌ر و بێگانه‌ی له‌خۆگرتوه، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی له وڵاتانی باكوری ئه‌فریقاوه هاتوون. به‌ڵام به‌ریتانیا په‌نابه‌ری وڵاتانی تری تێدایه. ئه‌وروپا هه‌ستده‌كات له لایه‌ن ئه‌و وڵاتانه‌وه هه‌ڕه‌شه‌ی لێ ده‌كرێت به‌وه‌ی كه به‌رده‌وام په‌نابه‌ری ئه‌وانی بۆ دێت، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه كێشه‌یه‌ك هه‌یه كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌وروپی وروژاندویه‌تی و ئه‌ندامانی میلله‌ته‌كه‌ی وا لێكردوه بكه‌ونه كێبڕكێیهكهوه كه به‌لای زۆربه‌یانه‌وه ئیدی قبوڵ نیه و به‌رگه‌ی ناگرن. بۆ نمونه ئینگلیزه‌كان به‌رگه‌ی ئه‌وه ناگرن كێبڕكێ له‌گه‌ڵ فه‌ره‌نسیه‌كان یان ئه‌ڵمانه‌كان بكه‌ن، به‌ڵام فه‌ره‌نسیه‌كان خۆیان تۆقیون له ئاستی كێبڕكێی ئه‌ڵمانه‌كان بۆیان. ئه‌مێستا با باسی ڕه‌هه‌ندێكی تری ئه‌م كێشه‌یه بكه‌م: مه‌به‌ستم له ئه‌وروپای خۆرهه‌ڵاته. دۆخی ژیان و گوزه‌ران و ئابووری له‌و وڵاتانه تا ئاستێكی زۆر توند و دڵڕه‌قانه مه‌ترسیداره، هه‌ر بۆیه ئه‌و خه‌ڵكانه به‌ناچاری په‌نا بۆ ئێمه ده‌هێنن و فشارمان له‌سه‌ر دروستده‌كه‌ن. من هیچ دڵنیا نیم له‌وه‌ی كه خه‌ڵكی له خۆرئاوا د‌رك به‌و دژوارییانه ده‌كه‌ن كه ئێمه ڕوبه‌ڕویان بووینه‌ته‌وه، ئه‌وه‌یان شتێكه كه زیاتر سیاسیه‌كان باسی ده‌كه‌ن. به‌ڵام كه‌سی ئاسایی له فه‌ره‌نسا یان به‌ریتانیا تا ئه‌و ئه‌ندازه‌یه هۆشیار نیه به‌م مه‌سه‌لانه.
جۆناتان: كه‌واته له‌م رۆژگاره‌ی ئێستاماندا (بێگانه) چه‌ندین لایه‌نی هه‌یه كه ده‌بێته هۆی خوڵقاندنی ئه‌و كێشه سیاسیانه. دیاره ده‌كرێت ئه‌و كێشانه له لایه‌ن سیاسیه‌كان، ئابووریناسه‌كان، پارێزه‌ره‌كان، هه‌روه‌ها له ڕێی یاسادانان و كه‌مكردنه‌وه‌ی بێكاری و … هتده‌وه، چاره‌سه‌ربكرێن.
كرستیڤا: تا ڕاده‌یه‌ك مه‌سه‌له‌كه په‌یوه‌ندی به قبوڵكردنی (بێگانه) وه هه‌یه له وڵاتهكانماندا، به‌ڵام به‌ر له هه‌ر شتێك مه‌سه‌له‌ی هاوكاریكردنیشیانه، ئێمه ده‌بێت هاوكاریان بكه‌ین، به‌تایبه‌تی له‌ناو وڵاته‌كانی خۆیاندا، چونكه ئه‌وروپا ناتوانێت ته‌حه‌مولی ئه‌و هه‌موو خه‌ڵكه بكات. ئه‌وروپایش سنورێكی خۆی هه‌یه بۆ وه‌رگرتن و جێكردنه‌وه‌ی بێگانه و په‌نابه‌ر. هه‌ر بۆیه من پێم وایه ده‌بێت بڕێك له سه‌روه‌ت و سامانی خۆمانیان پێ ببه‌خشین تا بتوانن به شێوه‌یه‌كی باشتر بژین. به‌ڵام چ ئه‌وه‌ی كه له ئه‌وروپا فه‌رموویان لێبكه‌ین یان ئه‌وه‌ی له ناو وڵاته‌كانی خۆیاندا كۆمه‌كیان بكه‌ین، هیچ كام له‌مانه ناكاته ئه‌وه‌ی كه مه‌سه‌له‌ی (بێگانه) فه‌رامۆش بكه‌ین.
من حه‌زده‌كه‌م ئه‌م دۆخی پێویستی ڕوبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌ی بێگانه‌یه وه‌ك جۆرێك له تێڕامانی تاكه‌كه‌سی پێناسه بكه‌م، واته له ڕێی ئاین و ده‌روونشیكارییه‌وه، یان زۆر به‌ساده‌یی پێت بڵێم، له ڕێگه‌ی كاركردنه‌وه له‌سه‌ر خودی خۆمان. مه‌به‌ستم له‌وه‌یه بپرسیت: بۆچی ئه‌وه‌نده به بوونی بێگانه‌كان په‌ست و نیگه‌ران ده‌بم؟ ڕه‌نگه هی ئه‌وه بێت كه شتێكی سه‌یر و نامۆ له ناو خۆمدا هه‌یه، یان كێشه‌یه‌ك هه‌یه له ناو مندا و چاره‌سه‌رنه‌كراوه، یان شتێك هه‌یه له‌ودا كه ئاماژه‌یه بۆ نه‌بوونی دانایی ئه‌و و هه‌ر ئه‌وه‌یش ده‌بێته مایه‌ی خه‌م بۆ من. هه‌ر بۆیه له جیاتی ئه‌وه‌ی هه‌ستم ئه‌و كێشانه له ناو خۆمدا چاره‌سه‌ر بكه‌م، نه‌خێر دهیریدههاوێژمه ناو ئه‌وه‌وه (ئه‌وی بێگانه) وه‌ك قۆچێكی قوربانی، هه‌روه‌ها وه‌ك به‌ڵگه‌یه‌كی زۆر ئاشكرا بۆ كێشه‌كانی خۆمان، خۆمان وه‌ك ئێمه‌ی ئینگلیز و ئه‌ڵمان و فه‌ره‌نسی.
ئه‌م چه‌شنه خودشیكارییه مایكرۆسكۆپئاسایه كه له ڕاستیدا مانای ده‌سته‌به‌ركردنی ئاشتی له‌گه‌ڵ ئه‌هریمه‌نه‌كانی ناوه‌وه‌ی خۆمان و دۆزه‌خه ناوهكیهكانماندا، ئا ئه‌و خودشیكاركردنه ده‌شێت ببێته ڕێگر له‌وه‌ی كه ئیدی هه‌موو تاوان و لۆمه و گوناهه‌كان نه‌خه‌ینه ئه‌ستۆی (بێگانه). سه‌باره‌ت به ته‌واوی كێشه‌كانیشمان، ده‌شێت ئه‌و لێكتێگه‌یشتنه ئاڵوگۆڕكارانهیه، هه‌روه‌ها هاوكاری و یارمه‌تیدانی یه‌كتری بۆ خۆی ئه‌و شته بێت كه مافه‌كانی مرۆڤ وه‌ك به‌شداریه‌ك له‌م بواره‌دا پێشكه‌ش به مرۆڤی ده‌كه‌ن.
جۆناتان: ئه‌ی ئایا چۆن ئایدیای (بێگانه)، یان بیرۆكه‌ی ئه‌وه‌ی كه خۆت به خۆت (نامۆ و بێگانه) بیت، به تیۆره‌كانی جیاوازی ڕه‌گه‌زییه‌وه ده‌به‌ستیته‌وه؟ دیاره به‌كارهێنانێكی زۆر به‌رفراوان بۆ وه‌سفكردنی په‌ره‌سه‌ندنی (فێمینیزم) له‌سه‌ده‌ی بیسته‌مدا هه‌یه. له قۆناغی یه‌كه‌مدا كێشه سه‌ره‌كیه‌كه زیاتر بریتی بوو له شوناسی ژنان له‌گه‌ڵ پیاوان، له قۆناغی دوومدا بوو به مه‌سه‌له‌ی شوناسی ژن دژی پیاو، به‌ڵام قۆناغی سێهه‌می ئه‌م ململانێیه كه تۆیشی تێدایت و به‌شێكیت لێی بریتیه له گومان له چه‌مكی شوناس خۆی. پرسیاره‌كه لای من ئه‌وه‌یه كه ئایا ئه‌و ئایدیای (بێگانه یان نامۆ به خود) ه هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی هه‌یه به جیاوازی ڕه‌گه‌زییه‌وه؟
كرستیڤا: به‌ڵێ، ئه‌وه ڕاسته. خۆی كتێبه‌كه‌م به مێژووی په‌یوه‌ندیه‌كان له‌گه‌ڵ (بێگانه) له كولتوری خۆرئاوادا ده‌ستپێده‌كات. ئه‌وه‌ی كه به‌لای منه‌وه شایسته‌ی تێرامان و تێبینیكردنه ئه‌و ڕاستیه مێژووییه‌یه كه یه‌كه‌مین (بێگانه) كانی مێژووی خۆرئاوا ژنان بوون! بۆ نمونه ئه‌وه ژنانی (داندیس) ن له ئه‌فسانه گریكیه‌كان و نوسینه‌كانی (ئه‌سخیلۆس) دا كه له ده‌ره‌وه ده‌مانگه‌یه‌نن به وڵاتی گریك. پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه كه چۆن ئه‌و ژنانه له لایه‌ن شاری گریكیه‌وه پێشوازی ده‌كرێن؟ به‌ڕای من مه‌سه‌له‌ی (بێگانه) ته‌واو په‌یوه‌ستی جیاوازی جێنده‌ری و ڕه‌گه‌زییه. ئێمه، چ پیاوان و چ ژنان بوونه‌وه‌ری جیاوازین. ژنانی ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی كه له دوای ساڵی 1927 ه‌وه گه‌شه‌یان به بزوتنه‌وه‌ی فێمینیزم دا، به‌ر له هه‌ر شتێك سووربوون له‌سه‌ر جیاوازی. بۆ نمونه لای (سیمون دی بوڤوار) كێشه‌كه زیاتر په‌یوه‌ندی به ده‌رخستنی شوناس یان یه‌كسانی نێوان ژنان و پیاوانه‌وه هه‌بوو. ئاشكرایه كه ده‌زانین بۆ وایه: چونكه ئه‌وه خه‌بات بووه له پێناوی یه‌كسانی و مافی یه‌كسان و … هتد. به‌ڵام به لای نه‌وه‌یه‌كی تره‌وه مه‌سه‌له‌كه زۆر ئاڵۆزتره، لێره‌دا مانای ئه‌وه نیه كه ته‌واوی خه‌باته‌كه له پێناوی یه‌كسانیدا له‌بارببه‌یت. كه‌واته سه‌رباری هه‌موو ئه‌و ڕاستیانه، مه‌سه‌له‌كه بریتیه له داننان به بوونی جیاوازیدا، بریتیه له ڕوبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی (بێگانه‌یی) و ژیان و هه‌ڵكردن له گه‌ڵیدا، وه‌ك دوو هێزی دژ و ناكۆك به‌یه‌ك نا كه هه‌میشه له جه‌نگدان، له‌سه‌ر بنه‌مای ڕق و كینهیش نا، به‌ڵكو وه‌ك دوو قه‌واره‌ی سه‌ربه‌خۆ، هاوكات ڕێزگرتنیش له ئه‌وی تری (بێگانه).
جۆناتان: تۆ باسی ئه‌وه ده‌كه‌یت كه (سیمون دی بوڤوار) خاوه‌نی بیرۆكه‌ی یه‌كسانی نێوان ژن و پیاو بووه، به‌ڵام هه‌ر ئه‌ویش خاوه‌نی ئه‌و تیۆره‌ی مێینه‌ییه وه‌ك دۆخی بوونی ئه‌وی تر، نه‌وه‌ك بوونێكی دیارینه‌كراو و ده‌ستنیشان نه‌كراو، له كاتێكدا بیرۆكه‌ی سه‌ره‌كی نێرینه‌یی مانای وایه كه (ئه‌وی تر) ئه‌وی تر نیه. به‌لای منه‌وه ئه‌م ئایدیایهیشت تا ڕاده‌یه‌ك هاوشێوه‌ی ئه‌و بیرۆكهیهته كه باس له بێگانه‌یی و نامۆیی ده‌كه‌یت به كه‌سێكی تر.
كرستیڤا: ئه‌وه ڕاسته كه منیش وه‌ك هه‌موو تاكه‌كانی ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی خۆم تا ڕاده‌یه‌كی زۆر له ژێر كاریگه‌ری (سیمون دی بوڤوار) دا بووم، ئه‌گه‌رچی جیاوازیه‌كی زۆر له نێوانماندا هه‌یه، به‌تایبه‌تی سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندیمان به (فێمینیزمه) ه‌وه.
به‌ڕای من جیاوازیه سه‌ره‌كیه‌كه‌ی نێوان من و ئه‌و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ جهختكردنهوهكهی ئه‌و له‌سه‌ر بیرۆكه‌ی (دایكایه‌تی). من پێموایه له ئێستادا تا ڕاده‌یه‌ك ده‌توانین داوای شوناسی فێمینیستانه بكه‌ین و كێشه‌ی (دایكایه‌تی) فه‌رامۆش و پشتگوێ بخه‌ین.
ڕه‌نگه هۆیه‌كه‌ی ئه‌وه بێت كه له‌و كاته‌دا ئایدیای ئه‌وه‌ی ژنێك (نه‌یوستبێت سكی هه‌بێت) زۆر زۆر سه‌ره‌تایی بووبێت، وه‌كچۆن ڕه‌نگه په‌یوه‌ندی به‌وه‌یشه‌وه هه‌بووبێت كه ژنان كه‌متر سه‌ربه‌خۆیی سێكسیان هه‌بووبێت، به‌ڵام (سیمون دی بوڤوار) وه‌ك شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كانی كۆیلایه‌تی یان به‌ربه‌ستێك له‌به‌رده‌م ژناندا له دایكایه‌تی ڕوانیوه.
به‌ڵام خاڵی سه‌ره‌كی و بنه‌ڕه‌تی جیاوازی نێوان من و تیۆره‌كانی (سیمون دی بو ڤوار) ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ باوه‌ڕی من به ده‌روونشیكاری، هه‌روه‌ها تێڕوانینی زۆرینه‌ی هه‌ره زۆری خه‌ڵك به په‌رده‌هه‌ڵماڵین له‌سه‌ر ده‌روون و پێشكه‌شكردنی كۆمه‌ك و به‌شداریه‌كی بێئه‌ندازه به ژیار خۆی.
جۆناتان: باشه وای داده‌نێم كه بایه‌خی تۆ به ژنان وه‌ك دایك ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ بایه‌خدانی تۆ به ده‌روونشیكاری. چۆن ده‌ستتكرد به مه‌شق و پراكتیككردن وه‌ك ده‌روونشیكارێك، ئه‌ی كاره‌كه‌ت وه‌ك ده‌روونشیكارێك له ئێستادا چیه؟
كرستیڤا: من له‌به‌ر هه‌ندێك هۆكاری مه‌عریفی بایه‌خم به ده‌روونشیكاری دا، ئه‌گه‌رچی هه‌ندێك هۆكاری تایبه‌تی تاكه‌كه‌سی خۆیشم هه‌بوو. ئه‌و كاته سه‌رقاڵی توێژینه‌وه بووم له زماندا، هه‌روه‌ها له بواری (دۆخ ـ سنور) ی زماندا، بۆ نمونه زمانی مناڵان به‌ر له‌وه‌ی بتوانن قسه‌بكه‌ن، هه‌روه‌ها زمانی ئه‌وانه‌ی كه (وڕێنه) ده‌كه‌ن. دواجار تێگه‌یشتم كه ناكرێت به‌رواردێكی زمانه‌وانی پوخت له نێوان ئه‌م دیاردانه‌دا بكه‌یت، ئه‌وه شتێكی قورسه.
وه‌ك ئه‌وه‌ی كه من تێبینیمكردبوو، له‌پشت هه‌ر كه‌سێكه‌وه كه قسه‌ی بكردایه ڕه‌گه‌زێكی زۆر تایبه‌تی خودی كه‌سه‌كه له ووته‌كانیدا ئاماده بوو، وه‌كچۆن لای منیش وا بوو كاتێك كه تێبینیم ده‌كرد. ئا به‌و شێوه‌یه هه‌ستمكرد بۆ ئه‌وه‌ی باشتر له‌و ((زمانی ـ سنور)) ه تێبگه‌م، پێویستم به تێڕوانینی ده‌روونشیكاری هه‌یه، وه‌كچۆن بۆ ئه‌وه‌ی بتوانم ببمه خاوه‌نی ئه‌و كارایی و لێهاتووییه‌ی ده‌روونشیكاری، ده‌بوو خۆیشم شیكاربكهم و مه‌شقێكی شیكارانه بكه‌م. ئا به‌و شێوه‌یه وازم له كاره‌كانم له‌گه‌ڵ مناڵ (هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ی مناڵ) هێنا و ئێستا به‌ته‌نها كار له‌گه‌ڵ گه‌وره‌كان ده‌كه‌م. به‌ڵام كه‌سی به‌ته‌مه‌ن له‌سه‌ر چرپای ده‌روونشیكاری ڕاسته‌وخۆ دیوێكی مناڵانه‌ی خۆیت بۆ ده‌رده‌خات، هه‌ر بۆیه ده‌توانیت بڵێیت من له‌گه‌ڵ ئه‌و مناڵانه كارده‌كه‌م كه به‌ته‌مه‌ن و به‌ساڵاچوون، واته ئێمه‌ی گه‌وره وه‌ك مناڵ. ئه‌وه نزیكه‌ی 20 ساڵه من ئه‌و كاره ده‌كه‌م.
جۆناتان: تۆ زۆر به وردی بایه‌خ به قۆناغه زۆر سه‌ره‌تاییه‌كانی گه‌شه‌ی مناڵ ده‌ده‌یت، واته قۆناغه (به‌رله ـ ئۆدیپی) یه‌كه‌ی مناڵ كه هێشتا زمانی نه‌گرتووه. فرۆیدیش له شوێنێكدا باسی له مێینه‌یی وه‌ك تاریكترین كیشوه‌ری ده‌روونشیكاری كردووه. به‌ڵام له ئێستادا زۆربه‌ی ده‌روونشیكاره‌كان ده‌ڵێن ساڵی یه‌كه‌می ژیانی مناڵ كیشوه‌ره تاریكه ڕاسته‌قینه‌كه‌یه، ئه‌م ماوه‌یه‌ش په‌یوه‌ندیه‌كی زۆر تایبه‌تی به مه‌سه‌له‌ی مێینه‌ییه‌وه هه‌یه.
كرستیڤا: به‌ر له‌هاتنم بۆ ناو ده‌روونشیكاری پێم وابوو هه‌ندێك لایه‌ن و سیما له زمانی شیعریدا هه‌ن كه له ناو (ده‌نگه تایبه‌تیه‌كانی مناڵ) یشدا هه‌ن (مه‌به‌ستی كریستیڤا له گروگاڵ و ئه‌و تۆنه موزیكیانهیه كه له زاری مناڵ دێنه‌ده‌رێ! و.ك)، چونكه زمانی شیعری زمانێكی میوزیكیه، به‌زۆرییش موزیك به سه‌ر مانادا زاڵده‌بێت. بۆ نمونه ئێمه لای (مالارمێ) له زمان تێده‌گه‌ین، به‌ڵام له مانا تێناگه‌ین. هه‌ر ئه‌و هه‌ژموونه‌ی زمان وای لێكردم تێبینی ئه‌وه بكه‌م كه سه‌رچاوه‌ی ئه‌و گروگاڵ و ده‌نگه تایبه‌تیانه‌ی مناڵ دوو مانای هه‌یه. له لایه‌كه‌وه ده‌ربڕی ئه‌و قۆناغه (به‌رله ـ ئۆدیپی) هیه كه تایبه‌ته به نارسیزم: واته ناسه‌قامگیریی سنوره‌كانی (من) و ئه‌گه‌ره خه‌مۆكه‌كان، له لایه‌كی تریشه‌وه تایبه‌ته به‌و قۆناغه‌ی كه تیایدا مناڵ ته‌واو پشتی به دایكی به‌ستووه. ئا به‌و شێوه‌یه ده‌بینین كه زمانی شیعری چه‌شنێك له میوزیكی قۆناغه‌كانی به‌ر له زمانگرتنمان نیشانده‌دات، ئه‌وه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌ی كه هه‌م به‌ڵگه‌یه‌كه بۆ نارسیزمه له‌رزۆكه‌كه‌ی كه‌سێتیمان و هه‌م بۆ په‌یوه‌ندی نێوان دایك و مناڵ‌یش.
ئه‌مه شتێكه زۆر به ئاشكرا له باوه‌ڕی بڕێكی زۆر له شاعیره‌كاندا ده‌یبینی كاتێك ده‌ڵێن ئێمه بوونه‌وه‌ری مێیینه، بوونه‌وه‌ری دایكانه و هه‌ندێكجاریش هۆمۆسێكسوێلین. بۆ نمونه بڕوانه ڕۆماننوسی ئیرله‌ندی (جه‌یمس جۆیس) كاتێك له رۆمانی (یۆلیسیس)دا مۆنۆلۆژهكهی (مۆولی) ده‌كه‌وێته ژێر كاریگه‌ریه‌كانی ئه‌فسونی وێنه‌ی مێیینه‌وه، ئه‌وه نمونه‌یه‌كه بۆ سه‌لماندنی ئه‌وه‌ی كه من ده‌رباره‌ی لایه‌نه‌كانی زمانی ئاخاوتنی مناڵ باسیده‌كه‌م، زمانێك كه ئه‌و به‌شانه‌ی شێوه‌ی وشه‌ی داتاشراویان وه‌رگرتووه، پتر له گۆرانی ده‌چن نه‌ك زمان خۆی. ئه‌مێستا به‌شێك له ئه‌ده‌بیاتی هاوچه‌رخ به‌ته‌نیا سه‌رقاڵی قۆناغه‌كانی چۆنێتی ئیشكردنی ئه‌و زمانه دێرینه بهجێهێڵراوهی قۆناغی (به‌رله ـ ئۆدیپی) و پاشكۆیهتیه بۆ دایكایه‌تی.
جۆناتان: زۆربه‌ی كاره‌كانی سه‌ره‌تات ده‌رباره‌ی تیۆره‌ی زمانه‌وانی و سنورهكانین. ئایدیای سه‌ره‌كی تۆ له‌و كارانهتدا بریتیه له‌وه‌ی كه ده‌بێت پێشوه‌خت تاكێكی قسهكهرمان هه‌بێت، وه‌كچۆن هه‌ندێك زاراوه‌ی سیمیۆلۆژییشت به‌كارهێناوه بۆ بۆ وه‌سفكردنی شتێك (كه توندوتیژی له‌سه‌ر پراكسیسكراوه) تاوه‌كو یارمه‌تی تاكه‌كه‌سی قسه‌كه‌ر بدات دروستببێت. ئایا تۆ هه‌وڵت ده‌دا نیشانی بده‌یت ئه‌و تیۆره زمانه‌وانیه ئه‌كادیمیه باوه هه‌ڵه‌یه، یان هه‌ر ته‌نها مه‌به‌ستت بوو بڵێیت ته‌واو ناهۆشیاره به‌و گریمانانه‌ی كه پێشوه‌خت خۆی دایڕشتوون؟
كرستیڤا: پێم وانیه تیۆره زمانه‌وانیه مۆدێرنه‌كان هه‌ڵه‌بن، ته‌نها ئه‌وه‌یه كه سه‌ر به ترادسیۆنێكی مه‌عریفین. ئه‌و تیۆرانه سه‌ركه‌وتنی به‌رچاویان به‌ده‌ستهێناوه، به‌ڵام كێشه‌یان ئه‌وه‌یه كه ناتوانن هیچ په‌یوه‌ندیه‌ك به‌و مه‌به‌سته تایبه‌تیانه‌ی خوده‌وه دروستبكه‌ن كه له ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونشیكارییدا بایه‌خیان هه‌یه. بۆ نمونه تیۆره‌ی زمانه‌وانی هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه ده‌یه‌وێت خود له بابه‌ت جیابكاته‌وه، هه‌روه‌ها ده‌خوازێت هۆشیاری قسه‌كه‌ریش له توندوتۆڵیی و خۆگریی (الصلابة) زمان خۆی جوێبكاتهوه، ئه‌مانه‌ش هه‌موویان مایه‌ی له‌سه‌روه‌ستان و تێبینین، به تایبه‌تی له دۆخه‌كانی نه‌خۆشییدا، هه‌روه‌ها له‌و كاتانه‌دا كه شیفره و كۆده كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان له دۆخی توانه‌وه و نه‌مان دان. ئه‌مه ئه‌و شته‌یه كه من پێیده‌ڵێم (نیشانه‌ناسی) یان سیمیۆلۆژیا، واته گه‌ڕانه‌وه بۆ بێژه‌ی مناڵ به‌ر له‌قۆناغی دروستبوونی ڕسته (syntax)، یان ئه‌وه‌ی كه ناومناوه (سیمبولی). هه‌موو ئه‌وانه‌یش پێكه‌وه دینامیكی زمان دروستده‌كه‌ن، جۆرێك له دینامیك كه بۆ نمونه له هه‌ندێك دۆخی زمانی شیعری (جیمس جۆیس) دا ده‌یبینین، به‌ڵام له نوسینی نوسه‌ره كلاسیكیهكانیشدا هه‌ستی پێده‌كرێت، ئه‌گه‌ر گوێ له هه‌ندێك ڕسته‌ی به‌لزاك بگریت گوێت له‌و نه‌غمه و تۆنانه ده‌بێت. ئه‌م چه‌شنه دینامیكیه‌ی زمان سه‌رباری سه‌ركوتكردنیشی، له ته‌واوی ئه‌و گوتاره فێركاری و زانستی و سیاسیانه‌دا ده‌بینین كه تیایاندا به‌زۆری هه‌وڵ بۆ كۆنترۆڵكردنی ئه‌نگێزه و سۆزه‌كانی مرۆڤ ده‌درێت. ئا به‌و شێوه‌یه ده‌توانیت له‌سه‌ر بنه‌مای ئایدیای سیمیۆلۆژی و سیمبولی به مانای بوونی زمانێكی یه‌كاڵاكه‌ره‌وه كه بتوانێت گۆڕانكاری بكات، (زانستی توێژینه‌وه له سیمبوله‌كانی گوتار) دابمه‌زرێنیت. كه‌واته زانسته زمانه‌وانیه‌كان هه‌ڵه نین، ته‌نها ئه‌وه‌یه كه بابه‌ت و مێژوویه‌كی تایبه‌تیان هه‌یه.
جۆناتان: قۆناغێك له ژیانی پیشه‌یی تۆ هه‌یه له حه‌فتاكاندا كه نه‌ك هه‌ر به‌ته‌نها (ماركس) ی بوویت، به‌ڵكو (ما‌و) یه‌كی زۆر تۆخیش بوویت. هه‌ندێك ده‌قت هه‌ن كه ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه و تیایاندا وا وه‌سفی (چیین) ده‌كه‌یت كه هه‌ڕه‌شه‌یه بۆ سه‌ر هه‌موو وێنایه‌كی تایبه‌تی ئه‌و خۆرئاوایه‌ی كه باوه‌ڕی به بوونی یه‌ك خودا هه‌یه. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه زمانی ماته‌ریالیزمی دیاله‌كتیكی به‌كارده‌هێنیت و زۆر ده‌گه‌ڕێیته‌وه بۆ سه‌ر ئایدیاكانی (ما‌و زیتۆنگ) و (لینین). ئایا خوێندنه‌وه‌ی ئێستای خۆت بۆ ئه‌و ده‌قانه چۆنه؟
كرستیڤا: وه‌ك ئاركیۆلۆژیستێك ده‌یانخوێنمه‌وه كه به‌دوای یۆتۆپیادا ده‌گه‌ڕێت. ئه‌و ده‌قانه نمایشی یۆتۆپیایان ده‌كرد،
گوزارشت بوون له دۆخی نه‌رێنی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ی كه تیایدا ده‌ژیاین، واته نمونه‌یه‌كی پۆزه‌تڤ و ئه‌رێنی نه‌بوون. ئێمه هه‌رگیز نه‌مانویستوه باوه‌ڕی ماوی یان لینینیزم له فه‌ره‌نسا یان به‌ریتانیا یان هه‌ر وڵاتێكی تر دابمه‌زرێنین و بڵاوبكه‌ینه‌وه، هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌یشی كه ویستیان بزوتنه‌وه‌ی ماویزم (لانیكه‌م بزوتنه‌وه‌كه‌ی ئێمه له فه‌ره‌نسا) وه‌ك بزوتنه‌وه‌یه‌كی دۆگماتیست نیشانبده‌ن، به هه‌ڵه تێگه‌یشتبوون. به‌ڵام به‌لای ئێمه‌وه ڕێچكه‌یه‌ك بوو بۆ پرسیاركردن له ترادسیۆنی خۆرئاوایی. ئه‌وه‌ی له چییندا سه‌رنجی من ڕ‌اكێشا بریتی بوو له تاویزم، ڕۆڵی ئافره‌ت، هه‌روه‌ها نوسین به ئاماژه و ده‌نگ له گوزارشتی چیینیدا. ده‌شێت ئه‌م پرسیارانه ئاڵۆز بن، به‌ڵام بۆ خۆیان به‌ره‌نگاری هه‌ندێك ئایدیای خۆرئاواییان ده‌كرد كه پێشوه‌خت دروستبوو بوون. وه‌ك ئه‌وه‌ی كه ئێمه بیرمان لێكردبۆوه، بریتی بوون له كۆمه‌ڵێك ئایدیا كه په‌یوه‌ندیان به ماویهكان و بهرلهسوكراتیهكانی سه‌رده‌مه دێرینه‌كانه‌وه هه‌بوو. مه‌به‌ستی ئێمه له (ماویزم) ئه‌وه بوو. ئه‌ی ئێستا چۆن ده‌یبینم؟ ڕه‌نگه به‌لاته‌وه سه‌یر بێت كه بڵێم هه‌رگیز ئه‌و ئایدیایانه ڕه‌تناكه‌مه‌وه، وه‌كچۆن ده‌مه‌وێت جارێكی تریش هه‌ر وا بكه‌مه‌وه، لێ شتێك هه‌بوو كه له‌و كاته‌دا فه‌رامۆشمان كردبوو، ئه‌و شته‌ی كه هه‌وڵده‌ده‌م له ئێستادا بیكه‌م. ئه‌و بایه‌خدانه به كولتوری ناخۆرئاوایی شتێكی باش بوو تا وه‌ك ڕێگه‌یه‌ك بۆ پرسیاركردن له كولتوری مه‌سیحی به‌كاریبهێنین. به‌ڵام چه‌نده پێمان بكرێت، ده‌مانه‌وێت له كولتوری مه‌سیحی خۆی تێبگه‌ین، به‌تایبه‌تی له په‌یوه‌ندیدا به پرسیاره‌كانی به‌رامبه‌ر و ئه‌ویتره‌وه. بۆ نمونه هه‌ردوو كتێبه‌كانم (حیكایه‌ته‌كانی خۆشه‌ویستی) و (بێگانه به خۆمان) هه‌وڵده‌ده‌ن له ڕوانگه‌ی باوه‌ڕنه‌كردن به ترادسیۆنی لاهوتیه‌وه كه میراتی ئێمه‌یه و ده‌بێت هه‌وڵبده‌ین لێی تێبگه‌ین، جارێكی تر سه‌رله‌نوێ دابه‌شكردن و جۆرێك له پۆلێن‌كردن بكه‌نه‌وه. خواستێكی ماركسی هه‌یه كه ده‌یه‌وێت (هیگڵ) بخاته‌وه سه‌ر پێی خۆی، هه‌ر بۆیه زۆر گرنگه ئێمه‌ش ده‌ستبده‌ینه باڵی لاهوت و له‌سه‌ر پێی خۆی ڕایبگرینهوه. لاهوت له‌ناو خۆیدا هه‌ڵگری چه‌شنێك له ده‌وڵه‌مه‌ندیی مه‌عریفی ئاوارته‌یه، به‌تایبه‌تی له‌و لایه‌نه‌وه كه تایبه‌ته به ئه‌زمونی مرۆیی. ئه‌مێستا ده‌كرێت ئه‌و كاره به كۆمه‌كی ده‌روونشیكاری و زانستی زمانه‌وانی بكه‌ین. من پێموایه ئا به‌و شێوه‌یه ده‌كرێت سه‌رقاڵی ئهوكولتورانه ببین و له‌دووره‌و و به جۆرێك له هاوسۆزیه‌وه بیانخوێنینه‌وه، چونكه ده‌شێت یارمه‌تیده‌رمان بن بۆ ڕیفۆرمكردنی ئه‌و ترادسیۆنانهی كه تایبه‌تن به خۆمان.
جۆناتان: له نێو ئه‌و شته سه‌رسوڕهێنه‌رانه‌ی كه له به‌رهه‌مه‌كانتدا ده‌یبینین به‌ته‌نها یۆتۆپیا نیه، به‌ڵكو بوونی چه‌شنێك له ئومێدی خهونئاسایشه و هاوكاتیش پێویستی ئێمه‌یه به‌و ئومێده. له كۆتایی كتێبه‌كه‌ت (شۆڕشێك له زمانی شیعری) یشدا باس له جۆرێك مه‌رجه‌عیه‌ت بۆ ژیان له كۆتایی قۆناغی 2000 ساڵدا ده‌كه‌یت و پێت وایه گوێزانه‌وه له سیستمی ده‌ره‌به‌گایه‌تیه‌وه بۆ سه‌رمایه‌داری به‌ته‌نها ڕوداوێكی بچوك و لاوه‌كیه، كه‌چی له كتێبه‌كه‌ی ترت (حیكایه‌ته‌كانی خۆشه‌ویستی) دا باس له‌و قه‌یرانه وه‌ك دۆخێكی به‌رده‌وام ده‌كه‌یت. ئایا ده‌كرێت بڵێین ئه‌مه جوڵه‌یه‌كه له ئومێدی سیاسیه‌وه لای تۆ له حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا به‌ره‌و شتێكی ته‌واو جیاواز له ئێستادا؟
كرستیڤا: به‌ڕای من ئێستا مه‌سه‌له‌كه زۆر جیدیتره له‌وسا. هاوڕاتم كه ئه‌و بیرۆكه‌ی قه‌یرانه خۆی بریتیه له‌و قه‌یرانه‌ی كه به به‌رده‌وامی قوڵتر و قوڵتر ده‌بێته‌وه. من خۆم زۆر ڕوون و ئاشكرام به‌رامبه‌ر به‌و قه‌یرانه، به‌ڵام نازانم ئایا ئه‌وه بۆ خۆی دیدێكه سه‌رچاوه‌ی پێشبینیكردن و كه‌شفكردنه؟ ئه‌وه‌یان نازانم. به‌م دواییانه ڕۆمانی (پیاوه باشه‌كه و گورگه‌كان) م بڵاوكرده‌وه و ده‌توانم بڵێم سه‌ره‌تاكه‌ی به كوشتن و تیرۆركردنی باوكم له خه‌سته‌خانه‌یه‌كی ئه‌وروپای خۆرهه‌ڵات ده‌ستپێده‌كات، ئه‌ویش به‌هۆی نه‌بوونی توانای پزیشكی و بایهخپێنهدانهوه. من هه‌وڵمدا له‌و شۆكه تایبه‌تیه‌ی خۆمه‌وه كارێك دروستبكه‌م كه وه‌ك میتافۆرێك وایه بۆ ته‌واوی ئه‌زمونه‌كه‌مان. من له‌و كاره‌مدا جیهانی خۆمان (خۆرهه‌ڵات و خۆرئاوا) م وه‌ك هاوشێوه‌ی قه‌یرانی ئیمپراتۆریای ڕۆمانی نیشانداوه، واته وه‌ك گشتێكی بێبه‌ها و پڕپڕ له ڕق و كینه كه نازانێت ڕووه و كوێ مل ده‌نێت، ته‌نها ئه‌وه نه‌بێت كه ده‌زانێت ستالین و هیتله‌ری ناوێت. به‌ڕای من ته‌نها به‌هایه‌كی ئه‌رێنی كه له‌م رۆژگاره‌دا مابێته‌وه بریتیه له‌و به‌ها كۆن و به‌سه‌رچوانه‌ی زاده‌ی ئایینن و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ داخوازیه‌كانی سه‌ربه‌خۆیی سێكسی‌دا تهبانایهنهوه. هه‌ر بۆیه دره‌نگ یان زوو، مرۆڤه‌كان به‌توندی به‌ر ئه‌و دیاردانه ده‌كه‌ون. مه‌به‌ستمه بڵێم به‌ها ئایینیه‌كان پێویستن، به‌ڵام زۆر قورسه مرۆڤ قه‌بوڵیان بكات و له‌گه‌ڵیان هه‌ڵبكات. من له‌و ڕۆمانه‌مدا وێنه‌یه‌كی ئێجگار ڕهشبینانهم كێشاوه. وه‌ك خۆم بڕوام به‌وه نیه كه له قۆناغی گوێزانه‌وه و گۆڕانكارییدا بین، له‌بنه‌ڕه‌تیشدا نه تروسكاییه‌ك ده‌بینم، نه هیچ ئه‌نجامێكی ئه‌رێنیش.
تەواو
- تێبینی کولتور مەگەزین؛ ئێمە وەک کولتور مەگەزین زۆرم کەم و دەگمەن نەبێت وەرگێڕان لەعەرەبی و فارسیەوە وەرگێڕان وەرناگرین، هۆکارەکەشی ئەوەیە کەوەرگێڕە عەرەبی و فارسەکان دەستکاری گەورەی تێکست و چەمک و تەنانەت دەستەواژە و بەچەندەها لاپەڕە لادەبەن، ئەزمونی سەختمان هەیە لەم بوارەدا . وەرگێڕان وەردەگرین تەنها گەر نوسەرەکان خۆیان عەرەب بن یان فارس، ئەوسا وەرگێڕانە کوردیەکە بڵاودەکەینەوە.
- بەڵام لەباری ئەوەی کەوەرگێڕی بابەت خۆی لێکۆڵەری زانستیە و پسپۆڕی بابەتەکەیە کەوەریگێڕاوە و تەنها وەرگێڕێک نییە لەهەموو بوارێک‌دا وەک چۆن ئەمڕۆ لەنێوەندی کوردی‌دا باوە. لەو حاڵەتەدا و بەڕەچاوکردنی پسپۆڕیەکەی گرنگی بابەتەکە بۆ خوێنەری کورد، بڵاویدەکەینەوە. هەموو ئەمە لەپێناو ئەوەیە خوێنەری کورد نەکەوێتە بەردەم زانیاری هەڵە و پڕ کەموکوڕی و کاتی بەفیڕۆ نەڕوات.