شێرزاد حه‌سه‌ن؛ ڕۆمانی منداڵانى گەڕەک و شکستى زمانى دایک


Loading

ڕانانى: شێرزاد حەسەن

دەستپێکی رۆمانەکە بۆ خۆی لەو ساتەوەختەوە دەست پێدەکات کە نزیکمان دەخاتەوە لە کۆتایی پێکەوە بەستنەوەى هەر سێ تافی: رابردوو، هەنووکە و داهاتوو: بەو مانایەى کە داهاتوو زادەى هەنووکە و رابردووە.

 وەک شوێن: کتێبفرۆشی ئاکادیمیایە کە (سیسیلیا) دواى 25 ساڵ بە نیازە (د.گۆستاڤ  لۆنگڤیست)ى باوکى ببینێت کە بۆ واژۆکردنى رۆمانى “منداڵانى گەڕەک” ئامادە بووە، بە واتا هەر لە دواى دەسپێکى رۆمانەکەوە “هیوا قایەر” وەک رۆماننووس و هەقایەتبێژ خۆى لە پشت “گۆستاڤ”دا دەشارێتەوە.

 دیارە “سیسلیا” نیگەران و گیرۆدەى جیابوونەوەى دایک و باوکى بووە، ئەو وەختەى باوکە بە چیرۆکى دەست تێکەڵکردنى (یولیا)ى هاوسەرى دەزانێت لەگەڵ “جۆرج” ناوێکى ئەفریقایی، لە میانەى گەشتێکیان بۆ (تانزانیا) کە نیازى هاتنەکەشیان لە پێناو یارمەتیدان و کارکردن بووە لە ئۆردوگای پەنابەرانى “هوتوو”ییەکاندا. (جۆرج)ى ئەفریقایی وەک یاوەرى ژنە و مێردەکە خۆى تەرخان کردووە، سیسیلیا لە “تانزانیا” لە دایک دەبێت، تۆرانى “گۆستاڤ” لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە خانمەکەى دانی پێدا دەنێت کە نازانێت (سیسیلیا)ى کچى: (جۆرج)ی دۆست یان گۆستاڤ ـ ى مێردی باوکییەتی.

لێرەدایە کە هەر لە سەرەتاوە دەکەوینە ناو سێگۆشەى ململانێی سۆزدارى کە بۆ هەمیشە بە هاتنى قاندڕ و غەریمێک چیرۆکى عیشقێک هەڵدەوەشێتەوە، کە “ژانرى فیکشن” لە کلاسیکەوە تاوەکو ئێستا وازى لەو گەمەیە نەهێناوە کە فەزایەکى درامى بە رۆمان بەخشیوە.

هەر لە سەرەتاوە دەکەوینە ناو گەمە و نیازى بەدکارانەى “سیسیلیا”ى هیپیی ئاکار کە مەرجى بۆ باوکى داناوە کە  نامەیەکى عاشقانە و ئیرۆتیکى خۆى بۆ ” گوڵ محمد”ى دڵدارى بئاخنێتە دوتوێی رۆمانەکەوە، سەربارى نامەیەکى دایکى کە زۆر رووت و هەوەسبازانە نووسیوویەتى، لە ساتەوەختێکى نۆستالگییانە، یادى گۆستاڤ ـ ى کۆنەمێردى کردۆتەوە، تێهەڵکێشکردنى هەر دوو نامەکە تۆڵەیە لە باوکی و ئازاردانى کە دلڕەقى سیسیلیاى کچى دەنوێێت. بە گەڕانەوە بۆ ئەو پۆرترێتەى کە بۆ سیسیلیا رەسمکراوە کە وەک کچە هیپییەکان خۆى نواندووە: بە خۆى و پشتێنە پان و بە فیشەکرێژراوەکەى، نەخشی دوو دلۆپ خوینى بەرى چاوانى کە سیمبولی لیکترازانى دایک و باوکى بووە.، پۆستالی ڕەشی، لێوى ڕەشی، گۆرەوى موشەبەک و دڕێندڕاوى، ئەو هەستەمان قووڵ دەکاتەوە کە ئەم  یاخى و دژەباوە و سڵ لە هیچ ناکاتەوە.

سیسیلیا ئیمزاکردنی باوکى بۆ رۆمانەکەى دەکات بە بیانوو  بۆ بینینى باوکى، سەربارى ئەوەش مەراقێکى پیس و کونجکۆڵ دنەى دەدات  تا بزانیت ئاخۆ باوکى ئەو نامەیەى خستۆتە ناو رۆمانەکەى کە بۆ ‘گوڵ موحەمەد’ى دڵدارى ناردووە کە وەک پەناهەندە لە سوێد ژیاوە..

دیارە ئێمە بە درێژایی رۆمانەکە گەشتێک بە ناو بەشێکى زۆرى رووداوەکاندا دەکەین، لەتەک تانوپۆ و چنینەکەى وەک چەق و رۆحى دەقەکە کە گێڕانەوە هەڵگرى هەموو پایەکان و کۆکەرەوى ماجەرا و ڕایەڵەکان و وردە مێژووى چارەکە سەدەیەکە لە ژیانى رامیارى و کۆمەڵایەتى ئێمەدا.

ئێمە لەم رۆمانەدا لە بازبازێنداین لە نێوان دوو جوگرافیادا: سوێد و کوردستان وەک هەرێمێکى نۆستالژیا و بەرجەستەکردنى قۆناغى شۆرشی شاخ و زیندەگى شارۆمەندانە بە مانا نێگەتیڤەکەى کە پڕە لە بڕێکى زۆر لە توندوتیژى و مەرگەساتى بەردەوام، بە تایبەتى کە منداڵانى گەڕەکە هەژارنشینەکان تیایدا گیرۆدەن. هەر هەمووشی لەسەر زارى (گوڵ محەمەد)ەوە بە ئێمە دەگات، کە خۆى ئەکتەرێکى سەرەکى ناو رووداوەکانە، کە دواى هەوڵ و کۆششێکى زۆر و کەین و بەینێکى بێ وچان (گۆستاڤ)ى نووسەر و دەروونناس ناچار و قایل دەکات کە ژیانى ئەم لە رۆمانێکدا یاداشت بکات، کە هاوکات لەبارى دەروونییەوە کۆمەک بەو قوربانییە دەکات وەک رۆماننوس و دەروونناس، تاوەکو بیسەلمێنێت کە “ئەگەر مرۆڤ تواناى گێڕانەوەى لە دەستدا، هەر هەموو شووناسی دەکەوێتە مەترسییەوە. لاپەڕە/17” وەک دکتۆر گۆستاڤ ئاماژەى پێدەدات:

تا مرۆڤ لە بەردەم کەسێکدا دەستنەکات بە گێڕانەوە، نازانێت لە کوێی دونیادا وەستاوە/هەمان لاپەڕە

کەرەستەى خاوى رۆمانەکەش قوتوویەکى پڕ لە نامەیە، سەرەتا دکتۆر گۆستاڤ نایخوێنێتەوە، لە میانەى شەوێکى خەوزڕاندا دەست دەکات بە خویندنەوەى نامەکانى “گول محەمەد”، نامەکان تکاکارانە بوون کە ئەم وەک دکتۆر و نووسەر لە رووى مرۆییەوە بەرپرسە کە گوێ لە نەخۆشەکانى بگرێت.

گوڵ محەمەد داواى لێدەکات ژیانى بکات بە رۆمان. بەڵام گۆستاڤ وەک دکتۆرێکى رەوشتپارێز لە خۆى دەپرسێت: ئایا هەموو بەسەرهاتێک بە کەڵکى نووسین دێت؟ مۆراڵى دکتۆر رێگا نادات کە ژیانى تایبەتى نەخۆشەکانى بکات بە کەرەستەى نووسین.

گۆستاڤ وەک سیماناسێک هەست دەکات کە گوڵ موحەمەد هى فەرامۆشکردن نییە، هەڵبەتە لە نائاگاهى خۆیدا ئەو مەراقەش هانى دەدات کە “گوڵ محەمەد”  یار و دڵخوازى سیسیلا – ى کچى بووە، هاوکات خەونى گۆستاڤ وازهینان بووە لە دەروونناسی بە نیازى ڕووکردنە نووسین.

IMG_0008_NEW3-717x1024-717x1024
به‌رگی ڕۆمانی منداڵانی گه‌ڕه‌ک

لەم رۆمانەدا شوێن بە مانا کۆن و باوەکەى ‘هەستى هاونیشتمانی’ تێدا نییە، بەڵکو جوگرافیایەکە بۆ جەنگ و ململانێ و سەرگەردانى، بەڵام زەمەن و شوێن وەک هەڵگرى رۆحى لۆکاڵى بوونى هەیە. وەک ئەوەی گەر ئەو شوێن و کاتە نەبێت، بوونى وەها کارەکتەر و رووداوگەلێک مەحاڵە، واتا ئێمە یادەوەریمان ئامادە دەکەین بۆ خوڵقانى ژینگەیەکى پڕ لە توندوتیژى، باوەجوو.. چەندە واقیعییە، ئەوەندەش خەیاڵئامێزە. زەمەنێک و گۆڕەپانێکە بۆ پەڕینەوە لە زمانى دایکەوە بۆ زمانى باوک، واتا لە شکستى زمانى دایکەوە بۆ زاڵبوونى زمانى ستەمکارانەى باوک: زمانێکى زبر و بارگاوى بە هەموو میراتى ستەم و چەوساندنەوە و مەرگدۆستى، کە درێژکراوەى هەمان قۆناغى منداڵی و هەرزەییە.

سەرزەمینێکە کە کۆى وردەکارى دەقەکە لە ناو خۆیدا کۆ دەکاتەوە، راستگۆیی لە مێژووەکەدا هاوشانە بە راستگۆیی لە هونەردا.، مامەڵەکردنێکى ئاسۆیی و ستوونییە لە تەک کۆى پەیکەر و ساختمانى رۆمانەکەدا.

هەڵبەتە بە گشتی دیاردەى ‘نامێژوویی’ بۆ خۆى لە ئەدەبی داستانئامێزى ئێمەدا لە کەم ئەزموونییەوە بووە، لە پاڵ ئاشنانەبوون بە یاسا و رێساکانى هونەرى داستاننووسی کە خودى مێژووەکە رەسمى ئەو پەیوەندییە دەکات لە نێوان پارچەکانیدا،، ژمارەیەکى کەمى رۆمان و چیرۆکمان دەست دەکەوێت کە بکەوێتە دەرەوەى ئەو هەڵاوێردکردنە، نووسەر ناچار نییە بەوەى رێز لە شوێنە راستەقینەکانى ناو جوگرافیایەکى دیاریکراو بگرێت، مافی رەواى نووسەرە کە لەو لەیەکچوونە نزیک بێتەوە یان دوور بکەوێتەوە، کە لەم رۆمانەدا هەوڵێکی شێلگیرانە بەم ئاراستەیەدا هەیە.

شوێن لەم رۆمانەدا بۆ خۆى روو هەڵمالینە لەسەر کەسانێکى پەراوێزخراو نەک دیار و پایەدار. رادەى کاردانەوەى خودى گەڕەکە میللییەکە وەک ژینگەى رۆمانەکە کاردانەوە و کاریگەرى خۆى داناوە لەسەر هەر جووڵە و رەفتارێکى هەرزەکار و تۆڵازەکان، بگرە بڕى توندوتیژى ئەو گەڕەکە میللییانە لە سەدەى بیستەمدا خەسڵەتى سەپاو و زاڵ بووە، کە دواتر دەبێت بە سەرزمین و سەرچاوەیەک بۆ ململانێی خوێناوى حیزبەکان، بە درێژایی نیو سەدە، کە درێژکراوەى شەڕە گەڕەک بوون، ئامادەگى زەق و رەنگدانەوەى پترى لە ناو دونیاى هونەر و ئەدەبدا بەرجەستە دەبێت، بۆ ئەوەشیان زبانێکى بریندار و بریندارکەر کۆى پەیکەرى داستانەکە داگیر دەکات.

کەواتە ئێمە بە تەنیا ماجەراى منداڵانى گەڕەک ناخوێنینەوە، بەڵکو کۆى کوچە و کۆڵانەکان و ماڵەکان و قوتابخانەکان و بازاڕ و خانەکانى دیکەى پەروەردە و شەڕ و جنێوەکان، سەربارى دابونەریتى قۆناغێکى رۆحى ستەمگەرى باوکسالارى و دەرەبەگى خۆسەپێنەر، رەنگ و دەنگى زاڵى رۆژگارێکى جەنگئامێز کە هاوشانى ژیانێکە کە کارەکتەرەکان لێی بەهرەمەند نەبوون: ژیانێکى بزر و کوژراو. هەڵبەتە درێژەپێدەرى هەمان دۆخى شەڕە گەڕەکە کە لە قۆناغى شاخیش خوێناوییانە هاوڕێکان سەنگەر لە یەکدى دەگرن.

ئایا دەکرێت گەڕەکێک وەک شوێن و زەمەن ململانێى کارەکتەرەکانى ببێت بە نموونە و نوێنەرى شار یان هەتا وڵاتێک؟ بەڵێ دەکرێت هەڵگرى هەموو خەسڵەتە جوان و ناشیرینەکانى شار و وڵاتێک بێت، ئەگەر گەڕەکى ناو ئەم رۆمانە شوێنێکى گریمانەکراویش بێت، با رەهەندێکى واقیعیشى هەبێت، بەڵام بەو مانایە نایەت کە هێزى ئەوەمان لێبستێنێتەوە کە مەزەندەى شوێنێکى دیکە نەکەین کە ئێمەش تیایدا ژیا بین، رۆمانەکە نەخشی خۆى لەسەر خەیاڵى ئێمە بەجێدێڵێت بە بێئەوەى واقیعێکى پڕ لە توندوتیژى کۆنکریتى لە یاد بکەین.

گەرچى شوێن لە ژێر بارستایی ئەو هەموو هەرا و زەنا و بە یەکدادانى مەردومەکان بە یەکدیدا دەکشێت و لە خەیاڵى ئێمەدا بەربەرینتر دەنوێنت، پتر کارەکتەرەکان وەک کۆمەڵێک مێردمنداڵى بیژمۆت و بەلەسە فەزایەکى پڕ لە زبروزەنگ دروست دەکەن، هەمیشە چیرۆک و رۆمانى ئێمە هەوڵیداوە باس لەو زەبروزەنگە بکات کە گەڕەکە میللی و هەژارنشینەکانى پێدەناسینەوە، گەرچى بەو مانایە نایەت کە خواپێداوەکان لە شەڕانگێزى بە دوور بن، بەڵام لە رووکەشدا، لەسەر ئاستى واقیع بووبێت یان فانتازى، وا دەرکەوتوو کە ژینگەیەکى خراپ هەر دەبێت هەژارى و نەخوێندەوارى تیایدا سەرەوەر بن.

وەک ژینگە کۆى فەزاکە ساز و ئامادەیە بۆ بەرپابوونى رۆحى توندوتیژى، چونکە هەموویان کەوتوونەتە ناو تۆڕێکى گەورە و ورد چندراو بۆ نەشونماکردنى رۆحێکى سادیستانە و دەمارگیرى، لە نێو دۆخێکدا کە سیستمێکى (هایرارکى ـ هەرەمى ـ قووچەکى)،  لە بارى  پلە و پایەى کۆمەڵایەتییەوە، وایکردووە هەمووان یەکدى بچەوسێننەوە، وەک دەرئەنجامێکى ناچارى بۆ زاووزێکردنى زەبروزەنگێکى نەبڕاوە، بەو مانایەى کە بە بێ ئەو تۆڕى ستەمە کەسیان نەتوانن زیندەگى بکەن، لەوێدایە کە هەمووان دەبن بە عاشقى دەستەڵاتخوازى، خاوەن خەسڵەتى کەسییەتى خووگرتوو بە (سادۆ ــ ماسۆشیزم)، کەسانێک کە چێژ لە ئازاردانى بەرامبەرەکانیان وەردەگرن، هاوکات وەک دەردەدارێکى ماسۆشی لەزەت لەوەش دەکەن کە ستەمیان بەرامبەر بکرێت. لە راستیشدا بە درێژایی مێژوو کۆمەڵگایەک نادۆزینەوە کە بەم دۆزەخى ستەم و چەوسانەوەیەدا تێپەڕ نەبووبێت. بەڵام بۆ هەنووکە و لێرەدا کە وەک جوگرافیا بە رۆژهەڵات ناسراوە، ئێمە لە ناو جەرگەى ئەم زەماوەندى خوێنبارانەدا سەرمەستانە هەڵدەپەڕین، بە ناوى خۆشەویستى خودا و نیشتمان و خەڵکەوە گەورەترین قەسابخانەمان رازاندۆتەوە.

بۆ سەلماندنى ئەم هەقیقەتە تاڵە نووسەر بەرینترین پانتایی بۆ خوێناویترین دیمەنى ناو سێرک و یاریگاکەیەک بە ئێمە ئاشنا دەکات کە لەبرى ئەوەى ئەو کوڕە گەنجانە سەرمەستى گەمە و کەیف و خۆشی بن، بەوپەڕى دڕندەییەوە یەکترى دادەپاچن و دەکوژن، پارادۆکس و تەوسەکە لەوەدایە کە یاریگا و سێرک دەکەن بە قەسابخانە و گۆڕستان.

هەر هەمان ژینگە و ئەتمۆسفێرى خوێناوى شاخ و براکوژى بۆ خۆى درێژکراوەى هەمان فەزاى شەڕە گەڕەکەکانە کە لە شارەکانى کوردستاندا هەبووە، بە تایبەتى لە شەستەکانى سەدەى بیستەمدا، کە لە هەموو پارچەکانى کوردستان هەمان تراژیدیا دووبارە بۆتەوە. ئەوەش بەو مانایە نایەت کە کۆى شۆرش و بزافى کوردى لە شاخدا بەر نەفرەتى ململانێی براکوژى و ناکۆکى نێوان حیزبەکان بکەوێت، وەلى گومانکردن لە خودى ئەو شۆرشە گەلەک ڕەوایە، نائومێدى ملیۆنەها لە خەڵکى ئێمە لەمڕۆکەدا گەورەترین بەڵگەیە.

“هیوا قادر” لە هەر دوو رۆمانى (منداڵانى گەڕەک) و (منداڵێک لەسەر مانگ)ى خۆیدا هەوڵیداوە توێژى نەوجەوانان بکات بە کارەکتەرى بەربڵاوى ناو دەقەکانى کە دەکرێت ڕووى لەو تەمەنە بێت کە تازە گەشە دەکەن و لە نێوان منداڵى و قۆناغى پەڕینەوە بۆ پیاوەتى هەڵزڕاو و دوو لەت بوون، نیگەران و بزیو و بێئۆقرە و وەستاو لە نێوان دوو هەڵبژاردندا کە پتر وەڵامدانەوەیە بە کۆمەڵگایەکى پاتریارکى، نەوەیەکى دۆشداماو و لەتبوو لە نێوان ترادسیۆنى کۆن و تازەدا، عەقڵانى و ناعەقڵانیدا، زانست و میتافیزیک، زمانى سەردەستەیی و زێدە زبرى باوکەکان و زمانى بندەستەیی و رۆحى شەرمنانە و شکستى دایکەکان، کە لە ئاکامدا بە سەرکەوتنى یەکەمیان کۆتایی هاتووە، کە بە ناو رۆحى رۆمانەکەدا پەرت و بڵاوە، کە ئاشکرایە کۆى فەزاکە بووەتە کۆسپ و بەربەست لەبەردەم گەڕانەوە بۆ هەوا و هەوەسی تەمەنى ناسکى ترانزشیناڵى نێوان منداڵى و قۆناغى باڵقبوون و خۆناسین، خودى ئەو زمانە زبر و پڕ لە تین و تاو و تەوژمەى نێرینەى زاڵ و زەبروەشێن، هەوڵێکە بۆ لاسایی کردنەوەى پیاوەکان کە بڕى توندوتیژى لە زماندا دەستکردى رۆحى شەڕانگێزى گەورەکانە بە ماناى خۆسەپاندن و ستەمگەرى، لە ناوئاخنى هەیکەلى رۆمانەکەدا ئەو دژوارییە لە زماندا بە زەقى دیارە، بە تایبەتى لە جنێوەکاندا کە گوزارشتە لە رۆحى سادیستى نێرانە بەرامبەر بە مێینە، هەمان میراتى پیاوەکانە کە منداڵەکان لە گەورەکانەوە بۆیان ماوەتەوە. پێویستیش بە نموونە هێنانەوە ناکات کە خودى رۆمانەکەى داگیر کردووە. هەر هەمان ستەم و ژیانێکى  شێواو، بۆ قۆناغێکى دواتر کە تەمەنیان هەڵدەکشێت دەکەونە سەر سیخوڕی و یەکدى بە گرتندان، بە هەمان رۆحى تیغبازییەوە دەچنە شاخ، بە هەمان کینەوە، تێکەڵبوونى هەوا و هەوەس و نیازە خودگەراکان و بەستنەوەى بە ئایدیۆلۆژیاوە بۆ تۆڵەسەندنەوە لە یەکدی، نێربازى و دزى، ئەتک کردن، دەست تێکەڵکردن لە تەک ئاسایشدا بۆ تۆڵەکردنەوە لە یەکدى.. لەتەک دەیەها نەنگى دیکە.

هەتا خودى جنێوەکان کە بڕێکى زۆرى ئاراستەى مێچکەکان کراوە، کە بۆ خۆى گوزارشتە لە پەنگخواردنەوەى ڕق و کینەى هەمووان، یان بێزکردنەوە لە توخمی مێینە، بە تایبەتى زمانێکى زبر و شێواو کە لە گەورەکانەوە داخزاوە، چ لەسەر ئاستى کردەیی و چ لە ئاستى رەمزى و زمانەوانیدا کە تیایدا بڕى توند و تیژى میراتە و نەوەکان وەک دیارى دەیبەخشن بە یەکدى، پشتاوپشت، کە دیارە لەم رۆمانەدا بە خەستى بەرجەستەیە. ئەوە هەر خودى زمانیشە کە دەبێت بە کردەیەکى خوێناوى. بۆ خۆى نزاى خراپ و باش لە دوورەوە بۆ دوژمنان و دۆستان بڕوایەکى قووڵى هەیە لە لاى هەزارەها. ئەوە وشەکانن کە کردەى شەڕانگێزى بە دواى خۆیاندا دەهێنن، زەبروزەنگى کۆمەڵایەتى بۆ خۆى دەرئەنجامى شێوانێکە لە زمان کە لە بازنەى مرۆییانەى خۆى دەرچووە، رەنگە لێکترازانى خودى جیاوازى بێت لە زمانى ماڵەکان و خانەوادەکان، شەڕە گەڕەکى منداڵەکان هی خۆیان نییە، مەرگى زمانی دراوسێکان و خەڵکى گەڕەکە جیاوازەکانە، بۆ هەمیشە زیندەگى ئێمە لە نێوان جەنگ و ئاشتیدا وچانی کورتخایەنى هەبووە.

هیچ زمانێکیش نییە بە بێ بڕێکى زۆر لە زبرى و دڕبوون، بۆ هەمیشەش لە گەورەوە بۆ بچووک ئاراستە کراوە، لە نێرەوە بۆ مێ، لە دەوڵەمەندەوە بۆ هەژار، هەڵبەتە پێچەوانەکەیشی هەر هەبووە، لە مرۆڤەوە بۆ گیاندارەکانى دیکەى ناو سروشت. لەوەشدا هەر میللەتە و بە دواى چەشنێک لە رەوانبیژیدا دەگەڕێت، بەدەر لە زەخمى زۆرى بریندارکردن. چەشنێکە لە گوزارشتکردن لە ناخودئاگاهى، سەربارى پەیوەندى نوکتە و ناخودئاگاهى، جنیوەکانیش وەک چەک بەکار دەبرێن.

لەم تێکستەدا جیهانى ئێمە وا لە ناو زماندا، زمان تەنها پەیکەر و چوارچێوەیەکى ئەندازەسازییە بۆ کۆکردنەوەمان، چونکە دەکرێت بمانخنکێت و ئەوسا پەرتمان بکات، زمانێکە کە زادەى ژیانێکە پڕ لە ململانێ و ئاژاوە و دژوارى و بەدحالیبوون.

داڕشتن و ستراکتورى رۆمانەکە پرە لە وزەى سۆزدارى: نێگەتیڤ و پۆزەتیڤ، تین و تاوى ڕەوانبێژى، لە بارى کۆمەڵایەتییەوە سنووربەزێنە. جەیمز جۆیس واتەنى: “من ناتوانم هەست و نەستى خوێنەرەکانم بریندار نەکەم”، زمانێکى خویناوی زاڵە، پڕە و لە رەنگ و دەنگ و بۆنى باوک، نووسەر بە نووسین تۆڵە لە باوک دەکاتەوە کە زمانى ئەتک کردووە، رەتکردنەوەى کاریگەرى باوکانە لەسەر کۆى فەزای گشتى بە مانا نێگەتیڤەکەى لە رێگەى ئەو زمانە خوێناوى و بازاڕییەدا بەرجەستە بووە.

زمانى دایک بۆ بیر و بڕوا و هەست و نەستەکان نییە، بەلکو پرە لە چەمکى حەرام و حەڵال، یەکگرتن و جیابوونەوە، زمانەکە هەم سەیرە و هەم ئاشنا، دووبارەکردنەوە و یەک گیانى و پاشان دابڕان، بیلایەن نییە، بارکراوە بە تین و تاوى ئارەزووەکان و ڕق و کینە، خۆشەویستى و هەستى گوناە و دژوارى و ناکۆکى، شێواز هیچ نییە بێجگە لە  جیابوونەوە و ناکۆکى و ململانێ لە نیوان زمانى نووسەر و زمانى دایک کە ئەم حەز دەکات داگیرى بکات، داگیرکردن بە مەرامى وێرانکردن. نووسین بۆ خۆى زەبروەشاندنە لە زمانى تایبەت بە خۆى، رسواکردنى مرۆڤ یان کارەکتەر، زمان پیلانگیرە دژ بە خاوەنەکەى، کردەیەکى سادییە دژى هەژموونى دایک دەوەستێتەوە، بەڵام بە ئابرووچوونى باوک کۆتایی دیت، ئەم جۆرە پەیوەندییە بارگاوییە بە شەرانگیزى و کینە و دوژمنکارى، نووسەر هەمیشە بەو زمانە دەنوسێت کە پەیوەستە بەوانیدیکەوە، هەر لەبەر ئەوەشە ئۆرهان پامۆک برواى وایە نووسینى رۆمان  خۆخستنە جیگەى ئەویدیکەیە. کەواتە ئەو کاتەى هەست دەکەیت کە وشەکان هى خۆت نین، هاوکات هەست بەوەش دەکەیت کە مەرج نیە ئەوانیدیکەش بەر لە تۆ یان لە تەک تۆدا خاوەنى بووبن، دوا جار زمان کێڵگەى هەموومانە، هەر ئەوەش وایکردووە شێواز و ستایلى نووسین گرنگییەکى گەوهەردارى هەبێت، چەمکى شێواز گوزارشتە لەو دژوارییە، مرۆڤ خۆى مولکى زمانە کە زادەى  پەیوەندى پر لە تەنگژە و ئالۆزى مەردوومەکانە، لەولاوە هەوڵە بۆ داگیرکردنێک کە بۆ خۆى خاپوورکردنە، پاشان سەر لە نوێ دامەزراندنەوەى دەنیو بازنەى زمانى تایبەتى ئەو کەسە یان هى دایکى، تەنها بۆ قۆناغێکى زۆر کورت، بەر لەوەى بکەوێتە ژێر هەژموونى باوکەکان.

 “سیسیلیا” و دایکى لە رێگەى نامەکان و گێڕانەوەى یاداشتەکانى خۆیانەوە سەبارەت بە “گوڵ محەمەد” و “گوستاڤ”ـەوە هەوڵى ئەو داگیرکردن و بەرجەستەکردنى ئەو دژوارى و ململانێیە دەدەن. کەواتە زمانى تاکڕەوانە ئاسان نییە، جۆرێکە لە دەستبەرداربوونى زمانى ئەوانیدیکە. زمانەکە ئەو بڕە زۆرەى لە توندزتیژى تێدایە چونکە هەلگرى پاشماوەى هەقیقەتە کۆنەکانە کە لەمرۆکەدا باویان نەماوە، دیارە خۆسەپێنەرانە دەخوازێت ئەو هەقیقەتە زیندوو بکاتەوە و بیخاتەوە ناو دڵ و رۆح و عەقڵى کەسەکانەوە.

دوا جار لە میانەى گێڕانەوەى زمانى کارەکتەرێکى نێرى وەک “گوڵ محەمەد” ئێمە بەر ئەو راستییە دەکەوین کە زمانى دایکەکان بۆ هەمیشە لەبەردەم هەژموونى زمان و گوتارى نێرینەدا شکست دێنێت، بەو پێوودانگەش بێت کردەى توندوتیژى وا لەناو هەمان زمان و گوتاردایە کە تا هەنووکەش کۆتایی نەهاتووە. بیرمان نەچێت کە ئەرکى رۆماننووس ئەوەیە کە لە هەموو ئەو شوێنانەدا بێت کە یەزدان فەرامۆشیان دەکات، هاوکات گومان لەو زمانە زاڵ و خۆسەپێنەرە بکات کە هى باوکەکانە.